Skip to Content

ڕامانێک لە‌ گشتپرسی و سەربەخۆیی وکاڵبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک … ئەمجەد شاکەلی

ڕامانێک لە‌ گشتپرسی و سەربەخۆیی وکاڵبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک … ئەمجەد شاکەلی

Closed
by ئاب 21, 2017 General, Opinion

بازاڕی قسەکردن لەسەر گشتپرسی و سەربەخۆیی باشووری کوردستان، ماوەیەکە گەرمە و زۆری لەسەر دەگوترێ، دەنووسرێ، دەبیسرێ و دەبینرێ. خەڵکی کوردی کردووەتە دوو بەرەی “لەگەڵ” و “دژ” ی، زۆر دوور لەیەکەوە و دوو سەنگەری جیاوازەوە. ئەو پاساو و گومان و دلەڕاوکێ و ڕەخنە و پرسانەی، دژەکان دەیورووژێنن، لە گەندەڵی و دزی و نادادی و ئەزموونێکی خراپ و سەقەت و ناتەواوی فەرمانڕەوایی و کارگێڕی و…ئەگەر بە ویژدانەوە سەیربکرین و لەبەرچاو بگیرێن و بخوێنرێنەوە، باوەڕ ناکەم، کەس لاریی لییان هەبێ. هەموو ئەوانەی بەشدارن لەو کارانەدا، ئەوانەن، لە چیاوە باریکەڵە و قەڵەمی و جووتی کڵاش لەپێدا و چۆغەوڕانەکێکی خاکی لەبەردا و تفەنگێک لە شاندا و پارەیەکی کەم لە باخەڵدا، گەڕانەوە نێو شار و ڕوونیشتنە سەر تەخت و دەسەڵات و ورگیان گەلێک لەپێش پێیەکانیانەوە دەڕوات و هەرچی هێڵی فڕۆکەوانی جیهانە و هۆتێلی چەندین ئەستێرەی شارە گەورەکانی جیهانە، خۆیان خێزان و منداڵیان تاقییان کردووەتەوە و بوون بە خاوەن پارەی خەیاڵی و کۆمپانیا و چەندین خانوو و چەندین پارچە زەوی و چەندین ئۆتۆمبیل و چەندین ژن و چەندین پاسەوان و چەندین بیرە نەفت و دەیان چەندینی تریش. ئەوەی دەگوترێ، ڕەخنەیە لە حیزب، لە حوکوومەت و لە دەسەڵات.

دەوڵەت، لە حیزب و حوکوومەت و دەسەڵات جیاوازە. گشتپرسیی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتە، واتە: قەوارەیەک، نەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و حوکوومەت و هێنانی حیزبێک بۆ سەر تەخت. دەوڵەت قەوارەیەکە، کۆمەڵێک مرۆڤ لە چوارچێوەی سنوورێکدا و لەژێر ئاڵایەکدا، گلێر دەکاتەوە و پێکەوە دەژین و لەسەر ئاستی جیهان و نێودەوڵەتییشدا، وەک یەکەیەکی خودان کەسیەتی خۆی و سەربەخۆیی خۆی ددانی پێدا دەنرێ و دەناسرێت. حوکوومەت و حیزب و دەسەڵات، بەرگۆڕانن و هەرگیز تاسەر نامێننەوە، دێن و دەڕۆن. تۆ بنۆڕە دەوڵەتگەلێکی مانەندی ئەفغانستان، سۆمال، عیراق، کە دەسەڵات و حوکوومەت و حیزب و کوودێتا، تیایاندا وەدووی یەکدا هەمیشە قەتارەیان بەستبوو و پشوویان نەدەدا، کەچی وەک دەوڵەت و قەوارە لەسەر نەخشەی جیهان، بە هەموو شەقوشڕی و پەرپووتییەکی خۆیانەوە، ماونەوە و هەر هەن. کە باس لە سەربەخۆیی کوردستان دەکرێ، باسکردنە لە چێکردنی ئەو قەوارەیە. ئەمە کێ باسی دەکات؟ کێ لە پشتییەوەیە؟ کێ ڕێبەریەتییە و پێشەنگی ئەو باسەیە؟ بۆ دەکرێ؟ بۆ ئێستا؟ پاشان چۆن دەبێت؟ و…دەیان پرسی دیکە، کە دژەکان دەیورووژێنن، بابەتگەلێک نین، بۆ وەڵامدانەوەیان، مرۆڤ خۆی تووشی سەرئێشە و سەخڵەتبوون بکات! عەرەب دەڵێن:”ثبت العرش ثم أنقش”، واتە: تۆ زەوینە و تەختێک جێگیر بکە و بچەسپێنە، پاشان بینەخشینە. تۆ قەوارەیەک بۆ خۆت پێکبهێنە ودروست بکە و بچۆ ڕیزی ئەو هەموو دەوڵەتانەی جیهانەوە و ببە خاوەنی خۆت و لەبندەستیی خۆت ڕاپسکێنە و بێنەدەر، دواتر ڕەنگ و نیگاری بکە و بیڕازێنەوە، بەو جۆرەی بۆ خۆت گەرەکتە و ئەودەمی خودای دەکرد، سەدجاران حوکوومەت و دەسەڵاتت دەگۆڕی!

کورد لەو دەمەوەی، وەک گەلێک یا نەتەوەیەک خۆی ناسیوە، لەسەر خاکێک ژیاوە و دەژی، کوردستانی پی گوتراوە. کورد، لە دەڤەرێکی دیکەوە یا لە جیهانێکی دیکەوە، نەهاتووەتە سەر ئەو خاکەی. نەتەوەکانی چواردەوری کورد، بێجگە لە فارس، هیچیان خەڵکی ڕەسەنی ئەو خاکە نین، کە ئێستا قەواڵەی بە ناویانەوەیە و لەسەری دەژین. عەرەب و تورک، هەردوو، لە ئەنجامی داگیرکاری و کوشتارەوە، لە عیراقی ئێستا و تورکیای ئێستادا، بە هەردوو بەشە کوردستانەکانیانەوە، نێشتەجێ بوون. ئەمە، نە فیلۆسۆفییە و نە تیۆری و نە هیچ خۆشەکەتکردنێکی گەرەکە تا مرۆڤ پێی بگات، بەڵکە ڕاستینەیەکە، مێژوو و واقیع، گەواهی دەدەن و دەیسەلمێنن. پرسی کورد، لە باشووری کوردستان، بە بەراورد لەتەک بەشەکانی دیکەی کوردستاندا، بڕێک چووەتە پێش و قەوارەیەک چێ بووە، لێ ئەو قەوارەیە، کە لە سێ قوتە باژێڕی دهۆک، هەولێر و سلێمانیدا، خۆ دەنوێنێ، هەموو باشووری کوردستان نییە و بەشە زۆرەکەی دیکەی، نەهاتووەتەوە نێو ئەو قەوارەیە. باشووری کوردستان، تەنێ کوردی لێ ناژی، تورکمان نەتەوەی دووەمی دوای کوردە و ئیدی پاش ئەوان کلدان و ئاشووری و ئەرمەن و عەرەب دێن. باشووری کوردستان، تەواوی باشووری کوردستان، لە قەوارەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا یەکبگرێتەوە، دەوڵەت و جڤاکێکێ فرەڕەنگ، فرەنەتەوە، فرەئایین، فرەئایینزای لێ پێک دێ، کە بەو هەموو ڕەنگ و جیاوازییانەوە، تابلۆیەکی جوان و پڕڕەنگ و دەوڵەمەندییەکی فەرهەنگی بە مرۆڤایەتی دەبەخشێ و هەرگیز بیروباوەڕی نەتەوەپەرستی”ناسیۆنالیزم”ی تونداژۆ و ئایینی و ئایینزایی تونداژۆی تێدا سەرهەڵنادات، بەڵکە فەرهەنگی پێکەژیان و قەبوولکدنی یەکدی و خۆشەویستی تێدا زاڵ دەبێت، چوون کورد بۆخۆی وەک سروشت، تونداژۆ نییە.

*******

هاوڕێیەکم، لە ژیانیدا گەلێک لە قۆناخ و باڵەکانی مارکسیزم و جۆری دیکەی چەپایەتی وەک ئەنارکیزم، تاقی کردووەتەوە و یەکێکە لەوانەی تا ئێستاش خەون بە عیراقەوە دەبینێت و هێندەی عوروبییەکی عیراقی لە خەمی یەکپارچەیی خاکی عیراق و دابەشنەبوونیەتی و تا ئەو ڕادەیەی بەکارهێنانی وشەی”کوردستان”ی کاتێ لەگەڵ ناکوردستانییەکدا بپەیڤێ، پێ ئاسان نییە و سەخت بۆی دەردەبڕدرێ، لێ عیراقەکەی لەسەر زار خۆشتر و ڕەوانتر بۆ دێت. دیارە بەو پێیە دەبێ دژی سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بێت، ڕێک وایە و دژیەتی! زۆرجاران ئەو دژایەتییەی بۆ بەدەوڵەتبوونی کوردستان، دەخاتە چوارچێوەی دژایەتییەوە بۆ دەوڵەت بە شێوەیەکی گشتی، واتە: وەک ڕوانینێکی ئەنارکیستییانە بۆ دەوڵەت، بەڵام ئەم بۆخۆی ئێستا ئەنارکیست نییە و گاڵتە بە ئەنارکیزمیش دەکات. ئەم تەنیا ڕقی لە دەوڵەتی کوردستانی و کوردییە. دەنا ئەگەر ڕقەکەی لە ڕوانگەیەکی ئەنارکیستانەوە بێت، هەرگیز جێی ڕەخنە نییە. دەوڵەت وەک چەمک، کاتێک هاتووەتە ئاراوە، کە شێوازی دیکەی جیاواز لە کارگێڕی و پێکەوە ژیان و ڕێکخستنی جڤاک، تاقیکراونەوە و لە کۆتاییدا ئاوەزی مرۆڤ گەیشتووەتە ئەوەی دەوڵەت پێکبهێنێت. ئیدی پاشخانی چێکردنی دەوڵەت، چینایەتی، ئایینی، ئابووری، نەتەوەیی، داگیرکردن، یا هەر شتێکی دیکە بووبێت، لە ئێستادا بێجگە لە دەوڵەت، هیچ شێوازێکی دیکەی کارگێڕی و پێکەوەژیانی مرۆڤ، ڕێکخستنی ئابووری و سیاسی و هەموو لایەنەکانی دیکەی ژیان، کە بتوانێت، جێ بە پێویستبوونی دەوڵەت لەق بکات و بۆ خۆی جێی وی بگرێتەوە، نەهاتووەتە گۆڕێ. بنگە و بناخە و پایەکانی دەوڵەتداری لە جیهاندا زۆرینەی وەک یەکن و لە هەندێ حاڵدا کەمۆکەیەک جیاوازیی لەنێوان دەوڵەتێک و یەکێکێ دیکەدا هەیە، لێ ئەوەش پتر سیستم و جۆری دەسەڵاتە، کە ڕەنگ و سیامەیەکی دیکەی دەداتێ. دەوڵەت، وەک سنوور و پاسپۆرت و ئاڵا و تایبەتمەندییەک، بۆ خۆی گرێدانی مرۆڤە، لە چوارچێوەی قەوارەیەک و ئینتیمایەکدا. وەک بیرکردنەوە و تیۆری و فیلۆسۆفییەک، بۆ من، سنووردارکردنی ئازادییەکانی مرۆڤە. من بۆ خۆم هەمیشە ئاواتی ئەو ڕۆژە دەخوازم، دەوڵەت لە جیهاندا نەمێنێت و هەموو جیهان ببێتە یەک خاکی بێ سنوور و بێ پاسپۆرت و بێ ئاڵا و هەموو مرۆڤ، بە هەرچی پاشخان و باوەڕ و ئایین و نەتەوە و ڕەنگ و جیاوازییەکانیانەوەیە، لەمسەری دنیاوە بۆ ئەوسەری دنیا، بێ هیچ مەرج و ڕێگرییەک، بێ هیچ کێشە و بەڵگەنامەیەک، لە سایەی ئاشتی و خۆشەویستیدا، ئازادانە تەراتێن بکەن و بسووڕێنەوە و کار بکەن و بژین، بەڵام ئەمە خەون و خۆزگە و ئاواتێکە، دەخوازم بێتە دی. ئەکتەر و دانەری شیعری گۆرانی و گۆرانیبێژی میللی ئەمەریکی ناسراو ئێد مەککۆردی(Ed McCurdy 2000-1919)، شیعرێکی لە ساڵی 1950دا دژی جەنگ و بەناوی”دوێنێ شەو سەیرترین خەونم دیت”(Last night I had the strangest dream)، بە ئینگلیزی نووسیوە و بۆخۆیشی ئاوازی بۆ داناوە وەک سترانێک گوتوویەتی . شیعرەکە بەم جۆرەیە:
دوێنێ شەو خەونێکم بینی
هەرگیز پێشتر نەمبینیوە
لە خەونمدا جیهان هەموو قایل بوون
بەوەی کۆتایی بە جەنگ بێنن
لەخەونمدا ژوورێکی یەکجار گەورەم دی
ژوورەکە پڕبوو لە پیاو
قەواڵەیەکی، کە واژۆیان دەکرد
تێیدا نووسرابوو، ئیدی هەرگیز ناجەنگن
کاتێک هەموو کاغەزەکان واژۆ کران و
میلیۆنێک کۆپێیان لەبەر گیرانەوە
هەموو دەستیان لەنێو دەستی یەکدی نا و سەریان دانەواند و
دوعا و وێرد و نوێژی سپاسگوزارییان خوێند و
خەڵکیش لەسەر شەقامەکانی خوارێ
سەما لە دوای سەمایان دەکرد و
چەک و شمشێر و پۆشاکە سەربازییەکان
لەو سەر زەوییە بە پەرتوبڵاویی فڕێدرابوون

کەواتە تا ئەو ڕۆژەی ئەو خەون و ئاواتە دێتە دی و سنوورەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە و چەکدار و سەرباز و سپاکان دەنێردێنە ماڵەوە و بنکە و بارەگاکانیان دەکرێنە باخچەی زارۆکان و گولستان و یاریگە و چەکەکانیان دەکرێنە شمشاڵ و لەیستۆکی منداڵان و ناوی دەوڵەتانی جیهان سەرلەبەریان دەسڕدرێنەوە، دەوڵەت هەیە و دەبی هەبی و پێویستە! عەرەب و تورک و فارسی، دەوروبەری کوردستان، هەریەکەو خودانی دەوڵەتی خۆیەتی. عەرەب نەک دانەیەک، پتر لە بیست دانەیشی هەیە. سەدان دەوڵەت لەو جیهانە هەن و خودانی قەوارەی خۆیانن. کە ئەوانە هەموو دەوڵەتیان هەبێ و دەوڵەت پێویست بێت بۆیان، کوردستانیش مافی خۆیەتی وەک ئەوان دەوڵەتی هەبێت. کە ئەوان بە گشتی دەستبەرداری دەوڵەت بوون و دەوڵەت لە جیهاندا نەما، باسکردنی دەوڵەت بێجگە لە گەمژەیی و گەوجیی، شتێکی دیکە نییە، چوون ئەودەمی بێشر ئەلحافی(بشرالحافي) گوتەنی: “یأتي علی الناس زمان تکون الدولة فیە للحمقی”، واتە: سەردەمێک بەسەر خەڵکدا دادێت دەوڵەت بۆ گەوجانە . ئیدی کوردستانیش پێویستی بە دەوڵەت نابێت و حاڵی ئەویش وەک هەموو مرۆڤی ئەو جیهانە.

دژایەتی دەوڵەت، دەولەتی کوردستان، وەک جۆرێک بیرکردنەوە لەنێو خەڵکی کورددا زۆرە و کۆمەڵێک خەڵکی بەناو”ڕووناکبیر” و “نووسەر” و “خوێندوو” و هەندێ جار”بیرمەند” و..کردوویانە بە دروشمێک و دژایەتی باسکردنی دەوڵەت و سەربەخۆیی و هەموو بابەتە پێوەنددارەکان بەو باسەوە دەکەن. ئەمانە دەوێرن تەنیا بە کورد بڵێن، دەوڵەت و سەربەخۆیی بۆچییە! بەشێکی زۆری ئەم خاوەن تێز و هزرانە، لە ئەوروپا دەژین و لە ئەوروپاش بەبەرچاوی ئەمانەوە،سکۆتلاندییەکان، ئایرشەکانی باکوور، باسکەکان، کاتالۆنییەکان، فلاندەرزەکان، لەکاتێکدا لە هیچیان کەم نییە و لەنێو دەوڵەتگەلێکی دیموکراتی و پارێزەری مافی مرۆڤ و خۆشگوزەراندا دەژین و چ جیاوازییەکی زەقی فەرهەنگی و زمانیشیان لەگەڵ دەوڵەتەکانیاندا نییە، کەچی خوازیاری ئەوەن و هەوڵدەدەن بۆ جوێبوونەوە لە بریتانیا، فرانسا، سپانیا و بێلژیک و وەدووی سەربەخۆییدا وێڵن. ئەم خاوەن تێز و هزرانە، شاهیدی هەڵوەشاندنەوە و جوێبوونەوەی، چیک و سلۆڤاکییەکان و دابەشبوونی یۆگوسلاڤیا و یەکیەتیی سۆڤیێتن.

ئەم خاوەن تێز و هزرانە، هەرگیز ناتوانن و ناوێرن، بە یەک دانە سکۆتی، ئایرلاندی، باسک، کاتالۆنیایی، فلاندەرزی، چیکی، سلۆڤاکی، کرواتی، سەربی، بۆزنەیی، مەکەدۆنی، کۆسۆڤۆیی، ئۆکراینی، ئازەری، تاجیکی، کازاخی، تورکمەنستانی، ئیستۆنیایی، لاتڤیایی، لیتوانیایی، خوارووی سوودانی، فلستینی، بێاوانی ڕۆژاوا، بڵێن ئێوە بۆ گەرەکتانە لەو دەوڵەتانەی تێدان جوێ ببنەوە؟ یا بۆ جوێ بوونەوە و دەوڵەت و سەربەخۆییتان بۆ چی بوو و بۆ چییە؟ ئەمانە هەرگیز ناتوانن بە عەرەبێک بڵێن، ئێوە ئەو بیستوئەوەندە دەوڵەتەتان بۆچییە؟ ناتوانن بە تورکێک یا فارسێک بڵێن، بۆ دەوڵەتەکانی تورکیا و ئێران هەڵناوەشێننەوە و واز لە دەوڵەتداریی ناهێنن؟ ناتوانن بە ئایسلاندییەک، نۆروێژییەک، سوێدییەک، دانمارکییەک، فینلاندییەک، ئەڵمانییەک، فرانساییەک، هۆڵاندییەک، ئیتالیاییەک، چیکییەک، سلۆڤاکییەک، مەجەرستانییەک، پۆرتوگالییەک، سپانیۆلییەک، یۆنانییەک، کە هەموو دەوڵەتگەلێکی ئەوروپایین، بێجگە لە سەدان دەوڵەتی دیکە لەم جیهانەدا، بڵێن ئێوە دەوڵەتەکانتان لەسەر بنەمای نەتەوەیی دامەزراوە، بۆ دەستبەرداری نابن و نایسڕنەوە! ئەمانە تەنیا بە کورد دەوێرن. ئەمانە لە ئەمستردام و لەندەن و پاریس و ستۆکهۆڵم و بەرلینەوە، لە فێنکایی و سەوزایی و تەڕی و جوانی و خاوێنێ و ڕێکوپێکیی، وەڵاتگەلی قانوون و مافی مرۆڤ و ئازادی و فەرهەنگ و خۆشگوزەرانییەوە، چنگ لەسەر شان، بە هەڵەداوان دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و خۆ دەگەیەننە “کەلار”ی نێوەندی گڕە و گەرما، کە بە پێناسەی حوسەینی ئەحمەد بەگی جاف، یادی بەخێر:”ئیستیعلاماتی جەهەننەمە” و پلەی گەرما تێیدا یەک دوو پلە سەرووی پەنجایە، تەنیا بۆ ئەوەی بە گەرمیانییان، بەدبەختترین خەڵک و دەڤەرێک لە باشووری کوردستان، کە لە هەموو جێیەکی دیکەی کوردستان زیاتر قوربانیی چەوسانەوە و وێرانکردن و قڕان و لەتوپەتکردن بووە، بڵێن: دەنگ بۆ سەربەخۆیی مەدەن و دژی گشتپرسی بن! هیچ یەکێک لەم خاوەن تێز و هزرانە، تاکە یەکجاریش، ئەوی من پێ بزانم، بە زمانێکی ئەوروپایی و بۆ خەڵکی ئەوروپایی و لە باژێڕیکی ئەوروپادا، کۆڕێک، خڕبوونەوەیەک، باسێکیان لەبارەی دۆزی میللەتەکەیانەوە و ئەو هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانییەی بەسەریدا هاتووە، نەکردووە و نەنووسیوە و خۆیان بۆ وەها کارێک ماندوو نەکردووە، لێ سەدان گوتار بە زمانی کوردی و بۆ کورد دەنووسن و هەزاران کیلۆمیتر ڕێگە دەبڕن و ڕوودەکەنە ئەو دەروازەی دۆزەخە، بۆوەی وشەی “نەخێر بۆ گشتپرسی” لە مێشکی خەڵکەکەیدا بچەسپێنن! دەگەڕێمەوە سەر هاوڕێیە کەونەمارکسیست و ئەنارکیستەکەم، ئەو ئێستا تاقە هیوایەکی هەیەتی و گرەوی لەسەر دەکات: گۆڕین و شۆڕش و هێنانەدی خەونی خەڵک، لەسەر دەستی کەسێک دێتە دی، کلیلی چارەسەری کێشەکانی لە بەرکدایە و هاکەزانیت قەومانی و ئیسرافیل ئاسا فووی کرد بە کەڕەنایدا، نەفخی سووری ژەند”نفخ في الصور” و ئازادی و ڕزگاری و بەختەوەریی بە گەل بەخشی و وەڵاتی بردە پێشەوە بەرەو سەردەمی موحەممەدی مەهدی(المهدي المنتظر)، کە ئیدی گورگ و مەڕ پێکەوە ئاو دەخۆنەوە! ئەو وەڵاتەی ئەو کەسە دەیگۆڕی، عیراقە و ئەو کەسەی چاوەڕوانی ئەو گۆڕینەی لێدەکرێ، موقتەدا سەدر(مقتدی الصدر)ە. خەیاڵێکی خۆشە، مرۆڤ ساڵانێک، تەمەنێک، مارکس، لێنین، ترۆتسکی، ماو، کاسترۆ، گیڤارا، چیاب، هۆ شی مین، ڕۆزا لوکسمبۆرگ، باکۆنین، پرۆدۆن، وەک پێشەنگ و ڕێبەر و فریادڕەس بزانێت و ئێستا ئیدی موقتەدا سەدری لێ ببێت بە فریادڕەس، ئەویش بۆ وەڵاتێک، کە تەنێ ناوی وەڵاتە، دەنا هیچ شتێکی لە وەڵات ناچێت ، ئەمە تەنێ گرەوێکە لەسەر کەلاکی مردارەوەبوویەک، چاوەنۆڕ بیت زیندووببێتەوە! ئەوجا ئەگەر موقتەدا سەدر، کەڕەنایەکەی خۆی ژەنی و خەڵک ڕابوون و وەڵاتی عیراقی گۆڕی، بەرەو کوێی دەبا، مەگەر “سەرگا هەر دۆڵ” نییە، بەرەو تاران نەبێت بەرەو هیچ جێیەکی دیکەی وەکێش دەکات! ئەدی چ گۆڕینێکیش دەکات، بیجگە لەچێکردنی دەوڵەتێکی ئایینی مەزهەبی، کە بە ناوی”الأمر بالمعروف والنهي عن المنکر”ەوە، ڕۆژانە سەدان کچ و کوڕی لاو، وەبەر قامچی دەدرێن و دارکاریی دەکرێن، تەنێ لەبەر ئەوەی گۆرەوییان لە پێ نەکردووە یا لاقیان یا چەند تاڵێکی پرچیان وەدەرکەوتووە یا لە ڕەمەزاندا جگەرەیان کێشاوە یا چۆڕێک عەرەقیان خواردووەتەوە! بێجگە لە چاوەڕوانیی موقتەدا سەدر”گۆدۆ”، ئەم هاوڕێیەم لەو باوەڕەدایە، کە دەبێ هێزێکی سیاسی یا بزاڤێکی جەماوەری میللی بێتە ئاراوە و کورد و عەرەب و هەموو گەل و خەڵکانی عیراق لەنێو خۆیدا جێ بکاتەوە و هەوڵ بدات بۆ چێکردنەوەی عیراقێکی نوێی ئازاد و پڕ لە عەدالەت و بەختەوەریی مرۆڤ.

ئەم ئاواتخواستنە لە کاتێکدایە، پێشەنگی ئەو خەونەوەڵاتە، وەک ئاوات و هەوڵ و خەبات بۆ هێنانەدیی، نەک هەر لە عیراق، بەڵکە لە ئێران و سووریا و تورکیاش، کە هەر یەکەیان بەشێکی گەلی کورد و بەشێکی کوردستانی تێدایە، حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەو وەڵاتانە بوون، کە بەشێکی زۆری ئەندامان و هەواداران و تەنانەت سەرکردە و ڕێبەرانیشیان، کورد بوون. ئەوان نەیانتوانی ئەو ئێرانە، سووریایە، تورکیایە، عیراقەخەونە بهێننە دی، ئێستا وەها کارێک بە موقتەدا سەدر دەکرێ؟

خەڵکی عیراق، ئەوانەی هاوڕێیەکم بە تەمایانە، لەنێو هەموو جیهاندا و بە ددانپێدانانی سەدان سیاسی و جڤاکناس و شیکار، لە مێژوودا، بە هەلپەرست و حولحولی و ڕاڕا و دووڕوو ناسراون و بەناوبانگن. هەر خەڵکی کووفە بوون، بانگی ئیمام حوسەینیان کرد، بۆ ئەوەی لە عەرەبستانەوە بێت و ڕزگاریان بکات لە حوکمی یەزیدی کوڕی موعاویە و دەوڵەتی یەکسانی و دادپەروەرییان بۆ دابمەزرێنێت، کەچی دواتر پشتیان تێکرد و لە کەربەلا لەسەر دەستی چەتەکانی یەزید، شەهید کرا و خانەوادەکەیشی هەموو وەک سەبایا بران بۆ شام. کە عەبدوسسەلام عارف(عبدالسلام عارف)، سەرۆککۆماری عیراق لەنێوان(8ی فێبریوەری1963-13ی ئەپریلی1966)، سەردانی مسر دەکات، جەمال عەبدونناسر(جمال عبدالناصر)ی سەرۆککۆماری مسر لەنێوان (1956-1970)، ئەم پرسیار و وەڵامە دەکەوێتە نێوانیانەوە:
ناسر: ژمارەی کۆمۆنیستەکانی عیراق چەندن؟
عارف: 8 میلیۆن کۆمۆنیستن.
ناسر: ئەدی ژمارەی نەتەوەییەکان چەندن؟
عارف: 8 میلیۆن نەتەوەیین.
ناسر سەری سووڕدەمێنێ و دەپرسێت: ئەی ژمارەی ئیسلامییەکان چەندن؟
عارف: 8 میلیۆن ئیسلامیین.
ناسر واقی وڕدەمێنێ و قەڵەمەکەی دادەنات و دەڵێ: ئەمە چییە سەرۆک، ئەگەر وایە، ئەدی ژمارەی هەموو عیراقییەکان چەندن؟
عارف: 8 میلیۆنن، گەرەکتە کۆمۆنیست بن دەبنێ، گەرەکتە نەتەوەیی بن دەبنێ، گەرەکتە کۆنەخواز و پاشڤەڕو بن دەبنێ، گەرەکتە ئیسلامی بن دەبنێ، عیراقییەکان بۆ هەموو شتێک دەبن و دەلوێن، هەریەکێکیان بگریت، لە سیاسەتدا کیسنجەرە و لە ئابووریزانیدا ئادەم سمیسە و لە ئاییندا ئیبن حەنبەلە، چۆنت دەوێ ئەو دەبێتێ و دەلوێ، هیچ چارەیەکمان نییە.
مرۆڤ لە وەها خەڵکیک، دەبێ چ چاوەڕوانییەکی هەبێت!
لەنێو هەموو ئەو هێزە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایانەی عیراقدا، تاکە یەک هێز نابینییەوە لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا بێت. ئەمڕۆ تاکە هێزێک لە هێزە سیاسییەکانی عیراق، کە لەگەڵ سەربەخۆیی بێمەرجی کوردستاندایە، حیزبی کۆمۆنیستی عیراقە! دیارە کۆمۆنیستەکانی کوردستان و کۆمۆنیستەکارگەرییەکانی کوردستانیش هەر ئەو دیدەیان هەیە و لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندان. کۆمۆنیستەکارگەرییەکان، هەر لە ساڵانی 1990ەوە و لە سەردەمی مەنسووری حیکمەتدا و لەسەر زمانی وی، داوای سەربەخۆیی باشووری کوردستانیان کرد و بە پێویستیان زانی. ئەمڕۆ هیچ جۆرە پێوەندێکی سیاسی، ئابووری، جڤاکی، ڕێکخراوەیی، لەنێوان کارگەر و جووتیار و هەژارێکی باشووری کوردستان و یەکێکی خەڵکی بەسرە(البصرة) یا عەفەچ(عفك) یا تویریج(طویریج)دا نییە و نەماوە و هیچ شتێک پێکەوە گرێیان نادات، مەگەر تەنیا وەک سۆزێک. هەمان شت بۆ نێوان ڕەمادی(الرمادي) و ناسرییە(الناصریة) یا مووسڵ(الموصل) و دیوانییە (الدیوانیة) یا تەنانەت تەلەعفەر(تلعفر) و زوبیر(الزبیر)یش دەشێ بگوترێ. بەپێچەوانەوەی چینەکانی خوارێی کۆمەڵەوە، سەرمایەدار و لیبرالانی کوردستان و عیراق، لە ڕۆڵی خۆیان باش تێدەگەن و ئاگان و هەموو هەوڵێکیشیان بۆ داکۆکی لە و پاراستنی بەرژەوەندە ماددییەکانی خۆیانن، لە هەموو کات و سەردەمێکدا، ئەوان هاوڕا و هاوسۆز و هاوقازانج و هاریکارن، لە هەژارترکردنی چەوساوە و ستەمدیدەکانی کوردستان و عیراقدا و پێوەندی پتەو و تونوتۆڵیان هەیە و بەردەوامە. بەشێکی بەرچاوی گەلی کورد، کوردانی فەیلین لە بەغدا و زرباتییە و بەدرە و مەندەلی و قزڕەبات و خانەقین و گەلێ دەڤەری دیکەی باشووری کوردستان و عیراق، لەڕووی ئایینزاوە، شیعەن، کە ئایینزای دەسەڵاتەکەی حوکوومەتی بەغدایشە، هەرچۆن لە ڕابردوودا تووشی وەدەرنان و کوژتن و لەبەینبردن بوون، ئێستاش کە هێشتا هیچ ڕووینەداوە و کوردستان سەربەخۆ نەبووە، دەسەڵاتی بەغدا و هێزە نێزیکەکانی لەو دەسەڵاتەوە، هەموو ڕۆژێک هەڕەشەی تاڵانکردن و لەبەینبردن و کوژتنیان لێدەکەن.

