Skip to Content

خواستی نه‌ته‌وایه‌تی و وویستی ئۆلیگارشی ….7…  نه‌جمه‌دین فارس حه‌سه‌ن

خواستی نه‌ته‌وایه‌تی و وویستی ئۆلیگارشی ….7… نه‌جمه‌دین فارس حه‌سه‌ن

Closed


به‌شی ‌حه‌وته‌م / هه‌شت به‌ش …..


ڕیفراندۆم و (un) و چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی:

“دروست بوون و پێکهێنانی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی وەك نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروا لەخۆڕا و بەڕێکەوت نەبووە. بەرەنجامی پێویستی سەردەمی خۆی بوو، چونکە جیهان دەرگیری نەهامەتیەکی گەورەی وەك جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم ببوو. قوربانیەکانی جەنگی دووەمی جیهانی بە (٣٥_٦٠) ملیۆن کەس مەزەندە دەکرا. “(59)

وەک لای هەموان ئاشکرایە نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان ڕێکخراو و دەزگایەکی جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانی ئیمپرالیزمی جیهانییە.بڕیارەکانی بەشێوەیەکی زۆر و گرنگتر، لەئەنجوومەنی ئاسایشی ئەو ڕێکخراوەوە دروست دەبێت و دەردەچێت و ئەسەپێنرێ و جێبەجێ دەکرێت. چونکە ئەو دەزگایەی ناو ڕێکخراوەکە پێنج ئەندامی هه‌میشه‌یی و سەرەکی و خاوەن ڤیتۆی هەیە، کە لەوڵاتانی وەك ئەمریکا و ڕوسیای فیدڕاڵ و چین و بەریتانیا و فەڕەنسا پێك دێت.

ئەم وڵاتانە باڵا دەستیان بەسەر ئاڕاستەکردنی سیاسەت و ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوە هەیە، بێ ڕەزامەندی ئەو پێنج ئەندامە هیچ بڕیارێك و پێشنیارێك ناچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەمانەش لەسیاسەتی دەزگا و دامەزراوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا و سەرۆکایەتی ووڵاتەکانیانەوە دەستنیشان دەکرێت , هەروەها بەنسبەت ڕووسیاشەوە لەدامەزراوەی دۆما و سەرۆکایەتیەکەیەوە بڕیار دەردەچێت، لەلایەکی ترەوە لەچیندا بەبێ سیاسەت و بیرکردنەوەی حیزبی شیوعی چینی هیچ بڕیارێك نادرێت، بۆ وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنساش ئەوانیش لە پەرلەمان و ئەنجومەنە تایبەت مەندەکانی بەرگری کردن لە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری ئەو ووڵاتانە ڕه‌زامه‌ندی دەرچوونی بڕیار و یاساو ڕێساکان و پێشنیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەن.

بەم پێیە ئەو یاسایەی دەردەچێت , دەبێت لەخزمەتی سەرمایەداران و خاوەن کارەکانی وڵاتەکانیان بێت و سوود و قازانجی بازاڕی کەلوپەلی سەربازی و هەموو کاڵاکانی ئەو ووڵاتانەی هەبێت , ئەگینا هیچ بڕیارێك دەرناچێت لەدەزگاو دامەزراوەی (UN) ەوە.

ئەو ووڵاتانە وەك کۆمەڵێك گورگی برسی وان، هەر بڕیارێك ئەیدەن دەبێت بەشەقازانجییان هەبێت. ئیتر بەخوێنی چەند کەس لە خەڵکی بێ چەك و چەکداری کۆمەڵگاکانی تر دەبێت یان نا. گرنگ لەلای ئەوان قازانجی ماددیی و سیاسی یە.

بەیانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ، خۆی سەرچاوەی دروستکردنی بێ مافی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە لەسەر ڕووی زەوی. چونکە خاوەنداریەتی تایبەت بە پیرۆزترین دەستکەوتی مرۆڤایەتی دەزانێت. ئەمەش بەپێوەر و لەژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیا و فکری لیبرالیزم داڕێژراوە، کە هۆکاری سەرەکی هەموو مەینەتیەکانە لە جیهاندا، بەشێکە و هۆکارێکە لە کۆیلەکردنی نوێی مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی ، ئیتر هەرجۆرێکی کۆیلە کردنی مۆدێرن بێت لە جیهاندا.

هەرلەبەر ئەوەیە ئەو دەزگایە ناتوانێت چارەسەری تەواوی هەموو کێشەکان بکات مەینەتیەکان لەسەر بەشێك لە مرۆڤایەتی کەم بکاتەوە، هەروەها ناتوانێت چارەی پرسی نەتەوایەتی بکات و وەڵامی بنج بڕی پێبداتەوە و ئەگەر بەرژەوەندی زلهێزەکانی تێدانەبێت ، نمونەی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەتی جاران و دابەشبوونی بۆ چەند دەوڵەتێك ، دەنگی وڵاتانی بەدەست هانیوو یان هەر قسەیەکی بچوکیان لەسەر دروست بوونی دەوڵەتەکان نەکردووە، باوەڕی تەواویان پێهێنان.

هەروەها دابەشبوونی هەندێکی تر لەو دەوڵەتانەی کەلەبەرەی هاوپەیمانی وارشۆ بوون. ئەگەر بەوردی کاریان بۆ هەڵوەشانەوەی نەکردبێت ئەوا ڕێگریش نەبوون لەسەربەخۆییان، جەنگی ماڵوێرانکەرییان تێدا بەرپا کردوون . لە لایەکی تر هەتا ئێستا دانیان نەناوە بەو ڕیفراندۆمەی کە ساڵی ( ئازاری/2014 ) لەهەرێمی قرمی ئۆکرانیان کراوە و خۆیان بڕیاریان لەسەر یەکگرتنەوەیان لەگەڵ ڕوسیای فیدراڵدا دا، واتە سیاسەتەکان و بڕیارەکانی (UN) ، دوو فاقی و بەپێی خواستی زلهێزەکانە نەوەکو لەگەڵ ئیرادەی خەڵکی ئەوناوچانەدا بن کەخواستیان لەسەر یەکگرتن ، یا جیابوونەوەیە لەو دەوڵەتانەی تیایدا دەژین یان دەیانەوێت یەکبگرن .

” بەشێوەیەکی گشتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە پێناوی جێبەجێکردنی ئەم پەرەنسیپانە دروست بووە، کە لەم چەند خاڵەدا کوورت دەبێتەوە: 1- ڕزگارکردنی نەتەوەکانی داهاتوو لە نەهامەتی جەنگ کە لەماوە و سەردەمی یەك نەوەدا ئازارێکی هێناوە بەسەر مرۆڤایەتیدا کەلەباسکردن نایەن (مەبەست جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم). بەڵام هەر لەدوای ئەمەو لەسەروبەندی دروست بوونی ڕێکخراوەکە. چەند جەنگێك ڕووی داوە ، وەکو جەنگی فەڕەنسا دژی ڤێتنام لەسەروبەندی ١٩٤٦ز ڕوویدا و تاساڵی (١٩٥٤ز)ی خایاند،دواتر پەلاماردانی ڤێتنام لە ساڵی 1957ز لەلایەن ئەمریکاو داگیرکردنی تا ساڵی ١٩٧٥ز خایاند ، جەنگی کۆریا و دابەشکردنی لەنێوان دوو زلهێزی ئەوکاتدا لە نێوان ئەمریکاو یەکێتی سۆڤیەتی جاران بوو کە لە (1950/6/25ز)ی دەستی پێکرد و لە(1953/7/27ز)ی کۆتایی هات و هەردوو کۆریای باکور و باشووری لێ دروست بوو. داگیرکردنی ئەفغانستان لە (1979/12/28) لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوە. جەنگی ئێران عێراقی ساڵەکانی هەشتای سەدەی ڕابردوو، هەروەها جەنگی داگیرکردنی کوه‌یت ساڵی ١٩٩٠دا لەلایەن عێراق و جەنگی هاوپەیمانان دژی عێراق لە ساڵی ١٩٩١ز بێجگە لەو جەنگەی کەبێ گوێدانە پەرەنسیپەکانی (un) ،ئەمریکا بەناوی داگیرکردنەوە پەلاماری عێراقی دا لەساڵی (٢٠٠٣ز)، بێجگە لەو جەنگانەی که‌ به‌نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرێت و لەبری ئەوان ئەنجام دەدرێت واتە لەبری زلهێزەکان. ئەمانە هەر هەمووییان کوشتاری مەلایین خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

