Skip to Content

بزووتنەوەی “دژە-ھەژاری” یان ھەژارکردنی بزووتنەوەکان … ھەژێن

بزووتنەوەی “دژە-ھەژاری” یان ھەژارکردنی بزووتنەوەکان … ھەژێن

Closed
by ئاب 21, 2017 General, Opinion, Slider

بەرایی، چەند ڕۆژێك لەمەوپێش ھاوڕێیەك پەیامێکی ناردبوو و نووسیبووی ” لە شاری سلێمانی کۆمەڵە کەسێك خەریکی دروستکردنی ڕێخراوێکن بەناوی ‘بزووتنەوەی دژی ھەژاری’ و من بە خۆم لەسەر ‘ناوەکەی’ سەرنجم ھەیە …” . ھاوکات ئەو ھاوڕێیە کۆپی بانگەوازەکەی بۆ من نارد، بەڵام تاکو کەمێك پێش ئێستا بواری خوێندنەوەی بانگەوازەکەم نەبوو. کاتێك دێڕی یەکەمی پاش سەردێڕەکەم خوێندەوە، خەیاڵ منی بردەوە ھاوینی ١٩٩٢، کاتێك کە ئەندامانی باڵای ڕێکخراوەکانی ( ‘ڕەوتی کۆمونیست’ و ‘یەکێتی خەباتی کۆمونیزمی کرێکاری’ و ‘سەرنجی کرێکار’ ) بەناوی ڕێکخستنی شوراییەوە بۆ کۆبوونەوەی گشتی بێکاران بانگەوازیاندەکرد و پێش کۆبوونەوەکە بەخۆیان لەسەر ھەموو شتێك و (کێ) ھەڵبژاردن و دابەشکردنی پۆستەکان و دیاریکردنی ئەندامانی دەستەکانی خوارتر (لیژنەکان) ڕێکدەکەوتن و ئەگەر چالاکێك لە دەرەوەی بازنەی دەستەگەریی خۆیان بھاتایە، دەستبەجێ ھاوسەنگی ھەڵبژاردن و دەنگدانەکان تێکدەچوو و بۆ پیلانگێریی کەنارخستنی چالاکەکانی دەرەوەی خۆیان پەنایاندەبرد.

ئێستا پاش ئەو ڕۆشنکردنەوە، لەتەك ئێوە خوێنەرانی ھێژا، خاڵ بە خاڵ ھەنگاو بە ھەنگاو، پڕۆژە و بەرنامە و بانگەوازەکە سەرنجدەدەم و ڕەخنەکانی خۆم ئاراستەدەکەم و لە کۆتاییشدا ئەنجامیگیری دەکەم و بەگوێرەی ئەزموونەکانی خۆم لە ماوەی نێوان ١٩٩١- ٢٠١٧ پێشبینی سەرەنجامی ئەو ھەوڵە نەزۆكە دەکەم. ھەر ئاوا پێویستە ئەوەش بڵێم، من وەك کەسێك کە خۆم بە پڕۆلیتێر و ئەنارکیست و دژی کاریکرێگرتە و دارایی تایبەت و سیستەمی سەروەریی چینایەتی دەزانم، ھەر بەگوێرەی ئەو بنەمایانە بە ئەرکی سەرشانی خۆم دەزانم، سەرنج و ڕەخنە و دەستخۆشانەی خۆم بنووسم و ئاراستەی ھەر بۆچوون و بیرکردنەوە و دەربڕینێك بکەم، کە بەناوی کرێکاران و پڕۆلیتاریا و خەڵک و چەوساوانی کۆمەڵ دەدوێت و بانگەوازدەکات و ڕێکخراو قوتکاتەوە. ئەم سەرنجداندنەش ھەر بە ھەمان ئامانج و ھاندەر نووسراون و ھیچ ئامانج و ھاندەرێکی دیکەیان نییە.

” بەرنامەی کاری بزووتنەوەی دژی ھەژاری(پلاتفۆرم) “

“بەرنامەی کار” چییە؟ کێ داڕێژەریەتی؟ کامە بزووتنەوە؟ ئەگەر بزووتنەوەیەك ھەیە، بۆ بەخۆی بۆ خۆی بەرنامە داناڕێژێت؟ ئەی “پلاتفۆرم” چییە؟
ئەگەر بزووتنەوەیەك نییە و ڕێکخراوێك لەئارا نییە و خەریکن بۆ دروستکردنی بانگەوازدەکرێت، ئەدی بەرنامەی چی و کێ داڕیژەریەتی؟
کاتێك کە بزووتنەوەیەك نییە و خەریکن باگەوازیدەکەن، ئیدی چۆن بەناوی بزووتنەوە بانگەوازدەکەن؟
بزووتنەوە یان ڕێکخراو، ئایا بزووتنەوە قاڵب و بەرنامە وەردەگرێت؟
ئایا ئەوە لاساییکردنەوەی زەلیلانەی (نەوشیروانییەکان) نییە، کە ھەوڵیاندا (بزووتنەوەی گۆڕانخوازیی) ١٩٩٤-٢٠٠٦ لەنێو قاڵبی ڕێکخراوێكی ڕامیاریی (پارتییەك) دەستەمۆبکەن و تاکو ڕادەیەك توانیان و وەك دژەشۆڕشێك گەورەترین خزمەتیان بە فەرمانداریی بۆرجوازی کورد کرد؟
ئەی پەیوەندی بەرنامەی پێشتر داڕێژاو (کلێشەیی) و سەکۆ (پلاتفۆرم) چییە؟

بۆ من وەك خوێنەرێك کە لەو بارەوە چالاکی ھەوڵە ڕێکخراوەییەکانی ١٩٩٢-١٩٩٤ بووم و دواتر لە دەرەوە لەبواری پەنابەران بەشداری ئەو ھەوڵانە بووم، ھەر لە سەرەتاوە مەبەست و ئامانجی دەستەی ڕاگەیێنەر دەزانم و دەشزانم سەرەنجامەی ئەو ھەوڵە بە کوێ دەگات. ئەو ھەوڵە دەستبەجێ و ھاوکاتی نووسینی سەردێرەکەی، نەزۆك و مردووە. ئەوەی مەبەستی منە لە نووسینی ئەم سەرنجانە، تەنیا سەرنجڕاکێشانی بەشدارانی خۆشباوەڕی ئەو ھەوڵانەیە بۆ جۆرێکی دیکە لە بیرکردنەوە و ڕێکخستن و شێوازێکی دیکە لە چالاکی و بەرەنگاریکردن، تاکو کاتی نەھاتنەدی خەونەکەیان و چەند بارەکردنەوەی شکستەکان، لەجیاتی نائومێدی و ڕەدووکەوتنی بەرەی دەسەڵات، ئەم پرسیارانە سەرنجیان بۆ ئەزموونگەری دیکە ڕابکێشن.

بە یەك ڕستە و دەستەواژە، واتای ئەو سەردێڕە ئەوەیە، کە لەسەر بڕیاری سەرانی پارتییەك چەند ئەندامێکی پارتیی کۆبوونەتەوە و بەرنامەیەکیان بۆ ئاراستەکردنی خەڵك بەناوی “بزووتنەوەی ….” ئامادەکردووە، کە ھیچ نییە، بێجگە لە کۆپیکردنەوەی سەدان بەرنامەی کڵێشەیی دیکەی ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٩٢-٢٠١٧، کە بەرەنجامەکەیان قوتکردنەوەی چەند دەرزەن ڕێکخراوی بەناو “جەماوەری” و “سەربەخۆ” وەك پاشکۆی (حککع) و کچەکەی (حککک) بووە و سەرەنجامیشیان مەرەکەب-بوونی سەر کاخەز و لەبیرچوونەوە و نائومێدکردنی ناڕازییانی خۆشباوەڕ و کەم ئەزموون بووە .

” شێوازە گونجاوەکانی ڕێکخستنی بزووتنەوەکە …”

ئایا لەنێوان شێوازێك کە لەنێو ئەو بانگەوازە پارتییە ھاتووە و شێوازە شکستخواردووەکانی ١٩٩٢-٢٠١٧ ھیچ جیاوازییەك ھەیە؟
ئایا شکستخواردنی بەردەوام و ھەموو جارەکی ئەو شێوازە لە ماوەی بیست و شەش (٢٦) ساڵی ڕابوردوو، بۆ ئەوە بەس نییە، کە لە خۆمان بپرسین؛ بۆچی سەرەنجامی ھەوڵی ھەموو جارێك بە مردوویی لەدایکبوونی ڕێکخراوە بەناو “جەماوەری”یەکانە؟
ئایا خۆلادان لە ئاراستەکردنی ئەو پرسیارە و پەردەپۆشکردن و پاساودانی شکستەکان، دژەخوونیی نییە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان؟
ئایا تاوانباریی نییە، کە ھەموو جار بە چەندبارەکردنەوەی ھەڵەکان، بزووتنەوەکان بەرەو شکست و نائومێدی بەرین؟
ئایا بەرەو شکستبردنی بزووتنەوەکان و نائومێدکردنی خەڵكی ناڕازی لە ھەر گۆڕانێك و لە کارایی ھێزی یەکگرتووی خۆیان، ئەنجامدانی ئەرکی دژەشۆڕش نییە؟
ئەی شێوازە نەگونجاوەکانی دیکە کامانەن و لەتەك شێوازە قووچکەیی و نێوەندگەراکانی ١٩٩٢-٢٠١٧ پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” جیاوازییان چییە بە چ پێوەرێك نەگونجاون و بۆچی نەگونجاون؟
لە بیست و شەش (٢٦) ساڵی ڕابوردوو لەلایەن سەرانی ڕێکخراو و پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” چەند شێوازی دیکەی جیاواز لە شێوازی سەدەیەك زیاتری (سۆشیا دێمۆکراسی، باڵی چەپ و ڕاستی) ئەزموونکراون؟

“١- ھەنگاوی یەکەمی سازدانی بزووتنەوەکە بریتی دەبێت لە ھەڵبژاردنی دەستەی باڵا و دروستکردنی چەندین لێژنەی تایبەت بۆسەرپەرشتی کاروباری بزووتنەوەکە لەناو کۆبوونەوەی گشتی بۆ سەرجەم ئەو کەس و ھەڵسوڕاوانەی کە ئامادەییان ھەیە بۆ کردن لەگەڵ پرۆژەکە. ”

پێش ھەموو شت سازدان/ سازکردن واتە دروستکردن . ئەوە لە کەی مێژووەوە “بزووتنەوە سازدەدرێت” ؛ بزووتنەوە ئافەرێندراوی ناڕەزایەتی خەڵکە یان سازدراوی بنکەی (پارتییەکان) ؟
دەستەی باڵا ” چییە و ئەرکی چییە؛ بڕیاردان یان جێبەجێکردن؟
“ھەڵسوڕاوان” کێن و ئەرک و ڕۆڵیان چییە؟

لەڕووی واتای واژەیی ئەو چەمکە “ھەڵسوڕاو”، واتا کەسێك کە لەلایەن گروپ، دەزگە، دەستەیەکی دیکەوە ھەڵسوڕێندراوبێت، واتە بووکەڵەی دەستی کەسانی دیکە. بەو واتایە بەکاربردنی دروستکەرانی ڕێکخراوە پاشکۆکان؛ چ پاشکۆکانی فەرمانداریی و دەوڵەت، چ پاشکۆی پارتییە ئۆپۆزسیۆنە پارلەمانی و ناپارلەمانییەکان، ھەموویان ھەڵسوڕاون و ئەو واژەیە پڕپێستی ئەوانە. بەڵام ھەرگیز بە واتای چالاک/چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوە ناقووچکەیی و نانێوەندییە سەربەخۆکان نایێت و بەتەواوی دژەواتای چالاکە و ڕۆڵ و ئەرکی کەسی ھەڵسوڕاو، ڕۆڵ و ئەرکێکی دژەشۆڕشانەیە و دەسکەلای دەوڵەت و پارتییە ڕامیارییەکانە بۆ لاوازکردن و کەوڵکردن و دەستەمۆکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.

پێشینان گوتوویانە “کورد بدوێنە خۆی شەرحی خۆ دەکات” ؛ ھەڵبژاردنی دەستەی باڵا لەلایەن کێ، ھەڵبژێرەران کێن؛ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی یان کۆمەڵێك ئەندامی (حککک)؟

بەدڵنیاییەوە، ئەوی لەتەك ئەندامان و لایەنگرانی پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” ئەزموونی ھەبێت، دەستبەجێ دەزانێت، کە دروستکەری لێژنەکان کێیە و وەڵامی پرسیارەکەی پێشتر دەزانێت ( “دەستەی باڵا ” چییە و ئەرکی چییە؛ بڕیاردان یان جێبەجێکردن؟)، چونکە لە شێوازی ڕێکخستنی قووچکەییانە و نێوەندییانە دەستەکانی سەرەوە بڕیاردەرن و دروستکەری لێژنەکانی خوارەوەن و لەنێو ئاوا شێوازێکی ڕێکخستن، نێوەڕۆک پووچترین ئامراز “کۆبوونەوەی گشتی”یە، چونکە فیلۆسۆفی سەرھەڵدانی “کۆبوونەوە گشتییەکان” لەنێو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و بزووتنەوەی کرێکاری لە ماوەی پێنج سەدەی ڕابوردوو و بەتایبەت لەنێو مانگرتنەکانی پێش (ڕاپەڕینی کۆمونەی پاریس)، سەد و ھەشتا پلە پێچەوانەی شێوازی ڕێکخستنی قووچکەییانە و نێوەندییانەیە و بەتەواوی ڕەتکەرەوەی ڕۆڵی بڕیاردەرانەی (دەستەی باڵا،کۆمیتەی باڵا، شورای باڵا)یە و کۆکردنەوەی ئەو دوو چەمکە (بڕیاردانی دەستەی باڵا) و (کۆبوونەوەی گشتی) تەنیا بەکاربردنی دێوجامەییانەی (کۆبوونەوەی گشتی)یە بۆ فریودانی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ھەر ئاوا کۆکردنەوەی دوو چەمکی “پارتیی پێشڕەو” و “شۆڕش” دێوجامەیەکە بۆ فریودانی کەسانی سۆشیالیستخواز.

کاتێك لێژنە تایبەتە دروستکراوەکانی (دەستەی باڵا / ئەندامانی حککک) سەرپەرشتی کار و بارەکانی “بزووتنەوەکە” بکەن، ئەدی ڕۆڵی خودی بزووتنەوەکە چییە و چالاکانی خۆبەخۆ و پەروەردەبووی نێو خودی بزووتنەوەکە ئەرکیان چییە؟

ئەگەر بزووتنەوەیەك ھەیە، ئیدی بۆچی چەند ئەندامێکی (حککک) لەنێو بنکەی پارتییەکەیان “دەستەی باڵا” و “لێژنە تایبەتە سەرپەرشتیکەرەکان” بۆ ئەو دروستدەکەن؛ بزووتنەوەکە و چالاکەکانی ناتوانا و نەزان و ناھوشیار و گەوجن یان “بزووتنەوە”یەك لەئارا نییە و ئەندامانی “پارتیی پێشڕەو” خەریکی کڵاولەسەرنانی خەڵكن بەناوی “بزووتنەوە” و ئاوا دەزانن کە “لە ھەموو ھەورێك باران دەبارێت” و ئەو ھەڵە دووبارە دەبێتەوە، کە وەك (نەوشیروان موستەفا) و پاشڕەوانی سواری شەپۆلی بزووتنەووە کۆمەڵایەتییەکان ببن؟

ئەگەر “بزووتنەوە”یەك ھەبێت، بۆچی بەخۆی لەنێو شوێنەکانی کار و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک کۆبوونەوە گشتییەکانی خۆی بەرپاناکات و بۆچی لە بنکە و ھەواری ئەندامانی (حککک) کۆبوودەبێتەوە؟

ئەگەر بزووتنەوەیەكی کۆمەڵایەتی ھەیە، بۆچی کۆبوونەوە گشتییە بنکەییەکانی بەرپاناکات و لەنێو ئەوان بڕیار و پشڼیار بدات و بکات و بۆ ئەنجامدانی بڕیارەکان نوێنەرانی بنکەیی ھەڵنابژێرێت و لەنێو کۆبوونەوەی گشتی ھەڵبژێردراوانی ھەموو کۆبوونەوە گشتییە بنکەییەکانی کۆڵان و گەڕەکەکان و گوندەکان بڕیارەکان نادات و (دەستەی باڵا) و کۆمیتە/لێژنە تایبەتەکانی سەرپەرشتی ھەڵنابژێرێت؟

ئینجا با بگەڕێینەوە سەر گوتەکەی پێشینان و من لەجیاتی واژەی (کورد) واژەی (کەسی ڕامیار) دابنێم و جارێکی دیکە پاش ئەو پرسیارانە پەرەگرافە پڕ ناکۆکییەکە بخوێنینەوە “کەسی ڕامیار بدوێنە و خۆی وێنادەکات” ؛ ئێستا با بزانین ئایا ئەوەی بانگەوازەکەی بڵاوکردووەتەوە، خودی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەیە یان کەسانێك بەناوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکە؛ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییە یان پڕۆژەی پارتیی؟

ئەگەر ئەوانەی لەوێ کۆبوونەتەوە، چالاکی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتین و کۆبوونەتەوە، تاکو وەك نوێنەری کۆبوونەوە گشتییە بنکەییەکان لەنێوان خۆیان دەستەیەکی باڵاتر لەسەر ئاستی ناوچەیەک/ شارێك/ ھەرێمێک ھەڵبژێرن و بەگوێرەی ئامادەیی و کات و توانا و شارەزایی و گونجان خۆیان لێژنە تایبەتەکانی سەرپەرشتیکردنی کار و بارەکانی بزووتنەوەکە دروستبکەن، ئیدی (پڕۆژەی) چی و کێ نووسەر و داڕێژەری (پڕۆژەیەکە) و پێداویستی خوێندنەوە و پەسەندکردنی ئاوا (پرۆژە)یەك چییە؟

” ٢- ھەوڵ بدرێ لە پێشڕەوان و ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی جەماوەری ناڕازی، دەستە و کۆمیتە و گروپەکانی کرێکاران و کارمەندان و لە ناوەندەکانی کار و فەرمانگەکان و خوێندگا و زانکۆکان و گەڕەکەکان دروست بکرێ. ”

سەرنجدان لە داڕشتن و ڕێزمانی ئەو پەرەگرافە نادیدەدەگرم، ھیوادارم ” مامۆستایانی کرێکاران” جارێکی دیکە پێش بڕیاردان و بانگەوازکردن بۆ ڕیفۆرمی ژیانی کەسانی دیکە، زمانی ئاخاوتن و نووسینی خۆیان ڕیفۆرمبکەن، ئەوسا بۆ شوانەیی خەڵك “دەستەی باڵا” و “لێژنە تایبەتەکان” دروستبکەن.

ئەگەر ئەوانەی ئەو بانگەواز و پڕۆژە و بەرنامەیان داڕشتووە و لەوێ دانیشتوون، تاکو لەنێو ” کۆبوونەوەیەکی گشتی دەستەی باڵا و لێژنە تایبەت بۆ سەرپەرشتی کار و باری بزووتنەوەکە” دیاریبکەن، چالاکانی بزووتنەوەکەن، ئیدی دیاریکردنی ئەرکی “دروستکردنی دەستە و کۆمیتە و گروپەکانی کرێکاران و کارمەندان و لە ناوەندەکانی کار و فەرمانگەکان و خوێندگا و زانکۆکان و گەڕەکەکان لەنێوان پێشڕەوان و ھەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی جەماوەری ناڕازی ” چییە و بۆچی؛ مەگەر ئەوانەی لەوێن بڕیارنییە خۆیان چالاك و نوێنەری ئەو چین و توێژانە بن؟

ئەگەر ئەوانەی بانگەواز و پڕۆژەکەیان ڕاگەیاندووە و لەوێ کۆبوونەتەوە، چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە شوێنی کار و فەرمان و خوێندن و گەڕەکان نین، ئەدی كێن و چ کارەن و پێویستی ڕۆڵی شوانەییانەی ئەوان بۆ بزووتنەوەکە چییە؟

مەبەست لە گروپەکان چییە؛ گروپی سەربەخۆی خۆجێی یان گروپی پاگەندەچی پارتییایەتی و بڵندگۆی ڕامیارییەکانی (حککک)؟
ئەی ڕۆڵی ئەو ھەموو دەرزەنە ڕێکخراوانەی کە لە ماوەی ١٩٩٢-٢٠١٧ لەلایەن ئەندامانی (حککع و حککک) ڕاگەیێندراون، چییە و لە کوێن و بۆچی بەخۆیان ئەو ئەرکە ئەنجامنادەن و بۆچی بەخۆیان لەنێو کۆبوونەوەی بانگەواز بۆ کراو ئامادەنین؟
ئەگەر بوونیان ھەیە، لە کوێن و کوا چالاکی و تێکۆشانی ڕۆژانەیان؟
ئەگەر نین، ئەی چییان بەسەرھات و چۆن ونبوون؛ پووکانەوە یان ھەڵوەشانەوە، لە بنەڕەتەوە ھەر بوونیان نەبوو، یان پڕۆژەی نەزۆک و مردووی “پارتیی پێشڕەو” بوون و تەنیا لەسەر کاخەز و لەنێو ڕاگەیاندنەکان بوونیان ھەبوو؟

” ٣- لەھەر جێگەیەك( ناوەندەکانی کارو فەرمانگەو خەستەخانەو خوێندگا و زانکۆکان و گەڕەکەکان) ھەوڵ بدرێ کۆبونەوەی گشتی بەڕێ بخرێت و نوێنەرانی ڕاستەقینەو دڵسۆز ھەڵبژێرن و بەوجۆرە سەرەتای پایەکانی ڕێکخراوی جەماوەری خەباتکار لەبابەتی یەکێتی و سەندیکاو شورا و ئەنجومەنی جەماوەری دابمەزرێت”

دیسان لە سەرنجدانی داڕشتن و ڕێزمان و ڕێنووسی ئەم پەرەگرافەش خۆم لادەدەم. بەڵام ھەر کەسێك لە ماوەی بیست و شەش ساڵی ڕابوردوو بۆ تەنیا جارێك بانگەواز و بەیاننامە و پرسەنامە و وتاری سەرانی پارتییەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” بە زمانی کوردی خوێندبێتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەزانێت، کە ئەم بانگەواز و پڕۆژە و بەرنامەیەش داڕشتن و نووسینی ئەوانە، کە بەھۆی دەقگرتنیان بە دەرخکردنی بەیاننامە و پڕۆژە و بانگەوازە فارسییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” بە شێوەی ڕێزمان و ڕێنووسی فارسی کەسانێكی کڵۆڵی فارسی زمان دەنووسن، کردار پاشگری کۆ وەرناگرێت و کرداری یەکگرتوو و ئامێتە بەسەر یەکەوە نانووسرێت و بکەر و بەرکار و کردار شوێنگۆڕکێ دەکەن و خاڵبەندیش پاشاگەردانییە.

کاتێك کە لەنێوندەکانی کار و فەرمان و خوێندن و گەڕەکەکان کۆبوونەوە گشتییەکان نەکراون و لەنێو ئەو کۆبوونەوە گشتییانە بڕیار و پێشنیار و ھەڵبژاردن نەکراوە و نوێنەران بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان (بۆ نموونە بەرپاکردنی کۆبوونەوەی گشتی ھەڵبژێردراوانی کۆبوونەوە گشتییە بنکەییەکانی شوێێنی کار و فەرمان و خوێندن و گەڕەکەکان) دیارینەکراون، ئیدی بەگوێرەی کامە ماف و ڕەوایی کەسانێك لە شوێنێك کۆدەبنەوە و پڕۆژە و بەرنامەیەکی ئاوا دەنووسن و دواتر بەناوی بزووتنەوەیەکەوە کۆدەبنەوە و “دەستەی باڵا” و “لێژنە تایبەتەکان” دیاریدەکەن؟

ئەی پێوەری ڕاستەقینە-بوون و دڵسۆز-بوونی نوێنەرایەتی ئەوانەی ئەو پڕۆژە بە ئەوان ئاماژەدەدات و ئەوانەی دیکە کە ئەو پڕۆژە بە “ناڕاستەقینە-بوون و نادڵسۆز-بوون”ی ئەوان ئاماژەی ناڕاستەوخۆ دەدات، چییە؛ ئەندام-بوون و ئەندام-نەبوون لەنێو پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” ؟

ئەگەر سەرانی (حککع و حککک) پاش بیست و شەش ساڵ، ئێستا ئەو ھەنگوینەیان لە کەلێنی ناڕەزایەتی خەڵکی ھەرێم دۆزیوەتەوە و کۆبوونەوەی گشتی بە پایەی “ڕێکخراوی جەماوەریی خەباتکاری وەك یەکێتی و سەندیکا و شورا و ئەنجومەنی جەماوەریی” دەزانن، ئەدی بۆچی بۆ یەک جاریش ئەو بوێرییە لەخۆیان نیشاننادەن و ڕەخنە لە ھەوڵە نێوەندییەکانی خۆیان لە سەرەوە ڕەخنەناگرن، کە بیست و شەش ساڵی ڕابوردوو چەند دەرزەن ڕێکخراوی لەو جۆرەی مەرەکەبی سەر کاخەزیان دروستکردن و وەك پەشمەک توانەوە؟

ئەگەر ئەوان بەڕاستی وەك سەرەتا و بنەمای بیرکردنەوەی خۆیان بڕوایان بە پایەبوونی کۆبوونەوە گشتییەکان ھەیە، ئەدی بۆچی ھەوڵی کردەییکردنەوەی ئاوا بیرکردنەوە و ئەزموونکردنی ئاوا بۆچوونێك نادەن؛ یان ھەر لە بنەڕەتەوە کۆبوونەوەی گشتی بۆ ئەوان دێوجامەیەکە بۆ فریودانی خەڵك؟

“داواکارییەکان”

کامە داواکاری و داواکاری کێ و لە کوێ و کێ بەرزیکردووەتەوە؟

ئایا لەنێوان ڕێکخراوە پڕۆژەییەکانی (حککع و حککک) و ڕێکخراوە پڕۆژەییەکانی (حشع) و (پدک) و (ینک) و (پارتییە نیلییەکە) ھیچ جیاوازییەك ھەیە؟

” ١- ھەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی پاشەکەوتی زۆرەملێی موچە، گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و پیاچوونەوە بە یاسای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و کەسوکاری شەھید و ئەنفال و….تاد. لەسەر شێوازی یاساکانی حکومەتی ناوەندی کە بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی ئێستای ژیانی ھاوڵاتیانی ھەرێم.”

“ھاو ڵاتی” ھەڵەیە و (ھاووڵاتی) دروستە و واژە و چەمکی “ھاووڵاتی”بوون بۆ خۆی پەردەپۆشکردنی پێگەی نالەبار و سووکایەتیبەخشانەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانە بە دێوجامەی “ھاووڵاتی”. ساڵانی سەرەتای دەھەی نەوەد، کە ھێشتا پاشکارایی شەپۆڵەکانی شۆڕشگێڕیی ڕاپەڕین بەتەواوی نەنیشتبوونەوە، ئەو کات سەران و نووسەرانی سێ ڕێکخراوە ڕامیارییەکەی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە بەکاربردنی واژەی “ھاووڵاتی” ڕەخنەیان ھەبوو و بە ھەوڵی شاردنەوەی شوناسی (چینی کرێکار)یان دەزانی؛ ھەر ئاوا بەکاربردنی واژەی “شەھید” بە پێوەی کۆنەپەرستیی ئایینی دەزانرا، کەچی ئێستا خۆیان بوونەتە بڵندگۆی چرینی ئەو واژە کۆنەپەرست و دێوجامەییانە.

بێجگە لەوە، “پاشەکەوت” چییە؟ ئایا ھەر بەڕاستی سەرانی (حککع و حککک) بڕوایان بە دەخیلەکردنی فەرمانداریی ھەرێمە بۆ چین و توێژە کرێگرتەکانی ئەو ھەرێمە ھەیە؟

ئەی ناوی (چینی کرێکار) و (کرێکاران) چی بەسەرھات و بۆچی لەنێو ئەو ڕیزکردنەی سەرەوە ناوی (کرێکاران) نەھاتووە؛ ئایا ڕامیاریی و بەرنامەی “پاشەکەوت”کردنەکەی فەرمانداریی ھەرێم مووچەی کرێکارانی نەگرتووەتەوە، بۆچی؛ ئەی ئەو سازشە لەپێناو چی؟

ئایا دەکرێت ئاوا وێنابکەین، کە فەرمانداریی ھەرێمی “کوردستان” فەرمانداریی خودی چینی کرێکار و کرێکارانە، لەبەرئەوەیە، کە ناوی ئەوان نەھاتووە و “پاشەکەوت”کردن مووچەی ئەوانی نەگرتووەتەوە؛ یان ئەوانیشی گرتووەتەوە و ناونەھێنانی کرێکاران خۆگونجاندنە لەتەك ڕەوتە زاڵەکانی کۆمەڵی ھەرێم؛ ناسیونالیزم و نیئۆلیبراڵیزم؟

بەرتەری یاسای مووچەی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق بۆ چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان (کرێگرتەکان) چییە، تاکو خەڵکی ھەرێم ئەو داخوازییە بەرزبکەنەوە؟
ئایا یاسای مووچەی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق لەتەك بار و دۆخی ئێستای گوزەرانی خەڵکی نێوەند و باشووری عیراق گونجاوە؛ بەگوێرەی ھەڵاوسان و گرانی و نەبوونی دیاریکراوە؟
ئەی گونجان لەتەك بار و دۆخی ئێستای ژیانی “ھاوڵاتیانی ھەرێم” واتای چییە؛ ئایا (سێ چارەکە مووچە) گونجاندن نییە لەتەك باری گوزەرانی خەڵك؟
ئەگەر وەڵام (نەخێرە)، ئەدی دەستگرتنەوە و کەمکرنەوەی کرێ و مووچە واتە چی؛ مەگەر دابەزاندنی گوزەرانی خەڵك نییە بۆ دوا ئاستی ملدانی خەڵك بە نەھامەتی؟

گوزەرانی ئێستای ئەندامانی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان (چین و توێژە کرێگرتەکان) چ لە نێوەڕاست و باشووری عیراق و چ لە ھەرێم خوارترین ئاستی کولەمەرگییە و گونجاوترین ئاستی مووچە لەتەك ژیان و گوزەرانی کولەمەرگییانە ھەر ئەو (سێ چارەکە مووچە)یە، کە پارلەمان و فەرمانداریی ھەرێم بڕیاریانداوە، ئیدی نازانم داڕێژەرانی ئەو پڕۆژە و بەرنامەیە خوازیاری چین، لە کاتێكدا کە پارلەمان و فەرمانداریی بۆرجوازی کورد بەبێ داخوازی سەرانی “کۆمونیزمی کرێکاری” و بەبێ پاڕانەوەی ڕامیارانەی ئەوان، داخوازییەکەی ئەنجامداوە؟

“ھەنگاوە کردەییەکان:”

“٢- دەستبردن بۆ دامەزراندنی سندوقی ھەرەوەزی لەپێناو دابینکردنی کاڵا سەرەکیەکانی ژیان و بژێوی ھاوڵاتی کەمدەرامەت لەداھاتی حکومەت و سەرمایەداران.”
جارێکی دیکە، لە باری ڕێزمانی و ڕێنووسی داڕشتنی ئەو خاڵە چاوپۆشیدەکەم، بەڵام ناتوانم لە نووسەران و داڕێژەرانی “ھەنگاوەکانی کارکردن بۆ ھێنانەدی ئامانجەکانی بزووتنەوەکە:” نەپرسم، ئەرێ بە کامە لۆجیك و ئاوەز، بە کامە واتا و پێشینەی مێژوویی و ئەزموون، (ھەرەوەزی) کۆمەڵایەتی نێوان و بۆ خەڵکی کەمدەرامەت بە “داھاتی حکومەت و سەرمایەداران” دروستدەبێت و دابیندەکرێت و دەچێتە خانەی ھەرەوەزی؛ ھەرەوەزی واتای چییە؟

پێشینان دروستیان فەرمووە، کە “زۆربڵێی ناپێویست، بە پووچبێژی کۆتاییدێت”. ئێوە ڕابەرانی “کۆمونیزمی کرێکاری” ئاوا چاوەڕوانییەکتان لە “فەرمانداری و سەرمایەداران” ھەیە، کە ھەرەوەزبن و لەتەك کەمدەرامەتانی کۆمەڵ ھەرەوەزیبکەن و بەشداری ھەرەوەزی کۆمەڵایەتیی بکەن، ئیدی بۆچی بەدرۆ دروشمی “بڕوخێ سەرمایەداری” بەرزدەکەنەوە؟

ئەی پڕۆژە ڕێکخراوەکەی “کۆمونیزمی کرێکاری” لەتەك ڕێکخراوە بەناو “ناحکومییەکان” و ڕێکخراوە “خێرخوازییەکان”ی گروپە ئیسلامیەکان چ جیاوازییەکی ھەیە، کە تاکە ئەرکی ئەوان بزواندنی سۆز و بەزەیی سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و کۆکردنەوەی زەکات و سەرفترەی دەوڵەتمەندانی موسوڵمانە بۆ کەمدەرامەتان؟

“حکومەت و سەرمایەداران”ێك کە ئامادەی پشتیوانی و چالاکی ھەرەوەزی و کۆمەککردن بن بە کەمدەرامەتانی کۆمەڵ، ئیدی لەتەك “دەوڵەت و حکومەتە کرێکاری”یەکەی “کۆمونیزمی کرێکاری” چ جیاوازییەکی ھەیە؟

ئەوە لە کەیەوە، لەنێوان ئەندامان و چینێك کە بنەمای مانەوە و سەرکەوتنیان کێبڕکێ و ڕکەبەری دەوڵەتمەندبوون و کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیانە بە دزینی ڕەنجی کاری کەمدەرامەتانی کۆمەڵ و تاڵانکردنی سامانی کۆمەڵ، ھەروەزی بوونی ھەیە و پەیڕەودەکرێت؟

” ٣- لە دەرەوەی کوردستان ھەوڵ بدرێ پشتیوانی ڕێکخراوە چەپ و یەکسانیخواز و یەکێتی و سەندیکا کرێکاری و کەسایەتیە مرۆڤدۆستەکان بۆ بزووتنەوەکە و خواستەکانی بەدەست بھێنرێ و ببێتە فاکتەرێکی فشاری گەورە لەسەر دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ ملدان بە داخوازیەکانی خەڵك”

ئەگەر ھەموو بەیاننامە و بانگەواز و ڕاگەیاندنی ڕێکخراوە مەرەکەبییەکانی سەر کاخەزی سەراپای مێژووی “کۆمونیزمی کرێکاری” بخوێنینەوە، خاڵی سێیەم ھەموو کات ھەبووە و کلێشەییانە نووسراوە. ھەڵبەتە ئەوەش بڵێـم کە ھەنگاوێکی پۆزەتیڤە، بەڵام لە ماوەی بیست و شەش ساڵی ڕابوردوو ھیچ کات سەران و پاگەندەکەرانی “کۆمونیزمی کرێکاری” چ ئەوانەی لەنێو دەرزەنە پارتییەکان و چ ئەوانەی لە دەرەوەی پارتییەکانن، چ کوردی-زمانەکان و چ فارسی-زمانەکان، بۆ تەنیا جارێکیش نەچوونەتە پەیوەندییەکی ھاوپشتییانەی دژەچینایەتی. ھەموو کات بەناوی کرێکاران و خەڵکی ھەرێم خوازیاری ” پشتیوانی ڕێکخراوە چەپ و یەکسانیخواز و یەکێتی و سەندیکا کرێکاری و کەسایەتیە مرۆڤدۆستەکان ” بوون و بەناوی ئەوانەوە لەو لایەنانەی ناویانھێنراوە کۆمەکیان کۆکردووەتەوە و کراوەتە خەرجی ویسکی-خواردنەوە و گەشتە بەردەوامەکانی “ڕابەران”، بەڵام ھیچ کات و لە ھیچ شوێنێك ئامادەی پشتیوانی ئاڵووێرانە یان یەکلایەنانە بەرانبەر کۆمەڵەکانی دیکە نەبوون و ھیچ کام لە ئەندامان و چالاکانی دەرزەنە پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” بە ئەرکی خۆیان نەزانیوە بەشداری تێکۆشان و ناڕەزایەتییەکانی وڵاتانی پەنادەر و ڕێکخراوە پشتیوانیکەرەکانی ئەوان بکەن و ھەردەم وەك ناسیونالیستێكی کورد، عیراقی، ئێرانی ڕەفتاریانکردووە و مەلایانە بنەمای “ھا مەلا، ئێ وەڵا، بدە مەلا، ناوەڵا” بەکاربردووە و پەیڕەوکردووە .

ئەوان لە سەراپای بەرنامە و داخوازییەکانی پڕۆژە ڕێکخراوەکەیان بۆ تەنیا جارێکیش خوازیاری یەکسانی نەبوون و لەجیاتی یەکسانی، بەناوی “ھەروەزی” خوازیاری “زەکات و سەرفترەی حکومەت و سەرمایەداران”ن بۆ کەمدەرامەتان، کەچی خوازیاری پشتیوانی ڕێکخراوە یەکسانیخوازەکانی وڵاتانی دیکەن بۆ پڕۆژە ڕێکخراوی (خێر و سەدەقەی) فەرمانداران و سەرمایەداران.

“٤- لە کاتی پێویست و گونجاودا کۆنترۆڵکردنی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان لەلایەن کرێکاران و کارمەنادانی ئەو شوێنانە بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خۆڕایی بۆ ھاوڵاتیانی کەمدەرامەت و… .”

مەبەست لە کاتی پێویست و گونجاو چییە؛ ئایا ئێستا پێویست و گونجاو نییە، ئەی کەی پێویست و گونجاوە؟
بەبۆچوونی من، ئەگەر بڕیاربێت، ھوشیارترین تاك و بەشی چین و توێژە پرۆلیتیڕەکان ڕۆڵی پێشڕەویی (بە واتای دەستپیشخەری و وەستان لەڕیزی پێشەوە و یەکەمین بوون لە چالاککردن و تێكۆشانی ڕۆژانە و یەکەم بوون لەنێو زیندان و لەبەردەم ھەڕەشە و ئەشکەنجەدران) لە ئەستۆی ئەوان بێت، ئەوا ھەمیشە بەرزکردنەوەی ڕادەی زۆری داخوازییەکانی چین و توێژەکانیان جیاکەرەوەی ئەوانە لە ڕیفۆرمیستان و خێرخوازان و ناوبژیکارانی نێوان چەوساوان و چەوسێنەران، نەك ڕێزکردنی واژەی “ڕابەر” و “پێشڕەو” لە پێش و پاشی ناوی خۆیان. چونکە ئیسلامییەکان و ناسیونالیستە خێرخوازەکان و زۆرینەی ناھوشیار و خۆشباوەری کۆمەڵیش خوازیاری بزواندنی سۆز و بەزەیی سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانن، ھەر ئاوا کە نووسەرانی ئەو پڕۆژە بەرنامەیە، خوازیاری سندووقی ھەرەوەزین بە پارە و کۆمەکی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران.

“دەستەی ئامادەکاری بزوتنەوەی دژی ھەژاری”

ئایا لە ھیچ سەردەمێك و ھیچ شوێنێك ڕویداوە، لەلایەن دەستەیەکەوە “بزووتنەوە” ئامادەبکرێت؛ بۆ بزووتنەوە چێشتی جەژن و ئێوارە خوانی “ڕابەرانە”، تاکو دەستەیەك بتوانن ئامادەیبکەن؟

پاشان، ئامانج لە دوورین و دروستکردنی ئاوا بزووتنەوەیەك؛ “بزووتنەوەی دژی ھەژاری” ھەمان ئامانجی خێرخوازانەی ئایینکاران نییە، کە بەدرێژایی مێژوو پەیڕەوانی ئایینەکان چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکانیان بە ئاوا پووچگەراییەك خۆشباوەڕکردووە و چاوەڕوانی ئاوا ڕۆژێكیان کردووە بە خەونی ستەمدیتووان؟

بێجگە لەوە، ھەژاری زادە و بەرەنجامە، نەك خودی سیستەم و دەسەڵات، تاکو بەبێ لەنێوبردنی بنەماکانی سیستەمەکە بتوانرێت لەنێو ببرێت. کاتێك کە “ڕابەرانی” چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکان بە لەنێوبردنی ھەژاری و مانەوەی ھەمان سیستەمی سەروەریی و مشەخۆریی خۆشباوەڕبن و خەڵکی بۆ ھێنانەدی ئاوا ئامانجێك بانگەوازبکەن، ئیدی پێداویستی بەرزکردنەوەی دروشمی دێوجامەییانەی “بروخێ سەرمایەداری” چییە و لەپێناو چی، بێجگە لە فریودانی خەڵك؛ ئایا باشتر نییە، “پارتیی پێشڕەو” و “ڕابەران” دەست لەنێو دەستی ئایینکاران و ڕێفۆرمیستان و ناسیونالیستان خەریکی بزواندنی سۆز و بەزەیی سەروەران و سەرمایەداران بن، کە ئەگەری ھاتنەدی و ئاوەزپەسەندی ئاوا پووچییەك، لە ئەگەر و ئاوەزپەسەندیی “ئازادبوون و یەکسانبوون و دادپەروەری لە سایەی دەوڵەت و فەرماندارییەك بەناوی کرێکاران و دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” زیاترە؟

بەکورتی، بە بۆچوونی من، (کۆبوونەوەی گشتی) بناخەی (دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ) و کاراترین میکانیزمی بەرگرتن لە سەرھەڵدانی گەرای بیرۆکراسی و دەستەگەری و ھەلپەرستی و نێوەندیگەری و پێکھاتەی قووچکەیییە لەنێو ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان. بەڵێ بۆ ھەموو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ناڕازی و تێکۆشەر دژی ڕەوتی سیستەمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) و ملھوڕیی و مشەخۆریی و گەندەڵی؛ بەڵێ بۆ خۆڕێکخراوبوونی سەربەخۆی گشت چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان؛ بەڵێ بۆ پێکھێنانی ھەرەوەزییەکان وەك بەردی بناخەی سیستەمی کۆمەڵی ناچینایەتی؛ بەڵێ بۆ ھەموو ھەوڵێکی ئازادیخوازانە و سەربەخۆی جەماوەری؛ بەڵێ بۆ داگیرکردن و سەندنەوەی* خانووبەرە کرێییەکان؛ بەڵێ بۆ داگیرکردن و دابەشکردنی ھەنبارەکانی خواردن؛ بەڵێ بۆ داگیرکردنی بانکەکان و دابەشکردنی مووچەی تەواوەتی خەڵك: بەڵێ بۆ سەندنەوەی کارخانە و کێڵگە و زەمین و گرد و بیرە نەوتەکان و کەرتەکانی خزمەتگوزاری بۆ دارایی کۆمەڵ و کۆمەڵایەتیکردنەوەی دارایی و کار و بەرھەمھێنان و دابەشکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵ.

بەڵام، نەخێر و ملیاردان جار نەخێر بۆ قوتکردنەوەی دەستە و ڕێکخراو و تۆڕ و بزووتنەوە پاشکۆ و قووچکەیی و نێوەندگەراکان بەناوی “پڕۆلیتاریا” و “کرێکاران” و “خەڵك”؛ نەخێر بۆ پاڕانەوە لە سەرمایەداران و فەرمانداران؛ نەخێر بۆ گۆڕینی ڕامیارێك بە ئەوی دیکە، دەسەڵاتدارێك بە ئەوی دیکە، سەرمایەدارێك بە ئەوی دیکە، مشەخۆرێك بە ئەوی دیکە، سەروەرێك بە ئەوی دیکە. چونکە لەنێوان ڕێکخراوە و بەرپرسانی ڕێکخراوە زەردەکانی فەرمانداری بۆرجوازیی ھەرێم و ڕێکخراوە پاشکۆییەکانی (پدک) و (ینک) و (پارتییە نیلییەکە) و (ئیسلامییەکان) و ڕێکخراوە و بەرپرسانی ڕێکخراوە پاشکۆکانی (حککع و حککک) نییە و ئەوی لەو بارەوە خۆشباوەڕیی ھەبێت، بەدڵنیاییەوە، تەمەنی بە سووڕانەوە لەنێو بازنەی بۆشی پارتییایەتی و “دەوڵەت و فەرمانداریی کرێکاران” بەفێڕۆدەدات، ھەر ئاوا کە دێوجامەبوونی ھەوڵەکانی بیست و شەش ساڵی ڕابوردوو، بەفیڕۆچوونی تەمەنی ئێمە چالاکانی خۆشباوەڕ و کەم ئەزموونی ئەو سەردەمەیان سەلماند.


١٩ی ئۆگوستی ٢٠١٧
ھەژێن

Previous
Next
Kurdish