*******

ئەوەی دژی گشتپرسی و سەربەخۆییە، سەدان پاساو و بیانوو دەهێنێتەوە بۆوەی دژایەتی ئەو پرۆسێسە بکات و ئەژنۆی خەڵکی کورد بشکێنێت. سەدان “بەڵام” دێنێتەوە تەنیا بۆ ئەوەی نەخێر سەرکەوێت. ئەوانەی لە بازنەی دژایەتی گشتپرسی و سەربەخۆییدا دەخولێنەوە، سەرچاوە و دەسپێکی دید و بۆچوونەکانیان لە دوو شت بەدەر نییە:
یەک: ئێستاش بە عەقڵییەتی پەنجاوسێ ساڵ لەمەوبەر، ناوەڕاستی ساڵانی 1960 بیر دەکەنەوە. ئێستاش دروشمی فێرگە و ڕێبازێک بەرزدەکەنەوە و دەڵێنەوە و لە بازنەی دیدی ڕێبازێکدا دەخولێنەوە، کە بە ددانپێدانانی دامەزرێنەرانی و ڕێبەرە هەرە مەزنەکانی، هەڵە بووە و دۆڕاوە و تێکشکاوە. ئیدی “خوویەکە گرتوویانە بە شیریی و تەرکی ناکەن بەپیری” و لەسەر هەمان بنج ڕواون و بەردەوام دەڕوێنەوە.
دوو: ئەو دەنگی “نەخێر” بۆ گشتپرسییە، کە بۆخۆی لەڕاستیدا نەخێرە بۆ سەربەخۆیی، چونکە لەو کارت و کاغەزەی خەڵک ڕای خۆیانی تێدا دەردەبڕن، دەبێ بەرسڤی یەک پرس بدەنەوە، ئەویش ئەوەیە: ئایا تۆ لەگەڵ سەربەخۆیی باشووری کوردستاندایت؟ ئیدی دوو دانە هەڵبژادەیان لەبەردەستە ئەویش ئەوەیە: ئایا تۆ لەگەڵ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستاندایت بە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانیشەوە لە دەوڵەتێکی سەربەخۆدا؟ ئیدی ئەگەر دەنگت بە “نەخێر” دا ئەوە تۆ دەنگت دژی سەربەخۆیی کوردستان داوە و خۆ ئەگەر بە “بەڵێ” دەنگت دا، ئەوا تۆ لەگەڵ ئەوەی باشووری کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. هاتوهاواری نەخێر، لە خەڵکانێکەوە دەبیسرێ، کە توێژاڵێکی خۆ بە “خوێندوو، ڕووناکبیر” زانن و پڕانییان خەڵکی سلێمانین و کۆمەڵێک گەرمیانی ڕەدووکەوتوویشیان ، کە بە هۆی جۆری بیرکردنەوەیان، قسەکانی ئەوان دەڵێنەوە و خۆیان بەو “ڕووناکبیر و خوێندوو”انەی ئەو شارەدا هەڵواسیوە. باژێڕی سلێمانی لە دروستبوونی دەوڵەتی عیراقەوە تا ئەمڕۆ، لەبەر ئەوەی دانیشتووانەکەی یەک پێکهاتە و یەک زمانن، هەرگیز خۆیان بە بندەست نەزانیوە و ئەو هەستی چەوساندنەوە و سڕینەوە و سووکایەتیپێکردن و لەنێوبردن و تواندنەوەیەی، کوردێک لە زوممار، شنگال، مووسڵ، مەخموور، دووبز، حەویجە، کەرکووک، تاووغ، خورماتوو، کفری، قەرەتەپپە، جەلەولا، خانەقین، قزڕەبات، مەندەلی، بەدرە، زرباتییە، بەغدا و…هەستی پێ کردووە و دەکات و چەشتوویەتی، کەسێکی سلێمانییەیی، هەرگیز نە تێی دەگات و نە هەستی پێ دەکات. من باوەڕ ناکەم، کەسێکی نێشتەجێ و خەڵکی ئەو دەڤەرانەی زوممار تا زرباتییەیە یا کوردانی بەغدا، تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی ئەو دیدەیشدا بێت، کە لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەم پێکرد و خوێندوو و ڕووناکبیریش بێت، بتوانێت دژایەتی سەربەخۆیی بکات و بچێتە بەردەم سەندووقی دەنگدانەکە و بڵێ”نەخێر بۆ سەربەخۆیی”، مەگەر وێژدانی ژەنگی هەڵهێنابی و بیری کەڕووی گرتبێ، لێ ڕەنگە گوتنی “نەء” بە لای خوێندوو و ڕووناکبیرێکی سلێمانییەوە، نەک خەڵکە هەژار و داماو و ئاساییەکەی، ئاسانتر بێت. زۆرێک لەو خوێندوو و ڕووناکبیرانەی سلێمانی، بەبێ ئەوەی بەخۆ بزانن، دووچاری دەردی خانەگومانیی لەهەمبەر خەڵک، وەهم، تۆمەت هەڵبەستن، ترس، پارانۆیا “Paranoia” و دەردی خۆبەزلزانیی، لووتبەرزی، خۆ پێ شتبوون، لەخۆڕازیبوون، لەخۆباییبوون، کەیف بەخۆهاتن ، نارسسیزم”Narcissism”ن. هەربۆیە بەو بیرکردنەوەیەی هەیانە و بەو دەردانەی، وەک خۆرە، دەروونیان دەخوات، هەرگیز چاوەڕوانی باشتریان لێ ناکرێت. ئەوان تەنیا سلێمانییان پێ شارە و بە شاری شاران و سەرچاوەی فەرهەنگ و زانست و عەقڵ و سیاسەتی دەزانن و تەنانەت تا ڕادەی ئەوەی، کوردی هیچ دەڤەرێکی دیکەی کوردستان، ئەگەر جیاواز لەوان بیربکاتەوە، بە کوردی نازانن و هەر خۆیان پێ کوردە و هەر خۆیان پێ ڕاستە. ئەمانە بە هەموو توانست و لێهاتوویی و وزە و چالاکییەکی هەیانە، کار لەسەر شۆردنەوەی مێشکی خەڵکانی ئاسایی و لاوان دەکەن و خەڵکیک، کە ڕەنگە تەنیا وشەگەلی “ڕووناکبیر و نووسەر و بیرمەند”، لە خشتەیان ببات و گوێیان بۆ ڕادێرن. دیارە تێنەگه‌یشتنی هاوبه‌ش بۆ مێژوو، یا تێگەیشتنی ناهاوبەش بۆ مێژوو، مێژووی ناهاوبەش دروست دەکات و تێگەیشتنی هاوبەشیش بۆ مێژوو، مێژووی هاوبه‌ش دروست ده‌کات

*******

سەرتەراشخانەی کوردێکی ناسیاوم لە ستۆکهۆڵم هەیە، بۆ سەرتەراشین دەچمە کنیان. جارێکی چووم و دانیشتم و چاوەڕوان بووم ئەوەی، کە هەموو جاران سەرم دەتەراشێت دەستی بەتاڵ بێت و بچمە ژێر دەستی، چوون دەستی گیرابوو. ئەو هاوڕییە فلستینییە و بە عەرەبی پێی گوتم، ئەو هاوڕییەی ئێستا کەسی لەبەردەست نییە، ئاماژەی بۆ کورسییەکەی ئەودیوی خۆی کرد، کە گەنجێکی بیستویەک بیستودوو ساڵە بوو، جوان تراش دەکات و لە خۆیشتانە کوردە، بچۆ بەردەست ئەو. منیش چوومە بەردەستی و پرسیی، چۆنم گەرەکە سەرم بتەراشێ، منیش بۆم باس کرد. ئەوجا پێمگوت: تۆ لەم جێ کارە تازەی وانییە؟ چونکە پێشتر لێرە نەمدیوێ. گوتی نەک هەر لە جێ کارەکە بەڵکە لە سوێدیش تازەیە. ئیدی تێگەیشتم لە پەناهێنە نوێیەکانە. گوتم؛ تۆ خەڵکی سلێمانیت، وانییە؟ گوتی: بەڵێ. گوتم: ئەی بۆ لە وەڵات هەڵاتووی و هاتووی بۆ ئێرە، خۆ ڕەوشی سلێمانی باشە و چ کێشەیەکی گەورە و مەترسییەک لەسەر ژیانی خەڵک نییە؟ گوتی: ئەی چۆن هەڵنەیەم، نە مووچە هەیە و نە کارەبا هەیە و نە ئاو هەیە و نە دامەزراندن هەیە و نەژیان هەیە و گرانییە و مەسعوود هەرچی بودجە و پارەی نەوت و قووتی خەڵکە دەیدزێ و کورسییەکەی گرتووە و وازناهێنێت و ناڕوات! گوتم: تۆ لە سلێمانی چ کارێکت دەکرد؟ گوتی: سەرتەراش بووم. گوتم: لە دوکانی خەڵکدا کارت دەکرد یا بۆخۆت دوکانت هەبوو؟ گوتی: بۆخۆم دوکانم هەبوو و بۆخۆم کارم دەکرد. گوتم: کارەکەت باش بوو و پێی دەژیایت؟ گوتی: زۆرباش بوو، نەک هەر خۆم کۆمەکێکی باشی ماڵیشم دەکرد. گوتم: خێزاندار بووی؟ گوتی: نەخێر. گوتم: ئەی ئێستا تۆ هاتووی دوکانەکەت ماوە یا نەء؟ گوتی: بەڵێ ماوە. گوتم: کێ کاری تێدا دەکات؟ گوتی: برایەکم. گوتم: ئێستاش کارەکەی باش دەڕوات؟ گوتێ: بەڵی هەر زۆر باشە. گوتم: ئەی مووچەت لە حوکوومەت وەردەگرت؟ گوتی: نەء. گوتم: حوکوومەت مووچەی تۆی بڕیوە؟ گوتی: نەء. گوتم: دەی تۆ چیت داوە لە مووچە و باسی مووچە و بودجە و قووت و ئەم بەزمانە بۆ دەکەیت، خۆ تۆ بە هەموو پێوەرێک لە ڕەوشێکی باشدا ژیاویت و ئێستاش کارەکەت پەکی نەکەوتووە و پارەی خۆت هەر وەردەگرێت! گوتی: چۆن باسی نەکەم، مەگەر ئەوە نییە مەسعوود دەیخوات و یەک شت بە خەڵک نادات و کورسییەکەی بەرنادات ! گوتم: هاوڕێ تۆ کە خەڵکی سلێمانیت، حوکوومەتی شارەکەی تۆ لە هەردوو شارەکەی دیکەی هەرێم، دهۆک و هەولێر، پارەی زیاتر دەستدەکەوێت. مووچەی کارمەندانی سلێمانی و گەرمیان لە حوکوومەتی سلێمانییەوە وەردەگیرێت.

ئەو دزی و مفتەخۆری و گەندەڵییەی لە سلێمانیدا هەیە، هیچی لە دهۆک و هەولێر کەمتر نییە، ئەگەر زیاتر نەبێت. تۆ و کەسانێکی شارەکەی تۆ، چاوتان تەنیا مەسعوود بارزانی دەبینێت، کە لە شارەکەی تۆدا و لەلایەن خەڵکانێکەوە، تەمەنێکە بە بەرنامە و نەخشە، تەنێ کار لەسەر دزێوکردنی دەکرێت، ئەی بۆ سەیرێکی بەرپرسە حیزبی و حوکوومەتییەکانی سلێمانی ناکەیت و ناچێت داوای مافی خۆت و خەڵک لەوان و لەنزیکترین بنکەی دەسەڵاتەوە، لە ماڵەکەی خۆتەوە، بکەیت. وەرە تۆ و من دەچین لە کەنار ئەم شەقامەی بەردەم ئەم دوکانەی ئێمە ئێستاکە تێیدا دانیشتووین، ڕادەوەستین و لە سەد مرۆڤ لەوانەی بە بەردەمماندا تێدەپەڕن دەپرسین، کە ئایا دەزانن بودجەی سوێد چەندە؟ بودجەی سوێد چۆن خەرج دەکرێت؟ وەزیری ئابووریی سوێد کێیە؟ سەرۆکوەزیرانی سوێد کێیە؟ چ حیزبێک ئێستاکە لە سوێد حوکوومەت بەڕێوە دەبات؟ بزانە لە و سەد مرۆڤە چەندیان دەزانن وەڵامی ڕاستی ئەو پرسانە بدەنەوە. ئەگەر لە سەدا بیستی زانییان وەڵامی دروست بدەنەوە، ئەوا زۆرە. لێرە لە سوێد تەنیا سیاسییەکانی، سیاسەت دەکەن و باسی سیاسەت دەکەن، ئەو خەڵکە ئاساییە، سەرگەرمی کار و ژیانی خۆیەتی و خۆی لە کاروباری کەسێکی دیکە هەڵناقورتێنێت، لێ لە وڵاتەکەی تۆ، هەرچی خەڵکە خۆی لە هەموو کاروبارێکدا، پێوەندیشی پێوە نەبێت و هی خۆیشی نەبێت و بواری خۆیشی نەبێت و لێیشی نەزانێت، خۆی تێهەڵدەقورتێنێت و لووتی تێوە دەژەنێت، لەوێ هەرچی خەڵکە سیاسییە و سیاسەت دەکات. هەر یەکەو لە ئاستی خۆی وتەبێژ و شیکار و بیرمەند و فیلۆسۆف و پسپۆرە، بۆیە هێندە حاڵی وەڵاتەکەمان جوانە! ئەوانەمان گوت و بڕێکیش زیاتر. بەدەم ئەو گوتوبێژەوە ئیدی کاتی سەرتەراشینەکەم تەواو بوو و هەڵسام و گوتم: لەبری ئەوەی سەری خۆت بەو باسانەوە دەئێشێنیت، باشتر وایە هەوڵدەیت زمان فێر بیت، کار بکەیت، بخوێنیت و بۆ خۆت بژیت. کورد لەمێژە گوتوویەتی:”بیانووی تڕ نانی جۆیە” یا “بیانووی تس نانی جۆیە”.بیانووی هەرچی نەهامەتی و ماڵوێرانی و گەندەڵییە لە کوردستان و بیانووی دژایەتی گشتپرسی و سەربەخۆییش، کە ئێستا باسی لێوە دەکرێ، لەبەر هەر هۆیەک بێت، لەو دەڤەری گەرمیان و سلێمانییە، تەنێ نانەجۆکەیە، واتە: مەسعوود بارزانی! ئەو بیانوو و دژایەتییە، بێجگە لە ئاوکردن بە ئاشی ئەنقەرە و بەغدا و شام و تاراندا و درێژەپێدان بە بندەستیی گەلی کوردستان و خاکەکەی، شتێکی دیکە نییە.
*******
هەموو بیانییەک لە جێی کار، خوێندنگە، باخچەی منداڵان، نێو شەمەندەفەر و ئۆتۆبووس و تاکسی و فڕۆکە، بازاڕ و فرۆشگە، سەرتەراشخانە، چێشتخانە و هەموو کون و قوژبنێک و جێیەک لە ئەوروپا، ئەمەریکا، هەندەران، بەتایبەت، کە تۆ بە ڕەنگ و ناو و زمان و ئایین و فەرهەنگ و زۆرینەی شتەکانت لەگەڵ دانیشتووانی وەڵاتەکە سەد لە سەد وێکنایەنەوە و تۆ بڕێک جیاوازی، ڕۆژانە تووشی ئەم پرسیارە دەبێت: تۆ خەڵکی کوێی؟ یا لە چ وەڵاتێکەوە هاتووی؟ یا بە ڕەچەڵەک کوێندەرییت؟ هەموو یەکێک لە ئێمە هەزاران جار تووشی وەها پرسیارێک بووە. وەک کوردێک، ڕەنگە بڵێێ من خەڵکی کوردستانم. هەرکە وات گوت، پرسیاری دووەمی ئەو کەسەی لێت دەپرسێت، لە باشترین حاڵدا ئەوەیە: کوردستان دەکەوێتە کوێوە؟ ئەوجا تۆ بۆی باس دەکەیت. پاش ئەوە دەڵێ: کام پارچەیان؟ وەڵامی ئەوەیش دەدەیەوە. لێ جاری وا هەیە و زۆرجارانیش بەو جۆرە، کابرای پرسیارکەر دەڵێ: کوا وەڵاتێک هەیە بە ناوی کوردستان! یا دەڵێ: وەرە لەسەر نەخشەی جیهان وەڵاتەکەتم پێشاندە! یا دەڵێ: بۆ ناڵێێ عیراقی، ئێرانی، تورکیایی یا سووریاییم! تۆ ئەگەر لەسەر وشەی کوردستانەکەی خۆت سوور و مکوڕ بیت، گەرەکە هەمیشە ئامادەی ئەوە بیت ڕوونکردنەوە و بەڵگە و نەخشە و وێنە و دەیان دەردەسەریی دیکە بۆ کەسی پرسیارکەر بخەیتە ڕوو و بگێڕیتەوە. خۆ ئەگەر ئەوەی لێت دەپرسێت عەرەب بێت، نە تەنیا عەرەبی عیراق یا سووریا، بەڵکە مەغریبی، عومانی، شامی، ئەهوازی یا مووسڵاوییش بێت، یا تورک بێت، ئیدی نە تەنیا تورکی تورکیا، بەڵکە تورکی بوڵغارستان، تورکمەنستان، قوبرس، ئازەربایجانیش بێت، یا فارس بێت، نە تەنێ فارسی ئێران، بەڵکە فارسی تاجیکستان، ئەفغانستان، هیندوستان، نەجەفیش بێت، موسوڵمانیش بێت، ئیدی موسوڵمانی ئیندۆنیزیا، مۆریتانیا، کۆنگۆ، چین، پاکستان یا هەر عەردێکی دیکە بێت، هەر دەسبەجێ لێت دەردەپەڕێ و دەتداتە بەر ڕێژنەی قسەی ناشیرین و تووڕەییت بەسەردا دەبارێنێت . عەرەبەکە، پێیوایە تۆ وەڵاتی عەرەب و خاکی عەرەب لەتلەت دەکەیت(ئەو لە ڕوانگەی دەسەڵاتی مێژوویی خۆی و داگیرکارییەکی مێژوویی خاکەکەی تۆ و ژێردەستەیی و دەستەمۆیی تۆوە دەنۆڕێتە تۆ) وتورکەکە، پێیوایە خاکەکەی لەت دەکەیت (لە ڕوانگەی ئیمراتۆریای عوسمانییەوە، وەک هیچ و بێ بەها لە تۆ دەنۆڕێ) و فارسەکە تۆ بە خوازیاری لەتکردنی وڵاتەکەی دادەنێ(لە دیدی ئیمپراتۆریای فارس و ئێران و مێژووی هەزاران ساڵەی دەسەڵاتی خۆیەوە دەنۆڕێتە تۆ و تۆیش وەک نەتەوە بە بەشێک لە فارس تەماشات دەکات و زمانەکەشت بە شێوەزارێکی زمانی فارسی دەزانێت)، موسوڵمانیش بێت، خەمی تێکنەچوونی یەکیەتیی موسوڵمانانە و تێکنەچوونی دەوڵەتی ئیسلامییەتی. ئیدی گەلێ جار مرۆڤ ئەگەر بڕێک نەرمونیان بێت و وزە و ئارەزووی ئەوەی تێدا نەبێت، داکۆکی لە خۆی بکات و حەزی لە دەمەقاڵە و شەڕەقسە نەبێت، لە کورتی دەیبڕێتەوە و خۆی لە سەرئێشە لادەدات و دەڵێ: من عیراقیم، ئێرانیم، تورکیاییم، سووریاییم، بە گوێرەی ئەوەی بە ڕەسمیی هاووڵاتیی کام لەو وەڵاتانەیە.

ساڵانە دەیان بۆنە لە باخچەی منداڵان و خوێندنگەکاندا ڕێکدەخرێن و مامۆستاکان، لەلەکان لە زارۆکەکان داوا دەکەن وێنەی ئاڵاکانی خۆیان بکێشن و لە دیواری ژووری خوێندنەکەیاندا هەڵیانواسن، یەک جاریش نەبووە منداڵانی کورد تووشی دوودڵی و سەرسووڕمان و شەرم نەبن، لەوەی کە نازانن چ ئاڵایەک دانێن. دیارە ئەوە پەروەردە و بیرکردنەوەی دایکوباوک و خێزانی منداڵەکە لەو پرسەدا نۆرە دەبینێت. ماڵبات هەیە منداڵەکانیان فێری وشەی کوردستان و ئاڵای کوردستان و ئەوانە کردووە و ماڵباتیش هەیە منداڵیان بە عیراقی، ئێرانی تورکیایی و سووریایی پێگەیاندووە و ئاڵای ئەو وەڵاتانە دەناسێتەوە. زۆرجارانیش ئەو پرسی ئاڵایە دەبێتە باس و دڵەڕاوکێیەک بۆ زارۆکەکە، کە دەبینێ سۆمالی، ئەفغانی، ئێرانی، تورک، ئێریتری، ئیسیووپی، هیندوستانی..داروبەرد و هەموو دنیا ئاڵای هەیە و دێتەوە بۆ ماڵ و لە دایک و باوکی دەپرسێت: ئێمە بۆ ئاڵامان نییە؟ دایک و باوکیش ئیدی بەگوێرەی دید و بیرکردنەوەی خۆیان بۆی ڕووندەکەنەوە، یا خۆیان لە وەڵامدانەوەی گێل دەکەن، لە هەردوو حاڵەتیشدا هەرگیز ناتوانن ئەو زارۆکە قایل بکەن و وەڵامەکەیان هیچ ئاسوودەیی و دڵنیاییەک بە زارۆکەکە نابەخشێت.

ئەگەر کەس لە بێ دەوڵەتی و بێ وەڵاتی تێنەگات، کوردی هەڵاتوو لە کوردستان و لە هەندەران ژیاو، دەبوو زۆرباش تێگەیشتبان. دوو نەتەوە یا دوو گەل، لە جیهاندا، بەتایبەت لە ئەوروپا بڵاوبوونەوە، ڕۆم(قەرەچ) و کورد. ڕۆمەکان، لە ئەوروپا لە کورد کۆنترن. ڕۆمەکان، نەک هەر دەوڵەت، خاوەنی خاکی خۆیشیان نین. ئەوان دەگەڕێن و لەهەرکوێیەک ژیان، ئیدی ئەوە وەڵاتی ئەوانە. ئەوان بە مووزیک، سەما، فەرهەنگ، دەستڕەنگینی و چەوسانەوە و لەبەینبردنیان لە مێژوودا، دەناسرێنەوە. کوردیش، ئەنفال، گازبارانی هەڵەبجە، کۆڕەو و جەنگ، دنیایەک نەگبەتی و ماڵوێرانی، بە خەڵکی ناساندووە، دەنا لێدانەوەی قەوانی سوواوی بەشی عیراق و ئێران و تورکیا و سووریا و چوارپارچە و چل میلیۆن و ئەو باسانە، گێڕانەوەی ئەو شانامەیەی، کە دەبێ هەمیشە ئامادەی گێڕانەوەی بیت، هەرگیز ئەوروپاییەک ناگەیەنێتە ئەو باوەڕەی، کە تۆ وەڵاتێکت هەیە و ناوی کوردستانە، چونکە تۆ لەسەر نەخشە نیت و وەڵاتەکەت دەوڵەت و ددانپێدانراو نییە و ئەندامی ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان(UN) نییە و لەو وڵاتە ئەوروپاییەی تێیدا دەژیت باڵیۆزخانەیەکت نییە بەناوی”باڵیۆزخانەی دەوڵەتی کوردستان”. هەرچەندە باوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی چ له‌ ڕووی مێژوو و چ له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆکه‌وه‌ نوێیه‌ و به‌رهه‌می هزری بۆرژوازی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م و دواتره، لێ‌ نەبوونی قەوارەیەکی ددانپێدانراو، کە پێی بڵێی وەڵات و خودانی پاسپۆرت و ئاڵا و خاکێکی سنووردار، ڕووحێکی سەرگەردان و وێڵ و بێ ئینتیما دێنێتە بەرهەم.

********

فیلۆسۆفی میژوو ومیژوونووسی بریتانی، ئارنۆڵد توێنبی(Arnold Joseph Toynbee 1889 – 1975)، له‌ لێکۆڵین و توێژینه‌وه‌کانیدا، له‌مه‌ڕ په‌یدابوون و له‌نێوچوونی ژیارییه‌کانه‌وه‌ ده‌ڵێ:”نه‌ته‌وه‌کان ناکوژرێن، به‌ڵکه‌ خۆیان خۆیان ده‌کوژن”، واته‌: “سه‌رته‌ڵ و ده‌سته‌بژێره‌ زاڵ و ده‌ستڕۆیشتووه‌کانیان، ده‌که‌ونه‌ ڕه‌وشی ملانێ و جه‌نگێکی به‌رده‌وام و هه‌میشه‌ییه‌وه‌، که‌ ئیدی بڕست و توانستی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌، بۆ دۆزینه‌وه‌ و داهێنانی چاره‌سه‌ری گشتی و قایلکه‌ری هه‌مووان و بۆ سوودی هه‌مووان، بۆ کیشه‌ و گرفته‌ ژیانییه‌ که‌ڵه‌که‌بوو و کۆنه‌کان، ده‌بڕێ”. کاری سیاسی له‌ کوردستان و له‌نێو حیزبه‌کانی کوردستاندا، لە دێر زەمانەوە، هەر لە ناوەندی ساڵانی 1960ەوە، لەسەردەمێکەوە، کە ئیدی ماڵ بەش کرا و برا لە برا جوێ بووەوە، بێجگە لە‌ ملانێیه‌کی ڕووت و ئاشکرا و بێ په‌رده‌ی هێز و بازوو، شتێکی دیکە نەبووە. زۆر جاران بێفه‌رهه‌نگی و بێئامانجی و بێمه‌به‌ستییەکی هزریی، بەسەریدا زاڵ بووە و ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕووپۆش و ده‌مامکه‌ ئیدیۆلۆگییه‌یشی، گەلێ جاران هه‌ڵیانگرتووە و هه‌ڵیده‌گرن، نه‌یتوانیوە و ناتوانێت، به‌رژه‌وه‌ند و ده‌سکه‌وته‌ که‌سه‌کییه‌ ڕاسته‌وخۆ و زه‌قه‌کانیان و کینە و ڕقیان وه‌شێرێ. پاڵنه‌ر و هانده‌رێکی بنه‌ڕه‌تیی کارکردنی ئه‌وان، دەڤەرچێتی و ناوچەگەری بووە و ئاوه‌ز و خواستێکی قازانجخوازیی بازرگانیی سه‌رمایه‌دارییش، هاندەرێک. وەها هزر و کردار و رەوتاریک، هەرگیز نابنە هەوێنێ چێکردنی نەتەوە و وەڵات. بە پێچەوانەی مەسعوود موحەممەدەوە کە دەڵێ:”خەڵک دەتوانێ لە دینی خۆی دەرچێ، لە وەطەنی خۆی دەرچێ، لە نازانم چی خۆی دەرچێ، بەڵام ناتوانێ لە قەومی خۆی بترازێ، ئەگەر کورد بێ ناتوانێ بڵێ من کورد نیم. قوڕ بەسەری، کوردە مەگەر بێژوو بێ، چونکە بە میرات بۆی ماوەتەوە، کەواتە کوردایەتی ئەصیلە و بەهێزترە لەهەر وەسفێ بۆ مرۆی دەهێنیتەوە…” ، بە بڕوای من، نه‌ته‌وه‌ بۆ ماوه‌یی و میرات نییه‌، بەڵکە دروست ده‌کرێ. مرۆڤ، هەر لە زارۆکییەوە، دایکوباوک، خێزان، بنەماڵە، هۆز و خێڵ، خوێندنەگە، جێیکار، کۆمەڵ، هەموو ئەوانە لە دروستکردنیدا ڕۆڵ دەبینن و ئەو کەسیەتییەی دەدەنێ، کە هەیەتی و دەیبێ. زارۆک، کە دێتە دنیاوە، بۆ خۆی هیج ئینتیمایەکەی نییە و دەکرێتە، کورد، فارس، تورک، عەرەب، فرانسی، چینی، شیعە، سوننە، ئێزدی، پرۆتستانت، کاتۆلیک، ئۆرتۆدۆکس، جوو، بوودایی، هیندۆس یا هەر شتێکی دیکە. دەشێ منداڵێکی فرانسی، سوێدی، عەرەب، چینی، هەر کە دێنە دنیاوە، جێگۆڕکێیان پێ بکەیت و دانەیەکیان ببەیتە نێو خێزانێکی ئیندیان و دایەکیان ببەیتە نێو خێزانێکی ڕۆم(قەرەچ) و دانەیەکیان ببەیتە نێو خێزانێکی سۆمالی و دانەیەکیان ببەیتە نێو خێزانێکی ئەبوریجینی لە ئەوستالیا و هەموویان گەورە ببن، ئایا ئەوانە دەبنەوە فرانسی، سوێدی، عەرەب، چینی یا دەبنە ئیندیان، قەرەچ، سۆمالی، ئەبوریجین؟ ئەودەم تێدەگەین، کە نە نەتەوە و نە ئایین، هیچیان چەسپاو و بۆماوەیی و میرات نین و هیچ ڕەسەنایەتییەکیشیان تێدا نییە، دەشێ مرۆڤ لێی دەرچێت و هەر نەشچێتەوە سەری، ئەو ڕەسەنە و دەمێنێتەوە و چەسپاوە، تەنێ مرۆڤ بوونە. کوردایەتیش، بە واتای کوردبوون و هەستکردن بە کوردبوون و هەوڵدان بۆ پرسی نەتەوەیی کورد، باوەڕم وایە، نه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ خولیا و کارێکی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ گرێ نه‌درێ، ده‌سیسێ و ده‌پووکێته‌وه‌. بنه‌ماکانی نه‌ته‌وه‌ له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌: خاک داگیر ده‌کرێ و ناگه‌ڕێته‌وه‌ و که‌م ده‌بێته‌وه‌، زمان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و به‌ش به‌ش ده‌بێت، مێژوویش له‌نێوان تێگه‌یشتنێکی کاڵفامانه‌ و ناته‌واو و هه‌ڵه‌دا، بزر ده‌بێ و فه‌رهه‌نگیش داده‌ڕزێ و تڕۆ ده‌بێ.

*******

لە هەر کۆمەڵێکدا، چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو کۆی نەکاتەوە، مەگەر گەیشتبنە ئەو جێیەی، مارکس لە کۆمۆنیزم یا پرۆدۆن(Pierre-Joseph Proudhon)باکۆنین(Michail Bakunins) و کرۆپۆتکین(Pjotr Kropotkin) و گۆڵدمان(Emma Goldman) لە ئەنارکیزمدا، باسی دەکەن و هەوڵی بۆ دەدەن و چاوەنۆڕین بێتە دی، چه‌ک جێگه‌ی گوێ لەیەکگرتن و گه‌نگه‌شه‌ و وتووێژ ده‌گرێته‌وه‌ و ڕێکخراوە سیاسییەکان و حیزب ده‌بنه‌ میلیشیا و ده‌سته‌ی چه‌کدار و بونیادی دامه‌زراوه‌یی و پایەی ده‌وڵه‌ت له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌ و کۆمه‌ڵ شی و شیتاڵ ده‌بێته‌وه‌، ورد ده‌بێته‌وه‌ و پاژپاژ ده‌بێت و ده‌بێته‌ خڕبوونه‌وه‌ و گردبوونه‌وه‌یلێکی پێش ده‌وڵه‌ت ئاسا، ده‌بێته‌ به‌ره‌باب و تیره‌ و خێڵ و هۆز و هه‌رێم و میرانی جەنگ دەبنە کەڵەگا و میرمحێ و سه‌رکرده‌ و ده‌مڕاستی ناوچه‌یی و نه‌ژادی و ئایینی و ئایینزایی و سەرمایەدار و چەتە و دەیان جۆرە گرۆ و دەستەی دیکە، لەژێر دەیان ناوی جیاوازدا، کە ئێستا نەک تەنیا باشووری کوردستان، بەڵکە هەموو کوردستان بە دەستییەوە دەناڵێنێت. کاتێکیش، که‌ ده‌وڵه‌ت، وه‌ک چه‌مک و تێگه‌یشتن و بوون، به‌ بێ جۆره‌ پێکهاتنێکی گشتی چێ نه‌بێت و دروست نه‌بێت، نه‌بوونی ئه‌و پێکهاتنه‌ گشتییه‌، ده‌بێته‌ هۆی ئافراندنی بۆشایی و چۆڵاییه‌کی سیاسی له‌نێو کۆمه‌ڵدا، که‌ زه‌مینه‌ خۆش ده‌کات و ڕێگه‌ ده‌کاته‌وه‌ بۆ ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌کی. لێرەدا ڕێبەرایەتییەکی شارەزا و لێزان و دڵسۆز، ڕەوشەکە لەو گێژاوە دەردێنێت و وەڵات و کۆمەڵ، بەرەو کەناری ئازادی دەبات. ڕێبه‌رایه‌تی، شاره‌زایی و زانینێکی گشتیی بۆماوه‌ییه‌‌ و له‌ ئه‌نجامی که‌ڵه‌که‌بوون و کرده‌ی مێژووییدا خڕ ده‌بێته‌وه‌ و له‌ بنه‌ماشدا له‌ گه‌شه‌کردنی ئاگایی ستراتیگیی گه‌له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ، کاتێک تێده‌گات و ده‌زانێت و ئاگایه‌ له‌وه‌ی،‌ هه‌ندێک پیرۆزی و تایبه‌تمه‌ندیه‌تی خۆی هه‌یه‌، که‌ نابێ ده‌ستی که‌سی بگاتێ و ‌ به‌رژه‌وه‌ندگه‌لێکی خۆی هه‌یه‌، که‌ ناشێ ده‌ستبه‌رداری ببێ. هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک کۆمه‌ڵێ پیرۆزی و به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هه‌یه‌، که‌ ڕای گشتی بڕیار له‌سه‌ر پاراستنیان ده‌دات و ئه‌و ده‌سته‌بژێر و سه‌رته‌ڵه‌ داهێنه‌رانه‌ی نێو گەل و نه‌ته‌وه و نیشتمان‌، بڕیار ده‌ده‌ن، که‌نگی خه‌ڵک ئاماده‌ بکرێن بۆ جه‌نگ بۆ پاراستنی به‌ها و به‌رژه‌وه‌نده‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌کان و چەسپاندنی بناخەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو، چونکە دەوڵەت بۆخۆی، ئامرازێکە بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی خەڵک لەچوارچێوەی قەوارەیەکدا. ئەو قەوارەیە، کە پێی دەگوترێ دەوڵەت، سەرچاوەی هەموو نەهامەتی و بەڵا گەورەکانە، ئەگەر حوکمڕانییەکی دروست و باش و دادپەروەری تێدا نەبێت و هیچ چاودێرییەکی توندی لەسەر نەبێت، لێ مرۆڤ ڕەنگە لە نەبوونی پاریزگاری و دەسەڵات و پەروەردە و بارهێنانی سیاسییشدا، ببنە گیانلەبەر و دڕندەی ترسناک ڕەنگە مرۆڤخۆریی، کانیبالیزم(cannibalism)، کە لە مێژووی مرۆڤدا هەبووە، جارێکی دیکە سەرهەڵداتەوە و ببێتە مۆدەی سەردەم. ده‌وڵه‌تی یه‌کگرتوو ده‌فری پرۆژه‌ی ژیارییه‌، هیچ ژیارییه‌ک بێ ده‌وڵه‌تی مه‌زن و پێشکه‌وتنی زانستی، چێ نابێت ونییه‌.