یەکێکی تر لە پەرەنسیپەکان: ٢. جەخت کردنەوە لەسەر باوەڕهێنانەوەی گەلان بە مافە بنەڕەتیەکانی مرۆڤایەتی.

٣. دروست کردنی لێبووردەیی و پێکەوە ژیان لە ئاشتی و ڕێزگرتنی هاوسێیەتی دەوڵەتان.

٤. یەکخستنی هێزەکان بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

٥. دانانی بنەماکان و نەخشەکێشان بۆ مسۆگەرکردنی بەکارنەهێنانی هێزی چەکدار لە زیانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

٦. بەکارهێنانی ئامڕازە نێودەوڵەتیەکان بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی کاروباری کۆمەڵایەتی و ئابووری گشتی نەتەوەکان.” (٦٠)

بەڵام ئەمانە هەموو نوسراوی سەر کاغەزن و جێبەجێ نەکراون و هێزەکانی ناو(un) ، بەمەبەستی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بایانداوە و ڕێساوە چۆن ویستوویانە ئاوا مامەڵەیان لەگەڵ کردووە. هەموو ئەمانە هۆکارگه‌لێکی ترن لە مامەڵە نایاساییەکان و نایەکسان لەگەڵ نەتەوەکاندا.

زۆرێك لەلایەن و هەڵگرانی بیرو بڕوای جیاوازی چینایەتی ، نووسەر و بەناو توێژەرەکانیان ، گورگەکانی جیهان بەمەڕ ئەناسێنن، وەك فریادڕه‌س و پارێزەری بەرژەوەندیەکانی نەتەوەکان چاو لێ دەکەن، کەلەبنەڕەتدا بەرگری کردن لەبەرژەوەندی و ئەجێندای سیاسی و ئابووری دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیا و ناو ڕێکخراوی (un) نەبێت هیچ شتێکی تری لێ سەوز نابێت.

هەروەها ڕازیبوونە بە ڕێگا چارەسەرییەکانی سەرمایەداری جیهان . سیاسەتەکانی ووڵاتە زلهێزەکان بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی،بێجگە لە درۆیەکی شاخدار هیچی تر نییە، چونکە ئەگەر هەر کێشەیەك لەپرسی نەتەوایەتی بەدەستی ئەوانەوە بوبێت و بەناو چارەسەرییان کردبێت بێ کێشەو کەم و کورتی زۆر و گەورە نەبووە. هەروەکو ئەوەی کە لە باشووری سۆداندا ڕیفراندۆم لە ساڵی ( 2011ز ) کرا خەڵکەکەی ئێستا لەگەڵ ژیانێکی زۆر سەرەتایی و دواکەوتووی و هەژاری و قات و ‌قڕیدا ئاوێزانن. واتە چارەسەرییەکان و یان باوەڕهێنان بەدوا بڕیاری ڕیفراندۆمەکان بەپێی پێوەر و پێوانەی خۆیان بەکاری دەهێنن ، ئەگەر هێزێکی کۆمەڵایەتی و هۆشیار و چاوکراوە بە بەرنامەی لەناو ئەو کۆمەڵگایانەدا هێزیان نەبێت و دەستیان بەتەواوەتی گۆڕانکارییەکەوە نەگرتبێت. ئەوا بەو دەردە دەچێت کە باشووری سۆدان تێکەوتووە. یا ڕێ لە جیابوونەوە دەگرن ئەگەر ڕیفراندۆمیشی بۆ بکرێت هەروەکو ئەو باس و خواستەی لەجیابوونەوەی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا دەکرێت هەتا وڵاتانی ئەوروپاش ڕازی نین بەجیابوونەوەی ئەو هەرێمە لە ئیسپانیا، بێجگە لە هەڕەشەکانی سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا لەکاتی جیابوونەوەی ئەو هەرێمە بەڕیفراندۆمی خەڵکەکەشی بێت. هەموو کاتێك ، شەریعەتی چارەسەرکردن لەلای دەوڵەتانی سەرمایەداری بەپێی بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و بڕوای پێ دەهێنرێت. هەربۆیە ئەگەر ڕیفراندۆم لەهەر وڵاتێکدا لەژێر چاودێری (un) ئه‌نجام بدرێت ، ناتوانرێت بڕوا بەپاکی و بێ خه‌وشی ئەو ڕیفراندۆمە بهێنرێت. چونکە ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە سەربەخۆنییە و بڕیارەکانی لە زۆرترین کاتدا جێبەجێ ناکرێت و یان لەژێر کاریگەری هێزە کاریگەرەکانی ناو رێکخراوەکە دەبێت ، ئەویش ئەو دەوڵەتانەی کە پەیکەری ئابووری ڕێکخراوەکەیان ڕاگرتووە و بەهاوکارییە داراییەکانیان توانیویانە باڵ بکێشن بەسەر ئاڕاستەی دەرکردن و جێبەجێ کردنی بڕیارەکانیدا. ئەمە بێجگە لەوەی کە پێنج وڵاتەکەی خاوەن ڤیتۆی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو ڕێکخراوە چۆنیان بوێت ئاوا بڕیار دەردەکرێت یان ڕێگری لێ دەکرێت.

ئەوە گەمژەییە کە پێت وابێت (un) دەتوانێت چارەسەری بنج بڕی کێشەی نەتەوایەتی بکات.چەپەکان چاوێکیان لەڕێگەچارە و سەرپەرشتی ڕیفراندۆمە لەلایەن (un)ەوە بۆ بڕیاری جیابونەوەی هەرێمی کوردستان لەدەوڵەتی عێراق ، ئەمانیش هەمان بڕوای ئۆلیگارشیەکانی ناو هەرێمیان هەیە . هیچ جیاوازییەکی بەرچاو و دیار نابینێت لەنێوان حیزبە چەپەکان و ڕاستەکاندا، لەبارەی پرسێکی چارەنووس سازی وەك جیابوونەوەی هەرێم لە عێراق. حیزبە ئۆلیگارشیەکانی هەڵگرانی خواستی حوکمی زاتی و مافی چارەنووسە درۆزنەکانیان لەگەڵ دیدی حیزبە چەپەکان هاوڕاو جووتن.

لەلایەکی تر چەپەکان لە ئێران ، هەمان بۆچونیان هەبووە لەڕابردودا ، وویستویانە چارەنووسی گەلی کوردیان بەهەمان دیدی ڕیفراندۆم بازەکان دیاریبکەن. ئەڵێن ” حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری خوازیاری چارەسەری دەم و دەستی مەسەلەی کوردە لە ئێراندا، ئەویش لە ڕێگای ڕیفراندۆمێکی ئازادەوە لەناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای ئێران بەچاودێری سەرچاوە ڕەسمی یە نێو نەتەوەییەکان . ” (٦١) ئەگەر بە پێوەرێکی مارکسییانە ئەو پەرەگرافە لێك بدەینەوە ئەوا فڕی بەسەر بۆچوون و دیدگایەکی مارکسیستیانەوە نییە هەڵئێنجاوی دیدگا و بڕوای لیبرالیزمی سەرمایەدارییە. لەبەر ئەوەی ڕیفراندۆمی ئازاد تەنها لە سیستەمێکدا بەرجەستە دەبێت کە ئازادی و یەکسانی فەراهەم کردبێت لە کۆمەڵگادا. ئەگینا پڕۆسێسێکی لەو شێوەیە، لە کۆمەڵگایەکی دیکتاتۆری و لەژێر چاودێری ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی وەك (un) دا ، ناتوانێت وەك خۆی و بێ یاری پێکردنی ئەنجامەکان و بێ گرفت تەواو ببێت چونکە ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لەپێناوی بەرجەستەکردنی ئەو پەرەنسیپانەدا پێك هاتووە، بەڵام هەتا ئێستاش نەیتوانیوە لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دەوور و کاریگەری پۆزەتیڤانەی هەبێت، هەلومەرجی ژیانی کۆمەڵگاکان بەرەو باشتر ببات و کۆتایی بە نەهامەتیەکان بهێنێت. باشترین نمونە بۆ جێبەجێ نەبوونی تەواوی پەرەنسیپەکانی (un) ئەو ژمارە ترسناکەی مرۆڤی کۆیلەیە لەسەرتاسەری دنیا کەبە ٤٦ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت ، ئەو سه‌رژمێری و ڕوپێوییە لەلایەن ڕێکخراوی (walk free) ی یەوە لەسەرتاسەری دنیادا ئەنجامی دابوو ، لەساڵی ٢٠١٦دا ڕێژەی ٢٨% زیادی کردبوو لەچاو ساڵی ٢٠١٤دا .ئەم ڕاپۆرتەی ئەو ڕێکخراوە لە ١٦٧ وڵاتدا لەڕێگەی چاوپێکەوتن و پرسیارکردن لە ٤٢هەزار کەس بە ٥٣ زمانی جیاواز کراوەو دەست نیشانی ژمارەی کۆیلەکانی پێ کراوە. ئەو پێوەرەی کە ڕێکخراوەکە دایناوە بۆ کۆیلایەتی بریتییە لە ڕفاندنی مرۆڤ و بازرگانی پێوەکردنیان، کاری زۆرەملێ، بەسەربازی کردنی منداڵان، قەرزداری، هاوسەرگیری بەزۆر و پێش وەخت، لەخشتەبردن و بازرگانی جنسی، کاری له‌ش فرۆشی ، هەروەها هەموو ئەو یاسایانەی کەدژ بەمافەکانی مرۆڤن ، لەلایەن وڵاتانەوە دەردەچێت.(٦٢)بەمەرجێك یاسای کۆتای هێنان بەکۆیلایەتی کاتی خۆی لە ٢٥ئەیلوول/سبتمبر١٩٢٦ لە جنێف واژۆی لەسەر ڕێکەوتن نامەیەك تایبەت بە کۆیلایەتی لەڕێکخراوی کۆمەڵەی گەلان کرا، وە جارێکی تر لەبارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرك لە ٧کانوونی یەکەم/دیسمبری١٩٥٣ بڕیاری لەسەردرایەوە، بەهەندێك گۆڕانکاری و چاککردنەوەی شێوەی دەربڕینەکانەوە ، هه‌موارکرایه‌وه‌ ، لە ڕۆژی ٧تەمووز/یولیۆ١٩٥٥ چووە بواری جێبەجێ کردنەوە لە لە (١٢) ماددە پێكهاتبوو. (٦٣)ئامارەکان خۆیان ئەدوێن ، ڕێکخراوێك ئەمە حاڵی بێت ، چۆن دەتوانێت سەرچاوەی چارەسەری بێت و سەرپەرشتی جیابوونەوە یا ڕیفراندۆم بکات؟!

چەپ ئەگەر بڕوای وابێت (un)، دەتوانێت چاودێری لە ڕیفراندۆم بکات و توانای بڕیاری جیابوونەوەی نه‌ته‌وه‌و دەوڵەتەکانی هەیە، دیدێکی نالۆژیکییە ئەو ڕیفراندۆمانەی کەلەسەردەمی سەرمایەداریدا دەکرێت (un) یش چاودێری دەکات و بڕیاری دروست و نادروست دەدات، باشتر نابێت لەهەموو ئەنجامانەی کە هەتا ئێستا لەپڕۆسیسی ڕیفراندۆم، لە ناوچە و ووڵاتە جیاوازەکانی جیهاندا ئەنجام دراوە. چونکە هەموو ئەو چەواشەکاریانەی وڵاتانی ناو ڕێکخراوەکە ئەنجامی دەدەن ، بەبەرژەوەندی زلهێزەکان ئەنجامەکەی دەگۆڕێت.

” مافی نەتەوەکان لەبڕیاردانی چارەنووسی خۆی، بەمانا سیاسیەکەی، مانای تەواوەتی مافی نەتەوەکانە، لەسەربەخۆیی لەسەربەستی جیابوونەوەی سیاسی لەو نەتەوەیەی کەستەم کار و باڵا دەستە. وە ئەو داواکارییە کە دیموکراتی سیاسی بانگەوازی بۆدەکات، مانای کرداریەکەی بریتییە لەسەربەستی تەواو لەهاندان بەمەبەستی جیابوونەوە و چارەسەر کردنی پرسی جیابوونەوە بەڕاپرسی ئەو نەتەوەیە کەداوای دەکات. بەو شێوەیە ئەو داواکارییە لەهیچ شتێکدا هاوشێوە نییە لەگەڵ داواکاری جیابوونەوە و دابەشکردن و دروستکردنی دەوڵەتی بچووك. بەڵکو تەنها دەربڕینێکی ڕاست و دروستی گونجاوە لەگەڵ خەبات کردن دژی هەموو چەوساندنەوەیەکی نەتەوەیی . ” (٦٤) ئەم بۆچونەی لینین لەبارەی ڕێفراندۆمەوە ئەوە دەردەخات بەرنامە و دیدگای چەپ و ڕاست یەك ئامانج و ناوەڕۆکن. نە چەپ هەڵگری بەرنامەو پەرەنسیپێکی شۆڕشگێڕی و چارەسەری کێشەی نەتەوایەتییە لەم هەرێمەدا، نەلایەنە ڕاست ڕەوەکانیش بەئیسلامی و بەناو عیلمانیەکانەوە، هەوڵیان لەپێناوی بنبڕکردنی کێشەی نەتەوایەتییە، هەربۆیە چەپ و ڕاست لەم هەرێمەدا بەئاسانی ناتوانیت لێکیان جیابکەیتەوە. چونکە ئەو چارەسەرییەی کەلەڕێگەی (un) وە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ پرسی نەتەوایەتی کورد لەعێراقدا ڕەچاوی دەکەن لەلایەن چەپەوە، ئەنجامگیریەکەی هەمان بۆچوونی حیزبەکانی ترە کەڕیفراندۆم بەسەرچاوە و ڕێگە چارەی كێشەی نەتەوایەتی و دروست بوونی دەوڵەتی پێ دەبینن. مێژووی ئەو ڕێکخراوە مێژوویەکی لەنگە لەچارەسەری پرسی نەتەوایەتی لەجیهاندا. لەدوای هەڵوەشانەوەی بلۆکی ڕۆژهەڵات و کۆتایی هاتنی جەنگی سارد،(un) وویستی ڕێکخراو و دامەزراوەیی چارەسەری کۆتایی هێنانی کێشە نەتەوایەتییەکان بێت، بەڵام نەیتوانی ئەو ڕۆڵە بگێڕێت. هەروەکوو ئەو کوشتارەی کە لەجیابوونەوەی بۆسنی و هەرسکییەکاندا کەوتەوە، زۆر نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، ڕێکەوتنەکانیشیان بەئاوارەبوونی ملیۆنێ خەڵك کۆتایی پێهات. لەکێشەی چیچانیەکان لەگەڵ ڕوسەکاندا چارەسەریەکان بەبەرچاوی (un)ەوە بەکاولکاری و تووندبوونی زیاتری گیانی دەمارگیری نەتەوایەتی لەنێوان ڕووسەکان و چیچانیەکان کۆتایی هات. ئەمەشیان پەیوەندی بەدەسەڵاتی یەکێك لە پێنج هێزەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی (un) ەوە هەیە کەخاوەن ڤیتۆو چەکی ئەتۆمین لەجیهاندا. یەکێکی تر لەو دەوڵەتانەی کەبەڕیفراندۆم سەربەخۆییان ڕاگەیاند باشووری سۆدان بوو، بەڵام نەیتوانی جیابوونەوە وەڵام بەژیان و پێداویستییەکانی دانیشتوانی باشووری سۆدان بداتەوە.

ئەمەش بەو مانایە نییە کەجیابوونەوەی نەتەوەیەك لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە بدەیتە دواوە، لەکاتێکدا ڕیفراندۆم بتوانێت چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی بکات بەڵام (un) و ئەو هێزانەی کەلەناو هەرێمدا هەن و ئیدیعا و بانگه‌شه‌ی چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی، لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە دەکات درۆیەکی گەورە لەگەڵ خەڵکدا دەکەن و سیاسەتی دیماگۆجیانەی ئەوانە بەئاڕاستەی خۆدزینەوە لەبڕیاری بنج بڕی چارەسەری کێشەی نەتەوایەتییە. گەوجاندنی خەڵك و پێ کوتەکردنیانە لەناو هەلوو مەرجێکی تەم و مژاویدا، بەئاڕاستەی خزمەتکردنی خواست و ویستی ئۆلیگارشیانە یانە لەسەر ئاستی هەرێم و لەعێراق و لەسەر ئاستی ناوچەکەشدا.

لەزۆرترین کات و لەهەلوو مەرجە جیاوازەکاندا، ناتوانیت بەرنامەی چەپ و ڕاستی کۆمەڵگای کوردی و عێراقی و ئێرانی لێك جودا بکەیتەوە. ئەمەش لەو بڕوایەی ڕابردووی چەپدا دەردەکەوێت، لەئێستاشدا هەمان بڕوایان هەیە و بەو ستراتیژەوە پابەندن کەدەڵێت ” ئەم ڕیفراندۆمە دەبێت بەدەرچوونی هێزە سوپاییەکانی دەوڵەتی مەرکەزی و دابینکردنی ماوەیەك بۆچالاکی ئازادانەی هەموو حیزبە سیاسییەکان لەکوردستاندا ئەنجام بدرێ تا لەو ماوەیەدا جەماوەری خەڵکی بەبەرنامەو سیاسەت و بۆچوونی خۆیان لەڕیفراندۆمەکە ئاشنا بکەن. ” (٦٥)ئەم بۆچوونەی چەپی ئێران، هاوجووت و هاوڕایه‌ لەگەڵ بۆچوونەکانی چەپی عێراق و کوردستان ، هەروەها بووەتە سەرچاوەی بیرو بۆچوونەکانی بەشێك لەچەپی کوردستانی عێراق. ئەمەش لە ئێستادا هاوڕای سیاسەت و بەرنامەکانی توێژی ئۆلیگارشی دەسەڵاتە لەهەرێمی کوردستاندا. ناوەڕۆکی ئەو بۆچوونانە، جیاوازنابێتەوە لەگەڵ سیاسەتی ئۆلیگارشی و مشەخۆرانی سەربازی و خێزانی و خێڵەکیانەی هەموو دەسەڵاتداران.

هەموو حیزبەکانی خێزانی ئۆلیگارشی دەسەڵاتداران و دەرەوەی هاوئامانج و هاو سیاسەتن، لەبەرامبەر بڕوا بوون و نەبوون بەڕیفراندۆم. هەروەکو لینین دەڵێت ڕیفراندۆم تەنها دەربڕینێکی ڕاست و دروستی گونجاوە لەگەڵ خەباتکردن دژی هەموو چەوساندنەوەیەکی نەتەوەیی لەبەر ئەوە ناکاتە هەڵوێست و کرداری لەخۆبووردوانەی دژی جیاکاری نەتەوەیی و چارەسەری بنج بڕی پرسەکەی. ڕیفراندۆم ناتوانێت بەتەنها کۆتایی بەچەوسانەوەی نەتەوەیی بهێنێت وەهەروەها ناتوانێت کۆتایی بە چەوساندنەوەی چینایەتیش بهێنێت، کەسەرچاوەی دروستکردنی چەوساندنەوەی نەتەوەییە، چونکە ناتوانێت کۆتایی بەدەسەڵاتی سەرمایەداری بهێنێت. ناتوانێت دەزگای سەرکووت و چەوسانەوەی دەوڵەت کۆتایی پێ بهێنێت. ڕیفراندۆم وەك ململانێیەکی نەرم دەبینرێت، لەنێوان بەرژەوەندییە جیاوازەکانی سیاسی و سەربازییەکانی دەسەڵاتی ئۆلیگارشی نەتەوەکان، لەپێناوی قازانجی زیاتردا، نەوەکو وەڵام دانەوەبێت بە داخوازی مافی یەکسانی نەتەوەکان. بەنەتەوەی کورد و عەرەب و فارس و تورکەوە.

خۆشباوەڕی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کەپێت وابێت گوایە بێ ئەوەی دەست بدەیتە کاری شۆڕشگێڕی دەتوانیت خواست و وویستی نەتەوەی ژیردەستە بەدی بهێنێت. لەهەموو هەلوو مەرجەکاندا ناتوانرێت دەنگدان بەتەواوی و بێ سانسۆر و ترس و لەرزی خەڵک لەدەسەڵات و هێزە سەرکووت کەرەکانیان ئەنجام بدرێت. هەروەها ناتوانرێت وەکو هەڵوێستی کرداری چاولێبکرێت لە ڕابردوو لەئێستادا، هێزی چەکداری حیزبەکان لەچوارچێوەی هێزێکی سەر بەحکومەت و دەوڵەت ڕێکنەخراون و چەکداری حیزبەکان بۆ ئەوە هێشتویانەتەوە هەڕەشەی لەیەکتر پێ دەکەن. لەبەر ئەوە نە (un) ئەتوانێت و نە حیزبەکانیش ئەیانەوێت ئەو هێزە چەکدارانە بخەنە ژێر ڕکێفی حکومەت و لەدامەزراوەیەکی سەربازیدا ڕێک بخرێن.

