Skip to Content

کتێبخانەی کوردی لە هانۆڤەر … ئیسماعیل تەنیا

کتێبخانەی کوردی لە هانۆڤەر … ئیسماعیل تەنیا

Closed
by ئاب 21, 2017 General

هانۆڤەر یەکێکە لەم شارانەی ئەڵمانیا کە مێژوویەکی (٧٥٠-٨٠٠) ساڵی هەیەو کەوتۆتە باکوری وڵات و ژمارەی دانیشتوانەکەی (٥٢٥) هەزار کەسێک دەبێت. ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران لە نەتەوە جیا جیاکانی وەک؛ ( یۆنانی، ئیتالی، ئێرانی، ئیسپانی، تورکی، عەرەب، هیندی، ئەفغانی، ئەلبانی، کورد، بە هەموو پارچەکانییەوە، …..تاد)، تیایدا نیشتەجێن. پەنابەرە چالاکەکان، سوودیان لە دەستووری ئەڵمانیا، وەرگرتووە. توانیویانە ڕێکخراوی کولتووری، قوتابخانە بە زمانی دایک، کتێبخانە، دابمەزرێنن و بکەنەوە. هەڵبەتە، شارەوانیش یارمەتییان دەدات. لە میانەی ئەم سەنتەرو ڕێکخراوانەدا، چالاکی کولتووری و کۆمەڵایەتی خۆیان نمایش دەکەن و زێتر خۆیان لە کولتووری ئەڵمانی و ئەوروپی، نزیک دەکەنەوەو خۆیانیان پێدەناسێنن. بە چالاکییەکانیان بەشداری بۆنە نیشتیمانیی و فەرمییەکان دەکەن. جگە لە سازکردنی ئاهەنگی هاوسەرگیریی و شەوانە ئاهەنگ و نمایشکردنی خواردەمەنی و ڕێپێوانی لایەنگیریی و ناڕەزایی دەربڕین.

لەم شارەدا، چەند نەتەوەیەکی چالاک، توانیویانە ئەم کتێبخانە تایبەتییانە بکەنەوە؛
– کتێبخانەی ئێرانی: بریتییە لە دوو کتێبخانە لە دوو شوێنی جیا جیادا. هەر کتێبخانەیەک زێتر لە بیست هەزار کتێبی تێدایە.
– کتێبخانەی جوولەکەکان: نزیکەی دە هەزار کتێبی تێدایە.
– کتێبخانەی چینییەکان: دە هەزار کتێبی تێدایە.
– کتێبخانەی ئەرکەداش(تورکی): هەشت هەزار کتێبی تێدایە.
– کتێبخانەی ئێزیدییەکان: نزیکەی پێنج هەزار کتێبی تێدایە.
جگە لەم کتێبخانانەی سەرەوە، هەندێک کتێبخانەی تریش هەن، وەک؛ کتێبخانە ئەلبانی، رووسی،…هەندێک ئەڵمانی چەپڕەویش، چەند کتێبخانەیەکی نێونەتەوەییان دامەزراندووە، کە یەکێک لەم کتێبخانانە، کتێبخانەی ( هانا ئاڕند)ە ، کە زیاتر تایبەتە بە پەنابەران و پرۆسەی ئاوێتە بوونەوە. بۆ بە ناوی ( هانا ئاڕند ) و بۆچی تایبەت بە پەنابەران و خەڵکی غەریب و لایدە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت کەمێک باسی ناوبراو بکەین.

هانا ئاڕند کێیە

لە ڕێکەوتی١٤-١٠-١٩٠٦ ، لە ( لیندن)ی سەر بە هانۆڤەر، لە خانەوادەیەکی جوولەکە، لەدایک بووە. لیندن، ئێستاکە بۆتە بەشێک لە شاری هانۆڤەر. لە ساڵی١٩٢٤ دا چۆتە زانکۆ و لە بەشی ( فەلسەفەی کلاسیک ) درێژەی بە خوێندن داوە. لە ساڵی ١٩٢٩دا لەگەڵ خانەوادەکەیدا، شاری هانۆڤەر بەجێدەهێڵن و لە بەرلین نیشتەجێ دەبن. لەوێ، ” گونتەر شتێرن ئاندرس” دەناسێ و شووی پێدەکات. کاتێک کە هیتلەر و نازییەکان، دەسەڵات دەگرنە دەست، کاری لەپێشینەیان، دژایەتی کردنی هاووڵاتییە جوولوکەکان دەبێت و هەموو مافە سەرەتایی و بنچینەییەکانیان، لێ زەوت دەکرێت. چەندین نووسەرو سیاسەتمەدار و ڕۆشەنفکر و چالاکڤان و کەسایەتی جوولەکە، لەلایەن نازییەکانەوە، بندەست دەکرێن و دەخرێنە زیندانەوە. ( هانا ئاڕند)یش یەکێک دەبێت لەوانە. لە ساڵی ١٩٣٧، لە زیندان ئازاد دەکرێت، بەڵام ڕەگەزنامەی ئەڵمانی لێدەسەندرێتەوە. هەر لەم ساڵەدا، لە مێردەکەی ” گونتەر شتێرن ” جودا دەبێتەوەو وەک پەنابەر ڕوو لە فەڕەنسا دەکات و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. درێژە بەکاری نووسین و ڕۆژنامەگەریی، دەدات. لەوێ، لەڕێگای نووسین و کتێبەکانییەوە ( سیاسی و فەلسەفی)، وەک ڕۆژنامەنووس، پرۆفیسۆر، فەیلەسوف، دەناسرێت و درێژە بە کارو چالاکییەکانی دەدات. ناوبراو، باوەڕی بە ئازادی ڕادەربڕین و یەکسانی تەواوی مرۆڤەکان هەبووە. ئازادیخوازو مرۆڤ دۆست و یەکسانیخواز بووە. جیاوازی لەنێوان ڕوخسارو ڕەنگەکان نەکردووە. بۆ جاری دووەم، لە ساڵی ١٩٤٠دا ئەمجارەیان لە فەڕەنسا، دەچێتەوە ناو پرۆسەی هاوسەرگیریی و لەگەڵ ( هاینریش بلوکەر)، زەماوەند دەکات و تا مردنی بلوکەر لە ساڵێ ١٩٧٠دا، هەر لەگەڵ ئەودا، درێژە بە ژیان دەدات. لە ساڵی ١٩٤٩، وەک پەنابەر روو لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات و لە ساڵی١٩٥٠ دا، ڕەگەزنامەی ئەم وڵاتە وەردەگرێت. پاش کۆتایی هاتنی شەڕی دووەمی جیهانی و شکست خواردنی نازییەکان،( هانا ئاڕند)، لەساڵی ١٩٤٨ ، بەسەردان دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا. لەپاش پەنجاکانەوە، زۆر کاری لەسەر چمکی نازییەت و هەوڵی تواندنەوەی جوولەکەکان، لەلایەن نازییەکانەوە، کردووە. لە ڕۆژی ٤-١٢-١٩٧٥، ( پێنج ساڵ دوای مردنی هاوسەرەکەی)، لە شاری (نیۆیۆرک)، لە تەمەنی شەست و نۆ ساڵیدا، بە نەخۆشی دڵ، کۆچی دوایی دەکات و هەر لەوێش دەنێژرێت.
کۆمەڵێک کتێبی سیاسی، مێژوویی، فەلسەفی، چاپ و بڵاوکردۆتەوە، کە گرنگترینیان کتێبی؛ (ڕەگی تۆتالیتاریزم)ە. ئەم کتێبە؛ بریتییە لە شیکردنەوەو لێکۆڵینەوەو هەڵوەستە کردنە لەسەر چمکی نازییەت و ستالینیزم و بزووتنەوەو هزرە شمولییەکانی تر لەسەدەی بیستەم. لە ساڵی ١٩٥١ دا، بڵاویکردۆتەوە. دوای ئەمە، ئەم کتێبانەشی بڵآوکردونەتەوە؛-
( ژییاننامەی ئافرەتێکی جوولەکە- ساڵی ١٩٥٨ ، دۆزی مرۆڤایەتی- ساڵی ١٩٥٨ ، لە نێوان ئێستاو داهاتوودا- ساڵی ١٩٦١ ، لەبارەی شۆڕشەوە- ساڵی ١٩٦٣، پیاوانی کاتە تاریکەکان- ساڵی ١٩٦٨ ).
لەبەر هەوڵ و خەبات و ماندوو بوونی، حکومەت و کۆمەڵگای ئەڵمانی، ڕێزیان لێ گرتووە، چەندین (شەقام و کوچەو کۆڵان و قوتابخانە و باخچەی گشتی)، لە ئەڵمانیا بە گشتی و لە هانۆڤەر بە تایبەتی، بە ناوی ئەم ژنەیان کردووە، تاوەکو هەر بە زیندوویی لە هزری نەوەکانیاندا،بمێنێتەوە.

کتێبخانەی ( هانا ئاڕند )

کتێبخانەی هانا ئاڕند، یەکێکە لەم کتێبخانە نێونەتەوەییانەی شاری هانۆڤەر، کە زیاتر تایبەتن بە پەناهەندەکان، لە ساڵی ١٩٨٢دا ،( بەڵام بە ناوی ترەوە) دامەزراوە. لە (٦-٥-٢٠٠٥)دا، بە رەسمی ناوەکەی بۆتە ( هانا ئاڕند). ( ڤاڵتەر کۆخ )ی نووسەر و خاوەن ئایدیای چەپ دایمەزراندووەو هەر خودی خۆیشی بەڕێوەی دەبات. بۆیەش ئەم ناوەی لێناوە، چونکە؛ هانا ئاڕند، یەکێک بووە لە قوربانییەکانی هەڵگری فکری ئازادی و یەکسانیخوازی و یەکێکیش بووە لە پەناهەندە کۆچبەرەکان و بەبێ ویستی خۆی، زێد و کتێبخانەکەی، پێ بەجێهێڵدراوە. چۆن ناوبراو مرۆڤ دۆست و یەکسانیخواز بووە، سەرپەرشتیارانی ئەم کتێبخانەیەش، لەسەر هەمان ڕێباز دەڕۆن.
لە ڕۆژانی دووشەممەوە تاوەکو هەینی، لە کاتژمێری(١٤-١٨)،کراوەتەوەو بە خۆشحاڵییەوە، پێشوازی لە میوان و هاوڕێیانی کتێب دەکات. کارو چالاکییەکانی بریتییە لە؛-
– ئامادەو سازکردنی کۆڕو سیمینار بۆ خەڵکی پەناهەندەو دۆستەکانیان و یارمەتیدانیان.
– هەوڵدان بۆ لەیەکتر نزیک کردنەوەی کولتوورە جۆراو جۆرەکان و ئاوێتە بوونیان بە کۆمەڵگای ئەڵمانی، تاوەکو بە ئاسانی لەگەڵ ئەم کۆمەڵگا تازەیە هەڵبکەن و بتوانن درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن.
– ئەم کتێبخانەیە بۆتە ماڵی دووەمی پەناهەندەکان، ئەگەر لە وڵاتی یەکەمیان بەهۆی کۆچبار بوونەوە، کتێبخانەکانیان لەدەست داون، ئەوا لێرەدا دەتوانن کتێبەکانیان بدۆزنەوەو ئارەزوو و خەونە بەدینەهاتوەکانیان، بهێننە دی.
– کتێبخانەیەکی نێونەتەوەییە، جگە لە کتێب کۆمەڵێک گۆڤار و رۆژنامەو کارتی داوەتنامەو کارو چالاکییەکانی پەناهەندەکان، تێیدا ئەرشیف کراون.
– پەناهەندەکان ( بەتایبەتی ڕۆشنبیرو کەسایەتییە کولتووریەکان)، دەتوانن لەم کتێبخانەیەدا ژوان بگرن و یەکتر ببینن و لە دەوری یەک مێزدا گفتوگٶ بکەن و بیروڕاکانیان، ئاڵوگٶڕ بکەن. جگە لەمەش دەتوانن کۆڕو سیمینار ببەستن و ئاگاداری کارو چالاکی ڕابردوو و ئایندەی یەکتر، ببن.
لەم کتێبخانەیەدا، کۆمەڵێک کتێبخانەی بچووک بچووک هەن، وەک؛-
– کتێبخانەی یۆنانی: کە بریتییە لە چەند دۆڵابێک لە کتێبی یۆنانی.
– کتێبخانەی باکوری ئەفەریقا: ئەم بەشە بریتییە لە چوار دۆڵاب کتێب، ئەوانیش دابەش دەبن بەسەر کتێبی؛ (بەربەر، ئەمازیغی، عەرەبی)، کە بە زمانی جۆراو جۆر نووسراون، لەوانە؛ ( فەڕەنسی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، بەشێکی کەمیش بە زمانی عەرەبی).
– کتێبخانەی کوردی: ژمارەی کتێبەکانی ئەم کتێبخانەیە، بە بەراورد بە کتێبخانەکانی تر، زۆر نین، بەڵام لە دەستپێکی دامەزراندنیدا، لە هەموویان زیاتر، ئەندام و چالاکی زیاتری هەبووە.
– کۆمەڵێک کتێبی فارسی: کە خۆیان لە سێ دۆڵاب کتێب دەدەن، بەڵام بە کتێبخانە حسێب نەکراوە. باوەڕ دەکەم هەر لەبەر ئەوە بێت کە لە شاری هانۆڤەر، دوو کتێبخانەی تری پەناهەندە ئێرانییەکان هەیە، بۆیە ئەمەیان بە کتێبخانە حسێب نەکردووە.

کتێبخانەی کوردی

دامەزراندن و زەمینە سازکردن بۆ ئەم کتێبخانەیە بۆ ساڵانی (١٩٨٦-١٩٨٧) دەگەڕێتەوە. کۆمەڵێک کوردی پەناهەندەی باشور لەم ساتەوەختەدا کۆمەڵیک کتێبیان کۆکردۆتەوەو وەک بەشێک لە کتێبخانەی نێونەتەوەیی دایانناوە. لە ساڵی (١٩٨٧)دا، یەکەم چالاکییان بەستنی کۆڕێک بووە بە زمانی ئینگلیزی و لەهەمان کاتیشدا تەرجەمەی زمانی ئەڵمانی کراوە. تورکە چەپەکانیش هاریکاریان کردوون و ئەوانیش کتێبەکانی خۆیان، لەم کتێبخانە نێونەتەوەییە داناوە. پاشان کوردەکانی باکور هەوڵ دەدەن کتێبخانەیەک بکەنەوە، بەڵام هەوڵەکەیان شکست دێنێت. کتێبخانەی کوردی لە ساڵی (١٩٩٣)دا، بە فەرمی مۆڵەت لە حکومەت وەردەگرن و دەیکەنەوە. کەسە چالاک و ئەکتیڤەکان بریتی بوون لە ؛( هوشیارعەبدوڵا هەولێری، کەمال سلێمانی، ڕەمەزان ). ئەمانە دەست پێشخەر و بناغە دانەری بوون. دوای ئەوە خەڵکانی تریش دەبنە ئەندام لەم کتێبخانەیەدا. بە گوێرەی دیکۆمێنتەکانی ناو ئەم کتێبخانەیە، لە ساڵی (١٩٩٥)دا، چالاکی باشیان هەبووەو رۆژانە کرایتەوەو ئەم ئەندامانە؛( هوشیار عەبدوڵا، ئیبراهیم محەمەد، فەرەج تەها، بەکر مەرگەیی، ئەحمەد کەلاری، کەنعان شێخۆ)، دەوامیان لێ کردووە. جاران لە ناوچەی نۆرد شتاد ( باکوری شار)، لە کۆرن شتراسە ( شەقامی کۆرن)، بووە.
لە ڕێکەوتی (٢٩-٨-٢٠٠١)، پرۆتۆکۆڵێک لە نێوان کتێبخانەی کوردی ( وریا،ئەردەڵان،فرانک پوئین) و کتێبخانەی هانا ئارند ( ڤاڵتەر کۆخ)دا، واژۆ دەکرێت. بە گوێرەی ئەم پرۆتۆکۆڵە، کتێبخانەی کوردی دەگوازرێتەوە ئەم کتێبخانە نێونەتەوەییە. کوردەکان هەوڵ دەدەن، شوێنێکی تایبەت بگرن و بیکەنە کتێبخانە،بەڵام هەوڵەکانیان سەر ناگرێت. بە گوێرەی قسەکانی ( ڤاڵتەر کۆخ)، ئەندامەکانی ئەم کتێبخانەیە زۆر چالاک بووینەو بە بەردەوامی بە ژمارەیەکی زۆر هاتوچۆی ئەم شوێنەیان کردووە، کە جاری وا هەبووە خۆی لە پەنجا کەس داوە.

بەشێک لە ئامانج و ئەرکەکانی کتێبخانە

بە گوێرەی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆ ؛ ( کتێبخانەی کوردی شاری هانۆڤەر دەزگایەکی کولتووری بێلایەن و سەربەخۆیە، لە هەنگاوەکانیدا بەرژەوەندی کورد بە گشتی ڕەچاو دەکات).
– کتێبخانەی کوردی تێدەکۆشێت بۆ پتەوکردنی دۆستایەتی نێوان هەموو میللەتانی جیهان و بەهێزکردنی بیروباوەڕی نێونەتەوەیی.هەروەها هەوڵ دەدات بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەی خوارەوە؛-
– کۆکردنەوەی هەموو ئەو کتێب و ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوانەی کە بە زمانی کوردی چاپکراون یان چاپدەکرێن بە هەر جۆرە ئەلف و بێیەک نووسرابن.
– کۆکردنەوەی هەموو ئەو کتێب و بڵاوکراوانەی کە بە زمانە جیهانییەکان چاپکراون و دەکرێن، بە تایبەت دەربارەی کوردو کوردستان.
– بنیاتنانی ئەرشیفێکی بەرفراوان بۆ کتێبخانەی کوردی.

– کتێبخانە هەوڵ دەدات ببێتە مەڵبەندێکی کولتووری بۆ کوردە ئاوارەکان و کەسانی بیانی کە دەیانەوێت توێژینەوە لەسەر کورد بکەن.
– کتێبخانە تێدەکۆشێت بۆ بەشداری لە بواری هونەریدا وەک ( پێکهێنان و یارمەتی کۆمەڵەی شانۆو مۆسیقاو کاری تەشکیلی).
– کتێبخانە کار دەکات بۆ بانگهێشتن و سازکردنی سیمینارو یاد کردنەوە لەلایەن ڕۆشنبیران و کەسان و کۆمەڵەی هونەری دەرهەق بە خزمەت بە کولتووری کوردی ، کتێبخانە پێویستییەکانی ئەو جۆرە کارانە دابین دەکات.
– کتێبخانە هەوڵ دەدات بۆ یارمەتیدانی کوردە ئاوارەکان و پەنابەرەکان.

کتێبەکانی ناو ئەم کتێبخانەیە

کتێبەکان، بەشی زۆریان لەلایەن کوردەکانی هانۆڤەرەوە بە تایبەتی ئەندامەکانیان، پێشکەش کراون.ئەوانی تریش بە گوێرەی نووسراوی سەر کتێبەکان، لەلایەن خودی نووسەرەکانەوە، یان خەڵکی ترەوە لە شوێنی جیا جیا پێشکەش بەم کتێبخانەیە کراون. دەتوانین کتێب و مەوجوداتی کتێبخانەکە کە خۆیان لە (٣٢٥) ناوونیشان دەدەن، بەم شێوەیە پۆلین بکەین.( هەڵبەت لە سەرەتاوە ژمارەکە زۆر لەمە زۆرتر بووە، بەڵام کە داخراوە، وردە وردە کەم بوونەتەوە).
(١) – دوو سەدو سی و پێنج دانە بە زمانی کوردی( کرمانجی خواروو-ڕێنووسی ئارامی)و عەرەبین.کتێبە عەرەبییەکان زۆر کەمن، لە ڕووی ژمارەوە لەگەڵ کوردییەکاندا بەراورد ناکرێن. بەرهەمی زۆربەی نووسەرانی کوردی تێدایە، ئەگەر بە یەک ناوونیشانیش بووبێت. لەوانە، نووسەران؛ ( د.جەمال نەبەز، د. ئاوڕەحمانی حاجی مارف، د. مارف خەزنەدار، حوسێن حوزنی موکریانی، مەسعود محەمەد، عەلائەدی سەجادی، محەمەد عەلی قەرەداغی، د. سادق شەرەفکەندی، د. خەلیل جندی، ئەسکەرێ بیوک، فریاد فازیل عومەر، دلشاد مەریوانی، حەیدەر عومەر، خەبات عارف، د. حوسێن خەلیقی، فەرهاد شاکەلی، عەونی داودی، ڕێبوار ڕەشید، سەعید نورسی، عەلی باپیر، عەبدولقادر سەعید، ئەنوەر محەمەد ئەحمەد، …..تاد).

(٢)- بیست و حەوت دانە بە زمانی کوردی ( کرمانجی ژووروو-ڕێنووسی لاتینی)و تورکین. کتێبە تورکییەکان زۆر کەمن کە خۆی لە (٤-٥)، کتێب دەدات. ئەوانیش هی مێژوونووس و کۆمەڵناسی دۆستی کورد ( ئیسماعیل بێشکچی)ن و لەسەر مێژوو و دۆزی کورد نووسراون.
(٣)- شەست و سێ دانە بە زمانی ئەڵمانی نووسراون کە سێزدە لەوانە ڕۆمانەکانی ( یەشار کەمال)ن و لە تورکییەوە کراونەتە ئەڵمانی. لەگەڵ چەند کتێبێکی تر کە نووسەری ئەڵمانی ( مۆتکە)، لەسەر کوردستان و کورد، نووسیویەتی. بەشێکی تریان خەڵکی پسپۆڕ و ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی و کورد نووسیویانە، یان وەرگێڕدراون. کتێبی نووسەرە کوردەکانی وەک ( لەیلا زانا، د. عیسمەت شەریف وانلی، مەهدی زانا، مەحمود باکسی، شێرکۆ بێکەس، فازیل ڕەسوڵ،…..) لەوێدا، دەبینرێن.
(٤)- گۆڤارەکان: هەندێک لە ژمارەکانی گۆڤارە کوردی و ئەڵمانی و عەرەبییەکانی وەک؛( یەکگرتن، ژیلەمۆ، دالیان، هاڤیبوون، هاوار، نواڵە، ڕۆژ، هانا، ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم، نووسەری کورد، نووسەری نوێ، وان، بیری نوێ، ئەکادیمی، ئەمارا، رسالە العراق، کوردستان ئینفۆ،…..تاد)، لە دۆڵابەکاندا دەبینرێن.
ناوەرۆک و چمکی کتێبەکان وەک هەر کتێبخانەیەکی ئاسایی تر، هەمەجۆرن، وەک؛-
– کتێبی مێژوویی
– کتێبی سیاسی
– کتێبی کۆمەڵایەتی
– ئیسلامی
– زانستی
– قوتابخانە، یان پەروەردەیی
– ئەدەبی بە هەموو چمکەکانی وەک؛ ( ڕۆمان، چیرۆک، شیعر، چیرۆکی منداڵآن، فۆلکلۆر، فەرهەنگ).

بە داخەوە، بەهۆی گواستنەوەی ململانێی حزبی لە کوردستانەوە بۆ هەموو شوێنێک کە کوردی پەناهەندەی لێ بێت، هەروەها یەکتر قبوڵ نەکردن و لەگەڵ یەکتر هەڵنەکردن، بە ناچاری کتێبخانەکە- مەبەست لە کوردیەکەیە نەک هانا ئارند – ، داخراوەو چالاکییەکانیان وەستاوە. ئەوەندە کتێبەی کە ماویشن، بە بێنازی لەنێو دۆڵابەکاندا تۆزیان لێ نیشتووەو کەسێک نییە لایان لێ بکاتەوەو میواندارییان بکات.

پێشنیارێک بۆ حکومەتی هەرێم

ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر، کوردێکی زۆر- هی هەموو پارچەکان بە لوبنان و کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جارانیشەوە- لە هانۆڤەردا دەژین، وا خەریکە ئەو نەوەیەی لەوێدا لەدایک بوون، پێڕادەگەن و لێپرسراوەتی سیاسی و کارگێڕی وڵات دەگرنە دەست، ئەگەر لایان لێ نەکرێتەوەو خۆیان لێ بە خاوەن نەکرێت، لەوانەیە سوودێکی ئەوتۆیان بۆ نیشتیمانی یەکەمیان ( کوردستان) ، نەبێت. بۆیە پێشنیار دەکەین کە حکومەتی هەرێم، دوور لە گیانی زاڵبوونی حزبایەتی، خۆ لەم پەناهەندانە بە خاوەن بکات و بەدەنگ داواکارییە کولتووریەکانیانەوە بچێت، خەڵکێکی ڕۆشنبیر لەم نێوەندەدا هەن، دەکرێت لێپرسراویەتی ئەم سەنتەرو کتێبخانەیان پێ بسپێردرێت. بۆ مەسەلەی کردنەوەو دامەزراندنی کتێبخانە هەر هیچی تێناچێت، حکومەتی خۆجێیەتی ئەڵمانیا، بە پێی یاسا دەتوانێت یارمەتییەک بدات. دەمێنێتەوە سەر کۆکردنەوەی کتێب، ئەمەش ئەوەندە کارێکی ئەستەم نییە، حکومەت ( وەزارەتی ڕۆشنبیری) ، لە ڕێگای فڕۆکەخانەکانەوە ، دەتوانێت بە ناردنی کتێب یارمەتی بدات. حاڵی حازر ئەوەندە کتێب لە کوردستاندا چاپ دەکرێت، بەڵام بە داخەوە خوێنەریان نییە. دڵنیام ئەم کاتە، دەزگا تایبەتییە ئەهلییەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەش بە کتێب ، یارمەتی پێشکەش دەکەن.
مەسەلەیەکی تری هەرە گرنگ ئەوەیە، مانەوەی کتێب و نەفەوتانی ، لە ئەوروپا زامنترە وەک لە کوردستان.ئەدی ئەوە نییە کتێب و گۆڤارو دەستنووسە کۆنەکانمان لەم کتێبخانانەدا پارێزراون….

Previous
Next
Kurdish