*******

کاک “م”، پیاوێکی تا ڕادەیەک بڕێک لە کورتەباڵا بەرزتر، لاواز، پرچی تەنک و بڕێکی ڕووتابووەوە و ئەوەیشی مابووی، سپیەتی تێکەوتبوو، تابڵێی ئارام و لەسەرەخۆ، خوێندوو و هەڵگری بڕوانامەی زمانی عەرەبی و زانستە ئیسلامییەکان و دەرچووی زانستگەی ئەزهەر لە مسر و زمانانی کوردی و تورکی و عەرەبی زان و هەرسێی بەدەفتەر گرتبوو . ئەو بە ڕەچەڵەک لە باکووری کوردستانەوە هاتبوو، لێ لە ئیستەنبوول دەژیا. وەک هزرین و دیدیش نزیک لە ڕەوتە ئیسلامییەکەی نەجمەددین ئاربەکان، کە ڕەوتێکی ئیسلامیی تورکی بوو و ئێستا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ڕێبەریەتی و لە بنەماشدا کاریگەریی بیروباوەڕی نوورسیی لەسەر بوو و گەلێ جاریش ماڵە گچکەکەی، کە لە کوووچەی یەکێک لە گەڕەکە هەژارەکانی ئیستەنبوول بوو، دەبووە مەکۆی جڤین و خڕبوونەوەی هاوبیر و هەوادارانی ئەو ڕەوتە. لە ماڵەکەیدا ، کتێبخانەیەکی گەورەی تژی کتێبی جیاواز لە بواری جیاوازدا، بەو زمانانە هەبوو. دانی ئێوارەی ڕۆژێک و شەوێکی پێش بیستوچوار ساڵێک میوانی بووم، لەو ماوەیەدا ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام، دیتم نوێژ ناخوێنێت، بە پێی بیروباوەڕ و کەسیەتی ئەو، نایشارمەوە، بڕێک بەلامەوە سەیر بوو، بانگەشەی ئیسلام و ئیسلامیبوون و نوێژنەخوێندن! هەرچەندە ئەوە مەسەلەیەکی زۆر تایبەت بوو و گەلێک کەسەکییش بوو، لێ هێزم دایە خۆم و حەزم کرد لێی بپرسم، کە چۆنە ئەو بەو پاشخان و کەسیەتی و دیدی خۆیەوە، نوێژ ناخوێنێت! لە وەڵامی پرسیارەکەمدا گوتی:”چما نمێژ بخوینم! کەسەک نمێژ دخوینە کو ئازاد بە. نە وەڵاتێ من، نە گەلێ من، نە ئاخا من، نە زمانا من، هیچ یەک ژ وان نە ئازادە. گاڤەک وان نە ئازاد بن، ئەز ژی ب خۆ نەئازادم. ئەز و زمان و ئاخ و گەل و وەڵاتێ من، ئەم بندەستن، ئەم کۆلە، بەندە، دیل، کۆیلەنە. مرۆڤ کو دیل و کۆلە بە، چ تشتەکی نە ئی وییە، نە جان، نە لاشێ وی ئێ وینە، ئەو نە خودێێ خۆەیە، بەلکی هەر تشتی وی مولکا کۆلەدارێیە، نمێژ قەت نە ل سەر وییە، ژ بەر وێ یەکی ئەز نمێژ ناخوینم، گاڤەکی وەڵات، عەرد، زمان وگەلێ من ئازاد و سەربەست بوون، ئیدی ئەز نە کۆلەمە، ئەز ژی ئازاد دبم، وێ چاخێ نمێژ ل سەر من فەرز دبە، بلا کوردستان ئازاد بە و ئەم ببن خودێێ خوە، ئەز ژی نمێژ دێ بخوێنم”.

*******

لە میدیا بینراو و بیستراو و نووسراوەکانی کوردستاندا، ئەوانەی لەگەڵ گشتپرسی و سەربەخۆییدان، ڕۆژانە وەک هەواڵی گرنگ و کاریگەر، هەڵوێستی نووسەرێکی کورد، ڕۆژنامەنووسێکی کورد، مەلایەکی کورد، ئەفسەرێکی کورد، هونەرمەندێکی کورد، دانیشتووی هەرێمی کوردستان و لەنێو هەرێمی کوردستاندا، بڵاو دەکرێتەوە، یا چالاکی خەڵکانێک، بە هونەر، بە مووزیک، بە قسەکردن، بە خڕبوونەوە، لە باژێڕێکی هەرێم، هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، سۆران و…پەخش دەکرێتەوە و گرنگی و بایەخەێکی زۆریان پێدەدرێن، کەچی هەر ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند و سترانبێژ و خەڵکانە، هێندە خۆیان شەکەت ناکەن، کە ڕووبکەنە کەرکووک و لەگەڵ تورکمانەکاندا، چالاکی هاوبەش بکەن و بچن بەرەو بەدرە، مەندەلی، قزڕەبات، کفری، خورماتوو، خانەقین، نێو کوردانی فەیلی، شنگال و یا هەر عەردێکی لەو جۆرە، کە دەبوو هەموو گرانییەک بخرابایە سەر ئەو دەڤەرانە و بایەخ و بەهایەکی گەلیک زیاتر بەوان درابا.

ئەم گشتپرسییەی باشووری کوردستان، کە بڕیارە لە 25ی سێپتەمبەری 2017ەدا بکرێت، بڕێک پەلەپەل و شپرزەیی پێوە دیارە.
هێشتا تەواوی هێزەکانی باشووری کوردستان نەگەیشتوونەتە پێکهاتنێکی تەواو لەسەری و ناهاوئاهەنگی و جیاوازیی و فرەدەنگیی پێوە دیارە.
هێشتا لەتی ڕۆژهەڵاتی هەرێم، سلێمانی و گەرمیان، دەنگی نەخێر و دژەسەربەخۆیی تێیدا زاڵە.

هێشتا لە دەڤەرە دابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان، کە پتر لە 60%ی خاکەکەی پێکدێنن، هیچ جۆرە چالاکی و جموجووڵێکی بەرەو یەکگرتنەوە لەگەڵ هەرێمدا و بەرەو سەربەخۆیی تێدا وەدی ناکرێت.
هێشتا گوتوبێژێکی جیددی لەگەڵ تورکماندا، کە نەتەوەی دووەمی کوردستانن و لە هەستیارترین شوێنی کوردستان دەژین، نەکراوە، کە دەبوو پێش هەر خەڵکێکی تر و پێش هەر حیزبێکی تر، گوتوبێژ لەگەڵ وان کرابا و دڵنیایی تەواویان پێ درابا، بە تەواوی یەکسانییان لەگەڵ کورددا و دابینکردنی تەواوی خواستەکانیان، لە چوارچێوەی کوردستانێکی سەربەخۆدا.

هێشتا ساغ نەبووەتەوە، عەرەبی هاوردەی کەرکووک، کە پرۆژەی عەرەباندنی دەڤەرە دابڕێنراوەکانیان جێبەجێ کرد و سەرلەبەریان سیخوڕ و داگیرکەر بوون، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، کە ئەگەر بە حەق بێت، دەبێ مافی دەنگدانیان نەبێت.
هێشتا ساغ نەبووەتەوە، کە ئایا ئەم گشتپرسییە تەواوی دەڤەرە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و کوردانی دەرێی هەرێم دەگرێتەوە یا نەء.
هێشتا هێشتاگەلێکی فرە زۆرتریش ماون…

ڕێبەرانی هەرێمی کوردستان و لە پێشی هەموویشیانەوە بارزانی، کە ئێستا سەرۆکی کوردستانە و پێشەنگی بانگی سەربەخۆییە و ئاڵاکەی هەڵگرتووە، حەقوایە گەلێک لێبراوانە و دڵفراوانە و چالاکانە، هەرچی زووە، لەپێناوی لەدەستنەدانی کەرکووک و تەواوی دەڤەرە دابڕێندراوەکان، نەک جارێک، دەیان جار سەردانی کەرکووک بکات و لەگەڵ تورکمانەکان، شیعە و سوننەیان، بەرەی تورکمانی و حیزب و هێزەسیاسییەکانی تریان، لەگەڵ عەرەبە کۆنەکانی کەرکووک، لەگەڵ مەسیحییەکانی، کۆببێتەوە و بەڵێنی ڕاست و دروستی وەدیهێنانی تەواوی مافەکانیان بدا. با پۆستی جێگری سەرۆکی کوردستان، یا سەرۆکی کوردستان، چەندین وەزارەت، سەرۆکی پەرلەمان، باڵاترین پلە لە دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆدا، بدرێ بە تورکمان، مەسیحی، یا عەرەب، نەک بە فڵانە حیزبی کوردی یا ئەوی دی. بارزانی، حەقوایە نەک جارێک، دەیان جار، سەردانی زوممار، شنگال، کوردانی ئێزدی، شەبەک، دووبز، مەخموور، پردێ، تازەخورماتوو، تاوغ، کوردانی کاکەیی، بێشیر، خورماتوو، کفری، قەرەتەپپە، جەلەولا، خانەقین، مەندەلی، بەدرە، زرباتییە، کوردانی فەیلی، کەلار، هەڵەبجە، هەورامان، سلێمانی و…بکات و جۆش و گەرمی و چالاکییان تێدا بڵاوبکاتەوە و دڵنیایی داهاتوویەکی باشتر، گەشتر و خۆشتریان بداتێ. کورد لەمێژە گوتوویەتی:”پادار بگرە، بێ پا ماڵ وێمانە”، بۆ کوردستان، پادار، دەڤەرەدابڕێندراوەکانن و بێ پا، هەرێمە.

سپای ئەمەریکا لە ڤیێتنام، سپای فرانسا له‌ ئه‌لجه‌زائیر، سپای تورک لە کوردستان، سپای عیراق لە کوردستان، داریان سووتاند، ماڵیان ده‌ڕووخاند و وێران ده‌کرد، ده‌ست و پێ و په‌نجه‌ و لووت وگه‌رده‌نی ژنانیان ده‌بڕییه‌وه‌ بۆ داگیرکردنی خشڵ و زێره‌کانیان، کچان و ژنانیان وەک سەبایا دەبرد، ئەنفالیان دەکرد، گازبارانی مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگەیان دەکرد و دەیان خراپەکاریی دیکەیش. عەرەبی هاوردەی کەرکووک بەشێکی چالاک و دەستکراوە بوونە، لە تەواوی هەموو ئەو نەهامەتییانەدا، بەسەر کوردستاندا هاتوون و کەرکووکیش پشکە زۆرەکەی بەرکەوتووە.

ماددەی ناپیرۆز و بەد و بێفەڕ و دزێوی 140، کە کورد بۆخۆی چووە ژێر باری و لەگەڵ حوکوومەتی بەغدا واژووی کرد و تائێستاش وەک “مارەکەی شێخ ئۆمەر” بە ملیدا ئاڵاوە و لێی نابێتەوە و وەک زنجیر و پابەند دەست و پێیەکانی شەتەک داوە، پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی سەرکردەیەتی سیاسیی کوردستان و مێژووی کوردەوە، کە قایل بوون بەوەی دەنگدان لەسەر خاکێک و جیۆگرافیایەک بکرێت، بە هەموو پێوەر و بەڵگە و مێژوویەک، بەشێکی جیانەکراوەی خاکی کوردستانە. ماددەی 140، دەنگدانە لە سەر ماڵی خۆت، کە چەند کەسێکی لایدە و غەوارەی تێ هاتووە و داگیریان کردووە و ئەوان دەڵێن ئەو ماڵە هی ئێمەیە و تۆیش دەڵێی وەرە با دەنگی لەسەر بدەین بزانین هی کێیە! تەنانەت هەموو کەمئاوەزێکیش ئەوە دەزانێت، کە مرۆڤ لەسەر ماڵی خۆی دەنگ نادات! هاتنی ئەو لایدە و غەوارانە بۆ تەواوی ئەو خاکەی کوردستان، کە ئەمڕۆ پێی دەگوتری”ناوچەی دابڕێندراو” یا “ناوچەی جێی ناکۆکی”، لە داگیرکردن زیاتر شتێکی دیکە نەبووە. کورد ئێستاش دەتوانێت، هەردوو شارۆچکەی کەلار و چەمچەماڵ، کە هەردوویان خراونەتە سەر سلێمانی و سلێمانییش بەدەستی کورد و هەرێم خۆیەوەیەتی، بە تەواوی خاک و دانیشتووانەکانیانەو و هەموو گوندەکانیانەوە، بێ هیچ پرسێک بە بەغدا، بگەڕێننەوە سەر کەرکووک. سلێمانی، قەرزداری کەرکووکە و گێڕانەوەی کەلار و چەمچەماڵ، گێڕانەوەی قەرزەکانی کەرکووکە. کورد بە حوکمی ئەوەی هەردوو شارۆچکەی کفری و خورماتوو وەک خاک لە ژێر هێزی خۆیدایە، دەتوانێت، بە بڕیارێکی ئوستانداری کەرکووک و داوایەکی ئەنجومەنی شارەداریی ئەو دوو شارۆچکەیە و پشتیوانیی سەرۆکایەتی هەرێم، بیانخاتەوە سەر کەرکووک. کورد دەتوانێت ئێستاش عەرەبی هەناردەی کەرکووک، کە هەریەکەو 20000 دۆلاریان درایە بۆوەی بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، بیانگێڕیتەوە. کورد دەتوانێت بۆ خۆی و بێ چاوەڕوانکردنی حوکوومەتی بەغدا، حەویجە، کە بەغدا بۆ سەرئێشەی کورد و کێشە و گوشار بۆ کەرکووک و لەسەر کەرکووک هێشتوویەتییەوە و لەبندەستی داعشدایە، ڕزگار بکات و ئەویش بخاتەوە سەر کەرکووک. ئیدی بەو کارانە کەرکووک دێتەوە ئامێزی کوردستان. بۆ مەخموور و مەندەلی و بەدرە و زرباتییەش هەر ئەو کارانە دەکرێت، ئەگەر ڕێبەرایەتی کورد لە سیاسەتی منجەمنج و کات بەسەربردن، خۆ دەربازکەن و گوڕ و تینێک بدەنە خۆ.

دەسەڵات و حوکوومەت و حیزبە نەتەوەیی و ئایینی و سیاسییەکانی شیعە و سوننە و تەنانەت عەلمانییەکانی عیراق، حیزبی کۆمۆنیستی عیراقی لێ دەرچێت، هەر هەموویان، لە باشترین حاڵدا، ئەگەر قایل بن بەم گشتپرسییەی ڕێبەرایەتیی کورد باسی دەکات، کە ڕەنگە قایلیش بن، ئەوان تەنێ بە ئەنجامدانی لەنێو هەرێمی کوردستاندا، قایل دەبن و ئەگەر ئەنجامەکەیشی بە سەربەخۆیی بشکێتەوە، ئەوا هەرگیز لەم هەرێمەی ئێستا زیاتر، لەم سێ قوتە شارەی(دهۆک، هەولێر، سلێمانی)، کە بە هەرسێیانەوە هێندەی سێ گەڕەکی گەورەی شاری لەندەنن، زیاتر، ڕەوا نابینن. ئەم هەرێمە قوتە، سەددام حوسەینیش بەکوردی ڕەوا دەبینی و لاریی لێ نەبوو، ئێستا ئەگەر کورد دڵ بەوە خۆشکات تەنێ ئەم هەرێمەی بۆ ببێتە دەوڵەت، باشتر وایە، خۆی بۆی شەکەت نەکات و لێی پاڵداتەوە تا شەمەندەفەرێکی دیکە دێت، یا ئەوەتا بە هەموو تین و گوڕ و هێزییەوە، خۆی بۆ یارییەکی دیکە ئامادە بکات. کورد چاوەڕێی ئەوە بێت دەسەڵاتی بەغدا و حیزبەکانیان، یا جەعفەری و جبووری و مالیکی و حەموودی و ئەلحەکیم و عەبادی و نوجەیفی و… دەستبەرداری دەڤەرە دابڕێندراوەکانی باشووری کوردستان ببن و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بە تێکەڵکردنی ئەو دەڤەرانە لەگەڵ هەرێمدا چی ببێت، ئەوە تەنێ خەونە و هەرگیز نایەتە دێ. کە هەڵویستی دەسەڵاتی بەغدا و حیزبەکانیان بەو جۆرە بێت، دەبێ کورد بگاتە ئەو ئەنجامەی، کە شاعیری دیاری عەرەب، ئەبو تەممام ئەلتائی(أبو تمام الطائي/ 788-845)، پێی گەیشتبوو، کاتێک بە ئەلموعتەسەم بیللاە(المعتصم باللە/ 842 -796)ی خەلیفەی عەبباسی، کە بەدەم هاواری ژنێکی عەرەبەوە لە شاری عەموورییەی بندەستی بیزەنتییانەوە دەچێت، کاتێک ژنە هاوار دەکات”وا معتصماە/هاوار موعتەسەم یا هۆوموعتەسەم”و موعتەسەمیش لە جەنگێکدا، باژێڕی عەمموورییە دەگرێت و سپای بیزەنتییان کە تیۆفیلۆس(845-788Theophilos)، ئیمپراتۆری دەبێ تێکدەشکێنێت، ئەبوتەممام دەڵێ:

“السیف أصدق إنباء من الکتب في حدە الحد بین الجد واللعب”، واتە: شمشێر لە کتێبان دروستترە لە نووسینی هەواڵدا، تیژییەکەی سنووری نێوان جیددییەت و گەمەیە. عەرەب لەمێژە گوتوویانە:”بالسیف یقوم الإعوجاج لا بالقلم”، واتە: بە شمشێر چەوتییەکان ڕاست دەکرێنەوە نەک بە قەڵەم.
ئەگەر گشتپرسییەکە بۆ ئەوە بێت، تەنێ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بهێنێتە دی، ئەوا بەڕای من نە پێویستە و نە ئەم هەڵڵایەی گەرەکە، چونکە لە ساڵی 2005دا نزیکەی 98%ی دانیشتووانی هەرێم، دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، بەڵام دواتر سەرانی کورد، لە زمانی جەلال تاڵەبانییەوە، کە ئەودەمە کرا بە سەرۆککۆماری عیراق، گاڵتەیان بە ئەنجامی ئەو دەنگدانە هات و ئەو گوتی، کورد پێشتر دەنگی بە دەستووری عیراق و یەکپارچەیی خاکی عیراق داوە و ئەو دەنگدانەی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدراوە، کارێکە هیچ بایەخ و بەهایەکی نییە. ئەگەر گشتپرسییەکە بەڵگەنامەیەک بهێنێتە گۆڕێ، تەنێ هەرێم بکاتە دەوڵەت و تەنێ هەرێم وەک کوردستان بمێنێتەوە و سەربەخۆ بێت و ببێتە قەواڵەیەکی واژۆکراو و ددانپێدانراو و ڕەسمی و چەسپاو و نەگۆڕ، بۆ لەدەستچوون و دەستبەردابوون لە دەڤەرە دابڕێنراوەکانی کوردستان، ئەوا ئیدی ڕەشترین پەڵەی خیانەت و ناپاکی بە مێژووی سەردارانی کوردستانەوە دەنووسێ و هەرگیز لێیان نابێتەوە و تا کۆتایی دنیاش ئەو بەشەی کوردستان دەدۆڕێت. لەوەها حاڵێکدا نەبوون و ئەنجامنەدان و نەکردنی، ئەو گشتپرسییە، گەلێک باشترە لە لەدەستانی کەرکووک و بەشە کوردستانییەکانی مووسڵ و دیالە و تکریت و کووت وعەمارە!

13-08-2017
————————-

سترانبێژ و شاعیر و ئەکتەر و مووزیکدانەری ناسراوی هۆڵاندی لە سوێد ژیاو، کۆرنێلیس ڤرێسویکس (/Cornelis Vreeswijk1987 – 1937)یش هەر ئەو شیعرەی بە دەسکارییەکی یەکجار کەم، لێ فرەجوان، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی سوێدی و لەسەر ئاوازەکەی مەککۆردی و جوانتر بە گۆرانی گوتوویەتییەوە.

بیشر ئەلحافی، ناوی تەواوی: ئەبونەسر بیشر کوڕی حاریس کوڕی عەبدوڕەحمان کوڕی عەتاء کوڕی هیلال مەروزی بەغدادی(ابونصربشر بن حارث بن عبدالرحمن بن عطاء بن هلال مروزی بغدادی)یە. یەکێکە لە عاریف و سووفییە گەورەکانی کۆتایی سەدەی دووەم و دەسپێکی سەدەی سێیەمی کۆچی، لە ساڵی 767 دا لە مەرڤ(مرو)ی وڵاتی فارسی کۆن و تورکمەنستانی ئەمڕۆ، لەدایک بووە و لە بەغدا ژیاوە. ئەلحافی، واتە: پێخاوس، دەڵێن هەرگیز کەوشی لەپێ نەکردووە و هەر بە پێخاوسی گەڕاوە.

القرآن الکریم، سورة الزمر، الآیة 68:( وَنُفِخَ فِي الصُّورِ فَصَعِقَ مَنْ فِي السَّمَوَاتِ وَمَنْ فِي الْأَرْضِ إِلَّا مَنْ شَاءَ اللَّهُ ثُمَّ نُفِخَ فِيهِ أُخْرَى فَإِذَا هُمْ قِيَامٌ يَنْظُرُونَ ).
بە گوتەی هاوڕێیەکم:”ئەوی حوسنی چاکە بێت تێیدا نییە”.
کورد دەڵێ:”سەرگا هەر دۆڵە”.

ئەوانەی خۆشیان لە مەسعوود بارزانی و ماڵباتی بارزانی نایەت، لەبری ئەوەی بڵێن”بارزانی یا مەسعوود بارزانی” هەر دەڵێن:”مەسعوود” و بە “نێچیرڤان بارزانی”یش هەر دەڵێن”نێچیر”.
لە خولێکی فێربوونی زمانی سوێدی، سوعادی خێزانم و من دەمانخوێند. بارام(بهرام) ناوێکی فارسی شاخواز”سلطنت طلب”ی ئێرانیی هاوپۆلمان بوو، کە لە ئەمریکا بووبوو و ژیابوو و خزم و کەسانی هەموو لەوی دەژیان. لە سوعادی پرسی، کە خەڵکی کوێییە یا ئێمە خەڵکی کوێێن. سوعادیش پێی گوت: کوردستان. بارام دەسبەجێ هەڵچوو و کەللەیی بوو و گوتی شتێک نییە ناوی کوردستان بێت، کوردستان نییە. هێندەم زانی سوعاد کورسییەکی لێ هەڵگرتوو، خەریک بوو بیکێشی بەسەری بارامدا، تا ئێمە کەوتینە نێوانیانەوە و نەمانهێشت بارام بەرکەوێ. ئیدی بارامی کڵٶڵ، کە قەدوباڵای هێندەی هێلموت کۆل(Helmut Kohl)ە، یەک میتر و نەوەدوسێ سەنتیمیترییەکەی ئەڵمانیا دەبوو، پۆلەکەی جێهێشت و ئیدی نەهاتەوە.
المطبعي، حمید، گفتوگۆ لەگەڵ مسعود محمد، ئامادەکردنی: ئازاد عەبدولواحید، چاپی یەکەم، هەولێر 1999، ل 13.

نالی دەڵێ:” فــــارس و کـــورد و عــەرەب هــەرسـێـم بـە دەفـتـەر گـرتـووە
نـــالـــی ئــەمــڕۆ حـاکـمـی سێ موڵکە دیـــوانــــی هـــەیە”.

Previous
Next
Kurdish