Skip to Content

ڕیفراندۆم لە جەرگەی دیباتی چینایەتی دا! … 1 … سامان کەریم

ڕیفراندۆم لە جەرگەی دیباتی چینایەتی دا! … 1 … سامان کەریم

Closed
by ئه‌یلول 15, 2017 General, Opinion


وەڵامێک بە هاوڕی خەسرەو سایە………….

بەشی یەکەم………………..

هاوڕێ خەسرەو سایە، پێدەچێت وا حالی بو بێت کە من ڕێگرم لە بەردەم ڕیفراندۆمدا. بەهەرحاڵ ئیتر چارێک نەما وپێویستە وەڵامێک وەربگرێتەوە. نوسینی پێشوی من کە پێی وایە وەڵامیکە بەو، وانیەو وەڵامێکە بە بۆچوون و ڕوانگەو میسۆدێکی بیرکردنەوە کە زاڵە بەسەر بزوتنەوەو حزبەکانیدا، پاشان نوسەرانی بزوتنەوەکەمان، ژمارەیان هێجگار کەمە بۆیە وەک هاوڕی خەسرەو دەلێت “شەبەح” نین هەموومان ٥-٧کەس دەبین لە ڕابەری حزبەکاندا کە دەنوسین ، لەوە زیاتر هەندی بڕگەی ئەو هاوڕییانە خراوەتە گیوماوەو ڕۆشنە کە هی شەبەح نیەو هی رابەڕانی سێ حزبن. بەڕاستی من کێشەم بەتەنها لە گەڵ خەسرەو نیە وە باسی من باسی بزوتنەوەو حزبەکانیەتی، ئەگەر هاوڕی خەسرەو ناچاری نەکردمایە ئەوە هەر پێویست نەبوو ئەم وەلامە بدەمەوە. کە زۆر هات قەواڵە بەتاڵە، بەتایبەت ئەوە دوو جارە، بێ بناغە و پێ پایە هاوڕیەکی خۆی تۆمەتبار و تاوانبار دەکات و بەوەش ناوەستێت دادگای دەکات و بەوەش ناوەستێ حوکمی ” ناحزبی” بوون و تێکدانی ڕیزی بزوتنەوەکەی بۆ دەردەکات و بڵاویشی دەکاتەوە بێ ئەوەی “سامان کەریم ی تاوانبار” ئاگادار بێت!!!. بەراستی لەمبارەوە هاوڕی خەسرەو عەجایب پرینسیب شکێنە، بە ئاستێک توشی هێستریک و توڕەبوون بوە داویەتی بە بنی هەموو پرنسیب و ئسوڵە حزبیەکان و بەندەکانی بەرنامەدا لە پەیوەند بە ” مافەکانی تاوانبارەوە” و تەنانەت کار گەیشتوە بەوەی کاری نیوخۆیی مەکتەب سیاسی حزبێکی هاوچارەنوسی ئاشکرا بکات. لەنوسینی پێشوودا کە نوسیبوم ” هاوڕی خەسرەو بەرژەوەندی خوازە…. بەلام مادام دڵی پێخۆشە وەلامی نادەمەوە” ئەو گاڵتەی پێ هاتوە. بۆیە لەم نوسینەدا وەڵامیکی بێ ڕەحمانەی دەدەمەوە، بە هەمان شیوازی لینین لە ڕەخنەگرتندا، بەرانبەر هاوڕێکانی.

هاوڕی خەسرەو کۆسپێکی گەورەی هەیە و ئەو کۆسپەی وای لێکردوە کە سەبری نەمابێت و بە ڕاست و چەپدا سامان دەهێنێت و دەبا وهاوار دەکات و دەڵی ” لەجیاتی ئەوەی وەڵامێک بەو دەیان سەرنج و پرسیارانە بداتەوە کە لە وتارەکەدا ڕوبەرووت کراوەتەوە” ئەم ڕستەیە بە چەندین شیواز دوبارە دەبێتەوە لە نوسینەکەیدا . ئەوە کۆسپی خەسرەو خۆیەتی کە پێی وایە ئەو دەبێت گۆڕەپانی دیباتەکە دیاریبکات. دیباتی سیاسی وە فکری لە پەیوەند بە کۆمەلگاوە مانای هەیە، باسی گەرمی ئێستای کۆمەلگای کوردوستان نە سامان کەریم و مێشکی ئەو و “زگزاک لێدانی” ئەوە وە نە ئالۆزییەکانی بیرکردنەوەی خەسرەوە. باسەکە کۆمەلایەتی تر وە گەورەترە لە من و خەسرەوو حزبەکانمان و بزوتنەوەکەشمان. خەسرەو لەمە تێناگات و پێی وایە ئەگەر سامان کەریم وەلامی ئەوە بداتەوە کە بۆ جیاوازی هەیە لە بوچونەکانیدا لە سالێ ٢٠١٤ جۆرێکە وە لە ساڵی ٢٠١٧ دا جۆرێکی دیکەیە، ئەوە ئیتر باسەکە چارەسەر دەبێت و کۆسپێک نامێنیت. یان پێی وایە سامان کەریم بە دژی حزبەکەی بیر دەکاتەوە و ناحزبیە، ئەگەر وەلامێک بەمە بداتەوە ئیتر موشکلە نامێنیت. ئازیزی من ئەوانە باس نین. گریمان ڕەخنەکانی تۆ لە سامان کەریم هەموی دروستە . دیسان باسی سەرەکی کۆمەلگا کە خەسرەو ناتوانێت وەلامی بداتەوە، لە شوێنی خۆیەتی. هاوڕی خەسرەو لە باسی سەرەکی و باسە کۆمەلایەتی و چینایەتیەکە نەک ڕادەکات بە ڵکو فرار دەکات” ئەمە لەخوارەوە ڕۆشن دەکەمەوە” دەیەوێت بە سامان کەریم پڕی بکاتەوە. بڕوا بکە ئەگەر منیش قبوڵی بکەم ئەوە کەس وەریناگریت و ناتوانیت بەم شیوەیە هاوفکری و یەکێتی ئیرادەی ٥ کەس فەراهەم بکەیت.

هەرچۆنێک ئێمە بیر بکەینەوە، خەسرەو دروست بیر بکاتەوە یان من لە دوالێکدانەوە ئەوە هەلومەرجەکەو پڕاتیکی چینەکانو ململانێی نێوانیانە کە ڕاستو دروستی بۆچونەکان دەردەخات. بەتایبەت لە پەیوەند بەم مەسەلەیەوە، ڕیفراندۆم ، ماوەیەکی زۆری ناوێت و حەقیانەتی بۆچونی دروست لە واقعدا دەردەکەوێت. پێش وەلام بەباسەکانی دیکە کە لەڕوانگەی منەوە هێجگار سانەوین، پێویستە لە باسی سەرەکی کۆمەلگاوە جارێکی تر دەست پێبکەینەوەو ئەمجارەش نیشانی بدەم کە هاوڕی خەسرەو لە وەڵامەکە فرار دەکات و وەڵامی ناداتەوە. جا یان نایەوێت وەلام بداتەوە یان بەم شیوەیە حاڵی بوە.

دیباتی سەرەکی کۆمەلگای کوردستان!

باسی سەرەکی و گەرمی کۆمەلگای کوردستانی عیراق لە ئێستادا باسی ڕیفراندۆمە. یان وا ناونراوە کە ناوی ڕیفراندۆم بێت. هاوڕی خەسرەو لە دواین نوسینی دا” ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی.. دیسان وەڵام بە هاوڕێ سامان.” لەسەر ئەمباسەو گوایە وەڵامی پرسیارەکەی منی داوەتەوە کە دەڵیم: ‌چۆن”ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی” کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، به‌بێ بوونی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، چاره‌سه‌ر ده‌کات؟” بەڕیزیان بە شیوەیەکی سەیر وەڵامی داوەتەوە کە هێنانەوەی بڕگەیەکی بەرنامەیەو هەرچەند ئەو بە زمانی عەرەبی دایگرتوە بەلام من لەبەرخاتری ئەو، بە کوردیەکەی بۆی دەنوسمەوە: “له‌ پاش جه‌نگ ‌و داگیركاریی‌ عێراق ‌و ڕوخاندنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌عسیش، نه‌خشه‌كانی‌ ئه‌مریكا ‌و بۆرژوازی‌ عێراق بۆ سه‌رله‌نوێ‌ سازدانه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای‌ دابه‌شكاریی‌ نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌تنیكی ‌‌و دینی، قه‌ڵه‌شت و ڕکەبەری‌ نه‌ته‌وه‌ییان له‌ عیراقدا قوڵتر کردوەتەوە. لە ئاکامی هەموو ئەمانەدا پێکەوە ژیانی ئاسودە و دوور لە دەردەسەری خەڵکی کورد و عەرەب لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکپارچەدا سەخت و دژوار بووە.”

وە ” حزبی كۆمۆنیستی‌ كرێكاری‌ تیده‌كۆشیت بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی ئەم ‌ مه‌سه‌له‌یە و ده‌ركێشانی‌ خه‌ڵكی‌ عێراق ‌و كوردستان‌ له‌ ژێرباری ‌ڕکەبەری‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له ‌ڕێگه‌ی‌ به‌رپاكردنی‌ ڕیفراندۆمێكی‌ ئازاده‌وه‌ له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كانی‌ باكوری‌ عێراق له‌ژێر چاودێری‌ داموده‌زگا ڕه‌سمیه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا.”( هێلی تەئکید هی منە)

پیش باسکردنی بەیانەکەی حزبی عێراق کە ئەویش پایەیەکی دیکەی وەڵامی هاوڕیمانە. جاری با لەگەڵ ئەم دووبرگە بەرنامەیەدا وەڵامی خۆم یەکلایی بکەمەوە. پرسیارەکەی من بەم شیوەیەیە کە لە هەموو نوسینەکانمدا هاتوە: ‌”چۆن ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی” کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، به‌بێ بوونی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، چاره‌سه‌ر ده‌کات؟”بەریزیان ئەم دوو بڕگەی هێناوەتەوە. بەلام نازانم ئەم هاوڕییەی ئێمە بۆ وا دەکات خۆ من نەم وتوە بەرنامە وا نالێت یان باسی ڕیفراندۆم ناکات، بەمانایەک ووتومە ئەو بەرنامەیە چۆن بۆ قەدو باڵای ڕیفراندۆمی بارزانی دەبێت؟! ئەوە باسەکەیە . بەلام بەهەرحال زەحمەتی کێشاوە و پێ دەچیت ڕیفراندۆم هەموو شتیکی لە بیر بردبێتەوە. ئەو برگە بەرنامەیانە لە دوو ڕوەوە بە زەرەری خەسرەوە و هیچ پەیوەندی نیە بە وەلامی ئەو پرسیارەوە.

یەکەم: من لەیەکەم ڕۆژەوە وتومە، ئەگەر حزبی کۆمۆنیستی کریکاری ئەم کارە بکات و ڕابەری بکات ئەوە من بە ١٠ پەنجە مۆری دەکەم، وە لە ڕیزی پێشەوە دەبم. ئەو بڕگە بەرنامەییەش وا دەلێت وە ” حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری تێدەکوشیت بۆ یەکلایی کردنەوەی دەست بەجێی…..” هاوڕیم لێیتێکچووە کە ئەم ڕیفراندۆمە ٢٥.٩ حزبی ئێمە لە کوردوستان بۆی تێنەکۆشاوە بەلكو بارزانی وپارتی ڕابەری بوون و ناسیونالیزمی کوردیان پشت سەری خۆیان ناوە… حزبی ئێمە لە کوردوستان تازە ترین بەیانی لە بەهاری ئەمسالدایە و دژی ڕیفراندۆمە…. ئەم هەولو کۆششەی حزبی ئێمە دوای بڕیاری بارزانی دێت… ئەو سیاسەتەی هاوری خەسرەو دەیکات دروست دژ بە بەرنامەیە. من نەم بیستوە حزبی ئێمە لە کوردوستان هەوڵی دابێت بۆ ڕیفراندۆم ” باسی ١٩٩٥ ناکەم” تاکو دوای ڕاگەیاندنی بارزانی و دیاریکردنی ڕۆژەکەی. ئەگەر وانیە بفەرمون لیستی ئەو خۆپیشاندان و مانگرتنە گشتیانەمان بۆ بژمێرن کە حزبی ئێمە لە کوردستان ڕابەری کردوە بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم بسەپێنێت. ” ڕیفراندۆم” لە ڕوانگەی هاوڕی خەسرەوە لە قاموسی سەرو چینەکانەوە دەخوێنرێتەوەو پەیوەندی بە چینەکان و خەباتی چینایەتیەوە نەماوە. بۆیە ناوی تێکۆشانی ” حزبی كۆمۆنیستی‌ كرێكاری‌ تیده‌كۆشیت” لێگۆڕاوە.

دووەم: بەبێ لە بەرچاو گرتنی خاڵی یەکەم. ئەو بڕگە بەرنامەییانە، چوارچیوەی گشتی سیاسەتێک دیاری دەکەن، بەلام سەردەم وکاتی تیدا نیە، هەلومەرجی تایبەتی تێدا نیە. سیاسەت لە کاتی دیاریکراو و لەچوارچێوەی هەلومەرجێکی دیاریکراودا مانای هەیە. ئەگەر وا نەبێت نەخشەکارو تەکتیک و خواست و داواکاری هیچی مانای نامێنێت. ئەگەر بە قسەی خەسرەو بکەین، هەرکەس وتی شۆرشی کریکاری خەیالیە. دەبێت بلێین وانیە ئەوە نیە بەرنامەکە واناڵێت!!!. چ عەجایب تیۆرێکە. بەلام خەسرەو دەزانی؟! ئەگەر وابوایە هێجگار خۆش و ئاسان دەبوو. هاوڕی دەبوایە نیشانی بدات لەم هەلومەرجە سیاسییە دیاریکراوەی عیراق و ناوچەکەدا، چۆن ڕیفراندۆم دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە نەتەوەییەکانی جێگا مەبەستی خۆی. بەلام لەمبارەوە هیچ خۆی ماندوو نەکردوەوەو کارەکەی زۆر بۆ ئاسان کردوین. جا ئەگەر ئەم وەلامەی هاوڕیم دروست بێت، ئەوکات هەرشتێک ڕوی دا ئەوە سەرو بەرنامە دەخەینە باخەڵمانەوە، پیشانی خەلکی دەدەین و دەیکەینە جۆکەری هەموو وەڵامێک. لەمبارەوە پێویستمان بە دیقەتی لینینە لەسەر مەسەلەی نەتەوەیی و هێزە بورژواییەکان، هەروەها ڕادەو سنوری پەیوەندی وهاوکاری لە گەڵیاندا. ئەو دوو بڕگەیە هەرچۆنێک بیهێنیت و بیبەیت، بەزەرەری هاوڕیمان وسیاسەتێکە کە ئەو پیادەی دەکات.

دوای ئەوە هاوڕی خەسرەو دێتە سەر بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق لەوێش برگەیەک دەهێنێتەوە کە گوایا وەڵامە بە پرسیارەکەی سەرەوە: ئەم بڕگەیە هەر لە نوسینەکەی هاوڕی خەسرەوەوە دەگوازمەوە:” لەسەر ئەم بنەمایەو بێ شک، ئەنجامدانی ریفراندۆمێکی ئازادانە دەربارەی جیابونەوە لە عێراق و (دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ) یاخود مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەمافی یەکسانەوە یەکێکە لە مافە ڕەواکانی جەماوەری کوردستانی عێراق، هەروەها میکانیزکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەیی کورد لە کاتی ئێستادا (لەژێر سەرپەرشتی دامەزراوە رەسمیە نێو دەوڵەتیەکان)”( هەموو تەئکیدەکە هی منە).

خەسرەو لێیتێکچوە کە لە نێوان تێزو بڕگەی بەرنامەو خالێ ئیسپاتی لە لایەک وە هەلومەرجی دیاریکراو کە ئەو تێزو بڕگانەی لەباری سیاسیەوە تیدا پراتیک دەکریت لە لایەکی دیکەوە جیاوازی گەورە هەیە…. هەر بۆیە ئەم برگانە دەهێنێتەوە و دەیەوێت بیسەلمێنێت کە ئەو سیاسەتەی ئەو پشتگیری لێدەکات وەڵامە بە هەموو کێشە نەتەوەییەکان. بەلام زۆر سادە خۆ کێشە نەتەوەییەکان لە هیچ کوێی ئەو برگەو تێزانەدا نەهاتوە، بەلکو بەیانێکی گشتی دەکات لە سەرپایەی مێژویەک کە رابوردوەو درێژەی هەیە. لەوەش دەردەناکتر بۆ هاوڕیم ئەوەیە کە ئەو بڕگەیەی نوسراوە لە بەیانەکەدا بە قازانجی ئەم ڕیفراندۆمە نیە کە لە ٢٥.٩ دا دەکرێت بەلكو دژیەتی بەتەواوی. ئەو بڕگەیە مەرجدارەو خەسرەو هێلی تەئکیدی بەژێر کۆتایی بڕگەدا نەهێناوە لە نوسینەکەی خۆیدا. دیارو مەرجدارە و دەڵێت (لە ژیر سەرپەرشتی دامەزراوەو ڕەسمیە ونیوتەتەوەییەکاندا). خەسرەو گیان ئەگەر من یەکێکم لەوانەی ئەو بەیانەم نوسیوە پیش ئەوەی بەریزتان بیبینن، دەیان جار ئەمدو ئەودیو کراوەو ئەم ڕۆژەم لەبەرچاو بوە و تەجروبەی موسڵم لە بیر نەکردوە. باسی ئێمە بە جۆریکی ترەو لە خوارەوە باسی بەیانی حزب وناحزبی بونی سامان بە ڕۆشنی باسدەکرێت.

کەواتە بڕگەی بەیانەکەی ئێمە بە هیچ شیوەیەک لەگەل ڕیفراندۆمی ئێستادا نیە کە لە ٢٥.٩ دا دەکرێت، چونکە لە لایەن هیچ دامەزراوەو دەزگایەکی نێو نەتەوەیی خاوەن ئوتۆریتەوە سەرپەرشتی ناکریت. پشتی ئەمە سیاسەتە و ناوەرۆکەکەی ئەوەیە لە هەلومەرجی ئێستادا بە پێی لێکدانەوەی من و کاتی نوسینی بەیانەکە ئەوەبوە کە لەم قۆناغە ئینتقالیەدا کە شەرە لەسەر دوبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکە و بەم پێیە شەرە لە ئاستی میدیا و دامودەزگا نیونەتەوەییەکان و، شەرە لە ئاستی ئابوری و بازگانی و…. بۆیە ئەم دامو دەزگایانە بەتایبەت یوئێن و یەکێتی ئەوروپا وەک دوو دەزگا …. ناتوانن ڕیک بکەون و سەرپەرشتی کارێکی وا بکەن… مەگەر ئەوەی کە هاوسەنگیەک پێک بێت کە هەموو لایەنە زلهێزەکان بەبەشی خۆیان ڕازی بن، بەوەش قۆناغی ئیستا تێپەر دەکەین و تەواوی هەلومەرجەکە دەگوڕێت. ئەوەش دەزانم کە هاوڕی خەسرەو خۆی ماندو دەکات و دەچیتە یوئێنی هەولێر، بەلام پێی دەلێم ئەوە وەهمە هاوڕی گیان. تۆ بلێی هاوڕی خەسرەو ئەوە نەزانیت کە میکانیزمی دەخالەتی دەزگایەکی وەک یوئێن چۆنە؟!
من نازانم من کیلۆمەترەکەم سفر کردوە یان هاوڕی خەسرەو تیژڕەوەو لەسەر وەزنی فۆتۆن دەروات و کات و هەلومەرجی بۆ مەسەلە نیە” داوای لێبوردن لە فۆتۆن دەکەم “. دیسان هاوڕیم لە تیژی خۆیدا ئەوە نابینێت کە جیاوازی هەیە لە نیوان ڕیگا چارەی ئێمە و کیشەکانی کە ئێستا هەن. باسی کۆمۆنیستەکان بەتەنها ئەوە نیە کە ڕیگا چارەکە بنوسن، بەلکو باسی گەیشتنە پێی لە جەرگەی هەلومەرجی سیاسی دیاریکراودا. بۆ ئەوەش خالی گرینگ لێکدانەوەی هەلومەرجەکەیە ئایا چەندە بەقازانجی کڕیکارو خەلكی زەحمەتکێشە، هەروەک ئەم بڕگەیەی بەرنامە پێمان دەلێت :

”حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری تەنها کاتێک دەنگ بە جیابونەوە دەدا، لەهەرقۆناغیکدا، کە گریمانەیەکی بەهێز هەبێت، و نیشانی بدات ئەم ئاراستەیە “مەسار” ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە کرێکاران وزەحمەتکێشانی کوردوستان بە هرەمەندبن لە مافی مەدەنی زیاترو پێگەی ئابوری وپەیوەندی کۆمەڵایەتی یەکسانخواز تر و مسۆگەرتر. هەڵوێستی رەسمی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری لە هەر قۆناغێکدا دیاردەکرێت، لەسەر بناغەی لێکدانەوەیەکی دیاریکراو بە هەلومەرجی مەوجودو تەواوی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکارو بە شیوەیەکی تایبەت جەماوەری کریکارو زەحمەتكێش لە کوردستان( بەرنامەی دنیایەکی باشتر http://www.wpiraq.net/Content.aspx?LinkID=5/ بەشی مەسەلەی کورد/ تەئکیدەکان هی منە).

کەی هاوڕی خەسرەو ئەوەی نیشان دا کە ئەو سیاسەتەی ئەو گرتویەتیە بەر دەبێتە هۆی پتەوکردنی پێگەی کریکارو خەلکی زەحمەتکێش لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا، ئەوکات وەلامی داوەتەوە. بەلام هاوڕی خەسرەو ناتوانێت وەلامی یەک پرسیاری بچوکی وەک ناوچە جیناکۆکەکان بداتەوە چ بگات بەوەی کە وەلامی گشت کیشەکە بداتەوە. بۆ ئاگاداری خەسرەو هەر ئێستا شەرەکە دەستی پێکردوە لە مەندەلی و سنوری دیالە. وە دوێنی پەرلەمانی عیراق بڕیارێکی شۆڤیەنیانەی دەرکردوە، ؟ هاوڕی گیان مەهێلە ئەم شەڕە ڕوبدات؟!!.
هەر لە ژیر ناونیشانی ئەم تیتەرەدا هاوڕی خەسرەو بەمن دەلێ 🙁 هاوڕی سامان له‌زهنیه‌تی خۆیه‌وه‌ کێشه‌یه‌کی لێگۆڕیوین بە یەکی گرتوون لەگەل “ده‌یان کێشه”‌ی تر!. ئه‌ویش کێشه‌یه‌کی قه‌ومیه‌ له‌وڵاتێکی دیاریکراودا، که ‌کوردستانی عیراقه‌. ده‌یان کێشه‌”ش، که ئه‌و به‌”کێشه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کان” ناویان ده‌بات له‌وانه‌: کێشه‌ی خاک، سنور، نه‌وت وگاز ئاو ویۆرانیۆم و.. کێشه‌ی نیوان ده‌وڵه‌تان و په‌یوه‌ندیه‌کانی نیوانیانه‌ له‌فه‌زای سیاسی دونیای ئه‌مڕۆدا، که‌ له‌بنه‌ره‌ته‌وه‌ ناچنه‌ نێو خانه‌ی کێشه‌ی قه‌ومیه‌وه‌، تا له‌ڕیگای ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ وه‌ڵام وه‌ربگرنه‌وه. له‌حالێکی ئاواشدا هاوڕی سامان ده‌که‌وێته‌ هه‌له‌یه‌کی سیاسی و فکری ڕۆشنه‌وه‌ ئه‌ویش تێکه‌ڵ کردنی کێشه‌ی نیوان ده‌وله‌تان و کێشه‌ی قه‌ومیه‌ له‌ولاتێکدا.). (ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی.. دیسان وەڵام بە هاوڕێ سامان/ هێلەکانی تەئکید هی منە)

هاوڕی خەسرەو باسەکان بەئارەزوی خۆی هەلدەگرێتەوە، پێی وایە هەڵگیرانەوە دەکەین. باسەکە ڕۆشنە بەڕیزیان دەلێن کە بە پێکهێنانی دەولەت و بە دەست هێنانی سەربەخۆی کوردوستان، کێشە نەتەوەییەکان چارەسەر دەبن بەجیا لەوەی کە هاوڕیم ناتوانێت ئەوە بسەلمێنێت و فراری کردوە لە وەڵامەکەی، دەلێم بەجیا لەوە. ئەگەر دەوڵەتیش پێک بێت ئەو کێشانە چارەسەر نابن .. ئەوکاتیش هەربەناوی نەتەوەوە لەسەر چاڵە نەوت و چاڵە گاز و فلان زەوی و تەپۆلکەو شارو شارۆچکەوە شەری نەتەوەکان مومکنە دەست پێبکاتەوە…. جا ئەگەر لە نیوان دەولەتەکاندا ئەوە هەبێت کە خەسرەو خۆشی جەختدەکاتەوە سەری ئەی کەواتە ئەم کیشە مەلموسەی ئێستا، کە دەیان سالە هەیەو خوێنێ تیدا ڕژاوەو ئەنفالو کیمیایی باران وکینە وبوغزی تێدا تەقیوەتەوەو بارزانی و بزوتنەوەی کوردایەتیش هەر پەمپیان داوە، من نازانم هاوڕی خەسرەو چۆن چارەسەری دەکات بەم ڕیفراندۆمەی بارزانی؟! هاوڕی خەسرەو بەوەلامەکانی خۆی دەوری خۆی دەگرێت. هەمووشی مەسەلەکە ئەم ڕیفراندۆمەیە، من نازانم بۆ وا خۆشەویست بوە لای. هاوڕی خەسرەو لەباسی دەوڵەتدا لە زەمانی مەلیکدا دەژی و وا دەزانێت جەنگی سارد ماوە. بڕوابکە تەواو بوە دەوڵەت و دەولەتی نەتەوە گۆڕانی هێجگار گەورەیان بەسەردا هاتوە. گوناهی من نیە کە تۆ ئاگادار نیت.

هاوڕی خەسرەو خۆی بە وەلامی خۆی نەفی خۆی دەکاتەوە.. بەدرێژایی ئەم بەشەی بڕگە لە دوای بڕگە دەرگیر بوە لەگەل دژایەتی خۆی، بڕگەیەک وەلامی بڕگەیەکی دیکە دەداتەوە… ئەوەش نمونەیەکی دیکە: هاوڕی دەلێ(به‌م جۆره‌ وردکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی کوردی له‌کێشه‌یه‌که‌وه‌ گه‌یاندووه‌ به‌به‌شه‌ پێکهاتوه‌کانی. واته‌ کێشه‌یه‌ک له‌گشتیه‌تی خۆیدا خستۆته ‌به‌رامبه‌ر به‌به‌شه‌‌کانیه‌وه، له‌وانه‌ کێشه‌ی که‌رکوک وناوچه‌ جێناکۆکه‌کان، ‌تا وه‌ک پیوانه‌یه‌ک بۆ “جیاکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی کۆمۆنیستی له‌ناسیونالیستی”، به‌رووماندا بداته‌وه). هاوڕی خەسرەو ئەمجارەش هەلیگێراوەتەوە. باسی من نە باسی گشتیە وە نەباسی پێکهاتەکانیەتی تا بچوکی بکەمەوە. باشە تۆ ئەگەر وەلامی بچوکەکەت پێنەدرێتەوە و فرار بکەیت لە بەردەمی دا ئەی بۆ گەورەکەیان چی دەکەیت؟! من بە دەق نوسیومە “نموونەیەکی سادە، هەرکەس و هەر هاوڕێیەک پێی وایە کە ئەم ڕیفراندۆمە دیاریکراوەی بەردەممان دەبێتە هۆی چارەسەری ناوچە جێناکۆکەکان، دەبێت نیشانی بدات چۆن وە بەکام ڕێگا….”( هیلی تەئکید هی منە) من بەڕۆشنی وتومە “وەک نمونە”، باسی من ئەوەنیە کێشەکە بچوک بکەمەوە یان گەورەی کەم. بەلام پێم وایە ئەو نمونەیە سەرەکیە لەم هەلومەرجە دیاریکراوەدا، چونکە بەشێکی یان بەشی زۆری ململانێکە لەسەر ئەوەیە…. بۆیە ئەگەر هاوڕی خەسرەو وەڵامی ئەم ” پێکهاتە بەشەی” بدایەتەوە، ئەوە بەشیکی زۆری کێشەکەی چارەسەر دەکرد بەلام ئەو لەم باسە فراری کردوە و پەنای بردوە بۆ فەلسەفە و دەیەوێت لە گشتیەتی خۆیدا بۆمان چارەسەر بکات…. ئێ باشە لایەنی کەم پێمان بلی چۆن ئەم گشتیەتە چارەسەر دەبێت تا دوای بچین پێکهاتەکانی پەیدا بکەین و بۆ ئەوەی توشی لێکدانەوەی میکانیکی نەبین. لەمبارەوە دەبیت بگەڕێینەوەو بڵێین، ئەوەنیە بەرنامە!! ئەوەنیە بەیانەکان!! دەستمان لێی بەربوو گەڕاینەوە بۆ سفری تەلەفۆن. بۆ ئاگاداری خەسرەو سفری تەلفۆنیش هی سەردەمی جەنگی ساردە.

هاوڕیمان هەربەوەندە رازی نابیت بەلکو زیاتر کێشەکەمان بۆ چآرەسەر دەکات و دەلێت(له‌مباره‌وه‌ حزب به‌رۆشنی ئه‌و فاکتۆرانه‌ی دیاریکردووه‌ که‌ به‌دیهێنانیان ده‌بێته‌‌ مایه‌ی فه‌راهه‌مکردنی هه‌لومه‌رجێکی گشتی وگونجاو وڕه‌سمی بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان وهه‌روه‌ها هه‌نگاو هه‌ڵگرتن به‌ره‌و چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی که‌رکوک وناوچه‌ جێناکۆکه‌کان.)( هێلد تەئکیدەکە هی منە).سادەترین پرسیار ئەوەیە ئەو فاکتۆرانە بۆ چیە؟! ئەگەر بۆ پراتیک و بۆ کارو یان مەرجە… نازانم بۆ نمونە فاکتۆری سەرپەرشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان چی لێهات؟! تکایە وەلامەکە ئەوە نەبێت کە سەردانمان کردون. ئەگەر نەبوو ئەوە چەند ڕۆژێکی ماوە؟! ئەگەر هیچ بەهایەکی نیە لە بڕیاری بەرێزتاندا بۆ نوسیوتانە؟! ئەو پریسنبانە بۆچی نوسراوە؟! تکایە ڕۆشنی بکەرەوە. بەلام دیسان پیش ٢٥.٩.

هاوڕی خەسرەو لەم وەلامەیدا هێجگار دورکەوتۆتەوە لە باسی سەرەکی، ئەو خولیای موشکلەکانی سامان کەریمە. بەلام سامان کەریم خەمی ڕیفراندۆمی ئەوەندە نیە، بە قەدەر بزوتنەوەی چینایەتی کریکارو هەوڵدان لایەنی کەم بۆ ئەوەی نەبێتە بەشیک لە حەشاماتی جەنگی قەومی، بۆیە لە ئێستای ئێمەدا ڕیفراندۆم ببێت یان نا بکریت یان بۆ ئیمە بۆ بزوتنەوەکەمان هەمان جێگامان پێدەبرێت.. دەزانی بۆ؟! لە خوارەوە وەلام دەدەمەوە.

