Skip to Content

منداڵیيەك لەکاغەز …. كه ژال عه لى

منداڵیيەك لەکاغەز …. كه ژال عه لى

Closed
by ئه‌یلول 24, 2016 Poems

من خەڵکی وڵاتی چەقۆم
لەيەکێك لەگەڕەکە ژەنگاویيەکانی ترس ،
کۆڵانێك لەملا شەڕ
بەدەستی گوماندا
لەسەختترين زيندانە تاريکەکانی شەرم،
لەماڵێکی بێ دەرگای ئازادی و
پەنجەرەی هەڵهاتن،
چاوم بە ئازارکردەوەو
نيگام بەبارمتە پشکوت.
* * *
کات يانزەی وەهم بوو
بەکاتی ئەستێرە،
ڕەتڵێکی مابوو شەو ڕاشکێ،
هەناسەيەکی مابوو مانگ ،
بتریبجێتە ئەو دیو دامانی هەورەوە.
* * *
هێشتا مەفرەزە سەرەتايیيەکانی کات
بەهەورازی کاتژمێرە
سەختەکانی ئاسۆوە بوون،
مەرکانەکانيان پڕی بوو لەسەبر
ئاسۆيان لەئومێد،
دڵيان لێوانلێوی شۆڕش.
* * *
هەر لەوێ
بەشێکی مندالیم،
لەکۆشی دايکمدا
بەدەم مژينی ساويلکەييەوە لێجێما.

بەشێکی لەسەردەمی شاخ
لە ئەشکەوتەکەی جاسەنە
لە کونە تەیارەیەکدا؛
بروسکەی ناپاڵمێکی دڵرەق؛
هەتڕەشی برد.

بڕێکی لەکورسیيە بەرزەکانی لەيلوکی گوماندا،
دوای ئەوەی پەلکە زێرينە هەڵيفريواند ،
نەهاتەوە ناوم.

بەشێکی لەترسی مامۆستا
ئەوەندە پەنجەی ئاقڵيم خستە سەر هەناسەی،
ئێوە خۆش.

بەشێکی لە دەرسی ست ملووک،
لەڕەهبەتی دۆزەخ،
لە عازابی قەبر
زارەترەك .

بەشێکی لەپاڕکی ئازادی
لەساڵڕۆژی مندال
بوو بەژێر قاچەوە.

هەندێک ئەنفال دەستی ڕەشی
لە گەردنی سپاتيان نا،
تا لە لينگە فرتێی خستن و
دەروی گڕوگاڵی
خڕ لەسەر پێوەدان.

بەشێکی تۆپی مين
لەگێمی يەکەمی ياريدا
چوار پەلی داچاندن بەمەرگ و ،
دوو دارشەقی لەگريان نانە ژێر باڵ.

بەشێکی؛ ئەوەتا
بە سەری بژ
بە پێی پەتی
بەسەر جادەی سەردەمەوەن،
نوێترین پێڵاوی مۆدیرنیتە بۆياغ دەکەن
تازەترين مارکەی مەدەنيەت لەپێيان دەکا.

هه ندێك شەڕ بردنی
ئەو هات و لەسەر لا،
خۆی کرد بەبەرائەتياندا.

هێندەی فوو لەجگەرەکەی،
لاشەيان کەوتە سەر بێدەنگی.

ئەوەندەی سەر بەرز کەیەوە،
دلیان بوو بە قەقنەس.

هەتا چاو هەڵبڕی،
زريکەيان بەئاسمانەوە بوو بەخرخاڵ.

هات و هەتا ديقەت بڕکا
سەر کەوتە سەر
ئەو درەختە چاو سەوزانەی،
چڵی ڕۆحيان داهێشتبوو
بۆ ديلانێی خەياڵ.

هات و بەهەناسەيەك
گەيشتە گشت کون و
قوژبنێکی ئاوەدانی.

دەستی بە هەموو هێلانە گه‌رمەکانی
غەفڵەت گەيی و
بە کونفەیەکوونێک،
هێلكەکانی دلنیایی
بەردانەوە سەر تورە بوون.

هەر هێندە؛
تفێك ؛هه ڵدەیتە
نێو چاوانی مێژوو ،
پەڕی بە کۆترەکانەوە نەهێشت ،
بالی کوکوختی یەکانی
یەک بەیەک هەلکێشان،
. ئارامی پەپوولەی کردنە قەرەبرووت
* * *
ئەوەتا مندالی
بەقاتێک ئازاری کون کون و،
ئاسمانێک گله‌یی چرچ و لۆچەوە،
چەندێ خۆی بڵند کا؛
ناگاتە ڕدێنی گەورەیی،

هەرچەندی خۆی بکوتێ
کورسيەکی بەر ناکەوێ
لە داسەکنان .

مخابن
لە ترسی ترس
منداليمان ون و
و گەورەييمان بزر،
گەورەييمان ون و
منداڵی؛
کون نيیە خۆی تێکا..

تەواو

ئەم دەقەم کاتی خۆی لە کەنالی کوردسات بەدەنگ و رەنگی خۆم تۆمارو بلاو کرایەوە
ئێستا بەکەمێک دەستاکارییەوە لێرە دامنا.

هاوینی ٢٠٠٠
سلێمانی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish