Skip to Content

کورتەنامەی شیعریی بەشی شەشەم … فەتاح حەسەن

کورتەنامەی شیعریی بەشی شەشەم … فەتاح حەسەن

Closed
by ئه‌یلول 23, 2017 General, Poems

لەبەر باران مەگریێ
باران..
فرمێسکەکانت، دەشواتەوە
گەر فرمێسکەکانت
شۆرایەوە
گوناهەکانت، ناوەرێن
بەتایبەتیی.. گوناهی
شکاندنی، دڵی من.
***
ئەمن، چپەی ئیشق و
خوڕەی ئاوم لەلاخۆشە.
ئەتۆش خرینگە خرینگی بازن و
هاڕەی هەیاسە
وەی لە تۆ .. وەی!!
***
تەنیاییم
گڕ بەردەدات لەتۆ
گڕ بەر دەدات لەخۆم
وای کە تەنیام.
***
وتم بڕۆم ئێرە جیبهێڵم
بەڵام ناڕۆم
بێ تۆ .. بۆ کوێ بڕۆم ؟
لەخاچمدەن، وەکو مەسیح
ئەمن .. ئێرە جێناهیڵم.
***
بێجگە لەتۆ، کێ حەدیی هەیە
لەگەڵ تیشکی خۆردا بێتەخوارێ و
سوکنایی بدات،
بە دڵەی ساردوسڕم.
***
ئەستێرە و مانگ، دەزانن
ئەمشەو مەعشوقەکەی من دێت
نازانم
سنگی ئاسمان، بۆ جێناهێڵن .. بۆ ؟!
***
تامزرۆم بۆ ماچێکت
هێندەی تامزرۆی
تووشبوویەك بە شەکرە ..
بۆ کڵۆیەك شەکر.
***
ئیشق دارەبەن بێ
زەمەن تەشوێ یە
چەند حەزدەکەم
من ( کوچەڵە )* بم و
ئەتۆش بنێشت.

*کوچەڵە: کاتی بنێشت کردن بە تەشوێیەك یا قەڵەمبڕێکی تیژ دارە بەن لەباری درێژیی بریندار دەکرێت ( قڵیشێک ) ی تێدەکرێت لە کۆتاییەکەیدا هێندەی لالەوێچێك بە قوڕ دەیگرن ( کوچەڵە )، پاش بریندارکردنی دارەبەنەکە شلەیەکیی پیادادێتە خوارەوە و لە کوچەڵەکەدا کۆدەبێتەوە، پێیدەوترێت بنێشتە تاڵ، پاش خۆشکردنی لە کوردەواریدا پێیدەوترێت بنێشتی کوردی.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish