Skip to Content

بەڵێ کرێکاران شۆڕشگێڕترن* … ھەژێن

بەڵێ کرێکاران شۆڕشگێڕترن* … ھەژێن

Closed
by ئه‌یلول 5, 2017 General, Opinion, Slider

خوێنەری ھێژا، ئەوەی لەنێو ئەم نووسینە دەیخوێننەوە، سەرنجدانی بابەتێکی ھاوڕێ (زاھیر باھیر) بەناوی ” ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگڕێن؟” کە لەنێو (یانەی ئازادیخوازان )** بڵاوکراوەتەوە. ھیوادام ئاشنایەتی من و ئەو، بەرچاوی سەرنج و ڕەخنەم لێڵنەکات و جیاوازی بۆچوونیشم لەتەك ئەو، ڕاستییەکان لەبەرچاوی من ئاوەژوونەکاتەوە.
بە بۆچوونی من، ئەگەر ئەو پرسیارە بەو جۆرە ئاراستەبکەین و چینی کرێکار بە ئەبستراکتی وەربگرین، بەدڵنیاییەوە بەسەرەنجامێکی باش ناگەین. لەبەرئەوە من بۆ شیکردنەوەی چەمکەکان (کرێکار) و (پڕۆلیتاریا) لە واتا سۆرانی (کوردی)ییەکەوە دەستپێدەکەم و بۆ دووەمیش لەسەر واتای چەمکە لاتینییەکە دەوەستم.

کرێکار، واتە کەسێك کە لە بەرانبەر کرێیەك وزە، ھێز، ساتەکانی ژیانی دەفرۆشیێت، بە واتایەکی دیکە کەسێکی کرێگرتەیە. خۆبەخۆ کرێگرتەیی ئەو، کرێگریی کەسێکی دیکە، دارابوونی کەسێکی دیکە، دەسەڵاتداربوون*** و سەروەربوونی کەسێکی دیکە دەسەلمێنێت و ڕادەی داراییەکەی کرێگر، ڕادەی دەسەڵاتدارییەکەی ئەو لەنێو بازاری کرێگرتن دیاریدەکات. لەنێو کۆمەڵەكانی پێشتر، کە بەتایبەت پیشەسازی و تەکنۆلۆجی بوونیان نەبوو، چینە کرێگرتەکان شوانەکان، جوتیاران و خزمەتکاران چینی سەرەکی بوون. لەبەرئەوە ئەوی لە دەرەوەی ماڵان و کێڵکە و شوانی بە کرێگرتەیی کاری بکردایە، کرێکار بوو و مەبەستیش کاری ڕۆژانە بوو، بە پێچەوانەی کاری شوان و جوتیاران، کە وەرزانە بوو.

بە گوێرەی کات، چینی کرێکار لک و بەشی دیکەی بۆ زیادبوون و کرێکاربوون تەنیا لە وەستا و شاگردی تەلارسازی نەوەستا، کرێکارانی کارگە و کرێکارانی خزمەتگوزاری و …تد بۆ زیاد بوون. بەڵام گۆڕانی سیستەمەکان لە کرێگرتەیی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بەتایبەت چینی کرێکار ھیچی نەگۆڕی، بەڵکو زنجیرەکانی دەستی ئەوانی ئەستوورتر کردووە. چونکە پێداویستی مانەوەی سیستەمی دارایی تایبەت و کاری کرێگرتە ئەوە دەخوازێت، کە کرێکاران لەبەر ھەستیاری پێگەی چینایەتییان لەنێو بەرھەمھێنان، زیاتر بەندبکات و جوڵە و وزەیان لەبەرببڕێت.
پڕۆلیتاریا/ پڕۆلیتاریات proletarius ***، بەگوێرەی واتا لاتینییەکەی واتە کەسانی نەدار و بێدەسەڵات، کەسانی کرێگرتە، زیاتر بە نەدار و بێدەسەڵاتە ناکۆیلەکان گوتراوە. ئەوەی دواتر پارتییە بەناو کۆمونیستەکان واتاسازییەکی ئایدیۆلۆجی بۆ پڕۆلیتاریا دەتاشن و واژە و چەمکەکە تەنیا بۆ کرێکارانی پیشەسازی بەکاریدەبەن، ئەوەیان ناتوانێت بنەما بێت بۆ لێکدانەوەی چەمکەکە و واتا بنەڕەتییەکەی.

بۆ ئەوەی بەکاربردنی ئەو دوو واژە لەنێو ئەم سەرنجانەی من بۆ خوێنەرێك کە بە بیرکردنەوەی من و دیتنی من ئاشنا نییە، ڕۆشنبن، بە پێویستتی دەزانم لێکدانەوە و بەکاربردنی خۆم دیاریبکەم. بە دیتنی من، پڕۆلیتاریا واتە تاکەکەسە نەدار و بێدەسەڵات و کرێگرتەکانی کۆمەڵ، ئەو پێناسە ھەموو کەس و چین و توێژێك دەگرێتەوە، کە لە بەرانبەر کرێی ڕۆژانە و ھەفتانە و مووچەی مانگانە کاردەکات و سەربەخۆیی خۆی لە کاتێکی دیاریکراودا دەخاتە ژێر ڕکێفی کەسە کرێگرەکە، ئیدی ئەو کەسە سەرمایەدارێك بێت یان ھێزی سەرووی کۆمەڵ وەك دەوڵەت، کەسە کرێگرتەکە یان مووچەی خانەنشینی و بیمەی بێکاری و بیمەی کەمئەندامی و کۆمەکی کۆمەڵایەتی وەردەگرێت و سەرچاوەیەکی دیکەی داھاتی نییە و لەسەر دزینی ڕەنجی کەسانی دیکە ناژی و دەسەڵاتی نییە و ئەویش وەك کرێکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە کرێگرتەکانی دیکە پابەند و ملکەچی یاساکانی سەروەریی چینایەتییە. کرێکار و پڕۆلیتێر تەنیا لەنێو کۆمەڵی چینایەتی واتادەبەخشن و بوونیان ھەیە، کاتێك کار لە چالاکییەکی زۆرە ملیێیانە و ناچارییانەی کرێگرتەییەوە دەگۆڕدرێت بە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی خۆبەخشانەی تاکە ئازادەکانی کۆمەڵی ناچینایەتی، ئیدی واتا و پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتی ئێستای کرێکار و پڕۆلیتێریش نامێنێت.

بڕواناکەم تاکو ئێرە بۆچوونی من و نووسەر زۆر جیاواز بێت. ئەوەی زیاتر سەرنجی منی ڕاکێشاوە، ھەندێك دەربڕین و سەرەنجامن، کە لەسەر بنەمای پاگەندەی چەوت و ئاوەژووی پارتییەکان و نووسەرانێك لەلای ئەو گەڵاڵە بوون و ھەر ئەوەش بووە بە ھۆی گەییشتن بە سەرەنجامێکی ھەڵە. بەرایی، پێش ئەوەی ھەر کەس لە شتێك بکۆڵێتەوە، پێویستە ئەوە ڕۆشن بێت، ھیچ دوو کەس و ئەندامانی ھیچ خێزانێك و ئەندامانی ھیچ گروپێك و کرێکارانی ھیچ کێڵگە و کارگە و …تد ناتوانن وەك یەك شتەکان ببینن و وەك یەک بیربکەنەوە و وەک یەک ھوشیار بن و وەك یەك ھەموو دیوەکانی پرسێك ببینن. لەسەر ئەو بنەمایە چاوەڕوانی ئەوە ھەموو کرێکاران یان ھەموو کۆمەڵ وەك یەك ھوشیار بن و وەك یەک شۆڕشگێڕ بن و وەك یەك ڕەتکەرەوەی سیستەمی چینایەتی بن، نابەجێ و نادروستە و ھەر کەس پاگەندەی ئەوە بکات چینی کرێکار ١٠٠% یان ھەموو کرێکاران شۆڕشگێڕن، ئەوا خەریکی پەرجووکردن و جادووکردنە لە کرێکاران. چونکە ئەگەر تەنیا سەرنجی مانگرتنە کرێکارییەکان بدەین، ئەوا دەبینین، کە کرێکارانێکی ناھوشیار ئامادەن شوێنی کرێکارانی مانگرتوو بگرنەوە. ئەوە بۆ جوتیاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و خزمەتکاران و بێکاران و خانەنشینان و کەمئەندامانیش ھەر ئاوایە. ھەرگیز ئەو ڕۆژەش نایێت، کە ھەموو مرۆڤەکان وەك یەک بیربکەنەوە و وەك ھوشیار بن و وەك یەك شۆڕشگێڕ بن، تەنانەت لەنێو کۆمەڵی ناچینایەتیش. ھۆکاری ئەوەش زۆر ساکارە، ھوشیاری بەرەنجامی ئەزموونگیرییە و ئەزموونگیریش پرۆسێسێکی بەردەوامە. ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، لەوانەیە تەنیا ئەوە بەسبێت، کە ئەگەر کۆمەڵێك کەس بەلای درەختێك، یان گۆمێك یان ڕوداوێك تێپەڕن، ھەموویان وەك یەک درەختەکە، گۆمەکە، دیوەکانی ڕوداوەکە نابینن، ھەر لەبەرئەوەش زانیاریی و ھوشیارییان لەبارەی درەخت و گۆم و ڕوداوەکە وەك یەک نابێت و گەییشتنی ھەمووان یان زۆرینەیان بە سەرەنجامێك وەک یەک نییە و ھاوکاتیش ئەستەم نییە، پرسی کات و شوێن و ئەزموونە، بەداخەوە سەرەڕای ئەوەش زۆرێك دەمرن و بە سەرەنجامەکە ناگەن.

بەڵام ئەگەر بڕیابێت ڕادەی ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆڕێکخستن و چالاکی و بەشداریکردنی چین و توێژەکان لەنێو ڕاپەڕینەکان و پاشکاراییەکانی ڕاپەڕینەکان بەراوردبکەین، ئەوا کرێکاران لە ھەموو چین و توێژەکانی دیکە شۆڕشگێڕترن، شۆڕشگێڕترن نەک لەبەرئەوەی کە مارکس ئاوای دیاریکردووە یان ئێمە خۆمان بە کرێکار دەزانین، نەخێر، لەبەرئەوەی کە گۆڕانی سیستەمی چینایەتی لە ھەموو چین و توێژێکی دیکەی کۆمەڵی چینایەتی، بە قازانجی کرێکارانە، لەبەرئەوەی کە کرێکار بە گوێرەی ھەستیاری پێگەی لەنێو بەرھەمھێنان، ڕاگری چەرخی بەرھەمھێنان و سووڕانی کۆمەڵی چینایەتییە. لەو بارەوە نموونە زۆرن، من تەنیا مانگرتنی گشتی کرێکارانی شارەوانی تورکیە ساڵی ١٩٩٠ بە نموونە دەھێنمەوە، کە بۆگەنی شارەکانی تورکیە خەریکبوو وڵاتانی دەوروبەریش ھیڕبکات. بەڵام ھیچ کات مانگرتنی مامۆستایان، فەرمانبەران، خانەنیشنان، کەمئەندامان، بێکاران و …تد نابێتە ھۆی پەککەوتنی کۆمەڵ. ئەگەر یەک ڕۆژ مانگرتنی کرێکارانی سۆپەرمارکێتەکان و گواستنەوە لەبەرچاوبگرین، ئەو کات تێدەگەین، کە بۆچی کرێکار شۆڕشگێڕترینە ئەگەر ھوشیار بێت.
خوێنەری ھێژا، بۆ ئەوەی بەردەوام نەڵێم ئەو (ھاوڕێ زاھیر) ئاوا دەڵێت و من ئاوا دەڵێم و خوێنەر بە چەندبارەی ناپێویستی ئەو وشانە وەرسنەکەم، من خاڵ بە خاڵ بۆچوونەکانی ئەو لەنێو کەوانەی گێرانەوە و گواستنەوەی قسە و تێکست دادەنێم و لەژێر ھەر یەکەیان ڕاستەوخۆ بۆچوون لە بەرانبەر بۆچوونەکان دادەنێم.

” ئایا کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕن ؟ “

بەداخەوە پێشنیارکردن یان ئاراستەکردنی ئاوا پرسیارێك فرەتر چەکمەجەسازییە بۆ کۆمەڵێك مرۆڤ یان چین و توێژێك، چونکە ئەستەمە دوو مرۆڤی وەك یەک ھوشیار و ڕۆشنبیر و بە ئەزموون و ….تد پەیداببن، چ بگات بە چین و توێژێك. لەوانەیە ئەگەر پرسیارەکە ئاوا بووایە ‘ئایا ھەموو کرێکاران / ئایا ھەر کەس کرێکار بێت شۆڕشگێڕە؟ ‘، ئەوا نەدەچووە خانەی چەکمەجەسازی و گشتگیرکردن. بێجگە لەوەش ئاوا پرسیارێك یان بۆچوونێك کە “چینی کرێکار / کرێکاران شۆڕشگێڕ نین” دیو و کۆپییەکی دیکەی ئەو بۆچوونەیە، کە دەیگوت و دەڵێت “چینی جوتیار/ جوتیاران کۆنەپرست و ڕاڕا و وردەبۆرجوازین و شۆڕشگێڕ نین”. ئەگەر چینی کرێکار و کرێکاران شۆڕشگێڕ نین، ئەدی چین؛ دژەشۆڕش، ھەلپەرست، ھاوبەرژەوەندی چەوسێنەرانی خۆیان و …تد ؟
من دەڵێم، بەڵێ، ھەر ئاوا ئەگەری شۆڕشگێڕبوونی چینە نەدار و بێدەسەڵاتەکانی دیکە ھەیە، چینی کرێکار و کرێکارانیش شۆڕشگێڕن، بەڵام ھەموو کرێکارێك نا. چونکە لەنێو کرێکارانیش کەسانی سیخوڕ، دژەخوون، مان-شکێن، ھەلپەرست و ھەڵپەکەر و خۆشباوەڕ و ناھوشیار و کۆنەپەرست و …تد ھەن.

” وەڵامی ئەم پرسیارە لە وتارێکی ئاوا کورتدا ئاسان نییە، ڕەنگە چەند کتێبێکی بوێت بە تایبەت گەر بمانەوێت ئامارێکی زۆر و ڕۆڵی کرێکاران لە خەباتیانا و لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا و ئوسترالیا ، بەرچاوبخەین .”
بە بۆچوونی من، وەڵامی ئەو پرسیارە بە چەند پەرەگرافێك دەدرێتەوە و زۆر ئاسانە، چونکە داڕشتنی چۆنیەتی دیتنی بکەر و بەرکارەکانە بەگوێرەی جیھانبینی و تێگەییشتنمان لە بوون و پێگە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی کە پێویستی چەند پەڕتووکێك ھەبێت، مێژووی سەرھەڵدانی چینی کرێکار و ڕەوتی بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەکانی ئەو چینەیە لە تێکشکاندنی ئامێرەکانەوە بۆ مانگرتنی گشتی و کتوپڕ و دەستبەسەرداگرتنی کارخانەکان. بەڵێ مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی ھەر گۆشەیەکی ئەم جیھانە بە تەنیا پێویستی بە دەیان و سەدان لێکۆڵینەوە و پەرتووك ھەیە، بەڵام پێناسەی چینێکی نەدار و بێدەسەڵات و کرێگرتە، لە چەند دێڕ و پەڕەگرافێك زیاتر تێپەڕناکات.

“بە گوێرەی فەرهەنگی ئینگلیزی دانشگای کامبریج چینی کرێکاران گروپێکی کۆمەڵایەتین کە پێکهاتون لە خەڵکانێك پارەیەك پەیدا دەکەن ، زیاتر هەقدەستیان بە گوێرەی کاژیری کارکرندیانە ، یاخود ڕۆژانەیە ، ڕاشکاوانە ئەوانەن کە کاری جەستەیی دەکەن……………چینی کرێکاران (”
ئەوەی گومان ھەڵناگرێت، ئەوەیە، کە ئەوە پێناسەی زانستگەی کامبریج’ە، بەڵام دەبوو (ھاوڕێ زاھیر) سەرنجی ناتەواویی ئەو پێناسەیەی بدایە، کە دەڵێت “چینی کرێکاران گروپێکی کۆمەڵایەتین کە پێکهاتون لە خەڵکانێك پارەیەك پەیدا دەکەن ” … ئەگەر بەو پێناسەیە بێت، کەواتە بازرگانەکان و بکوژپیشەکانیش کرێکارن، چونکە پارە پەیدادەکەن؟ ئەگەر ” زیاتر هەقدەستیان بە گوێرەی کاژیری کارکرندیانە ، یاخود ڕۆژانەیە ” پێوەرێکی دیکەی کرێکاربوون بێت، کەواتە کرێکارانێك کە تەواوکردنی کارێك بە کۆنترات یان پارچە دەگرن، ناچنە خانەی چینی کرێکار؟ ئەگەر کاری جەستەیی و پارە پەیداکردن پێوەر بێت، کەواتە “بۆکسکار و زۆرانبازەکان”یش کرێکار دەبن، چونکە ھەم پارە پەیدادەکەن و ھەم کارەکەشیان ١٠٠% جەستەییە؟

بەبۆچوونی من، خودی ناوی ئەو چینە و ئەندامانەکانی؛ چینی کرێکار و کرێکاران، بە کوردی بۆ پێناسە و ناسینی ئەو چینە بەسە، کەسی کرێگرتە، کەسێك کە لە ماوەی کارکردن خاوەنی خۆی و کاڵایەك کە بەرھەمیدەھێنێت، نییە، لە بەرانبەر کرێ کاردەکات، بە کرێی کارەکەی دەژی، لە ماوەی کاردا سەربەستی دەرچوون و ئەنجامدانی چاکییە خۆخواستەکانی نییە، پابەندی ڕێکەوتنی کارە و سبەینێش دەبێت بگەڕێتەوە سەر کار، مافی پشتیوانی لە ھاوچینەکانی خۆی نییە و خاوەنی خۆی نییە و کرێگرتەی سەرمایەدارێك یان دەوڵەتێکە.
” زۆر ئاشکرایە ئەو دونیایەی کە مارکسی تیادا دەژیا یەکجار گۆڕاوە، هەر ئاواش خودی چینی کرێکارانیش و پێناسەکەشی. ئەوەی کە لە کۆمەڵدا تا ئێستا نەگۆڕاوە و هەیە چینی کرێکارانن، چینی ناوەنجی و چینی باڵای نێو کۆمەڵن.”
بەدڵنیاییەوە ھەموو شتێك دەگۆڕێت و ھیچ شتێك نییە، نەگۆڕ بمێنێتەوە. ئەوە تایبەتمەندیی سروستی ھەموو شتێكە، تەنانەت زمان و کولتوور و سیستەم و یاسا و تەنانەت کەسایەتی بۆجوازییەکیش. بەڵام گۆڕانی چینی کرێکار یان کرێکار، کامە گۆڕانە گۆڕانی پێگەی کۆمەڵایەتی، پێگەی ئابووریی، شوناسی کولتووریی؛ ئایا ھیچ لە پێگەی کرێگرتەیی پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی و ھاوکات پێگەی سەرمایەداران و دەسەڵاتداران گۆڕاوە؟ ئایا چینی کرێکار بووە بە سەرمایەدار و سەروەر و چینی سەرمایەدار و سەروەر بووە بە کرێکار؟ ئایا ئەو گۆڕانانە ھیچی لە ھاوکێشەی ڕێژەیی گرانبوونی کاڵا و زیادکردنی کرێ گۆڕێوە؟ ئایا لە ماوەی سەد و پەنجا ساڵی ڕابوردوو کرێکاران دەستبەرداری ناڕەزایەتی و داخوازی و مانگرتن بوون؟ ئیدی چی گۆڕاوە؟

بێجگە لەوە ئەوە تەنیا (کاڕڵ مارکس) نەبووە و نییە، کە کرێکاران بە چینێکی شۆڕشگێڕ دەزانێت، پێش ئەو و ھاوکاتی ئەو و پاش ئەویش کەسانی دیکە لەنێو ئەوانیش ئەنارکیستەکان لە پڕۆدۆن تاکو زۆر ئەنارکیستی ئەم ڕۆژانە ئەو بۆچوونەیان ھەبووە و ھەیە. بە بۆچوونی من دروستر بوو، ڕەخنە لە ئەوان بگیردرێت، ئینجا کارڵ مارکس … ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، لە بەشی یەکەمی ئەو دوو دێرە و بەشی دووەمی تێناگەم، ئەگەر ” خودی چینی کرێکارانیش و پێناسەکەشی ” گۆڕاون، ئیدی چۆن ” ئەوەی کە لە کۆمەڵدا تا ئێستا نەگۆڕاوە و هەیە چینی کرێکارانن، چینی ناوەنجی و چینی باڵای نێو کۆمەڵن.” ؟ چینی نێوەندی کامەیە؛ چین یان توێژ؟

” لە کاتێکدا کە زۆرینەی مارکسییەکان و سۆشیالیستەکان و هەندێکیش لە ئەنارکیستەکان باوەڕیان وایە کە پاڵپێوەنەری یاخود دینەمۆی بردنمان بەرەو کۆمەڵی سوشیالیستی ، کرێکارانە ،…….. زۆرێك لە ئێمە بڕوامان وایە کە زۆربەی زۆری کۆمەڵ کرێکارن. بەم پێوەدانەش کرێکاران ، خانەنشینکراوان ، بێکاران، ئەوانەی کە کار بۆ خۆیان دەکەن، یا تەنانەت قوتابیان و ئەو کەسانەشی کە پارەیەکی مشە وەردەگرن ، کە هەندێکمان بە چینی ناوەنجییان لە قەڵەم دەدەین، هەموو ئەمانە دەگرێتەوە . ”
ئەگەر کەسێك ھەبێت و ئاوا بیربکاتەوە، کە زۆری ھەژمار شۆڕشگێڕی کەسەکان و چینەکان دیاریدەکات، بەبێ گومان گرفتی بیرکردنەوە و دیتن و خاڵیبوونی پاشخانی زانیاریی ھەیە. وەک پێشتر گوتم ئەوە پێگەی ھەستیاری کرێکارانە لەنێو پڕۆسێسی بەرھەمھێنان، ئەو ئەرکە دەخاتە سەرشانی ئەوان، نەك ھەژرماری ئەوان.

بەڵام وێڕای ئەوە، با پێکەوە سەرنجی ئەو توێژە پڕۆلیتێرییانە بدەین، کە لە دەرەوەی چینی کرێکار ڕێزکراون؛ زۆرینەی خانەنشینەکان پێش خانەنشینی کێ بوون؟ زۆربەی بێکاران کێن و پێش بێکارکران کێ بوون؟ زۆربەی خوێندکاران لە کامە خێزانەوە دێن، ئایا پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ھەر خوێندکارێك، پێگە و توانایی ئابووریی ئەو دیاریناکات؟ ئایا باشتر نییە، بۆ ئەوەی کرێکار وەك بوونێکی ئەبستراکت و ڕۆبۆتێکی دابڕاو نەبینین، ھەموو دیوەکانی ژیان و بوونی ئەو بخوێنینەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان/خێزانییەکانی نێوان چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان و توێژە کرێکارییەکان لەبەرچاوبگرین؟

” ئەگەر ئەو پێناسەیەی سەرەوە بۆ چینی کرێکاران وەرگرین ، دەگەینە ئەو سەرەنجامەی کە چیینی کرێکاران چینێکی یەکگرتوو نین، ئامانجەکانی هەر بەشێکیان لە ئێستادا جیاوازە و یەکگرتنیشیان لە ڕادەی مەحاڵدایە. ڕەنگە ئەمەش هۆکارێك بێت کە هاوکاری و کۆمەك و هاریکاریی لە نێوانیاندا نابینین، هەر ئەمەشە کە تێشکان بەدوای تێشکانا، چارەنوسیانە.”
ئەوەی کە یەگرتوونەبوون و پەرشوبڵاوی و نەبوونی ھاوپشتی ھۆکاری ھەموو تێکشكانێکە، ھەمووان لەسەری ڕێکین، ھەم ئایینگەرا و ھەم بۆرجوا و ھەم کرێکار، ھەم مارکسیست و ھەم ئەنارکیست، ھەم پارتییەکان و ھەم دژە پارتییەکان. بەڵام من تێناگەم بۆچی ئەو پێناسەی سەرەوە، ھەرچەندە نادروستیشە، بۆ دەبێتە سەلمێنەری ئەوەی کە کرێکاران چینێکی یەکگرتوو نین؟ ئایا ھیچ چینێک تەنانەت بۆرجوازیش ھیچ کات یەکگرتوو بووە، تاکو کرێکاران یەکگرتوو بن؟ ئایا مامۆستایان، فەرمانبەران، جوتیاران، خانەنیشینان، خوێندکاران، دوکانداران، دەڵاڵان، سەربازان، سیخوڕان، …تد ھیچ کات یەکگرتوو بوون، تاکو کرێکاران بخەینە قەفەزی تاوانباری و ھەموو شکستەکانی مێژوو بخەینە ئەستۆی ئەوان؟ ئەی ڕۆڵی کەسە ناکرێکارەکان “خەڵك” لە ڕودانی ئەو شکستانە چییە؟

لەوانەیە نووسەر بڵێیت، من ئاوام نەگوتووە و مەبەستم ئەوە نییە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی بە منی خوێنەر دەگات و گەییشتووە، ھەر ئەوەیە. وەک دەزانین گرنگ نییە، ئێمە چۆن خۆمان لە ڕستەکانی خۆمان دەگەین، گرنگ ئەوەیە چۆن بە خوێنەر دەگات. ئینجا چ بگاتە خوێنەرێك کە تەنیا “وردەبۆرجوازبوون و دژمنبوونی ئەنارکیزم بۆ کرێکاران”ی بیستووە! تێگەییشتن لە ھۆکاری نەبوونی ھاوپشتی و یەکگرتوویی کرێکاران زۆر ئاسانە، لە وڵاتی ئاڵمانیا ھێشتا یاساکەی سەردەمی ھیتلەر، کە قەدەخەبوونی “مانگرتنی گشتی”یە سەروەرە، بەدڵنیاییەوە لە بریتانیا و ئەمەریکا ئەگەر لەوە خراپتر نەبێت، ئەوا باشتر نییە. ئایا ئەندامانی چین و توێژەکانی دیکە بەپێچەوانەی کرێکاران دەکەن و ئامادەن کار و مووچەکەیان لەپێناو پشتیوانی بەشەکەی دیکەیان لەدەستبدەن؛ ئایا من و تۆ کاتێك کە کارمان دەکرد، ئامادەبووین ئەوە بکەین؟
بە بۆچوونی من، ئەوە گرێکوێرەی پرسەکەیە و ھەر ئەوەشە خاڵی لاوازی چین و توێژە پڕۆلیتێرییەکان و ھۆکاری شکستخواردنی بزووتنەوەکان و سەروەران و سەرمایەدارانیش لەسەر ئەو بنەمایە یاسا پۆڵایینەکانی کار و “پیرۆزی” دارایی تایبەتیان داڕشتوون و ڕێگەچارەش سەرکۆنەکردنی چینی کرێکار نییە، لەسەر ئەوەی کە (کارڵ مارکس) ئەو چینەی بە شۆڕشگێڕ ناساندووە، بەڵکو گەڕان و دۆزینەوەی ئامرازی شکاندنی ئەو بازنە بۆشەیە، کە بزووتنەوەکە لەنێوی گیریخواردووە و بە بۆچوونی من ھۆکاری یەکگرتوونەبوونی کرێکاران پێناسەکەی چینەکەیان و گۆڕانی ڕواڵەتی توێژەکانی چینەکە نییە، بەڵکو سندانی پارتایەتیی و دەسەگەریی ئایدیۆلۆجییە، کە کرێکارانی زیاتر لە ھەموو چین و توێژە پڕۆلیتێرییەکان پەرشوبڵاو و بێھێزکردووە.

” ئەگەر هەموان لەسەر ئەوەش یەکبگرینەوە کە چینە کرێکارە تەقلیدییەکە لەتەك کرێکارانی دووکانەکان و فرمانگاکان و بەشی خواردنەوە و خۆراك و کرێکارانی سەر کێڵگەکان ، کە بەمانە هەموویان دەوترێت کرێکار، هێشتا هەر ڕووبەڕووی گرفت دەبینەوە. ئەمانە بەشێکی کەمی کۆمەڵن هەر لەبەر ئەمەش گرانە کە باوەڕ بێنین لە ڕێگای ئەمانەوە کۆمەڵێکی ناچینایەتیمان بۆ دێتە بەرهەم . هەروەها بە هۆکاری جیاوازی هەلومەرجی کارکردنیان و ئەندامبوونی نقابەی جیاواز هاریکاریی و یەکێتی نێوانیان یەکجار سەخت دەبێت.”
پێش ئەوەی سەرنجی خۆم لەم بارەوە، بنووسم، ناڕۆشنییەکی زۆر لەنێو ئەو پەڕەگرافە ھەیە، بەتایبەت سەرەتا و کۆتایی. من ھەرگیز لەتەك ئەوە یەکناگرمەوە، کە کرێکاران کەمینەیەکی ناکار بن، ھەر ئاوا لە چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانی دیکە نایەکگرتووتر و بێدەنگتر و ملکەچتر نین. وەك پێشتر گوتم زۆرینەبوون نابێتە پێوەری کارابوون و شۆڕشگێڕبوون. لەوانەیە باشترین شت ئەوە بێت، نموونەی داڕوخانی ئابووریی ئەرژەنتین ١٩٩٩- ٢٠٠٣ کە خاوەن کارخانە و ھۆتێل و چاپخانە و … تد سەری خۆیان ھەڵگرت، ھاوکاتی بێکاربوون و نابڕاوی کرێکاران زۆربەی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان بێکار و نانبڕاوبوون، خۆنیشاندانی ملیۆنی برسیان بە مەنجەڵ-کوتینەوە شەقامەکانی داگیرکرد. ئەی پاشکارایی و کاردانەوەکان چی بوون؟ ئایا بێجگە لە کرێکاران ھیچ توێژێکی دیکە شوێنی کاری خۆی داگیرکرد و کردی بە پڕۆژەیەکی سۆشیالیستی/کۆمەڵایەتی؟ ئایا بێجگە لە ڕێکخراوی بێکاران (کە نزیکەی ھەمووی کرێکارانی بێکارکراو بوون) ھیچ چین وتوێژێکی دیکە بەو جۆرە پەیگیرانە ھاوپشتیکرد و ئامادەی لەخۆبوردەیی بوو؟ دیسان با ئەم چەند ساڵەی یۆنان سەرنجبدەین، ئایا کرێکاران شۆڕشگێڕترین چین وتوێژی پڕۆلیتێری نین؟ ئەگەر کرێکاران مانگرتنی گشتی نەکەن، ھیچ چین و تویژێکی دیکەی نەدار و بێدەسەڵات دەستپێشخەریدەکات؟ با سەرنجێکی ھەرێمی “کوردستان”یش بدەین، کە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو لەژێر باری دوو ئابڵۆقەی ئابووری دەیناڵاند، ئایا ھیچ چین و توێژێکی دیکەی نەدار و بێدەسەڵات ھێندەی کرێکاران ناڕەزایەتی دەربڕی و مانگرتنی کرد؟ لێرەدا لە وێناکردنی ڕۆڵی چین و توێژەکان لەو سەردەمەدا لادەدەم، چونکە بەجۆرێك سووکایەتیئامێز دەبێت، ھەڵبەتە نەک لەبەرئەوەی کە من سووکایەتی بە ئەوان دەکەم، بەڵکو لەبەرئەوەی کە ھەڵوێستی خۆشباوەڕانە و سوپاسگوزارانەی ئەوان خۆیان پڕ سووکایەتی بوو بەخۆیان ؛ “ئەنجامدانی ئەرکی نەتەوەیی”.

” پێشئەوەی کە زیاتر بڕۆم ، دەبێت پرسیاری ئەوەش بکەم ئەی شۆڕش چییە؟ ئایا چەند چاکسازییەکی سەرەکییە؟ تێکۆشانی چینایەتییە و چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە بمانگوێزێتەوە بۆ ژێر دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا؟ بەزۆر هێنانە خوارەوەی حکومەتە و دانانی یاسای کۆمەڵایەتیی؟ یاخود گۆڕانکاریی و گواستنەوەی کۆمەڵە بۆ کۆمەڵێکی ناقوچکەیی و نا چینایەتی لە ڕێگای تێکۆشانی هەرە زۆرینەمان بێ گوێدانە پاشخانی کۆمەڵایەتیمان ؟”
ڕاستە پرسی شۆڕش لەتەك پرسی شۆڕشگێڕبوونی چین و توێژەکان پەیوەندی ھەیە. بەڵام لەناکاو خوێنەر تووشی دابڕان و بازدانێکی کتوپڕ دەبێت. بۆ من وەک خوێنەر نازانم پەیوەندی “دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا” وەك دروشمی چەپ و وردەبۆرجوازی چ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکار و سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و نەبوونی چینی کرێکار” ھەیە؟ ئایا دەکرێت لەبەرئەوەی کە ئایینەکان بوونی مرۆڤ و ژیان لەسەر گۆی زەمین بۆ ویستی یەزدان و دەرکردنی مرۆڤ لە بەھەشت دەگێڕنەوە، ئیدی من ژیان ڕەتبکەمەوە و خۆکوژی بکەم؟
بەڕاستی ئەو پەڕەگرافە و پەراگرافی دواتریشی و ھیچ یەك لەو پرسیارانە پەیوەندیان بە سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و نەبوونی چینی کرێکار”ەوە نییە، ئەوەی ئێمە چۆن جیھان و دیاردە و ڕوداوەکانی دەبینین و لێکدەدەینەوە و چۆن ئایەندە وێنادەکەین، ھیچ پەیوەندی بە کرێکارانەوە نییە و ناکرێت کرێکاران لەسەر بۆچوونی کەسانی دەرەوەی خۆیان سزاواربکەین. بێجگە لەوەش بەتەنیا ناقووچکەیی/ ئاسۆییبوونی سیستەم و ڕێکخستن و پەیوەندی شوێنکار بۆ خۆی سەلمێنەری نەبوونی جیاوازی چینایەتی نییە. ھەر ئێستا مۆدیلێك لە بەڕێوەبردنی شوێنەکانی کار ھەیە، بە “پێکەوە کارکردن و ھیرارکی ئاسۆییی” ناسراوە و ڕۆژانە دەیان ڕیکلامی ئاوا دەخوێنمەوە. ھەر ئاوا ئەوەی خاوەن زەوییەك لە خۆرھەڵاتی ناوین لەتەك کرێکارەکانی/جوتیارەکانی نانەدرۆزنە دەخوات، ئایا بەڵگەی نەمانی پێگەی چینایەتییە؟ چۆن بەبێ گوێدانە پاشخانی چینایەتی بەشداری تێکۆشان دەبین، ھاندەرەکان چین، بێجگە لە ناڕەزایەتی بەرانبەر پێگە و پاشخانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیمان؟

” چینی کرێکاران چینێکی شۆڕشگێڕ نییە. بەڕای من هەرگیزیش شۆڕشگێڕ نەبوون. ئەگەر واتای شۆڕش گۆڕینی کۆمەڵی هەنووکەیی بێت بۆ کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناقوچکەیی ، ئەوە ئەرکی سەرشانی چینی کرێکاران نییەو هەرگیزیش نەبووە.”
بەداخەوە بڕیاری یەکلایەنەیە، نەك سەلماندن و تیئۆریزەی سەلمێندراوەکان و ئەزموونەکان. ئەگەر کرێکاران شۆڕشگێڕ نەبوون، دەکرێت بزانین، بۆچی دوژمنانی نێو بەرەکانی جەنگی نێوان پروس و ناپۆلیۆن بۆ سەرکوتکردنی کۆمونەی پاریس یەکدەگرن، یان جەنگەکەیان ڕادەگرن؟ بۆچی کاتێك لە درێژەی مانگرتنی ژنە کرێکارانی ڕستن و چنینی ڕوسیە ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر ڕوودەدات و بۆلشەڤیکەکان بەرەو سەرمایەداری دەوڵەتی دەبەن، تەنانەت لە باری ناسۆشیالیستیبوونی ئەو سیستەمەش و بەدرێژایی تەمەنی ئەو سیستەمەی بۆلشەڤیکەکان، سەرمایەداران و دەوڵەتەکانی ئەوروپا ناچار بە ڕیفۆرمکردن و زیادکردنی مووچە و کەمکردنەوەی ماوەی کار و باشترکردنی بیمەی دەرمانی و بێکاری و خانەنشینی و زۆر شتی دیکە دەبن؟ ئەی ئێستا کە لە ئەنجامی ئەو شکستانە نائومیدی بەسەر کرێکاران زاڵبووە، بۆچی سەرمایەداران و دەوڵەتەکان دەستکەوتەکان دەستێننەوە و ھێرشی پێچەوانە دەکەن؛ بۆچی لە کرێکارانەوە ھێرشەکە دەستپێدەکەن؟

” مارکس قسەیەکی یەکجار ڕاست و بایاخداری کردووە کە وتوویەتی” ئەوە هۆشیاریی مرۆڤ نییە کە بڕیاری بوونی دەدات ، بەڵکو بە پێچەوانەوە ، بوونە کۆمەڵایەتییەکەیەتی کە بڕیاری هۆشیاریی دەدات” . من وا هەستدەکەم مارکس پێچەوانەی ئەم قسەیەی خۆی هەنگاو دەنێت کاتێک پەیگیریی دەکات کە شۆڕش ئەرکی سەر شانی چینی کرێکارانە . ”
بەبۆچوونی من، ھەم گوتەکە ڕاستە و ھەم ئەنجامگیرییەکەشی. چونکە کرێکاران وەك خوارترین چینی کۆمەڵ و سەختی ڕۆڵ و گرنگی ڕۆڵی چینایەتییان دەبنە شۆڕشگێڕ و زیاتر لە ھەموو چین و توێژێکی دیکە خوازیاری گۆڕانی ئاوا سیستەمێك دەبن. بێجگە لەوەش پێویستە ھەموو گوتە و بۆچوونێك لەنێو کۆنتێکستی خۆی بخوێندرێتەوە و لێکبدرێتەوە، نەك وەرگرتنی بە ئەبستراکتی. ئەگەر مارکس ھۆکار و پاگەندەی ئەو ئەرکەی ڕۆشننەکردبێتەوە، بەدڵنیاییەوە خەریکی پەڕجووکردنی ئایینگەرایانە بووە.
” چینی کرێکاران هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە و ئێستاشی بەدەمەوە بێت، خەبات و تێکۆشانەکەی ئابوورییانە بووە نەك سیاسیانە و وەرگرتنی دەسەڵات. دیارە ئەمەش هۆکارێکە کە کرێکاران خەبات و تێکۆشانی خۆیانیان بە نقابەوە گرێداوەتەوە و کەمتر لەشانی پارتە سیاسییەکانەوە بوون . کرێکاران کارو خەباتیان بە گوێرەی قسەکانی مارکس دەکەن ، هەر لەبەر ئەمەش هۆشیاریی ئەوان ئەو بازنەیە نابەزێنێت و نایانبات بەرەو خەباتکردن بۆ دروستکردنی کۆمەڵی ناچینایەتی و دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا. ”
من ئاوا لە دێری یەکەمی ئەو پەڕەگرافە تێدەگەم، کە ‘ تێکۆشانی ئابووریی ھیچ نییە و نیگەتیڤە’، ‘کۆششی ڕامیاریی و تێکۆشان بۆ دەسەڵاتی ڕامیاریی پۆزەتیڤە’. دیسان ‘تێکۆشانی سەندیکا نیگەتیڤە’ و ‘ئەگەر لە شانی پارتییە ڕامیارییەکان بووایێن، شۆڕشگێڕ دەبوون’ . ‘ کرێکاران بە قسەی مارکس دەکەن، لەبەرئەوە خەریکی سەندیکان’ و ‘ھوشیارییان سنووری سەندیکا و تێکۆشانی ئابووری نابەزێنێت و تێکۆشانە ئابوورییەکەیان و ڕێنوێنییەکانی مارکس ئەوان بەرەو تێکۆشان بۆ دروسکردنی کۆمەڵی ناچینایەتی و دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا نابات’
ئەوە تێگەییشتنی منە وەک خوێنەرێك لەو پەڕەگرافە، ئیدی نازانم مەبەستی خودی (ھاوڕێ زاھیر) چییە و چۆن تێکۆشان بۆ کۆمەڵی چینایەتی لە پێگە ئابوورییەکەی دادەبڕێت و تێکۆشانی ئابووریی لەتەك ڕیفۆرمیزم یەکساندەکات و ئینجا تێکۆشان بۆ دروستکردنی کۆمەڵی چینایەتی لەتەك تێکۆشان بۆ دورستکردنی “دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا” جووت و ھاوتادەکات؟

من لەوە دەگوزەرێم، کە ئەوە دەقاودەق بۆچوونی لێنین و پاشڕەوانی ئەوە لەبارەی تێکۆشانی ئابووریی و لە بەرانبەر ئەوەش چەقبوونی تێکۆشانی ئابووری لەنێو ھزر و بۆچوون و بزووتنەوەی ئەنارکیستی و ھەر ئەوەش بووە ڕەخنەی لێنینیستەکان لە ئەنارکیزم؛ کە خەریکی ڕێکخستنی سەندیکا و تێکۆشانی ئابوورین. لەوەش دەگوزەرێم، کە “تێکۆشانی ڕامیاریی” و “وەرگرتنی دەسەڵات” و “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” لەنێو تێڕوانین و بۆچوونی زۆرێك لە ئەنارکستەکان نیگەتیڤە و بەپێچەوانەوە خۆڕێکخستنی جەماوەریی و تێکۆشانی ئابووریی بە تاکە مەیدانی تێکۆشان دەزانن. سەرباری ئەوانەش دەمەوێت بزانم (کارڵ مارکس) دژی “تێکۆشانی ڕامیاریی” و “وەرگرتنی دەسەڵات” و “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” بوو یان لایەنگری؟ چونکە ئەگەر تێکۆشانی کرێکاران “تێکۆشانی ڕامیاریی” و “وەرگرتنی دەسەڵات” و “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” نەبووبێت و “بە گوێرەی قسەکانی مارکس کار و تێکۆشانیان کردبێت”، کەواتە کاڕڵ مارکس دژ یان نەیاری “تێکۆشانی ڕامیاریی” و “وەرگرتنی دەسەڵات” و “دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریا” بووە؟

” ئەوان ‘کرێکاران’ نە دژ بە دەوڵەتن و نە دەوڵەتی پڕۆلیتاریاشیان دەوێت. ” . ئەی چیان خواستووە، ئایا دەتوانین بڵێین ‘کۆیلەی سوپاسگوزار’ بوون و ھەن و خوازیاری ھیچ نەبوون؟ ئەی ئەگەر کرێکاران دژی دەوڵەتی بۆرجواکان نەبوون، ئەدی ئەو ھەموو کوشتارە مێژووییەی کرێکاران چییە؟ زۆرینەی ئەوانەی لە (کۆمونەی پاریس) و (کڕۆنشتات) و (ھەرەوەزییەکانی ئۆکرانیا) و (ھەرەوەزییەکانی ئیسپانیا) دژی دەوڵەت جەنگین و کوژران کێ بوون، ئەی کرێکاران لە کوێ بوون و خەریکی چی بوون؟
” شرۆڤەی من بۆ ئەم پەیامەی مارکس ئەوەم دەداتە دەست کە چینی کرێکاران نابێت و ناکرێت زیاتر شۆڕشگێڕ بن لە خانەنشینان، قوتابی و خۆێندکاران، بێکاران، پەککەوتوان کە لەسەر بیمەی پەککەوتەین و هەروەەها ئەوانەشی کە لە سەر جۆرێك لە بییمەکانن. ‌هۆکارەکەش ڕوونە ، ئەویش ئەوەیە ، ئەوانەی کە کرێکارن ، داهاتەکەیان زۆر باشترە لەوانەی کە لەسەرەوە ناونوسم کردن . بەڕاستیش هەر ئەمەش هۆکارەکەیە کە ئەو جۆرە خەڵکانەی سەرەوە زۆر چالاکترن. ئەوە ئەوانن کە بەشداریی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان دەکەن و بە کێشەکانی نێو کۆمۆنێتییەکە تێکەڵ دەبن . ئەوە ئەوانن کە هاوکاریی و هاریکاریی بە کرێکارانی مانگرتوو بۆ داخوازییەکانیان، دەکەن ، لە کاتێکدا هاوەڵە کرێکارەکانیان هەر لەو کارگەیە یا لەو فرمانگایە یا لەو شۆپە بەردەوامن لە کارکرنیان و چییان پێبوترێت ئەوە دەکەن.”

لێرەدا من وەك خوێنەریك خەریکە لە گوێکوێرەی پرسەکە نزیکدەبمەوە، بەراوردکردنی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانە بە یەکتر. من دەتوانم بڵێم کرێکاران شۆڕشگێڕترن، وەك پێشتر نموونەم ھێنایەوە. بەڵام ناتوانم بڵێم ئەو چین و توێژانەی دیکە شۆڕشگێڕ نین. ئایا زیادی کرێ و مووچەی کرێکارێك لە ھی بێکارێك و خانەشینێك دەتوانێت پێوەری ناشۆڕشگێڕی بێت؟ ئەگەر ئاوای وەربگرین، کە ئەو پێوەرە دروستە، ئەی بەراوردی شۆڕشگێڕی و ناشۆڕسگێڕی خانەنشینێك کە دوو ھێندەی کرێکارێک مووچە وەردەگرێت، یان بەراوردی مووچە کرێکارێك کە لە مووچەی بێکاریی بێکارێک کەمترە چی؟ پاشان، جیا لە ڕەخنەی ئێمە لە سەروەریی چینایەتی و دارایی تایبەت و کاری کرێگرتە، ئایا دادپەروانەیە کرێکارێکی کورەخانە یان پۆڵاسازی و بارکردن ڕۆژانە ھەشت سات کار و چەند سات ھاتووچۆی کار و سووکایەتی خاوەنکار و سەرکاریگەر…تد ھێندەی بیمەی بێکاری یان بیمەی کۆمەڵایەتی و دەرمانی و خانەنشینییەکەی من وەربگرێت، کە بەیانی تاکو ئێوارە لەنێو فەیسبووک خەریکی وڕێنەکردنم؟ وەك گوتم ناخوازم بڵێم کەمی مووچی بێکاران و نەخۆشان و خانەنیشان دادپەروانەیە، بەڵام ھیچ دادپەروەرییەکی تێدا نییە، شۆڕشگێڕی بەگوێرەی مووچە دابەشبکرێت و دیاریبکرێت.
بێجگە لەوەش، پێدانی مووچەی بێکاران و خانەنشینان و کەمئەندامان و …تد ھیچ مەرجێکی بەشدارینەرکردنی ناڕەزایەتییەکانی تێدانییە و ھیچ شتێك نییە، کاتی ئەوان دیاریبکات، کەی لە خەو ھەڵدەستن، کەی بچنە دەرەوە و کەی بگەڕێنەوە. بەڵام بەپێچەوانەوە کرێکار پابەندی مەرجی چوونە سەرکاری ھەر ڕۆژەیە و شەممە و یەكشەممەش وەك ‘بارگیر’ پابەندەی ئەرکەکانی خێزانییەتی. ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، ئەگەر مەرجی مووچەی بێکاری ئامادەبوون لە نووسینگەکانی کار و مەرجی مووچەی خانەنشینی مانەوە لەماڵ و مەرجی مووچەی کەمئەندامان و نەخۆشان ئامادەبوون بێت لە بنکەکانی تەندروستی، ئەگەرنا مووچەکان دەبڕن، ھەر ئاوا کە کرێکارێك نەچێتە شوێنی کار و پابەندی یاسای کارەکەی نەبێت، دەردەکرێت و نانبڕاودەکرێت. ئایا خانەنیشان و بێکاران و نەخۆشان ھەر چالاکتر و شۆڕشگێڕتر دەبن؟ ھەرچەندە من بێکار و کرێکار و خانەنشین و نەخۆش و پەککەوتە لەنێو بازنەیەکی خێزانی دەبینم و لە یەکدی جیایانناکەمەوە و بە چین و توێژی جیاوازیان نابینم، خانەنشین و بێکار و نەخۆش و پەککەوتە ڕۆژێك کرێکار بوون. بەپێچەوانەوە ھۆکار زۆری مووچە نییە و زۆر جاران مووچەکان پێچەوانەن، بەڵکو کۆتوبەندەکانی یاسای کارن و ئەگەر کرێکارانیش بە بەجێھشتنی شوێنی کار و چوون بۆ ھاوپشتی ھاودەردەکانیان مووچەیان نەبڕدرێت و ھەر وەیبگرن، بەدڵنیاییەوە کرێکاران لە ھەموو چین وتویژەکانی دیکە باشتر ئامادەدەبن و خوازیاری بەجێشتنی شوێنی کۆیلەتی خۆیان دەبن. کێ ھەیە، ئەوە نەزانێت، کە کرێکار ھەر ڕۆژ ھەوڵ و جەنگی چرکەیەک زووتر دەرچوون لە شوێنی کار دەکات، چ بگات بەوەی مۆڵەتت ھەبێت و بچیت خۆنیشاندان و پشتیوانی بکەیت و خۆبەخۆ مووچەش بچێتە سەر ئەکاونتی بانک. کاتێك ئێمە ناکەتوارییانە ناچاریی کرێکاران بە ناشۆڕشگێڕیی بخوێنینەوە، پێویستە چاوەڕێی ئەوەش بکەین، کە کرێکارانیش ناکەتوارییانە بە ئێمەی بێکار و خانەنشین و نەخۆش بڵێن، “ئێوە بۆ سەرگەرمی و پڕکردنەوەی کاتی خۆتان دەچنە سەرشەقام”. ڕاستی، بۆچوونە ناکەتوارییەکەی ئەوان لە بۆچوونەکەی ئێمە ڕاستترە. چونکە ئێمە خۆخواستانە دەچینە دەرەوە، بەڵام کرێکاران ناخۆخواستانە دەچنە کار و دەمێننەوە و ملکەچدەبن. ھەموومان ئەوە دەزانین کرێکاران لەبەر نەبوونی ھۆگرییان بۆ کارەکانیان، ھەم لە کارکردن خۆدەزنەوە و ھەم ھەوڵی زوو دەرچوون دەدەن و ھەم ھەوڵی کەمی کارکردن دەدەن، ھەر ئەوەشە ھاندەر و بنەمای بەرەنگاری “تێکدەرانە” و “خراپکارانە”.
” ئەوە ڕاستییە کە چینی کرێکاران توانا و پاوەری ئەوەیان هەیە بە هاوکاریی یەکدی لە ماوەیەکی کەمدا حکومەت بهێننە خوارەوە بە کردنی چالاکی جیا جیا. دەتوانن سیستەمەکە لە کار بخەن ، بەڵام ئەوە ئامانج و ئاڕاستەشیان نییە . جێی سەر سوڕمان نییە پارتی موحافیزین لە بریتانیادا دەتوانیت ڕووبەڕووی نقابە ببێتەوە و بیاندات بە دادگە ، گەر داخوازییەکانیان لە داخوازی ئابوورییانەوە بچیتە قاڵبی داخوازیی سیاسیانە.”

ئینجا بابگەڕێینەوە سەر کاڕڵ مارکس و ئەو ئەنارکیستانەی کە چینی کرێکار شۆڕشگێڕتر دەبینن، کە ھەر ھەمان ھۆکارە و لەبەرئەوەیە کە “چینی کرێکاران توانا و پاوەری ئەوەیان هەیە بە هاوکاریی یەکدی لە ماوەیەکی کەمدا حکومەت بهێننە خوارەوە “، ئەوانیش لەبەر ھەمان بنەما ئاوا پاگەندەیەك دەکەن و ئەوە ڕاستییەکی نکۆڵیھەڵنەگرە. ئەگەر لەوەش بگوزەرێم، ھەر ئەوەی (پارتیی پارێزگاران) دەتوانێت سەندیکا بداتە دادگە، نیشانەی گرنگی و دژبوونی سەندیکایە، ئەگەرنا ھەرگیز ئەو مافە بە ئەوان نەدەدرا، بۆ نموونە ھیچ پارتییەك نە ڕاست و نە چەپ ناتوانێت کۆمپانییەك بداتە دادگە، ناتوانێت لۆبی/دەڵاڵی کۆمپانییەك بداتە دادگە.

بە بۆچوونی من، ئەگەر لێنینیستێك یان ئەندامی پارتییەکی چەپ بیگوتایە ” گەر داخوازییەکانیان لە داخوازی ئابوورییانەوە بچیتە قاڵبی داخوازیی سیاسیانە.” ھیچ شاییشتەی لۆمە نەدەبوو، بەڵام بۆ کەسێك کە ھەردەم خەریکبێت خۆی لەو ئاراستەیە جیاواز نیشانبدات، ئیدی ناکرێت کەمگرتنی تێکۆشانی ئابووریی و بەرزنرخاندنی “تێکۆسانی ڕامیاریی” نادیدەبگیردرێت. چونکە بۆ من و ئەوەندەش لە ئەنارکیستەکان تێگەییشتبم، تێکۆشانی ئابووریی تەنیا داخوازی زیادکردنی کرێ و کەمکردنەوەی ماوەی کار و پێدانی جەژنانەی ساڵانە نییە، بەڵکو خۆڕێکخستنی ئابوورییانەی پڕۆلیتێرەکانە، ھەڵوەشاندنەوەی خشت بە خشتی سیستەمی سەرمایەدارییە، زیادەکردنی دەوڵەت و سەرمایەدارییە لەنێو ژیانی خەڵک، ئەوە لێنین و بۆلشەڤیکەکان بوون، کە ئاوا تێکۆشانی ئابوورییان لە چەند داخوازییەکی ڕیفۆرمیستی کورتدەکردەوە. ھاوکانتیش “تێکۆشانی ڕامیاریی” ھەوڵدانە بۆ بەدەسەڵاتگەییشتن و دەسەڵاتداربوون، لۆبیگەری نێوپارلەمان و شوانەییکردن لەسەر نەداران و بێدەسەڵاتان، چ باڵی ڕاستی “پارتیی پێشڕەو” لە ڕێگەی پارلەمانەوە، چ باڵی “پارتیی پێشرەو” لە ڕێگەی “دیکتاتۆریی دەستەبژێرەوە لەژێر دێوجامەی “پڕۆلیتاریا”.
“مێژوی خەباتی چینی کرێکاران لە سەر ئاستی دونیا ئەوەی نیشانداوە ئەوانەی کە ویستویانە کە سیستەمەکە و کۆمەڵ بنەرەتیانە بگۆڕن چینی کرێکاران نەبوون و ئەوانیش نابن. بەڵکو ئەوانە توخمە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانی ناو کرێکاران و ناو کۆمەڵ بوون، …….. ئەوان بوون کە بازنەی داخراوی خەباتی ئابوورییانەیان شکاند و بەرەو ئامانجی کۆتایی ملیان نا. بە کورتی سنوری خۆیان بەزاند. ”

توخمە سۆشیالیست و ئەنارکیستەکانی نێو کرێکاران کێ بوون، مەگەر کرێکار نەبوون؟ من پێچەوانەی ئەوە دەبینم و ئەگەر سەرنجی سۆشیالیست و کۆمونیست و ئەنارکیستە لەسێدارەدراو و زیندانیکراو و ڕاونراوەکان بدەین، زۆربەیان کرێکار بوون، ئەگەر لەو بارەوە سەرنجی پیشە و بازنەی چالاکی و تێکۆشانی لەسێدارەدراوانی ھایمارکت بدەین، زۆر بە ڕۆشنی دەبینین، کە کرێکاران مەشخەڵ بەدەستی ھەموو خۆنیشاندان و ڕاپەڕین و ھەڵچوون و داچوونی شۆڕش بوون و سۆشیالیزم زادەی بزووتنەوەی کرێکارییە نەك کەلەسەری ڕۆشنبیرانی وردەبۆرجواز… ئەگەر ئێستاش سەڕەرای ھەموو شکستەکان و نائومیدییەکان، لە دەرەوەی ژورناڵ و کاناڵە فەرمییەکان لە دوای ھەواڵەکان بگەڕێین، ئەوا کەتوارێكی دیکە دەبینین. بۆ نموونە ھەر ئێستا من ئەم دێرانە دەنووسم، کرێكارانی میسر خەریکی مانگرتنن، کە درێژەی مانگرتنەکانی دەھەی ڕابوردووە و بۆ ساتێکیش تێکۆشانی کرێکاران نەوەستاوە، بەڵام چین و توێژە ناکرێکارییەکان ھەر زوو پاشەکشێیانکرد و ڕیشی خۆیان دایە دەست جەنەڕاڵ سۍسۍ …

“سەرەتای ئەو بیرۆکەیە کە چینی کرێکاران شۆڕشگێڕن و دروستەکەریی کۆمەڵی سۆشیالیستین ، مارکسە ، بەڵام لە ژیان و واقیعدا تیورە ئابوریی و سیاسییەکەی خزمەتی دوژمنانی کرێکاران کە کاپیتاڵیزمە، کردووە، نەك سۆشیالیزم”
لێرەدا ھەم ھەست بە ستەمکردن لە کاڕڵ مارکس بەوەی ھەموو خەتاکان بخرێنە سەرشانی ئەو و ھەم ستەمکردن لە خودی کرێکارانی کۆمونیست دەبینم. تاکو ئەوێندەرێ کە من ئاگاداربم و خوێندنەوەم ھەبێت، پێش کاڕڵ مارکس، ھەم بابۆفیستەکان و ھەم بلانکیستەکان و ھەم ئەوانەی کە بەناڕەوا بە “سۆشیالیستی خەیاڵی” ناسراون و ھەم پڕۆدۆن لەسەر شۆڕشگێڕی و چارەنووسازیی پێگەی کرێکاران لەنێو بەرھەمھێنان و پێشەنگی ئەوان لەنێو تێکۆشانی سۆشیالیستی بەڕێژەیەك ھاوبۆچوون و لەسەر ئاوا بۆچوونێك پێداگرییان کردووە و بۆ ئەو مەبەستە ھەوڵیانداوە. پڕۆدۆن خۆڕێکخستنی کرێکاران دەکاتە ئەڵتەرناتیڤی ڕێکخراوە ڕامیارییەکان و تێکۆشانی ئابووریی و ھەرەوەزییە ئابوورییەکان بە چارەنووسساز دەبینێت. باکۆنین ھاودەمی کارڵ مارکس ھەم لەنێو ئەنجومەنی نێونەتەوەیی زەحمەتکێشان “نێونەتەوەیی یەکەم” و ھەم دواتر لەنێو (ئەنجومەنی نێونەتەوەیی/ فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی ئەنارکیستان) لەسەر ھەمان بۆچوون پێداگرییکردووە و زیاتر لە کارڵ مارکس لەسەر گرنگی و چارەنووسسازیی تێکۆشانی ئابووریی کرێکاران پێداگرییکردووە. لەنێو ئەنارکیستەکانی دواتریش مالاتێستا و کڕۆپۆتکین و ڕودۆلف ڕۆکەر و ئێما گۆڵدمان و تەنانەت ئێستاش لەسەر شۆڕشگێڕیی کرێکاران بە گوێرەی پێگەی ستراتیجیان لە ڕاگرتنی پرۆسێسی (ڕاگرتنی نەك ھێشتنەوەی) بەرھەمھێنانی بۆرجوازی و گۆڕینی بە پەیوەندی و ڕێکخستنی یەکسانانەی تاکە ئازادەکان، پێداگرییان کردووە و دەکەن. بۆ من ئەوە پرسیارە، ئەگەر ئەو بۆچوونە ھەڵەیە و دژەشۆڕشانەیە، بۆچی تەنیا کارڵ مارکس لەسەر ئەوە سزاواردەکرێت و ئەوانی دیکە لەبەردەم مەقسەڵەی ئەو ڕەخنە دەربازدەبن؟ ئەگەر ئامانجیش ڕەتکردنەوەی بۆچوونەکانی مارکس و سەلماندنی نادروستیی ئەوانە، بۆچی دەبێت چینی کرێکار و کرێکاران بکرێنە “ناشۆڕشگێڕ”، تاکو “ناشۆڕشگێڕیی” کارڵ مارکس بسەلمێندرێت؟
وەک پێشتر گوتم، پێویستە ھەموو گوتەیەك لەنێو کۆنتێکستی خۆی بخوێندرێتەوە و لە چوارچێوەی سەردەمی خۆی ھەڵبسەنگێندرێت و ڕەخنەبکرێت، نەك بەگوێرەی کۆنتێکستی دەستەبژێری سەرەوەی پارتییە بەناو “کرێکاری و کۆمونیستەکان” و سەردەمی سەدەیەك دواتر. نە دەوڵەتی سەردەمی پڕۆدۆن و مارکس و باکونین، وەک دەوڵەتی ئێستا گشتگیر و کۆمەڵایەتیی بووبووەوە، نە کرێکارانی ئەو کات وەک کرێکارانی ئێستا لەژێر تێکشکانی بۆلشەڤیزم لەژێر ناوی ئەوان و خەونی ئەوان، بزووتنەوەکەیان تێکشێندرابوو و نائومێد بووبوون، کاتی ئەوان ھەم مانگرتنێکی گشتی دەیتوانی فەرمانداری و دەوڵەت بڕوخێنێت، ھەم گروپێکی شۆڕشگێر دەیتوانی سیستەمی ڕامیاریی بگۆڕێت. ئەو کات وەك ئێستا سیستەم و دەوڵەت و کولتووری بازار جیھانی نەبووەوە و تەکنۆلۆجیای چاودێری و بەربەستکردن وەك ئێستا گەشەینەکردبوو و میدیا وەك ئێستا مرۆڤەکانی لە کڕۆکی خۆیان خاڵێنەکردبوو. لەبەرئەوە، ھەر ئاوا کە ھەڵەیە، لەسەر بنەمای بۆچوونێکی گۆدوین و کابە و سان سیمۆن و ڕۆبێرت ئۆئێن و ڤیتلینگ و پڕۆدۆن و بلانکی و مارکس و باکونین کەتواری ئێستا بپێورێت، ھەر ئاواش ھەڵەیە، کە بۆچوونی ئەوان بەگوێرەی سەردەمی ئێستا ھەڵسەنگێندرێت و لێکبدرێتەوە و سەرکۆنەبکرێن. ئەوانەی کە شاییستەی سەرکۆنەرکردنن، ئێمەین، خودی مرۆڤە زیندووەکانی ئەم سەردەمە؛ ئەوانەی کە سۆششیالیستەکانی سەدە و نێوێك لەمەوپێش لەسەر گرنگینەدان بە پرسی یەکسانی ژن و پیاو، پاراستنی ژینگە، ئابووری ئیکیۆلۆجی و زۆر شتی دیکە بە پێوەری ھوشیاری ئێستای مرۆڤ سزاواردەکەین و ئەوانەی کە ئەم سەردەمە خەریکن کەتوار و ژیانی کۆمەڵی ئێستا لەنێو قاڵبی بۆچوونی سۆشیالیستەکانی سەدە و نێوێك لەمەوبەر لێکدەنەنەوە و دەگونجێنن.

” ئەوە ڕاستییە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە دونیا گۆڕنکاریی گەوەرەی بەسەردا هات و بزوتنەوەی کرێکاران تا دێت لاواز و لاوازتر دەبێت. ماوەیەکی یەکجار دوورو درێژە کە چینی کرێکاران لە هەموو دونیادا هیچی وایان بەدەست نەهێناوە. نەك هەر ئەوە ، بەڵکو لە بارێکیشدا نەبوون و نین کە تەنانەت پارێزگاریی لەوانەش بکەن کە پێشتر بەدەستهێنراون.”
گۆڕانکارییەکان چی بوون، خۆیی و پووکانەوە و ملکەچبوون و سوپاسگوزاری کۆیلەوارانە بۆ سیستەمی سەرمایەداری، یان گۆڕانکارییەکان بابەتی بوون و بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی بە ھەموو شێوەیەك تیرۆرکراوە؟ ھەموومان گۆڕانکارییە بابەتییەکان دەبینین، بەڵام ھەموومان ھۆکارەکان نابینین و ناکرێت بەبێ خوێندنەوە و دەستنیشانکردنی (خۆییبوون یان بابەتیبوون)ی ھۆکارەکان، چینی کرێکار تاوانباربکەین و شانی بۆلشەڤیکەکان و مائۆتسە تۆنگییەکان و کاسترۆییەکان و چەپەکان بەگشتی و پارتییەکان بەتایبەتی، لەژێر باری تێکشکاندن و دژەخوونیکردنی حەفتا ساڵەی بلۆکی ئیمپراتۆری بۆلشەڤیکی خاڵیبکەین و کرێکاران و چینەکەیان تاوانباربکەین و ناشۆڕشگێڕیی ئەوانی دیکە بە کۆڵی کرێکاران بدەین و نەفرەتبارانیان بکەین. من ئەوە بە ستەمکردن لە مێژوو دەزانم.
” كرێکاران هەر وەکو هەموو کەسێکی، یا کەرتێکی دیکە لە ناو کۆمەڵ، تەنانەت پۆلیس و سەربازیی و تۆڕە سیخوڕییەکان ، خزمەتی ئەم سیستەمە، دەکەن.

ئەوە چینی کرێکارانە کە سامان دروستدەکات ، هەروەها قازانج و پارێزگاریی لە جەنگ، لەهەر شوێنێك ڕووبدات ، دەکات. ئەو جەنگەی کە دەبێتە هۆی کوشتنی خەڵکانێکی زۆری بێ گوناح و مەزڵوم و ژینگەکەشیان وێراندەکات. پێگەی کرێکاریی، هۆشیارانە یا ناهۆشیارانە بە بەرهەمهێنانی زیاتری قازانج و سامان بزوتنەەوی خەڵکی تێدەشکێنێ ، لە ناویاندا کرێکارانیش لە پارچەکانی دیکەی جیهان . پێویست ناکات تاکو بڵێین بەڵگەکان نیشانی دەدەن کە کرێکاران تەنها دەربەستی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیانن، هەتا ئەگەر ئەوە لەسەر حسابی کوشتنی خەڵکی و هاوەڵە کرێکارەکانیشیان بێت لە وڵاتانی دیکەدا. ”
زۆر بەداخەوە، کە من ناچارم جارێکی دیکە دەستەواژەی ستەمگەری لە مێژوو و لە کرێکاران بەکاربەرم. ئەوەی کە ھەموومان چ ھوشیار و چ ناھوشیار، چ شۆڕشگێڕ و چ ڕێفۆرمیست، چ سەرمایەدار و چ کرێکار، چ دەسەڵاتدار و چ بێدەسەڵات بەجۆرێك بڕخووی نێو سیستەمەکەین و تەنانەت ھەناسەدان و ئاوخواردنەوە و خۆدانە بەر خۆرەتاوی خەڵك دەبێتە پارە و قازەنج و سەرمایە بۆ سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و ھەموومان بە ڕێژەی ھوشیاری و ناھوشیاریمان بەرەنگار و خزمەتکاری سیستەمی چینایەتین، نکۆڵێھەڵناگرێت. بەڵام شکانەوەی جەنگ و کوژرانی خەڵك بە قازانجی کرێکاران، ناتوانم بڕوابکەم، چونکە ئەوانەش دەکوژرێن یان خودی کرێکارانن، یان منداڵانی کرێکاران و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەوانن. خۆ بڕواناکەم قوربانیانی جەنگ سەرمایەداران و دەسەڵاتداران و منداڵانی ئەوان بن، تاکو کرێکاران پڕشکی ئاگری جەنگیان بەرنەکەوێت و بە قازانجیان تەواوبێت. لێرەدا من ناچارم بپرسم، سەرچاوەی ئەو ھەمووە نەفرەت و قینە لە کرێکاران چییە، ھۆکار و دنەدەری چین و زادەی چییە؟ ھەرچەندە سەرنجدانی ئاماری کوژراوانی جەنگەکان، پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی سەرەوەیە، بەڵام ناکرێت نەپرسین، ” خەڵکانی زۆری بێ گوناح و مەزڵوم ” کێن؟ ئەگەر وێرانکردنی ژینگە بە قازانجی کرێکارانە، ئەی خودی کرێکاران لەسەر کام ئەستێرە دەژین، کە وێرانی ژینگە کارایی لەسەر ژیانیان دانانێت و بە قازانجیان تەواودەبێت؟

