Skip to Content

چۆن ریفراندۆم سەردەكەوێت؟ …  تاهیر رەحیم

چۆن ریفراندۆم سەردەكەوێت؟ … تاهیر رەحیم

Closed
by ئاب 16, 2017 General

بێ گومان باسكردن‌و شیكردنەوەی هۆ یان هۆكارەكانی لەم ساتەوەختە هەرە ناسكەی هەرێمی كوردستان‌و بەگشتی ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، باسێكی هێند ساكار نییە مرۆڤ بتوانێت لە چەند خاڵدا شیكاری بۆ بكات‌و لەدڵی ئەو شیكارییەش وڵامێكی تەواوی لێهەڵبهێنجێت. بەڵام هەر كەسەو بە پێی لێكدانەوەی خۆیی‌و خوێندنەوەكانی لەسەر دۆخی وڵاتانی هاوشێوەی وەك ئێمە‌و بەگشتی مێژووی سیاسی‌و بەرپرسایەتی ئەخلاقی تاك لە هەمبەر رووداوێكی چارەنووسسازی لەو چەشنە پێویست كەمتەر خەم نەبێت‌و بەپێی توانا هەوڵەكانی بۆ بەرچاوروونی زیاتری ئەم چەمكە گرنگە بخاتە بەردەم.
لێرەدا بەكورتی ئاماژە بەچەند خاڵ لەو بارەوە دەكەم. بەرای من لە ئێستاكەدا دووهۆكاری گرنگ پێویسته بۆ سەركەوتنی ریفراندۆم یان بەبێ ریفراندۆم دەوڵەتی سەربەخۆ راگەیەنرێ ئەویش: هۆكاری دەرەكی و ناوەكییە.

گەر نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی ریفراندۆم بكەن، بێگومان ئەنجامەكەی شەرعی دەبێت و عێراق ناچارە پابەندی ئەنجامەکەی بێت. جا گەر هەزارانی وەكوو مالكی و شاسوار عەبدولواحید… یان ئۆپۆزیسیۆن ..هتد دژایەتی بكەن.
گەر یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی و ئیرادەی بەهێز بوونی هەبێت‌و بگرە گەر وڵاتانی داگیركەریش دژایەتیشی بكەن، ریفراندۆم یان بەبێ ریفراندۆم كوردستان هەردەبێت بە دەوڵەت. چوونكە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریكاش پاڵپشتمان دەبن وەك چۆن دوای راپەڕین پەرلەمان دروستكرا لەگەڵ ئەوەی وڵاتە داگیركەرەكان رازینەبوون‌و لەگەڵ ئەوەش ئەو ئەزموونە توانی لەوسەردەمەدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت. ئەوروپاو ئەمریكا هەموو شانازیان بەكوردەوە دەكرد. چوونكە بیانییەكان رێز لە ویستی یەكڕیزی خەڵك دەگرن.

پاش دروستكردنی حكومەتی خۆجێی و پەرلەمانی کوردستان، سەدام سنوریی لە هەرێم داخست، سێ مانگ هیچ كەسێك مووچەی وەرنەگرت، بەڵام كەسیش خەتاكەی نەدەخستە پاڵ یەكییەتی، پارتی یان خود پەرلەمان، هۆی ئەوەش ئەو یەكڕیزییە بوو كە لەو سەردەمەدا لە ئارادا بوو. بەڵام ئەم ریفراندۆمە کە لە رۆژی 25 ئەیلولی ئەمساڵدا ئەنجامدەدرێت، نە بارودۆخی دەرەكی و نە بارودۆخی ناوەكی لەپشت نیە. تەنها بۆ پەردەپۆشكردنی قەیرانی سیاسی و ئابوریە.

لەدوای روخانی بەعس سەرکردەکانی کورد عێراقی هەڵوەشاوەیان دروستكرد. لەدوای سەدام عێراق نە سوپاو نە حكومەتی نەمابوو. بەڵام بارزانی و تاڵەبانی لە پێناوی پارەو پۆست، دوڵەتی عێراقی ئەنفال و كیمیاویان دروستكرد. ئەو نوسەرو رۆشنبیرانەی ئەو كاتە كە هاواریان دەكرد. عێراق دروست مەكەن بەڵكوو بەداڕشتنەوەی گوتارێكی نوێی‌و لەسەر بنەمای یەكڕیزییەكی نیشتمان كوردستان دروستكەن، قەڵەم بەدەستەكانی ئەو دوو حزبه دەیانوت: ئەمانە خوێندنەوەیان بۆ ئەم بارودۆخە نیە و بە ئاژاوەگێڕیان وەسف دەكردن.
دەوڵەت درووستكردن بە واتای پاراستنی سەروەری خاك و خەڵك. لە كوێی ئەم دونیایە دزو گەندەڵ و مافییایە توانیوێتی سەروەری بۆ خەڵك بهێنێت؟؟؟ تاوەكوو لەكوردستان دزو گەندەڵ و مافیا سەروەری و سەربەزی بۆ خەڵك بهێنێت؟؟؟

Previous
Next
Kurdish