Skip to Content

وه‌همێک … ڕیچارد داوکینز … 3 … خوێندنەوەی: بێریڤان جه‌‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

وه‌همێک … ڕیچارد داوکینز … 3 … خوێندنەوەی: بێریڤان جه‌‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

Closed
by ئه‌یلول 12, 2017 General, Literature, Slider

بەشی سێیەم….

به‌ڵگه‌کانی بوونی خوا ….

سەرەتا نووسەر ئاماژە دەکات بە بەڵگە ئاکامییه‌کانی ئاییناس (تۆماس ئاکینوس)، که مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سیانزەهەمین‌‌. ئەم پێنچ ‘بەڵگە’یە هیچ شتێک ناسەلمێنن و دەکرێت بەئاسانی ڕەت بکرێنەوە. سێ بەڵگەی یەکەمیان، سێ شێوەی جیاوازن بۆ بەیانی هەمان شت و دەکرێت هەموویان وەک یەک چاویان لێ بکرێت. هەموویان گەڕانەوەیەکی بێپایان لەخۆ دەگرن – وەڵامدانەوە بە پرسیارێک، پرسیاری پێشووتر قوت دەکاتەوە و ئیتر بەو شێوەیە، بەبێ ئەوەی پایانێکی هەبێت. به‌لگه‌کانیش ئه‌مانه‌ن:
5- پاڵپێوەنەرە ڕاوەستاوەکە. هیچ شتێک ناکەوێتە جووڵە، بەبێ ئەوەی پاڵپێوەنەرێکی پێشوتری هەبێت. ئەمە وامان لێ دەکات، بگەڕێینەوە بۆ دواوە و تەنیا ڕێگەی دەربازبوونمان خوایە. شتێک کە دەبێت یەکەم جووڵەی کردبێت و ئەو شتەش ئێمە پێی دەڵێن خوا.
2- هۆ بێهۆکە. هیچ شتێک ناتوانێت هۆکەی لە خۆیەوە بێت. هەر ئاکامێک، هۆی پێشووتری هەیە و دووبارە ناچارین بۆ دواوە بگەڕێینەوە. ئەمە دەبێت کۆتایی بێت لەلایەن یەک هۆوە، کە ئێمە پێی دەڵێین خوا.
3- بەڵگەی گەردوونی. دەبێت ڕۆژگارێک بووبێت، کە هیچ شتێکی فیزیکی بوونی نەبووبێت. بەڵام چونکە ئێستا شتگەلێکی فیزیکی بوونی هەیە، دەبێت شتێکی نافیزیکی هەبووبێت تا ئەم شتگەلە بهێنێتە کایەوە و ئێمە بەو شتە دەڵێین خوا.

هەرسێ بەڵگەکە، پشت دەبەستن بە هرزی گەڕانەوە و دەست بەدامێنی خوا دهبێت بۆ یەکلاییکردنەوە. گریمانێکی تەواو نابەجێ دەکەن، کاتێک کە خوا پارێزراو دەکەن لەم گەڕانەوەیە. هەتا ئەگەر ئێمە بوارێکی وەها فراوانی گوماناوی بدەین بە جادوویەکی هەوەسکارانە، کە کۆتایی بەم گەڕانەوە بێپایانە بهێنێت و ناوێکی لێ بنێت، تەنیا لەبەر ئەوەی پێویستیمان پێیەتی، ئاوا بەڕەهایی هیچ هۆیەک نییە، هیچیەک لەو تایبەتمەندییانە ببەخشێت بەو کۆتاییهێنەرە، کە ئاسایی دەدرێنە پاڵ خوا: بێئەندازەتوانی، بێئەندازەزانی، میهرەبانی، داهێنەری لە نەخشەدا، هەتا ئەگەر ئەو تایبەتمەندییە مرۆڤییانەی وەکوو: گوێبیستنی نوێژ، لێبووردن لە گوناهـ و خوێندنەوەی بیروبۆچوون، بخەینە لاوە. لەم پەیوەندەدا سەرنجێکی ژیربێژانە هەیە، جێگەی خۆیەتی ئاماژەی پێبکرێت، ئەوەیە کە بێئەندازەزانی و بێئەندازەتوانی پێکەوە نەکڵۆکن. ئەگەر خوا هەموو شتێک دەزانێت، دەبێت هەر ئێستا بزانێت، چۆن دەستوەردەداتە گۆڕینی ڕێڕەوی مێژوو، بە بەکارهێنانی بێئەندازەتوانیی خۆی. بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە دێت، کە ناتوانێت بۆچوونی خۆی بگوڕێت سەبارەت بە دەستتێوەردانەکەی، کە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، بێئەندازەتوان نییە.