هەموو ئەو هێزانەی کەلەژێر هەژموون و ڕێنوێنی حیزبدان لەپێناوی بەرژەوەندی توێژی ئۆلیگارشی سیاسی سەربازی سەرانی حیزبدا بەکاردەهێنرێت. هەروەها پاڵپشت و هیوای دەوڵەتە گەورە ئیمپریالیستەکانە بۆ لێدان و سەرکووتکردنی بزوتنەوەی چینایەتی کرێکاران و ئەگەر بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی زانستی سەردەربهێنێت، سەرکووتیان بکەن. چونکە ئامانجی سیاسی و ئابووری و دەسەڵاتدارانی ئۆلیگارشی لەهەرێمدا لەپێناو پاراستنیاندا پێویستیان بەپاڵپشت و بەرگریکارێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە. واتە هەردوولا دەبنە لازم و مەلزومی یەکتری هەر وەکو ” دەوری ئامارەت داری، ئەم دەورەش ڕۆژێك بوو کە ئەمارەتەکانی ((ئەردەڵان)) و ((بابان)) لەوڵاتەکانی ئەردەڵان و موکریدا دەنگیان دەدایەوە.

بەڵێ دەورەی ئەمارەت داری وە نەبێ تەنها هەرئەو دوو دەورەیە بوو بێت گەلێکی تر هەبوون وەکوو: ئەمیرەکانی پاڵنگان، مایدەشت، بانە، زەنگنە، دونبوولی، شیروانە، میافارقین. وە وەکو حاکمەکانی برادۆست، جەزیرە، بادینانی،لوڕ، شارەزوور و دینەوەر، دیاربەکر و گەلێکی تریش. ئەمانە هەبوون و هەردەستە و بەرە بابێك لە وڵاتی خۆیدا ناوێکی دەرکردووە، تەنانەت هەندێك لەمانەش خوتبەیان بەناوی خۆیانەوە خوێندۆتەوە بەڵام ماوەی درێژبوونەوەی دەسەڵاتیان وەنەبێ ئەوەندە زۆر بووبێت کەبتوانرێ بەدرێژی دەسەڵاتەکەیان باس بکرێن. ئەمە و دیسان حوکم و ئەمارەتەکانیشیان زیاتر بەسترابوو بە حوکمەتە گەورەکانی تری وەختەوە، وەکوو حوکومەتی ((سەفەوی)) و حوکومەتی ((عوسمانی)). هەست و شعوری ئەو دەورەش وای پیشان ئەدا کە مایەی شانازییە ئەگەر یەکێك خۆی ببەستێ بەیەکێك لەو دوو حوکمەتەوە ئەمەش لەبەرئەوە بوو کەدەسەڵاتی فەردی مەبەست بوو لەو ڕۆژەدا نەوەك دەسەڵاتی ئیجماعی و کۆمەڵی. ئەمیر تەنها ئەوەی لە دڵا بوو کە ناوی[ئەمیر]ی هەبێ و ئەمیر بێ بەسەر هەندێکەوە، ئەمە بۆ ئەو ڕۆژەی ئەو، لای وابوو پڕبەپێستیەتی! ” (٦٦) هێزە کوردیەکان و حیزبەکانیان لە ئێستادا سیاسەت و خواستی ڕابردووی ئەمارەتەکان و ئەمیرەکانی تێنەپەڕاندووە و دڕی نەداوە بەو سیاسەتەی ڕابردووی ئەوان.

هەموو ئەو چارەسەرییانەی کەبەرنامەکانی حیزبە نەتەوەیی و ئۆلیگارشی و بۆ رژوالیباڵەکان بۆ مافی نەتەوەکان هەیانە، ناتوانێت مافی یەکسانی نەتەوەکان بەرجەستە بکات، خواست و ویستی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوەی ژێردەستە بەدەست ناهێنێت.

لەجیاتی ئەوەی چەپ بەڕەی ژێر پێی ئیمپریالیزم و سەرمایەداران دەربهێنێت لەڕێگەی بڕوا بوون بەچارەسەرییەکەیان بەڕەی ژێر پێیان زۆر جوانتر و مۆدێرن و تیسکن و ڕەونەقدارتر و نەرمتر دەخەنە ژێر پێی (un) و سەرمایەداران و توێژە ئۆلیگارشییەکەیەوە.چونکە حیزبەکانی چەپ و ڕاست، هەریەکە بە بڕوبیانوویەك و بەناوی هۆکارێك پێکوتە بەخواست و وویستی خەڵك دەکەن، لەجێگایەکدا ڕایان گرتووە، ئەو پرسەیان بە ئایندەیەکی نادیار دەسپێرن و بازرگانی سیاسی و ئابووری پێوە دەکەن، هەریەکە بەیت و بالۆرەیەکی بۆ دەڵێتەوە. هەر بۆیە پرسی نەتەوایەتی کورد لەعێراق و ئێران و تورکیا و سوریاشدا هیچ حاڵەتێك قبووڵ ناکات، بێجگە لە جیابوونەوە، چونکە ئەو هەلومەرجە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەی کەلەڕابردوو لە مێژوودا هەیبووە ئەو بەرز و نزمی و گەرم و ساردەی کە پیایدا تێپەڕبووە لەگەڵ نەتەوەکانی تردا، تەنها قبووڵی جیابوونەوە دەکات ، ڕێکخستنی لەژێر سایە و سێبەری سیستەمێکدا، کەمرۆڤەکان بەیەکسانی و بەئازادی تیایدا بژین.

بەرنامەی چەپ لەڕابردوودا هاوڕا دەبێت لەگەڵ بەشێك لەحیزبەکانی تر لە سەرەتاکانی ساڵانی دووهەزار بەدواوە دەڵێت ” حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەهەر قۆناغێکدا تەنیا لە حاڵێکدا ڕا لەسەر جیابوونەوەی کوردستان دەدات، کەئەگەر دڵنیا بێ ئەم هەڵوێستە مافی مەدەنی پێسڕەوتر و پێگەی ئابووری و پێوەندی کۆمەڵایەتی یەکسانتر و زامنتر بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان لە کوردستاندا دابین دەکات . ” (٦٧) تەنها کات کەتیایدا مافی یەکسانی نەتەوەکان دابین دەبێت سیستەم و سەردەمی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستییە . بەڵام کاتێك کە پرسی نەتەوایەتی برستی بەخەباتی چینایەتی بڕیووە و بیروهۆشی ئەو خەباتەی بۆلای خۆی په‌لکێش کردووە، ئیتر هیچ شتێك ئەوەندە گرنگ نابێت، کە ئەو نەتەوەیە سەربەخۆیی و سەربەستی خۆی بەدەست بهێنێت، جا ئەمە ئیتر بۆ رژوازی و پارتەکانیان دەیکەن، یاخەباتی کرێکاران کۆتایی پێدەهێنێت و پرسێکی لەو جۆرە لەکۆمەڵگادا شوێنەواری دیاری نامێنێت . واتە ئەو كێشەیەی بەشێوەیەکی زەق و دەرپەڕیوو دەبێتە لەمپەری خەباتی چینایەتی و دژایەتی چینایەتی لەنێوان کرێکاران و بۆرژوازی و سەرمایەداراندا، پایە و بەهای نامێنێت ئیتر دژایەتییە بنەڕەتیەکەی کۆمەڵگا ترۆپکی خۆی دەگرێت. ڕاستە کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژاران لەسەر دەستی بۆژوازی و سەرمایەداران ناگەنە ژیانێکی شایستە لەدەوڵەتی تازە دروست بوو نەتەوەکەیاندا، بەڵام هەر هیچ نەبێت ئیتر ئاڕاستەی تێکۆشان و خەباتیان بەبای شەنی سەرمایەداراندا نابێت، ئیتر خزمەت بەخەبات و ئەرکی مێژووی خۆیان دەکەن. لەنێوان هەردوو بەرداشی بۆرژوازی نەتەوەیی سەردەست بۆرژوازی ژێردەستەدا ناهاڕێن. نابنە کۆیلەی بیر و بەرژەوەندیەکانی دەسەڵات و پارتە سیاسیەکانی ئۆلیگارشی ئابووری و سەربازی خۆ ووڵاتیان و گاڵتە بە مقەدەرات و چاره‌نوس و ئاسۆی ژیانیان ناکرێت بەناوی ڕزگاری نیشتیمانی و نەتەوەییەوە بۆماوەیەکی درێژتر و زیاتر ناخرێنە ناو وەهمی نەتەوە پەرستی و بەرژەوەندییەکانی هەڵگرانیەوە. کاتێك دەوڵەت لەسەر دەستی سەرمایەداران و بۆرژوازی دروست دەبێت، یا جیابوونەوە ڕوودەدات لەدەوڵەتێکی تر، هیچ لەوە باشتر نابێت کە لەدوای ساڵی ١٩٩١ز دەوڵەتی ئۆکرانیا لەیەکێتی سۆڤیەتی جاران جیابوونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆیان ڕاگەیاند، حاڵ و گوزه‌رانی خەڵکی ئەو وڵاتە بەهەموو چین و توێژەکانیەوە بەدەست کۆمەڵێك و توێژێکی بچووکی سیاسی ئۆلیگاریشی ئەو ووڵاتە و سیاسیانی جیاخواز و دەوڵەت چیەکانیان دەناڵێنن. ئەوانە هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤانەیان لەگەڵ هیچا هاوتا کردووە و هاووڵاتی ووڵاتەکەیان خستۆتە بەردەستی سیاسەت و ئامانجی ئابووری و وڵاتانی زلهێزی وەکو ڕووسیا و ئەمەریکاوە، لەپێناوی بەرژەوەندییەکانیاندا خەڵکی خۆیان کردۆتە قوربانی. دروست بوونی دەوڵەتی نوێ، پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی چینی کرێکار دەگۆڕیت، پەیوەندی دژایەتی نێوان کرێکارانی نەتەوە جیاوازەکان دەبێت بەهەماهەنگی کاری پێکەوەیی و خەباتی ئەنتەرناسیونالیستی کرێکاران دژ بە سەرمایەداری و سیستەمەکەیان.

” وەڵامدانەوە بە (نەخێر یان بەڵێ) لەسەر مەسەلەی جیابونەوەی هەر نەتەوەیەك بەتەواوەتی داواکاریەکی کرداری دیارە. بەڵام لەڕاستیدا لەڕووی تیۆری داواکاریەکی بێ بەهای میتافیزیکی یە، کەلەڕووی کردارییەوە دەبێتە ملکەچکردنی پرۆلیتاریا بۆ سیاسەتی بۆژوازی. بەبێ هیچ مەرج و کۆت و بەندێك، هەموو کات بۆرژوازی داواکارییە نەتەوەییەکان دەخاتەوە پێشەنگی ئامەنجەکان. لەکاتێکدا کە ئەو داواکارییانە لەڕوانگەی پرۆلیتاریاوە ملکەچی بەرژەوەندی خەباتی چینایەتییە.پێشتر لەڕووی تیۆرییەوە ناتوانرێت دووپات بکرێتەوە، کەبەوە جیابوونەوەی ئەو نەتەوەییە، یان یەکسان بوونی لەمافەکاندا لەگەڵ نەتەوەیەکی تر، دەبێتە هۆی ئەنجامدانی شۆڕشی بۆرژوازی دیموکراتی، ئەوەی گرنگە لەلای پرۆلیتاریا کەلەهەردوو بارەکەدا دابینکردنی گەشەی خەباتی چینەکەی بێت ، بەڵام بۆرژوازی گرنگی ئەدات بەدروست کردنی لەمپەر لەبەردەم ئەم گەشەیەدا، بەوەی ئامانجەکانی بخاتە دوای ئامانجەکانی نەتەوەکەی. لەبەرئەوە پرۆلیتاریا خۆی ئەبینێتەوە لەداواکاری داننان بە مافی چارەنووسی بەشێوەیەکی نەرێنی ئەگەر ئەم دەربڕینە ڕاست بێت، بێ ئەوەی گرنتی (مسۆگەری) هیچ شتێك بکات بۆ هەر نەتەوەیەك، وەبێ ئەوەی هیچ پەیمانێك بدات بەپێدانی هیچ شتێك لەسەر شانی (حسابی) نەتەوەیەکی تر. ” (٦٨) لەحاڵەت و دۆخی چارەسەری ئیمپریالیستیانەی هێزە نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی کرێکارانی نەتەوەکان مافی یەکسان و هەمەئاهەنگی سیاسی و چینایەتی و کۆمەڵایەتیان بۆ فەراهەم ناکرێت، پێگەی ئابووری وسیاسی و کۆمەڵایەتی جیاوازیان بۆ ئەخوڵقێنن، دژایەتی و ڕووبەڕووبونەوەیان دژبەیەك درێژە پێ دەدەن و لەگەڵ دوژمنایەتی کردنی یەکتری ئاوێزانیان دەکەن. هەروەها بیر و بۆچوونی چەپ و ڕاست لەهەرێمی کوردستان سیخناخە لە قسە و باس و دەربڕینی لاستیکیانە و هەڵوێستیان هاوتای هەڵوێست و دیدگای لیبرالیزمی ئەوروپی و ئەمریکییەو دوورە لەچارەسەری بنەڕەتی پرسی نەتەوایەتی. ئەوەش خەون و خەیاڵی چەپی گەیاندووە بەو ئاستەی کە چەك کردنی هێزەچەکدارەکانی ناو هەرێم بسپێرێت بە ڕێکخراوی (un) و بیر لەکردەوە و هەڵوێستی شۆڕشگێڕی خەڵك و هێزی زەحمەتکێشی خۆ و وڵاتی نەکرێتەوە. ئەمەش سپاردنی هەوڵ و باری شۆڕشگێڕی چینێکی شۆڕشگێڕی کۆمەڵگایە بەهێزە گەورەکانی جیهان و سیاسەتەکانیان. ئەو هێزانەش ئەگەر لەڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە یا بەهۆی کردەوە و سیاسەتی تاكڕەوییانەوە بێت ئاڕاستەی سیاسەتی ناوچەکە بەبەرژەوەندی ئامانج و سیاسەتی ئابووری خۆیان ئەشکێننەوە چەقی ئاڕاستەکردنیان پێچەوانەی خواست و وویستی چارەسەری پرسی نەتەوایەتی یە. لەزۆرترین حاڵەتدا دژایەتی دەکەن و دابەشبوونی کار و سەرمایە لەجیهاندا لەبەر خاتری نەتەوەیەك یان چەند نەتەوەیەك ناگۆڕن، ئەگەر کاریگەری خەبات و تێکۆشانی چینی کرێکار و شۆڕشەکانیان لەسەر نەبێت. سیاسەت و ئامانجەکانی (un) هەمان سیاسەت و ئامانجی بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی یە، ئامانج و سیاسەتیان قڕکردن و برسی کردنی خەڵکی جیهانە، لەپێناوی کەڵەکە بوونی سەرمایەی زیاتر بۆ سەرمایەدارە گەورەکانی خاوەن پشك لەئابووری جیهان و ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیانەدایە.

” بەڵام ئەوەی کە بۆژوازی هەموو نەتەوەیەك پێویستی پێیەتی، بریتییە لەگرنتی بەرژەوەندییەکانی بەبێ گرنگی دان بە بارودۆخی نەتەوەکانی تر (تەنانەت ئەگەر لەسەر شانی ئەو بێت).

گرنگترین و تایبەت ترین شت لەلای بۆژوازی بریتییە لە (توانای بەدەست هێنان)ی داواکارییەکی دیاریکراو بەخۆی ئەمەش بەبەردەوامی پاڵی پێوە دەنێت بۆ گرتنەبەری سیاسەتی سازش کردن لەگەڵ بۆژوازیەکانی نەتەوەکانی تر لە سەر شانی پرۆلیتاریا. بەڵام پرۆلیتاریا ئەوەی لای گرنگە چینەکەی بەهێز بکات لەبەرامبەر و دژی بۆژوازی، وەجەماوەر پەروەردە دەکات بەگیانێکی گونجاوی دیموکراتیانە و بەڕۆحێکی سۆشیالیستیانە.

لەوانەیە ئەمە شتێکی (کرداری) نەبێت بەبۆچوونی هەلپەرستەکان، باوابێت. لەکاتێکدا ئەوە لەڕاستیدا تاکە گرنتییە بۆ دابین کردنی گەورەترین بەش لەیەکسانی نەتەوەیی و ئاشتی نەتەوەیی، هەروەها ئەگەر دەرەبەگایەتی و بۆرژوازی متووربەکراو بەڕۆحی تووند ڕەوی نەتەوەیی نەیەوێت. ” (٦٩) لەبەر ئەوەیە، شورای کرێکاران ، تاکە دەزگای دیموکراتی دەسەڵاتی کرێکارانە،لەپێناو بەڕێوەبردنی دیکتاتۆریەتی پۆلیتاریا و لەناوبردنی خۆیی و هەموو ئەو هێزانەی کەسەرچاوەی دروست کردنی چینەجیاوازەکانی ناو کۆمەڵگاکانن. هەربۆیە کاتێک پرۆسیسێکی شۆڕشگێڕیدا دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا واقع و جێبەجێ دەبێت، لەگەڵ هیچ جۆرێك لەسیاسەت و ئامانجی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆرژوازی و سەرمایەداران هاوتا نابێت و لەگەڵ چاودێر و ڕێکخراوەکانیدا مامەڵەو هاوکاری ناکات.

ئەو مۆدێلەی کە چەپی ئێران و عێراق لەسەر شورای کرێکاران دەری دەبڕن مۆدێلێکی ڕیڤیژنیزمی سەردەم و مامەڵەی نیولیبرالیزمە، بیر و هزری سۆشیال لیبراڵەکانە، نەوەکو بیری مارکسیستەکان. لەلای ئەم مۆدێلەی چەپ زیاتر نزیک بوونەوەی هزرڤانانی یانە بەبیروبۆچوونی سیستەمی پەرلەمانی و هاوتاکردنی ناوەڕۆکی شورای واقعی کرێکارانە . شەرعیەت دانیانە بە بەها و ناوەڕۆکی سیاسەتەکانی بۆرژوازی لەکۆمەڵگاکاندا. لەبەر ئەوەی هەموو ئەمانە ناتوانێت بەناونیشانێکی ترەوە، ئەو پێشنیار و دەربڕینانە و سیاسەتەکانی پشتیەوە چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی کورد بکات لە ئێران و عێراقدا. چونکە ئەمانە هەموو لەپەرەنسیپەکانی ڕیفۆرمیستوکانە و ووردە بۆرژوازی مشەخۆر و هەمەکارەی سایسی یە ئۆلیگارشیەکانە، کرێکاران و زەحمەت کێشانی ووڵاتی پێ چەواشە دەکرێت، بەقازانجی بۆرژوازی و سەرمایەداران.

ئەو دەوڵەتەی کەچەپی ئێران و عێراق بۆ کوردیان داوادەکرد، دەوڵەتی سەربەخۆی بۆرژوازی کوردە، دەوڵەتی چەوساندنەوەی هەژاران و کرێکاران و زەحمەت کێشانی کوردە، ئەوان داوای زەمانەتی سەربەخۆیی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووریان دەکرد، هەموو ئەمانەش سەرچاوەن بۆ چەوساندنەوەی هاوڵاتییانی چوارچێوەی دەوڵەت.

پێویستە هەموو ئەو ناڕەحەتی و بێ مافی و تراژیدیایەی ژیانی زەحمەتکێشانی کورد پێوەیەوە ئایانناڵاند، دووبارە ئەبێتەوە. بەڵام ئەو جۆرە دەوڵەتەی کەداوا دەکرێت، ناتوانێت ژیانی تراژیدیای کرێکاران بسڕێتەوە. ئەو کاتەی کەداخوازی جیابوونەوەی کوردستان لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە پێشنیار دەکرێت، لەوێوە نییە کەئایندەیەکی ترسناك و خەماوییە ، لەڕووی ئاڵوگۆڕێك کە بڕیارە ڕووبدات، بەڵکوو لەو ڕووەوەیە کە تەنها چەوساندنەوەی نەتەوەیی لەلایەن نەتەوەی سەردەستەوە کۆتایی پێ بێت و ئیتر بۆرژوازی و سەرمایەدارانی کورد نان و پیازی پێوە نەخۆن ، خۆیانی پێ دەوڵەمەندن و خاوەن سەرمایەی زیاتر نەکەن.چونکە کرێکارانی کورد لەدەووڵەتی بۆرژوازی نەتەوەکەشیاندا، هەموو ژیانیان لەگەڵ تراژیدیا و کارەساتی ترسناکی سەرمایەدارەکانیاندا ڕووبەڕوو دەبن، لەبەر ئەوە دروست بوونی دەوڵەتی سەربەخۆ کۆتایی هێنان نییە بەهەموو نەهامەتی و دەردەسەریەکانی ڕۆژ کەبەسەر کرێکاراندا دێت. ئەو ساتەی کە کرێکارانی فڵانە کانی خەڵووز، کانەکەیان بەسەردا دەڕوخێت لەئەوروپادا یا لەچین و کۆریا و ڕووسیا و ئەمریکادا، بۆ سوود و قازانجی زیاتری سەرمایەدارانی خۆ ووڵاتیانە. چونکە قازانجیان خستۆتە پێش دابین کردنی شووێن و ڕێگای سەلامەت و بێ کێشەوە، سەلامەتی گیانی کرێکارانی نەتەوەکەیان بەلاوە گرنگ نییە.

نابێت بۆ زەمانەتی نێو نەتەوەیی بۆ جیابوونەوەی کوردستانی عێراق بگەڕێینەوە بۆ ڕاکێشانی سەرنج و ئیعتیباراتی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەوەدا. گرنتی نێوو دەوڵەتی بەشێکی گرنگی پەیوەندی بەهێز و تواناکانی خەڵکەوە هەیە لەناوخۆی ووڵاتدا، کەتاچەند سوورە لەسەر جیابوونەوە و هەتا چەند توانای بەرگرییەکانی لەجیابوونەوە فەراهەم کردووە، تا چەند ئیرادەی سووربوون لەسەر داخوازی دروست کردنی دەوڵەتی سەربەخۆ و بەرگری کردن لە ئامانجەکانی هەیە؟! ئەمەش لەهێز و توانای جەماوەریدا خۆی دەبینێتەوە. ئەگینا جیابوونەوە بەهێز و حیزبە ئەڵقە لەگوێکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و دنیا و مافیاکان و سیاسیە ئۆلیگارشیەکان ناکرێت و ئەنجامی خوازراوی جەماوەری و دروستی نابێت. لەبەر ئەوەی هەتا ئێستا وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و بازرگانی بەرژەوەندییان لە باشووری کوردستان و دەوڵەتی عێراقدا هەیە و هەتا ئێستاش بڕوایان بەجیابوونەوەی باشووری کوردستان لەعێراق نییە و هەموو کات بەرگری لەیەك پارچەیی عێراق دەکەن. ئەگەر هێز و ئیرادەی خەڵك بۆ جیابوونەوە نەبێت ، هەندێك جار گرەنتی بۆ دەوڵەتی دڵخوازی (un) و ئیمپریالیزمی جیهانی دەیکات، لەپێناوی ئامانجە سیاسیەکانی خۆیدا. ئەگینا لەزۆرترین حاڵەتدا دژایەتی دەکرێت لەلایەن دەوڵەتە خاوەن ڤیتۆ و هێزی ئەتۆمی لەناو ئەنجومەنی ئاسایشی (un).

هەربۆیە بەجیاواز لەو جیابوونەوەیەی کە چەپی ئێران و عێراق و هێز و حیزبە ئۆلیگارشیەکان ئەیخوازن. جیابوونەوەی دەوڵەتی کوردی، بەپاڵپشتی و هاوکاری کرێکارانی عەرەب و فارس و تورك و ئەگەر جیهانیش لە پشت ئەو داخوازییەوە بن دەکرێت. هەتا ئەگەر حوکمەتەکە کرێکاریش نەبێت و دڵخوازی سەرمایەداران بێت، پێویستیان بە پشتیوانی هەیە لەدژی هێرشەکانی دەرەوەی خۆیان، چونکە ئەو داواکارییەی کە پێویستە کرێکاران و زەحمەت کێشانی عەرەب، فارس و تورك، بۆ جیابوونەوەی دەوڵەتی کرێکارانی کورد بیخەنە بەردەم خۆیان و جێبەجێی بکەن، ئەتوانێت باشترین و گەورەترین گرەنتی بێت بۆهێرش نەکردنە سەر دەوڵەتی تازە دروست بوو، هەروەها بەشێکە لەناوچوونی گیانی ڕاسیستی و شۆڤێنیانەی کە دروست کرابوو لەنێوانیاندا بنبڕبکرێت. ئەمەش هەوڵێکە بۆ ڕێگە خۆش کردن لەبەردەم پەیوەندی ئەنتەرناسیونالیستی کرێکاران لەجیهاندا.

(un) ناتوانێت ئەو پەیوەندییە ئەنتەرناسیونالیستی یە بۆ کرێکارانی جیهان دەسەتەبەر بکات ئەو کارانەی کەئاغایانی چەپی ڕیفۆرمیستی نەتەوەیی دەستیان داوەتێ پراکتیك کردنی سیاسەتەکانی بۆرژوازی جیهانییە. لەگەڵ حیزبی سیاسیە ئۆلیگارشیەکان هاو سیاسەت و هاوئامانجن لەفەراهەم نەکردنی سەربەخۆیی باشووری کوردستاندا هاوکار و هەمەکارەی یەکترن. چونکە سەربەخۆبوونی باشووری کوردستان واتای مەرگی سیاسەت و سیاسییە ئۆلیگارشیەکان و واعیرە خوانانی چەپە. ” ئەو چارەسەرە (کردارییە)ی کە بۆرژوازی لەلای گرنگە. بەڵام کرێکاران ئەوەیان لەلا گرنگە کەلەسەرەتا جیاوازی بکەن لەنێوان ئەو دوو ڕێگایەدا: بەبەردەوامی بۆرژوازی نەتەوەیی چەوساوە تێدەکۆشێت دژ بەنەتەوەی سەردەست. ئێمە بەبەردەوامی هەمیشە لەگەڵیداین، لەهەموو هەلوومەرجێکدا بە عەزمێکەوە (ئیراده‌یه‌که‌وه‌) کەباڵاترە لەپشتگیری هەموو ئەوانی تر، لەبەر ئەوەی ئێمە سەرسەخت ترین دوژمنی چەوساندنەوەین، بەچاونەترسی و ڕاست و ڕەوانی لەناوی دەبەین. تائەو کاتەی کەبۆرژوازی نەتەوەی چەوساوە کاردەکات لەپێناوی توندڕەوی بۆرژوازی نەتەوەیی، ئێمە دژی دەوەستینەوە، بەو واتایەی ئێمە بەرەنگار دەبینەوە لەگەڵ ئیمتیازاتی نەتەوەیی سەردەستەی زاڵم و تووند و تیژییەکانی لەلایەکی ترەوە، وەبەهیچ شێوەیەك ڕێگا بەهەوڵی نەتەوەی چەوسێنەر نادەین کەبەدوای ئیمتیازاتەکانی بکەوێت. ئەگەر دروشمی مافی جیابونەوە هەڵنەگرێت، ئەگەر نەیکەین بەبابەتێکی هاندان ئێمە تەنها خزمەتی مەبەستە گڵاوەکانی بۆرژوازی، بەڵکوو هەروەها خزمەتی مەبەستە گڵاوەکانی دەرەبەگایەتی و چەوساندنەوەی نەتەوەی سەردەستەی زۆردار دەکەین. ” (٧٠)

————————————–

سه‌رچاوه‌کان :

59 – نه‌جمه‌دین فارس ، خولی (70)ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان و جاڕی فره‌جه‌مسه‌ری،ئۆکتۆبه‌ری 2015 ، سایته‌کانی ( بیرکردنه‌وه‌ ، ده‌نگه‌کان ، پێنوسه‌کان ) .

60 – هه‌مان سه‌رچاوه‌ .

61 – گۆڤاری انترناسیۆنال ،ئۆرگانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران ، 1995 ز، ژماره‌ 17 ، ل 11 .

62 -بڕوانه‌ ،الاتجاه‌ برس / تقاریر ، 2016/9/26 ، http:// aletejahtv .org ..

63 – بڕوانه‌ ، ‌آلاتفاقیة الخاصة بالرق ، منظمة عصبةالامم / منظمة الآمم المتحدة .

64 – لینین – مسائل السیاسة القومیة و الاممیة البرولیتاریة ،دارالتقدم ، موسکو ، 1969 م ، ص 172 – 173 .

65 – گۆڤاری انترناسیۆنال ،ئۆرگانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران ، 1995 ز، ژماره‌ 17 ، ل 11 .

66 – عه‌لائه‌دین سه‌جادی ، شۆڕشه‌کانی کورد وه‌ کوردو کۆماری عێراق ، ئاماده‌کردن و له‌ چاپ دانه‌وه‌ی ، ئه‌حمه‌د موحه‌مه‌دی ، ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی : ئه‌تله‌س چاپ – تاران ،ساڵی له‌ چاپ دانی ،2005 ز ، ل 38 .

67 – گۆڤاری انترناسیۆنال ،ئۆرگانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران ، 1995 ز، ژماره‌ 17 ، ل 11 .

68 – لینین – مسائل السیاسة القومیة و الاممیة البرولیتاریة ،دارالتقدم ، موسکو ، 1969 م ، ص 88 – 89 .

69 – لینین – مسائل السیاسة القومیة و الاممیة البرولیتاریة ،دارالتقدم ، موسکو ، 1969 م ، ص 89 – 90.

70 – لینین – مسائل السیاسة القومیة و الاممیة البرولیتاریة ،دارالتقدم ، موسکو ، 1969 م ، ص91 .

Previous
Next
Kurdish