دیباتی سەرەکی بزوتنەوەی چینایەتی کرێکار

هاوڕی موحسن کەریم دەلێت”بەڵێ مەسەلەی بەرزکردنەوەی ڕیفراندۆم لە ئێستادالە لایەن پارتیەوە بە پلەی سەرەکی کە زۆربەی هێزەکانی دیکەی بە دوای خۆیدا ڕاکێشاوە بە بروای من لە هەلومەرجێکدا قابیلی تیگەیشتنە کە خەریکە داعش بەرەو تەواو بوون دەچیت لەباری عەسکەرییەوە، …….. ئەمریکاش پێویستی بەوە یە کە نفوزی ئێران لە عیراق، ناوچەکەدا کەمبکاتەوە، وە بەڕاشکاوی ڕایگەیاندەوە کە تەحملی ئەوەناکات کە عیراق لە بەردەستی ئێران دا بێت وە ئیران لە عیراق لە سوریا لە فەلەستین لە لوبنان و یەمەن هێزو نفوزی هەبێت . مەبەستم کورتکردنەوەی دەستی ئێران وە نفوزی ئێرانە لە عیراقدا، بەشیکە لە سیاسەتی ئەم دەورەیەی ئەمریکاش بۆیە من پێم وایە چ ئەمریکا وە چ تورکیا پێویستیان بەوەیە کە بۆ ئەوەی ئەوزاعی دوای نەمانی داعش بە جۆریک یەکلایی بێتەوە کە نفوزی ئێرانی لە عیراقدا بەرتەسک کرابیتەوە ئەگەر نەشکرا بێتە دەرەوە، ئیران لە عیراقدا، لایەنی کەم نفوزێکی ئەوتوۆی نەبیت وە کاریگەرێکی ئەوتۆی لەسەر هاوکێشەی سیاسی عیراق، وەلەسەر رەسمی سیاسەت وە دەسەڵاتی سیاسی لە عیراقدا نەبیت وە بەم شیوەیە ئەم سیاسەتەی تورکیاو ئەمریکا بە سەرئەنجام بگات. ئەمە تەبعەن لە ڕیگای چیەوە دەبیت ، بە بروان من لە ڕیگای ئەوەوە دەبێت کە هێزە نەیارەکانی دەولەتی مەرکەزی دەست بەمەوە بگرن، یەعنی کێشمە کێشێک لە گەڵ دەولەتی مەرکەزیدا بکەن ناچاری بکەن کە قبوڵی ئەمە بکات، وە بەجۆرێک پاشەکشە بە ئیران بکات …. بۆیە ئەوان چ ئەمریکاو چ تورکیا دەستیان بۆ دوو مەسەلە بردوە یەکێکیان ئەوەی بەقەوەتکردنی پارتی و دەستگرتن بە پارتیەوە ومەسەلەی تەرحی رێفراندۆم وە کوو کارتیکی فشار لەسەر حکومەتی مەرکەزی بهێلنەوە… (گرتەی ڤیدێۆیی لەگەل هاوڕی موحسن کەریم http://www.hawpshti.com/ku/?p=12516/ هێلی تەئکید هی منە).
هیوادارم هاوڕی خەسرەو گوێی لەم گرتە ڤیدیویەی هاوڕی موحسن کەریم بوبێت کە چۆن دەڕوانێتە ڕیفراندۆم لەم باسەیدا. من لەگەل ئەو لێکدانەوەیەدا هەم کەلەو ڤیدیۆیەی سەرەوەدا هاتوە. هاوڕی خەسرەو گالتەی بەدونیا دێت و پێی وایە بەری ئاسمان بە بێژنگ دەگیریت و لە کوردستان زیاتر نابینێت و کوردستان سنوری بیرکردنەوەی دیاریکردوە ئەگەر نا با ئەو بڕگەیە بهێنینەوە کە ئەو سەری سورماوە لێی. دیسان هەر لەنوسینەکەی خۆیەوە دەیهێنمەوە بە هێلە تەئکیدەکانی خۆشیەوە، با بەراوردێکی بکات لەگەڵ ئەو ڤیدیۆویەی هاوڕی موحسن دا دواتر ئەگەر تاقەتی وەڵامی مابوو وەلامێکمان بداتەوە. فەرموون من وتومە(“سیاسەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی سیاسەتێکی لۆکەڵی نێوخۆی عێراق یان کوردوستانی عێراق نیە. بەشێکە لە ئامانجێکی گەورەتری ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەکە.
سیاسەتێکی ماکرۆو بەشیک لە ئێستراتیژی ئەمڕۆی ئەمریکایە بۆ چارەسەی کێشە بناغەییەکانی بورژوایی جیهانی، دروست وەک کێشەی ئێستای کوریا. ئەم سیاسەتە بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی پێگەی ئەمریکا و دەرپەڕندانی مونافسەکانی ڕوسیا و چین لە ناوچەکەدا لە ڕیگای لاوازکردن و پەڕوباڵکردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە” –هێڵی ته‌ئکید هی منه‌- )( هەمان سەرچاوە، نوسینەکەی هاوڕی خەسرەو).

من چی بکەم خەسرەو گیان، تۆ ئاگات لە دارشتنەوەی نەخشەی ناوچەکە نیە. وە ئەگەر ئاگاداریت دیسان من چی بکەم بە بریارێ ‘ ئیلاهی” سەرو چینەکانەوە ڕیفراندۆم لەم شەرەو لەم جەنگە فراوان و ناوچەییە دەردەکیشیت؟! خەتای من نیە. پاشان ئەگەر وانیە، مەسەلە چیە کە ڕیفراندۆم بۆتە جێگای ململانی و جەنگێکی ئاشکرای نێوان ووڵاتانی گەورەو بچوک؟! بەڵی خەسرەو گیان. ڕیفراندۆم دروست وەکو هاوڕی موحسن دەلیت کارتیکی فشارە بۆسەر دەوڵەتی مەکەزی بۆ کەمکردنەوە یان نەهێشتنی نفوزی ئێران. وە ئەوە لە گریمانەی سەرگرتنی دا ” کە سەر ناگرێت، لێرەدا مەبەست ڕیفراندۆم نیە” مانای کەمکردنەوەی نفوزی روسیایە لە ناوچەکەو بەتایبەی عیراقدا….لام وا بێت ئاسانە و هاوڕیمان تاقەتی نیە تێبگات. یان لە بەر ئەوەی سامان نوسیویەتی دەبێت هەر هەڵە بێت. کاکە گیان من نەم ووتوەو هاوڕی موحسن وتوویەتی.

هاوڕی خەسرەو پێکەنینی بە ” کوریا” دێت. ئەو نمونەیە زۆر زەقترەو کێشەکان لەوی بەرچاوترن بیر کردنەوەی ناوێت، ئەوە چین و ئەوە روسیاو ئەوە ئەمریکاو ئەوە یابان هەمویان لەوێ ئامادەن و هەموویان زلهیزانی دونیان. لەوێش کێشەکە بۆ ئاستەنگ دروستکردن و ئابلوقەدانی چینە بەدەرەجەی یەکەم و پاشان روسیا ….ئەمریکا دەیەوێت چین لەوە زیاتر پێ ڕانەکێشیت. ئەم نمونەیەم بۆیە هێنایەوە تاکو رۆشنتر باسەکە بگات. چونکە لە عیراق و ناوچەکەدا جەنگەکە بەشیوەی وەکالەت دەرواتە پێشەوە چەندین هێزو وولاتی بچوکی تیدایە وەک پارتی، حزب اللە، حەشدی شەعبی… کە بەراورد ناکرین لەگەل وولاتو هێزگەلی وەک چین ویابان و .. هیوادارم کەمێک باسەکە بۆ هاوڕیمان ڕۆشن بوو بێتەوە ئەو باسەی هاوڕی موحسن کەمێک کۆمەکی بکات.

ئەگەر ڕیفراندۆمی ٢٥.٩ سیاسەتی فشارەو لە دووتوێی سیاسەتی ئەمریکادا دەڕواتە پیشەوە، بە شیکە لە سیاسەتی دوبارە دارشتنەوەی ناوچەکەو عیراق بە قازانجی ئەمریکاو هاوپەیمانانی و بۆ کەمکردنەوەی نفوزی روسیاو ئیران و هاوپەیمانانی، ئەوکات نازانم کام قودرەتی قادرە، دەتوانێت نیشانی بدات کە ئەم پرۆژە سیاسیەی ڕیفراندۆم بە قازانجی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان و ناوچەکەیە…

هاوڕیمان زۆر زیاتر پی ڕادەکێشێ و دەڕوات باس لە ئیران و ئۆپۆزیسیونەکەی و بە گالتە جارییەوە باسی دەکات کە ئەوانە پەیوەندی نیە بە ڕیفراندۆمەوە… ئاخ ڕیفراندۆم کە خۆشەویستی و میهرەبانیت، لەهەمان کاتدا بێ بەزەییت کە ئەو هاوڕییەمت بەم دەردە بردوە. من چی بکەم هاوڕی خەسرەو پەیوەندی نیوان هەوڵدانی پارتی و سعودی و ئەمریکاو بۆ تێکدانی کوردستانی ئێران و نانەوەوەی ئاشوب و تیکدانی هەلومەرجی ئیران لەگەڵ ڕیفراندۆم نابینێت کە هەردوکیان هەمان ئامانج دەپێکن. بەهەرحال ئەمە ئیتر پیویستی بە ڕونکردنەوە نەماوە. موشکلەی هاوڕیمان لە موتالەعەو تێگەیشتندا نیە.

