Skip to Content

وه‌همێک  … ڕیچارد داوکینز

وه‌همێک … ڕیچارد داوکینز

Closed
by ئاب 27, 2017 General, Opinion, Slider


خوێندنەوەی: بێریڤان جه‌‌مال حه‌مه‌ سه‌عید
……

کتێبی ‘وەهمێک’، لە نووسینی ڕیچارد داوکینزە و لەلایەن نوری کەریمەوە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێرداوەتە سەر زمانی کوردی و هەروەها لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ئەندێشەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. چاپی یەکەمی بە زمانی ئینگلیزی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2006 و تاکو ئێستا بۆ زۆربەی هەرە زۆری زمانەکان وەرگێڕدراوە.
‘وه‌همێک’، به‌ناوبانگترین به‌رهه‌می زینده‌وه‌رزانی گه‌شه‌یی، ئیثییست و پرۆفیسۆری پێشووی زانکۆی ئوکسفۆردی به‌ریتانیا ڕیچارد داوکینزه1941. نووسەر ئەزمونێکی پڕ نووسینی بابەتی زانستی هەیە و لەم پەیوەندەدا، یەکەم کتێبی ‘جینی خۆویست The Selfish Gene’ـــە کە دەگەڕێتەوە بە ساڵی 1976.

‘وه‌همێک’ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئه‌کادیمیی زانستیی هەمەلایەنەیە سه‌باره‌ت به‌ ئاین لە گۆشەنیگای داروینیزمەوە، بۆیە خوێندنه‌وە و تێگەیشتنی تەواوی ئەم کتێبە، پێویستی بە ئاستێک له‌ ڕۆشنبیرییە لە پەیوەند بەم زانستەدا، بە دیاریکراوی خوێندنەوەی ڕەچەڵەکی چەشن ــ چارلز داروین و هەروەها لە بواری گه‌ردوونزانیدا. بابەتە زانستییەکانی ئەم کتێبە زۆر لەوە زێترە کە تەنیا لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی بێت دەربارەی ئاین. خوێندنەوەی و قسەوباس لەسەری، ئاستی ڕۆشنبیری خوێنەر دەباتە سەرەوە، کە ئەمە یەکێکە لە ئامانجەکانی نووسەر لە نووسینی ئەم کتێبەدا. دە ساڵ تێپەڕیوە بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبەدا، کەچی هێشتا قسەوباسی بابەتەکانی و کۆڕ و سیمیناربەستن لەم پەیوەنددا نەک هەر که‌م بۆتەوە، بەڵکو بە هۆی ئەو هەلومەرجەی سیاسییانەی هاتوونەتە ئاراوە، تاوێکی بە تینتری بە خۆیەوە گرتووە. مەبەستی منیش لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، بانگەوازە بۆ خوێندەنەوە و چەندبار خوێنەوەی ئەم کتێبە و کردنەوەی دەرگای قسەوباس و توێژینەوەی بابەتە زانستییەکانی. ‘وەهمێک’ لە پێشەکییەک و دە بەش پێکهاتووە، بۆ ناساندنی هەر بەشێک، کە بەشێوەیەکی سەربەخۆ بڵاو دەبێتەوە، من تەنیا ئاماژە دەکەم بە خاڵە سەرکییەکانی بەو هیوایەی کە هاندەر بێت بۆ خوێنەر بگەڕێتەوە بۆ کتێبەکە.

به‌شی یه‌که‌م
بێباوه‌ڕمه‌ندێکی ئاینیی تۆخ
هەوڵ نادەم خوایەکی کەسی بهێنمە بەرچاوی خۆم؛ ئەوەندە بەسە بە ترسەوە لە بەردەم پێکهاتی جیهاندا ڕابوەستین، تا ئەوهندهی ڕێگە دەدات، هەستی هەڵسەنگاندنی ناتەواومان بەرز دەینرخێنێت.
ئالبرت ئەنیشتاین

نوسه‌ر له‌ سه‌ره‌تای به‌شی یه‌که‌مدا، ئاماژه‌ ده‌کات به‌ بیروباوه‌ڕی چه‌ند بیرمه‌ند و زانای وه‌کو ئه‌نشتاین و هاوکینگ، کە لە ناو بابەتە زانستییەکانیاندا ئاماژیان بە ‘خوا’ کردووە. ئەمە بۆتە سەرچاوەی بە هەڵە لێکدانەوەی یه‌کخواگه‌ره‌کان، که‌ گوایه‌ ئه‌م بیرمه‌ندانه‌ بیرباوەڕی ئاینی یەکخواگەرییان هەیە. به‌و شیوه‌یه سەرلێشێوادنێکی ئالۆز دروست بووە. دیاره‌ ئه‌مه‌ش لە ئاکامی نەتوانینی جیاکردنەوەی ئەوەی پێی دەوترێت ئاینی ئەنیشتاینی لە ئاینی سروشتبەدەر. هەندێک جار ئەنیشتاین ناوی ‘خوا’ی بردووە به‌ڵام نەک ‘خوای کەسی’، بەڵکو ‘خوا’ بە واتا مەجازییەکەی، هەر شتێک کە بۆی ناڕوون بووە و لێیتێنەگەیشتووە بە ‘خوا’ ناوی بردووە. خوای ئاینەکەی ئەنیشتاین ‘هەمەخوایی’یە نەک ‘خوای کەسی’ هەر سێ ئاینە ئیبراهیمییەکە.

فیزیازانی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ (هەروەها ههندێک ئیسییستی تریش)، ستێڤین وینبێرگ لە خەونەکانی دوابیردۆزدا، ئاماژەی بەم خاڵە کردووه باشتر لە هەرکەسێکی تر:
هەندێک خەڵک بۆچوونگەلێکیان هەیە لەسەر خوا، کە زۆر بەرین و لاستیکییە، بەناچاری لە هەموو شوێنێکدا بۆی دەگەڕێن بیدۆزنەوە. کەسێک گوێبیست دەبێت، کە ‘خوا ئەوپەڕە (مطلقة)’ یان’خوا باشترین سروشتمانە” یان’خوا گەردوونە.’ بێگومان وەک هەر وشەیەکی تر، دەتوانین چۆنمان پێ خۆشە، وەها واتای وشەی’خوا’ لێک بدەینەوە. ئەگەر ویستت بڵێیت، ‘خوا وزەیە،’ ئیتر ئەوسا دەتوانیت خوا لە کڵۆیەک خەڵوزدا بدۆزیتەوە.
بێگومان وینبێرگ ڕاست دەکات، ئەگەر وشەی خوا بەتەواوی لەکار نەکەوێت، دەبێت بە شێوەیەک بەکار بهێنرێت، کە خەڵک بەگشتی تێی بگات: وەک نیشانەیەک بۆ ئافرێندەرێکی سروشتبەدەر بۆ ئەوەی’بۆمان گونجاو بێت بۆ پەرستن.’ ئەوە ڕوونە کە هەندێک لە زانایان لەناو نووسینەکانیاندا ناوی ‘خوا’ دەبن، هەر بەو واتایەی کە ئەنشتاینی لێرەدا ئاماژەی پێدەکات:

“من بێباوەڕمەندێکی ئاینیی تۆخم. ئەمەش بۆخۆی جۆرێکی تازەیە لە ئاین. هەرگیز سروشتم بە هییچ مەبەستێک یان ئامانجێک یان هەرشتێک نەزانیوە، کە بکرێت وەک شتێکی مرۆیی چاوی لێ بکرێت. ئەوەی من لە سروشتدا دەیبینم، پێکهاتێکی مەزنە، کە تەنیا دەتوانین بە شێوەیەکی ناتەواو تێیبگەین و ئەمەش وا دەکات، کەسی بیرکەرەوە هەست بە خۆبەزلنەزانی بکات. ئەمە هەستێکی ڕاستەقینەی ئاینییە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە خواناسییەوە نییە. بیرۆکەی خوای کەسی، تەواو بێگانەیە بە من و هەتا وا دەردەکەوێت بیرێکی ساویلکانە بێت.’
بۆ هەرچی زێتر ڕوونکردنەوەی ئاینی ئەنشتاینی، نووسەر وتەیەکی تری ئەنشتاین دەهێنێتەوە‌: “وا هەست بکرێت لەپشت هەر شتێکەوە کە بتوانرێت دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم بکرێت، شتێک هەیە مێشکی ئێمە ناتوانێت لێی تێبگات و جوانی و مەزنییەکەی تەنیا ناڕاستوخۆیانە پێمان دەگات و وەکوو ڕەنگدانەوەیەکی لاواز، ئەمە ئایندارێتییە. بەم واتایە، من کەسێکی ئاینیم.” بەم واتایە، نوسه‌ریش ده‌ڵیت، منیش کەسێکی ئاینیم، بەو مەرجەی ئەوەی ئێستا “لە توانای تێگەیشتن بەدەرە،” بەو واتایە نییە، کە “بۆ هەتاهەتایە شیاوی تێگەیشتن نییە.” بەڵام ئه‌و پێی باشە، بە خۆی نەڵێت ئاینی، چونکە ئەم شێوە بەیانکردنە بەهەڵەدابەرە. چەواشەکارێکی وێرانکەرە، لەبەرئەوەی بۆ زۆربەی هەرە زۆری خەڵک، ”ئاین” واتای “سروشتبەدەری” دەگەیەنێت. کارل ساگان لەلای خۆیەوە ئەمەی باش ڕوون کردۆتەوە:» … ئەگەر کەسێک مەبەستی لە (خوا)، کۆمەڵێک یاسای فیزیاوی بێت بۆ بەڕێوەبردنی گەردوون، ئاوا ئیتر ئاشکرایە خوایەکی وەها هەیە. ئیتر ئەم خوایە پێویستییە هەستییەکانمان بەئەنجام ناگەیەنێت… نابەجێ دەر دەچێت، نوێژ بۆ یاسای کێشی زەوی بکەیت.”

لە ئیسییزم؛ پێشەکییەکی زۆر کورتدا، جولیان باجینی پەیوەندیی ئیسییست بە سروشتخوازییەوە ڕوون دەکاتەوە: “زۆربەی ئیسییستان لەو باوەڕەدان، بەدیاریکراوی یەک جۆر شت هەیە لە گەردووندا، کە ئەویش مادده‌یە، بەڵام هۆش، جوانی، هەست، بەهای ڕەوشتی، لەو شتەوە دێت ــ بەکورتییەکەی، تەواوی ئەو دیاردانەی دەوڵەمەندی دەدەن بە ژیانی مرۆڤ. هەستی مرۆڤ، لە پێکەوەبەستنەوەی پڕئاڵۆزی ئێجگار زۆری قەوارە فیزیکییەکان لەگەڵ مێشک، سەرچاوە دەگرێت. بەم واتایە، ئیسییست لە بۆچوونی فەیلەسوفێکی سروشتخوازدا، ئەو کەسێکە لەو باوەڕەدایە، کە هیچ شتێک لە دەرەوەی سروشت، له‌ ده‌ره‌وه‌ی جیهانی ماددی بوونی نییە، هیچ بوونەوەرێکی زیرەکی ئافرێندەری سروشتبەدەر، لەپشت گەردوونی بەرچاو بەنهێنی نابزووێت، هیچ گیانۆکەیەک زێتر لە لەش ناژی و هیچ پەرجوویەک لەئارادا نییە، مەگەر ئەوەی دیاردەیه‌کی سروشتیی هەبێت، کە هێشتا تێی نەگەیشتووین. ئەگەر شتێک هەبێت، کە وا دەر دەکەوێت دەکەوێتە پشتی جیهانی سرووشتەوە، وەک ئەوەی کە تائێستا بەتەواوی تێینەگەیشتووین، ئومێدەوارین لە ئاکامدا تێیبگەین و بیکەین بە بەشێک لە سروشت. ئیتر پەلکەڕه‌نگینه‌ کەمتر بۆمان جێگەی پرسیارە، چونکە دەزانین لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت. هەموو شتێکی تریش هەر ئاوایە.”

ئەگەر بێتو بە وردییەکی زێترەوە تاووتوێی بیروبۆچوونەکانی ئەو زانا لێهاتووانەی ئەم سەردەمەمان بکەین، ئەوانەی کە وا باسیان لێوە دەکرێت ئاینی بن، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە وەها نین. بەدڵنیایییەوە لەپەیوەند بە ئەنیشتاین و هاوکینگدا هەر ئەمە دروستە. مارتین ڕیس، ئەستێرەناسی هاوچەرخ و بەرپرسی ڕێکخراوی پاشایەتی، وەک “بەریتانییەکی بێباوەڕ… وەک وەفادارییەک بۆ خزم و کەسوکاری’ دەچێت بۆ کڵێسا، نە وەکو ئەوەی بیروباوەڕێکی یەکخواگەرانەی هەبێت. هەروەها خۆی بە بەشدار دەزانێت لەو سروشتخوازییە هۆنراوەیییەی گەردوون لەنێو زانایانی تر و گەلێک ئیسییستی ڕۆشنبیردا هەیە، کە بە شانازییەوە بە خۆیان دەڵێن جوولەکە و پەیڕەوی مەڕاسیمی ئاینی دەکەن، کە لەوانەیە لە وەفادارییانەوە بێت بۆ دابونەریتی کۆن یان بۆ خزمانی کوژراویان، یان دەکرێت لەبەر ویستێکی ناڕۆشن و سەرلێشێواوانە بێت بۆ لێدانی مارکەی “ئاین” بەو ڕێزە هەمەخوایییە، کە گەلێک لە ئێمە خۆمان دەبینینەوە لەگەڵ دیارترین مرۆڤی بەتوانا، ئەلبێرت ئەنشتاین. لەوانەیە باوەڕیان نەبێت، بەڵام باوەڕیان بە باوەڕ هەیە.

هه‌روه‌ها له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و بۆچوونانه‌ی که‌ به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له‌ ناو کۆمه‌ڵگادا په‌یره‌و ده‌کرێن، و زۆربەی خەڵک قبووڵی دەکەن هەتا بەو کەسانەشەوە، کە دانوویان لەگەڵ ئاین ناکوڵێت ــ یەکێک لەو بۆچوونانە ئەوەیە کە باوەڕی ئاینی بەتایبەتی بەرگەنەگرە و دەبێت بپارێزرێت بە دیوارێكی ئەستووری نائاسایی لە ڕێز، جۆرێک لە ڕێز کە تەواو جیاوازە لەو ڕێزەی دەبێت هەر مرۆڤ هەیبێت بۆ مرۆڤی بەرامبەری. کە ڕێزێکی زۆر زێتر لە پێویست لە ئاین دەگیرێت، نابێت ڕه‌خنه‌ی لێبگیرێت. باشە بۆچی ئەمە ئاوایە، کە تەواو ڕەوایە لایەنگری بکەیت لە پارتێکی کرێکاری یان پارتێکی کۆنەپارێز، کۆماری یا دیمۆکراتی، ئەم مۆدێلە ئابوورییە لەبەرامبەر ئەوی تردا، بەڵام ئەگەر بۆچوونێک هەبێت لەسەر ئەوەی چۆن گەردوون دەستی پێ کردووە، لەسەر ئەوەی کێ گەردوونی دروست کردووە.. نا، ئەوە پیرۆزە؟… ئێمە وەها خوومان گرتووە، کە بیروباوەڕی ئاینی نەخەینە ژێر پرسیارەوە. ئاین لەلای کۆمەڵگا، زۆر زێتر و لەپێشترە لە ڕێز بۆ مرۆڤ.
له‌م به‌شه‌دا چه‌ند زاراوه‌یه‌ک به‌کارهاتوه‌، وه‌کو گەردوونخوایی، هەمەخوایی، یەکخواگەری، ….
گەردوونخوا بڕوای بە هۆشمەندێکی سروشتبەدەر هەیە، بەڵام کارەکانی لە چوارچێوەی دامەزراندنی یاساگەلێکدا بووە بۆ بەڕێوەبردنی گەردوون بە پلەی یەکەم. ئیتر لەپاش ئەوە خۆی بە دوور گرتووە لە هەر خۆ تێهەڵقورتاندنێک و بەدڵنیایییەوە، هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی نییە لە کاروباری خەڵکدا.

یەکخواگەر بڕوای بە هۆشمەندێکی سروشتبەدەرە، کە سەرەڕای کاری سەرەکیی ئافراندنی گەردوون لە سەرەتاوە، هێشتا لە جێگەی خۆی ماوە، چاودێریی دەکات و دەستکاریی چارەنووسی کاری سەرەتای خۆی دەکات. خەریکی کاروباری مرۆڤە. وەڵامی نویژکەران دەداتەوە؛ لە گوناهکاران دەبوورێت یان سزایان دەدات؛ لە ڕێگەی ئەنجامدانی پەرجووەوە، لە کاروباری جیهاندا خۆی هەڵدەقورتێنێت؛ مەراقی کاری چاکە و خراپە دەخوات و بەو پێیە مامەڵە دەکات.
هەمەخوایان بەهیچ جۆرێک بڕوایان بە خوایەکی سروشتبەدەر نییە، بەڵام وشەی خوا بەکار دەهێنن وەک وشەیەکی هاوواتای ناسروشتبەدەر بۆ سروشت، یان بۆ گەردوون، یان بۆ سستمی یاسایییەک بۆ بەڕیوەبردنی کارەکانی. گەردوونخوایان خۆیان جیا دەکەنەوە لە یەکخواگەران، بەوەی کە خواکەیان وەڵامی نوێژکەران ناداتەوە، گوێ نادات بە گوناهـ و داننان بە گوناهدا، مێشکمان ناخوێنێتەوە و هەوەسبازانە لە ڕێگەی پەرجووەوە خۆی هەڵناقورتێنێت. گەردوونخوایان خۆیان جیا دەکەنەوە لە هەمەخوایان، بەوەی کە خواکەیان جۆرێکە لە هۆشمەندێکی گەردوونی، وەک لەوەی هاوواتایەکی شاعیریانە یان مەجازییانەی هەمەخوایەک بێت بۆ یاساکان و گەردوون. هەمەخوایی ڕتووشکردنی ئیسییزمە. گەردوونخوایی هێزداچۆڕینی یەکخواگەرییە.

Previous
Next
Kurdish