Skip to Content

ڕۆڵی ئێران لە بەلبەلەی ڕیفراندۆمدا …. حەمەد ئەمین عەبدوڵا

ڕۆڵی ئێران لە بەلبەلەی ڕیفراندۆمدا …. حەمەد ئەمین عەبدوڵا

Closed
by ئاب 16, 2017 General, Opinion

گومانی تێدا نییە، ئێران لە دێرزەمانی مێژووە تاکو ئەمڕۆ بە جۆرێ لە جۆرەکان چوارچێوەی جیۆپۆلیتیکیەکەی خۆی پاراستووە و وەک ناوەندێک بۆ گەمە سیاسییەکانی خۆی لە ناوچەکە بەتایبەتی و دونیا بە گشتی. هەر ئەمەشە کە درێژەی هەیە و بەرگەی ئەم هەموو هێرشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی گرتووە کە ڕووبەڕووی دەبنێتەوە. ئێرانییەکان لە سەردەمی داگیرکردنی ڕاستەوخۆی یۆناندا بە تایبەت شارە دەوڵەتی ئەسینا دەرسیان وەرگرتووە و خۆیان لە داگیرکردن و حوکمی ڕاستەوخۆی وڵاتان و نەتەوەکان پاراستووە تا ئەمڕۆش هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەن، بە تایبەت دوای شۆڕشی جمهوری ئیسلامی ئێران ئەم جۆرە لە سیاستە زیاتر کاری پێ کراوە ئەمە وەک لە فەلەستین، لوبنان-ئەفغانستان، پاکستان، بەحرەین، ئیمارات تا دەگاتە عێراق و سوریا. سەیر لەوەیە زۆر جار ئێران وەک پانشیعیزم ئیدارە و کۆنتڕۆڵی جوڵانەوە ئیسلامییە سونیەکنشیان کردووە لەبەرژەوەندی خۆی بەکاری هێناون.

ئەگەر بیرێک لە کوردستان بە گشتی و باشووری کوردستان بە تایبەت بکەینەوە ئەم سیاسەتە پڕمەترسیدارەی ئێرانیەکانمان بۆ دەردەکەوێت.
گەر سەیری چەند نموزەجێک لە سیاسەتی ئێرانییەکان لە سەر کوردستان بکەین بۆمان بەدیار دەکەوێت کە لە ڕێگەی سیاسەتێکی زۆر هێمن و ئارامەوە توانیویانە کورد بە پارچەپارچەیی و دژبەیەک ئاراستە بکەن کە دوورمەودا کورد نەتوانێ لە بچوکترین دەرفەت و حاڵەتدا ببێتە خەتەر بەسەر ستراتیژی ئەمنی قەمی ئێرانیدا. بۆ نمونە:-

1- ئێرانیەکان بەر لە ۳۱ی ئاب هێزی کەمیان بۆ لێدانی حزبی دیموکراتی ئێران لە کۆیە هێنا. سەیر لەوەیە ئەم هێزە کەمە لە هاتن و چووندا بە هەردوو ناوچەی یەکێتی پارتیدا گوزەریان کرد. ئەم هێزە هیچ کاریگەری نەبوو بۆ لێدانی حیزبی دیمۆکراتی ئێران هەموو کەس ئەوەی ئەزانی، ئەبێ ئەم هێزە بۆ هاتبێت؟؟
ئەم هێزە لە بنجینەدا زەنگی ڕێکەوتنی تەواوی ۳۱ی ئاب بوو وەزعی پارتی بەرەو خراپی چوو پاش فشاری ی.ن.ک و پەکەکە، ئەمە وای کرد پارتی ڕێکەوتنەکە لەگەڵ حوکومەتی عێراق بە سەرپەرشتیاری ڕاستەوخۆی ئێرانیەکان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەر لە شەوی هێرشەکەی بەعس (صدام) و پارتی بۆ هەولێر لیژنەیەکی باڵای ئێرانی لەسەری ڕەش چاودێرو سەرپەرشتیار بوون. سەحبی (ی.ن.ک) لە سلێمانی ئێرانیەکان نیگەران بوون (چونکە ئەمە ویستی ئێرانیەکان نەبوو) بۆیە هاوکاری زۆری (ی ن ک)یان کرد کە بگەڕێنەوە. سەیر لەوەیە کاتێ (ی ن ک) نزیک بویەوە لە هەولێر ئیرانیەکان پێشی بەعسیەکان ڕێگرییان لێ کردن و دیگەڵە دوا سنوور بوو کە دانرا. لەم ڕۆژەوە ئەم دوو زۆنە (سەوز و زەرد) بوە ئەمری واقیع کە ئەندازیارەکەی ئێرانیەکان بوون.

2- کە گۆڕان دروست بو هەرگیز ئێرانیەکان ئیعترافیان بە گۆڕان نەکردوە تا ئێستا. وە هەردەم تەهدیدی گۆڕانیان کردووە، کە تێکچونی تەوازونی هێز لە نێوانی ئەم دوو زۆنە هێڵی سوورە. تەنانەت لە هەڵبژاردنەکاندا بە تەزویر پشتیوانیی دەیان هەزار دەنگیان بۆ (ی ن ک) مسۆگەر کرد، تەنانەت لە کۆچی کاک نەوشیروانیشدا سەرەخۆشیان لە مام جەلال کرد. ئەمە مانای وایە کە ئێستایش ئێرانیەکان گۆڕان وەک بەشێک لە (ی ن ک) دەبینن وە هەوڵی جددیش دەدەن بۆ یەکگرتنەوەی ئەم دوو هێزە لە چووارچێوەی کەلتوری ئیستای (ی ن ک)دا.

3- لە ڕێکەوتنی گۆڕان و (ی ن ک)دا سەرەتا وایان دەرخست کە ئێرانیەکان پشتیوانن بەڵام دواجار ڕاکێشانی سەرکردایەتی باڵای پارتی بۆ ئێران و مانەوەیان سێ شەو و سێ ڕۆژ لە تاران و سەردانی مسعود بۆ بەغداد و بینینی تەنیایی مەسعو بە سەرانی عێراق خوێندنەوەکەمان ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئێرانیەکان بە هاوکاری پارتی (ناوەندی بڕیاریان) بە ئاگاداری بنەماڵەی تاڵەبانی دروست کردوە کە ئامانج لێی تەجمیدکردنی ڕێکەوتنەکە بوو. چونکە ئەم ڕێکەوتنە تەوازنی هێزی بە تەواوی لە باشووری کوردستان دەگۆڕێ کە ئەمە بێ شک لە ڕووی ستراتیژی ئەمنی قەومی ئێرانیەوە قبوڵکراو نەبوە و بگرە خەتەریش بو، هەر بۆیە دەبینین لە دواساتی سەردانی شاندێکی باڵای (ی ن ک) بۆ ئێران هەردوو باڵەکەی ی ن ک لەگەڵ یەک کۆدەبنەوە، لێرە هەم ڕێکەوتنەکە لە ڕووی عەمەلیەوە کۆتایی پێ دێ وە هەم بەرهەمیش وەک کەسێکی قبوڵ نەکراو چ لە لایەن ئێرانییەکان وە چ لە لایەن بنەماڵەی تاڵەبانی و تەنانەت کۆسرەت ڕەسوڵیش دەخرێتە دەرەوەی بازنەکە. وە ئیستاش لەڕێگەی بە قەولی خۆیان میانڕەوەکانی ئێو گۆڕانیشەوە لە سەر خەتن کەلەسەرێکەوە گۆڕان لەگەڵ ی ن ک یەکبگرێتەوە لەسەرەکەی ترەوە لەگەڵ ئەوانی تردا جیاوازیەکانی نەهێڵن یان کەم بکرێتەوە.

