Skip to Content

“چارەنوسی نووسین ” لای بەختیار عەلی … ڕزگار عومەر

“چارەنوسی نووسین ” لای بەختیار عەلی … ڕزگار عومەر

Closed
by ئه‌یلول 10, 2017 General, Opinion, Slider

نوسەرو ڕۆمانوس کاك بەختیار عەلی ، لە ڕۆژی ( ٣/٩/٢٠١٧) لە وێب سایتە تایبەتەکەی خۆی نوسینێکی بڵاوکردەوە بە دووناونیشان. لە ناونیشانە سەرەکیەکە نوسراوە (دەربارەی چارەنوسی نوسین) لە رستەی دووەمی ناونیشانەکەش نوسراوە (سەنتەریزمی ئەخلاق یان سەنتەریزمی فیکر).ئەم ڕەخنەی بەردەستان وەڵامێکە بۆ ئەو نوسینەی کاك بەختیارو پێشنیار دەکەم کە خوێنەر وتارەکەی ئەویش بخوێنێتەوە کە لە پەراوێزەکاندا لینکی نوسینەکەی ئەویشم داناوە.
ئەو خوێنەرو ڕەخنەگرانەی موتابعی نووسینە سیاسی وفیکریەکانی کاك بەختیار دەکەن و ئاشنان بە نوسینەکانی دەزانن هەر لە ڕستەی دووەمی ناونیشانی وتارەکە ئەو پێمان دەڵێت کە ئەو لەو دوو سێنتەرە ئەخلاق – فیکر نوێنەرایەتی فیکر دەکات و ئەوانەی ئەو لە درێژی وتارەکە ڕەخنەیان لێ دەگرێت نوێنەرایەتی بەرەی ئەخلاق دەکەن .

ئەم وەڵامەی ئێمەش لەسەر ئەو گریمانە ئیش دەکاو قبوڵی ئەو دابەش بوونە دەکەین کە کاك بەختیار لەو پۆلینسازیە کردوویەتی ئەو لە ماڵی ” فیکر ” دادەنێین و لە وێوە دێین مامەڵە لە گەڵ ئەو ” فیکرە ” دەکەین کە ئەو بە بێ ئەوەی هەستی پێ بکا زۆر ” ئەخلاقیانە ” خۆی سێنتەر دەکا لە نێویدا. سێنتەرکردنێك کە نە تەوازوعێك هەیە سەپۆرتی بکا لە ئاست ڕێزگرتن لە خوێنەری وتارە سیاسی و فیکریەکانی، نە پڕۆسەیەکی ڕەخنەگرانەی ئەکادیمی هەیە کە دەستەیەك لە نوسەرو ڕەخنەگرانی فیکری وسیاسی کە ئەو دابەش کردنەیان کردبێ. نە ڕووپێوێکی موعتەبەری سەربەخۆ کە ئەم ئیدیعایە پشت راست کاتەوە.

بە پێچەوانەوە؛ ئەم ساڵانەی دوایی لەبەرەو ڕوانگەی جیاوازەوە هەڵچوون و داچونەکانی فیکری کاك بەختیار دراوتە بەر ڕەخنەی زۆر توندو ئەم ڕەخنانە ئەم هالەیان هەڵوەشاندەوە کە لە دەوری تەقدیس کردنی نوسینەکانی ئەو دروست ببوو بە تایبەتیش لە لایەن هاوەڵە فیکریە هەرە دێرینەکانی خۆی و لە لایەن روانگەی ڕاست و چەپی دونیای ئێستای نووسینی کوردی.

” بەختیار” ی بێ ئایدیۆلۆژیا

ئەم ووتارەی کاك بەختیار تراژیدیانە چەندین وتراوەکانی ڕابردووی خۆی، چەندین دووبارەکردنەوەی ڕستەو دەستەواژەو هێماو مەدلولەکانی خیتاباتی سەردەمی شەڕی شارد دوبارە دەکاتەوە کە تەنانەت موحافەزەکارترین موفەکیری وڵاتانی ڕۆژئاوا و جەرگەی کاپیتالیزم خۆیان دەپارێزن لە دووبارەکردنەوەیان و یان پەنایان بردۆتە شتی تازە بۆ شوناسی موحافەزەکاری خۆیان بە تایبەتی خۆپاراستن لە ئیدیعای سادەو فریودەرانەی ” بێ ئایدیۆلۆژیی ” لە نوسین وهەڵوێست.
ئەم ڕەخنەی بەردەستان نیشانی دەدا کە ئەم ئیدیعایە کاك بەختیار لە ڕوویی بێ ئایدیۆلۆژیی و سەربەخۆیی فیکری چەندە ناکۆکە لە گەڵ خودی نوسینەکانی خۆی و چەندە دژە لەگەڵ بەشداریەکانی خۆی لە یۆتۆپیاو باوەشێنە کردنی لق و چڵ وپۆپی ئایدیۆلۆژی،بە تایبەتی پشتگیری لە یوتۆبیای ناسیۆنالیستی چ وەکو باڵی قسەکەرو ڕەخنەگر لە قۆناغێکدا، چ وەکو قسەنەکەرو بێدەنگی باڵێکیتری ناسیۆنالیزم لە قۆناغێکیتردا .
لەسەرەوە ئاماژەمان بەوە کرد کە ئەم دوو سێ ساڵەی دوایی بە چاك وخراپ لە لایەن نووسەرانی دوباڵی جیاواز ڕەخنە لە نوسین وهەڵوێستە بەیان کراوەکانی فیکری کاك بەختیار دەگیرێ.

نوسەرانی بەرەی ناسیۆنالیزم و بەرەی چەپ لە ڕوانگەو دەربیجەی جیاوازەوە وەڵامی هێرش ونوسینەکانی دەدەنەوە. ئەم نوسینەشی ” چارەنوسی نوسین ” هەوڵێکیتری نوسەرە بۆ کەم کردنەوەی ئەنجامە فیکری و دەرونیەکانی ئەو ڕەخنانەی کە لەهەردوو لاوە فشاری بۆ دێنێ. بۆیە دەڵێم دەرونی چونکە لە چەندین شوێنی ئەو وتارە کە دێمە سەری ئەوەندەی فوارەی توڕەبوونی پەنگ خواردو قسەدەکاو حوکم دەداو خەڵك پۆلین دەکا ئەوەندە جەدەلی فیکر قسەناکا.
کاك بەختیار لە دوو پەرەگرافی جیاوازدا دەڵێ :
((لە پشت ئەم هەستەوە جۆرێکی ترسناک و نوێ لە دیسپلینی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەریهەڵداوە کە وەک دادگا دێرینەکانی پشکنین و دادگا بەلشەفییە ترسناکەکان، مرۆڤەکان دەبێت بەردەوام لە بەردەمیاندا ناخی خۆیان ڕوناکبکەنەوە، ئەمجارەیان لە بەردەم پیاوانی کەنیسە و هاوڕێیانی حیزبدا نا، بەڵکو بە نوسینی بەردەوام و لە بەردەم هەموو کۆمەڵگادا…..
…دەیانەوێت پاکی ئەخلاقی سیاسی خۆیان بسەلمێنن، رۆحی شۆڕشگێڕانەی خۆیان دووپاتبکەنەوە بەوەی خۆیان وەک «خولقێنەرێکی شۆڕشگێڕی دەوڵەتی کوردی دژ بە خائینان و جاشەکان و کوردفرۆشەکان» دەربخەن، یان بە پێچەوانەوە «بەرهەڵستکارێکی شۆڕشگێڕ و پاکی دژ بە دەسەڵاتی فاسید و زۆرداری کورد». ئەم دوو گووتارە دژ و جیاوازە لە بنەڕەتدا یەک سەرچاوەی دینی و ئایدۆلۆژییان هەیە و دواجاریش هەمان ئەم بازنە بۆشە دروستدەکەنەوە کە ئێمە تیا ژیاوین و تیا دەژین. ))
بەر لە وەڵامدانەوەی ئەم دوو پەرەگرافەی سەرەوە، دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم ، کە مێژووی ئەم پلین کردن تێکەڵاوکردنانە لە چەندین بۆنەیترو نوسینتر لە لایەن بەختیار بەیان کراوە، ئەو چوارساڵ لەمەوبەر، لە گفتوگۆیەك لە گەڵ ڕۆژنامەی وشە دەڵێت:-
(( ڕۆشنبیرانی ئێمە،بە مارکسی و ناسیۆنالیستەوە بە لیبرال و غەیبیانەوە،دوا جار ڕۆشنبیرانی غەیبیانین))
–ڕۆژنامەی ووشە.ژ ٢٠ .بەروار ٣٠/١٠/٢٠١٣
ئەو لەم وتارە دەیەوێ مەغرورانە بەسەر توانای خوێنەران بازبدا، ئەو دەیەوێ ئەگەر بەزۆریش بێت ، بە خەیاڵێک ساف پڵاوبێت سیمایەکی هاوبەش دروست بکات لە نێوان هەردوولای ئەوانەی ڕەخنەی لێ دەگرن ( نوسەرانی ڕاست و نوسەرانی چەپ) چونکە بەختیار خۆی لە هەموو کەس باشتر دەزانێ کە ئەوانەی ڕەخنەی لێ دەگرن بریتین لە چەپەکان و لە نوسەرانی باڵی ڕەخنەگر لە نێو ناسیۆنالیزمدا، کە خەست دەبێتەوە لە مەریوان وریا قانیع و ئاراس فەتاح و نوسەرانی کایەی بزوتنەوەی گۆڕان.

ئەو دەیەوێ کاتگۆریەکی فەنتازی ڕەنان و پۆلین کردنێکی کارتۆنیی دروست بکات ناوی لێ بنێ ” سێنتەری ئەخلاق ” ئەوەی ڕەخنەی لێ بگرێ لەوێ پۆلینی بکاو بینێرێ بۆ ئەوێ، لەهەمان کاتیشدا ڕەخنەگرانی دژ بەخۆی بەوە تاوانبار بکا کە بە فیکری دادگاکانی بەلشەفی ئیش دەکەن. دادگای بەلشەفی و عەقڵی بەلشەفی و سیستەمی بەلشەفی زۆرترین بەشیان بەرکەوتوە لە ئیستیعارەکانی ڕابردوو لەلایەن ئەم نووسەرە کاتێ ویستویەتی باسی سیسیتەمە خراپەکان بکات، بە چارەکی ئەوەندە ناوی داداگا فاشیستەکان بەلای کەمی هی ڕژهەڵاتی ناوەڕاست ناهێنێ، بە چارەکی ئەوە باسی دادگاکانی ئەنقەرەو هەولێرو سلێمانی ناکات. ئەم ڕقە کوێرو ئەنتی مارکسیە چەندین جار لە ساڵانی ڕابردوو دراوەتە بەر رەخنە بەڵام چونکە ناتوانێ ڕەخنە لە خۆی بخوێنێتەوە ئیت هەر بەردەوامە لەم نەخۆشیە فیکریە. ئەو باسی دادگا بەلشەفیەکان دەکات بەڵام، خۆی چ بە سادە سەلماندی کە تاقە سودمەندی ئەزمونی دادگا بەلشەفیەکان(بەو شێوەیەی ئەو باسی دەکا)تەنیا خۆیەتی ! ئەم پۆلین کردنەی ئەو دەیکا ئەگەر وەکو لاسایی کردنەوە وەریبگرین بۆ شتێك کە گوایە خۆی ڕەخنەی لێ دەگرێ ئەوەندە لاوازە کە ئەگەر لە دەرەوەی یاساکانی مادەو بایۆلۆژیا پیشانی شەبەح و ڕۆحی نەك حاکم بەڵکو پاسەوانێکی سادەی دادگا بەلشەفیەکانی بدەین تێر تێر پێ ی پێدەکەنێ !

پۆلین کردنێکی لێوا لێو لە هەوڵ بۆ لەخشتەبردن، کە ئەوەندە ناڕاست و ئاشکرایە کە لە ئەنجامدا نەك تەنیا کۆمەکی ڕەخنەگران دەکا، بەڵکو کۆمەکی خوێنەری ئاسایش دەدا کە ببینێ ئەم نوسەرە چەندە بە سانایی خۆی بە خراپی ” پۆلین ” کرد لە شوێنێکی زۆر خراپی فیکر، زۆر خراپی مێژوو.
خۆجیاکردنەوەی بەختیار لە هاوەڵە فیکریە دێرینەکانی خۆی چەشنی مەریوان وریا قانیع و ئاراس فەتاح و ڕێبین هەردی، تەنیا جیاوازی فیکر، ئایدیۆلۆژیا، یان بەرژەوەندی مادی و مەعنەوی نەبوو کە ئەو هاوەڵانە لە بەشێکی ڕەخنەکانیان ئاماژەیان پێدەکرد دژ بە بەختیار چونکە بەرهەمەکانی لە دەزگا ئیعلامیەکانی پارتی بلاودەکاتەوە.

بەڵکو بوونی جیاوازی بوو لە ئیلتیزام کردن و ئیدامە دان بە خاوەندارێتی کردن و نوێنەرایەتی کردنی پڕۆژەوە یۆتۆبیای باڵی ڕەخنەگری نێو –کوردایەتی- ناسیۆنالیزم. بەختیار کشایەوە لەم پڕۆژەیەو ئەوانیتر مانەوە. لە ئەنجامدا بەشێك لە جەماوەری ناڕازی وتوڕەی بارودۆخ لەبەختیار کشانەوە.
هاوەڵەکانی بەختیار بەهەر جۆرێك بێ، بە چاك وخراپ وا درێژە بەم پڕۆژەیە دەدەن و توانیان لە بەرەوڕوبوونەوەکانیان و نوسینەکانیان لە بەختیار عەلی لە ٢٠١٦ و ٢٠١٧ بە تەواوی بەختیار لە ڕووی مەعنەویەوە بخەنە دەرەوەی ڕەخنەگرێك لە دەسەڵات بەو تێرمەی باوەی ىاڵی ڕەخنەگری ناسیۆنالیزم ڕەواجی پێدەدا.
شەڕی ئەم جیابوونەوەیە ئەوەندە خەست بوو کە نوسەرێکی ناسیۆنالیست (عەدالەت عبدوڵا) لەسەر ئەم بەرامبەرکێیە نووسی :-
(( ئەم زمانە زبرە لە ڕەخنەگرتن، لای هەردوو هاوڕێ، شتێکی دی نییە جگە لە دەرکەوتنی پلە بە پلەی کاریگەرییە خراپەکانی ئەوهاندان وهەڵنانە سیاسیانەی کە هێزە سیاسیەکانی کوردستان بۆ هەڵوێست وەرگرتنی ئایدیۆلۆژیانەی ئەم جۆرە نوسەرانە دەیکەن، دەشگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمڕۆ، لەهەر کاتێك زیاتر، خواستێکی سیاسی گەورەش هەیە کە ئەم نوسەرانە، کە بەفەرهەنگی میدیایی بەسەرکردەکانی بیروڕا دەناسرێن،بە تەواوی لە هەموو بەرهەم و خەمێکی فکری و مەعریفی داببڕدرێن وببنە گەمەکەرێکی سیاسی رووت، یان بەشێکی وابەستە بەبەرە سیاسیەکان و بگرە بکەرگەلێکی ئایدیۆلۆژی و پەڕگیر لەناوململانێکاندا)) – تەڵەی سیاسەت-عەدالەت عبداللە –ڕۆژنامەی چاودێر ژمارە ٣٩١

ئەم واقیعە تاڵە بۆ بەختیار لە ڕووی سیاسیەوە جۆرێك لە بێ دەنگی کردە جەبرو بەختیار بۆ ئاوەژوو کردنەوەی ئەم جەبرە بەتاڵ کردنەوەی ناچارە ” بێ دەنگی ” خۆی ، پشت تێکردن لە زمانی ناسیۆنالیزمی ڕەخنەگر وەکو سەرکەوتنی ” فیکر” بەسەر” ئەخلاق ” وێنا بکات.
ڕاستە ئەم نوسەرانە مەرج نیە وەکو حیزبایەتی پێکەوە ئەم پڕۆژەیان کردبێت، بەڵام ئەم گرێدانەوەیان بە یەکتر، جۆرێك ساغ بوونەوەی سیاسی و ” ئایدیۆلۆژی ” بێ گەرد بوو. کە نوسینەکانیان لە سەروبەندی دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان هەمووی گەواهی ئەوەن کە ساغ بوونەوەی ئایدیۆلۆژی چەندە قوڵە لای بەختیارو هاوەڵەکانی ، چەندە هەڵوێست دڕبڕین (چەشنی بەیان نامە) بەختیار بە ڕەوای دەزانێ بۆ خۆی، کەسیش بۆی نییە پێ ی بڵێ : ئەرێ ئەم هەڵوێست و بەیان نامانە ناتخەنە سێنتەری ئەخلاق؟
چاوکێشانێك بە نامیلکەی –نیگایەك بۆ ئێستاو خەونێك بۆ سبەی- هاوبەشی هەر چوار نووسەر ( بەختیار عەلی ، مەریوان وریا قانیع ، ئاراس فەتاح، ڕێبین هەردی) لە ڕووی حیزبیەوە ڕەنگە چاپخانەی بزوتنەوەی گۆڕان نەیکردبێ، بەڵام لە ڕووی مێژوییەوە – لە ڕووی لەقاڵبدانی جەماوەرەوە فەرمیترین مانفێستی ئایدیۆلۆژی سەروبەندی دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕانە.
دێر بە دێری ئەم نامیلکەیە سیاقی ئایدیۆلۆژی بێ گەردی ناسیۆنالیزمێکی ڕەخنەگرن ، کە ئەو دەمە بەختیار بە هاوبەشی بناغە ئایدیۆلۆژیەکەی دانا ، بەڵام ئێستا هەر پاشماوەی قسەکەرە فیکریەکانی ئەم باڵە رەخنەگرەی ناسیۆنالیزم شوێنیان بە بەختیار تەنگ کردوەو چیتر لە نێو ئەوان جێگای نەما. بەختیار لە ڕووی سیاسی و تەدەخول لە ڕوداوەکانی ڕۆژ بەڕۆژ، شوێنێکی تایبەتی بۆ خۆی دابین کرد لە نێو باڵی موحافەزەکار، کە بەختیار لەوێ تەنیا دەتوانێ ئەدیب و ڕۆمانوسێکی سەرکەتوو بێت، لە هەمانکاتدا نوسەرێکی سیاسی بێ دەنگ بێت، ئەم بێ دەنگیەش بە تاجی (سێنتەری فیکر) بڕازێنێتەوە.

. ئایدیۆلۆژی بوونی بەختیار لەو سەردەمە ئەوەندە خەست دەبێتەوە، لە سەروبەندی دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان، لە ڕۆژی ١٠/٦/٢٠٠٩ بەختیار لە وتاری هەڵهاتن لە بۆشایی – نیگایەك لە جەوهەری ئەو هێزەی ئێستا لە هەناوی کۆمەلگەی ئێمە دەجوڵێت- بە چەند پەرەگرافێكی پڕ لە موژدەی سیاسی دەست پێدەکات، لە وێدا دەڵێت :
((شتێکی گەورە ناوەوەی دونیای ئێمە دەهەژێنێت، هێزێکی خەوتوو و فەرامۆشکراو کە هێدی هێدی دەیەوێت ببزوێت و هەستێت و بێتەدەرێ. سروشتی ئەم هێزە وەک هەموو هێزە مێژووییە بزوێنەکان نادیارە، کۆکردنەوەی لە ژێر یەک ناونیشاندا ئەستەمە و ناونانی بە یەک ناو نەشیاوە، هێزێکە دەجوڵێت و بۆ کردارێکی مێژوویی دەگەڕێت کە هێشتا بە ڕوونی هیچ شتێک لە جەوهەری ئەو کردارە دیار نییە، بەڵام هێزێکە دەیەوێت شتێک بکات کە لە شتەکانی تر ناچێت… لە ئێستادا گرنگ نییە ئەو هێزە چی دەکات، چونکە ئەوەی ئێستا جێگای تێڕامانە ئەوەیە کە ئەم هێزە لێرەیە، دوای غیابێکی مێژوویی گەورە، دوای وەستانێکی گەورە، ئێستا شتێکی نائاسایی لە هەناوی مێژووی ئێمەدا دەجوڵێت، مەخلوقێکی تر لە سەرەتای هاتن و لەدایکبووندایە….

…دینەمۆی نهێنی مێژووی ئێمەی کورد ئەوەیە بەدوای ڕوداوێکی گەورەدا بگەڕێین کە خۆمان دروستمانکردوە، ئیرادەی خۆمان لە شتێکی تردا تاقیبکەینەوە کە تەنیا ڕاکردن نەبێت لە مردن و هەڵهاتن نەبێت لە دوژمن. ئەم تاقیکردنەوەی ئیرادەیە جێگایەکی سەنتراڵ و نهێنی لە مانای بوونی ئێمەدا هەیە، تەنیا لە ڕێگای ئەم تاقیکردنەوەیەوە دەتوانین لە «ئەگەری بوون»ـەوە بەرەو «بوون» خۆی بگوازینەوە، لە «بوون وەک پڕۆژەیەکەوە» بۆ «بوون وەک واقعێک» بپەڕینەوە…))
بەختیار بە ڕوالەت خۆی وەکو قەدیسێکی ئەنتی ئایدیۆلۆژی دەردەخا، بەڵام سەرجەم چالاکیە فیکری ونووسینە سیاسیسەکانی مشتن لە ئایدیۆلۆژیا ، ئەو پەرەگرافەی سەرەوەی بەختیار ڕێك دەڵێ ی ڕیتمی مۆسیقای کۆپی پەیست کراوە لە پەرەگرافی یەکەمی مانفێستی حیزبی کۆمۆنیست کە مارکس وئەنجلس ١٦٩ ساڵ لەمەوبەر لە لاپەرەی یەکەمی مانیفێستدا دەڵێن :
(تارماییەك لە ئاسمانی ئەوروپا دێت و دەچێت ؛ تارمایی کۆمۆنیزم! هەموو هێزەکانی ئەوروپای کۆن لە پەیمانێکی پیرۆزدا پێکهاتوون کە ئەم تارماییە دوورخەنەوە؛ پاپ و تزار، میترنیخ وگیزۆ، ڕادیکالە فەرەنسیەکان وپۆلیسی نهێنی ئەڵمانیا.
لە کوێ حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن هەیە کە تۆمەتی کۆمۆنیزمی نەکوتابێتەوە بە نێو چاوانی حیزبی ئۆپۆزسیۆنی لە خۆی پێشڕەوتر، یان نەیارانی کۆنەپەرستی خۆیدا؟
لەم ڕاستییەدا دوو دەرەنجام دێتە دەست :
کۆمۆنیزم، حاڵی حازر، لەلایەن هەموو هێزە ئەوروپاییەکانەوە، وەك هێز ناسراوە.
ئێستا ئیتر وەختیەتی کە کۆمۆنیستەکان، بە ڕاشکاوی لە ڕووی هەموو جیهاندا، بیروڕاکانیان، مەبەستەکانیان وبۆجوونەکانیان، ڕابگەینن و بە مانیفێستی حیزبەکەیان، بە گژ ئەم ئەفسانەدا بچن کە سەبارەت بە تارمایی کۆمۆنیزم هەیە.))
مەبەست ئەوە نییە بڵێین قسەو مۆتیڤ و دەستەواژەکان لێك دەچن، بەڵکو قسە لە سەر بناغەو ” بونیادی” دەقی ئایدیۆلۆژیە کە کەسی مانفێست گەیەنەر یان داڕێژەرئەرك وتێروانین ڕادەسپێرێ بەو هێزە سیاسی وکۆمەڵایەتیەی کە دەیەوێ ئاکشنێکی مێژوویی پێ بکات.
هەرگیز لێرە مەبەستم ئەوە نییە، بەخیتار بە مارکس و ئەنجلس بشوبهێنم ، بەڵکو لێرە مەبەست ئەوەیە کە بەختیار لە ئەوپەڕی ئایدۆلۆژیست بوونی خۆی ئیدیعای سەربەخۆیی دەکات . پەرەگرافەکەی مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست و ئەوەی بەختیار دوای ١٦٩ ساڵ نوسیویەتی وەکو ” دەق ” هەڵگری هەمان توخمی هاوبەشن . توخمە هاوبەشەکانی پەرەگرافەکەی بەختیارو مانیفێست بریتیە لە :-
١-‌هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە لە ئان وساتی دەرەکەوتن .هەردوو هێز دابڕاوان لە هێزە باوەکان.
٢-هەردوو هێز دەیانەوێ شتێك بکەن وبخوڵقێنن کە جیاوازە لە هێزەکانی پێش خۆیان .
٣-هەردوو ‌هێز ڕەگەزی ئەوەیان تێدایە ” ڕوداوێکی ” یان وەرچەرخانیكی گەورەیی ” مێژوویی ‘ ئەنجام بدەن.
٤-هەردووکیان لە توانایاندایە دونیایەکیتر دروست بکەن .
‌بە کورتی لە هەردوو دەق : هێزی کۆمەڵایتی دیارکراو وەك بکەری مێژوویی + ئاکشن و کرداری مێژوویی بۆ ڕوداوی گەورە= سەرەنجام دونیایەکی نوێ !
کۆبوونەوەی توخمی هابەش لە نێوان دوو دەق کە ڕوانگەی سیاسی و مێژوویەکی ١٦٩ ساڵیان بەینە نە بە ڕێکەوتە نە لاسایی کردنەوەیە، بەڵکو پەیوەندی بەوە هەیە هەتا ئێستا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ناتوانێ لە دەرەوەی ” زمان ” و ” پەیوەندی” –کۆمینیکەیشن مانفێستی نیازو کرداری سیاسی و مێژوویی بکات. ستراکتۆری زمان بە هەموو وردەکاریەکانی خۆیەوە دوورگەیەکی لاتەریك نییە تا بە نەقاوەتی بمێنێ لە تێکهەلكێش بوونی لە دایك بوونی دەستەوژاوە یان زاراوەی تازە لە گەڵ ئەو کەلەپورە مێژوویەی دەستەواژە سیاسی و ئایدیۆلۆژیانەی کە چ وەك ریتم چ وەك زاروە بوونی خۆیان تازە دەکەنەوە لە نێو زماندا.

زمان ، فیکر، ئایدۆلۆژیا

فیکر بە گشتی و فیکری سیاسی بە تایبەتی ناتوانێ لە دەرەوەی زمانی مەوجود،لە دەرەوەی چوارچێوەو پێکهاتەکانی زمان تایپێکیتر لە کۆمینیکەیشن دامەزرێنێ . ئەگەر ئەو ئیمکانە ببوایە ئەوا دەمێك بوو پاڵەوانە ئەنتی “ئایدیۆلۆژیستەکان” موفەکیرو ئەدیب و نوسەرە مەعاش خۆرەکانی CIA لە سەردەمی شەڕی سارد دەیانتوانی زمانی ” بێ ئایدیۆلۆژیا ” خۆیان دروست کردبا تا شەڕێکی قوڵتر بکەن دژ بە نووسەرانی مولتەزیم خۆ بە چەپ زان.
گریمان هەموو ” بێ ئایدیۆلۆژیا” کانی دونیا بە کوردەکانی خۆشمانەوە لە کۆنگرەیەك لە وڵاتێكی ئەوروپی کۆبوونەوەو گەیشتنە ئەنجامێك لە دروست کردنی زمانێكی بێ ئایدیۆلۆژیا، ئیتر ئۆتۆماتیکیەن واچاوەڕوان دەکرێ یەکەم بەرهەمی ئەو زمانە فیکرێکی بێ ئایدیۆلۆژیا بێت. ئەگەر ئەمە ڕووی دا ؛ ئیتر ئەم زمان و فیکرە ” بێ ئایدیۆلۆژیا ” یە نابێ نە سەبگێگتیڤ و نە ئۆپگێتیڤەکانی پەیوەندیەکی هەبێ بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی .

ئەوان دەبێ لە دەرەوەی مێژوو، لەدەرەوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی خۆیان سەرقاڵ بکەن بە هەندێ دال و مەدلول کە زەمانەتی پەیوەندی کردنیان بکات، لە دۆخێکی وادا ئەو گروپە لە مرۆڤ هەموویان دەبێ لە یەك ئاست بن چ وەکو پێگەی کۆمەلایەتی ، ئابوری ، سکیڵ و پڕۆفیشنالەتی چونکە هەرجیاوزیەکیان بوو هەر ناکۆکیەکان لە نیوان دروست بوو دەبێ خۆیانی لێ بێ دەنگ بکەن ، چونکە هەر دەم بکەنەوە ناچارن گیرۆدەی ئیستیعارە کردن ببنەوە لە جۆرەکانی” ئاماژە ” لە زمانە قەدیمە پڕ لەئایدیۆلۆژیاکە ، چونکە ئەو ئاماژانە تەعبیری ڕاستەوخۆن لە ” جیاوازی ” لە وردترین ناسکە گیای سروشت بگرە تا دەگاتە چینە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان .
گروپێك لە ڕۆبۆت و کۆمپیوتەر بە زمانی پڕۆگرامینگ بۆ هەتا هەتایە بێ دەردەسەری ئایدیۆلۆژی دەتوانن ئەم کارە بکەن ، بەڵام بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و لە ژێر سایەی سیسیتەمی کاپیتالیزمدا (بێ ئایدیۆلۆژیایی) شوناسی ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێ ئەم چەترە لە دەست بگرن و پەت پەتێنی ئینتیماو گۆڕانە فیکریەکان بکەن، خەڵك گەراییە بە نرخ و درۆی ڕازی کردنی هەمووان، سەد لە سەد فریو دان و جۆرێکی زۆر سواوە لە پاکێجێکی تایبەت لە ئایدیۆلۆژیا .

کێن ئەوانەی دەڵێن کاتی قسە کردن نییە ؟

لە شوێنێکی وتارەکەیدا، کاك بەختیار گاڵتە بەوانە دەکات کە لەبەرامبەر ڕوداوە سیاسیەکانی کۆمەڵگە
” قسە” دەکەن و هەڵوێست دەرئەبڕن ، لەوێدا دەڵێت :
((. لە کۆمەڵگای ئێمەدا بێدەنگی بۆتە شتێکی ترسناک، وەک چۆن لە سەردەمەکانی توندڕەویی دینی و لە ڕۆژگارەکانی دیکتاتۆرییەتدا بێدەنگی و بەشداری نەکردن نیشانەی گومان بوون. ئەمڕۆ مرۆڤەکان بە جۆرێکی ترسناک خراونەتە ناو کولتووری «روناککردنەوەی ناخەوە»، هەموو دەبێت قسەبکەن بۆ ئەوەی ناخیان ببینرێت، ماراسۆنی قسەکردن و خۆڕوونکردنەوە و خۆئاشکراکردن لە ترۆپکیایەتی، گرنگترین بکەری کۆمەڵگا ئەوانەن کە زۆرترین قسەدەکەن، گرنگ نییە قسەکان دووبارە و سەدبارەن، گرنگ ئەوەیە هەموو ڕۆژێک بنوسیت و ناخی خۆت ڕوناکبکەیتەوە و پیشانی کۆمەڵگای بدەیت و پاکی و ساغی و سەلامەتیت ببینن، ببینین تۆ بە چ زمانێکی پاراو و کوردییەکی ڕەوان خۆت بەیاندەکەیت، گرنگ نییە چۆن قسەدەکەیت، گرنگ ئەوەیە خاڵێکی تاریک نەبیت، گرنگ ئەوەیە ئەوانی تر بتوانن وەک دۆست یان دوژمن سەیرتبکەن، گرنگ ئەوەیە پۆڵێن بکرێیت، لە خانەیەکدا بێت و بچێتە ژێر کاتاگۆرییەکەوە.))

پێش هەموو شتێك ئەگەر سیاسەت بەس زانست بوایە لە زانکۆکان و بەشێك بوایە لە وانەکانی شەهادە وەرگرتن. ئەگەر سیاسەت وەکو هونەری نیگارکێشی، هەفتانە و مانگانە یان ساڵانە پیشانگایەکەت بۆ کردبایەوە. ئەگەر بەو شیوەیە بوایە کە باسمان کرد ئەوکاتە سیاسەت بێ دەردەسریترین چالاکی و خۆدەرخستەنەکانی مرۆڤەکان دەبوو، دەمانتوانی وەکو چا خواردنەوەی موناسەبات سەرمان لە پیشانگا سیاسیەکان دەدا. بەلام ، سیاسەت پارێزەر و پێك هێنەری سیستەمە، تەنانەت ئەمڕۆ پەیوەندی بەوهەوایەش هەیە کە هەڵیدەمژین.

بۆ ئەوەی ” بەرەنگاری ” هەر سیستەمێکی سیاسی ببیەوە دەبێ ” قسەت ” هەبێ و کردارت هەبێ لە بەرامبەریدا. بەشێك لە “قسە کردن” لە سیاسەت بە دڵنیایی بریتی دەبێت لە ڕەخنە لە وانەی لەبەر هەر هۆیەك و بەرژوەندیەك بێت قسە ناکەن لەسەر سیاسەت.
ئەو پرسیارکردنانە لە سەر ” بێ دەنگی ” بەختیار هەڵبژاردنی بەختیار خۆی بووە و نەك ناچار کرابێت. شەش ساڵێك لەمەوبەر ” قسە ” کردنی خۆی لە سەر ڕوداوە سیاسەکان شێوازی تەحلیل کردنی خۆی وەکو لوتکەی داهێنان لە تەدەخول لە سیاسەت وەسف دەکا، ئەم نرجسیەتە کوێرە ” ئەوەی ڕەوایە بۆ خۆم ڕەوا نییە بۆ ئەوانیتر ” میتۆدێکی دەیان بارەی ئەم نوسەرەیە لە هەر قۆناغێک کە بیەوێ سەر لەنوێ پێناسەی بوونی خۆی بکاتەوە . شەش ساڵێك لەمەوبەر ئەو لە وتاری :-
کێن ئەوانەی دەڵێن “ئێستا کاتی قسە نییە”؟ دەڵێت :-
(( لەم ساتانەدا زۆرجار و لێرەو لەوێ گوێمان لە هاوارێک دەبێت کە دەڵێت “ئێستا کاتی قسە نییە و کاتی ئیشە”. هەندێکی تر هەمان رستە بەجۆرێکی کاڵفامانەتر و بازاڕیتر دووبارەدەکەنەوە و دەڵێن “شۆڕش لە پشتی کۆمپیوتەرە” وە ناکرێت. ئەمە یەکێکە لەو بۆچوونە سەیرانەی کە لە ساتی شۆڕش و قەیرانەکاندا هەمیشە دێتەپێشێ. )) – سایتی سبەی-٩/٣/٢٠١١-
ئێستا دوای شەش ساڵ ئەوە خۆیەتی دەڵێ کاتی قسە کردن نیە، بەڵکو کاتی بەرهەمهێنانی فیکرە چەشنی نوسینەکانی خۆی چونکە لە روانگەی ئەو هەر وشەیەک ئەو بینوسێ ” قسە ” نیە بەلکو مێتای فیکر و داهێنانە ، هەر کەسێکیش پرسیار لە بێ دەنگی ئەو دروست بکا ، ئەوە فیکری بریتی لە لە میتۆدو پێوەری سێنتەری ئەخلاق !

چەپی نوێ ی ڕادیکاڵ و کێ هەست بە گوناه دەکات ؟

لەسەرەوە ئاماژەمان بەوەدا کە بەختیار ئێستا نە لە بەرەی باڵی ڕەخنەگری ناسیۆنالیزمە ، نە لە باڵی چەپی کۆمەڵگایە. هەردوو ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ ڕەخنەی زۆر توند لە لایەن توێژێکی نوێ لە گەنجانی چەپ لە بەختیار گیرا.
بەختیار کاتێ خۆی لە پڕۆژەی گۆڕان و کارکردن لە گەڵ هاوەڵە قەدیمەکانی دەرهێنا،ویستی لە ڕێگەی قسەکردن لەسەر فەیلەسوفی چەپ ژیژەك دووبارەکردنەوەی هەندێك لە میتۆدەکانی ئیشەکانی جۆرێك لە تەوازون و سەقامگیری ئئینتیمایەکی دیاریکراو بهێڵیتەوە لە دونیای ڕەخنەی سیاسیدا.
تەنانەت هەندێك هەوڵی نیوەچڵ هەبوو بۆ ئیش کردنی بەختیار لەگەڵ ئەو گەنجە ڕادیکالانەی چەپ کە گەیشتە دەرکردنی نووسین لە بڵاوکراوەی هاوبەشدا. ئەم جۆرە لە مانەوە لە دونیای رەخنەدا بە شیوەیەکی ” رەخنەگر” لە سیستەم تەمەنی زۆرکورت بوو، چونکە بەختیار قەت ناتوانێ چەپ بێت و نە ئیشی بەوەیە چەپ بێت.
ئەوەی ئەم پرۆسەیەی خیراترکرد ئەم ڕادیکاڵە چەپانە زۆر خێراتر لە بەختیار چەندین کتێبی ژیژەکیان تەرجومە کرد ، زۆر خێراتر تەبەنی ئەو بۆچوونانەیان دەکرد کە بوعدی شۆڕشگێڕانەیان هەیەو هەر بە وەرگێڕانی ژیژەك وازیان نەهێنا.سەرەنجام هەر هەمان ئەو توێژە گەنج و” ڕادیکاڵەی ” چەپ چەندین وتاری بەختیاریان دا بەر ڕەخنەو بەشێکی زۆر لە خوێنەرانی بەختیار پشتیان لەو کردو رویان لەو گەنجە ڕادیکالانە کرد.

بەختیار لە ٢٠١٧ بە تەواوەتی لە رووی جێگەو ڕێگەی لە ڕەخنەی سیاسیدا ئیتر نە سەر بە باڵی ڕەخنەگری ناسیۆنالیزمەو نە سەر بە چەپە ڕادیکاڵە نوێیەکانە، بە بەردەوامیش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ژێر فشاری ڕەخنەی هەردوولادایە. ئەم بارودۆخە وای لەو کردووە، کە ئەو بیەوێ پەرچەکردارەکانی بکا بە هێرش بۆ وەڵامدانەوەی ئەم فشارانە. ئەو دێ دەڵێ ئەم جۆرە لە ڕەخنەگران، هەست بە گوناه دەکەن خەریکی خۆپاك کردنەوەن بۆیە ناجارن بە ئیلتیزامەوە قسە بکەن هەلوێستیان هەبێت لە سەر ڕووداوە سیاسەیاکان.

ڕاستیەکەی ئەوەیە كاك بەختیارلەم نوسینەیدا گیرۆدەی گرێیەکی دەروونی سەختە، چونکە ئەگەر ئەو توانجەی یان ئەو وەسفەی ئەومان قبوڵ بێت کە کرداری رەخنەگرتن لە ڕووی دەرونیەوە بە خۆپاك کردنەوە لە گوناە لە قالب دەدات، ئەوا بە پێچەوانەوە ئەم وەسفە زیاتر بۆ خۆی گونجاوە بەلام لە گۆشەیەکی تەواو جیاواز، کە هێشتا ناتوانێ سەختی فشارو بۆشایی دەروونی بەختیار پڕبکاتەوە. کەم نییە تۆ لە کۆمەڵگەیەك بژی، کەڵە نوسەری ئەو کۆمەڵگەیە بیت بە چەند قۆناغێکی کورتی مێژوویی لە ئەوپەڕی لوتکەی لەقەبی رەخنەگری سیاسیەوە لە ناکاو خۆت ببینیەوە لە ئەوپەڕی لوتکەی موحافەزەکاری!
ئەم گۆڕانکاریە ئەگەر بە ئیختیار یان بە فشاری ڕەخنە بێت، یان تێکەڵێك لە هەردوکیان بێت کاریگەری دەبێت لەسەر ڕەنگدانەوەی دەروون. بەختیار بۆ شاردنەوەو پەردەپۆش کردنی ئەم کاریگەریە دێ ئەو کراسەی باری دەروون کە زۆر گونجاوە بۆ خۆی لە بارەی هەست کردن بە تەریکی و گوناه دەکاتە بەری ئەوانەی ڕەخنە لەو یان لە سیستەمەکە دەگرن.

چونکە ئەو لە ڕووی دەرونیەوە مەحرومە لە چانسێکی زۆر گرنگی دەرون و ئاسودەیی ویژدان، چونکە هەموو ئەو قسەکەرو ڕەخنەگرانەی ئەو بە چاوێکی گاڵتە پیکردنەوە دەیەوی وێنایان بکات بەلای کەمی دەتوانن و لە دەستیان دی ڕۆژانە خۆیان بە نوسین و ڕەخنەکانیان لە گوناه پاك بکەنەوە. بەڵام ، ئەو دەرگای ئاسودە کردنی ویژدانەشی لە خۆی گرتووە !

http://www.bachtyar.com/Detail.aspx?Jimare=1147&title=%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%95%D8%AA%D8%A7

Previous
Next
Kurdish