Skip to Content

توانەوە … فەتاح حەسەن

توانەوە … فەتاح حەسەن

Closed
by ئاب 16, 2017 General, Poems

ئەو رۆژەی ناوی نەبەم ..
شەو – و رۆژ،
بیستوچوار سەعات نییە ، نا.
***
تا ئەو ساتەی دڵ ئۆقرە دەگرێ
درەنگ نییە بۆ عاشقبوون.
خۆشی لەخۆم.. ئەمنیش
تا ئەبەد ئۆقرەناگرێ دڵم.
***
ئەوەندە کاتم هەیە بۆ عاشقبوون
بۆ مردن کاتم نییە،
دەسا مەرگ چاوەڕوان بە
ئەو دەمەی نەمتوانی عاشق بم
بێ منەت بە..
ئەوجا وەرە بکێشە گیانم.
***
کە، گوێبیستی دەنگی دەبم
گیانم دێتە جۆش و خرۆش
هەروەك .. مۆسیقارێکی مەشلول
کە، گوێبیستی،
ئاوازێکی ناوازەی خۆی دەبێ.
***
لەبەرئەوەی لەحاڵەتی مەستییدا،
هەر ئەوم لەیادە
هاوار دەکەم خۆشمدەوێ
بەوێنەی دەروێشێك،
کە، دەگاتە حاڵی حەلوەلا و
هاوارداکا یا خودا.
***
کە،خۆم لەبیرکەم
مانای وایە، ئەو لەبیردەکەم
دەبێ بوونم مانای چیبێ؟
ساتێک.. کە، خۆم لەبیربکەم.
***
ڕێمکرد و رامکرد بەدوای عیشقا
کەوتمە حاڵی حەلوەلا و
هیچی لێ حاڵیی نەبووم،
ئای لەبۆ حاڵزانێ ..
بزانێ حاڵم.
***
لێیانپرسیم:-
عیشق مانای چییە؟
وتم:-
نازانم.
ئێستا کە، گیرۆدەی داوی عیشقم
ناوی خۆشم چییە ..؟
نازانم.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish