Skip to Content

تیشکێک بۆ سەر ھۆنراوەی منداڵان …. نوسینی :عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

تیشکێک بۆ سەر ھۆنراوەی منداڵان …. نوسینی :عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

Closed
by ئه‌یلول 21, 2017 General, Kids Literature

ھۆنراوە ھونەرێکی گرنگە و یەکێکە لە لقەکانی ئەدەب و لە ھەمان کاتیشدا خۆشییەکی تایبەت بە دڵ و دەرون وھۆشی مرۆڤ دەبەخشێت.مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی کە چێژ و خۆشی لێوەردەگرێت لە ھەمان کاتیشدا بۆ فراوانکردنی ئاسۆی زانیارییەکانی سودی لێدەبینێت.بێگومان منداڵیش کە مرۆڤێکی بچوک و ھەست ناسک و بێگەرد و خاوێنە زیاتر چێژ و خۆشی لەو ھۆنراوە تایبەتانەی کە بۆ منداڵان نوسراون وەردەگرێت و دەروازەیەکیشە بۆ وەرگرتنی زانیاری و فراوانکردنی ئاسۆی ئەندێشە و بیرکردنەوەیان.کاتێک منداڵان کە ھۆنراوەیەکی تایبەت بە جیھانە ڕەنگاڵەییەکی خۆیانیان بۆ دەخوێندرێتەوە یان خۆیان دەیخوێننەوە،کە لەلایەن کەسێکی شارەزا و بەتوانا لە دنیاکەی ئەوان نوسرابێت،لەگەڵ یەک بەیەکی دێڕ و وشەکانی ھۆنراوەکەدا شنەی شادی دەدات لە پەڕەی دڵە ناسکەکانیان و پەپولەی زەردەخەنەش گوڵی لێوەکانیان دەکاتە ھەوار و دەنیشێتەوە.خۆ ئەگەر بۆشیان کرا ، بە گۆرانی دەیڵێن تا زیاتر لێوانلێوبن لە خۆشی.ئەگەر ھەر یەکێک لە ئێمەی گەورە گوزەرێک بکەین بە کۆڵانەکانی دنیای منداڵی خۆماندا ئەو ڕاستییەمان زیاتر بۆ ئاشکرا دەبێت کە (شیعر) ھۆنراوە چ کاریگەرییەکیان ھەبووە و ھەندێکیان تا ئێستاش لە یادەوەریماندا بە زیندوویی ماون.

ھۆنراوەی تایبەت بە منداڵان بەشێکیان کەسانی گەورە و شارەزا و خاوەن بەھرە بۆ منداڵانی دەنوسن ،بەشێکیشیان منداڵان خۆیان بۆ دنیاکەی خۆیانی دەنوسن.جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ھەردووکیاندا ھەیە.ئەوەی کە گەورەکان بۆ منداڵانی دەنوسن لەبەر ئەوەی خاوەن ئەزمونن و زیاتر خوێندنەوەیان ھەیە دەربارەی منداڵ و ئەدەبی منداڵ لە روی داڕشتن و ھونەرییەوە سەرکەوتوون و سودیش لە بیرەوەرییەکانی منداڵی خۆشیان وەردەگرن.بەڵام ئەوەی کەمنداڵان خۆیان بۆ خۆیانی دەنوسن،ھەرچەندە لەڕوی داڕشتن و ھونەری شیعرەوە کەموکوڕییان تێدایە بەڵام لەھەمان کاتدا ڕاستی و پاکی و جوانی دنیاکەی خۆیانی لە خۆ گرتووە .ھۆنراوەی منداڵان کۆمەڵێک مەرجی ھەیە کە واباشە ئەوانەی کە بۆ منداڵان دەنوسن ئاگاداری بن،چونکە ھۆنراوە بۆ منداڵان تەنھا وشە ڕیزکردن نییە کە بەس پشت بە کێش و سەروا ببەسترێت.ئەگەر تایبەتمەندییەکانی تیا نەبێت وەکو ھێشووە ترێیەکی پلاستیکی وایە ،جوانە ،بەڵام بێ تام و بۆنە. ھۆنراوەی منداڵان لە لایەن شارەزایانی بواری ئەدەبی منداڵانەوە زۆر گرنگی پێدراوە و پۆلێن کراوە .مامۆستا حمەێاڵح فەرھادی لە کتێبی (پێگەی شیعری منداڵان لای شاعیرانی کورد) بەرگی یەکەم ،بەم شێوەیە جۆرەکانی شیعری منداڵانی دابەش کردووە.شیعری فۆلکلۆری و شیعری فێرکردن و شیعری وەرگێڕاو و شیعری ئاسایی.زیاتر شیعری ئاسایی بە دەوڵەمەندترین جۆرەکانی شیعری منداڵانی داناوە لەڕووی ھونەرییەوە و لەجۆرەکانی تر بەپێشکەوتووتری داناوە.کە کتێبەکەی زیاتر بۆ ئەم جۆرەیان تەرخان کردووە.منیش لێرەدا بە پێی کارکردنم لەو بوارەدا و خوێندنەوەی بەردەوامم بۆی دەتوانم بەم شێوەیە پۆلێنی بکەم:
١- ئەو ھۆنراوانەی کە دەربارەی مامۆستا و قوتابخانە و دایک و باوک ونیشتمان و ئاشتی و سەیران و گوڵ و بوکەشوشە و گیانداران و …..ھتد نوسراون.کە دەتوانین بڵێین ھۆنراوەی ئاسایی. لەم شێوەیە زۆر نوسراوە و ھەیە و دەتوانین بڵێین کە ھەموو ئەو کەسانەی کە دەست دەکەن بە نوسینی ھۆنراوە بۆ منداڵان لەم شێوەیەوە دەست پێدەکەن..لەم شێوەیەش پانتاییەکی زۆری لە ئەدەبی منداڵاندا داگیر کردووە،دووبارەو سواوییەکی زۆریشی تیایە ئەگەر کەسێکی شارەزا گەشتێک بەناویاندا بکات بە ڕوونی ئەوەی بۆ دەردەکەوێت.
٢- ئەو ھۆنراوانەی کە ئاسۆی خەیاڵی منداڵان فراوان دەکەن و بۆ ئەم سەردەمەش زیاتر گونجاوە و منداڵان بە گشتی چێژ و خۆشییەکی زیاتری لێوەردەگرن .دانانی ئەم جۆرە ھۆنراوانە پێویستی بە سەلیقە و شارەزایی و لێھاتوویی شاعیرەکە ھەیە و دوورە لە سواوی و دووبارە بوونەوە.کۆمەڵێک لە شاعیران لەو بوارەدا ئەسپی خۆیان تاو داوە .ئەگەر سەرنج بدەین لە ھۆنراوەکانیان ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت.ھەروەھا جۆرێکی تریش کە ھەر پشت بە خەیاڵ دەبەستێت و فراوانکردنی زیاتری ئاسۆی بیری منداڵە و پشت بە لێھاتوویی شاعیر دەبەستێت ، کە دێت بابەتێکی مەزن و زۆر جاریش زانستی لە چەند دێڕێکی کەم و سنورداردا دەخاتە ڕوو، ئەم جۆرەیان زۆر کەمن .وردەکاری باشتری دەوێت .

