Skip to Content

ئایا دەبینە یەكەم قوربانی ریفراندۆم لە جیهاندا؟ …عەلی مەحمود محەمەد

ئایا دەبینە یەكەم قوربانی ریفراندۆم لە جیهاندا؟ …عەلی مەحمود محەمەد

Closed
by ئه‌یلول 21, 2017 General, Opinion, Slider

ریفراندۆمی كوردستان وەك سندوقی باندۆرای لێ هاتووە, دەڵێی هەموو شەڕو نهامەتیەكانی مرۆڤایەتی لەوێدا هەڵگیراوە, دەڵێی رۆژی بیداركردنەوەی شەیتانەكانی مێژووە, لە گەڵ هەڵدانەوەی سەرقەپاغەكەی دەرەچنە دەرەوەو پەلامارمان دەدەن, تسۆنامی هەڕەشە هەڵی كردووە,ریفراندۆم دەسكەلای سەركێشییەكەو لە لێواری كارەساتداین خەریكە بمانبات , هەموو ناكۆكەكانی جیهانی كردووە بە هاوبیری یەك, هەموو قسەیان لەسەری هەیە, ئەوروپییەكان وازیان لە كەتەلۆنیا هێناوە, داوای چارەسەركردنی ریفراندۆمی كوردستان دەكەن, ئێران و ئەمەریكا پێكەوە بە دوو ئاوازی جیاوە دژن , هەموو ململانێ و كێشەكانیان بۆ لەناو دانی ریفراندۆم دەخەنە لاوە, نەتەنیاهۆو تیسیر خالید لە بەرەی دیموكراتی فەڵەستین پێكەوە لە گەڵن, ئەوانەی دژ بە ریفراندۆمن بۆ كوردستان, بۆ شوێنەكانی دیكە لە گەڵن و كەچی وەك ئازادیخواز خۆیان نمایش دەكەن, كورد جینۆساید كراوە و داوای بەغداش ناكات, كەچی فەلەستینییەكان نە جینۆساید كراون و داوای پایتەختی ئیسرائیلیش دەكەن و دەست بۆ كاری تیرۆریستیش دەبەن (حماس) كەچی پشتیوانن بۆی, هەمویان دەزانن سەربەخۆیی بۆ كورد رەوایە, لە بەرامبەریدا هەندەك هەڕەشە دەكات و هەندێكی دیكە بۆڵە بۆڵ و منجە منج, بە كۆرسیش دژن, جەنەراڵ پیترایۆس بەڕێوەبەری پێشوی سی ئای ئەی : كورد مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت بەس ئێستا نا,ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنتۆنیۆ غوتیریش هاوسۆزی بۆمان دەربڕیوە و كاتی نییە , ئەمەریكا و روسیا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا, مافی خۆتانە بەس كاتی نییە, ئێران و توركیا و عێراق و سوریا, مافتان نییە هیچ كات, لە كاتێكدا ئیسلامییەكان پێیان وایە, ریفراندۆم پیلانی دابەشكردنی وڵاتانی ئیسلامی توركیاو ئێران و سوریایە, پیاوانی ئاینی كریستان و ئیسرائیل و بەشێكی بەرچاو لە عەلمانییە پێشكەوتنخوازەكان پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان راگەیاندووەو بە ئەركی ئەخلاقی خۆیان هەڵستاون.كورد ئەو هەموو شەرەی بە درێژایی سەدان كیلۆمەتر لە بڕی هەموو مرۆڤایەتی كرد, سەركردایەتی شەڕی پێچەوانەی كرد لە هەمبەر داعش, كلیلی دەرگای رەقەو موسڵی كردەوە, دۆخە كەم ئارامەكەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە لولەی چەكی ئەو زامن بووەو پێك هاتووە , كەچی دەڵێن ئارامی تێك دەدەن, هەر خۆشی بڕیار لەسەر ئارامیەكەی دەدات , كەچی ئێستا دژ بە مافی چارەنوسین و هەندەی ئەم هەفتەیە لێی نەپاڕانەوە بۆ ئەوەی راپرسی لەسەر چارەنوسی خۆی نەكات, خەریكە ئەنكل سام 1975 دوبارە دەكاتەوە, دەبێت وەك سەردەمی كیسنجەر لە پشتەوە خەنجەر نەوەشێنرێت ؟, دژایەتی ئەوان بۆ پرۆسەكەیە نەك شێوازی حوكمی دوای سەربەخۆیی, بۆیە دژ بە چارەنوسی سەرجەم كورستانیانن, بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە, ستەمكار و ستەملێكراوەوە,سبەی ئەمە بەرامبەر رۆژئاواش دەكەن, دەبێت دەستی پشتەوەی ئەنكڵ چی هەڵگرتبێت ؟؟, قەت هەندەی ئێستا بازاڕی سیاسەتی كورد گەرم نەبووە, هەندەی ئێستا سەفاو مەروای دیپلۆماتكارانی وڵاتانی گەورەی جیهانی بەخۆوە نەبینیوە,200 رۆژ قەتڵ و عام كراین, شەیتان و عوزرائیلەكان زیاترمان نەبینی, خەونمان بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی مەرگمان دەبینی, ئێمە نە لە چیك و سلۆفاكیا دەژێین, نە لە كیبیك و كەنەداش تا بە نامەی دڵداری و پاڕانەوە پێمان بڵێن وڵات بەجێ مەهێڵن جیا مەبنەوە تكایە, ئێمە لە وڵاتی حەرەس و قەومی و حەرەس جمهوری و سوپای بەدر و حەشدین,وەك فایەق شێخ عەلی وتەنی عێراق قوڵپە دات بۆ شەڕی ناوخۆیی, بۆیە بە مان و نەمانمان لە عێراق, چاوەڕوانی كارەساتین, ئەرێ لە خەونی دەوڵەت بێدار بوینەوە ؟, یان بەرەو خەونی كوشتار دەڕۆین؟, ئەرێ لە هەرەشەی دۆست و هاوپەیمانانی دوێنێ سڵەمینەوە؟, ئەرێ هەر ئەمانە سبەی دیسانەوە وەك دۆست دەرگامان پێ ناگرنەوە ؟, باشە ئەگەر بڕیاری جیابونەوە نەدرێت, دەتوانرێت لە گەڵ ئەمانە ژیان بۆ جارێكی دیكە بەسەر ببردرێتەوە؟, دەڵێن هاوڕێیەتی لە سەفەر و شەریكی بەدەر دەكەوێت, ئێمەش برادەرانی دوێنێمان بۆ دەركەوت, ئاخر ئەوان لە ماندویەتی دوای داعش بحەسێنەوە,داوای جیابونەوەش نەكەین, ئەوا دەرگامان پێ دەگرنەوە, تەنها ماوە فتوایەك بدرێت, تا گرتنەوەی هەولێر قەیتانی پۆستاڵەكانیان نەكەنەوە.هێشتا خەیاڵدانی بەعس مایەی ئیلهامی دەسەڵاتدارانی عێراق و ناوچەكەیە, بیری بەعس لە پێش و دوای بەعس هەر هەبوەو دەبێت, بەعسی شیعی , بەعسی سونی , بەعسی كوردی و توركمانی و … هەیە, وێنە ئەو چركە ساتە ماوە بە گاڕان پەلاماری جووەكان دەدرێت پێش بەعس, لە سبایەكەریش وێنەیەكی دیكەی بەعسیانە دوبارە دەبێتەوە, ئەبو عوزرائیلییەكانیش وێنەیەكی دیكەن, تا دور كەوینەوە لە خەیاڵدانی بەعسیانە , جوانتر دەبین, با دور كەوینەوە لە ستەمكاری بەعسیانە, با ئازادی تەواو بدرێت بە تەواوی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان, نەك تەنها داڵدەیان بدەین و كەمە مافێكیان بۆ رۆكەین, ئاخر ئەوان ئازاد نەبن, ئێمەش ئازاد نابین, ئەوەی خۆی كۆیلە بێت ناتوانێت كەس ئازاد بكات, 25 ساڵە ستەم بەسەر ئەم خەڵكەدا دەسەپێنن, چۆن دەتوانن ئیدعای ئازادیخوازی بكەن؟؟.

كە گوێت لە پەیامی ئەبو عوزرائیل, دیل كوژە تاوانبارەكەی حەشدی شەعبی و بڕیارە یەكگرتووانەكەی سونەو شیعە لە پەرلەمانەكەیانەوە دەبێت, كە لە هەموو شت ناكۆك بوون, تەنانەت لە سەر ناو عەلی و عوسمان دەیان هەزاریان لە یەكتر كوشت, لە ناویاندا زۆر دو براكەسی نزیكی یەكتر و هاومەزهەبیشی تێدا بوو, وەلێ لە هەمبەر ریفراندۆمی كوردستان تەبا و یەكگرتو بوون, جگە لە دەنگی لاوازی حیزبی شیوعی و دیموكراسی خوازانی چەشنی میسال ئالوسی و لیستی مەدەنی, هەموو یەكپارچە دژن, دیموكراسیەتی پەرلەمانتارانی عێراق هەر ئەوەندە بڕیان كرد, بە كۆی دەنگ بڕیاری شەڕیان دا, ئەرێ ئەمرۆش وەك دوێنێیە؟, یان خراپتر لەوانەی رابردوو دەبێت, شەڕی جاران بەرگی نەتەوەیی پۆشیبوو, ئەوجار نۆرەی بەرگی ئاینییە, ئەمەش دەریدەخات یاری ریفراندۆم لەم ناوچەیەی جینۆساید مەترسیدار و گەورەیە, لە ئاستی بچوكی عەقڵی دەسەڵاتدارانی هەرێمەكە نییە, ئیتر هەڕەشەو گوڕەشەكانی عێراق و توركیاو ئێران لێ گەڕێ, دەتوانین لە لیستێكی گەورە ناوی هەڕەشەكەران بنووسین, ژمارەشیان رۆژ لە دوای رۆژ هەر لە هەڵكشانە, پیاوانی ئاینی, مەرجەعی موقەدەس, ئۆپۆزسیۆن, نوسەر و بیرمەند, هونەرمەند و رۆژنامەنوس, ئەوانەی نان و خوێمانیان خوارد, ….. هەمووی لە خۆ دەگرێت, تا لە رۆژی دەنگدان نزیك دەبینەوە, ئاوازی هەڕەشەكان دەگۆڕێن, نەغمەی خیتابەكان جیاوازن, زمانی قسەكان توندترن, سپێنەی چاوەكان سورترن, هەڕەشەكان زاكیرە تاڵەكانی مێژوو زیندو دەكاتەوە لامان, دەڵێی رۆژە رەشەكە لە دوای دەنگدانەكەوە دەست پێدەكات, خۆ ئامادەكارییەكانی سەر ناوچە بەریەك كەوتەكان لە مەندەلییەوە بۆ بەعقوبە و سەلاحەدین, پەلامارە دەست پێنەكردووەكان, نەخشە ژێر زەمینەكان, شانە چەكدارە نووستووەكان, چەكدارە مەدەنییە ئامادەكان بۆ شەڕی ناوخۆیی, مەترسییەكانی بەرەی تووركمانی و بابلیون و حەشدی حەویجە, هێشتا رومادی و موسڵ فریای خۆ كۆكردنەوە نەكەوتون, هیشتا تامی ماستی هەولێر و كەبابی سلێمانی لەسەر دەمیانە, هێشتا لە بەردەم كارەبای كوردستان خۆیان فێنكە كەنەوە, داخوا چەند پڵانی گەورە لە ئامادەكردان, چەند بۆسە لە رێدان وەك تاوانەكەی كەركوك, ئێمەش وا لە شەڕی بەڵێ و نەخێرداین, هێشتا لە خەونی هەڵبژاردن و هێنانەوەی كورسییەكانین, هێشتا دەڵێین حاڵمان باشە بۆ تێكی دەدەن, ئاخر ئێمە ئەزمون لە تاڵییەكانی خۆمان وەرناگرین نەخوازەلا دراوسێكانمان, ئاگامان لەوە نیە هەمان سیناریۆی رۆژهەڵات لێرە بەرەو دوبارە بونەوە دەچێت,داخوا چەند كەس و دەستەو گروپ لە خۆ ئامادەكردندان بۆ یەكەم تەقە, داخوا چەند حەسەنی و خاڵخاڵیمان بۆ ئامادە كراوە, داخوا چەند پلانی وەك مەندەلی پێگەیوون ,داخوا عەسائیبی ئەهلی هەق خەریكی چین؟؟, داخوا قاسم سلێمانی بە دەست بەتاڵی نێردرایەوە رازییە؟؟.

لەسەرەتای راگەیاندنی ریفراندۆم هەندێك دەنگ باسی مەترسیەكانی راگەیاندنی ریفراندۆمیان كرد,لە گەڵ نزیك بوونەوە لە كاتژمیری سفر هەڕەشەكان بەربڵاوترو توندتر دەبن, تا ئاستی پەلاماری سەربازی, كە پێشتر تەنها بیر لە ئابلوقەی ئابووری دەكرایەوە, كە زانرا سنورەكان قودسیەتی نییە,ئەوجا هەڕەشەی پەلامار هاتە پێشەوە, ئێمە لە هەرێمی جینۆسایددا دەژێین نەك چیك و سلۆفاكیا, بۆیە ئەو ترسە حەقیقەتی هەیە لە روانگەی كارەساتە جەرگبڕەكانی هەشتاكان و كۆماری مهابادەوە تەنانەت, رێكەوتنامەی جەزائیر و روداوەكانی 28 حوزەیران و 31ی ئابیشەوە, بۆ خوێندنەوەی لایەنێكی ئەو روداوانە هەندێك راستی تێدایە, دەكرێت لە روداوێكی بچوكەوە كارەساتی گەورە بەدی بێت , وەلێ لە خوێندنەوەی تەواوی واقعیەكە دەتوانین بڵێین دوبارە بونەوەی لەم ژینگە سیاسییەی ئێستا نابێت كە كورد لە باشورو رۆژئاوا تێیدایە, هەرچەندە سیاسییەكانی ئێمە قەت ئەزموون لە رابردوو وەرناگرن و ساوێلكانە سەیری سیاسەت و هێزەكانی بەرامبەر دەكەن, باشترین نموونەش خوێندنەوەی هەڵەیانە بۆ داعش كە چەند دەنگێكی كەم نەبێت وتمان ناتوانین دراوسێی دڕندە بین, ئەوانی دی وتیان ئاگرە سورە لە خۆمان بە دورە, تەنانەت بە ئەركی ئەخلاقیانەو مرۆڤانەی خۆشیان هەڵنەستان بەوەی لە پەنایانەوە مرۆڤەكان جینۆساید دەكران, ئایا دەكرێت ئەو روداوە تاڵانەی رابردوو جارێكی دیكە لە بێدەنگیدا دوبارە بنەوە؟.ئایا ئێستاش هەمان زەمینە دێتە پێشەوە بۆ قڕ كردنمان ؟؟, ئەمە پرسیارە گەورەكەیە, بڕیار بەدەستانی ریفراندۆم ئەوانەی لە پشت مێزەكانەوە لە بەردەم كامیراكان دانیشتونە, دەبێت بەرپرسیارێتی تەواو بگرنە ئەستۆ بۆ هەر ئەگەرێك كە گەل لە دوای ریفراندۆم بەرەو روی دەبێتەوە, خۆ ئەوان تەنها لە دەستكەوت شەریك نین, خۆ خەریك ئەوەش نین دوای ناخۆشییەكان خۆیان و ماڵ و مناڵیان بای بای بكەن, بەڵكە ئەوان لە هەموو ئەگەرە كراوەكانی پرۆسەكە شەریكن و بەرپرسیارن.

مەترسی و ئەگەرەكان

دوای بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ بەشداری لە ریفراندۆم دۆخەكە ئاڵۆزتر بوەوە, ئێستا ئەوان بە سنوری پێش 19-3-2003 رازین جیابێتەوە, تەنانەت بە چونە سەری هەندێك شارۆچكەی وەك مەخمور و خانەقین و ….. شوێنی دیش, جگە لە كەركووك , وەك پێشتر ئاماژەم پێداوە, كەركووك بۆ خۆی تەڵە گەورەكەیە, كورد بە نیاز بێت هەموو پارێزگای كەركووك بێ رەزامەندی پێكهاتكان بە دەست بخات خەیاڵە,كەركوك شاری نەعلەتییەكان, نەوت و فرە پێكهاتەیییە, راستە سەربەخۆیی كوردستان بە كەركوكەوە, پایەی دەوڵەت بوونەكەی مسۆگەرە, وەلێ ئەستەمە پێكهاتەكان كە هەموو درێژكراوەی دەرەوەی شارەكەن رازی بن, بۆیە باشترە كورد دەست لە بەشێكی كەركوك هەڵگرێت, وەك حەویجە و ریازو….. تەنانەت بەشێك لەناو شار, بە نیازی جێبەجێكردنی ئەزمونی برۆكسلانە بین بۆ سەربەخۆیی بە كەركوكەوە بەدی نایات, ئەزموونی بەرلینیانە لە هەموو كێشەو گرفتەكان رزگارمان دەكات, واز لە خەونی پیرۆزی خاك و مێژوو بهێنرێت, مامەڵە لە گەڵ واقع و پارسەنگی هێزەكان بكرێت.بۆ ئەوەی ریفراندۆم شەرعیەتی نێو دەوڵەتی وەربگرێت وەك تەیموری رۆژهەڵات و باشوری سودان و …. دەبێت دەوڵەتی عێراق رازی بێت, نابێت تاك لایەنە ئەنجامدرێت, دولایەنەش ئەستەمە, مەگەر دوای شەڕێكی دۆڕاو رازی بن وەك باشوری سودان.تەنانەت توركمانە شیعەكانی ناو سوپای بەدر چالاكترن وەك لە توركمانە سونییەكانی ناو بەرەی توركمانی, عەرەبە شیعە هاوردەكان گورجو گۆڵترن لە عەرەبە سونییەكان,ئێستا بەرەو روی چوار گروپی جیا بویتەتەوە” توركمانی سونی, عەرەبی سونی, توركمانی شیعە, عەرەبی شیعە”, بە چوار ئەجندەی سیاسی جیاجیاوە, چۆن بەسەر ئەم هەمووە دەپەڕێیتەوە بۆ گوڵ.نەك توركمانە سونییەكان بە تەنها ملكەچی فەرمانی بابی عالی دەبن, بگرە توركیا پێشتر نەیهێشت رێكەوتنی كوردو حكومەت بەدی بێت وەك تاڵەبانی رایگەیاند, ئەو لە بۆسەی لەبار بردنی هەموو خەو و خەیاڵێكی خۆشی تۆیە.

دوای دەنگدانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەسەر بەشداریكردن لە ریفراندۆمەكەی كوردستان, كێرڤی نەعرەتەی شەڕی نەتەوەیی چووە سەر, پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی 173 لە كۆی 204 دەنگ, دەنگیان بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق دا بۆ بەرەو روبونەوەی ریفراندۆمی كوردستان, لە 12ی ئەیلول حەیدەر عەبادی پابەندكرا بە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق, واتا چەك شوێنی پەنجە و دیموكراسیەت و دادگای گرتەوە, نەتوانێت دابینی بكات كودەتای بەسەردا دەكرێت, دەوەستێتە سەر ئەوەی چۆن كەڵك لە كێشەی ناوخۆییەكانی كوردستان دەبینێت, ئەمەش لە گەڵ بەرز بونەوەی نەحرەتەی شەڕی نەتەوایەتی كزو لاواز دەبێت, جەمسەر گەری نەتەوایەتی دروستە بێت, نەخێر لێرە دەبێتە سفر, بەڵێش لە بەرامبەر دەبێتە سفرەكەی دی.بارودۆخی ئێستای كورد لەو كاتانەی پێشو جیایە كە بە پێچەوانەی شەپۆڵ مەلەی دەكرد لە هەشتاكان و تەنانەت نەوەدەكان تەنانەت لە حالەتی ینك لە 31ی ئاب, بەوەی هاوپەیمانی ئێرانی هەڵبژاردبوو,هەنووكە كورد لە باشورو رۆژئاوا بەشێكە لە هاوپەیمانی جیهانی, لە بری جیهان شەڕی تیرۆریستان دەكەن, توانیویانە سۆزی شەقامی وڵاتانی رۆژئاوا بەدەست بهێنن,ئەگەر حكومەتەكانیان بەهۆی بەرژەوەندییەوە نەوێرن پشتیوانی بكەن, ئەوا رایگشتی لەگەڵە, ئاخر چۆن وێنەی ئەو كچە نەشمیلە جوانە چەكدارانە لە بیرە كەن, ئەفسانەی داعشیان بەتاڵ كردەوە, ئەو كات هەموو جیهان دژی پان ئیسلامیزمی كۆماری ئیسلامی ئێران بوون, سەیر كەن 200 رۆژ پرۆسەی ئەنفال بەردەوامە بە بەردەم مانگی دەستكردەكانیانەوە, كە تەواوی جموجۆڵە سەربازییەكان و خاپوركاری و بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی وێنە گرتووە وەلێ فزە ناكرێت, تەنانەت ئێرانیش لە هەندێك حالەت بە بەكار هێنانی چەكی كیمیاوی تۆمەتبار دەكەن, تا 3 رۆژ دوایی تەواو بوونی بە فەرمی پرۆسەی ئەنفال لە 6-9-1988 واتا 9-9-1988, ئەمەریكا یەك قسەشی لەسەر ناكات, ئاخر چوونە باوەشی ئێران, وەك چوونە باوەشی ئەژدیهایە, وەلێ ئەمرۆ نەك چاوەروانی سزای رۆژئاوا نین, بەڵكە لە چاوەڕوانی پاداشتیشداین ئەگەر وەفا لە سیاسەتدا بوونی هەبێت بە تایبەت وڵاتانی رۆژئاوا, هەرچەندە پێشتر ئاگادار كراینەوە, كە ئەمەریكا كوردان بە تایبەت لە رۆژئاوا بەكار دەهێنێت و لە كۆتادا خیانەتیان لێ دەكات, لەم قۆناغەدا وێڕای مەلە نەكردن پێچەوانەی شەپۆڵ, هاوكات وەك بەشێك لە گەورەترین هاوپەیمانی لە دژی تیرۆر لە پێشەوەی جەنگدا بووە بە درێژایی سەدان كیلۆمەتر لە خانەقینەوە بۆ عەفرین, وە شەڕكەری سەرەكیشن, لە بیرمانیش نەچێت , جیهانی دوای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی, جیایە لە جیهانی پێش ئەو, واتا قۆناغی دوای ساڵی 2002, ساڵی 2017 ەش , ساڵی بەرەو روبونەوەی كۆمەڵكوژی رۆهینیغاكانی بۆرمایە, وێڕای مەلەی پێچەوانەی تەوژمی پارتەكەیان,وەلێ توانی رایگشتی جیهان بۆ خۆی رابكێشێت,مرۆڤایەتی هوشیارە و بە ئاگایە لە بەرامبەر هەوڵی قڕ كردنی مرۆڤ, ئەو رۆژە نایاتەوە دوای 200 رۆژ قڕكردن دەنگێك بۆ راگرتنی نەبێت, رێگا نادرێت ببینە یەكەم قوربانی ریفراندۆم لە جیهاندا.سەربەخۆیی كورد دیاردەی دۆمینۆز دەخولقێنێت لە ناوچەكە, نەخشەی سیاسی ناوچەكە وەك باڵكان هەڵەوەشێنێتەوە, بۆیە ئەستەمە بە سانایی بهێڵن تێپەڕن.

هەرچەندە ریفراندۆم نە راگەیاندنی شەڕە وەك دەوڵەت باخچەلی دەیڵێت, بەڵكە پرۆسەیەكی مەدەنیانەیە, وەك دەبینین لە عێراق زیاتر ئێران و توركیا نیگەڕانن لە ئەنجامدانی, ئێران لە سێ لاوە بە تەڵەی دەزانێت ” دروستكراوی ئەمەریكا-ئیسرائیل-سعودیە بێت لەوێوە كێشەی بۆ بنێنەوە لە ریگای كوردەكان و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییەوە, كوردەكانی رۆژهەڵات هان بدات بۆ هەمان داخوازی و هەست بە هێزی زیاتر بكەن, عێراق كە بۆتە بەشێك لە ئێران پارچە پارچە بێت,هاوكات توركیاش بەرەو روی سێ مەترسی دەكاتەوە, بۆیە ئەویش بە توندی نەیارێتی, لە باكور و رۆژئاوا كێشەی بۆ دەنێنەوە, بەتایبەت رۆژئاوا لە ئێستادا, پێی دەچێت لە گەڵ ریفراندۆمی كوردستاندا, ئەوانیش لە دووەم رۆژی پایزی گەرمی ئەمساڵ 22-9 كۆمۆنەكەی خۆیان هەڵبژێرن, بیردۆزە سیاسییەكەی ( پۆكچین-ئۆجەلان) بەرنە بواری پراتیكەوە لە خۆبەڕێوەبەری دیموكراسی, هاوكات ئەمانە سەقفی داواكاری لە باكوریش بەرز دەكاتەوە, لە لایەكی كەوە ئەو شارو شارۆچكانەی بە شاری توركمانی دادەنرا وەك كەركوك و پردێ و دوز….

بچنە چوارچێوەی نەخشەی كۆمارە ساواكەی كوردستانەوە, ئەگەر سازش بە ریفراندۆمەوە نەكرا, ئەمەش لە گەڵ خەونی ناسیۆنالزمی توركدا نایاتەوە. هەڕەشەكان توركیا تەنانەت بەو 6 ئاستەنگەی رۆژنامەی ئایدنلیكی پارتی وەتەنی دۆغۆ پەرینچەك رانەوەستان, چونە سەر ” دان نەنان بە دەوڵەتەكە, داخستنی ئیبراهیم خەلیل, كردنەوەی دەروازەی تەلەعفەر, راگرتنی هەناردەی نەوت, دەستگرتن بەسەر كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی پارتی و بارزانی, دەركردنی كەناڵی روداو لە تورك سات” , گەیاندیانە هەڕەشەی شەڕ, وەك رۆژنامەی یەنی شەفەقی نزیك لە پارتی دادو گەشەپێدان(ئاك پارتی)ی دەسەڵاتدار رایگەیاند ” سزای ئابوری, داخستنی سنوری ئاسمانی و زەمینی و دەستێوەردانی سەربازی ” دیاریكردووە بۆ سزادانی حكومەتی سەربەخۆی كوردستان.

