Skip to Content

ئیران و تورکیا دژی ریفراندۆم نین! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

ئیران و تورکیا دژی ریفراندۆم نین! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

Closed
by ئاب 27, 2017 General

تورکیا و ئێران دژ بە ئەنجامدانی ریفراندۆم نین لە باشووری کوردستان هەر وەک چۆن پارت و میدیا حزبیەکان پروپاگەندەی بۆ دەکەن. هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئەو پرۆسەیە مەترسی لەسەر ئێران و تورکیا دروست ناکات. بۆ؟
باشوور بریتی نییە لە دەنگی خەڵک و خواستە سیاسییەکانی کە بۆ مێژوویەکی درێژە خەبات و کۆشش دەکات بۆ سەربەخۆی کوردستان. بەڵکو باشوور بریتیە لە کۆمەڵێک سەرانی پارتە دەستڕۆیشتوەکان، بڕیار بە دەستەکان کە هەموویان لە واقیعی ئەمڕۆدا بە کاردار و بە ئاشکرا جاشی تورکیا و ئێرانن کە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی ئەوان و مانەوەی خۆیان رووداوەکان ئاراستە دەکەن.

ئەوەی ئەمڕۆ مەترسی گەورەی دروست کردوە لەسەر تورکیا و ئێران وە بۆتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ هەر دوو وڵات بریتیە لە، ستراتیژیەتی نادیاری زلهێزەکانی دنیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بێ ئاگای و نەبوونی زانیاریی لە لایەن دەزگای میتی تورکیی و ئیتیلاعاتی ئێران دەربارەی نەخشە و جۆری پلانی زلهێزەکان بۆ دابەشکردنی ناوچەکە، نەبوونی ئاسۆیەکی روونە کە دوای تەواو بوونی داعش تورکیا و ئیران سنووری دەسەڵاتیان بچووک دەبێتەوە یان فرەوان تر دەبێت وەیان هەمان کەس و پارت لە دەسەڵاتدا دەمێنن یان نا!
هەنوکە، لەسەر ئاستی ناوچەکەدا ئەو مەترسیەی کە لەسەر تورکیا و ئیراندا هەیە بە پلەی یەکەم هەر تورکیا و ئێران خۆیانن کە لەسەر بەهێز بوونی پێگەی خۆیان کار دەکەن کە کامیان وەک زلهێزی ناوچەکە زیاتر کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکات وە نەهێڵێت زلهێزەکان جێگە پێیان و دەسەڵاتیان لاواز بکەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا.

لە سەر ئاستی کوردستاندا، ئەوەی ئێستا مەترسی لەسەر تورکیا و ئێران و سووریا و عیراق دروست کردوە پارت و سەرکردەکانی باشوور نین، بەڵکو پارتە کوردییەکانی باکور و رۆژئاوای وڵاتن بە تایبەتی پەکەکە و یەپەگە، کە وەکو دوو هێزی کارێگەر لە رووی پەروەرەدەی ئەندامەکانیان، جۆری بەشداریان لە مەیدانی جەنگی دژ بە داعش و جۆری پیادە کردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانیان ڕۆڵیان هەیە.
ریفراندۆم، ئەگەر ئەنجام بدرێت، باشوور سەربەخۆ بێت و هەمان سیستەم و دەموچاو ببن بە حاکمی باشوور ئەوا بە هیچ جۆرێک ئەو کیانە مەترسی نابێت بۆ سەر پێگەی تورکیا و ئیران وە بەرژەوەندییەکانیان لە نێو چوارچێوەی ئەو نیمچە دەوڵەتەدا پارێزراو دەبێت وەک ئەمرۆ ئاسا. ئەزمون و مێژووی ٢٦ساڵ لە دەسەڵاتی بنەماڵەو خێزان دەیسەلمێنن کە تورکیا و ئیران بە درێژایی مێژووی سەدەی رابردوو بە تایبەتی لە سەردەمی حوکمی “بەعس و سەدام” دا نەیانتوانیوە سوودمەند بن لە باشووری وڵات بە ئەندازەی ئەو ٢٦ساڵەی کە سەرانی ینک و پدک حاکمی باشوورن!
ئەزمونی ٢٦ ساڵ لە حوکمرانی سەرانی باشوور پێمان دەڵێت، لە دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١وە و دوای سەقامگیربوونی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و خێزانی تاڵەبانی لە باشوور، ئێران و تورکیا بوون بە دەسەڵاتداری یەکەم لە باشوور، بەسەدان ئۆفسی دەزگای ئیتیلاعات و میتی تورکی لە باشوور دا دەبینرێت، بە دەیان بنکەی سەربازیی و سوپای تورک و ئیرانی لە باشوور نیشتەجێن، بە سەدان مزگەوت و شوێنی ئاینیی و قوتابخانە و دایەنگەی تورکیی و ئێرانی لە شارەکانی باشووردا هەن، تا دەگات بە “گولەن” کە لە ئەمریکا پاڵی لێداوەتەوە بە دەیان قوتابخانە و زانکۆی سەربەخۆی لە باشووردا هەبوو.

بە درێژای بیستوشەش ساڵ، تورکیا و ئێران بە ئارەزووی دڵی خۆیان بۆردومانی باشووریان کردوە و پاسدار و جەندرمەیان هێناوەتەوە نێو باشوور، لە کاتێکدا “سەدام” هەشت ساڵ خەریکی شەڕ بوو دژ بە ئێران و لە بێهێزترین قۆناغی دەسەڵاتییدا تورکیا نەیوێرا بستێک لە خاکی عیراق ببەزێنێت لە کاتێکدا ئەو کاتەش “پەکەکە” بارەگایان لە قەندیل و شاخەکانی تری باشووردا هەبوو هەتا پێش راگەیاندنی خەباتی چەکداری لە ساڵی ١٩٨٤دا.
ئێران بە سەدان کادیر و پێشمەرگەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە باشووردا تیڕۆڕ کرد لە کاتێکدا لە ژێر دەسەڵاتی “سدام”دا بارەگەی ئەو پارتانە لە باشووردا هەبوون و ئێران نەیدەتوانی دەستی بگات بە هەمان ئەو کەسانەی کە تیڕۆڕیانی کرد لە زەمانی دەسەڵاتی سەرانی پارتەکانی باشوور.
حکومەتی تورکیا و ئێران، کاریگەریی سەرەکییان هەیە لە داڕشتنی کارنامەی سیاسیی و بەرێوەبردنی حکومەتی بنکە فراوانی هەرێم. بە دەیان پارتی سیاسیی تورک و فارس پیاوی تورک و فارس لە نێو کۆمەڵگەیی کوردی هەرێمدا هەن و پشتیوانی ماددیی و مەعنەویی دەکرێن لەلایەن حکومەتی تورکیا و ئێران و سەرانی باشوور.

لە رووی ئابووریەوە، لە ماوەی بیستوشەش ساڵدا دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئێران بە بۆری، بە تەنکەر، بە تەنکە و بە گاڵۆن و رەحەتی نەوتی کوردستان هەڵدەهێنجن بە دزی و بە ئاشکرا و بە هاوکاری سەرانی باشوور. بیستوشەش ساڵە بازەرکانی کوردستان بووە بە کاراترین بازار بۆ ساخکردنەوەی کاڵا و کەلوپەلی بەرهەمی تورکیی و ئیرانی. لە کاتێکدا لە زەمانی دەسەڵاتی “سەدام”دا چۆلەکە بۆی نەبوو لە نزیک بیرەنەوتەکان هەڵنیشێت، کاڵای تورکیی و ئیرانی بە قاچاغ لە شارەکانی باشوور دەستدەکەوتن.
لەسەر ئاستی ناکۆکیی نێوان پارتەکانی باشوور و لە سەر ئاستی ناکۆکیی نێو خودی پارتەکانی باشوور، تورکیا و ئێران دەم ڕاست و ناوبژیوانن، بە تایبەتی لە یەک لا کردنەوەی کێشەکانی نێو جەمسەرە ناکۆکەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاغای سلێمانی و ئیتیلاعات ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە، هەتا دەگات بە کێشەکانی گۆڕان لەگەڵ حکومەتی هەرێم نوێنەری ئێران هێنرایە نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان.

لە بەرواری ٢١/٨/٢٠١٧دا مەسعود بارزانی کۆبونەوەی لەگەڵ سەندیکا و رێکخراوەکانی سەر بە حزبەکەی کرد لە شاری “هەولێر”. لەو کۆبونەوەیەدا بارزانی گوتی “سیستەمی سیاسیی دەوڵەتی سەربەخۆی هەرێم فیدراڵی دەبێت “. !؟
سروشتی باشووری کوردستان لە ڕووی جوگرافیا و دانیشتوانەکەی جیاوازە لەگەڵ سروشتی وڵاتانی وەک تورکیا، ئیران و عیراق. ئەو سێ وڵاتە بەهۆی فشاری نێو دەوڵەتی و جۆر و سروشتی دەسەڵاتدارە سیاسییەکانیان گەلێک لە نەتەوە و کۆمەڵێک لە هەڵگڕی بیروباوەری جیای مەزهەبی و ئاینییان بە زۆرە ملێ لە نێو سنووری وڵاتەکانیاندا ژێر دەست کردوە. ئیران “فارس ٦١% ئازەری١٦%، کورد ١٠%، لۆر ٦%عەرەب ٢%، تورکمان ٢% بلوچ ٢%”، هەروها زمانی فەرمیی لە ئێراندا زمانی فارسیە سەڕەرای بوونی ئەو هەموو نەتەوەیە لە نێو سنووری ئیراندا. گەلێک کەمە نەتەوەی تر لە نێو سنووری تورکیادا هەن کە تورکیا بە “تورک” بە دنیا ناسندویانن بە تورکی دەخوێنن دەنووسن و قسە دەکەن وەکو ” کورد، عەرەب، ئەلبانی، ئەرمەن، ئاشووری، قوقاسی، جورجی، یۆنانی، لاز، فارس، ڕۆمی”. هیچ نەتەوەیەک بۆی نییە لە زمانی فەرمیی زیاتر بەکاربهێنێت کە ئەویش زمانی “تورکیە”، کەچی لە هەرێم تورکیا داوای حەقی تورکمان دەکات و بە دەیان قوتابخانەی بە زمانی تورکی کردۆتەوە!

هەندێک لەو نەتەوانە لە تورکیا، ئیران و عیراق لەگەڵ کاتدا لە نێو کولتووری نەتەوەیی دەسەڵاتداردا تواونەتەوەو سنووری جوگرافیایان تەسک بۆتەوە یان هەر نەیان ماوە بەڵام هەندێک لەو نەتەوانە سەرەڕای سەختی بارودۆخ توانیویانە پارێزگاری لە کولتوور و زمانی خۆیان بکەن وە تا بۆیان کراوە پارێزگاریان لە سنووری جوگرافیای خۆیان کردوە وەک نەتەوەیی کورد کە سنوورە جوگرافیاکەی “کوردستان” ە.

لە نێو سنووری جوگرافیای کوردستاندا کەمە نەتەوەی تر هەن وەک “تورکمان، ئاشوری، کلدانی و عەرەب بەڵام سنووری جوگرافیایان نییە ئەگەر هەشبێت لە چەند دێیەک و شارۆچکەیەک ڕەت نابێت. (شەبەک، فەیلی، کاکەیی و یەزیدی) کوردن کەمە نەتەوە نین، کە هەندێک لە زلهێزەکانی ناوچەکە و دنیا تا دەگات بە سەرانی باشوور دەیانەوێت ئەو ناوانە بەکاربهێنن بۆ شەرعیەتدان بە لەتوپەت کردنی وڵات و نەتەوەی کورد.
بارزانی، کە دەڵێت سیستەمی دەسەڵاتی حوکم لە دوای سەربەخۆی “سیستەمی فیدراڵی” دەبێت بەو مانایە دێت کە باشوور دابەش بکرێتە سەر چەند شار و هەرێمی سەربەخۆ، هەر یەک لە دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز و زەرد پشکیان لە ئیستاوە پارێزراو بێت هەر یەکەو دەسەڵات و دەرامەتی خۆی لە گیرفانی بکات وەک ئەمڕۆ ئاسا. مەسەلەی بەهەرێم کردنی شاری “کەرکوك” کە دەمێکە پارێزگاری کەرکوک دەهۆڵی بۆ دەکوتێت پلانی تورکیا و ئێرانە، وە هەر دوو وڵات ئاواتەخوازن کە کوردستان لە چوار بەشەوە ببێت بە هەزاران بەش و دابەش بکرێت و ئینجا بۆخۆیان بە ئاسانی لەگەڵ هەر هەرێمێک بە جیا مامەڵە بکەن وەک ئەمڕۆ ئاسا.

دەرئەنجامی باس،

ئەزمونی دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزان بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئیران بیستوشەش ساڵە بووە بە خێر و غەریمەت. لە ژیر سایەی ئەو دەسەڵاتەدا تورکیا و ئیران بە هەوەسی خۆیان کوردستان تۆپباران و بوردومان دەکەن، بە ئارەزووی خۆیان سنوور دەبەزێنن هەڵدەکوتنە سەر پەکەکە، پژاک و لە رابردوودا هەڵیانکوتایە سەر حزبی دیموکراتی ئیران. دابەشبوونی کوردستان خەونی لەمێژینەی تورکیا، ئیران، عیراق و سوریایە و لە ژێر ناوی دەوڵەتی سەربەخۆی باشوور و “فیدرالیزم”دا، یان لە ژێر ناوی ئۆتۆنۆمی و بە هەرێم کردندا دەیانەوێت زیاتر نیشتمانی کورد دابەش بکەن و گورگان خواردی بکەن.

Previous
Next
Kurdish