Skip to Content

کوردبوون و کوردنەبوون لە گشتپرسیدا کامەران چروستانی

کوردبوون و کوردنەبوون لە گشتپرسیدا کامەران چروستانی

Closed
by ئاب 24, 2017 General, Opinion

ئەنجامدانی گشتپرسییەک لەبەر دەرگای هەرێمی کوردستاندایە، هاووڵاتی سادە و لایەنە ناوەکی و دەرەکییەکان بە بایەخەوە بەدوای گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی هەرێمەوەن، ئەگەرەکان ڕۆژانە لە گۆڕاندایە، بیروبۆچوونەکان جیاوازن و هەندێکیان دژ بە یەکترن، کاردانەوەی حیزبەکانی ناو وڵات لەنێوان قبوڵکردن و ڕەتکردنەوە و دژایەتیکردندا یاری دەکات، وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و زلهێزەکانیش بە هەمان شێوە.
شەقامی کوردیش دابەش بووە بەسەر (بەڵێ)کان و (نەخێر)ەکاندا بە پلەی جیاواز، کە هەر یەکەیان بۆچوون و پاساو و تێڕوانینی خۆی هەیە و ئەمەش هەتا ڕادەیەکی زۆر ڕوویەکی ئەرێنی کۆمەڵگاکە پێشان دەدات لە پرسە جیاوازەکاندا، کە هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە و هەر لایەنێکی سیاسی بۆی هەیە خاوەنی بۆچوون و تێڕوانین و بڕیاری خۆی بێت.

هەتا ئەم سنوورە هەموو شتەکان کاریان بەخێرە و کێشەمان لەگەڵیاندا نییە.
وەلێ لەگەڵ دەستنیشانکردنی وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بەرزبوونەوەی دەنگە جیاوازەکان سەبارەت بەو پرسە، لە هەردوو بەرەی بەڵێ یان نەخێر هەندێک کەس و لایەن هەڵوێستێکی زیاتر لە ڕەقیان لەم پرسەدا گرتۆتە بەر بەوەی لەنێوان دەنگدان و دەنگنەدان، پشتگیریکردن و ڕەتکردنەوەدا کوردبوون و کوردنەبوونی هاووڵاتی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. بگرە پشتگیریکردنی ئەم بەرە یان ئەو بەرە بە کۆیلە، خیانەتکار، بەکرێگیراو و نەزان یەکتر ناوزەند دەکەن.

گشتپرسی یان ڕیفراندۆم لە خۆیدا مانا و ناوەڕۆکی خۆی نمایش دەکات، کە ئەویش بریتییە لە وەرگرتنی ڕا و بۆچوونە جیاوازەکانی کۆمەڵە خەڵکێک سەبارەت بە پرسێکی تایبەت. بێگومان هەموو پرسێکی ناو کۆمەڵگا ڕووبەڕووی هەردوو بەرەی پشتگیریکردن و ڕەتکردنەوە دەبێتەوە، چونکە ناتوانرێت بەدوای کۆمەڵگایەکی نموونەییدا بگەڕێین، کە سەرجەمیان هەمان ئاراستە و بۆچوونیان هەبێت سەبارەت بەو پرسیارە یان پرسیارانەی کە لە ڕیفراندۆمەکەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵگا دەکرێتەوە.
کوردبوونمان وەک بەشێک لە مرۆڤبوونمان بە چەند مەرج و خەسڵەتێکی تایبەتییەوە بەستراوە کە قبوڵکردنی یەکتر و ڕا جیاوازەکان یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکان و هەر ئەوەشە دەبێتە یەکێک لە سیماکانی بەرەوپێشچوونمان و جێگیرکردنی ڕۆحی دیموکراسی لە ناخی تاک و کۆمەڵگادا. دابەشکردنی کۆمەڵگا بۆ دوو بەرەی جیاوازی ڕەش و سپی، دۆست و دوژمن، نیشتمانپەروەر و خیانەتکار لەسەر بنەمای دەنگدان بەم بەرە یان بەو بەرە هەڵەیەکی کوشندەیە و هەر هاندانێکی ڕێکخراو لەلایەن هەر حیزب و لایەنێکی سیاسییەوە بەو ئاراستەیەدا بریتییە لە خیانەتێکی گەورە کە لە تاکی کورد دەکرێت، چونکە هەر ئەو هاندانەیە چەکەرەی قبوڵنەکردن و تۆمەتبارکردنی لەناو کۆمەڵگادا دەڕوێنێت.

بەر لەوەی یەکتر تۆمەتبار بکەین، پێویستە ئەوەمان لەلا ڕوون و ئاشکرا بێت کە هەر یەکێک لەو دوو بەرە جیاوازە و بە پلە جیاوازەکانیانەوە پاساو و تێڕوانین و بۆچوونی خۆی هەیە سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی لەمەڕ ڕیفراندۆم و هەر یەکەشیان لە ڕوانگەی خۆیەوە خۆی بە ڕاستتر دەبینێت، بەڵام خاڵی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە ڕای بەرامبەر ئەگەر بە دروستیشی نەزانین، ئەوا نەخرێتە ناو قاڵبی کوردنەبوون و خیانەتکاری و کۆیلایەتی.

هەر لەو گۆشەنیگایەوە پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشمان کە هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە پێویستە وەڵامی خۆی پێ بێت: سەرباری هەموو کەموکورتییەکان، گەندەڵی و قۆرخکارییەکان، بردنی سامانی گشتی و نەبوونی دادپەروەریی ئایا منی هاووڵاتی پشتگیری لە دروستبوونی دەوڵەتێک بکەم و پاشان لەناو دەوڵەتەکەی خۆمدا چارەسەری کێشەکان بکەم یاخود نەخێر؛ دەوڵەتێک لەسەر بنەمایەکی نادروست بنیات بنرێت هەر نادروست دەبێت و بەر لەوەی دەنگ بۆ ڕیفراندۆم بدەم پێویستە ماڵی کوردی یەک بخرێت و ڕێک بخرێت.
ئەگەر چاوێک بە ڕابردوودا بخشێنین و لە خۆمان بپرسین: چی ڕووی داوە و هۆکار چی بوو لە ماوەی دوانزە ساڵدا ڕێژەی دەنگدەرانی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠٠٥ لە (٩٨%)ەوە ڕکابەرێکی وەها توندی لە بەرەی (نەخێر) یان دەنگنەدان بۆ دروست ببێت؟ بێگومان زیادبوونی ئەو ڕێژەیە بەر لە هەموو شتێک کاردانەوەیەکە بەرامبەر بیست و شەش ساڵ قۆرخکاری و گەندەڵی، کە وەهای کردووە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵگای کوردی متمانەی بە ئێستا و ئایندەی دەوڵەتێک نەبێت، کە لە ژێر دەستی ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستادا دروست دەبێت. بە واتایەکی تر: دەسەڵات خۆی متمانەی لەخۆی لەلای بەشێکی کۆمەڵگا سەندۆتەوە، نەک بە پێچەوانەوە.

لێرەدا ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە، کە سەرجەم بەرە و ڕا جیاوازەکان لەگەڵ سەربەوخۆیی کوردستاندان، لەگەڵ دەوڵەتێکی ئازادن بەڵام ئەو پرسیارانەی ڕووبەڕووی خۆیان دەکەنەوە ئەوەیە: ئایا کەی و چۆن؟ لەبەر ئەوە پێوەری کوردبوونمان بە ڕا و بۆچوونە جیاوازەکان سەبارەت بە ڕیفراندۆمەوە نەبەستراوە بەڵکوو بە پێچەوانەوە قبوڵکردنی یەکتری بە هەموو ڕوانگە و بۆچوونە جیاوازەکانەوە قوڵیی ڕەگی کوردبوونمان دەسەلمێنێت.

Previous
Next
Kurdish