ئیكلەر باشبۆغ سەرۆك ئەركانی پێشوی توركیا داوی كرد پەرلەمانی توركیا وەك عێراق ریفراندۆم رەت بكاتەوە, وەلێ ئەمە مەترسی بۆ توركیا دروستە كات, ئەوكاتە شەڕ دەخرێتە ناو پەرلەمانەوە, چۆن هەڵوێستی پەرلەمانی عێراق لیستەكانی نەیاریشی خستە پشت بەڵێوە, لێرەشدا هەدەپ دەخاتە سەنگەری ریفراندۆمەوە بە دوایدا گفتوگۆ لەسەری دەباتە ناو ماڵی خۆیەوە, هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی توركیا پێشوازی لە بڕیاری پەرلەمانی عێراق كرد,وە ئەنجومەنی ئاسایشی توركیا بە سەرۆكایەتی ئەردۆگان كۆبونەوە و بە هەڵەیەكی مێژوییان دایە قەڵەم, وێڕای ئەوەی ئەردۆگان و بنەماڵەكەی قازانجی زۆریان لە هەرێمی كوردستان دەستكەوتووە, وەلێ ناتوانن بێدەنگ بن لە بەرامبەر فشاری نەتەوەییەكان, كە هەنووكە تاكە هاوپەیمانین لە وڵات.هەرچی ئێرانە كە سەركردایەتی بەرەكەی دیكە دەكات”ئێران, عێراق, سوریا” لە ئیمامی جوعمەكانەوە تا ئەوانی دی هەڕەشەی خۆیان كرد, ئەگەر توركیا بەهۆی پەیوەندی رابردووی پارتی بە توركیاوەو بێدەنگی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی وا بكات گومان بخرێتە سەر هەڵوێستی راستەقینەی ئاك پارتی, دیارە من باوەرم بە تیۆری موئامەرە نییە, گومانم لەویش هەیە, ئەوا نەیاری ئێران بۆ ریفراندۆم و ترس لێی وەك موئامەرەی ئەمەریكا-ئیسرائیل-سعودیە هیچ گومانێكیان لەسەر نییە,لێرەدا بەشێك لە هەڵوێستەكانیان دەخەینە روو” چوار مەرجەعی شیعی ( جواد خالصی, شێخ قاسم تائی, فازل بدێری, ئەبو ئەلحەسەن حەمید موقەدەس ئەلغەریقی ) دژ بە ریفراندۆم بەیانامەی هاوبەشیان دەركرد, پێشتریش تەقی مودەرسی و سەرجەم پارتە شیعە گەڕاكان دژی وەستانەوە, ئەحمەد خاتەمی رایگەیاند ئەمە پرۆژەی ئیسرائیلییە, چەندین كەسی دیكەیان رایان گەیاندەوە پرۆژەی ئیسرائیلی دووەمە و داوەكە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێرانە, هاوكات سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران عەلی شامخانی هوشداری لە شەڕی ناوخۆیی كوردستان دەدات, جاری دووەم باس لە داخستنی سنورەكان و هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەكان دەكات”, هەرچی وەزیری دەرەوەی عێراقە ئیبراهیم جەعفەرییە رایگەیاند, ریفراندۆمی كوردستان ئاسایشی ناوچەكە تێك دەدات, دواتر پێ بە پێی كات زمانی هەڕەشەی ئەم پیاوە ئیسلامییە میانەڕەوە توند دەبێتەوە , دێتە سەر هەمان ئاواز و ریتمی هەڕەشەكانی سەدام حوسێن و دەڵێت”پێویستە سەركردەكانی كورد ئامادەی هەر جۆرە سزایەك ببن, لەوە خراپتر بەسەر كورد دێت وەك پێشبینی دەكەن”.

هەموو هەڕەشەی باجی قورسە كەن, باجی قورس زۆر ئەگەر دەگرێتەوە, مزگەوت و حوسێنیەو تەكییە و كۆنفرانسە رۆژنامەنوسیی و بۆنە ئاینی و نیشتمانی و حیزبییەكان بونەتە شوێنی فتوادان دژ بە ریفراندۆمی كوردستان, هەڕەشەی شەڕ لە هەموو لایەكەوە, گەردەلولی رق لە هەرێمەكە هەڵی كردووە, یەكەمجارە كوردستان نیگای وای بكەوێتە سەر, تەنانەت ئەحمەد ئەبو غێس ئەمینداری جامعەی عەرەبیشی هێنایە كوردستان, ئەمە موعجیزە رونەداوەكەی دیبلۆماسیەت بوو, من لێرەدا كۆمەڵێك سیناریۆ دەخەمە روو, وەك پێشبینی كە روبدەن,هەرچەندە قۆناغی دوای سەركەوتنی بەڵێ زەحمەت و مەترسیدارە, مەترسیدارەترە لە پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە, ئاوا سانا نییە وەك باسە كرێت:- لە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم هەردوولا رازی بن بە نێوەندی گەرایی بە زەمانەتی نێو دەوڵەتی, زەمانەتی مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات, هەموو ترسەكان بِڕەوێنێتەوە, باشترە داوای شێوازێكی باڵاتر لە فیدراڵیەت بكرێت, وڵاتانی ئەمەریكاو هاوپەیمانانی و ناوچەكەو رۆژئاواش قازانجیانە, ئەم رێكەوتنە ببێتە لەمپەرێك لەبەردەم كۆتا هەنگاوی عێراق بۆ بوونی بە وڵاتێكی ئیسلامی شیعە, ترسەكە بوونی هەیە, تازە قوتابخانە لە بەرتەلە بەناوی ئیمام خومەینی دەكرێتەوە, ئەگەریش زەمانەتی سەربەخۆیی و ریفراندۆم كرا, بۆ 20 ساڵی ئایندەش بێت قازانجە بەو مەرجەی ببردرێتە نەتەوە یەكگرتووەكان.
– ئەگەر بەهۆی بارگرژییەوە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم, ریفراندۆم لەو دەڤەرانە نەكرا, بەتایبەت كەركووك, یاخود ریفراندۆم كرا لەماوەی نزیكدا سەربەخۆیی رانەگەیەنرا, لە هەردوو حالەتەكە بە شكستی پرۆسەكە كۆتایی دێت.
– ریفراندۆم كرا بە دەنگی زۆری بەڵێ سەركەوت, یەكسەر ئیعلانی سەربەخۆیی كرا, لێرەدا بەرەو روی كۆمەڵێك ئەگەر دەبینەوە:- پەلاماری سەربازی بۆ سەر كوردستان و بەرەو روبونەوەی چەكداری, بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی كە رێوشوێنی ئەنجامدانی ریفراندۆمی راگرت, ئەو ترسەی ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا هەیانە, بەمەش سەقامگیری ناوچەكە بەتەواوی تێك دەچێت, بۆیە وڵاتانی رۆژئاوا رێگا بەم سیناریۆیە نادەن,. ئێران هێز بەكار بهێنێت دەكەوێتە تەڵەوە , وەلێ توركیا دەست كراوەتر دەبێت بە تایبەت بە بەهانەی كەركوك و ئەو ناوچانەی توركمانی تێدایە ئەگەر بارگرژی دروست بێت.

1- ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ و هاتنی هێزی ئاشتی پارێز بۆ ناوچەكە, دەركردنی بڕیاری مرۆڤ دۆستانە لە نەتەوە یەكگرتووەكان, ئەمەش مانەوەی قەوارەكە بۆ كاتێكی نادیار مسۆگەر دەكات.
2- بەرەو رونەبونەی پەلاماری سەربازی و ئەنجامدانی كۆچی بە كۆمەڵ لەبەرامبەر پەلامارەكان, وەك رۆهینجینەكانی بۆرما, هەژاندنی بیروڕای گشتی جیهان, كە شەقام لە گەڵ كوردایە, لە بەرامبەر ئەو پەلامارانە, بە دوایدا وڵاتانی رۆژئاوا هەڵوێست وەرە گرن و پارێزگاری هاووڵاتیان دەكەن, قەوارەكە دەپارێزرێت.
3- هەوڵبدرێت لە رێگای نەیارانی سەربەخۆیی كوردستانەوە, بە تایبەت لە شاری كەركوك, كێشە دروست بكرێت, لە رێگای كێشەكانەوە هێز بجوڵێنرێت , ئەمە خراپترین سیناریۆیە, دەیانەوێت لە رێگای تەڵەی توندو تیژییەوە پەلاماری سەربازی بدەن, وردە شەڕی سوپایی ئاساییە زوو دەتوانرێت بكوژێنرێتەوە , وەلێ شەڕی نەتەوایەتی لە ناوچە سنورییەكان مەترسیدارە , نابێت رێگای پێ بدرێت , بكەونە ناو بۆسەی بوون بە بەشێك لەو شەڕە, ئاساییە هەندێك ناوچە وەك ناوچەی كێشە لەسەر بەجێ بهێڵرێت, نمونە لەسەر ئەمە لە سودان ناوچەی ئەبی دەوڵەمەند بە نەوت , ناوچەكانی دبە فەخار, حبل مقینص,كاكا تجاریا,كافی كنجی ……
4- سەپاندنی ئابلوقەی ئابوری بەسەر كوردستاندا لە هەر چوار لاوە, ئەم سیناریۆش تا سەر بڕ ناكات, لۆبی كوردی وەك ساڵی 1991 نییە, دەكرێت ئابلوقەكە تێك بشكێنرێت, یاخود لە حالەتی جیابونەوەی سونییەكان بە دوای كورددا” ئەگەر سپۆنسەری ئەم پرۆسەیە وڵاتانی كەنداو بن” بە سانایی دەتوانرێت كوردستان لە رێگای ئوردنەوە بگەیەنرێتە دەرەوە , ئەگەر توركیا لەسەر سەركێشی خۆی بەردەوام بێت, تەحەمولی زیای ئابلوقەكە بكات, لێرەدا ئەگەر ئابلوقە چڕ و درێژخایەن بوو, پرسیار ئەوەیە دەتوانین وەك كۆرییەكان بە گیا خواردن بەرەو روی ئابلوقەی ئابووری ببینەوە؟
5- لە بەرامبەر ئابلوقەی ئابوری وڵاتان, كوردیش بەرامبەر بە عێراق و وڵاتانی ناوچەكە” دەروازە سنوری, ئاو , ئاسمان, نەوت و گازو كانەكان و پەیوەندی بازرگانی هەیە “.6- لە هەموو حالەتەكان كە زانرا ئیتر كوردستان بەشێك نییە لە عێراق, بەڵگەنامەكانی هاووڵاتیانی كوردستان و دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم لە لایەن عێراقەوە پەك دەخرێت, هاووڵاتیان لە هەموو ماف و خاوەندارییەك دادەماڵێنرێن, ئەوكات هاووڵاتیان خاوەند هیچ بەڵگەنامەیەك نابن.لە كۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم لە كۆی 108 ریفراندۆم لە 171 ساڵی رابردوودا كە لە جیهان ئەنجامدراوە, دەشێت كورد ببێتە یەكەم شەهید و قوربانی ریفراندۆم لە مێژووی مرۆڤایەتی؟؟؟, ئەمجارە سنورەكانیش داڵدەمان نادەن, هەموو سنورەكان دەبنە دوژمن, با بەورییاوە مامەڵە بكەین.

Previous
Next
Kurdish