Skip to Content

443 Views

لیستێکی تر، دەردێکی تر! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

لیستێکی تر، دەردێکی تر! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

Be First!
by September 18, 2017 General
image_print

قەواریەکی سیاسیی تر لە باشوور دروست بوو! بە گوێرەی ئاماژەی میدیا کوردییەکان جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان قەوارەیەکی نوێی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تۆمارکرد. بە ناونیشانی ” هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسیی و دادپەروەریی”.
لە دنیایی مۆدرن و لە ژێر سایەی سیستەمیی دیموکراتی لە دەوڵەتێکی سەربەخۆیی سەقامگیر بووی خاوەن کیان، خاوەن سوپای فەرمیی و ئابوورییەکی بیناغە پتەوی دارێژراو دا، سەرهەڵدانی پارت و تەیاراتی سیاسیی جیا کە رەنگدانەوەی بڕوا و بیروبۆچوون و عەقیدەی جیا بێت و بۆ هاڤرکێ بە مەبەستی زیاتر گەشە پێدانی کۆمەڵگە و وڵات بێت ئەوا ئاساییە و هەرگیز زەرەری نابێت. بەڵام ئەزموونی گەلان و مێژوو پێمان دەڵێن کە “یەکگرتن” یەکێکە لە کلیلە سەرەکییەکانی کردنەوەی دەرگەی سەرکەوتن بۆ وڵاتێکی داگیرکراو و نەتەوەییەکی ژێر دەستی وەک نەتەوەی کورد. بۆیە دروست بوونی لیستێکی تر بۆ بارودۆخی کوردستانی ئەمرۆ لە زیان زیاتر هیچی تری لێ شین نابێت.

مێژووی ئینشیقاقاتی نێو پارت و سەرکردەکانی باشوور سەلماندویانە کە پاش جیابوونەوەی ئەو سەرکردانە لە یەکتر کێشەکانی نێوانیان قوڵتر بووە و دوژمنایەتیەکی سەختر لە جاران لە نێوانیاندا سەری هەڵداوە وەکو دوژمناییەتی نێوان بارزانی و تاڵەبانی کە باجەکەی بریتیبوو لە خوێنی هەزاران هەزار گەنجی کورد. جیابوونەوەی سەرانی حسک و پاسۆک لە یەکێتی بە هەمان شێوە. جیابوونەی باڵی رێفۆرمی نێو یەکێتی و دروستکردنی “بزوتنەوەی گۆڕان” پەیوەندیی نێوان “تاڵەبانی و نەوشێروان”ی گەیاندە خراپترین ئاست و گەیشت بە ڕادەیەک هەر دوو لا ئۆباڵی هەڵە و خەیانەتە سیاسییەکانیان بە مل یکتردا ساغ دەکردەوە! ئەنجامی گرژی نێوان هەردووکیان کێشەی لە ئاست خوارەوەی لایەنگری هەر دوو لادا دروست کرد و تا گەی بە ئاستی شەقام! ئەمرۆ جیابوونەوەی “بەرهەم ساڵح” بەهەمان شێوە دەبێت و لەگەڵ “هێرۆ” دەبن بە دوژمنی سەرسەختی یەکتر و ئەو دوژمنایەتیە دادەبەزێتە ئاست خوارەوەی هەر دوو لا و شەقامی کوردی.

باشووری وڵات دابەش بووە بە سەر دوو زۆنی سەڕەکی کە یەکیان زۆنی زەردە ئەویتریان زۆنی “نیلی/سەوز”ە. ئەو لیست و قەوارە سیاسییانەی کە دروست بوونە لە ناوچەی زۆنی (نیلی/سەوز)ن، واتە لە نێو جەماوەریی گۆران و یەکێتی دا کار دەکەن بۆ بەهێز کردنی پێگەی جەماوەریی کە لە ئەنجامدا ئۆتۆماتیکی دابەش بوونی زیاتر لە نێو جەماوەری ئەو ناوچەیەدا دروست دەبێت کە لە بەرژەوەندیی زۆنی زەردە و کاردانەوەی باش دەبێت بۆی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دا. هەروها سەرهەڵدانی جوڵانەوە و تیاراتی جیا لە ناوچەی زۆنی (سەوز/نیلی)، دەبێتە هۆکاری ئەوەی سەرانی زۆنی زەرد بە جیا مامەڵە بکەن لەگەڵ سەرانی لایەنەکان بۆ هاوپەیمانییەتی دروست کردن چی لە هەڵبژاردنەکان وە چی لە جووت کردنی دەنگەکانیان لە نیو هۆڵی پەرلەمان دا.