4- لە ڕۆژئاوای کوردستان کاتێ مەشهدی سیاسی لەوێ سەرنجی دونیا بۆ خۆی کێش دەکا و لەسەر ئەرزی واقیع دا تاکە هـێزی کاریگەر و توکمە خۆی نمایش دەکات، ئیتر ئیرانیەکان زیاتر لە تورکەکان و ئەسەدیەکان ترسیان بۆ دروست دەبێت بۆیە ئێران هەر زوو لەگەڵ تورکە دوژمنە دێرینەکەیانا بە هاوکاری ڕوس و ئەسەدیەکان پێشنیاری لەتکردنی ڕۆژئاوا دەکات بۆ تورکەکان لە ناوچەی جەرابلس و بگرە تەجریدکردنی ناوچەکە لە کورد. کە بەم سیاسەتە بە شێوەیەک لە شێوەکان دروستکردنی هەمان (دوو زۆنە، سەوز و زەردەکە) لەوێدا وە ئێستاش لە چەندین لاوە هەوڵی جددی دەدەن کە نائارامی بە هاوکاری (پارتی) لە هەردوو بەشەکەی ڕۆژئاوادا دروست بکەن. خۆ ئەگەر ئەم دوولەتیە یان دووبەشیە ڕووی نەدابا بە دڵنیاییەوە ئێستا ئەگەر نەیشگەیشتنایە سەر دەریا ئەوا هەنگاوی زۆر گەورەشیان بڕیبوو. لە هەموو ئەم گەمە سیاسیە خەتەر و قێزەونەی دژبەکورد ئەوە (پارتی) تاکە هێزی بەکارهاتووە بە دەست ئێران و داگیرکەرانی تردا بۆ مەرامی داگیرکەران و لەبەینبردنی خەونی کوردیدا.

5- ئێران ئیمڕۆ لەبەردەم هەرەشەی ترەمپ و ئەمریکایە، لە کاتێکدا سوریا وەک دەوڵەت نەماوە وە عێراقیش بە هەمان شێوە لەوپەڕی بێهێزی و شلوقی دایە .. وە تورکیا لەبەردەم تەحەدیاتی زۆر گەورەدایە. حکومەتی ئاکەپە هیچ دۆستێکی لە ناوخۆ و دەرەوەدا نەماوە، بگرە هەمووی کردوون بە دوژمنی خۆی، تاکە دۆستی لە ئێستادا ئێرانە کە دوژمنە مێژووییەکەی خۆیەتی. ئێران بە عەبادی مورتاح نیە هەوڵی هێنانەوەی مالیکی دەدرێت، لە کاتێکدا ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریەکی گەورەدایە تەنانەت ڕەنگبێ یان ئەگەری زۆر هەیە جوگرافیای سیاسی ناوچەکە گۆڕانکاری تێبکەوێت.

ئێران جگە لەم هەموو فشارە ئابووری و سیاسیەی لە سەریەتی، هەموو هەوڵێکی ئەوەیە جەبهەی شەڕەکان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە دەرەوەی سنووری خۆی بەهێز بکات وەک هەمان تەجروبەی سوریا و عێراق و لوبنان و یەمەن، هتد. یەکێک لەم بەجهانە باشور و ڕۆژئاوای کوردستانە وە ئەگەر ڕۆڵی ئێران لە باشوور وەرگرین بەتایبەت کە ئێستا (بەلبەلەی) ڕێفراندۆم زۆر زەق بووەتەوە، ئێرانیەکان وا نیشان دەدەن کە دژن وە تورکەکانیش هەڕەشەی لەشکرکێشی دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدا هەرچی دۆستی کورد هەیە لە دەوڵەتە دوستەکان و ڕێکخراوە جیهانیەکان ڕۆشنبیران و کەسایەتیەکان تەنانەت ( یو ئێن)یش ئامۆژگاریماندەکەن کە ئەم فەوزا و بەلبەلەی ڕێفراندۆمە ڕابگرین و دوای بخەین تا کاتێکی گونجاو و لەبار. ئەگەرنا هەموو شتێک لە دەست دەدەین و پشتیوانیەکانیش نامێنن. کەچی پارتی و هاوائاوازەکانی (ئسرار) دەکەن وە تورکیاش سەرباری هەڕەشەی لەشکرکێشی بە پێی مەعلوماتەکان بێدەنگە و بەشێکە لە پلانگێڕییەکە.

