Skip to Content

گوڵاڵە و هەڵاڵە …. نووسینی: رەزا شوان

گوڵاڵە و هەڵاڵە …. نووسینی: رەزا شوان

Closed
by ئه‌یلول 23, 2017 General, Kids Literature

چیرۆک بۆ منداڵان..

لە باشووری کوردستان، لە شاری خانەقینی قەشەنگ و جـوان، لە کۆڵانی گەڕەکێکدا، دوو کچـۆلەی جوانکیلە و رووخۆش و لێوبەخەندە هەبوون، ناویان گـوڵاڵە و هـەڵاڵە بوو؛ هەردووکیان لە ساڵێک و لە مانگێکدا و لەو گەڕەکەدا لە دایکبوون، تەنیا پێنج ماڵیش کەوتووبوونە نێوان ماڵەکانیانەوە، دراوسێتییان زۆر خۆشبوو.
هەر لە منداڵییەوە، گوڵاڵە و هەڵاڵە یەکتریان زۆر خۆشدەویست، پێکەوەوە یارییان دەکرد، دوو هاوڕێی دڵسۆز بوون، پێکەوە چوونە باخچەی منداڵان، پێکەوەش چوونە قوتابخانەی بنەڕەتی، هەردووکیان لە پۆلێکدا دانران. هەردووکیان زیرەک و وریـا و ژیر بوون، بە زۆریش پێکەوە کۆششیان دەکرد.

گوڵاڵە و هەڵاڵە بەیانیان پێکەوە دەچوون بۆ قوتابخانە، پێکەوەش دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە، تەنانەت لە پشووەکانی نێوان وانەکانیشدا، لە گۆڕەپانی قوتابخانەکەیان دا، پێکەوە دەسووڕانەوە. بۆیە هاوڕێ قوتابییەکانیان ناویان لێنابوون” دوانەی قوتابخانە”.
گوڵاڵە و هەڵاڵە گەیشتنە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی، لە خشتەی وانەکانی پۆلەکەیان دا، هەموو سێ شەممانێک، وانەی یەکەم وەرزشیان هەبوو، سێ شەممەیەک لە وانەی وەرزش دا، مامۆستای وەرزش بۆ یاریکردنی تۆپی پێ، پۆلەکەی کرد بە دوو تیپەوە، (تیپی سیروان) و (تیپی ئەڵوەند)، گوڵاڵە کەوتە تیپی سیروان و هەڵاڵەش کەوتە تیپی ئەڵوەندەوە. یاری دەستی پێکرد، وا رێکەوت تۆپەکە کەوتە نێوان گۆڵاڵە و هەڵاڵەوە، هەردووکیان هێندە بە گوڕ و تاو بۆ تۆپەکە چوون، سەریان بە قایمی بەری یەکتری کەوت و کەوتن، ئازاریان پێگەیشت، مۆڕەیان لە یەکتری کرد و یەکتریان بە خەتابار دەزانی، لە یەکتری زویربوون، ئەوە یەکەمین جار بوو کە لە یەکتری زیزبن.
ئەو رۆژە وەکو رۆژانی پێشوو، لە پشووەکاندا پێکەوە نەسووڕانەوە، پێکەوەش نەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە. دڵتەنگی و خەمبارییەکی زۆریشیانان پێوە دیاربوو.
کە گوڵاڵە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، دایکی هەستی کرد کە شتێک رووی داوە، چونکە گوڵاڵە رەنگی سروشتی نەبوو، وەکو رۆژانی تریش لێوبەخەندە نەبوو. دایکی هەرگیز بیری بۆ ئەوە نەدەچوو، کە گوڵاڵە و هەڵاڵە لە یەکتری زیزبووبن.

دایکی: گوڵاڵە گیان، ئاسایی نایەیتە بەرچاوم، شتێک بووە؟
گوڵاڵە: نا دایکە گیان، کەمێک ماندووم، نیگەران مەبە.
هەر بەم شێوەیەش، دایکی هەڵاڵەش، هەستی بەوە کرد، کە هەڵاڵە خەمبارە.

دایکی: هەڵاڵە گیان، بۆ وا رەنگت هەڵبزڕکاوە؟ خەمبار دیاری، چی رووی داوە؟
هەڵاڵە: دایکە گیان، وەرزشمان کرد، هیلاک بووم.
ئێوارەی هەمان رۆژ، گوڵاڵە لە ژوورەکەیدا، لەبەر خۆیەوە: خۆ نە خەتای من و نە خەتای هەڵاڵەش بوو، ئەویش وەکو من ئازاری پێگەیشت، ئەی بۆ لەو کاتەدا کەسمان داوای لێبووردنمان لە یەکتری نەکرد؟ ئەی مامۆستا لە سەرەتای ساڵدا سوێندی نەداین، کە پێویستە بە رووحێکی وەرزشییەوە یاری بکەین و لە یەکتری ببوورین؟ کەواتە زیزبوونی ئێمە بە پێچەوانەی رووحی وەرزشییەوەیە. چۆن دەبێت من و هەڵاڵە پێکەوە نەچین بۆ قوتابخانە و پێکەوە نەگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە؟ هەر ئێستا لەگەڵ دایکم دا دەچین بۆ ماڵیان و داوای لێبووردنی لێدەکەم.
هەر بە هەمان هەست، هەڵاڵەش لەبەر خۆیەوە: خۆ من و گوڵاڵە لە هـاوڕێ زیاترین، ئێمە خۆمان بە دوو خوشکی دڵسۆزی یەکتری دەزانین. چۆن دەتوانین بەبێ یەکتری هەڵبکەین؟ چۆن خەوم لێدەکەوێت گەر هەر ئەم شەو ئاشت نەبینەوە؟ هەر ئێستا لەگەڵ دایکم دا دەچین بۆ ماڵیان، داوای لێبووردنی لێدەکەم و ئاشت دەبینەوە.
بێ ئەوەی کە هیچ لایەکیان ئاگایان لە کاتی درچوونی یەکتری بێت، گوڵاڵە و دایکی، هەڵاڵە و دایکی، لە هەمان کات دا، بە نیازی چوون بۆ ماڵی یەکتری لەماڵ دەرچوون؛ پانزە هەنگاوی مابوو کە بە یەکتری بگەن، گوڵاڵە و هەڵاڵە بەرەو پیری یەکتری رایان کرد و باوەشیان بە یەکتری دا کرد، بە گەرمی تێر یەکتریان ماچکرد، داوای لێبووردنیان لە یەکتری کرد. بەڵێنیشیان دا، کە هەرگیز زیزبوونیان دووبارە نابێتەوە.
ئەم دیمەنە جوانەیان، شادی و خۆشییەکی زۆری خستە دڵی دایکی هەردووکیانەوە.

نەرویـج: ٢٠١٧

Previous
Next
Kurdish