Skip to Content

بەرەنجامە ئەگەرییەکانی ڕێفراندۆم … ھەژێن

بەرەنجامە ئەگەرییەکانی ڕێفراندۆم … ھەژێن

Closed
by ئاب 24, 2017 General, Opinion, Slider

بەرایی: بۆچوونی خۆم لەبارەی ڕێفراندۆم و جیابوونەوە و سەربەخۆیی و گەڕانەوەی بۆچوونی من لەبارەی ھەڵای (ڕێفراندۆمی ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧) بۆ ھەڵوێستی من بەرانبەر بەرەنجامە ئەگەرییە نیگەتیڤەکانی ئەو ڕێفراندۆمە.

بەبۆچوونی من، تەنانەت لەو بارەشدا کە ڕێفراندۆم کراوەتە ئامرازی سەپاندنی ناڕاستەخۆی بەرژەوەندی کۆمپانییەکان و دەوڵەتان، ھێشتا ڕێفراندۆم (دەنگدانی گشتی خەڵك لەسەر پرسەكان) زۆر لە بڕیاردانی ڕاستەوخۆ و ملھوڕانەی پارتییەکان و پارلەمانەکان و دەوڵەتەکان و کۆمپانییەکان باشترە، چونکە ڕێفراندۆم ئەگەری ئەوە مسۆگەردەکات، کە خەڵک بڕیاربدات و خەڵك بواری ھەبێت بیربکاتەوە و بڕیارێکی ژیرانە بدات، بەڵگەی ئەوەش زۆر سادە و ئاشکرایە، ملیۆنان ھۆش و مێشک لە یەک یان چەند دانە ھۆش و مێشک باشتر و وردبینترن.

بۆ من، ئەگەر سەرەنجامی بڕیاردانی خەڵك بە جیابوونەوە و پێکھێنانی قەوارەی سەربەخۆی ئێتنیی و ئایینی و یان سێکیولار، بە جەنگ و تاوسەندنی کینەدۆزی ناسیونالیستی و ئایینی و پارتییایەتی نەیێت، زۆر لە مانەوە و ملەچی ناچارییانە و نەخوازراوانەی خەڵك باشترە، چونکە وەك ھێشتنەوەی بەرمیلە بارووتێکە لەسەر دەمی چاڵە بورکانێك، کە ھەر سات ئەگەری ھەڵچوونی ھەیە، بە واتایەکی دیکە جیابوونەوە و یەکگرتن مافی بێچەندوچوونی ھەر کۆمەڵێکە؛ ھەر پێکھاتەیەکی ئێتنی و ئایینی و کولتووری و دەبێت تەواوی خەڵك لەسەر ئەوە بڕیاربدات، نەك پارلەمان و پارتیی و دەستەبژێرێك. بۆ ئەو مەبەستە ڕێفراندۆم گونجاوترین ئامرازە.

ھەرچەندە سەربەخۆیی بۆ من بە واتای سەربەخۆیی تاک و کۆمەڵ لە کۆت و بەندە ئابووریی و ڕامیارییەکانی سەروەران و مشەخۆران و ملھوڕان و دیکتاتۆران و پارلەمانتاران و ڕامیاران و ھەر ئاوا بەواتای سەربەخۆیی و ڕزگاری تاک و کۆمەڵ و ئازادیییە کەسیی و گشتییەکان و مافە سروستی و گەردوونییەکان دێت و ھەنگاوی یەکەم بە لەنێوبردنی دەسەڵاتێك دەستپێدەکات، کە بەناوی خەڵك و بەرژەوەندی گشتی و دێوجامەی نیشتمان و “نەتەوە” بووە بە ملھوڕ و مشەخۆری سەر ڕەنجی خەڵك و سامان و داھاتی کۆمەڵ. سەرباری ئەوەش ھەر کۆمەڵێك مافی خۆیەتی کە لە قەوارەیەک خۆی سەربەخۆبکات و قەوارەیەکی دیکە بۆ خۆی دیاریبکات.

ئەگەر ھێشتا کەسانێك ھەن و لەسەر بنەمای کڵێشە ئایدیۆلۆجییەکانی جاران پێکەوەمانەوەی زۆردارانە و ناچارییانەی ئێتنییەکان و کۆمەڵە ئایینییەکان لەچواچێوەی قەوارە ڕامیاریی و جوگرافییە سەپێندراوەکان؛ مانەوەی نایەکسانانەی کوردان و عەرەبان، سوننە و شیعان، مەسیحی و ئێزیدی و یاراسان لەتەك موسوڵمانان بەگوێرەی مەرجە ملھوڕییەکانی دەوڵەت بە “تێکۆشانی نێونەتەوەیی” ناودەبەن و پاساودەدەن، ئەوا بۆ من جیابوونەوە و کۆتاییھێنان وەك بەرگرتن لە کینەدۆزی ناسیونالیستی و ئایینی و نزیکبوونەوەی تەقینەوەی بورکانەکە، زۆر باشترە و لە بار و ئەگەری جیابوونەوەش کرێکارانی کورد و عەرەب و تورکمان و شیعە و سوننە و مەسیحی و ئێزیدی و یارسان ھەر ئەوەندەی ئێستا دابەشکراو دەبن و ھەر ئەوەندەی ئێستا ھاوپشتی و ھاوتێکۆشانی دژەچینایەتی پڕۆلیتێرەکان لاواز دەبێت. چونکە بە کردەوە، ڕەوتە ناسیونالیستە عەرەب و کورد و تورکمانەکان و ڕەوتە ئایینییە شیعە و سوننە و مەسیحی و ..تد ناڕەزایەتی و تێکۆشانی چین و توێژە نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراوەکانیان بەسەر “عەرەبایەتی” و “کوردایەتی” و شیعایەتی و سوننایەتی و مەسیحیەتی و …تد دابەشکردووە و ڕوداوەکانی دوو دەھەی ڕابوردوو و کاردانەوەکانی خەڵك نیشانداوە، کۆمەڵێکی ھاوئامانج و ھاوداخوازی بەناوی (عیراق) بوونی نەماوە. ئەگەر لە بە نموونەھێنانەوەی ھێرشی فەرمانداریی بەعس ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و ھێرشی فەرمانداریی بەعس بۆ سووتاندنی ھۆڕەکان لە باشوور و سەرکوتکردنی خوێناوییانەی ڕاپەڕینەوەکانی بەغداد و نێوەڕاست، کە نەبوونە ھۆی وروژاندن و پشتیوانی ڕاپەڕینەکانی بەشەکانی دیکەی عیراق، بگوزەرێم، ئەوا نزیکترین نموونەی دیکە ھەن، کە جیابوونەوە و دابەشبوونی بەکردەوەی ئێتنی و پێکھاتە ئایینییەکانی عیراق دەسەلمێنن؛ ڕاپەڕینی جەماوەرییانەی خەڵکی ناوچە سوننە-نشینەکانی عیراق ساڵی ٢٠٠٣- ٢٠١٤ و پشتیوانینەکردنی لەلایەن ناوچە کورد-نشین و شیعە-نشین و تورکمان-نشینەکان، ڕاپەڕینی خەڵکی بەغداد و بەسرە ساڵی ٢٠١١ھاودەم و پاش ڕاپەڕینەکانی کۆمەڵەکانی باکووری ئەفەریکا و خۆرھەڵاتی ناوین و پشتیوانینەکردنی لەلایەن خەڵکی بەشەکانی دیکە، ڕاپەڕینی ١٧ی شوباتی ٢٠١٢ خەڵکی ھەرێم و پشتیواننەکردنی لەلایەن بەشەکانی دیکە، فرۆشتن و بەدەستەوەدان و داگیرکرانی موسڵ و زومار و شەنگال* و کۆمەڵکوژکردنی ئێزیدییەکان و…تد پشتیواننەکردنی خەڵکی بەشەکانی دیکە، تەنانەت ڕونەدانی تاکە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکی کرێکاری لە بەشێك و بەشەکانی دیکە پشتیوانیان کردبێت، بۆ نموونە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی نەوت لە بەسرە پێش ھاتنی داعش، کە ھیچ پشتیوانییەکی کرێکارانی ناوچە کوردنشین و سوننە-نشینی بەدەستنەھێنا. ئایا ھیچ ھاوپشتییەکی دژە-چینایەتی کرێکاران ھەبووە و ھەیە، تاکو جیابوونەوەی ھەرێمەکان (بەسرە) و “کوردستان” و سوننە-نشین ببێتە ھۆی لەنێوبردن و لاوازکردنی؟

سەرباری ھەموو ئەو نەبوونانەش، بە بۆچوونی من، ھەوڵی دابەشکردنی عیراق، پێش ئەوەی خواستی خەڵك بێت، خواست و پیلانی کۆمپانییە جیھانخۆرەکان و دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی خۆیان، کە پەرەسەندن و ئەگەری یەکگرتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی باکوور و نێوەڕاست و باشووری عیراق دەبێتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر نەخشە و بەرژەوەندییەکانی ئەوان. ېێجگە لەوەش ئەوە ئاشکرایە کە خواستی جیابوونەوە لەنێو کوردان و ناوچەکانی دیکە نەگەییشتووەتە ئەو ئاستەی کە خەڵک لەپێناوی ڕاپەڕێت، ئەگەر دەسەڵاتداران و پارتییە ڕامیارییەکان** ئەو ھەرایانە بەرپانەکەن، ھەرگیز خەڵک بەرنابنە یەکدی و لەجیاتی داخوازی (نان و ئازادی)، داخوازی “دەوڵەتی نەتەوەیی و ئایینی و سێکیولار” بەرزناکەنەوە. سەرباری ئەوەش، ئەگەر خەڵکی ھەرێم یان بەسرە لەسەر جیابوونەوە بڕیاربدەن، من پشتیوانی بڕیارەکەیان دەکەم.

بنەمای ھەڵوێستی من بەرانبەر ھەڵای ڕێفراندۆم یان ڕاستر بڵێم ھەڵای (دەوڵەتاندۆم)، ئەوەی کە وەك ئۆگوستی ٢٠١٤ ھەڵای “دەوڵەتی کوردی” فریودانی خەڵکە، گومان ھەڵناگرێت. ساڵی ٢٠١٤ ھەرای واژۆکۆکردنەوە بۆ “دەوڵەتی کوردی” بۆ پەردەپۆشکردنی ھێنانی لەشکری (دەوڵەتی ئیسلامی عیراق و شام)* بوو. ھەر ئاوا کە ئێستا بۆ گۆڵکردنە لە لایەنە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسینەکانی نێو ھەرێم و ئەگەر سەریشیگرت و بواریدرا، بۆ بەکاربردنی دەنگی خەڵکە وەك کارتی فشار بەرانبەر فەرمانداریی نێوەندیی عیراق لەسەر دابەشکردنی داھاتی نەوت و پۆستەکانی دەسەڵاتداریی.

وەك دەرکەوتووە و دەردەکەوێت ھەرای ڕێفراندۆمی سێپتەمبەری ٢٠١٧ بۆ گۆڵکردنە لە کێبڕکێکەرە پارلەمانییەکان (ینک و پارتییە نیلییەکە و ئیسلامییەکان) و ھێز و پارتییە پڕۆ_(پەکەکە)ییەکان، بۆ کۆتایی ھێنانە بە مەزاتی ڕامیاریی لەسەر ٣١ی ئابی ١٩٩٦ (پدک)، بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو مێژووەیە؛ بە بۆچوونی من، چ زلھێزەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە بە ڕێفراندۆمەکە ڕێگەبدەن یان نا؛ چ سەرەنجامی ڕێفراندۆمەکە پەسەندبکرێت یان نا ؛ چ سەرەنجامی ڕێفراندۆمەکە (بەڵێ) بێت یان (نا)، براوە (پدک) و ئەو کۆمپانی و نێوەندە جیھانی و ناوچەییانە و دەوڵەتە ناوچەییە پشتیوانیکەرەکانی (پدک) دەبن.

ھەر ئاوا بەبۆچوونی من، تەنیا لە یەک باردا (پدک) دۆڕانی ھەموو ئەوانە دەبێت، ئەگەر کۆتایی سەرەنجامی ڕێفراندۆمەکە بە جەنگی نێوخۆیی نێوان فەرمانداریی نێوەندیی عیراق و فەرمانداریی ھەرێمی کوردستان تەواو ببێت و ئەو جەنگە بۆ جەنگی ناسیونالیستی نێوان عەرەب و کورد، تورکمان تەشەنەنەکات. چونکە ئەگەر نەتوانن جەنگی نێوان خۆیان (دەسەڵاتداران) بگۆڕن بە جەنگی ناسیونالیستی نێوان پێکھاتە ئێتنییەکانی عیراق، ئەوا شکستی (پدک) بەبێ کۆمەکی میلیشیا و دەسەڵاتدارە کوردەکانی دیکە مسۆگەرە و (پدک) دەبێتە پەندی ڕۆژگار و بەرگەی ھێرش و پەلاماری لەشکری فەرمانداریی نێوەندیی ناگرێت.

لەو بارەشدا (پدک) تەنیا دۆڕاوی بەدینەھاتنی “دەوڵەتەکەی” و بەدینەھاتنی داخوازی پشکی زیاتری داھاتی نەوت و دابەشکردنی پۆستەکان نابێت، بەڵکو دۆڕاوی بەدینەھاتنی جەنگی ناسیونالیستانەی نێوان ئێتنییەکان دەبێت، کە کۆمپانی و دەوڵەتە پشتیوانەکانی (پدک) دنەیدەدەن و ئاگرەکەی گەشدەکەن. ئەگینا لە باری ھەڵگیرسانی جەنگی نێوخۆیی فەرماندارییەکان و ئێتنییەکان، لەسەر ئاستی ھەرێمی “کوردستان” ئەو ھێزانەش ڕاکێشی نێو جەنگەکە دەکات، کە تاکو ئەم ساتەش پاگەندەی (نەخێر) بۆ ڕێفراندۆمەکە دەکەن، ئەوەش بۆ ئاڵۆزی و بەھێزیی تاکتیکەکە دەگەڕێتەوە، کە لۆبی کۆمپانییەکانی دەرھێنانی نەوت و چەکسازی و دەوڵەتەکانی بۆ (پدک) دایانڕشتووە، بەرپاکردنی جەنگێك کە تەڕ و وشک پێکەوە بسووتنێتێت و جەنگ بباتە قوژبنی ھەموو ماڵێك و ھەموو ھۆشێکی خۆشباوەڕ بە ناسیونالیزم و سەربەخۆیی لە سایەی دەوڵەت لەنێوی بەشداربکات.

بەڵگەکانی ئەو ئەگەرانە:

باری یەکەم: ئەگەر بە ڕێفراندۆزمەکە بواربدرێت یان نا، (پدک) براوە بێت یان نا، سەرەنجامەکەی لەلایەن یوئێن و زلھێزەکان پەسەندبکرێت یان نا ؛ لەبەرئەوەی کە زۆرینەی تاکی کورد بە ڕاست و چەپ، ئیسلامی و سێکیولار، کۆنەپارێز و لیبراڵ بە دەوڵەت خۆشباوەڕن و بڕوایان بە کوردی_بوون و کرێکاری_بوون و ئیسلامی_بوون و لیبراڵ_بوون و سوننە_بوون و شیعە_بوونی دەوڵەت ھەیە و دەوڵەت بە تاکە “ئامرازی سەربەخۆبوون” و بە ئامرازی “پاراستنی ئاساییش” و “ئاشتی تاک و کۆمەڵ” و بە ئامرازی “دادپەروەرانەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵ” دەزانن، زۆرینە لەتەک بەشداریکردن و (بەڵێ) دەبێت و ھەر ئاوا زۆرینە لەتەك جیابوونەوەیەك دەبێت، کە کۆمپانییە جیھانلووشەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندی خۆیان و (پدک) وەك تاکتیکێک بۆ گێڕانەوەی ئابڕووی تکاوی ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و ٣ی ئۆگوستی ٢٠١٤ و لەوەش گرنگتر لێدان و گۆڵکردنی مێژوویی لە پارتییە ڕکەبەرەکانی نێو پارلەمانی ھەرێمە، کە بۆ ھەمیشە ئەوان لەنێو ھۆش و ئاوەزی خەڵك دەخاتە بەرەی داگیرکەران و (پدک) کە ھەموو تەمەنی بەرلەشکری داگیرکەران بووە، دەکاتە تاکە “فریادڕەسی گەل” …

باری دووەم: ئەگەر بە بەرپاکردنی ڕێفراندۆم بواربدرێت و سەرەنجامەکەی (بەڵێ)ی زۆرینە بێت و نێوەندە جیھانییە بڕیاردەرەکان جیابوونەوەکە پەسەندبکەن و فەرمانداریی نێوەندیی عیراق و عیراق وەك دەوڵەتێك بەوە ڕازنەبێت و سەرەنجامەکەی بە جەنگی نێوخۆیی نێوان فەرماندارییەکانی عیراقی فێدراڵ و گەلانی عیراق تەواوبێت، ئەوا زۆرینەی کۆمەڵی ھەرێم تووشی پەشیمانی دەبن و تەنیا کەمینەیەک بڕوای بە (پدک) بەھێزتر دەبێت، کە ئەندامان و ھاوبەرژەوەندییانی (پدک)ن. بێجگە لەوە، لە بارێکی ئاوادا دوو بەرەنجامی لاوەکی دیکەی وەك پاشکارایی جەنگی نێوخۆیی نێوان فەرماندارییەکان و تاکە ناسیونالیستەکانی گەلانی عیراق دەبێت، کە ئەمانەی خوارەوەن:

– ئەگەر جەنگ بەرپابکرێت، بەرەی (نا) بەتایبەت (ینک و پارتییە نیلییەکە و پارتییە ئیسلامییەکانی بەرەی نەخێر) خۆبەخۆ دەکەونە سەر دووڕیانێك : جەنگ دژی بەشە فەرماندارییەکەی (پدک)، یان جەنگ دژی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق لەپشت سەری (پدک).

ئەوە ئەو بەرەنجامە خوازراوەیە، کە (پدک) بەتەواوەتی پشتی بە ئەو وەك تاکتیکێك بەستووە و لە سەرەنجامی ڕێفراندۆمەکە و بە دەوڵەتبوون و سەرۆک-دەوڵەتبوونی بارزانی گرنگترە، چونکە (ینک و پارتییە نیلییەکە و پارتییە ئیسلامییەکانی بەرەی نەخێر) چ بخوازن و چ نەخوازن، ناچارن لەپشت سەری (پدک) دژی فەرمانداریی نێوەندیی بجەنگن، ئەگینا دەکەونە ئەو خانەی کە (پدک) ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران و ١٩٩٦ لە ھەولێر و ٢٠١٤ لە شەنگاڵ تێکەوت.

ئەگەری ڕێگەی سێیەم، کە ئەگەری ھاوبەرەیی بەرەی (نەخێرە) لە دژی بەرەی (پدک) لە کاتی بەرپابوونی جەنگی نێوخۆیی، ئەوەش ئەگەری زۆر کەمە، چونکە لەنێو سرووشتی ئەو ھێزانە (ینک و پارتییە نیلییەکە و پارتییە ئیسلامییەکانی بەرەی نەخێر) بێلایەنیی بوونی نییە و ھەرگیزیش ناتوانن دژی خۆشباوەڕیی ناسیونالیستانەی زۆرینەی دانیشتووانی ھەرێم لەنێو بەرەی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق دژی (پدک) بوەستن، چونکە لەو بارەدا ئەوان دارێکیان بە دەستەوە، کە ھەر دوو سەرەکەی ھەر … .

بەڵام بە پێچەوانەی بەرەی ناسیونالیستی و پارتییە دەسەڵاتدار و بەشدارەکانی پارلەمان، بەرەی چەپ بەگشتی لەسەر بنەمای پێشینەی ھەڵوێستی دژی جەنگی نێوان دەوڵەتان و فەرماندارییەکان و میلیشیاکان دەست و پێی کراوەترە لە بواری دژایەتیکردنی ھەر ھەوڵێك، کە بەرەنجامەکەی جەنگی نێوخۆیی یان جەنگی دەرەکییە و ئاگری جەنگی نێوان ئێتنییەکان و کۆمەڵە ئایینییەکان و قەوارە ڕامیاریی و میلیشیاییەکان خۆشدەکات. بە ڕادەی کەم مێژووی دژە-جەنگبوونی بەرەی چەپ لە سەدەیەک زیاترە.

ئەگەر لەو ئەگەرانەش بگوزەرێین، ئەوا پێداچوونەوەی ھەلەکان و ھەوڵەکانی بۆرجوازی کورد بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، بە ئاسانی ئەو ڕاستییە دەرخات، کە ساڵی ١٩٩١-٢٠٠٣ وێڕای جیابوونی بەکردەوەی ھەرێم لە عیراق و ھەر ئاوا ساڵی ٢٠٠٣- ٢٠٠٥ پاش ڕوخانی فەرمانداریی بەعس، گەورەترین ھەلی جیابوونەوە ھەبوو و ھەرچەندە ئەو کات لە ئێستا زیاتر خەڵک خوازیاری جیابوونەوە بوو، کەچی بەپێچەوانەوە لەبەرئەوەی کە لە بەرژەوەندی بۆرجوازی کورد چ وەك بازرگان و سەرمایەدار، چ وەك دەسەڵاتدار و پارتییە ڕامیارییەکانی نەبوو و ئامادەی جیابوونەوە نەبوون.

بەڵام ئێستا پاش ئەوەی کە زۆربەی زەمینە لەبارەکانی جیابوونەوە لەدەستچوون و دەسەڵاتداران و ئۆپۆزسیۆن بە ھەموو شێوەیەك پابەندی مەرج و بەندەکانی کۆمپانییەکان و زلھێزەکان و ڕێکەوتننامەی دەوڵەتانی ناوچەکەن و ئەوان (زلھێزەکان و کۆمپانییە جیھانخۆرەکان) دەسەڵاتدار و بەڕێوەبەری بەکردەوەی کۆمەڵی ھەرێمن و پارتییە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم تەنیا پاسەوان و پارێزەری ئاساییش و زەمینەسازی سەرمایەگوزاری ئەوانن لەو ھەرێمە و فەرمانداریی ھەرێمی “کوردستان” وەك فەرمانداریی نێوەندیی عیراق دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە، ملکەچ و وابەستەی بەرنامە و ڕامیارییەکانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی و بانکی نێوەندیی ئەوروپی و کارخانەکانی چەکسازی و ئۆتۆمەبێلسازی و پاڵافتەکردن و تاڵانبردنی نەوتە و ئەوە ئەوانن (کۆمپانییە جیھانخۆرەکان) کە بۆ فەرمانداریی ھەرێم و پارتییە دەسەڵاتدارەکانی بەرنامەڕێژییدەکەن و سنوور و ڕۆڵی پارتیییە ئۆپۆزسیۆنەکانی نێو پارلەمان دیاریدەکەن و لە ڕێگەی ئەوانەوە بە داخوازیی و خەونەکانی خەڵك بازیدەکەن. کەچی دەسەڵاتداران بەتایبەت (پدک) و ھاوپەیمانە چەپەکانی، عیراق و ھەرێمێك کە تازە لەنێو دۆزەخی تیرۆری (دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی) ڕزگاریبووە، بەرەو جەنگێکی نەبڕاوەی ناسیونالیستی ئاوا دەبەن، کە ھەموو نەھامەتییەکانی جەنگی سی ساڵەی نێوان بزووتنەوەی چەکداریی ناسیونالیستی کورد و فەرماندارانی عیراق و جەنگی سی ساڵەی نێوان باڵە چەکدارەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیستی کورد و جەنگی ھەشت ساڵەی عیراق-ئێران و جەنگی دووەم و سێیەمی کەنداو بەراورد بە خۆی دەکاتە شایی و ھەڵپەڕکێی نێوان ھەموو بەرەکان.

بەبۆچوونی من، ئەگەر بڕیاربێت ھەرێمی “کوردستان” سەربەخۆبکرێت، ئەوا دەبێت و پێویستە لە دەسەڵات و زاڵی و چەپاوڵی کۆمپانییە جیھانخۆرەکان و ڕامیاری و بەرنامە و مەرجەکانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی و بانکی نێودەوڵەتی ئەوروپا و کۆمپانییەکانی وەك مۆنسانتۆ خۆی ڕزگاربکات و سەربەخۆبکرێت؛ لەو کۆمپانی و نێوەندانە ڕزگار و سەربەخۆبکرێت، کە چەپەکانی وەك “کۆمونیزمی کرێکاری” نەک بۆ جارێکیش ناوی ئەوانە ناھێنن، بەڵکو بە ناوھێنانی ئەوانە زمانیان لاڵدەبێت.

بێجگە لەوە، وەك دەبینین و دەزانین ئەو ھێزە ناوچەییانەی کە پشتیوانی لە جیابوونەوە و دەوڵەتبوونی ھەرێمی قەرەقووشی بۆرجوازی کورد دەکەن، لەتەك دەوڵەتی بۆجواز-ئیسلامی ئێران کێشەیان ھەیە و دەخوازن بە لێدان لە دەوڵەتی و فەرمانداریی نێوەندیی عیراق وەك یەکێك لە پایە سەرەکییەکانی پڕۆژەی ئیمپراتۆریی بۆرجوازی شیعە لە ناوچەکە، بە پڕۆژە ناوچەیی و جیھانییەکانی دەوڵەتی بۆرجوازی شیعە کۆتاییبھێنن. لە بارێکیشدا ئەگەر پلانەکە سەرکەوتوو نەبوو و بەرەی نێوخۆیی (پدک) لەنێو عیراق و ھەرێم تێکشکا، یان ھەوڵی جیاکردنەوەی ھەرێم لە دەوڵەتی عیراق و گێڕانەوەی “وڵایەتی موسڵ” و بەکاربردنی وەك دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوچەکە بەدینەھات، ئەوا خۆیان لەتەك فەرمانداریی نێوەندیی عیراق و دەوڵەتی ئێران ڕێکبکەونەوە و وەک ڕێکەوتنەکانی ١٩٧٥-١٩٧٨ بە کۆمەلێك بەرتەری و دەستکەوت بگەن، لەوانە دەرپەڕاندنی (پەکەکە) لەنێو سێگۆشەی سنووری عیراق-ئێران-تورکیە و شکستھێنان بە ئەزموونی خۆبەرێوەبەریی (خۆراوا).

لەم خاڵەی کۆتاییدا پارتییەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” چ لە ئێران و چ لە عیراق، ھاوبەرژەوەند و ھاودەردی دەوڵەتی تورکیە و (پدک)ن؛ دەوڵەتی تورکیە خوازیاری دەرپەڕاندنی (پەکەکە) لە قەندیل و تێکشانی خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا)یە، چونکە بوونی ئەو دووانە بە مەرگھێنەری خۆی دەبێنێت و مەترسین بۆ سەر پلانی دروستبوونی ئیمپراتۆریی نیئۆ-ئوسمانی. (پدک) خوازیاری دەرپەڕاندنی (پەکەکە) لە قەندیل و تێکشانی خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا)یە، چونکە (پەکەکە) بە ڕکەبەری دەسەڵات و ھەژموونی خۆی لە “کوردستان”ی بەشی تورکیە و “کوردستان”ی بەشی سوریە و ھەر ئاوا لە ناوچەی (بادینان)یش دەزانێت و سەرکەوتنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا) واتە کۆتاییھاتنی سیستەمی دەسەڵاتداریی بنەماڵەیی و خێڵەکی سەرانی (پدک). ھەر ئاوا بۆ پارتییەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” دەرپەڕاندنی (پەکەکە) لە قەندیل و تێکشانی خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا)، بە واتای دەرکەوتنی قەد و باڵای خۆیانە. چونکە لە کوردستانی بەشی ئێران و تەنانەت لەنێو ئۆپۆزسیۆنی چەپی ئێرانیش لایەنگران و پشتیوانانی (پەکەکە) و خۆبەڕێوەبەریی خۆراوا ھەن، لە ھەرێمی کوردستان ئەگەر بڕیاربێت ئاڵوگۆڕی شوێن و پێگەی ھێزەکان و سیستەمی بەڕێوەبردن ڕوبدات، ئەوا دیسان ھەر (پەکەکە) و خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا) پێشنیارە، ئەوەش واتە مەرگی یەکجارەکی خەونەکانی سەرانی پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری”؛ ھێزی سێیەم و بەرەو دەسەڵات ھەڵکشان***. وەك دەزانین و دیتمان، لە ماوەی ساڵانی ١٩٩١-٢٠١٧ قسەکەرانی کۆمونیزمی کرێکاری لەپێناو بەدەسەڵاتگەییشتن، تاکتیک و کاژگۆڕین نەما پەنای بۆ نەبەن، بەڵام ھەرگیز و لە لەبارترین بار و دۆخ و سەردەمدا کە ساڵانی پاش ڕاپەڕین و ساڵانی سەردەمی جەنگی نێوخۆیی بوون، نەیانتوانی ببنە ئەو ھێزەی کە خەونی ھەمیشەیی خۆیانە. بەڵام بەپێچەوانەی ھەوڵەکانی ئەوان، لەناکاو خۆبەڕێوەبەرییەکی گەلیی و فرە ئێتنی و سێکیولار و یەکسانگەری پێگەی ژن و پیاو لە بێدەنگترین بەشی ناوچە کوردنشینەکانی خۆرھەڵاتی ناوین “کوردستان”ی بەشی سوریە، کە ھیچ کەس ئاوا چاوەڕوانییەکی نەبوو و ھیچ کەس ئاوا پێشبینی و ئەگەرێکی لەبەرچاونەگرتبوو، سەرھەڵدەدات و حەفتا فەرسەخ دروشم و بەرنامە تاکتیکی و بریقەدارەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” دەخاتە پشت سەری خۆی. لەبەرئەوەیە، کە خۆبەڕێوەبەریی (خۆراوا) وەك زەنگی مەرگ ئەو سێ ئاراستەیەی (ڕەوتی ڕۆنانی ئیمپراتۆری نیئۆ-ئوسمانی، ڕەوتی بە دەوڵەتکردنی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی، ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری”) لەنێو بەرەیەکی فرە دیو کۆکردوونەتەوە.

بۆ ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” وەك ڕەوتێکی دەسەڵاتخواز و دژە-ئیسلام نەك دژە-ئایین و دژە-سەرمایەداری، لەتەك پرۆژەی دەوڵەت و ھێزە ناوچەییە دژەکانی دەوڵەتی بۆرجوازی شیعە لە ئێران یەکدەگرێتەوە و دوژمنی دوژمنی دۆستیەتی؛ ھەم بەرژەوەندی (پدک) بەرانبەر (ینک) و (فەرمانداریی نێوەندیی عیراق) وەك ھاوپەیمانەکانی دەوڵەتی ئێران و ھەم بەرژەوەندی ھێزە ناوچەییەکانی پشتسەری (پدک) وەك ڕکەبەری دەوڵەتی بۆرجوازی شیعە لە خۆرھەڵاتی ناوین لەتەك بەرژەوەندی ڕەوتێکی شکستخواردووی وەك “کۆمونیزمی کرێکاری” یەکانگیردەبن.

لەپشت گشت ئەو ئەگەر و بەرەنجامانەوە، نەخشە و بەرژەوەندییەکانی ئیمپراتۆری نیئۆ-ئوسمانی**** و ھێزە ناوچەییەکانی دیکە ئامادەیە و دەوڵەتی تورکیە لە ھەموو لایەك زیاتر لە بەرپاکردنی جەنگی نێوخۆیی عیراق قازانجدەکات، چونکە لەوانەیە وەك بەرەنجامی ئاوا جەنگێك فەرمانداریی نێوەندیی عیراق بۆ پشتشکاندنی (پدک) ئامادەبێت بەرتەریی ئابووریی و ڕامیاریی زیاتر بە دەوڵەتی تورکیە و ھاوپەیمانەکانی (واتە پارتیی و بەرە تورکمانییەکانی نێو عیراق کە ھەمان ڕۆڵی لەشکر و میتی تورکیە دەبینن) ببەخشێت، تاکو پشتی (پدک) بەربدات و زۆریش ئاساییە، کە دەوڵەتی عیراق بۆ لێدانی ھەوڵ و ئامانجەکەی (پدک) لەتەك دەوڵەتی ئیسرائیل ڕێکبکەوێت و بەرتەریی نەوت و زۆر شتی دیکەش ببەخشێت و گرژی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئێران خاوبکاتەوە و لەوێدا بەرژەوەندی دەوڵەتی عیراق- دەوڵەتی ئێران ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق و دەوڵەتی تورکیە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ھێزە تورکمانییە پڕۆ تورکییەکان دابینبکرێت.

یاریکردنی (پدک) بەئاگر ھەر بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، کە خەریکی خۆشکردنی زەمینەی جەنگێکە کە تێداچوونی پارتیی خۆی و نیمچە سەربەخۆیی ھەرێم و تەواوی ھێزەکانی دیکەی ھەرێم و ڕێکەوتن و یەکانگیری بەرژەوەندی ھێزەکانی خۆرھەڵاتی ناوین بەتایبەتی دەوڵەتی عیراق و تورکیە و ئێران مسۆگەردەکات، چونکە ئەستەمە لە چوارچێوەی عیراقێکی لکێندراو بە نەخشەی ناسیونالیزمی عەرەبی و لە عیراقی پاش شەش دەھە کودەتا و دیکتاتۆریی جەنەراڵەکان و بەعسییەکان و لە عیراقی پاش سێ ساڵ جەنگی (دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی سوننە) کە ھاوپەیمانی (پدک) و دەوڵەوتی تورکیە (داعش)ی ھێنایە نێو خاکی عیراق و موسڵی بە ئەو بەخشی، بەرپاکردنی ڕێفراندۆم بۆ جیابوونەوە بە گەرماوی خوێن بۆ گەلانی عیراق کۆتایینەیێت. بە بۆچوونی من، وەك پێشتر ئاماژەمدا، دوو دەورە ١٩٩١- ٢٠٠٣ و ٢٠٠٣ – ٢٠٠٥ زەمینەی جیابوونەوە بەبێ جەنگی میلیشیایی و دروستبوونی کینەدۆزیی ناسیونالیستی ھەبوو، بەڵام ئەو کات، سەرانی (پدک) و (ینک) لەجیاتی ئەوە داخوازی چەند ملیۆن دۆلارێك و پەردەپۆشکردنی پەروەندەکانی پەیوەندی نھێنی نێوان خۆیان و ڕژێمی ڕوخاو دەخەنە سەر مێزی ھێزە ھاوپەیمانە داگیرکەرەکانی عیراقی پاش فەرمانداریی بەعس و سەدام.

ھەڵبەتە وەك پێشتر ئاماژەمدا ھەڵوێستگیریی بۆ چەپەکان دژی ھەرای ڕێفراندۆم لە ئێستا و ئەگەری کۆتاییھاتنی پرۆسێسەکە بە جەنگێك کە ٩٩% ئەگەری ڕودانی لە ئەگەری ڕونەدانی زیاترە و چەپەکان وەك پێشینەی مێژوویی بەتایبەت لەماوەی سەد و سێ ساڵی ڕابوردوو دژی جەنگە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بوون، ئاسانترە لە ھەڵوێستگیریی بەرەی ناسیونالیستەکان دژی ئاوا ھەڵایەک، کە تەڵە و تاکتیکی ڕکەبەرێكی پارلەمانیی خۆیانە، مەترسی کەمترە .

پێویستە ئەوەش بڵێم و ڕۆشنایی بخەمەسەر، کە ھەڵوێستی (حککک / “کومونیزمی کرێکاری”) لەوێوە نییە، کە ئەگەر ڕێفراندۆم و پرۆسێسی دەوڵەتاندۆم سەرکەوتوو بن، لەتەك ھەمان چارەنووسی سزاواریی ناسیونالیستی (ینک و پارتییە نیلییەکە)ی ڕووبەڕووبن. بە پێچەوانەوە بە سەرکەوتنی ڕێفراندۆم و جیابوونەوەی ھەرێم (بە ئاشتییانە)، دەبێتە ھۆی تێکشکان و ڕسوابوونی یەکجارەکی باڵە عیراقییەکەی “کۆمونیزمی کرێکاری” لە نێوەراست و باشوور. خراپتر لەو چارەنووسەش، چارەنووسی (حککک)یە وەك باڵێکی تاکتیکیی (حککع)، کە لە باری ڕودانی جەنگی نێوان فەرمانداریی ھەرێم و فەرمانداریی نێوەندیی و تەشەکردنی بۆ جەنگی ناسیونالیستانەی نێوان ئێتنییەکان، چ وەڵامێك بە مێژوو دەدەنەوە، کە ئەوان شان بە شانی کۆمپانییەکانی نەوت و دەوڵەتی تورکیە و (پدک) دەبنە ھەڵگیرسێنەری جەنگێك، کە ھەموو جەنگەکانی پێشتووتری نێو عیراق و عیراق لەتەك دەرەوە دەکاتە خەونێکی ناخۆشی ڕابوردوو و جەنگی نێوان ناسیونالیستانی کورد و عەرەب، کە سەدەیەکە نەخشەی بۆ دەکێشرێت، ئەوان دەیکەنە کەتواری ڕۆژگار. ئایا لە بارێکی ئاوا، پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” چی دەکەن و ھەڵوێستیان چی دەبێت؛ دژی جەنگ یان بەشداری جەنگ بۆ سەرخستنی پرۆژەی دەوڵەتاندنی بۆرجوازی کورد؟

ھەڵبەتە ئەوە نەگوتراو نەمێنێت، کە ئەگەر بار و دۆخی ئێستای عیراق و ھەرێم ھەمان بار و دۆخی دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو بووایە، یان جەنگی نێوان فەرمانداری ھەرێم و فەرمانداریی نێوەندیی، یان جەنگی ناسیونالیستانەی نێوان میلیشیا و ئێتنییەکان لە ئارا بووایە، ئەوا منیش بۆچوونێکی دیکەم لەبارەی ھەڵوێستی پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” دەبوو و لە خراپترین باردا بە ھەڵوێستێکی تاکتیکی***** لەپێناو بەدەسەڵاتگەییشتنم دەخوێندەوە. بەڵام ئەو مەترسییە نێوخۆیی و دەرەکییانەی کە ساڵانی ١٩٩١-٢٠٠٣ لەسەر ھەرێمی “کوردستان” ھەبوون، لە ساڵی ٢٠٠٣- ٢٠١٧ نەماون و ئەوە فەرمانداریی ھەرێمی “کوردستان”ـە، کە بە فەرمانداریی نێوەندیی عیراق شەڕدەفرۆشێت و ئەوە (پدک) کە بە فیتی دەوڵەتی تورکیە دژی فەرمانداریی عیراق پیلانی گێڕا و (داعش)ی ھێنا و ھەر لادانی (پدک) لە ڕێکەوتننامە و یاساکانی عیراق و بەرنامەی دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت بوو، کە بوو بە ھۆی بڕینی ١٧% پشکی ھەرێم لە داھاتی عیراق. ئەگەر مەترسییەکیش لەسەر ھەرێمی “کوردستان” ھەبێت، ئەوا جموجوڵی سەربازی و ڕامیاریی و ئابووریی و کولتووریی دەوڵەتی تورکیە و پشتیوانی دەوڵەتی تورکیەیە لە ھێزەکانی (داعش). بەپێچەوانەوە نە ترس و بیانوویەك بۆ جیابوونەوە ھەیە و نە جەنگێك ھەیە، تاکو پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” بەو دەوڵەتاندنە لە ڕژانی خوێنی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانی باکوور و نێوەڕاست و باشووری عیراق بەربگرن.

لەبەرئەوە و بە بۆچوونی من، ئەگەر لەنێو ڕێزەکانی پارتییەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاری” و لایەنگرانی ئەوان، کەسێك یان کەسانێك ماون و خۆشباوەڕییان بە کۆمونیستبوونی ئەو ڕەوتە ئەوانی ڕەدووخستووە، پێویستە ئەو پرسیارە پەیگرانە لە خۆیان بکەن؛ ئەگەر سەرەنجامی ڕێفراندۆمێکی ئاوا، کە ھیچ پێداویستییەکی ناچارییانەی نییە و لە باری سەرکەوتووبوونی، فەرمانداریی بۆرجوازی کورد دەگۆڕێت بە دەوڵەتی بۆرجوازی کورد و خۆشباوەڕیی خەڵکی بە ساوایی بیست و شەش ساڵەی فەرمانداریی بۆرجوازی کورد دەگۆڕیت بە خۆشباوەڕییەکی دوو سەد و سەشت ساڵە. ئەگەر بەرەو جەنگی نێوان فەرماندارییەکان و میلیشیاکان و جەنگی ناسیونالیستی نێوان ئێتنییەکانی عیراق چوو، ھەڵوێست و پێگەی ئەوان (لایەنگران و ئەندامانی پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری”) چی دەبێت؛ وەستانەوە دژی جەنگێك کە خۆیان پووشدەری ئاگرەکەین، یان جەنگین وەک ھێزی یەدەکی (پدک) لەنێو بەرەی ناسیونالیستانی کورد؟

بەکورتی : ئەوانەی کە نەخشەی ڕێفراندۆم و جیابوونەوەی ھەرێمی “کوردستان”یان بۆ سەرانی دەسەڵاتداری (پدک) داڕێژاوە، زۆر بە وردی چەند شتێکیان بەرچاوگرتووە، کە بۆ مسۆگەرکەردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان چارەنووسسازن؛ گۆڕینی بەرەی (ینک و پارتییە نیلییەکە و پارتییە ئیسلامییەکانی بەرەی نەخێر) کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و کۆمپانییە ئێرانییەکان و ھاوبەرەیی فەرمانداریی نێوەندیی عیراق دژی دەوڵەتی تورکیە و کۆمپانییە تورکییەکان دەکەن، گۆڕینی (پدک) لەنێو ھۆش و ئاوەزی زۆرینەی تاکە خۆشباوەڕەکانی کۆمەڵ بە پووچگەرایی “ڕزگاری کۆمەڵ بە بەدەوڵەتبوونی فەرمانداریی ھەرێم” بە ھێزی سەرەکی و بڕواپێکراو بۆ درێژماوە و چەند دەھە و سەدە؛ ئەگەر جەنگی نێوخۆیی فەرماندارییەکان و ھێزە ناسیونالیستە عەرەبی و کوردی و تورکمانی و تەنانەت ئایینە جیاوازەکان ھەڵگیرسا و بەرەی (نەخێر)ی پارتییەکانی دیکە دژی (پدک) ھاوبەرەیی فەرمانداریی نێوەندیی عیراقی کرد، ئەوا دیسانەوە بڕوای درێژماوە ھەر (پدک) دەبێت و ئەگەر بەپێچەوانەشەوە بەرەی (نەخێر)ی پارتییەکانی دیکە بەناچاریی و لە ترسی نەفرەتی خەڵک ھەڵوێستی خۆی گۆڕی و کەوتە پشت سەری (پدک)، ئەوا بۆ ھەمیشە (پدک) سەرکەوتووی کایەکە دەبێت و جەستەی مردووی پارتییە نەیارە پارلەمانییەکانی و تەنانەت ناپارلەمانییەکانیشی بەرەو گۆڕستان ڕاکێشدەکات و پاشماوەی ئەو پارتییانە بۆ ھەمیشە ملکەچی (پدک) دەبن.

دواشت، کە ئامانجی سەرەکی من دەبێت لە نووسین و دەربڕینی بۆچوون و دیتنەکانی خۆم، ئەوەیە، ھەر ئێستا و لەم ساتەوە ئەرکی ھەموومانە، ئێمە ئازادیخوازانی کۆمەڵی ھەرێمی “کوردستان/ باکووری عیراق” و ئازادیخوازانی نێوەڕاست و خوارووی “عیراق”، ھەر ئێستا و ھەر کەس لە شوێنی ژیان و کار و فەرمانی خۆی و لە ھەر گۆشەیەکی ئەم جیھانە ھەیە و بە ھەر زمانێك توانانی ئاخاوتن و دەربڕینی ناڕەزایەتی ھەیە، پێویستە و دەبێت بەرەی دژی جەنگی نێوخۆیی فەرماندارییەکانی عیراق ھەڵخڕێنێت و بانگەوازبکات، کە سەرەنجام وەك جەنگی نێوان گروپە ناسیونالیستەکانی بۆسنە و ھەرزەگوین و فەرمانداریی یوگوسلاڤیای جاران، دەبێتە جەنگی ناسیونالیستی نێوان ئێتنییەکان و سەرتاسەری بەشەکانی عیراق دەکاتە گۆمی خوێن، وەك تۆڵەی کۆمپانییە بریتانی و ئەمەریکییەکان لە خۆماڵیکردنی نەوتی عیراق.

بەبۆچوونی من، ئەگەر ھەر ئێستا ھەر ئازادیخوازێك لەلایەن خۆی ڕۆژانە بەشێك لە نووسین و دەربڕینەکانی بۆ پاگەندەکردن دژی جەنگی نێوخۆیی ھێزە دەسەڵاتدارەکان و تەشەنەکردنی ئەو جەنگە بۆ جەنگی نێوان گەلان، کە ئەگەری ڕودانی لە ڕونەدانی زیاترە، تەرخاننەکات، سبەی زۆر درەنگە و پەشیمانی و قامکگەستن و خۆزگەخواستن توانای بەرگرتن بە جەنگێكی نییە، کە لە سەردەمی دەرچوونی ناچارییانەی ھێزەکانی بریتانیا تاکو ئێستا پووشی لەسەر کۆمادەکرێت.


ھەژێن
١٨ی ئۆگوستی ٢٠١٧

—————————————————————–
* یەکێك لەو کەسە ئێزیدییانەی کە وەرگێرانی پەروەندەی پەنابەرییەکەیم کردووە، ئاوای گێڕایەوە “بەخۆم ئەندامی (پدک) بووم، ژیان و گوزەرانێکی باشم ھەبوو، لەنێو شاری شەنگال دوکان و ئۆتومەبێل و خانووی خۆم ھەبوو، چەند ڕۆژ پێش بەدەستەوەدانی زومار و شەنگال و مەخموور، (مەسرور بارزانی) کوڕی “سەرۆکی ھەرێم” وەک نوێنەری (پدک) و کۆمپانییەکانی خۆی چووبوو بۆ ڕێکەوتن لەتەك سەرانی (داعش) لە ناوچەی موسڵ، بەڵام (داعش) بەپێچەوانەی پەیوەندییەکانی پێشووتر، (مەسرور کوڕی سەرۆکی ھەرێم) بە بارمتە دەگرێت و داخوازی بەدەستەوەدانی زومار و شەنگال و موخموور دەکات، ئیدی ئەوە ڕویدا کە خۆتان لە شاشەی تەلەفزیۆن دیتتان”

** یەکەمین پارتیی کە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو، جیابوونەوە و “دەوڵەتی سەربەخۆی” دنەدا، (حککع) بوو، وەك پێشنیار و بڕیاری (مەنسووری حیکمەت) و “کۆمونیزمی کرێکاری”. ئەو ئاوە لێڵەی کە ئێستا (پدک) پێی تێخستووە، یەکەم جار (حککع) ڕشتی و خۆشباوەڕیی “ڕزگاربوون و بەختەوەری لە سایەی دەوڵەتی سەربەخۆ”ی لەنێو ھۆش و ئاوەزی خەڵکی ناڕازی ناھوشیار چاند. ڕەوت و “ڕابەر”ێك، کە دروشمی “ناسیونالیزم شەرمەزارییە بۆ بەشەرییەت” بنێشتی ھەر ساتەی بن ددانی لایەنگرانی بوو، بەلام بۆ ساتێکیش بەخۆی دەستبەرداری ناسیونالیزمی پان-ئێرانی نەبوو و بەرانبەر پرسی کوردان لە ئێران، ھەڵوێستێکی دیکەی ھەبوو و ھەیانە.

*** ساڵی ١٩٩٦ (مەنسووری حیکمەت) “ھێزی سێیەم” بوون و نزیکی “بە دەسەڵاتگەییشتنی (حککع)” لە کوردستانی بەشی عیراق پێشبینیکرد و “ھێزی سێیەم” بنێشە خۆشەی ئەو ڕۆژانە بوو، ھەر ئەو پێشبینییە بێبنەمایە بوو، کە سەرانی (حککع) دڵخۆش و لەخۆگۆڕاو کرد و ئەوانی بۆ خۆھەڵبژرادن و بەشداریکردنی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان ھاندا، بەڵام سەرەنجامی دەنگدانەکان پێچەوانەی چاوەڕوانی لەخۆباییبوونی ئەوان، ھەژماری دەنگەکانیان لە ھەژماری ئەندامانی پارتییەکەیان کەمتر بوو.

**** بۆ ئاگاداری خوێنەر چەمکی (نیئۆ-ئوسمانی)م لە ھیچ کەس وەرنەگرتووە، تاکو ئاماژە بە سەرچاوەکەی بدەم، بەڵکو خۆم یەکەم کەس بووم، کە ئەو چەمکەم بەکاربردووە. مەبەستم لەم ئاگادارکردنەوەیە، ئەوەیە دزانێکی فەیسبووکی و ئینتەرنێتی پەیدابوون، کە کلی بەرچاوی دایکی خۆشیان دەدزن و ئەوانەش نووسەرانی تازەکار نین، بەڵکو نووسەرانی ناوداری ناسراو بە “کەڵە ڕۆشنبیرانی کورد” ناسراون. نموونەیەك لەو بارەوە، دە ساڵ لەمەوبەر چەمکی (خێڵی ھاوچەرخ)م بۆ پارتیی ڕامیاری بەکاربرد و بەدیاریکراوی لەنێو پەرتووکی (چاوپۆشینێك لە ئێستا و تراجیدیایەك بۆ سبەی) ھاتووە، کەچی پاش ئەوە تەنانەت لەلایەن ڕەخنەکراوانەوە بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەی وەرگرتنەکەی، بەکاربرایەوە.

***** کاتێك کە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو (مەنسووری حیکمەت) پێشنیار، یان ڕاستر بڵێم بڕیاری جیابوونەوەی ھەرێمی “کوردستان” و پێکھێنانی “دەوڵەتی ناقەومی و سێکیولار”ی دەرکرد، ئەو کات لەسەر چەند بنەمایەك گوتم، تاکتیکێکی فرودەرانەیە، چونکە کاتێك کە (مەنسووری حیکمەت) بە ئامانجی دروستکردنی (حککع) کۆمەڵێك پرسیاری ئاراستەی سێ ڕێکخراوە پڕۆ”کۆمونیزمی کرێکاری” و ئەندامەکانیانی کرد، یەکێك لە پرسیارەکان ئەوە بوو “دەبێت حزبی کۆمونیستی کرێکاری عیراقی ېێت یان کوردستانی، بۆچی؟ ” ھەر زوو ئەوانەی کە لایەنگری کوردستانیبوونی ئاوا پارتییەك بوون، بە ناسیونالیستبوون تۆمەتبارانکران. ئەگەر بە دروستی لەیادممابێت، کەسێك بەناوی (بەختیار کەریم) لەو بارەوە نامیلکەیەکی نووسیبوو، ئەو بەدبەختە تاکو ڕادەی “دوژمنی چینایەتی” و “ناسیونالیستی خەوتووی نێو ڕێزەکانی کۆمونیزمی کرێکاری” تاوانبارکرا. بێجگە لەوەش ھەم (مەنسووری حیکمەت) و ھەم پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” ھاوکات دژی جیابوونەوە و داخوازی یەکێتی فێدرالیستی “کوردستان”ی بەشی ئێران بوو و ھەن.

Previous
Next
Kurdish