ئێرانیەکان وا خۆیان نیشان دەدەن کە زۆر ناڕەحەتن لەمەڕ پرسی ڕێفراندۆمدا لە کاتێکدا خودی ئێرانیەکان لە هەموو کەس و لایەنێک شارەزای زیاتری پارتین بەقەوڵی خۆیان (پارتی پەروەدەی خۆیانە)، ئەوان چآک ئەوە دەزانن کە پارتی هەرگیز کار بۆ دەوڵەتی کوردی ناکات بەڵکو بگرە باوەڕیشی پێی نیە تەنانەت ئەمە لای خەڵکی کوردستانیش ڕوونە کە پارتی بۆ بەرژەوەندی حیزبی و کەسی و بنەماڵەیی وە بۆ ڕزگاربوون لەم هەموو کێشەیەی تێی کەوتووە پەنای بۆ (ئەحساسی قەومی) بردووە. ئێرانیەکان لە هەموو لایەک زیاتر ئاگاداری ئەم حەقیقەتەن، ئەی کەواتە ئێرانیەکان بۆ وا خۆیان سەخڵەت نیشان داوە؟؟ هەروەک چۆن لە ۳۱ی ئابدا بارزانی و پارتی خەریک بوو لەناو بچن ئێرانیەکان بە هانایانەوە هاتن بە هەمان شێوە ئیستاش درکیان بەوە کردووە کە پارتی و بنەماڵەی مەسعود بارزانی لە وەزعێکی خراپدان هەر بۆیە یەکێک لە ئامانجەکانی ئێرانیەکان ڕزگارکردنی ئەوانە. چونکە بێ ئەوان ئاسان نیە گەمەکردن بە چارەنووسی کورد.

ئەگەر گریمان ڕێفراندۆم کرا دەرهاویشتەکانی چین؟؟ وە باشوری کوردستان لەم کەشەی ئێستای چی بەسەر دێت؟؟ ئەوەی ڕوونە دروست بوونی دوو بەرەی دژبەیەک تا ئاستی تەخوینکردنی یەکتر و چآندنی تۆوی حقد و دوژمنایەتیە، کە ئاسەوارەکانی تا چەندین ساڵی تر بەردەوام دەبێت. لە لایەکیتر هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن، کە کوردستان دابەشبونێکی خەتەرناک بەخۆیەوە دەبینێت:
ا- کەرکوک و مادەی ۱٤٠ بە عەمەلی دەبنەوە بەشێک لە عێراق.
ب- هەولێر و بادینان قوبرسێکی تر دەبن بۆ تورکیا تەنانەت ئێرانیەکانیش دەکرێتە سەرەنێزەیەک دژ بە پێشکەوتنەکانی ڕۆژئاوا.
ج- سلێمانی (هەتیو) دەمێنێتەوە لەم نێوەندەدا بەبێ هیچ کاریگەری و قورساییەک لانی کەم بۆ ماوەیەک.
وە هەتا لە حاڵەتی بەڵێشدا بۆ هەمووی چی ڕوو دەدات؟؟ برسیەتی و شەڕوکوشتار هەمان ژینگەی (سوماڵ) بەڵام بی اعترافی دەولی.
دروستبوونی ژینگەیەکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لەم چەشنە لە باشووری کوردستان لە قازانجی کێدایە؟؟ تۆ بڵێی ئەمنی قەومی ئێرانی لەم جۆرە دەرئەنجامە سوودمەند نەبێ؟؟ ئایا ئێرانیەکان کوردستانێکی لەم چەشنە بە قازانج دەبینن یان کوردستانێکی یەکگرتوو، وە پشتیوان بە دەوڵەتە گەورەکانی جهیانی لە نزیک سنووری خۆی؟؟
هێمنی و ئارامی ئێرانیەکان وەکو (دەریایەکی مەند و سامناک) وایە، دەبێت لەوپەڕی ئارامییان ووریای خەتەرناکترین هەوڵی دوژمنکارانەیان بین

حەمەد ئەمین عەبدوڵا

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە بە پیدی ئێف کلیکی ئێرەبکەن …..

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish