Skip to Content

دیدار لەگەڵ سامان کەریم وەرگێڕی كارەكانی (ئورهان پاموك)

دیدار لەگەڵ سامان کەریم وەرگێڕی كارەكانی (ئورهان پاموك)

Closed
by ئه‌یلول 2, 2017 General, Literature, Slider


سامان کەریم:
“پامۆك پێی وتم بە شانازییەوە دێم بۆ سلێمانی و زۆر ئارەزوو دەکەم بيبينم”
….

لە دونیای موزیكەوە بۆ (وەرگێڕان)ی ئەدەبی، پیاوێك هێمن و ئارام وەك نۆتەو ئاوازی ژێی گیتارەكەی، ئەو ساڵانێكە ئارەزووی ئەدەبی توركی دەكات، ئێستا وەك وەرگێڕی كارەكانی (ئورهان پاموك) دەناسرێت، بێگومان ئەو پياوە (سامان كەریم)ە، من بۆ زیاتر ئاشنابوون بە یەكترناسینی ئەو (پاموك) ئەم دیدارەم لەگەڵدا سازدا.

سازدانی شاخەوان سدیق
………….

پ1/ لە دونیادا وەرگێڕان وەك هەمووكارێكی دیكە پیشەیە، واتە ئەوكەسانەی كە كاری وەرگێڕاندەكەن كە سانی تایبەتمەندن لەو بوارەداو شارەزایی بنەماو یاساكانی وەرگێڕانن، چۆن بوو ئێوە كە خۆتان موزیك سیانن بیرتان لەكاری وەرگێڕانكردەوە؟ ئەم هەستە هەستكردن بوو بە پێویستی كارەكە بۆ كتێبخانەی كوردی یان تەنها حەزی تایبەتی خۆتان بوو؟

سامان کەریم/ پێشەکی دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بواری وەرگێڕان وەک بواری موزیک تەنها خەون و حەزێکی تایبەتی خۆمە. وەک شارەزایی لە بواری وەرگێڕانیشدا، زۆر نمونە هەیە کە کەسێک هەم مۆسیقی بێت هەم وەرگێڕ یاخود لەگەڵ ئەوەدا کە ئەکتەری سینەما، شانۆیە نووسەرو وەرگێڕیشە، هەتا بە نیسبەت پاموکیشەوە کاتێک زانی موزیسیانم زۆری پێخۆشبوو. پێدەچێت ئەمە لە ووڵاتی ئێمەدا کەمێک نامۆ بێت هەر وەک چۆن هەموو شتێک بە نامۆ دەبینرێت، بەڵام بە تێڕوانینی من موسیقییەک دەبێت ئاگاداری ئەدەبیاتی دنیا بێت، نووسەرێک دەبێت ئاگاداری ئۆپێرا، ستاییلەکانی موزیک، سینەما، شانۆ، بواری وێنەکێشان، پەیکەرتاشی بێت. بە دڵنییایی ئەمە بە پێچەوانەشەوە بۆ وێنەکێشێک یاخود سینەما کارێک هتد… دەبێت بەو شێوەیە بێت، هیچ نەبێت تێڕوانینی من بەوشێوەیەیە. هۆکاری ئەمە بە نیسبەت منەوە دوو خاڵە، یەکەمیان بوارەکەی خۆتی پێ دەوڵەمەند دەکەیت. دووەمیشیان کە زۆر گرنگە، مرۆڤ تاچەندە لە توانایدا بێت دەبێت خۆی دەوڵەمەند بکات بۆ ئەوەی زیاتر ژیان بەڕوونی ببینێت. ئەمە جگە لەوەی کە لە سەردەمی ژیانکردنمدا لە ئیستانبوڵ بۆ نمونە هەندێک کاری ئۆغوز ئاتای، جەمال سورەییا، جان یوجەلم دەخوێندەوە وەریانگێڕابوون، لە کاتێکدا کە خۆیان هەم نووسەر، هەم شاعیر هەم وەرگێڕێکی باشیشن، چەند سەرچاوەیەکیشیان هەیە لە بارەی بواری وەرگێڕانەوە، کە سەرنجیان ڕاکێشابووم. یاخود نەرڤالی نووسەر، شاعیری فەڕەنسی کە لە خۆیدا وێنەکیشیش بووە.

پ2/ ئێستا لەكوردستان لێشاوی وەرگێڕان هەیە، بەجۆرێك هەركەس كەمێك لە زمانێك دەزانێت دەست بەو پرۆسەیە دەكات بێ‌ سانسۆر، تا چەند پێتان وایە بۆ وەرگێڕان پێویستە كەسی وەرگێڕ شارەزایی باشی وردەكاری هەردوو زمانی نوسراو وەرگێڕدراوبێت؟ وەرگێڕانی حرفی چ جیاوازیەكی لەگەڵ وەرگێڕانی گشتیدا هەیە؟

سامان کەریم / لە هەموو بوارێکدا کاری باش، جوان خۆی پیشان دەدات. بە تێڕوانینی من ئەگەر کەسێک لەهەردوو زمانەکەدا توانایەکی باشی نەبێت دەکەوێتە ناو گرێکوێرەیەک، گێژاوێکەوە کە نەک پاش زەمانێکیتر بەڵکو هەر لە ساتی وەرگێڕانییەوە هەست بە قورساییەک دەکات کە نایتوانێت. لەبەر ئەوە مرۆڤ بە گشتی لەهەموو بوارێکدا دەبێت بزانێت چی دەکات، چۆن دەیکات، ئەنجامیشی چی دەبێت. بەدەر لەوەش من دڵخۆشم کە کارەکانم ناوەندی ئەندێشە چاپ، بڵاویان دەکاتەوە چونکە هەم بەڕێز هەژار مەجید خوێنەرێکی زۆر باشە، هەم ستافێکی زۆر باشیان هەیە کە جێی متمانەن. لێرەوە سوپاسی ناوەندی ئەنێشە دەکەم. سەرەڕای ئەمانەش خوێنەری باش دەتوانێت بڕیار لەسەر باشی، جوانی کاری ئەدەبی بدات.

پ3/ دەڵێن وەرگێڕان “دوبارە نوسینەوەی دەقە لە لایان كەسی وەرگێڕەوە” یان ” وەرگێڕ، نوسەری دووەمی دەقە” ئەمە تا چەند ڕاستە، بۆ وەرگێڕان تا چەند كەسی وەرگێڕ ئازادە لە دوبارە بنیاتنانەوەو داڕشتنەوەی زمانی ڕۆمانەكە، یان بە پێچەوانەوە دەبێت كەسی وەرگێڕ پابەندبێت بە ناوەرۆك و زمانی ڕۆمانەكەوە وەك خۆی؟

سامان کەریم / دەبێت وەرگێڕ هەم پابەندبێت بە ناوەرۆکی ڕۆمانەکەوە هەم ئازاد بێت لە چۆنێتی نووسینەوەی دەقەکەدا، چونکە وەرگێڕ شتێکی نوێ نانووسێت، بەڵکو وەریدەگێڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا بیرفراوانی، زانیاری، تێڕوانینی وەرگێڕ گرنگە. وەک جەمال سوورەییا دەڵێت” وەرگێڕان پێویستی بە کۆمەڵێک یاسای تایبەت، ئامادەکاریی تایبەت هەیە. بەڵام وەرگێڕان لە بنچینەدا کاری “نووسینە”. لە بارەی وەرگێڕانەوە زۆر تێڕوانین هەیە، بەڵام من وەک خۆم گرنگی بە دوو لایەن دەدەم، لایەنێکیان هەستکردنمە بە هەست و تێڕوانینی نووسەر لە دەقەکەدا، لایەنەکەی تریشیان ئەوەیە کە هەوڵ دەدەم بە زمانی شیریم هەست و پەیامی نووسەر وەک خۆی بە چێژ، سەلیقەی ئەندازیارێکی بەتواناوە ووشەکان، ڕستەکان، پەڕەگرافەکان سەر لەنوێ بنووسمەوە. لە هەمووشی گرنگتر ئەو واتا، هەستەی کە نووسەر لە پشتی نووسراوەکەیەوە مەبەستێتی بتوانرێت وەک دەقە ڕاستەقینەکەی هەستی پێبکرێت.

پ4/ ئەدەبی توركی ئەدەبێكی گەورەو فراوان و جدیە، بەڵام لای ئێمە تەنها چەند كە سێكی كەم لە ئەدیبانی تورك ناسراون، تۆ بۆ لەناو ئەو ئەدیبانەدا دەستت بۆ (پاموك) برد؟ ئەوەی لە ئەدەبیاتی پاموكدا سەرنجی تۆی ڕاكێشاوە لە سەرەتاوە تا ئێستا چیە؟

سامان کەریم/ نزیکەی بیست ساڵ لە تورکیا، لەشاری ئیستانبوڵ، سەردەمێکیش لە عەنقەرە ژیام. ئەدەبیاتی تورکی بەڕاستی زۆر قوڵە، تاکو ئێستاش لە گەشەکردندایە. نەک پاموک بگرە زۆرێک لە شاکاری نووسەرەکانی تورکیام خوێندۆتەوە، سەرنجیان ڕاکێشاووم، بەڵام بەلای منەوە پاموک جیاوازترە لە نووسەرەکانی تر، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پاموک هەر لە سەردەمی منداڵییەوە خوێنەرێکی زۆر باشبووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بە قوڵی سەرقاڵی تێگەیشتنی نووسەرەکانی پێش خۆی، سەردەمی خۆی بووە بە نمونە یەحیا کەمال، ئەحمەد حەمدی تانپنار، ئۆغوز ئاتای، ئەحمەد ڕاسیم هتد… واتە شارەزایەیەکی باشی هەیە هەم لە مێژووی ئەدەبیاتی ڕۆژژئاوادا هەم لە مێژووی ئەدەبیاتی تورکیدا بە تایبەت و ڕۆژهەڵات بە گشتی، ئەمەش وایکردووە کە پاموک بۆشایی ناو ئەم دوو ئەدەبیاتە بدۆزێتەوە، بە شێوازێکی نوێ بنووسێت. بۆچی دەستم بۆ پاموک برد؟ لەسەر داخوازی بەڕێوبەری ناوەندیی ئەندێشە بەڕێز هەژار مەجید، داوای لێکردم کە کارەکانی پاموک وەربگێڕم، بە دڵنییایی وەک بڵێی بۆ ماوەی بیست ساڵ یەکتر بناسین، ڕێک داوای کارێکی لێکردم کە زۆر لە زووەوە بیرم لێکردبووەوە. ژیانە!
پ5/ خوێنەرانی بەرهەمەكانی پاموك باس لە چیرۆكی چڕو زمانی قورس و فەزای ئاڵۆزو لە بەرهەمەكانی پاموكدا دەكەن، تا چەند ئەمە ڕاستە؟ ئایا بۆ وەرگێڕان و گواستنەوەی ئەم ئاڵۆزیانە كارەكە هێندەی تر بۆ تۆ قورستر ناكات؟
سامان کەریم / کارەکانی پاموک لە چەند خاڵێکدا هاوبەشن، بۆنمونە لە باسکردنی مێژووی هەرشتێک بێت لە کارەکانیدا واتە بەردەوام لە ناو گێڕانەوەکانیدا تیشک دەخاتە سەر مێژووی هەندێک بابەت، بەڵێ لە تورکیاش باس دەکرێت کە کەمێک ئاڵۆزە، بەڵام بە نیسبەت منەوە ئەوە ئاڵۆزیی نییە، بەڵکو دەبێت زۆر بە سەلیقەوە کارەکانی بخوێنرێتەوە، چونکە لە کارەکانی پاموکدا، لە گێڕانەوەکانیدا هارمۆنییەتێکی زۆر بەهێز هەیە. دەمەوێت لە سەر بواری موزیک نمونەیەک بدەم کە گونجاوبێت بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم بابەتە: ئەو موزیکانەی لە ڕۆژهەڵاتدا پەسەند دەکرێت و ئاسانن بۆ گوێگرتن، ئەگەر لێیان ووردببیتەوە هارمۆنییەتێکی بەهێزیان تێدا نییە، واتە یەک میلۆدی یاخود لە دوو میلۆدی تێپەڕنابن. بەڵام کە گوێ لە کارێکی بیتهۆڤن، ڤاگنەر یاخود باخ دەگریت ئەمەندە هارمۆنییەتێکی بەهێزیان تێدایە کە بەڕاستی پێویست دەکات هەم زانیارییەکی باشت هەبێت لە بارەی چۆنییەتی گوێگرتنەوە هەم سەلیقەیەکی زۆریشت هەبێت، ئینجا دەتوانی چێژێکی پێویست وەربگریت. بە دڵنییایی ئەمە دوای ئەوەی کە کارەکە وەرگێڕانێکی باشی بۆ کرابێت. دەتوانین ئەم نمونەیە بچوێنین لەو کارە ئەدەبییانەی کە پێیدەڵێن سادە، لەگەڵ ئەو کارانەدا کە پێی دەووترێت ئاڵۆز. دەتوانم وەک نمونەی کارەکانی پاموکیش ئیشارەت بە جەودەت بەگ و کوڕەکانی بدەم کە ڕۆمانێکی کلاسیکە تا ڕادەیەک سادەیە، بەڵام ماڵی بێدەنگ، بە تایبەتی کتێبی ڕەش بەبەراورد لەگەڵ جەودەت بەگ و کوڕەکانیدا ئاڵۆزە، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ماڵی بێدەنگ کتێبێکی پۆست مۆدێرنە، کتێبی ڕەشیش وەک پاموک خۆی دەڵێت هەر نەک پۆست مۆدێرن بەڵکو دادائیستییە. لەبەر ئەوە لە وەرگێڕانی کارەکانی پاموکدا ئەوەندە هەست بەو قورسییە ناکەم کە باسی لێوەدەکرێت، چونکە ئەو گۆشەی تێڕوانینەم دۆزیوەتەوە کە پێویستە بۆ تێگەیشتنی کارەکانی پاموک.

پ6/ سەرەتای كاری وەرگێڕانت بە پاموك دەستی پێكردوو لە ئێستادا دەست بۆ هەندێك نوسەر تر بردوە بە نمونە(كامۆ) ئەم گۆڕانكاریە بەردەوام دەبێت و بەنیازی بەرهەمی نوسەرانی تریش وەرگێڕی؟ یان تەنها لە پاموكدا دەوەستیت؟
سامان کەریم / لە وەرگێڕانی کارەکانی پاموک بەردەوام دەبم. لەم بارەیەوە دەمەوێت باس لە دوو چیرۆکی پچوکی ژیانی تایبەتی، بواری وەرگێڕانم بکەم: سەردەمێک لەگەڵ ئەوەدا کە لە ئیستانبوڵ سەرقاڵی هەم لە ژیاندا مانەوە هەم خوێندن بووم لە بواری موزیکدا، سەرقاڵی خوێندنەوەی ئەدەبیاتی ڕۆژ ئاوا بە گشتی، بەتایبەتی تورکی بووم. زۆر کات لەگەڵ (دیلەک)ی هاوسەرمدا کە ئەو کات خۆشەویستم بوو، پێکەوە کتێبمان دەخوێندەوە (دیلەک خوێنەرێکی باشی کارەکانی پاموکە) لەو ساتانەدا کە باسمان لە خەیاڵی ئەوە دەکرد ڕۆژێک بێینەوە بۆ سلێمانی بەردەوامی بە کاری سەما، موزیکی فلامێنکۆ بدەین، فێرگەیەکیش دابمەزرێنین، زۆر جار بە دیلەکم دەووت “زۆر ئارەزوو دەکەم لە سلێمانی ژیانێکی سادە دەست پێبکەین، زیاد لە کارکردنمان لە بواری موزیک و سەمادا، لە ژورێکی پچووکدا، لە ناو قۆرییەکی ڕەشبووەوەدا چا بخۆینەوە، بەڵام لەلایەکیشەوە لەبەر ڕوناکی گڵۆپێکی کزدا سەرقاڵی وەرگێڕانی ئەم شاکارانە بم کە بە تورکی دەیانخوێنمەوە، بەلامەوە پەسەندن”. دوای هاتنەوەم کتێبی “ئەزموونەکانی” کامۆم گرتە دەست، وەرمگێڕا. ڕاستییەکەی هیچ بە نیازی چاپکردن وەرمنەگێڕا، بە نیازی چاپکردنیش دەستم نەکردووە بە وەرگێڕان. بەڵام بیرم کردبووەوە دوای تەواوبوونی هەموو کتێبێک، خۆم نزیکەی سەد یاخود دوو سەد دانە کۆپی بکەم، بەرگەکانیان کاغەزی ڕەنگاو ڕەنگ بێت، لەچەند گۆشەیەکی گەڕەکەکانی شاری سلێمانیدا بۆ نمونە بەر دەرکی سەرا، سەهۆڵەکە، تووی مەلیک هتد… چەند دانەیەک دابنێم لەسەر شۆستەکان، هیچ نەبێت گەنجەکان کەمێک تووشی مەراق بکەم بۆ ئەوەی کتێبەکە هەڵبگرن بیخوێننەوە، هەر لەبەر ئەو هۆیەش بەرگەکانیانم ڕەنگاو ڕەنگ دەکرد. (چیرۆکی یەکەم)
دووەم چیرۆکم: دوای هاتنەوەم بۆ سلێمانی بە چەند مانگێک، ڕۆژێک لە ناوەندی ئەندێشە سیمینارێکی هەم تیۆری هەم پڕاتیکیمدا لە بواری ستایلی فلامێنکۆدا، بەڵام تیشکم خستە سەر زۆرێک لە بوارەکانی ژیان. دوای سیمانارەکە بەڕێز هەژار مەجید سەردانی کردم لە کافیتریای ئەندێشە، بە گوێچکەمدا چرپاندی ووتی “نازانم بۆچی تا کۆتا سات لە سیمینارەکەتتدا دانیشتم، گوێم لێگرتیت” دواتر جێیهێشتم. (بە دڵنییایی تازە هاتبوومەوە، ئەو ڕۆژەش بەڕێز هەژار مەجیدم بینیبوو، ناسیبووم) پاش سێ ڕۆژ سەردانی ئەندێشەم کرد، بەڕێز هەژار مەجید یەکسەر بە جۆشوخرۆشەوە هات بۆ لام هەواڵی پرسیم، ووتی سامان دەمەوێت شتێکت پێ بڵێم “تۆ دەبێت وەرگێڕ بیت”. بەدڵنیایی زۆرم پێخۆشبوو، لە وەڵامدا پێم ووت “کێ دەڵێت من وەرناگێڕم” چونکە ئەو کاتە من وەرگێڕانی کتێبی ئەزموونەکانم تەواوکردبوو.
جوانی، خۆشی ژیان لەوەدایە کە سەیرە.
داوای وەرگێڕانی کارەکانی پاموکی لێکردم، ئەمەم زۆر پێخۆشبوو، چونکە چەندەها ساڵبوو کارەکانی پاموکم دەخوێندەوە بۆ ئەوەی بتوانم لە هەموو لایەنێکی تورکیا بگەم. دەبوایە ئەزموونەکان چاپ ببوایە، لەسەر بڕیاری من دوامان خست، ماڵی بێدەنگی پاموکم وەرگێڕا، چاپ بوو، بە دوایدا ژنە قژسووەرەکە کە لە ماوەیەکی کەمدا چاپی یەکەمی تەواوبوو، چاپی دووەمی بڵاوبووەوە، سەمەرەیەک لە سەرمدا، من درەختێکم، ئێستاش کتێبی ئیستانبوڵم بە دەستەوەیە کە گەیشتوومەتە قۆناغی کۆتایی. لە ماوەی وەرگێڕانی کارەکانی پاموکدا چەند جارێک بەسەر ئەزموونەکاندا چوومەوە تاکو هێنامانە بارێک کە ئیتر بڵێین بەڵی ئەم کتێبە دەبێت چاپ بکرێت.

پ7/ دەوترێت “نوسەری ڕاستەقینە ئەوەیە كە خۆی لە نوسینەكانی بچێت” تۆ چەند جارێك پاموكت دیوەو لەگەڵی دانیشتویت و گفتوگۆتان كردوە، وەك دەشزانی لێرە ئەو خوێنەرێكی زۆری هەیە، چ سەرنجێكتان لا دروست بوە لەو دیدارانەتا لەسەر پاموك، ئایا پاموكی ناو ڕۆمانەكان چ جیاوازیەكی لەگەڵ پاموكی ئاسایدا هەیە؟

سامان کەریم / نامەوێت پاموک لە چەند ڕستەیەکدا کۆبکەوە، ئەتەکێتێکی بدەمێ، چونکە ئەمە کارێکی شیاو نابێت. وەک جیاوازی نا، بەڵام پاموکی ئاسایی پێکهاتووە لە هەموو کارەکتەرەکانی ناو کارەکانی، واتە لەهەموو ڕوویەکەوە گفتوگۆی لەگەڵدا دەکرێت هەر لەبواری مێژوو، هونەر، شانۆ، سینەما، موزیک، کۆمەڵایەتیی هتد… بەڵام لە هیچ کارەکتەرێکی ناو کارەکانیشی ناچێت!

پ8/ پاموك یەكێكە لەو نوسەرانەی كە كەمتر خۆی لە قەرەی پرسە سیاسیەكان دەدات، تۆ لەو یەكتر بینانەتا هیچ دەربارەی پرسی كورد قسەتان نەكرد، بەتایبەت كە زانی كتێبەكانی بەو كوالیتیە باشە وەرگێڕدراون بۆ كوردی و خوێنەرانێكی زۆری لە كوردستان هەیە، ئەو تا چەند ئاگاداری كێشەی كوردو تەنانەت ئەدەبیاتی كوردیشە، و سەرنجی چیە؟ هەستی چی بوو كە كتێبەكانی خۆی بە كوردی دیی؟

سامان کەریم/ پێشەکی بە تێڕوانینێکی ئۆبجەکتیفانە زۆر کورد دۆستە. ئارەزووی لە بابەتی سییاسی نییە. چەند جارێکیش دوبارەی کردەوە ووتی “شانازی دەکەم کە ئەوەندە خوێنەرێکی زۆری هەم کارەکانی من هەم ئەدەبیات بە گشتی هەیە لە کورستان، شانازی دەکەم کە خوێنەری کورد بێ ئەوەی گوێ بداتە قەبارەی کتێبەکانم دەیانخوێننەوە.” وەک منداڵێک دڵخۆشبوو کاتێک کتێبەکانم بۆ برد، دامە دەستی. دوپاتیشی کردەوە کە شێوازی چاپی کتێبەکانی لەلایەن ئەندێشەوە جوانترە لە چاپە ئینگلیزی، فەڕەنسییەکانی. دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە جاری دووەم لەسەر داخوازی پاموک خۆی یەکتریمان بینی، بە دڵنییایی زۆر خۆشحاڵبووم. باسم لەتوانای چەند نووسەرێکی کوردیش کرد، مەراقی بوو کارەکانیان بخوێنیتەوە.

پ9/ بڕیاربوو پاموك لەسەربانگێشتی ئەندێشەو بە داعوەتی ئێوە بێتە كوردستان و سلێمانی ئەو هاتنەكەیەو بڕیارە لێرە تا چەند بمێنێتەوە و چ پڕۆژەیەكی هەبێت؟

سامان کەریم / بەڵێ جاری یەکەم کە لە ماڵەکەی خۆیدا یەکترمان بینی، دوای قسەکردنێکی زۆر لەبارەی ژیانی تایبەتی من، کە زۆر مەراقی بوو، لەبەر ئەوەی کەمێک بۆم باسکرد کە لە ئێرانەوە، بەشاخەکاندا لە مانگی شوباتدا بە ڕێکردن بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ بە ناو بەفردا گەیشتوومەتە ئیستانبوڵ، دواتر ژیانی کۆڵانەکان، فێربوونی زمانی تورکی، خوێندنەوە، دەستکردنم بە خوێندن لە بواری موزیکدا، دەرچوونم لەناو دەی یەکەمداو ڕۆیشتنم بۆ مەدریدی ئیسپایا بۆ خوێندنی ماسترکلاس، ئەوەی زۆر سەرنجیشی ڕاکێشا گەڕانەوەم بوو بۆ ئیستانبوڵ، دوای سەردانم بۆ چەند ووڵاتێکی ڕۆژئاوا. کاتێک ئەم داخوازییەم پێووت ڕێک بەم شێوەیە وەڵامی دامەوە “بەدڵنییای بە شانازییەوە دێم بۆ سلێمانی.” زۆر ئارەزوو دەکات کە سلێمانی ببینێت، وەک بەرواری هاتنی بەروارمان دیاری کرد، بەڵام باسمان لە ماوەی مانەوە نەکرد، وەک پڕۆژەش جگە لەوەی کە دێتە ناوەندی ئەندێشە، کۆڕێک ساز دەکات، واژووی کتێبەکانی دەکات بۆ خوێنەرەکانی، سەردانێکی گشتی سلێمانی دەکات، پڕۆژەیەکی درێژ خایەنیش هەیە لە نێوان هەردوکماندا کە باسی لێکرا، بەڵام لە ئێستادا ناتوانم باس پرۆژەکەو ناوەرۆکەکەی بکەم.

پ10/ پڕۆژەی داهاتوتان چیە؟ كتێبی تری پاموكە یان بەرهەمی نوسەری ترە؟

سامان کەریم/ لە ئێستدا لە قۆناغی کۆتایی وەرگێڕانی کتێبی ئیستانبوڵدام، لەلایەکی تریشە کار لە وەرگێڕانی باوەڵەکەی باوکم دا دەکەم، جگە لە ڕۆمانی ماڵی بێدەنگ، ژنە قژسوورەکە کە چاپکراوون بڵاوبونەوەتەوە، لە ماوەیەکی نزیکیشدا ڕۆمانی سەمەرەیەک لەسەرمدا، کتێبی من درەختێکم دوای ئەوانیش کتێبی ئیستانبوڵ، باوەڵەکەی باوکم لەلایەن ناوەندی ئەندێشەوە چاپ دەکرێت، بڵاودەکرێتەوە، بە نیازم هەموو کارەکانی پاموک وەربگێڕم، تەوایان بکەم، بۆ نمونە ئەو کارانەی کە بە نیازم دوای کتێبی ئیستانبوڵ یەکسەر دەست بکەم بە وەرگێڕانیان: جەودەت بەگ و کوڕەکانی، کتێبی ڕەش، پارچەکان لە دیمەوەو ئەو کارانەی کە هێشتا وەرنەگێڕدراون. چاوەڕوانی کارە نوێکانیشی دەکەم بۆ ئەوەی ئەوانیش وەربگێڕم. پاموک خۆیشی پێشنیاری چۆنێتی سەرەی وەرگێڕانی کارەکانی بۆ کردم، بەخۆشحاڵییەوە پەسەندم کرد. لەگەڵ ئەمانشدا بە دڵنییایی دەست دەکەم بە وەرگێڕانی بەرهەمی نووسەری تریش، بەڵام لە ئێستادا خۆشتان دەزانن کە چەندە سەرقاڵم لەگەڵ کارەکانی پاموکدا.

پامۆک

پامۆک

Previous
Next
Kurdish