Skip to Content

خێرو شەری ڕیفراندۆمی پارتی  بۆ خۆی ! … د. عەبدولڕەحمان مەولود

خێرو شەری ڕیفراندۆمی پارتی بۆ خۆی ! … د. عەبدولڕەحمان مەولود

Closed
by ئه‌یلول 15, 2017 General, Opinion

مەبەستی ئەم وتارە ڕونکردنەوەی چەند بابەتێکی تایبەتە بە مەسەلەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان.

یەکەم، پارتی و گەمەی دیموکراتی

پارتی ولایەنگرانی لێیان دەبێتە عەیبە ڕیفراندۆم نەکەن. هەربۆیە ئەوان ڕیفراندۆم دەکەن. بەلام، ئەنجامی ڕیفراندۆم بەدەردی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ دەبەن. واتە دەولەتی سەربەخۆی کوردستان دروست ناکەن. وەعدی پارتی سەبارەت بە دەولەت دروست کردن لە وەعدی ترامپ دەچیت کە لە پێش هەلبژاردن دەیوت دیوارێك لە نێوان مەکسیك و ئەمریکا بە پارەی مەکسێك دروست دەکەم. لە ئێستا، قسەیەك لە دیوار دروستکردن نییە، ڕەنگە چەند مانگێك پێش هەلبژاردنی داهاتو ترەمپ چەند کیلۆمەترێك سنور تەل بەند بکات بۆ هەلخەلەتاندی دەنگدەران. ئەم کارەی ترەمپ یەکێکە لەو یاریانە حیزبە سیاسیەکان لە سیستەمی دیموکراسی لە خەلکی خۆیان دەکەن. سیاسەکان دەزان، دوای هەر هەلبژاردنێك دەرسەدێك لە دەنگدەران دەگۆرێن.

– هەمو ئەوانەی لە هەلبژاردنی ڕابردوو تەمەنیان چواردەساڵ وبەسەرەوە بووە ئیستا مافی دەنگدانیان دەبێت، ئەم ژمارەیە لە دەنگدەران بەهۆی منال بوونیان کەمترین گرنگیان بە سیاسەت داوەو نازان لە هەلبژاردنی پێشو کام حیزب چی ووتوەو نەیبردۆتەسەر.
– ژمارەیەکتریش لە بەسالاچوان و هیتریش کە لە ڕابردوو گوێبستی وەعدەکانی هەلبژاردن بوون ڕەنگە ئاخیرن دەنگدانیان بێت یان لە ژیان نامێنن تاکو سزای ئەو حیزبە بدەن کە پەیماننی هەلبژاردنی شکاندوە .

کاتیك جیاوازی نێوان ژمارەی دەنگدەرای براوە و دۆڕاو کەم بێت، هەر بەتەنها ئەو ئالوگۆرە لە ڕێژەی دەنگەدەران لە نێوان دو هەلبژاردن بەسە بۆ ئەوەی سیاسیەکان هەرچیان بوێت پێش هەلبژاردین بێلین و دواتر جیبەجێی نەکەن یان تەنانەت پێچەوانەی وەعدەکانیان کار بکەن.

ڕاویژکارانی پارتی و بارزانی شارەزای ئەم گەمەی سیستەمی دیموکراسین. هەر بۆیە، یەکەم کاریان دوای هەلبژرادن بیانو داتاشتن دەبێت بۆ جیبەجێنەکردنی پەیمانی دروستکردنی کۆماری کوردستان، ئەم پرسە بەدەردی مادەی ١٤٠ دەچێت.

چەند ڕیگریەکی تری بەردەم دروستکردنی کۆماری دیموکراتی کوردستان

دووەم، لە ئیستا، سیاسەتی رەسمی ئەمەریکا سەبارەت بە عیراق بریتیە لە پارێزگاریکردن لە یەکپارچەیی خاکی ئەم ولاتە.

ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا لە ئەنجامی تێگەیشتنی وزارەتی دەروەوە و وزارەی بەرگری ئەمریکایە. هەروەها لە ئەنجامی هەولەکانی لوبی عەرەبی، تورکیا، عیراق و ئێران دروست بووە. گۆرینی ئەم سیاسەتە مومکنە، بەلام پێوستی بە هەولێکی زۆرەو لە ئێستادا سیاسەتی ئەمریکا نییە و لەم چەند رۆژەی بۆ ڕیفراندۆمیش ماوە ناگۆرێت.

سێێەم، لە ئێستادا سێ سەرچاوەی ئابوری هەرێمی کوردستان وشکی کردووە.

هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر لە ١٧ ملیار دۆلاری بودجەی سالانەکەی لە پارەی عیراقی لێبراوە. بە هۆی ناجێگری سیاسی و ئەمنی ناوەراست و خوارووی عێراق بەشی شێر لە هەمو پارەی عێراق دەهاتە کوردستان، بەلام لە ئێستادا ئەم بڕە پارەیە نەماوە یان کەمی کردوە و لە داهاتوشدا بەتەواوی نامێنێت.

ئەم هەمو ملیار دۆلارەش کە لە لایەن کوردانی دانیشتوی ولاتانی ئەوروپا، ئەمریکا، ئوسترالیا و ئاسیا بۆ بەکارهێنان لەچەشنی بەکارهێنان لە زەوەی وزار جانوبەروە ، هاتوچۆ ، هتد دەهاتە کوردستان بە هۆی ناجێگیری سیاسی و کاریگەری لەسەر بازار لە ئێستادا نەماوە.

کرانەوەی دەروازەی هەرێمی کوردستان بەرووی ڕۆژئاوای کوردستان دەکرا ساڵانە چەندین ملیار دۆلار بخاتە بازاری هەرێمی کوردستان، کەچی پارتی بۆ ڕازیکردنی تورکیا ئەمەی دوایشی داخست یان هەر ڕازی نەبو بکرێتەوە.

چوارەم، ئەمریکا بەدوای بەدیلی تورکیا و ئێرانە

ئەمریکا، بڕوای بە ئێران و تورکیا نییە و ناتوانێ سیاسەتەکانی لە ناوچەکە دابرێژێت بە پشتیوانی ئەم دوو ولاتە. لە ڕاستیدا هەردوکیان بەیەك چاو سەیر دەکات، هەردوکیان کۆماری ئیسلامین. هەر بۆیە، ئەمریکا بەدوای بەدیلە ئەم دوو ولاتەیە. هەرێمی کوردستان بەتەنیا ناتوانێت ببێتە ئەم بەدیلە. بەلام بە یەکێتی نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان، کورد زیاتر لە بوون بەم بەدیلە نزیك دەبیتەوە، کە بەداخەوە لە ئێستا پارتی دژایەتی ئەم کار دەکات. ئەمەش پێداگری چەندبارەی پارتییە کە ئەوان لە ئۆردوی ئۆردوگانن. واتە ئەوان تەنانەت لە نێوان ئەمریکاو تورکیاش، ئەمەی دوایی هەلدەبژێرن.

خالی دوو، سێ و چوار بەیەکەوە چەند ڕیگریەکی تری بەردەم دروستکردنی کۆماری دیموکراتی کوردستان نیشان دەدەن.


پێنجەم، ئەو هەمەموو جەدەلە لەسەر ڕیفراندۆم لە شەقامی کوردی بۆچی ؟

بەپشت بەستن بەخەباتی چەندین سالەی هاولاتیانی کوردستان، پرسی ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی کوردستان پێویست بوو بریارێکی زۆر ئاسان بێت. بەلام، لەسەر ئەرزی واقع پرسیار لەسەر سەربەخۆیی کوردستان کۆمەلگای بۆ سێ بەرە دابەشکردوە. هۆی ئەم دابەشبوونە لە ڕاستیدا ئەوەیە پرسیاری سەربەخۆیی کوردستان دوو بەشە، دوو بابەت لە یەك پرسیار تیکهەلکێش کراوە وەك دەلێن، ئەم پرسیارە لایەنی نەزری و عەمەلی هەیە.

لایەنە نەزەریەکە یان ئەبستراکتەکە (تجریدیەکە) ئەویە، ڕازی بەسەربەخۆیی کوردستان یان نا ؟ لە وەلامی ئەم بەشەی پرسیارەکە لە کوردستان کەس نالیت نەخێر، هەموان هاوڕان. واتە، بەرەکەی کاك شاسوار، بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی و ئەوانیتر هەر سێ لا یەك ڕان. جیاوازی نێوان سێ بەرەکە لەسەر بەشە عەمەلیەکەی پرسیارەکەیە.

چونکی سودمەندی یەکەم لە پشتیوانیکردن لە ڕیفراندۆم دەسەلاتی ئێستای کوردستانە، لە ڕووی عەمەلیەوە پرسیارەکە ئەوەیە:
ئامادەی پشتیوانی لە دەسەلاتی ئێستای هەرێمی کوردستان بکەی یان نا ؟ ئەم پرسیارە دەکرێت بەشێوەیەکی تریش بکرێت.
ئەگەر پشتیوانی لەدەسەلاتی ئێستای کوردستان ناکەی ئایا ئامادەی دژایەتی دەسەلاتی خراپی خۆمالی کوردی بکەی یان نا ؟ چونکی دەکرێ پشتیوانی نەکەی، بەلام دژایەتیش نەکەی بە هۆی خۆمالی بوونی دەسەلات.

لەوەلامی پرسیارە عەمەلیەکە جیاوازیەکان دەردەکەون. کاك شاسوارو بزوتنەوەکەی نەك هەر پشتیوانی لە دەسەلاتی ئێستای کوردستان ناکەن، بەلکۆ بەرووی دەسەلاتی خۆمالی کوردی دەلێن نەخێر. نمونەی ئەم جۆرە لە هەلوێستیش لە ناوچەی ئێمە زۆرە. میسریەکان، لیبیەکان، جەزایرو مەغریبیەکان بەدەسەلاتی خۆمالی عەرەبیان ووت نەخێرو شۆرشیان دژیان کرد. هەرێمی کوردستان ئەگەرچی دەولەت نییە، بەلام ، دەولەت نەبوون لای بزووتنەوەی نەخێر لە ئێستادا نابیتە هۆی هاوشێوەی گەلانیتر لەبەرامبەر دەسەلاتی خۆمالی نەلێن نەخێر، بەتایبەتیش ئەگەر ئەم نەخێرە لە ڕێگای سندوقی دەنگدان بێت.

هەرچی گۆڕانە، ئەویش ناتوانێت بەدەستی خۆی لایەنگرانی ڕیفراندۆم لەسەرتەختی دەسەڵات دابنیت، بۆیە ناتوانن لەگەل کردنی ڕیفراندۆم بن لە ئێستادا. گۆڕان تاکو ئیستا هیچ حەماسەتێکی بۆ کردنی ڕیفراندۆم نێشان نەداوە و پێویستە هەرواش بێت تاکو ڕۆژی ڕیفراندۆم. بە پێچەوانە، گۆڕان تاکو ئیستا بۆ دۆستو لایەنگرانی ڕوونکردۆتەوە، کەوا: یەکەم، کردنی ڕیفرندۆم لە ئێستادا ویستی و داخوازی ئەوان نییە، دووەم کردنی ڕیفراندۆم بەوشێوەی ئێستا لە بەرژەوەندی ئەو هاولاتی و بزوتنەوانە نییە کە ئارەزوی ئەوەیان هەیە شێوەی حوکمرانی لە کوردستان لەسەر سکەیەکی جیاواز و باشتر لەوەی ئیستا دابنینن.

بۆ گۆران، مەسەلە ئەوە نییە داوا لە دەنگدەرانی بکات دەنگ بە بەلێ یان نەخێر بدەن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە گۆڕان بۆ مێژوو بە هەموو دونیای ڕاگەیاند کە ئەوان لەگەل كاری بێبەرنامە و سەررۆیی نیین، لەگەل ئەم ڕیفراندۆمە نیین. ڕەنگە لە سەر مەسەلەی بەلێ و نەخێریش لاینەگر، دۆست و دەنگەدەرانی سەرپشك بکات چۆن خۆیان بەچاکی دەزانن ئاوا بریار لەسەر بەلێ و نەخێر بدەن، بەلام ڕیفراندۆم لە ئێستادا داخوازی ویستی گۆڕان نییە.


شەشەم، چۆنە پارتی دەتوانێ گۆمی سیاسەت لە کوردستان بەشلەقێنی و چۆن شلقاندی ؟

پارتی دیموکراتی کوردستان تەنها هێزە لە هەرێمی کوردستان کە ئاگاداری وەك دەلێن کەین و بەبینی نێو دەولەتیە. ئەمە جگە لەوەی حکومرانی کوردستانیشە. ئەم دوو تایبەتمەندیە، پارتی لە جێگاو شوێنێکی بەهێز داناوە بۆ سیاسەتکردن و بەکێشکردنی ئەوانی تر بەدوای خۆی. چاودێری میدیای ناوخۆ و دەرەوە ، زیرەکی ، لەخۆبردویی و چەند پەیوەندیەکی دبلۆماسی بەس نییە بۆ سیاسەتکردن. سیاستمەدار دەبیت ئاگاداری کۆبوونەوە تایبیتەیەکانیش بێت. بزووتنەوەی ئیسلامی لە گرنگی ئەو بابەتە تێگەیشتووە ئەوان ئامادەی هەمو کۆبوونەوەیەك لەگەل سەرۆکی پارتی و بەغدا دەبن. تورکیاش وەك دەولەت لە گرنگی ئەم بابەتە تێدەگەن، تورکیا بۆ کۆبوونەوەی ئەستانە، جنێڤ و سعودیەش چوو سەرەرای جیاوازی ئەجندەکان. گۆران لەم بارەیەوە پێویستی بەکاری زیاترە.

وادەی هەلبژاردنی کوردستان نزێك بۆتەوە. پارتی دەزانێت تاکو ئێستا چی چاندووە، بۆیە دەبیت گۆمی سیاسەت لە کوردستان زۆر بەهێزەوە بشلەقێنێ. ئاخر، هەر تەنها بریاری پاشەکەوتنی موچە بای ئەوەیە حکومەتی لەسەر برۆخێ. چەندین جار حکومەت لە یۆنان لەسەر بابەتی پاشەکەوتی موچە و ڕوخا و دروست بوو. هێنانەگۆری باسی سەربەخۆیی کوردستان تەنها بابەتە پارتی توانی بەهۆیەوە باسی پاشەکەوتی مووچە لەبیر خەلک بباتەوە.


حەوتەم، پارتی بە چ هەلوێستێکی گۆڕان ڕازی دەبیت ؟

لە کۆتاییدا، پارتی هەرچی بکات ناتوانێ گۆڕانی ڕازی بکات مۆری بۆ بکات بۆ ئەوەی پارتی لەدەسەلات بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی کار بۆ سەرخسننی ڕیفراندۆمی پارتی بکات. هەر بۆیە، پێویستە پارتی بیر لە ئەگەریتر بکاتەوە، چاوەروانیتری هەبێت لە گۆڕان.

بارزانی بە ژمارەیەك لە پەرلەمانتاری ئەوروپی ووت، ئەگەر پشتیوانیمان ناکەن ئەوا دژایەتیمان مەکەن، پێیوسیتە هەر هیندەش لە گۆڕان چاوەروان بکات. گۆران دەتوانی بە پارتی بلێ ڕیفراندۆم ویستی ئێمە نییە، پشتیوانیتان ناکەین لە کردنی، خێرو شەری ڕیفراندۆم بۆ خۆتان و چاوەروان مەبن ئێمە و خەلکی کوردستان باجی هەلەی ئێوە بدات.


کۆتایی

کەس خۆی نەخەلتێنی، چەندە ترامپ دیوار لەگەل مەکسیك دروستکرد، چەندە مەلا عەلەی کەلەك دەتوانێ بە میزی حوشتر نەخۆشی شێرپەنجەی چارە بکە، هەر هێندەش پارتی و لاینگرانیان دەتوانن/دەیانەوێت کۆماری دیموکراتی فیدرالی کوردستان دروست بکەن. لە کوردستان یاریەکانی سیاسەت پربەپری وشەکە کاری خۆی دەکات، کەچی بەداخەوە کەم لە خەلکی کوردستان ئاگاداری ئەم یاریانەن.

د. عەبدولڕەحمان مەولود
پەیمانگای ئەلگانکوین/ ئۆنتاریۆ/ کەنەدا
http://www.scs.carleton.ca/~armyunis

Previous
Next
Kurdish