Skip to Content

بارزانی تکایە وابکە، خەڵکینە تکایە وامەکەن … شێرکۆ کرمانج

بارزانی تکایە وابکە، خەڵکینە تکایە وامەکەن … شێرکۆ کرمانج

Closed
by ئه‌یلول 23, 2017 General

سێ ڕۆژ ماوە بۆ دەنگدان لە ڕیفراندۆمێک کە تێیدا ڕای خەڵکی کوردستان وەردەگیرێت لەسەر مانەوە لە عێراق یان هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی. خەڵکی کوردستان لە دۆخێکدا دەژین کە یان دەبێت ڕیفراندۆم دوابخرێت‌ وەک ئەوەی کە خەڵکانێک لە کوردستان‌ هاوتای ئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و نەتەوە یەکگرتوەکان‌ داوایدەکەن، یان لە ٢٥ ی ئەیلول دەنگ بە بەڵێ یان نەخێر بۆ مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق بدەن. ئەم بابەتە هەوڵدەدات بەکورتی شرۆڤەی هەردوو ئەگەرەکە بکات‌و پێشنیاز بخاتەڕوو.

بارزانی تکایە وابکە

سەرەڕای ئەوەی کە کەم کەس ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەو گفتوگۆیانەن کە لەنێوان سەرکردایەتی کورد لەلایەک‌و نوێنەرانی ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکان لەلایەکی دیکە ئەنجامدران‌‌و کەس بەتەواوی نازانێت ئەو گەرەنتیانەی کە بە کورد دراون چین، بەڵام ئەگەر گەرانتییەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان زەمانەتی گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان‌ دەکەن یان لانیکەم بێدەنگی لە باڵادەستی کورد دەکەن لەو ناوچانە لەگەڵ زەمانەتکردنی سەرپەرشتیکردنی دانوسانەکان لەنێوان حکومەتی هەرێم‌و حکومەتی مەرکەزی بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان تادەگاتە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق‌و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای کۆنفێدراڵی، ئەوە واچاکە کە سەرکردایەتی کورد ڕیفراندۆم دوابخات‌و لەگەڵ بەغدا بەسەرپەرشتی ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکان دانوسان دەستپێبکات.

ڕاشناڵەکانی (هۆکارەکانی) پشت داوای دواخستنی ڕیفراندۆم ئەمانەن:

یەکەم، زەمانەتکردنی شەرعیەتی نێودەوڵەتی بۆ پرسی کورد لە عێراق‌و دەرهێنانی پرسەکەیە لە قاوغە لۆکاڵییەکە‌و بەرزکردنەوەیەتی بۆ سەر سەحنەی نێودەوڵەتی. ئەوەش بەتەرەفکردن‌و تێوەگلانی نەتەوە یەکگرتەوەکان‌و ئەمریکا لە دانوسانەکانی نێوان عێراق‌و هەرێم دێتەبەرهەم.

دووەم، وەک ئاگادارین کە تەواوی دنیا بەشێوەیەک لە شێوەکان دژایەتی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەرخستوەو کەم تا زۆر چوونەتە بەرەی عێراق. ڕازیبوونی کورد بە داواکانی ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو هێزو لایەنانە ئەگەر نەشهێنێتەوە بەرەی کورد ئەوە بێلایەنیان دەکات.

سێیەم، سووربوونی کورد لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێک کە مولزەم نیە دەیخاتە بارودۆخێک کە وەک تەرەفێکی بێپشتیوان لەگەڵ عێراق دانوسان بکات، ئەوە ئەگەر عێراق هەر ڕازیبێت کە دوای ڕیفراندۆم دانوسان لەگەڵ هەرێم بکات. بەبێ دانوسانیش لەگەڵ عێراق پرسی جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق‌و دانپێنان هێندەی دیکە ئاڵۆزو سەخت دەبێت.

چوارەم، ئەگەر کورد بەڕەزامەندی ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکان بچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ عێراق، ئەوە لە بارودۆخێکدا دەچێتە گفتوگۆ کە “ڕیزی سوارە” چونکە باڵادەستە لە ناوچە دابڕاوە دەوڵەمەند بە نەوتەکان، هاوکات، پشتیوانی ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکانیشی بۆ سەرپەرشتی گفتوگۆکان مسۆگەرکردوە.

پێنجەم، پێشبینی ئەوە دەکرێت کە دانوسانەکان درێژە بکێشن، چەند دانوسانەکانیش درێژە بکێشن ئەوە بەبنەما لەسەر سیاسەتی ئەمری واقع مانەوەی ناوچە دابڕاوەکان لەژێر دەسەڵاتی کورددا مسۆگەرتر دەبێت.

شەشەم، ئەگەری زۆرە کە عێراق نە لە ئێستاو نە لە دواڕۆژێکی نزیکیشدا ڕازی بێت بە داواکانی کورد لە، بۆنمونە، گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان، زامنکردنی بودجەی پێشمەرگە، قەبوڵکردنی یاسای نەوت‌و گاز، بەکۆنفیدڕاڵکردنی عێراق. ئەگەر عێراق ئەمانە نەکات ئەوە ئەوکات شەرعیەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێت وەربگیرێت.