دەستتێوەردانی دەرەکیی بە تایبەتی ئیران، تورکیا، سووریا، عیراق و زلهێزەکان. لە دروستبوونی ناتەبایی و سەرهەڵدانی ئینشیقاقات لە نێو پارتەکان و جەمسەرە ناکۆکەکان دا لە باشووری وڵات ڕەگێکی مێژووی هەیە وەکو جیا بوونەوەی جەلالی و مەلای، جیابوونەوەی حسک لە یەکێتی، جیا بوونەوەی ئاڵای شۆڕش لە کۆمەڵەی رەنجدەران، جیابوونەوەی باڵی رێفۆرم لە یەکێتی، شەڕی نێوان پەکەکە لەگەڵ یەکێتی و پارتی، ناتەبایی نێوان پارتەکانی باشوور و رۆژهەڵات. لە باشووری وڵات بووە بە نەریەت ئەگەر هەر لایەنێک هەر سەرکردەیەک سۆز و پشتیوانی هێزێکی دەرەکیی بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ خۆی دابین نەکردبێ و پارەی وەرنەگرتبێت، ئەوا ئەو ئیرادەیەی نەبووە ئەو هەنگاوە بهاوێژێت. لە ئەنجامی ئەو پشتبەستنە بە هێزی دەرەکیی هەر یەکە لای خۆی بووە بە مەقاشی دەستی لایەک کە بۆ ئەجێندای تایبەتی خۆی بەکاری هێناون نمونە ئیران ژیرانە توانی سەرانی حسک، ئیسلامییەکان، پارتی و یەکێتی بەکاربهێنێ و لە ئەنجامدا نەتەوەی کوردی توشی دەیان کارەساتی وەک ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆڕەو کرد. خدر مەرەسەنە لە پەرتوکی ئاوێنەی ڕاستیەکان دا لە لاپەڕە ٢٥٢ دا دەنووسێت (حزب ڵڵای شۆڕشگێر بە ڕێبەری ئەدەهەم بارزانی بە بەرچاوی پارتی دیمورکراتەوە و لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا بە رۆژی ڕوناك بە بانەوە بە ماشێنی دۆشکە لەسەر دابەستراو بە هاوکاری رژێمی ئیران لە ناوچەی حەریرو بەحرەک دەچنە سەر نگکە و بارەگاکانی حزبی دێموکرات و زیاتر لە ١٥ کادر و پێشمەرگە شەهید دەکەن).

ئیران، لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردووە وە دەستێکی باڵای هەبووە لە کار کردن بە چارەنووسی نەتەوەکەمان، بەڵام سەرانی پارتەکان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان گوێڕایەڵی بوونەو لە فەلەکیدا خولاونەتەوە، لە پەرتوکی ئاورێک بەرگی دووەم لە لاپەڕە ١٠٨دا سەعید کاوە دەنووسێت (ڕێبەرانی کورد بە تایبەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە قسەی چەوری نەرمی ئاخوندە کاربەدەستەکانی ئیران، بە خاتری زاڵ بوونی بەسەر ڕکەبەری خۆیدا و بەرژەوەندی تەسکی رێکخراوی، کەوتونەتە ژێر تەئسیری بێ ئەو لاو لای رژیمی ئیران).
تاڵەبانی لە نێو یەکەتییدا مامۆستایەکی شارەزا بووە لە بوون بە بەکرێگراوی هێزی دەرەکیی کە ئەویش وەک پەروەردەی قوتابخانەی “بارزانی” کە “تاڵەبانی” یەکێک بووە لە قوتابیە ژیرەکانی وانەکانی بە جوانی هەرس کردوە و لە جیابوونەوەدا پەیرەوی کردون.
ئەمڕۆ هەمان ئەزمون خۆی دووبارە دەکاتەوە “بەرهەم ساڵح” قوتابی ژێر دەستی تاڵەبانی بەهەمان ڕێچکەی مامۆستاکەی دەرەوات وەک “هێرۆ” ئاسا، پشتیوانی “ئیران”ی مسۆگەر کردوە ئینجا قەواریەکی سیاسیی تۆمار کرد. جۆری مامەڵەی ئیران لەگەڵ قەوارەی سیاسیی تازە هەمان مامەڵە دەبێت کە لەگەڵ پارتە کۆنەکان دا هەیبووە، سەرانی قەوارە تازەکان بەهەمان شێوەی سەرانی پارتە کۆنەکان دەکەونە فەلەکی ئیران و وەک هێزێکی بەکرێگیراو ئیران مامەڵەیان لەگەڵ دا دەکات.

لە چەند ساڵێکی رابردوودا، دیاردەیەکی زەق سەری هەڵداوە لە باشوور، لە ئەنجامی ناکۆکی نێوان سەران و جەمسەرە جیاکانی نێو پارتەکان، ئینشیقاق دروست دەبێت و سەرانی ئینشیقاق وەک هەنگاوی یەکەم بنکەی جەماوەریی هەمان حزب بەکار دەهێنن و هەندێک لە خەڵکی ناسراوی نێو گەنجەکانی باشوور لە نێو پارتە ئیسلامییەکان، چەپەکان، نەتەوەیی و عەقیدەییەکان دەهێنە پێشەوە بۆ بەکارهێنانی جەماوەرەکانیان. ئەم تاقی کردنەوەیە بە زەقی لە نێو “بزوتنەوەی گۆڕان” دا تێبینی دەکرێت، کە ئەمڕۆ هەمان دیاردە لە نێو قەوارەی سیاسیی” هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسیی و دادپەروەریی” بەدیدەکرێت! ئەو جۆرە کۆکردنەوەیە لەسەر بیناغەی “دەنگ کۆکردنەوە” یە نەک لەسەر خۆ ماندوو کردن بە پەروەردە کردنی دۆست و لایەنگرانیان و دروست کردنی کەوادیری پەروەردە بوو بە ڕێبازێکی دیارکراو و خاوەن بیروباوەڕی پتەوی شۆڕشگێری و ڕۆحیەتی بەرەنگاری بوونەوە بۆ پرسی نیشتمانیی کە بە شێوەیەکی سروشتی و ئاسایی گەشە بکات و پەلوپۆ بهاوێژێت بە نێو هەموو چین و توێژی نێو کۆمەڵگە و لە دەرئەنجامدا هێزێکی یەکگرتووی لێ بیتە بەرهەم کە پەیوەندیی نێوان تاکەکان لەسەر بیناغەی بەرژەوەندیی و دەنگ کۆکردنەوە نەبێت. ئەو جۆرە کۆکردنەوەیە لە کاتێکی کەم هەڵایەک دروست دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا هێزێکی ڕارای لێدێتە بەرهەم کە لە سەر بیناغەی هەست و بەرژەوەندیی، تاکەکان هەڵوێست دەنوێن نەک لەسەر بیناغەی بڕوای پتەو مەبدەئو پرنسیپ. وە سەرانی پارتەکان تەنیا هەوڵدەدەن دڵ و سۆزی خەڵک ڕابگرن نەک بیروباوەر و تێڕاونینییان بۆ مەسەلە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان و بابەتە چارەنووسازەکان.

بە درێژای مێژووی هەموو ئینشیقاقەکانی کە روویانداوە لە نێو حزبەکانی باشوور، لە ئەنجامدا هەموویان هاوشێوەی یەکتر کاریان کردوە و لە زەرەر زیاتریان نەبووە بۆ پرسی نیشتمانیی و نەتەوەیی کورد وە لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیش دا هەمان ڕێچکەیان گرتۆتە بەر و لە دووبەرەکیی و لێکترازانی خەڵک زیاتر هیچ بەرهەمێکی تریان نەبووە. بۆیە ئەوجارەش لێستێکی تر دەردێکی ترە!

Previous
Next

Leave a Reply