4- بەڵگە بەپێی پلە. وەک دەیبینین، شتەکانی دەوروپشتمان جیاوازن. دەکرێت بڵێیت، بە پلەی جیاوازجیاواز باشن یان بێخەوشن. بەڵام ئێمە بڕیار لەم پلەبەندییانە دەدەین بە بەراورد لەگەڵ ئەوپەڕیدا. مرۆڤ دەتوانێت هەم باش بێت، هەم خراپ، بەو پێیە، ئەوپەڕی هەرە باشی ناتوانێت لە ئێمەدا بوونی هەبێت. لەبەر ئەوە دەبێت شتێکی ئەوپەڕی هەبێت بۆ دانانی پێوەرێک بۆ بێخەوشی و ئێمە بەو ئەوپەڕییە دەڵێین خوا.

5- بەڵگەی ئایینناسی یان بەڵگە بەپێی نەخشە. شت لە جیهاندا، بەتایبەتی شتگەلێکی زیندوو، وا دێتە پیشچاو، کە نەخشەیان بۆ کێشراوە. هیچ شتێک نییە ئێمە نەیزانین، وا دەر نەکەوێت نەخشەی بۆ نەکێشرابێت، مەگەر ئەوەی بەپێی نەخشە بێت. لەبەر ئەوە دەبێت نەققاشێک هەبێت و ئێمە پێی دەڵێین خوا.

پاشان نوسه‌ر دێتە سه‌ر به‌لگه‌ی بوونه‌‌وه‌رزانی و به‌لگه‌کانی ئانسیلمی کانتبیری به‌ نمونه‌ ده‌هێنیته‌وه‌. نوسه‌ر ده‌ڵێت، لایەنی زۆر سەیری بەڵگەی ئانسیلم ئەوەیە، کە لە سەرەتاوە ڕووی لە مرۆڤ نییە، بەڵکوو ڕووی لە خوا خۆیەتی بە شێوازی نوێژ (دەکرێت وەها بیر بکەیتەوە، هەر قەوارەیەک کە بتوانێت گوێبیستی نوێژ بێت، پێویست نییە بوونی خۆی بسەلمێنێت). ئانسیلم پێیوایە، دەشێت کەسێک باوەڕ بهێنێت بە بوونەوەرێک، کە مەزنتر بێت لەوەی توانبێتی بیری لێ بکاتەوە. هەتا ئیسییستێک لەوانەیە بوونەوەرێکی باڵادەستی وەها بهێنێتە بەرچاوی خۆی، سەرەڕای ئەوەی لە جیهانی ڕاستەقینەدا، نکۆڵی لە بوونی دهکات. بەڵام بەڵگەکە دێتەوە لەگەڵ بوونەوەرێک، کە لە جیهانی ڕاستەقینەدا نەبێت، ئیتر بەو هۆیەوە کەمتر بێخەوشە.

فەیلەسووفان بۆ چەندان سەدە بەڵگەی بوونەوەرزانییان بەجیددی وەر گرتووە، ئیتر چ لەگەڵی بووبن یان لە دژی. ڕەتکردنەوەیەکی هەرە بنچینەیی بەڵگەی بوونەوەرزانی، ئاسایی دەگەڕێنرێتەوە بۆ فەیلەسووفانی وەک داڤید هیوم و ئیمانۆئیل کانت. کانت ئەو کارتە جۆکەرەی دۆزییەوە، کە ئانسیلم یاریی پێ دەکرد و گریمانە ساکارەکەی ئاشکرا کرد، کە ‘بوون‘ زێتر ‘بێخەوش’ترە لە نەبوون. فەیلەسووفی ئەمەریکی نۆرمان مالکۆلم، ئەمەی ئاوا ڕوون کردۆتەوە: ئەو ڕێچکەیەی پێی وایە بوون بێخەوشە، تا ڕادەیەکی زۆر جێگەی گومانە. ئەوە وایە و دروستە بڵێیت، خانووی داهاتووم باشتر دەبێت، ئەگەر دیوارەکانی ناوکاری بکرێت وەک لەوەی نەکرێت، بەڵام ئەمە چی دەگەیەنێت، کە بڵێیت ماڵی داهاتووم باشتر دەبێت، ئەگەر بوونی هەبێت وەک لەوەی ئەگەر بوونی نەبێت؟
هەندێک جار نوسه‌ر له‌ دیمانه‌کانیدا ڕووبه‌ڕوی پرسیار دەبێتەوە سەبارەت بە داهێنانی هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌کانی جیهان، وه‌کو شکسپیر، میکایل ئەنجلو، بتهۆڤن، هتد..
که‌ ئایا نوسه‌ر شاکاری ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ گه‌ورانه‌ چۆن شی ده‌کاته‌وه‌؟ هیچ گومانێکی تێیدا نییە، دواچوارینەی بتهۆڤن، شاکارێکە بۆخۆی. هەروەها سونیتی شکسپیر. ئەمانە شاکارن، ئەگەر خوا هەبێت یان نەبێت. ئەمانە بوونی خوا ناسەلمێنن؛ بەڵکوو بوونی شکسپیر و بتهۆڤن دەسەلمێنن. وتەیەکی ڕابەری ئورکێستەری بەتوانا هەیە، دەڵێت: ‘ئینجا ئەگەر تۆ مۆزارتت هەبێت و گوێی بۆ بگریت، ئیتر بۆچی ڕوو له خوا دهکهیت؟’
ئەگەر بەڵگەیەکی ژیربێژی هەیە، کە بوونی شاکاری هونەری دەبەستێتەوە بە بوونی خواوە، دەبوو لەلایەن لاینەگرانی بوونی ئەم بەڵگەیە بوترایە. ئاسایی وا لە بەرچاو گیراوە، کە بەڵگەنەویستە، کە بەوپەڕی دڵنیایییەوە وا نییە. لەوانەیە وەها لێک بدرێتەوە، کە جۆریکی تر بێت لە بەڵگەی نەخشەی زرەنگ: مێشکی مۆسیقیی شوبێرت، جێگەی تێڕمانی شیانە، هەتا زۆر زێتر لە چاوی گیاندارانی بڕبڕەدار. یان هەتا لەوانەشە جۆرێک لە ئیرەیی بێت لە فرەژیری. چ مرۆڤێکی تر ئەو پڕکێشییە دەکات، مۆسیقایەکی/هەڵبەستێکی/هونەرێکی وەها جوان دروست بکات، لە کاتێکدا کە من ناتوانم؟ دەبێت ئەوە خوا بێت، ئەوەی کردبێت.

بەڵگەیەکی تر کە نووسەر ئاماژەی پێدەکات، بەڵگەی ئەزمونی کەسییە. هەندێک خەڵک باوەڕیان بە خوا هەیە، چونکە لەو باوەڕەدان، بوونی خوایان بینیوە – یان یەکێک لە فریشتەکان یان مریەمی پاکیزە بە جلوبەرگی شینەوە. یان لەناو مێشکیاندا، قسەی بۆ کردوون. بەڵگە بەپێی ئەزموونی کەسی، یەکێکە لە بەڵگە هەرە ڕازیکارەکان بۆ هەریەکێک لەوانەی بانگەشەی بینینی ئەزموونێکی وا دەکەن. بەڵام بۆ کەسانێکی تر، ئەزموونگەلێکی وهها، کەمترین جێگەی باوەڕن و هەروەها بۆ هەرکەسێک، کە سەری دەر بچێت لە دەروونزانی. هەندێک لە نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی دەروونی وا بیر دەکەنەوە، کە ناپلوێنن یان شارلی شاپلینن یان هەموو جیهان کەوتۆتە پلانچنین لە دژیان یان پێیان وایە، دەتوانن بیروبۆچوونی خۆیان بگەیەنن بە مێشکی خەڵکانی تر.

مێشکی مرۆڤ وانواندنی پلە یەک بەکار دەهێنێت. چاوەکانمان وێنەیەکی ڕاستەقینەی ئەوەی هەیە، نادات بە مێشکمان یان فیلمێکی وردی ئەوەی لەو کاتەدا ڕوو دەدات. مێشکمان بەبەردەوامی نموونەی نوێتر دروست دەکاتەوە: نوێکردنەوە لە ڕێگەی گرتەی هێمایییەوە، کە بە هۆی هەستەدەماری بینینەوە لەدەرەوە دێنە ژوورەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، هێشتا هەر دروستی دەکاتەوە. بههەڵەبینینی شت، وەبیرهێنانەوەیەکی ڕۆشنی ئەمەیە. زۆربەی هەرە زۆری هەڵەبینینەکان، کە شەشپاڵووی نیکەر نموونەیەکیەتی، ڕوو دەدەن، چونکە ئەو زانیارییە هەستییەی بە مێشک دەگات، لەگەڵ دوو نموونەی جێگرەوەی ڕاستی دێتەوە. مێشک پێوانەیەکی نییە بۆ هەڵبژاردن لەنێوان ئەم جێگرەوانەدا و لەگەڵ زنجیرەیەک گیرسانەوە، لەم نموونەیەوە بۆ ئەوی تر، بەرەوڕوو دەبین. وێنەیەک کە تەماشای دەکەین، تا ڕادەیەک بەڕاستی وا دەر دەکەوێت، دەگۆڕێت و دەبێت بە شتێکی تر.

پرۆگرامی وانواندنی مێشک توانایەکی لەئەندازەبەدەری هەیە. لێهاتوویییهکی باشی هەیە لە دروستکردنی ‘دیمەن’ و ‘بوونەوەر’، کە تەواو وەک ڕاستەقینە وا بن. هێنانەبەرچاوی جنۆکە یان فریشتە یان مریەمی پاکیزە، وەک یاریی منداڵان وایە بۆ پرۆگرامێکی وەها لێزان. بە هەمان شێوەش، دەتوانێت بۆ بیستن کار بکات. کاتێک گوێبیستی دەنگێک دەبین، دەقاودەق ناگوێزرێتەوە بۆ هەستەدەماری بیستن و ناگات بە مێشک هەر وەکوو بینین، مێشک نموونەی دەنگ دروست دەکات بەپێی نویکردنەوەی بەردەوامیی زانیاریی هەستەدەماری بیستن.

بەڵگەی زۆر زێتر بەهێزتر هەیە، کە پشت نابەستێت بە هەڵسەنگاندنی کەسی، ئەوەش بەڵگەی شیانە. کە بەشێوەیەکی کاریگەرییانە دوورمان دەخاتەوە لە نەزانێتی، بەرەو ئەوپەڕی یەکخواگەری لە گۆشەنیگای گەلێک لە یەکخواگەرانەوە و بەرەو ئەوپەڕی ئیسییزم لە گۆشەنیگای نووسەرەوە. نووسه‌ر لە بەرامبەر یەکخواگەراندا دەپرسێت: ‘باشە ئەگەر ئێمە خوا دروستی کردووین، ئەی کێ خوای درووست کردووە؟ ئەمە پرسیارێکە کە زۆربەی خەڵکانی بیرکەرەوە لە خۆیان دەپرسن.

گرەوی پاسکال: ماتماتیکزانی فەڕەنسیی گەورە، بلایس پاسکال خەمڵاندوویەتی، کە تا هەر ئەندازەیەک بوونی خوا ئاستەم بێت، ئەوەندە سزای بەهەڵەداچوون لەو بارەیەوە گەورەیە تا ئاستی سەرکێشیکردن. باشترە بۆ تۆ بڕوات بە خوا هەبێت، چونکە ئەگەر ڕاست بیت، ئەوا ئەو بوارەت هەیە بەختەوەریی هەتاهەتاییت پێ ببڕێت و ئەگەر هەڵەش بیت، ئەوا هیچ شتێک لە هەلومەرجەکە ناگۆڕێت. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر باوەڕت بە خوا نەبێت و دەرکەوت تۆ بە هەڵەدا چوویت، ئەوا بەر نەفرەتی هەتاهەتایی دەکەویت، لە کاتێکدا ئەگەر ڕاستیش بێت، ئەوا هیچ شتێک لە هەلومەرجەکە ناگۆڕێت.

ئیتر ئەمە ڕۆشنە، هیچ بگروبەردەیەکی ناوێت، بڕوا بە خوا بهێنە. شتێکی سەیر لەم بەڵگەهێنانەوەیەدا ئه‌وه‌یه که‌ بڕوابوون شتێک نییە، کە تۆ بتوانیت بڕیاری کردنی بدەیت وەک ئەوەی کارێک بێت. هەر هیچ نەبێت، شتێک نییە کە بتوانی بڕیاری کردنی بدە‌ی، وەک کارێک کە ویستی خۆتی لەسەر بێت. دەتوانی بڕیار بدەی بچی بۆ کڵێسا، دەتوانی بڕیار بدەی سوێند بخۆی، کە باوەڕت بە کۆی کتێبی پیرۆزە بە سەروبۆرەوە. بەڵام هیچ یەک لەمانە، ناتوانێت وا لە کەسێک بکات، کە بە ڕاستی باوەڕی پێیان هەبێت ئەگەر وا نەبێت. گرەوی پاسکال هەرگیز ناتوانێت شتێک بێت، بێجگە لەوەی بەڵگە بێت بۆ خۆنواندنی باوەڕبوون بە خوا. بۆیە وا باشتره ئهو خوایەی کە تۆ ئەوا بانگەشەی باوەڕبوونی بۆ دهکهیت، لە جۆری بێئەندازەزان نەبێت، ئەگینا بە درۆکەت دەزانێت.
دوا به‌ڵگه‌ که‌ ئاماژه‌ی پێ ده‌کات بۆ سەلماندنی بوونی خوا، بەڵگەی بایزێینە، کە بەم دوایییانە لە کتێبەکەی ستیفن یونوین، شیانی خوا باس کراوە. به‌لگه‌که‌ هه‌م لاواز و هەم کەمتر جێی سەرنجە لەچاو ئەوانی تردا.

بەڵگەیەکی تر کە نووسەر ئاماژەی پێدەکات، بەڵگەی کتێبی پیرۆزە، کە هێشتا خەڵکێک هەن، لەو پەیوەندەدا باوەڕیان بە خوا هەیە. ئەم باسە ئاساییە، زێتر بە سی. ئێس. لیویس دەگەڕێنرێتەوە. کە پێوایە، لەبەر ئەوەی عیسا بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە کوڕی خوایە، دەبێت ڕاست بێت، ئەگەرنا دەبێت شێت یان درۆزن بێت: ‘شێت، بەدکار یان خوا،’ یان بە لەیەکچوونی دەنگی وشەکان بە شێوەیەکی نەزانانە، ‘دێوانە، درۆزن یان خوا.’ بەڵگەی مێژوویی، کە تێیدا عیسا ئاماژەی بە پلەوپایەیەکی خوایی کردبێت، هەر زۆر کەمە. بەڵام هەتا ئەگەر بەڵگەیەکی وەها باشیش هەبێت، ئەوا ئەو سێ بژاردەیە، کە سەختە کامیان هەڵبژێریت، شتێکی پووچی ناتەواو دەدەن بە دەستەوە. ئەگەری چوارەم ئەوەندە ڕۆشنە، کە پێویست بە ئاماژەکردن ناکات، ئەویش ئەوەیە، کە دروست عیسا بە هەڵەدا چووە. خەڵکانێکی زۆردەکەونە هەڵەوە. هەرچی چۆنێک بێت، وەکوو نوسه‌ر ده‌ڵیت ، هیچ بەڵگەیەکی متمانەپێکراوی مێژوویی لە ئارادا نییە، کە عیسا بانگەشی خواییی کردبێت.

ڕاستییەکەی ئەوەیە، هەندێک شتی قاییلکەر نووسراوە بۆ خەڵکێک، کە ئاسایی ئەم جۆرە پرسیارانە ناکەن: ‘كێ ئەمەی نووسیوە و کەی؟’ ‘ئەوەی نووسیویانە، چۆنیان زانیوە؟’ ‘ئایا واتای ئەو شتانەی، ئەوان لەو کاتەدا نووسیویانە، ئێمەش بە هەمان واتا تێیان دەگەین؟’ ‘ئایا چاودێرێکی بێلایەن بوون یان بۆ مەبەستێکی تایبەتی خۆیان، چۆنیان ویستووە، وایان نووسیوە؟’ هەتا لە سەدەی نۆزدەهەمەوە، لێکۆڵەرەوانی ئایینناسی ڕۆشن و ئاشکرا ئەوەیان بەیان کردووە، کە بەشە ئینجیلەکان گێڕانەوەیەکی باوەڕپێکراو نین بۆ ئەوەی چی ڕووی داوە لە مێژووی جیهانی ڕاستەقینەدا. هەموو ئەوەی کە نووسراوە، لەپاش ماوەیەکی دوورودرێژی دوای مردنی عیساوە بووە هەروەها لەپاش نامەکانی پۆلۆس (لە پەیمانی نوێدا – و. )، کە بەئەستەم ئاماژە دەکات بەو ڕاستییە بانگەشەبۆکراوانە لەسەر ژیانی عیسا. پاشان هەموو ئەمانە، یەک لەسەر یەک کۆپی کراونەتەوە لە ڕێگەی هەندێک ‘نەوەی چرپەکەرانی چینی’ جیاوازەوە و لەلایەن نووسەرانێکی لەهەڵەبەدەر نەبوو، کە هەرچییەک بووبێتن، ئامانجی تایبەتیی ئایینیی خۆیانیان هەبووە.

Previous
Next
Kurdish