حەوتەم، ئەگەر عێراق بە داواکانی کورد، ئەوانەی لە خاڵی شەشەم ئاماژەیانپێکرا، ڕازیبوو، ئەوە کوردستان بەحوکمی دابینکردنی مافەکانی‌و بەکۆنفیدڕاڵبوونی هەرێم لەڕووی سەروەرییەوە هاوتا دەبێت لەگەڵ عێراق‌و هەر کاتێک حەزبکات دەتوانێت جیابێتەوە.
بۆیە تکا لە مەسعود بارزانی دەکەم کە وابکات‌و ڕازی بێت لەسەر دواخستنی ڕیفراندۆم.

خەڵکینە تکایە وامەکەن

زۆربەی ئەوانەی کە ڕەخنەیان لە ڕیفراندۆم‌و میکانیزمەکانی هەبوو بەگشتی ڕەخنەو سەرنج‌و نیگەرانی‌و ترسەکانیان لە سێ خاڵدا دەکرێت کۆبکرێنەوە، کە ئەمانەن:
یەکەم، دەبێت ڕیفراندۆم ناوچە دابڕاوەکان بگرێتەوە، کە ئێستا واپێدەچێت ڕیفراندۆم ئەو ناوچانەش بگرێتەوە. دیارە تائێستاش ئەو گومانە بەتەواوی نەڕەویتەوە چونکە ئامادەکاریی لەو ناوچانە بەتەواوی نەکراوە بەڵام با گریمانی ئەوە بکەین کە ڕیفراندۆم ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە. خۆ ئەگەر ڕیفراندۆم لە ناوچە دابڕاوەکان نەکرێت ئەوە تەواوی داواو قسەکانی ئەم بابەتە بەتاڵدەبنەوە.

دووەم، دەبێت ڕیفراندۆم شەرعیەتی یاسایی هەبێت. بۆ ئەمەیان چەند ڕۆژێکە دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان بەکرچوکاڵی، ڕیفراندۆمیش شەرعیەتێکیی کرچوکاڵی وەرگرتوە.
سێیەم، دەبێت ڕیفراندۆم بکرێت بە بڕیارێکی مولزەم (binding) واتە لەدوای ڕیفراندۆم ئەگەر دەنگی بەڵێ بردیەوە دەوڵەت ڕابگەیەنرێت. سەرکردایەتی کورد ماوەیەکە دەڵێت ڕیفراندۆم ئامرازەو سەربەخۆیی ئامانجەو ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییە، ئەگەر کەسێک گومانیشی لەو قسەیە هەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی لە وڵاتانی دەوروبەرو تەواوی دنیا وەک بڕیارێکی مولزەم تەماشای ڕیفراندۆم دەکرێت‌و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بۆیە ئێستا، وابێت یان وانەبێت، ڕیفراندۆمەکە زیاتر وەک ڕیفراندۆمێکی مولزەم دەردەکەوێت.
بەکورتی، سەرەڕای ئەوەی کە بەگشتی هیچ کام لەو پێشمەرجانەی کە ڕەخنەگرەکان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەیانبوو، بەدینەهاتون، کەچی واپێدەچێت ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت‌. بۆیە ئەگەر ئەنجامدەرانی ڕیفراندۆم هەر سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە، ئەوە واچاکە خەڵکی کوردستان لە ڕۆژی دەنگدان بە بەڵێ دەنگ بدەن. هۆکاری پشتیوانیکردنم لە دەنگی بەڵێ سێن، هۆکارێکی زاتیی‌و دووانی بابەتیی:

یەکەم، ئەگەر لەم ساتە وەختەدا پرسیارم لێبکرێت داخۆ دەتەوێت لە عێراق بمێنیتەوە یان دەتەوێت کوردستان ببێت بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، ئەوە من ناتوانم بڵێم دەمەوێت لە عێراق بمێنمەوەو نامەوێت کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

دووەم، دەنگدان بە نەخێر واتە مانەوە لە عێراقێکی مەزهەبیی-شیعیی کە دەیان ساڵ لەدوای کوردستانە لەزۆر بوار، لەوانە: ئازادی تاکە کەس، یەکسانی ژن‌و پیاو، ئازادی دین‌و بیروباوەڕ، یەکسانیی‌و پێکەوەژیانی نەتەوە‌و ئایینەکان… هتد.

سێیەم، بۆ تێپەڕاندنی ناسیونالیزم دەبێت ناسیونالیزم تێربکرێت، واتە تەشەبوعبکرێت. ناسیونالیزم تەنیا بە دامەزراندنی دەوڵەت دەکرێت کزبکرێت‌و تێپەڕێنرێت. لەدوای تێپەڕاندنی ناسیونالیزم پرسە گرنگەکانی دیکەی کۆمەڵگە دەبنە پرسی سەرەکی خەڵک، وەک یەکسانی‌و عەدالەتی کۆمەڵایەتی‌و ئازادی. تا کورد دەوڵەتی نەبێت ئەم پرسگەلە گرنگانە لەلایەن خەڵک بەگشتی‌و نوخبەی سیاسی بەتایبەتی، بە ئانقەسەت یان بەڕاستی، بەقوربانی پرسە نەتەوەیی‌و ناسیونالیستییەکان دەکرێن.

بۆیە ئەگەر ڕیفراندۆم ئەنجامدرا لەسەر سندوقەکانی دەنگدان سەرەڕای ڕەخنەکان، سەرنجەکان، نیگەرانییەکان، مەترسییەکان دەنگ بە بەڵێ بدەن چونکە مەترسییەکانی بردنەوەی نەخێر زۆر لە مەترسییەکانی بردنەوەی بەڵێ گەورەترو زۆرترن. لەبەرئەوە دەڵێم خەڵکینە تکایە وامەکەن، نەکەن بە نەخێر دەنگ بدەن.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish