Skip to Content

رەتکردنەوەی ریفراندۆم لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە، رەتکردنەوەی ئیرادە و بریاری خەڵکی کوردستانە!

رەتکردنەوەی ریفراندۆم لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە، رەتکردنەوەی ئیرادە و بریاری خەڵکی کوردستانە!

Closed
by ئه‌یلول 23, 2017 General

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوەیەکگرتووکان، لە بەیاننامەیەکدا کە٢١ سێپتەمبەر بڵاوبۆتەوە ریفراندۆمی هەرێمی کورستان رەتدەکاتەوە. هۆکاری رەتکردنەوە ریفراندۆم بۆئەوە دەگێرێتەوە کە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش رێز لەسەروەری و یەکپارچەیی و یەکگرتوویی عێراق دەگرن، هەروەها ئەنجامدانی ریفراندۆم بە زیان بۆ جەنگ لەدژی داعش لەقەڵەم دەدات. لەبەرامبەر رەتکردنەوەی ریفراندۆمیشدا بەدیلی گفوگۆ لەگەڵ بەغدا و پاڵپشتی خۆیان بۆ گفتۆگۆکە دەردەبڕن.

ئەنجومەنی ئاسایش، لە کاتێکدا دەیان و سەدان کارەساتی سیاسی و ئینسانی و حقوقی ئەم سەردەمە دەبینێت، درندەیی و هەوسارپچراوی دەیان دەوڵەتی تائەنیشک بەخوێن سور بووی ئینسان دەبینێت، کارنامەی رژێمە درندەکانی ئەمریکای لاتین و ئەفریقیا و ئاسیا دەبینێت، زیاد لە حەوت دەیە درندیی دەوڵەتی ئیسرائیل لەبەرامبەر بەخەڵکی فەلەستین دەبینێت، چەندین دەوڵەتی لەچەشنی دەوڵەتی سعودیەی دیلکردنی هاوڵاتیەکانی دەبینێت، دەیان دەوڵەت دەبینێت کە خەریکی پاکسازی قەومی و تایفی و دینین، تەنانەت دەوڵەتی بەناو عێراق دەبینێت و بینی کە چۆن جەنگی تایفی بەهەزاران ئینسانی لەبەین برد. لەسەر هەموو ئەمانە ئەم ئەنجومەنە نقەی نەهات و نایەت. لەو جێگایەش ئەگەر لەژێر گوشاردا، بریارێكی دەرکردبێت، لەسەر رەفە دانراوەو پشتگوێخراوە. هەروەها ئەم ئەنجومەنی ئاسایشە، لەبەرامبەر بەدەیان کارەسات و مەرگەساتی ئینسانی خەڵکی کوردستاندا، لە قڕکردن، ئەنفال و کیمیاباران، سوتماککردنی دەیان دیهات و شارۆچکە، راگواستن و کاوڵکاری و ئاوارەیی… تا دەگاتە کوشتار و ئیعدامی هەزاران ئینسانی سیاسی و نەیار بە رژێمی پێشووی بەعس… دیسان نوزەی لێوەنەهات و بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی چاوی لەو هەموو قوربانیانە، پۆشی. کەچی ئەمرۆ لەبەرامبەر بە ریفراندۆمی خەڵکی کوردستاندا، بۆ بریاردان لەسەر ئایندەی سیاسی خۆیان لە پرۆسەیەکی باو و دانپیانراوی دنیای فەرمی و گشتیدا، دەوەستێتەوە و بەخێرایی دێتە دەنگ.

پاساوی یەکپارچەیی و سەروەری عێراق، دەکەنە پاساو لەکاتێکدا باش دەزانن سەروەری عێراق درۆیەکی گەورەیەو ئێران هێزی سەرەکی بڕیارە لە عێراق و ئەوانەی حکومەت بەڕیوەدەبەن، گوێرایەڵی ئەو رژێمەی سەنگسارو سێدارەی ئێرانن و دەستێوەردانی دەیان دەوڵەت و تاقم لە عێراقی خاوەن سەروەریدا!! دەبینن. وە باش دەزانن عێراقی یەکگرتوو لەراستیدا چەند پاڕچەو شەقار شەقارەی قەومی و دینی و تایفییە، لەسەر بنەمای ئەو فیدرالیزمەی کە هەر ئەم ئەنجومەنی ئاسایشە، مۆری تەئیدی لێداوە. گشت ئەم دۆخە کارەساتبارەی عێراق و لەتوپەت بوونی ئەم کۆمەڵگەیە کە هەر ناوچەیەکی گرفتاری دەستی تاقمێک چەکداری قەومی تائیفین، ئاکامێکی راستەوخۆی جەنگی کۆنەپەرستانە و ملهوڕانەی ئەمریکای ئەندامی هەمیشەیی ئەم ئەنجومەنە دژی ئاسایشەی دنیایە.

باسی جەنگ لەدژی داعش پاساوێکی ترە، لە کاتێکدا دنیا شاهیدی ئاشکراو گەواهی دەری هەموو ئەو دەوڵەت و لایەنانەیە کە بە ئاشکرا لە پشتی داعشن و ئەنجومەنی ئاسایشیش، لەبەرامبەریان بێدەنگە. وە دنیا شاهیدی حەشدی شیعی” حەشدی شەعبی” یە، کە لەسەر بنەمای تایفی و بەوێنەی بەشێک لەسوپای قودسی ئێرانی پێکهێنراوەو داعشی ناوخۆی عێراق و ناوچەکەیەو هێزیکی درندەیی داعشییە.
پاساوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ رەتکردنەوەی ریفراندۆم، هێندە پوچ و بێ بەهان، کە پوچی و بێ بەهایی ئەنجومەنی ئاسایش نیشان دەدات. ئەو ئەنجومەنە بێ موراڵ و بێ پرانسیب و دووڕووە، لەبەرامبەر بە گرتنەبەری رێگای ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، بانگەوازی گرتنەبەری دانوستاندن و گفتوگۆ دەکەن لەگەڵ دەسەڵاتێکی عروبی و ئیسلامی، وابەستەی ئێران.

ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایش، و ئەحزابێکی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لایان وایە ریفراندۆم دەکرێت ببێتە کەنالێک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەسەر هاوبەشێتی سیاسی و پۆست و داهات، وە ئەگەر بزوتنەوەی کوردایەتی دەستبردنی بۆ ریفراندۆم لە ژێر ناوی پابەند نەبوونی بەغدا بە رێکەوتننامەکان گرتۆتە بەر، بەڵام بۆ خەڵکی کوردستان و بەرەی ئازادیخوازو ئینساندۆستی، ریفراندۆم نە بۆ سەفقەی سیاسییە، نە بۆ گفتوگۆیە لەسەر پۆست و داهات، بەڵکو ریفراندۆم بۆ رەتکردنەوەی فیدرالیزمی قەومی و بەزۆر لکاندنەوەی کوردستانە بە عێراقی عروبی قەومی و ئیسلامیەوە، وە رێگایەکە بۆ بریاردان لەسەر ئایندەی سیاسی خۆیان بەدەستی خۆیان.

ئەوانەی دڵیان خۆشەو شاگەشکەی بریاری ئەنجومەنی ئاسایش و رەتکردنەوەی ریفراندۆمن لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی تری دنیا و ناوچەکە… و چاوەروانی شاباشی ئەو هەڵوێستەیانن دژی بریاری خەڵکی کوردستان، نەک هەر هەڵویستێکی ناتەندروستیان گرتۆتە بەر، بەڵکو هاوکات بەشێکی پەیوەندی بە دنیابینی ئەوانەوە هەیە کە جووتە لەگەڵ سیاسەتی نا ئینسانیانەو نابەرپرسانەی ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی ناو ئەو ئەنجومەنەو سیاسەتی دەبڵ مۆراڵی و بەرژەوەند خوازیان.
بریاری ئەنجومەنی ئاسایش بۆ رەتکردنەوەی ریفراندۆم، بەشێکە لەهەمان ئەو سیاسەتەی بێدەنگی هەڵبژارد لەبەرامبەر تاوانە بێ كۆتاکانی بەعس لەبەرامبەر خەلکی کوردستاندا. وە سیاسەتێکە لە درێژەی سیاسەتی ملهوارنەی جەنگی کەنداو و کارەساتەکانی دەرهاویشتەی ئەو جەنگ و سیاسەتە و بریاری وەستانەوەیە بەرووی ئیرادە نواندنی خەڵکی کوردستاندا.

رەتکردنەوەی ریفراندۆمی خەڵکی کوردستان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە، هیچ رەوایەتیەکی سیاسی و یاسایی و حقوقی نییە و تەواو نائینسانی و پێچەوانەی پرانسیبی هەڵبژاردنی ئازادانەی بریاردانی ئایندەی سیاسی هاوڵاتیانە بەدەستی خۆیان. وەستانەوە پشتگوێخستنی ئەم داوایەی ئەنجومەنی ئاسایش و سازدانی ریفراندۆمێکی ئازادانە و شەفاف نەبەردێکە کە دەتوانێ مۆری سەرکەوتنی ریفراندۆم لە دنیای شارستانی سەردەمدا بکاتە راستیەکی مێژوویی.
رەتکردنەوەی سیاسەتی بەرژەوەندی خوازانەو دژی ئینسانیانەی ئەنجومەنی ئاسایش، رەتکردنەوەی رێگای سات و سەودا لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی دەستهەڵگرتن لە ریفراندۆم، بە مانای پشتوانی کردنە لە ویست و خواستی رەوای خەڵکی کوردستان بۆ بریاردانی ئازادانەیان بۆ دیاریکردنی ئایندەی سیاسی خۆیان بەدەستی خۆیان، سور بوون لەسەر ئەم ئیرادەیە دەتوانێ هێزێکی زۆر گەورەی کۆمەڵایەتی و ئینسانی لە ناوچەکەو دنیادا بکاتە پشتیوانی خۆی، کە ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی نەیاری ریفراندۆم لە دنیاو ناوچەکە، دەبێ سەری تەسلیم بوونی بۆ دانەوێنن و دان بنێن بە ئیرادەی وەگەرکەوتوی خەڵکی کوردستاندا.

ئێمە لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوە… بەیانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ رەتکردنەوەی ریفراندۆم، بە سیاسەتی بەرگری لە دەوڵەتی پشت بەستوو بە هەڵاواردنی قەومی و دینی و تایفی و کرێگرتە عێراق و وەستانەوە بەرووی ئیرادەی خەلکی کوردستان دەزانین. بۆیە بانگەوازی خەڵکی کوردستان و بەرەی ئینساندۆست و ئازادیخوازی کوردستان دەکەین… هێزی خۆیان نمایش بکەن، چ بە وەستانەوەی خێراو نارەزایەتی دەربرین بەرووی سیاسەتی ئەنجومەنی ئاسایش و چ بە بەردەوامیدان بە پرۆسەی ریفراندۆم و ئەنجامدانی ریفراندۆمێکی ئازادانەو شەفاف لە کوردستاندا، بۆ دیاریکردنی ئایندەی سیاسی خۆیان بەدەستی خۆیان. ئیرادەنواندنێکی ئاوا دەتوانێ نەخشی زۆر گەورە لەسەر ئایندەی کوردستانی جیابووەوە لە عێراق و جۆری دەوڵەتی داهاتوو هەبێت.

بۆپێشەوە
٢٢ سێپتەمبەری ٢٠١٧

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish