Skip to Content

کاروان و ئارام و بێ ئینسافییەکی زۆر … فەرزاد چەلەبی

کاروان و ئارام و بێ ئینسافییەکی زۆر … فەرزاد چەلەبی

Closed
by ئاب 14, 2017 General

کاروان کاکە سوور لە ماڵپەڕی (دەنگەکان) بڕیاری وازهێنانیدا لە نووسین وەك نارەزاییەك بەرانبەر دۆخی نالەباری رۆشنبیری و سیاسی کورد، پاشتر ئارام سدیق لە سایتی (خاك)! هۆکارە راستەقینەکەی دەخەمڵێنێت کە دەڵێت:
” ئەم وشیارییەی کاروانە کە بڕیاری وازهێنانی پێ دەدات، چونکە دەزانێت هیچی ئەوتۆی نوێی پێ نییە.
کاروان بەئاوازی ئەو هەوادارانەی هەڵپەری کە وەکو “داهێنەر” دەیانناساند، هەر ئەوەش بوو کاروانی تووشی وەهمی داهێنەربوون کرد.
بڕوام وایە ئامانجێکی سەرەکی ئەم نووسەرە، ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەران بووە بەلای خۆیدا “.
سەرەتا دەمهەوێت ئەوە بڵێم من کە لە رۆژهەڵات دەژیم، هیچ کام لەو دوو نووسەرە عەزیزە ناناسم تا بڵێن بەرگری لە یەکێکیان دەکات و دژی ئەوی ترە، بەس پێوەری زانستی و ویژدانم لە خوێندنەوەی نووسینی هەردووکیاندا بەکارهێناوە، کە لەم خاڵانەدا کۆیان دەکەمەوە:
یەکەم/
بە داخەوە نازانم کاك ئارام چ میتۆد و پێوەرێکی رەخنەیی جێبەجێکردووە لە نووسینەکەیدا کە قەزاوەت لەسەر نییەت و بڕیاری ناو دڵی کاروان دەکات؟
دووەم/
گەر ئەو بێڕێزی و کەمکردنەوەیەی ئارام بۆ نووسەرێکی وەك کاروان کە لانی کەم خزمەتێکی فەرهەنگ و کتێبخانەی کوردی کردووە، تاکە هۆکارێك بێت بۆ وازهێنانی کاروان و دوورکەوتنەوەی لەو زۆنگاوە بۆگەنەی نووسین و بڵاوکردنەوەی کوردی ئەوا هەقی خۆیەتی.
سێهەم/
کاك ئارام دەفەرمێت:
” ئەمە بەلایەک، ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنج بوو ئەوەیە وازهێنانی نووسەرێک لە نووسین ئاگادارینامەی بۆ چییە؟
لە پێشوودا بە دەیان نووسەری کورد و جیهانی وازیان لە نووسین هێنا بەبێ ئەوەی ئاگادارینامە بڵاوبکەنەوە، ”
گەر کاك ئارام تێبگات ئەو ئاگادارینامەیە لە دیدی مرۆڤی رۆشنبیرو بەئاگاوە دادەنرێت بە گەورەترین هەڵوێستی نووسەر دژی دۆخێکی ئیفلیجی بێمانای رۆشنبیری و سیاسی کوردی کە مرۆڤەکانی کەلـله بۆش و بێ بایەخ کردووە.
ئەی باشە کاکە ئارام دەکرێت بەوانەی مان لە خواردن دەگرن بڵێین بۆچی بڕیارو ئاگاداری وا دەردەکەن؟
پاشتر کاك ئارام کە تەنها بە کوردی دەخوێنێتەوە چوزانێت ئەو نووسەرە ناودارە جیهانیانەی وازیان لە نووسین هێنا بە جۆرێك لە جۆرەکان رایان نەگەیاندووە؟ کە دۆخ و دیفاکتۆی هەر یەکەشیان جیاوازە. یان چ نەنگیەکی تێدایە کاروان داهێنان بکات و ئەو ڕچەیە بشکێنێت؟
چوارەم/
کاکە ئارام بەس بەوەوە نەوەستاوە قسە لەسەر نییەتی ناودڵی کاروان بکات و بچووکی بکاتەوە، بەڵکو هاتووە پێناسەیەکی کۆتا بۆ هۆکانی نووسین دادەتاشێت بۆ هەموو کەڵە نووسەرانی دونیاو دەڵێت:
” نووسەری ڕاستەقینە بۆ ئەوە دەنووسێت، کە لێنەکانی بوون و ژیانی لە ڕێگەی نووسینەوە پڕ بکاتەوە”
کێ دەڵێت ئەمە راستە؟ ئایا کاك ئارام راپرسی لەگەڵ هەموو کەڵە نووسەرانی دنیا کردووە تا هۆکارە راستەقینەکەی نووسین لای ئەوان بزانێت؟ یان پشتی بە چ داتایەکی زانستی و ئەکادیمی بەستووە لەمەدا؟ کە ئەم وتەیە جۆرێك لە بە مامۆستابوون دەردەخات.
پاشتر کێ دەڵێت زۆر لە شاکار نووسە جیهانیەکان لە کاتی نووسینی شاکارەکانیاندا کەلێن لە ژیانیاندا بووە؟ بە تایبەتی زۆریان باس لە خۆیان ناکەن لە شاکارەکاندا.
پێنجەم/
بەداخەوە لەو کورتە نووسینە ئازارو ئێش بەخشەی کاکە ئارامدا بە زەقی ئەوەمان لا دووبارە دەکاتەوە کە کاروان راستگۆ نەبووە لە نووسینی هۆکارە حەقیقیەکانی وازهێنانیدا کاتێك ئارام دەنووسێت:
“بڕوام وایە ئامانجێکی سەرەکی ئەم نووسەرەش ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەران بووە بەلای خۆیدا”
لە کۆتاییدا:
چ کەموکوڕی تێدایە نووسەرێكی وەك کاروان کاکە سوور بڵێت: هیج سوودمەند نەبووم نە لەحیزب و نە لە حوکمەت! نازانم بۆچی ئەم وتەیە کاك ئارام توڕە دەکات و لەسەرەتای نووسینەکەیدا بە تەوسەوە ئاماژەی پێدەدات؟
پاشان دەبوو کاك ئارام ئەوە بزانێت کە بە دڵ بوونی بەرهەمی ئەدەبی و هونەریش لای خوێنەران ڕێژەیین، دەمێنێتە سەر ئاستی هوشیاری و تێگەشتن و سەلیقەو زەوقی خوێنەران.
گەر وەك کاکە ئارام دەبێژێت کاروان هیچی پێ نەماوە، خۆ کاروان دەیتوانی بووەستێت تا ٣ یان ٥ ساڵ تاکو هەگبەی داهێنانەکانی پڕ دەبنەوەو شتێکی باشمان بۆ بنووسێتەوە، بەڵام کە بڕیاری کۆتایی خۆی دا بە دوورکەوتنەوە لە نووسین، ئەوا راستگۆیی ئەو نووسەرەمان بۆ دەردەخات لەگەڵ خۆی و دەوروبەریدا، نەك بۆ نموونە شتی کاڵوکرچی وەك رەخنەی بێ بنەمامان بۆ بنووسێت و بەوەش بدات لە زەوقی زۆرینەمان، باشتر وایە بەمجۆرە هەڵوێست بنوێنێت وەك تاکێکی نووسەرو رۆشنبیر.

تێبینی: من نامەوێت شتەکان تێکەڵ بکەم و قسە لەسەر بەرهەمەکانی کاروان بکەم، ئەوە باسێکی ترە، هەر خوێنەرەو رای جیاوازی خۆی هەیەو بە دیموکراتیبوونیش ئەوە دەسەلمێنێت مرۆڤەکان بە زۆرەملێ ملکەچی پێوەرەکانی خۆمان نەکەین.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish