Skip to Content

ئەی مرۆڤە مەزنەکە چەپڵە بۆ کەس لێ مەدە!؟ … تاهیر حاجی حەسەن

Closed
by ئه‌یلول 24, 2016 General

چەپڵە بۆکەس لێ مەدە ئەی ئەو مرۆڤەی سۆڕانی ژیان و وەستاندنی تەنها لەدەستی تۆدایە. کاتێک گرگنەکان گەورە دەکرێن،خەتای ئەو نیە،بەڵکو ئەوە خەتای تۆیە،کەبێ ئەوەی لەخۆت و تواناکانت بنواڕیت،خۆت بەبچوک دەزانیت،بۆیە،ئەو گەورە دەکەیت لەبەرانبەر خۆتدا. چەپڵە بۆکەس لێ مەدە،کاتێک بەهای خۆت ناناسیت و وادەزانیت گەر ئەو نەبێت تۆیش بونت نابێت.
تۆ مرۆڤە بەرزەکەیت کە سوڕانی ژیان و وەستاندنی تەنها لەدەستی خۆت دایە،ئیتر هۆکار چیە واناتوانیت بیربکەیتەوە.پچڕاندنی زنجیرەکانی دەست و هزرت تەنها لای خۆتەو تەنیا کلیلەکەی بەدەستی خۆتەوەیە،بۆچی دەیدەیت بەدەستی ئەوێکەوە کەزنجیری کردویت تابۆت بکاتەوە!ئەو چۆن کارێکی وادەکات!چۆن!!!گەر جارێکیتر تۆ زنجیر نەکاتەوە.!!!بیر بکەرەوە،تۆ کێیت؟
مرۆڤ نابێت پێ بکەنێ و بگری،بەڵکو دەبێت بیربکاتەوە،بیرمەندێکی هۆڵەندی ئاوای ووت،کەناوی سپینۆزا بوو. ئاخۆ گەر تۆ بڕیاردەری وەستان و بەگەڕ خستنی ژیانیت،بۆچی ناتوانیت دەست بۆ وەرچەرخانە مەزنەکە ببەیت و هەرچی گرگنە فڕێی بدەیتە دەریای زبڵدانەکانی مێژووەوە؟ بۆچی؟ سبەی تۆ هاتیتە سەرشەقام و لەنێو کارگەو قوتابخانەو بیمارستان و پاک کردنەوەکانتا،وەستاندنی ژیانت ڕاگەیاند،دڵنیابە،ئەوی گرگن هیچی پێ ناکرێت بەغەیری ئەوەی لەبەردەمتدا کڕنۆش بەرێت. تۆ مرۆڤە بەرزەکەیت گەر خۆت بناسیت! چەپڵە تەنها بۆ ئیرادە مەزنەکەی خۆت لێ بدەو بۆ کەسانی ،گرگن، نا بڵێ،نا!
سوڕاندنی ژیان و پەک خستنی تەنهاو تەنها لەدەستی تۆدایە،نەک ئەوی گرگن!تەنها بیر بکەرەوە بۆچی تۆی بەرهەمهێنەر ڕسواو ڕەجاڵیت و ئەوی گرگنیش خاوەنی هەموو شتێکە!!!
داماوی تۆ لەوێدایە کەتوانا مەزنەکەی خۆت نابینیتەوە لەنێو مێژوودا.پرسیارێکت لەخۆت کردوە،گەر بێزاری و ناڕەزایەتی تۆنەبوایە لەبەرانبەر نەمرود و خوداوەندەکانی فیرعەوندا،ئەوکات ڕێی تێدەچوو ئیبراهیم و موساو عیساو موحەمەد بەرهەم بهێنرایەن و تائێستا بیان توانیایە درێژە بەسیمبول بونی خۆیان بدایە؟ تکایە تەنها بۆ ساتێک بیربکەرەوە!
پرسیار لەخۆت بکە؛لەسەر ڕەنجەشانی کێ ئەو هەزاران بەردە زەبەلاحە گواسترانەوە بۆئەوەی تەنها ئەهرامەکانی نیشاندانی شکۆی خوداوەندەکانی لێ دروست بکرێت؟ تەنها بۆ ساتێک بیرێک بکەرەوە.!گەر تۆ نەبویتایە کێ دەبوو لەجێگای تۆ بینا زەبەلاحەکانی بابل و سامەڕا دروست بکات!ئاخۆ ئەو مرۆڤانەی کردت بەخوداوەندی خۆت،ئەوان دەیان توانی، بەڕەنجە شانی خۆیان،دروستی بکەن؟
تۆ چیت دروست نەکرد!تەنها بۆ ساتێک بیر بکەوە؟
ئاخۆ گەر خۆ نە ناسینی تۆ نەبوایە لەبەرانبەر هۆشیاری سیاسی خۆتدا،ڕێی تێدەچوو تۆ ببیتە کۆیلەو خاوەن کۆیلە بۆخۆت دروست بکەیت؟
تەنها بۆ ساتێک بیربکەوە!تۆ چیت نەکردو لەسەر ڕەنجەشانی تۆ چی بەرهەم نەهێنرا کە بۆ کەسانی گرگن بوون بەهەموو شتێک و بۆتۆیش تەنها ڕەنج بەخەسار بوونت بۆ مایەوە!
ئەوە لەپێناو چیدا بوو!بەغەیری ئەوەی کەنەت توانی لەئیرادەی سیاسی خۆت تێبگەیت؟ جاتۆ چیت نەکرد؟ مەگەر کۆی ئەو ساتومێژوانەت لەبیر کرد کە لە سبەینێیانەوە تا تاریکستان لەنێو ڕەنجکێشاندا بوویت تەنها لەبەر ئەوەی سەردارەکەت دڵ خۆشتر بکەیت.ئەوە لەپێناو چیدا بوو؟ بۆ وات کرد؟ ئاخۆ ئەو لەتۆ جوامێرتر بوو یان تۆ لەبەر جوامێری خۆت،هیلاکی زیاترت دایە بەرخۆت بۆ ئەوەی ئەو ڕازی بکەیت؟ بەڵام نەت زانی بەو کارەت کۆی گێلێتی خۆتت نیشاندا!گێلێتیەک کە باجەکەی زۆر لەسەرت کەوت،باجەکەی هێندە گران بوو،ئەوی گرگنت فێر کرد کە چۆن خۆی بپارێزێت و چۆن دەست بگرێت بەسەر ئەو هۆشیاریەی لەمایەی ڕەنجی بەخەسار بووی تۆوە وەدەستی خستوە.
مرۆڤە مەزنەکە،تۆ زۆر شتت لەدەستی خۆت دا،زۆر هەلی مێژوویت ئاوەژوو کردەوە،تەنها لەبەر ئەوەی خۆت نەناسی. پرسیارێکت لەخۆت نەکرد کە بۆچی زیندانەکان دروست کران؟ پرسیارێکت لەخۆت نەکرد کەبۆچی مرۆڤە گرگنەکان بونە خاوەنی ئەو هۆشیاریەو دەستیان برد بۆبەرپاکردنی سوپا!سوپایەک کەتۆ بوویت لەیەکەمەکانی ڕیزی پێشەوەی!گەرتۆ قبوڵی ئەو سوپایەت نەبوایە دڵنیا دەبویت کەئەوی گرگن بیری لەکارێکی وانەدەکردەوە!
تکایە تەنها بۆ ساتێک بیر بکەرەوە!کێ بوو ڕێگای دا بەوەی چینێک ببێت بەخوداوەندی چینێکی تر؟ ئاخۆ گەر بیرکردنەوەی نا بیرکردنەوەی ئێمە نەبوایە ئەوی گرگن چۆن دەیتوانی ئاوا بەئیسراحەت سواری پشتمان ببێت و بەئارەزووی خۆیشی قامچیەکمان لێ بدات؟ تکایە بۆ ساتێک بیر بکرەوە!
بۆپرسیارێکت لەخۆت نەکر ئەی مرۆڤە مەزنەکە. گەر تۆ و ئیرادەو هێزی بازوت نەبوایە،کێ دەیزانی ئەم سەدەیە دەگات بەم ئەندازەیە لەبەربەریەتی ئەو تاکەی کردت بەخوداوەندی سەر خۆت؟ کێ دەیزانی،کێ؟ گەر بەچۆکدا هاتنی تۆ نەبوایە کێ ئەو مرۆڤانەی دەناسی کە ئێستا وەک پاڵەوانەکانی ئاراستەی مێژوو دەناسرێن؟ گەر تۆ ئیرادەی پۆڵاینی سیاسی خۆت بناسیایە،دڵنیابە،ئەو کات مرۆڤە گرگنەکان نەدەبوون بەپاڵەوان!ئەوە تەنها خەتای ئەو ڕوژگارەیە کەتۆ ئیرادە مەزنەکەی خۆت، ناناسیت! گەر خۆنەناسینی تۆ نەبوایە،ئەوکات نەخێزان و نەخێڵ و نەتیرەو نە عەشیرەت و نە کۆمەڵگای خۆ پەرستی چینایەتی ئێستا دروست دەبوو! تکایە بۆ ساتێک بیر بکەوە!!!.ئەی ئەو چینەی گشت وەرچەرخانەکان تەنها لەدەستی تۆدایە!
تۆ هەمیشە مرۆڤە مەزنەکەیت،تەنها بەو مەرجەی ساتێک لەپێناو خۆتدا بیر بکەیتەوە؟ بۆنابێت بۆ؟ بۆ دەبێت بیستوچوار کات ژمێر لەشەو ڕۆژێکدا تۆ لەپێناو مرۆڤە چەتەو گرگنەکاندا لەبزوتندا بیت و چالاک بیت،بەڵام ڵەپێناو خۆت و ماڵ و منداڵەکانتدا ئەو ئیرادەیەت نەبێت؟ بۆنابێت بۆ؟
گەر تۆ لەبەرەکانی جەنگه نەخوازراوەکاندا نەبیت لەپێناو بەرژەوەندی مرۆڤە گرگنەکاندا،ئەوکات چۆن ڕێی تێدەچێت خۆت و خانەوادەکەت برسی و هەردەم لەخەمدا بن؟ بیر بکەرەوە تەنها بۆ ساتێک ئەی مرۆڤە مەزنەکە!! گەر خۆنەناسینی تۆ نەبوایە، ئەوکات نەخوداو نە پەیامبەرەکانیش بونیان نەدبوو! ئەوە تەنها خۆنەناسینی تۆ بوو،بۆیە لەبری ئیرادەی مەزنی خۆت،هەم خودایەکی وەهمیت خوڵقاند وەهەم خوداوەندی پادشا دەمامکدارەکانیشت خوڵقاند!!!
تەنها بیر بکەرەوە بزانە چ ئەرکێکی مەزنت لەسەر شانە تا کۆی ئەو تەپو تۆزە لەسەر شانی خۆت ڕابماڵیت و لەجێیدا سەرەتای ڕۆژێکی نوێ بخوڵقێنیت.!ئەی مرۆڤە مەزنەکە تەنها بۆ ساتێک بیر بکەرەوە؟ ئەمە خەون نیە،بەڵکو دەرخەری ڕاستیەکانە. تەنها بۆ ساتێک بیربکەرەوە ئەی مرۆڤە مەزنەکەی خنێکنداراو لەنێو مێژووی چەواشەدا!!کاتێک مارکس و هاوڕێیانی ڕەنجی زۆریان کێشا تەنها لەبەئەوە بوو کەتۆ خۆت نەناسیبوو. کاتێکیش مرۆڤە چوستەکە خرایە زیندانی ئیمراڵیەوە هەر لەبەر خاتری خۆنەناسینی تۆبوو!تکایە بۆ ساتێک بیر بکەوە ئەی مرۆڤە مەزنەکە،کە،وەرچەرخانی ڕاستەقینەوەی دروست کردنی ژیانێکی بێترس و ئارام بەخش تەنها لەدەستی تۆدایە.چونکە دواجار ئەوە تۆیت کەدەتوانیت کۆی زنجیرەکان بپچڕێنیت و کلیلە ژەنگرتوەکانیشی فڕێ بدەیت؟ ئاخۆ ئێستالەئەرکی مێژوویی خۆت تێ دەگەیت ئەی چینە مەزنەکەی خاوەن وەرچەرخانی ڕاستەقینە؟

تاهیر حاجی حەسەن
22/09/2016

Previous
Next
Kurdish