Skip to Content

ئاڵا … ئیسماعیل تەنیا

ئاڵا … ئیسماعیل تەنیا

Closed
by ئه‌یلول 9, 2017 General

ئاڵا،جگە لەوەی کە هێمایەکە بۆ ناسین و ناساندنی وڵاتێک، هۆکارێکیشە بۆ دەستنیشانکردنی ڕادەی خۆشەویستی هاونیشتیمانیان و شێوەی پابەندبوونیان پێیەوە. لە هەموو بۆنە نیشتیمانیی و ئاهەنگ و خۆپیشاندان و هەڵبژاردنەکاندا، بە شێوەیەک لە شێوەکان ئامادەگی هەیە. میللەتانی جیهان، بەتایبەتیش لە کاتی یارییەکانی تۆپی پێ و خوولی جامی جیهانی، زێتر لە هەموو کاتێک لەم هێما نیشتیمانیی و نەتەوەییە نزیک دەبنەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە لە سەر تەختی نێوچەوان و ڕوومەت و قۆڵ و باسکیان دەینەخشێنن. هەر ئەم ئاڵایە، هۆکارێکیشە بۆ کاسبی و پارە پەیدا کردنی بەشێک لە هاووڵاتییان… لە بۆنەکاندا، لە شوێنە گشتییەکان، دوکان و مارکێتەکان،لە لایەن دەستگێڕەکانی سەر شەقامەکاندا، مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ماوەیەکە، لە سەنتەری شاری هانۆڤەری ئەڵمانیادا، دوو گەنج بە کۆمەڵێک تەباشیری ڕەنگاو ڕەنگەوە دەبینم، دانیشتوون و لەسەر زەوی ئاڵای وڵاتانی جیهان دەنەخشێنن. ئەوانە؛ سواڵکەرن، بەڵام سواڵکەرێکی خوێن شیرین و ڕەزا سووک لەلایەن خەڵکەوە…بە بەردەوامی، چوار دەوریان لەلایەن خەڵکی جۆراوجۆر( لە ڕوی نەتەوەییەوە)، تەنراوە… هەر تاکێک بە دوای ئاڵای خۆیدا دەگەڕێت. کە دۆزییەوەش، بە گوێرەی توانا و ئاوەدانی گیرفانی خۆی، بڕێک پارە هەڵدەداتە سەر ئاڵاکەی خۆی. بەم کارەی ویژدانی خۆی ئاسوودە دەکات و یارمەتی سواڵکەرەکە دەدات، لەهەمان کاتیشدا، خۆشەویستی و وابەستەیی خۆی، بە چەمکی نیشتیمان پەروەری و نەتەوەییەوە، دەمەزەرد دەکاتەوە.

ئاڵای کوردستان، هەر چەندە لە ڕوی قانوونی نێودەوڵەتییەوە، بوونی نییە، چونکە تا ئێستاکە خاوەن قەوارەیەکی تایبەتی دانپیانراو نین، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، ڕۆژانە، ئامادەگی خۆی لەپاڵ ئاڵاکانی ئەمەریکا و ڕوسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و وڵاتانی عەرەبی و تورکیا و ……تاد، هەیە. هەر دوو گەنجەکە ، بەین نا بەین، ون دەبن، ناوە ناوەش لە هەمان شوێنی گۆرین، دەردەکەونەوە. وا دیارە ئەم ڕۆژانەی کە لە هانۆڤەر دەرناکەون، دەچنە شوێن و شاری ترو بەردەوامی بە کاسبییەکەیان دەدەن.

دوو هەفتە لەمەوبەر، سەیری ئاڵای کوردستانم کرد، پارەیەکی زۆری لەسەر بوو، بە پارەی کاغەزیشەوە، کە خۆی لەشآنی وڵاتە ناسراوەکان، دەدا. ئەمجارەیان، ڕۆژی ١٥/٧/٢٠١٧ ، چونکە بە نیاز بووم شتێکیان لەسەر بنووسم، زۆر بە دیقەتەوە، سەیرم کردن؛ لە نێو پەنجاو چوار ئاڵای خاوەن قەوارەو ناسراودا، لە ڕوی زۆری بڕی پارە لەسەر بوون، لە دوای وڵاتانێکی وەک؛ ئەلبانیا و ئیتالیاوە، دەهات، زۆر کەیفم پێهات… هەر چەندە ڕەوەندی تورک بە ژمارە لە هانۆڤەر زۆرن، لەگەڵ ئەمەشدا، ئەوەندە پارەیان نەبەخشیبووە ئاڵاکەیان. هەر کەسێک کە دەهات، کەمێک ڕادەما، بڕیک پارەی دەبەخشییە ئاڵاکەی،( یان ئەو ئاڵایەی کە حەزو خۆشەویستی بۆی هەیە)، دواتر، بە مۆبایلەکەی، وێنەیەکیشی دەگرت… هەندێک کەسیش کە سەیری ئاڵاکەی خۆیان دەکرد؛ کە شتێکی ئەوتۆی لەسەر نییە مایەی سەرنج ڕاکێشان بێت، بە غەمگینی و گرژییەوە، شوێنەکەیان بەجێدەهێشت.

دەوڵەمەندی ئاڵای کوردستان لە شاری هانۆڤەر، چەند دەلالەتێک دەبەخشێت، کە لەپێش هەموویانەوە زۆری ژمارەی کورد لەم شارەو هەستی بەرزی پڕ لە حەماسەتی پەنگ خواردوی نەتەوەیی و خۆشەویستی کوردستانە، لای تاکەکانی ئەم ڕەوەندە.
ئەم دوو گەنجە، سەرەڕای ئەوەی کە بە هۆی ئاڵاکەمانەوە، بڕە پارەیەکی باش پەیدا دەکەن، لەگەڵ ئەمەشدا، نەتەوەی کوردو خاکی کوردستان و دەوڵەتی چاوەڕوانکراوی کوردستان، بە جیهان دەناسێنن و حەماسەتی ڕەوەندی کوردیش، گەرمترو بەگوڕ تر دەکەن.


ئیسماعیل تەنیا- هانۆڤەر

Previous
Next
Kurdish