پاشان هاوڕیمان دەڵیت:( بەر لەهەرشت ئه‌م ڕسته‌ ڕیزکراوانه‌ی هاوری سامان زیاتر لە تئیوری موئامەرە دەچیت تا لێکدانه‌وه‌یه‌کی مارکسیستی، چونکه‌ ئەمریکا روون و راشکاو چەندین جار رایگەیاندوە کەلەگەل ئەوەدا نیە کە ریفراندۆم بکریت، بۆئه‌مه‌ش هه‌م نیردەی ناردوە و لەم بارەیەوە قسەی لەگەل بارزانی کردوە، وه‌هه‌م فشاری ئەوەی هیناوە کە هاوکاریەکانی لە پێشمەرگە دەبریت، بەلام وا دیارە به‌ڕیزیان سیاسەتی ڕەسمی و راگەیاندراوی ئەمریکا بە سیناریۆ وه‌ردەگرتووه‌ وپێده‌چێت له‌ڕواله‌تدا به‌مامه‌ڵه‌یه‌کی فریوکارانه‌ی بزانێ و لە ژیرەوە لەگەل ریفراندۆم وسه‌ربه‌خۆییدا بێت!. له‌چه‌شنی ئه‌و نمونانه‌ی که‌ کاتی خۆی دەیناگوت ئەمریکا خۆی پلانی بۆ بنلادن داناوه‌ تا پەلاماری واشنتۆن و پنتاگۆن بدات بۆ ئەوەی بیکاته‌ شه‌ڕ.)( هەمان سەرجاوە/ هێلەکانی تەئکید هی منە)

خەسرەو جارێک بە قسەی بەرزانی سیاسەت دەگوڕیت و ئەمجارەش بە قسەی میدیا تیدەکەویت، هەرچەند میدیا وای نەگوتوە. ئاخر میدیا لە کوی جیگا متمانەی هیچ کەس بوە؟! ئەوە نیە جەلال تالەبانی پێی دەلێ ” حجی الجرائد” ئەمەش خەتای منە ، یا هاوڕی خەسرەو خۆی هاواردەکات و دەلێ ” چونکه‌ ئەمریکا روون و راشکاو چەندین جار رایگەیاندوە کەلەگەل ئەوەدا نیە کە ریفراندۆم بکریت،..”خەسرەو گیان من نازانم تۆ گوێ بۆ کام شەبەکەی هەوال شل دەکەیت بەلام دڵنیا بە ئەمریکا لە هیچ جێگایەک دژی ڕیفراندۆم نەبوە، ئەو بە ئاشکرا دەلێت کە لە ئێستادا لەگەلی نیم وەکو شاسوار” بزوتنەوەی نەخیر لە ئیستادا”، ئەو بە ئاشکرا داوای دواخستنی دەکات تاکو دوای هەلبژاردنی عیراق. دەزانی بۆ؟ چونکە دەزانێت ئەگەر ڕیفراندۆم بکریت ئەوە عەبادی وەک سەرۆک وەزیران نامێنیت و ڕاستەوخۆ دەریدەکەن جا لە ڕێگای هەلبژاردنەوە بێت یان بەندو بەستی نەبڕاوەو جۆراوجۆری خۆیانەوە. وە دەزانیت ئەو ئاراستە تازەی کە پیکهاتوە لە عیراق بە قازانجی خەتی یان جەمسەری ئەمریکاو سعودیەو تورکیا ئەویش هێجگار لاواز دەبیت، ئاراستەیەک کە زیاتر ئیسلامی عیراقی و قەومی عیراقی دەگرێتە خۆ لەمانە پێک هاتون: ئاراستەی عەبادی لە نێو حزبی دەعوە” ئەمە ئێستاش لاوازە”، ڕەوتی سەدر، رەوتی حەکیم” تەواو ساخ نیە” و جەماعەتی عەلاوی و حزبی شیوعی عیراقی و ڕەوتە مەدەنیەکەی…. ئەمریکا بۆ ئەوەی هەم ئەو هێزانەو ئەو دەستکەوتانەی دوای لابردنی مالکی لە دەست نەچیت وەهەم ریفراندۆمەکەی لە کاتی گونجاودا بکریت، داوای دواخستنی دەکات…. هەر بۆیە گریمانەی دواخستنی زۆرە و گریمانەیەک ئەوەیە کە لەڕیگای پەرلەمانەوە دوایبخەن. خەسرەو گیان تکایە هێندە باوەر بە میدیا مەکە، سەرەرای ئەوەی کە میدیا وای نەگوتوە.

بەڵام ئایا هاوڕی خەسرەو ئاگای لەوەیە کە ئەو ئیمەیجەی ئەو دەیدات، گریمانەو دەرئەنجامی زۆر گەورەی لێ دەبێتەوە بەقازانجی پارتی وبەرزانی. گریمانەیەک ئەوەیە کە ئەگەر هاوڕی خەسرەو ڕاست بکات، ئەمریکا لەگەڵ ئەم ڕیفراندۆمە نیە و بە ئاشکرا ووتویەتی مەیکەن بە قەوڵی ئەو، ئەمریکا ڕازی نیە، ئیران ڕازی نیە، حکومەتی مەرکەزی ڕازی نیە، تورکیا لایەنی کەم زۆر دژایەتی دەکات لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان… لە ناوخۆ چەندین ‌هێزو خەلک دژیەتی… کەواتە بەرزانی پالەوانەو سەردەمی گاریبالدی یەو ئێمە لە بەردەم ڕابەڕیکی نیستمان پەروەرو رزگاریبەخشداین مل نادات بەهیچ هێزێک… ئەگەر ئەو قسانەی هاوڕیمان ڕاست بن، بەرزانی ئەو پالەوانەیەو دەبێتە ئەو پالەوانە. ئەم مەسەلەیەش هەر لە خۆشەویستی خەسرەو دایە بۆ ڕیفراندۆم. ئەگەر نا چۆن دەکرێت لەم سەردەمەدا لە نیو ڕیزەکانی بورژوایدا دیاردەی وا هەبیت؟!! بەقسەی کەس ناکات، وەڵامی کەس ناداتەوە… ئەمە ئیتر لەکاری سۆپەرمان و جیمس بۆند دەچێت وەک لە هەلومەرجێکی بابەتیانە. ئەم باسەی خەسرەو قەڵەمبازە.

گۆڕینی سیاسەت بە قسەی بەرزانی وکۆمۆنیزمی قەڵەمباز

هاوڕی خەسرەو زۆر لەوە بەدیقەترو ورد تر بوو کە لەم نوسینانەی دوایدا پەنای بۆ بردوە سەرنج بدەن چۆن وەلام دەداتەوە.( “به‌ڵام له‌په‌یوه‌ند به‌به‌یاننامه‌ی حوزه‌یرانه‌وه‌ دۆخه‌که‌ ده‌چێته‌ ئاستێکی تر، ئیتر “دوای که‌متر له‌دوو مانگ” حزب وریفراندۆم ده‌که‌وێته‌”بازنه‌ی کاتو شوێنی دیاری کراوه‌وه” بۆیه‌ مانای تایبه‌تی خۆی وه‌رده‌گرێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌مه‌سعود بارزانی وپارتی راستەوخۆ لە ژێر گوشارێکی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، که‌ئێمه‌ش تیا به‌شداربووین، له‌دژی ئه‌وه‌ی که‌”ڕیفراندۆم بۆ جیابوونه‌وه‌ نییه‌”، هاته‌‌ پای سازدانی ڕیفراندۆم و به‌پۆسته‌که‌یه‌وه‌ 25ی سیبته‌مبه‌ری دیاری کرد.( هەمان سەرچاوە/هێلە تەئکیدەکان هی هاوڕی خەسرەوە).

هەروەها هاوڕی دەڵێت ( ‌ هاوڕی سامان نایه‌وێت بروا به‌وه‌بکات که‌ له‌ئاکامی فشارێکی کۆمه‌لایه‌تیدا هه‌ڵویستی به‌رزانی له‌به‌رامبه‌ر ڕیفراندۆمدا له‌موزایه‌ده‌و قسه‌دا نه‌مایه‌وه‌و کۆمه‌ڵگای به‌ره‌و جه‌مسه‌ربه‌ندیه‌کی نوێ راکێشا‌. ته‌نانه‌ت نایه‌وێت بروابه‌وه‌ بکات که‌پارتیو زیاتر له‌17 حزب ولایه‌ن هاتونه‌ته‌ پای به‌رپاکردنی ڕیفراندۆم وئه‌مه‌ش بۆ سه‌ربه‌خۆیی بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس به‌هیچ لایه‌کیش بکرێت. له‌مه‌ش زیاتر نایه‌وێت بروا بکات به‌وه‌ی که‌بارزانی ولایه‌نه‌کانیتر بۆ یه‌که‌مجاره‌ هاتۆنه‌تە ژێرباری بەشیک لەو پرەنسیپانەی کە لە میژوی کوردستاندا پیشتر تەنها ئیمە باسمان کردوە له‌وانه‌: ئەنجام دانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی لە هەموو ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و هەموو دانیشتوان بەدەر لەوەی کوردزمانن یان هەر زمانیکی تریان هەبیت، مافی دەنگدانیان هەیە)( هەمان سەرچاوە/هێلی تەئکید هی منە).

هاوڕی گیان بەڕاستی بەپێی قسەکەی بەرزانی سیاسەتت گۆڕیوە چەرخێکی ١٨٠ پلەیت تۆمارکردوە. بەراستی قوڕ بەسەری ئەم کۆمۆنیزمەی ئێمە. هاوڕی وەلام دەداتەوە و بەمن دەلیت من ” ئه‌مه ‌ئیتر شیواندنێکی ئاشکراو نائه‌مانه‌تداریه‌ له‌گواسته‌نه‌وه‌ی بۆچونه‌کاندا” بۆچی؟ چونکە وتومە بەپێی قسەی بەرزانی لە نێوان ئەو دووبەیاننامەیەدا سیاسەتتان گۆڕیوە. با هەموو خەڵک حوکم بداتو بزانین هاوڕی خەسرەو بەپیی کام فاکتۆر سیاسەتی گۆڕیوە. ئەو دەلیت چونکە لە حوزەیرانەوە دۆخەک دەچیتە ئاستێکی ترەوە. ئاستەکەی تر چییە؟ هاوڕی دەلی ” حزب و ڕیفراندۆم دەکەوێتە ” بازنەی کاتو شوێنی دیاریکراوەوە” بۆ یە مانای تایبەتی خۆی وەردەگرێت” دوای ئەوە بناغەی ئەم ئالوگۆرە کۆمەلایەتیە گەورەیەمان بۆ شیدەکاتەوە دەلێت: “، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌مه‌سعود بارزانی وپارتی راستەوخۆ لە ژێر گوشارێکی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، که‌ئێمه‌ش تیا به‌شداربووین، له‌دژی ئه‌وه‌ی که‌”ڕیفراندۆم بۆ جیابوونه‌وه‌ نییه‌”، هاته‌‌ پای سازدانی ڕیفراندۆم و به‌پۆسته‌که‌یه‌وه‌ 25ی سیبته‌مبه‌ری دیاری کرد.”

کەواتە مەسەلەکە ئەوەیە کە بەرزانی ٢٥.٩ی داناو ئیتر دنیا گۆڕا. بەلام ئەمە قەیدی نیەو ئەلحوکمو للە. ئەو ئاڵوگۆڕە گەورەیەی بەقسەی بەرزانی هاتە بوون دەبێ ئێمە هەتا ماوین مەمنونی بین!!. بەلام سەیر ئەوەیە بەرزانی ئەمکارەی لە “ژێر گوشارێکی فراوانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، که‌ئێمه‌ش تیا به‌شداربووین” باشە ئێمە بۆ ئاگاداری ئەم فشارە گەورە کۆمەلایەتیە نەبوین نە هی حزبی خۆمان نە هی بورژواییەکانی دیکە. ئەو فشارە فراوانە کۆمەلایەتیە چی بوو؟! تۆ بلێی خەسرەو خەوی نەدیبێت؟! من نەم بیستوە وە گوێم لێنەبوە بەتایبەت ئەو باسەی ئەو دەیکات کە ” ئێمەش بەشداربوین” بەراستی ئیتر ئەمە لێکدانەوەیەکە نە مەحفەلەکانی سالی هەشتاکان کردویانە وە نە حاشیە بونی حزب لە ساڵانی نەوەدەکاندا کردویانە… بۆیە چارم نەماو ناوم نا کۆمۆنیزمی قەلەمباز. ئەم کۆمۆنیزمە هیچ شتیک وەک خۆی نابینێت، و پەلاماری هەموو شتێکیش دەدات، ئاوریش لە ڕابوردوو ناداتەوە پیی عەیبە. ئەم کۆمۆنیزمە هەر چیەک بێت هیچ پەیوەندی نیە بە مارکسەوە، بەهیچ شیوەیەک.

یەعنی چی ” گوشاری فراوانی کۆمەلایەتی، کەئیمەش تیا بەشدار بوین” بی زەحمەت گوشارەکان بنوسە؟ کام مانگرتنی گشتی؟ کام خۆپیشاندانی دەیان هەزاری نالێم سەد کەسی؟ کام کۆمیتەی کریکاری و خەلکی وموشکەل؟ کام نەقابەو شوراو یەکێتی یە؟! خەسرەو گیان بڕیک بازەکانت نزم کەرەوە. کۆمۆنیزم ئەگەر لەم ڕوانگەو بۆ چونە عەجایبە ڕزگاری نەبێت و ڕەخنەیەکی بێ ڕەحمانەی لێنەگیرێت، ئەوە ئەوەی کە ماویشە لە دەستی دەدەین، لە ناوەوە کلۆر دەبین و نامێنین، هەر وەک ئیستا بەرەو ئەوە دەچین ئەگەر فریای نەکەوین. وا سی ساڵە حزبین لە سەدا چەند کەممان کردوە؟! یەکێک لە هۆکان ئەم تیروانینە مەترسیدارەیە کە بەداخەوە زاڵە. هەموو کەس دەزانێت گوشاری کۆمەلایەتی بە کاری کۆمەلایەتی و پڕاتیکی ئینسان دەکرێت. وە ئەمە دەبینرێت، رەسمی دەگیرێت و بە ڤیدیۆ تۆمار دەکرێت. دوو دانەمان لەوانەمان بۆ بلاوبکەرەوە. ئەم کۆمۆنیزمی قەلەمبازە لە حاشیەیی زۆر لە خوارترە. چونکە حاشیەیی بووین و نالێم هەزارەها بەلام سەدان کەسمان لەگەڵدا بوو، حاشیەیی بووین یەکی ئایارەکانمان دەگەیشتە ١٠ هەزارو ١٥ هەزار کەس. حاشیەیی بووین و ئەندامانی کۆمیتەی سلێمانیمان بەتەنها ١٥ کەس بووین…. ئەمە قەلەمبازە. کۆمۆنیزمی قەلەمباز ئاوڕیش ناداتەوە، بۆ نمونە یەک ژمارەی زۆر لە کار کردن و فوکردنە خۆ ڕیز بەندی دەکات دواتر یەک دانەیان ناکات هەر بۆی مەسەلە نیە. سەرنج بدەنە کارەکان کە سێ ساڵ لەمەوبەر هەردوو حزبی کوردوستان و عیراق دایان نا بۆ وەستانەوە دژی تیرۆر، سەرنج بدە ئەو خالە ئاسانانەی دانرا لە بەرانبەر جەنگی موسڵدا… یەک دانەشی نەکرا. هیچ کەس پرسیار ناکات ئەرێ مەسەلە چیە؟! خەسرەو گیان نە فشارت داناوە، نە کۆمەلایەتیشە و بەڕاستی تاقەتی ئەوەم نەما باسی ئەوە بکەم بەرزانی لەوماوەیەدا بۆ فوی پیداکرد. بەڵام تۆ بە قسەی بەرزانی سیاسەتت گوڕیوە، وە بەقسەی میدیا ئەمدیوو ئەودیو دەکەیت. خۆت بە دەستی خۆت نوسیوتە.

سیاسەت کردن ئەوەیە نیە پێنج شەش خاڵ بنوسیت و وەک ئەرک ودوایی نەچینەوە بەلایدا. خۆ ئەگەر پرسیاریش کرا، وەلامەکە ئەوەبێت” جا خۆ شەرت نیە بکرێت” یان ” خۆ چەند ساڵە هەر وابوەوە نەکراوە”… جا چەند ساڵە کە خۆشم هاوبەشم تیایدا، سیاسەتمان نەکردوە. سیاسەتی کۆمۆنیستی و مارکسستی ” زانستی رزگاریبەخشی چینی کڕیکارە” ئەوە ئەنگلز دەلێت. کەواتە سیاسەت پایەی هەیە ومەسەلەیەکی ماددی یە. ئەگەر ٤ دانە ئەرکمان دانا ٣سیانیان مان پیادەکرد ئەوە سەرکەوتوبوین ئەگەر یەکدانەمان جیبەجێکرد ئەوە سەرکەوتونەبوین و کۆسپێک هەیە دەبیت بگەرێین بیدۆزینەوە. ئەگەر هیچ نەکرا ئەوە ئیتر سیاسەت نیە، کۆسپەکە پایەییە، وەک ئیستای ئێمە. وەرە با لێرە بۆ کۆسپەکان بگەڕێین.

بەلشەفیزم و مەنشەفیزم

هاوڕی خەسرەو دەنوسێت (به‌داخه‌وه‌ هاوڕێ سامان به‌درێژایی جه‌ده‌لێکی سیاسی که‌له ‌سه‌رێکیدا ڕاوه‌ستاوه‌، نه‌ک وه‌ڵامێک به‌م پرسیارانه‌ ناداته‌وه‌ بگره‌ بێئه‌ڵته‌رناتیڤ و بێ چاره‌سه‌ر له‌هه‌لویستێکی مه‌نشه‌فیکانه‌وه د‌ردێنێ و به‌پاساوی ئه‌وه‌ی “ئالوگۆر ڕوییداوه‌، ده‌وله‌ت سیاده‌ی نه‌ماوه‌، سه‌رمایه‌داری گڵوباڵ له‌ئارادایه‌..”، کێشه‌ی کورد و “کێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان” بۆ بۆرژوازی و حزبه‌ ناسیونالیسته‌کان جێدێڵێ و کۆمۆنیزم له‌سیاسه‌تێکی چاوه‌روانیدا، بێده‌خاله‌ت له‌کێشه‌یه‌کی واقعیدا که‌ به‌رۆکی به ‌کۆمه‌لگای کوردستان گرتووه‌ ڕاده‌گرێ) (هەمان سەرچاوە/ هێڵەکانی تەئکید هی منە)

نازانم من بڵێم چی و چۆن ئەم هاوڕییە لایەنی کەم پابەند بکەم بەوەی کە باسەکان وەک خۆی بهێنێت و پاشان ڕەخنە بگرێت. بەهەرحال ئەوەی سەرەوەی نوسیوەو ئاگاداری ئەوە نیە کە ئەلتەرناتیڤی مارکسی خراوەتە بەردەست و بەشیوەیەکی ڕۆشن لەسەر پایەیەکی واقعی دەجوڵێت و خۆی زۆر دور لە قەلەمباز گرتوە، ڕێگایەک کە پشتی بە بزوتنەوەی چینایەتی کرێکارو تواناییە پیشرەویەکانی ئەو هەیە. لەمکاتەدا هێزو بزوتنەوەی ئێمە لاوازە، بەلام هەموو شۆرشیک لە سەرەتاوە لە چەند کەسێکەوە دەست پێدەکات. کاری مارکسستێک ئەوەیە کە تا پێی بکریت ڕیگا نەدات کە بزوتنەوەی کرێکاری ببێتە پاشکۆی بزوتنەوەو هێزە بورژواییەکان، و‌هێلی ڕۆشن و سوری خۆی بکیشێت لەنێوان ئەم دوو بەرە چینایەتیە جیاوازەدا. ئەوە ئەرکی هەر گرینگی ئەمرۆی هەر مارکسستێکە، بەتایبەت کە لێکدانەوەی چینایەتی و مارکس وەک بزوتنەوە ڕەوتێکی کۆمەلایەتی هێجگار لاوازەو لەوەش زیاتر لەئاستی کۆمەلایەتیدا بلاو نیەو بەشیک لە فەزای فکری و عادەتی کۆمەلایەتی پێکناهێنیت لە هەلومەرجی ئێستای دنیاداو لەمبارەوە چۆتە دواوە.

لە نوسینی یەکەمدا نوسیومە ” خەڵکی کوردوستان ئەگەر دەیەوێت نەکەوێتە نێوان بەرداشی پارتی و یەکێتی یەوە وە ئەگەر دەیەوێت ریفراندۆمێکی گشتی و ئازاد بکات و هەروەها لایەنی کەمی خواستەکانی دابین بکات، چارێکی دیکەی نیە جگە لە هاتنە مەیدانی وەک هیزێکی سەربەخۆی سیاسی و دابینکردنی ئەو مەرجەی سەرەوە لەم ڕیفراندۆمەدا. لە ڕوانگەی منەوە ئەگەر ئەم مەرجە ببێتە مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە، ئەوە پارتی واز لە ڕیفراندۆمەکەی دەهێنێت. لەسەر پایەی بێ باوەڕی بە پارتی، ڕێفراندۆم کراوەتە باسێکی سیاسی گەورەی ئەمڕۆی نێو کۆمەڵگای کوردوستان. ئەمە پۆینتێکە مانای گەورەی سیاسی هەیە بۆ هەموو هێزە سیاسیەکان، هەموو ئەو هێزە سیاسیانەی خۆیان بە بەرپرس دەزانن سەبارەت بە چارەنوسی سیاسی ئایندەی خەڵکی کوردوستان. ( هەلوێستی کۆمۆنیستی سەبارەت بە جاری ڕیفراندۆمی پارتی و دەوڵەتی کوردی/بەشی یەکەم/ هێلی تەئکید هی ئەم نوسینەیە).

پاشان بە شیوەیەکی هێجگار ڕۆشنتر لەو گرتە ڤێدێویەدا کە سەبارەت بە بزوتنەوەی نەخیر لە ئێستادا تۆمارمکردوە وتومە:(بەڵام ئایا ڕێگای تر نیە لە بەینی نەخێری شاسوارو بەڵێی بەرزانیدا،بە بروای من هەیە، ڕێگای سێهەم هەیە ڕیگایەکی شۆرشگێرانە، ڕێگایەکی ئازادیخوازانە. ڕێگایەکە کە بەهەر حاڵ ڕووی لەوەیە کە خەلكی کوردستان رێکخراوتر بکات، خەڵکی کوردستان بهێنێتە مەیدان. ئەمرۆ بزوتنەوەی جۆراوجۆر، نارەزایەتی جۆراوجۆر دەبینین، دژ بە نەدانی موچە لە پێناو دامەزراندندا دەبینین، دژ بە نەبونی کارەبا، دژ بە گەندەلی دەبینین، مامۆستایان و فەرمانبەران دەبینین، هەموو ئەمانە دەبینین کە لەمەیداندان. کە نارازین ، من پێم وایە کە ڕیکخستنی ئەم بزوتنەوەیە لە چوارچێوەی بزوتنەوەیەکی جەماوەری شۆرشگیری فراوانتردا ڕاستەوخۆ بۆ لابردنی دەسەلاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ لابردنی ئەم حزبانەی لەسەر حوکمن تاکە ڕیگای نەجاتبونە. تاکە ڕیگایەکە کە ئەمرۆ خەلكی کوردوستان لە بەلی و نەخیری بورژای رزگار بکات، لە بەلی و نەخیری بزوتنەوەی ناسیونالستی و شاسوارەکان رزگار بکات. وە بزوتنەوەیەک کە راستەوخۆ ڕوی لەوەبێت کە تەواوی خواست و داواکارییەکانی خەلکی کوردستان بهێنیتە دی…. وە ئەمەش بەبی لابردنی حزبەکانی دەسەلاتی بزوتنەوەی کوردایەتی مومکن نیە…..” ( سامان کەریم سەبارەت بە بزوتنەوەی نەخیر لە ئێستادا).

کەواتە من ڕیگایەکی جیاوازم لە خەسرەو هەلبژاردوە. ئەو دەیەوێت بەهۆی ڕیفراندۆمێکەوە کە هێزێکی بورژوا ناسیونالست دیاریکردوەو ڕابەریەتی دەکات وهەموو دونیا لەگەڵ ئەو کۆدەبێتەوەو هەر ئەو بڕیاری کردن و نەکردن ودواخستنی دەدات…. منیش لە ڕیگایەکی دیکەوە. ڕیگایەکی دیکە، ڕیگای سێهەمە خۆی جیادەکاتەوە لە هەموو بالەکانی بورژوای لە هەموو ڕەنگەکانیان، لەسەر پایەی ریکخستن و ڕابەریکردنی خەلکی کریکارو ستەم دیدەو ناڕازی بەرەو شۆرشێک هەنگاو هەلگرێت کە دەسەلاتی ئەم هێزانەی ئەمرۆ لە سەر حوکمن ڕابمالێت، دوای ئەوە جیابونەوەو ڕیفراندۆم کارێکی ئاسانە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی عیراق نەتەوەیی و ئیسلامی بن وەک ئێستا…. ئەوە کاری دەویت، کاڕیکی سەختە. بەلام وەک هەر دیاردە و روداوێکی عەزیمی کۆمەلایەتی لە سەرەتای خۆیەوە دەست پیدەکات و ڕیزی چینایەتی خۆی و سەربەخۆیی وبڕیاری کڕیکار دەپارێزیت. جا ئیتر من نازانم کێ بەلشەفیە وکی مەنشەفیە. پێم وابێت خەسرەو ئەمەشی هەڵگێڕاوەتەوە.

لە بەشی دووەم و دوا بەشدا، باسی ناحزبی سامان و تەحزوبی خەسرەو تۆمەتی خەسرەو تاوانی سامان دەکەین و بزانین دەگەینە کوێ. لەمبارەوە باسی بەیانی حزبی عیراق دەکەین کە چۆن تەئیدی سیاسەتەکەی هاوڕی خەسرەو ناکات و باسی دەکەین کە هاوڕی خەسرەو چۆن پرینسبەکانی مافی ” تاوانبارێک” پشێلکردوە. لێرەدا جارێکی دیکە جەخت دەکەمەوە، کە ماوەیەکی کەم ماوە بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە لە ژێر باری ئەم سیاسەتە بێینە دەرەوە. دوای ٢٥.٩ بە پیادەکردن و نەکردنی ڕیفراندۆم فرسەتەکان ئالوگۆڕیان بەسەردا دێت.

١٣.٩.٢٠١٧

Previous
Next
Kurdish