ھەریەک لەم جۆرانەی باسم کردن ھۆنراوەی منداڵان پێک دەھێنن کە لە ھەموویاندا واباشە شاعیر بزانێت دەیەوێت چ پەیامێک بە منداڵ بگەیەنێت،دوورو درێژ نەبێت کە منداڵ بێزار بکات،بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵ بێت،ڕەچاوی دەرونی منداڵ بکرێت تیایاندا، کێش و سەروای تەواو بێت و پشت بە کێش و سەروای لاواز نەبەستێت،دوور بێت لە دووبارەو سواوی، مۆسیقای ناوەوەی ھەبێت و بە ئاوازێک بوترێت،وشەکانی سەر بە فەرھەنگی منداڵان بێت،وشەی نامۆی زۆر تیا نەبێت، کۆتاییەکی باشی ھەبێت کە منداڵ لە کاتی خوێندنەوەیدا چاوەڕوانی دێڕی تر نەکات، چیرۆک ئامێز بێت،بەخوێندنەوەی وێنە لای منداڵ دروست بکات.پرسیار لای منداڵ دروست بکات و بە دوای وەڵامەکەیدا بگەڕێت یان وەڵامی پرسیارێکی تیا بێت بۆ منداڵ، ھەرچەند زۆر جارھۆنراوەی وا دەبینین کە زۆربەی ئەو مەرجانەی تیانییە و بەزۆر ئاخنراوەتە خانەی ھۆنراوەی منداڵانەوە..منداڵ لەگەڵ ئەوەی کە ڕوناکی شانۆی ژیانە و شادی و خۆشی ناو خێزانە ،نابێت لەبیرمان بچێت کە بنیاتنەری کۆمەڵگاشە ، بۆیە واباشە بە وریاییەوە کاریان بۆ بکەین و بەڕاستی و دروستی لەگەڵیاندا ھەڵسوکەوت بکەین و بەرھەمی جوان و ناسک و نوێ و سەردەمییانەیان بخەینە بەردەست ،تا سبەینێ کەسانێکی وریا و ڕۆشنبیر و چاوکراوە و دووربین و ئاسۆ فراوان دەربچن و ھەریەکەیان لە بوارێکدا خزمەت بە خۆیان و دایک و باوکیان و خاک و نیشتمانەکەیان بکەن.

من لێرەدا حەز دەکەم کە چەند ھۆنراوەیەکی خۆم کە بۆ منداڵانی کوردم نوسیوە بکەمە دیاری .بەو مەبەستەی منداڵان چێژ و خۆشی لێوەربگرن و کاتێکی خۆشی لەگەڵدا بەسەر بەرن و بەگۆرانی بەگوێی منداڵانی تریدا بچرپێنن.

*گوندەکەم*

گوندەکەم خۆش و جــــوانە
ڕازاوە و ئــــــاوەدانــــە
بێ وێنـــــەو بێ ھــاوتایە
ھەر دەڵێی ســـــەیرانگایە
کێڵگە و باخچە وســەرچاوەی
لە ئەڵغام پاکــــــکراوەی
خێر و خۆشی گـــــوندەکەم
ھەموو کات بەدی دەکــــەم
ئەوەتا لێو بە خــــــەندە
مندڵانی ئەم گــــــــوندە
بە سروود و گـــــــــۆرانی
ژین پڕ دەکەن لە جــــوانی
بۆ خــــــــوێندنیان ڕۆژانە
دەڕۆن بۆ قــــــــوتابخانە
بەڵێنیان داوە ھـــــەمووان
بە کۆششی بآ وچــــــــان
لەگەڵ کردەوەی چـــــاکە
خزمــەت بکەن بەم خــاکە
……………………

گەشتێک بۆ شارباژێڕ ….

سوار فڕۆکەی خەیاڵ بووم
لەسەر ئەزمڕ ڕاوەســـتام
پۆلێک منداڵی ڕۆح سوک
پێکەوە ھــــاتن بۆ لام
——
پێشوازیم لێکــــردن و
بەیەکــــەوە دانیشتین
وتیان یاخوا بەخێربێی
بۆ شـــارباژێڕی ڕەنگین
——
نامەیەکیان دا دەســـتم
کەوتمە شــــــادمانی
چی گوندی شـــارباژێڕە
تیا نوسرابوو بەجــوانی
——
لەگەڵمدا سەرکــــەوتن
وریا ،وەک فڕۆکــــەوان
ھەر گوندێکمــان دەبینی
ناویان دەوت بێ وەستان
——
لەو گەشـتەدا دیمـــەنی
ســروشتی کوردســـتانم
وەک تابلۆی جوان و ڕەنگین
بینی بەچـاوەکـــــانم
——
دەنگێکی خــۆش و ناسک
بەئاگــــای ھێنامەوە
ئەویش دەنگی دایکم بوو
دانیشـــتبوو لامـــەوە
——
وتی ڕۆڵــــەی شیرینم
سبەی دەچین بۆ سەیران
بۆ شارباژێڕی شــــیرین
پڕە لە سەیرانگای جوان
——
منیش دڵ پڕ لە خۆشی
سەرم خستە سەر کۆشی
دەستی ھێنا بەسەرما
دنیایک خۆشیم نۆشی
——
٢٨/٧/٢٠١٧

Previous
Next
Kurdish