ئەوە نکۆڵیھەڵناگرێت، کە پێگەی پلەچەندی کرێکاران و زێدەبایی کاریی ئەوانە کە دەبێتە قازانجی سەرمایە و ئەوەش ھەم کانت و ھەم پڕۆدۆن و ھەم کارڵ مارکس سەلماندوویانە و دۆزینەوەی ئێمە نییە.
زۆر بەداخەوە، چ ھوشیارانە و چ ناھوشیارانە، چ خوازراوانە و چ ناخوازراوانە، ھاوڕێ زاھیر لەنێو ئەو چەند دێڕە خەریکە جەنگ وەك زادەی سرووشتی سیستەم و سەروەریی چینایەتی و وەك پێداویستی لە سووڕھێشتنەوەی بازار و وەك ئامرازی کوشتنی بەرەنگاری و تێکۆشانی پڕۆلیتێرەکان بەگشتی و کرێکاران بەتایبەتی، دەیگۆڕێت بۆ خواست و قازانجی کرێکاران؟ ھیوادارم ھەر من ئاوا لەو دەستەواژانە تێبگەم و زۆربەی خوێنەران پێچەوانەکەی تێبگەن. “بزووتنەوەی خەڵکی” کێیە و کامەیە، کە قازانجی کرێکاران تێکدەشکێنێت؟ بەڕاستی من تێناگەم، چۆن نووسەر بە ئاوا سەرەنجامێکی لنگاوقووچ گەییشتووە، تەنیا کرێکاران (ھەڵبەتە بە دیتن و بۆچوونی من لەبەر ناھوشیاریی) خەمی ژیانی خۆیانە و بیر لە ھاوەڵەکانیان ناکەنەوە؟ ئەوە ھەر کرێکاران نین، کە پشتیوانی و سۆز و ھەستی ھاودەردی لەنێوانیان لاوازبووە، بەڵکو ھەموو چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانن و ھەموویان لە کرێکاران زیاتر خۆپەرستن [خۆپەرست بە واتا پۆزەتیڤەکەی نا]. بەبۆچوونی من، درێژایی مێژوو پشتیوانی و ھاودەردی و ھاوخەمی و ھاسۆزی نێوان مرۆڤەکان بە سێ شێوە بەرجەستەکراوە:
– شێوەی ئایین. بەڵام لەم ڕۆژگارە بۆ تەختکردنی ڕێی ڕۆبۆتکردنی مرۆڤ و لەنێوبردنی ھەموو ھەست و سۆز و پشتیوانییەکی مرۆیی، ئایین تاکو ڕادەی کاڵایەکی بازاری و ئامرازی تیرۆر و ڕەواییدان بە جەنگ، براوە. بێجگە لەوەش خودی ئایین لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، گۆڕدراوە بە ئامرازی ناکۆکی و دوژمنایەتی نێوان مرۆڤەکان و ھاوپشتی ئایینیش وەک ھاوپشتی ناسیونالیستی، ھاوکات دروستکەری دوژمنایەتی دەرەکییە.
– شێوەی خێڵگەرایی – نەژادپەرستی – پارتییایەتی. ئەم شێوەش ھاوکاتی دروستکردنی ھاوسۆزیی نێوخۆیی ئەندامانی ئەو پێکھاتە و ڕەوت و گروپانە، یەکێتی و ھاوپشتی نێوخۆییەکەیان وابەستەی دروستکردنی کنیەدۆزی و دەستەگەری و دوژمنایەتی دەرەکییە، بەواتایەکی دیکە، کەسێکی خێڵەکی ھاوخێڵەکییەکانی-، کەسێكی کورد کوردانی-، ئەندامێکی (پدک)ی ئەندامانی (پدک)ی خۆشدەوێن، بەڵام لەسەر بنەمای کینەدۆزی و دوژمنایەتی بەرانبەر کەسانی خێڵەکانی دیکە، کەسانی ئێتنییەکانی دیکە و ئەندامانی پارتییەکانی دیکە.
– شێوەی ھاوپشتی چینایەتی و مرۆڤایەتی، کە بەداخەوە لەژێر بەردەھاڕی دەوڵەت و فەرمانداریی و پارلەمان و سوپا و پۆلیس و لەشکر و زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە و تیرۆر و یاسای کار و پارتییایەتی و ناسیونالیزم و ئایین وردوخاشکراوە، ھەمیشە زادەی تێکۆشانی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان و لەپێش ھەموویانەوە کرێکاران بووە، زادەی ھاودەردی و ھاوچارەنووسی ئەوان بووە. ئەگەر بە ویژدانەوە سەرنجی مێژوو بدەین، ھەموو جەنگەکان، ھەموو یاساکان، ھەموو دەوڵەتەکان، ھەموو پارتییەکان، ھەموو سەروەرییەکان، ھەموو سنوورەکان بۆ بەرگرتن و لاوازکردن و لەنێوبردنی ئەو جۆرە ھاوپشتییە بەرپاکراون و جەنگەکانیش زادەی ھەمان پێناون، نەك “قازانجی کرێکاران و خۆپەرستی کرێکاران”. بەڕادەی کەم من ئاوا لە مێژووی جەنگ و ململانێکان تێگەییشتووم.
” دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچیت کە ئەنارکیزم هزرە نەك ئایدۆلۆجی سڕبوو، ڕێڕەوی ژیان و بەڕێکردنێتی، مێتودێکی بەکردەوە و زیندوانەیە لە هەڵسەنگاندنی ڕوداوەکان و بارودۆخەکان بەڕۆچونی ناو واقیعەکە ، نەك نێو کتێبەکان . ”
بۆ من وەك خوێنەرێك، ئەو پرسیارە دێتە پێش، پەیوەندی ئەوەی ئەنارکیزم چییە و چی نییە، بە سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران” چییە؟ ئەوەی ئەنارکیزم ھزرە یان ئایدیۆلۆجی، چ پەیوەندییەکی بە سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران”ھەیە؟ ئایا ئەنارکیزم تیئۆری دژایەتی کرێکارانە؟ ئایا ئەنارکیزم لەسەر “شۆڕشگێڕنەبوونی کرێکاران” پێداگری کردووە و دەکات، تاکو لەوێدا بەبێ پەیوەندی ئاماژەیبدرێتێ؟ ئیدی تێکەڵکردنی لەتەك بابەتەکە، ھۆکاری چییە؟
” گەر وای دابنێین کە پڕۆلیتاریا تاکە چینێکە کە بەرەو سۆشیالیزممان دەبات ، ئەمە چی دەگەیەنێت؟ جگە: لە تەسککردنەوەی شۆڕش بۆ تەنها کۆمەڵی یا وڵاتانی پیشەسازیی ، نەك لە وڵاتانی دیکە ، ئەمە فەرامۆشکردنی ڕاستی بزربوونی پرسی دادوەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادیی و نەبوونی ئاسایشن لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا، کە هەموو ئەمانە بنەمای شۆڕشن و زەمینەی دروستکردنی کۆمەڵی سۆشیالیستی/ئەنارکیستین ، یانی پێ لێنان و سەلماندنی ئەوەیە کە لە کۆمەڵانی پێش سەرمایەدارییەوە کە لە کاتێکدا کێشەی چینایەتی و کۆمەڵی هەرەمی هەبوون ، بە گوێرەی ئەو ڕایەی سەرەوە بەڵام لەگەڵ هەبوونی ئەوانەشدا هێشتا شۆڕشی سۆشیالیستی زەرووریی نەبووە ، ئەمەش هەر لەبەر ئەوەی کە چینی کرێکاران و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو لەو کۆمەڵانەدا نەبوون . دیسانەوە یانی پشتگوێخستنی پرسی کۆمەڵی قوچکەیی/هەرەمیی کە ئاشکرایە کە ئەم کۆمەڵە قوچکەییە بەرایی و دەستەبەریی هێنانەکایەی کۆمەڵی چینایەتیی بووە . یانی بەبایاخ وەرنەگرتنی کێشەی ئیکۆلۆجی وەکو پرسێکی سەرەکی شۆڕش .”

ئێستا کێ گوتوویەتی، پڕۆلیتاریا تەنیا لە وڵاتانی پیشەسازی ھەیە؟ کرێکاران یان وردەبۆرجوازی پارتییباز؟ ئایا ئێمە لەجیاتی وەڵامدانەوەی پاگەندە بێبنەماکانی نووسەران و ئیدئۆلۆگانی وردەبۆرجوازی، دەبێت ھێرشبکەینە سەر کرێکاران و بڵێین “شۆڕشگێڕ نین”؟ پاشان، بۆچی و لەبەرچی گوتنی ئەوەی کە “پڕۆلیتاریا ھەڵگری مەشخەڵی شۆڕشی سۆشیالیستییە” بە واتای “فەرمامۆشکردنی ڕاستی و بزرکردنی پرسی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئازادی و نەبوونی ئاساییسە لە ھەر شوێنێکی دونیا” دێت؟ ئایا شۆڕشی پڕۆلیتێرەکان سەرکوت و نایەکسانی و ناداپەروەری بەدیدەھێنێت؛ بەکامە پێوەر و بەڵگە؟ کێ گوتوویەتی کە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بنەمای شۆڕشی پرۆلیتێری و زەمینەسازی کۆمەڵی سۆشیالیستی نین؟ ئایا ئەوەی کە چەپێك پاگەندەی “دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا” بکات، ئیدی دەبێتە پێوەری دژە-سۆشیالیستبوون و دژە-ئەنارکیستبوونی پڕۆلیتێرەکان؟
بەداخەوە، چ خوازراو و چ نەخوازراو، لەوێدا پێوەری پڕۆلیتێربوون، ھەر ھەمان تیئۆری “جیھانی یەکەم و جیھانی دووەم و جیھانی سیێەم”ە، چونکە تەنیا لەنێو ئەو بیرکردنەوە و تێڕوانینە، “جیھانی سێیەم” شۆڕشگێڕ نییە و پڕۆلیتاریای تێدا نییە. ئەوەی داڕێژەرانی ئەو تیئۆرییە چی دەڵێن، چ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکار و کرێکاران و سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و ناشۆڕشگێڕبوونی چینی کرێکار و کرێکاران” ھەیە؟ کێ گوتوویەتی کاتی شۆڕش نەھاتووە؟
من لەنێو ئەو پەرەگرافە تێکەڵوپێکەڵییەك بەدیدەکەم؛ نازانم “پڕۆلیتاریا” و “شۆڕش” و “سۆشیالیزم” و “ئازادی” و “یەکسانی” و “دادپەروەری” و “وڵاتانی نێوەندی پیشەسازی” و “ئاساییش” و “کۆمەڵی پێش سەرمایەداری” و “کێشەی چینایەتی” و “کۆمەڵی قووچکەیی” و “پێداویستی شۆڕشی سۆشیالیستی” و “تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو” و “کێشەی ئیکۆلۆجی” و “کاڕڵ مارکس” …تد، چ پەیوەندییەکیان بە سەلماندنی “شۆڕشگێڕبوون و نەبوونی چینی کرێکار” ھەیە؟
باشە، با وێڕای ھەموو بەڵگە مێژووییەکانی ڕاپەڕینی کرێکاران و شۆڕشگێڕبوونی کرێکاران، ئاوای لەبەرچاوبگرین، کە “چینی کرێکار و کرێکاران شۆڕشگێڕ نین”. ئایا دژە-شۆڕشن؟ ئەگەر ڕاپەڕین ڕوبدات، کرێکاران دژی دەوەستنەوە؟ ئەگەر وەڵام نەرێیە، ئیدی بە چ پێوەرێك “چینی کرێکار و کرێکاران شۆڕشگێڕ نین”؟

بە بۆچوونی من، ھەر ئاوا کە ھەر ڕۆژ لەنێو کاناڵە تەلەفزیۆنییەکان دەبینین، ئەگەر لەنێو کۆمەڵ مانگرتنێکی کرێکاری ڕوبدات، خۆنیشاندانێك بکرێت، ناڕەزایەتییەك بکرێت، ڕاپەڕنێک ڕوبدات، تەنانەت دوکاندارێکی لاکۆڵانیش دێتە قسە و ھەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت. ئایا ھەرگیز خۆنیشاندانێك، ڕاپەڕینێک دژی دەوڵەت و بەرنامەی فەرمانداری و بڕیارەکانی پارلەمان و ملھوڕیی کۆمپانییەکان و سیستەم و یاسای کار و سەروەری و مشەخۆری چینایەتی ڕویداوە، کە کرێکاران چ وەك بەش/پیشە (تەنانەت کرێکارانی کارخانەکانی چەکسازیش) و چ وەك چین دژی بوەستنەوە و ڕوخانی ئەوانەی سەرەوە بە زیانی خۆیان بچوێنن و خوازیاری مانەوەی ئەوان بن؟ تاکو ئەوێندەرێ کە من بیستوومە و خوێندوومەتەوە، ڕوینەداوە. ھەر ئاوا بە بۆچوونی من، کرێکاران ھەم شۆڕشگێڕن و ھەم شۆڕشگێڕترین، بەڵام ئەوە “پارتیی و گروپە پێشڕەوەکان” و ئاراستەکارییە ئایدیۆلۆجییەکانن، کە شۆڕشگێڕیی کرێکارانیان لەنێوبردووە و لە ماوەی چەند سەد ساڵی ڕابوردوو ئەوانیان وەك ئەندامانی ھەموو چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان بە گۆڕانی سەرمایەداری لە ڕێگەی دەنگدانی پارلەمانی و پارلەمانی و کودەتای جەنەڕاڵەکان و “ڕابەری”ی دەستەبژێرەکان خۆشباوەڕکردووە، نەك گۆڕانی سرووستی چینایەتی کرێکاران و لەدەستدانی بوونە شۆڕشگێڕییەکەیان.

” شۆڕش ، شۆڕشی کۆمەڵایەتییە ، شۆڕشی سەرجەمی کۆمۆنێتییەکەیە نەك بە تەنها شۆڕشی پڕۆلیاتاریا لە ناو کۆمۆنێتییەکە و لە ناو خودیی کۆمەڵدا. ”
ئەم دێڕەی کۆتایی ھیچ ناڕۆشنییەك لەوەدا ناھێڵێتەوە، کە خودی نووسەر (پڕۆلیتاریا) چۆن دەبینێت و بە چی دەیچوێنێت؛ توێژی کرێکارانی پیشەسازی. ئەمە گرفتەکەیە؛ ئەگەر پڕۆلیتاریا تەنیا بە کرێکارانی پیشەسازی و ڕێکخراو لەنێو سەندیکا زەردەکان ببینرێن و بۆچوونی چەپەکان و دەسەڵاتخوازە بەناو “سۆشیالیست و کۆمونیستەکان” بکرێتە پێوەری “شۆڕشگێڕبوون و شۆڕشگێڕنەبوونی کرێکاران” و تێکۆشانی ئابووریی کرێکاران و چین و توێژە ژێردەستەکانی دیکە لە چەند داخوازییەکی زیادکردنی کرێ و مووچە و کەمکردنەوەی ماوەی کار و ..تد کورتبکرێنەوە و وەربگرین، بەدڵنیاییەوە بە سەرنجامێکی جیاواز لەوەی ئێستای نووسەر ناگەین.
ئەوە دروستە و گومان ھەڵناگرێت، کە شۆڕشی کۆمەڵایەتی، شۆڕشی ھەموو چین و توێژە ژێردەستەکانی کۆمەڵی چینایەتییە، ھەڵبەتە تاکو ئەو ڕادەی کە ئەندامانی کۆمیونیتییەکان چ وەك تاک و چ وەك چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵات و کرێگرتەکانی کۆمیونیتییەکە بە ھوشیاری شۆڕشگێڕانە/گۆڕانخوازانە گەییشتبن و ئامادەی دەستبەرداربوونی ڕێژەیی ژیان و کولتوور و یاسا و سیستەمی چینایەتی بە گوێرەی توانا و بۆلوان ببن و لەنێو ژیان و کار و فەرمان و ھۆگرییە ڕۆژانەییەکانی خۆیان ئەڵتەرناتیڤی سیستەم و بەڕێوەبردنی چینایەتی ڕۆبنێن.
بەڵام (شۆڕشی کۆمەڵایەتی) یان (کۆمەڵایەتییبوونی شۆڕش) بە واتای ھەموو خەڵك نییە، بەڵکو بە واتای بزووتن و گۆڕانە لە دەرەوەی نەخشە و قاڵبی ئایدیۆلۆجی پارتییەکان و ڕامیاران، خۆبەخۆیی خەڵك، ئیدی کەمینەیەکی خەڵک بێت یان زۆرینە یان ھەموو خەڵک، ھەژماری بەشداربووان ھیچ لە کۆمەڵایەتیبوونی شۆڕشەکە ناگۆڕێت و کەمینەبوون و زۆرینەبوونی بەشداری خەڵک، پەیوەندی بە قاڵبی ئایدیۆلۆجی پارتیی و گروپە ڕامیارییەکانەوە نییە، بەڵکو بۆ ڕادەی خۆھوشیاری و خۆبیرکردنەوە و خۆڕامانی تاکە چەوساوەکان دەگەڕێتەوە. ھەڵبەتە بەکاربردنی چەمکی “شۆڕشی کۆمەڵایەتی” وەك وەرگێڕدراوی چەمکە لاتینییەکەی؛ شۆڕشی سۆشیالیستی، ڕەتکردنەوەی ھەوڵە ڕامیارییەکانە، کە بەپێچەوانەی (شۆڕشی سۆشیالیستی) ئامانجی ئەوان ڕێکخستن و گۆڕینی سیستەم و بەڕێوەبردنی کۆمەڵە لە سەرەوە بۆ خوارەوە (کۆدەتا، ڕاپەڕینی پارتییانە و ھەڵخراوانە/ناخۆبەخۆییانە، ھەڵبژاردنی پارلەمانی) و بەبێ گۆڕین و ئامادەیی ھۆشیی و کردەیی و ئەتواریی مرۆڤ بۆ گۆڕانەکان و زەمینەسازی بۆ ڕودانی شۆڕش لەنێو ژیان و کولتوور و بیرکردنەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخستن و پێکھاتە و شێوازی بەرھەمھێنانی کۆمەڵ.

دوا پرسیار، ئایا گرفت و ھۆکاری نەگەییشتنی مرۆڤایەتی بە کۆمەڵی ناچینایەتی، دروستی و نادروستیی ھەژمار و پێناسەی چینی کرێکارە؟ ئایا کرێکاران لە ھاتنەدی ئاوا کۆمەڵێك ڕێگرییدەکەن و کۆیلەی سوپاسگوزارن؟ ئایا وازھێنان لە ناوھێنانی کرێکاران و بەکاربردنی واژەکانی وەك “خەڵك” و “کۆمیونیتی” دەبێتە ھۆی نەمانی گرفت و ھۆکارەکانی نەگەییشتن بە کۆمەڵی چینایەتی؟
ئەگەر وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانە (نەرێیە)، ئیدی پێداویستی خۆخەریککردن و خوێنەرخەریککردن بە شتێکەوە، کە پێداویستی نییە، چییە؟ بێجگە لە سەلماندنی یەك شت، ئەوەی نەیارانی ئەنارکیزم دەیڵێن “ئەنارکیستەکان وردەبۆرجوازین و دوژمنی چینی کرێکار و خەریکی پارچە پارچەکەری ڕیزی یەکگرتووی کرێکارانن”؟***** ئایا لەم کاتەدا کە خەریکە ھزری ئەنارکیستی لەنێو کۆمەڵی کوردی-زمان کۆمەڵایەتیی دەبێتەوە و دەبێتە بزووتنەوەیەکی ڕۆشنگەرانە و وەك ئەڵتەرناتیڤ خۆی بەرجەستەدەکات، ئەم نووسینە بێجگە لە لێدان و سڵەماندنەوەی کرێکاران و سۆشیالیستخوازان لە ھزری ئەنارکیزم، چی دیکە بەرھەمدێنێت؟

ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارانەی من وەك خوێنەرێك، ئەوە بێت، کە مەبەستی نووسەر ئەوە نییە و پێچەوانەی تێگەییشتنەکەی من دروستە، ئەو کات دووڕیانێکی دیکە وەك پرسیار خۆی پێنشیاردەکات: یان نووسەر بۆچوونی خۆی ھەڵە و نادروست داڕشتووە و دەرخستووە، یان ئەگەر پێچەوانەی تێگەییشتنەکەی من دروستە، کەواتە پێداویستی نووسینی ئەو بابەتە چییە؟
دوا شت، ئەگەر خوێنەری ھێژا لە ھەندێك شوێن زیادەڕەویی یان کەمێك لادان لە بابەتەکە ببینێت، ھۆکارەکەی ئەوەیە، کە خواستوومە ناڕۆشنیی دروستنەبێت و سەرنجەکانم ڕۆشنتر بکەونە بەرچاوی ئێوەی خوێنەر و ھاوڕێ (زاھیر)، تاکو خراپ لەیەکدی گەییشتن وەڵام و وەڵامکاری دروستنەبێت و کاتی ئێوە و خۆشمان بە فێڕۆنەچێت. نەگوتراو نەمێنێت، خۆشم لە درێژبوونەوەی سەرنجدانەکە وەرسبووم، بەڵام ناچاربووم وەك خوێنەریك بەو جۆرە وردە و دەستەواژە بە دەستەواژە تێگەییشتنی خۆم لە بابەتەکە بخەمەڕوو. ھیوادارم خوێنەر وەك من لە بابەتەکەی نووسەر تێنەگەییشتبێت.
—————-

* بە مەبەستەوە ئەو سەردێڕە جیاوازەم ھەڵبژاردووە، تاکو سەرنجدانەکەم نەچێتە خانەی بەرانبەرکێ، بەڵکو شێوەی ڕۆشنکردنەوە وەربگرێت.

** https://www.facebook.com/groups/AZADIXUAZAN/permalink/1258170397626194

*** دەسەڵاتداربوون تەنیا بەواتای دەسەڵاتی ڕامیاریی نییە، بەڵکو دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی ئابووریی و دەسەڵاتی زانیاری (مەعریفە) و کولتوورییش دەگرێتەوە. کەسێك بتوانێت کەسێکی دیکە بەکرێبگرێت و ھەژموونی بەسەر بکات و چالاکی و بیرکردنەوە و سەربەخۆیی سنوورداربکات، کەواتە دەسەڵاتی ناچارکردنی کەسانی دیکە و فەرماندانی ھەیە.

**** سەرچەمە و واتای واژەی پڕۆلیتاریا https://en.wikipedia.org/wiki/Proletariat

***** بۆ دیتنی ئاوا بۆچوونێك لەبارەی (ئەنارکیزم)، سەرنجی پێناسەی واژەی (ئەنارشیزم) لەنێو (فەرھەنگی سیاسی ، ئامادەکردنی وریا قانیع) بدە.

Previous
Next
Kurdish