Skip to Content

دوای نەوشیروان مستەفا گۆڕان بەرەو کوێ؟ …. نەوزاد جەمال

دوای نەوشیروان مستەفا گۆڕان بەرەو کوێ؟ …. نەوزاد جەمال

Closed
by ئه‌یلول 26, 2017 General, Opinion, Slider

هەموو بیرۆکەیەک(ئایدیا) بەرەو ناکۆت-رهایی- درێژبووەوە، دەبێتە دژی خۆی. هیگڵ…..

رەنگە ئەم وتەیەی “هیگڵ” بۆ بیرکردنەوەی گۆڕانکاریخوازیى گۆڕان راستبێت. بەلانی کەمەوە، رەفتارەکانی تائێستە ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە. هەروەک لە دوو وتاری پێشووتردا ‘رەخنەکردنی گۆران’ و ‘مردنی نەوشیروان’ بەلێکدانەوەو هەڵسەنگاندنی ئێستەی گۆران دەستمپێکرد. پاش رەوینەی خەمی لەدەستدانی سەرکردەکەیی و مقۆمقۆی جێگرەوەو دواتر سەرهەڵدانی تەنگەژەی میراتگری سیاسی و مادی، وردەوردە راستیتر دەردەکەوێت. لێرەدا هەندێک لەوانە تاوتوێدەکەم.

-گۆڕان خۆشی پێنەگۆڕا

کەسەرنجی سەرەتای دروستبوونی ئەم بزوتنەوەیە دەدەم، مانڤێستی خۆڕاگەیاندنەکەی لەکەرنەڤاڵێکی سیاسی دەچێت کە مزگێنی رۆژێکی روناک بەشەقامی کوردی دەبەخشێت. بەمەش خۆی وەک مۆمێک لەتاریکستانی سیاسەتدا هەڵکردو بەدیدێکی یۆتۆپیانە بۆ گۆڕانکاری، دەستکاریکردنی داشی دامەی دەسەڵات و هێزی لەهەرێمداکرد. لەرێگەی بنەمای جیاوازی و خۆجیاکردنەوە لەکۆی هێزەسیاسییەکانیتر کەوتەگەڕ. داتاشینی وشەو دۆزینەوەی زاراوەی ناباو بۆ پۆست و پێگەو پلەدارەکانی بزوتنەوەو پەیکەرەی حزبی کە جۆرێک لەچەمکسازی و پەیامیک کەگۆرانکاری لەچەمک و زمانی گوتاری سیاسییەوە دەستپێدەکات. تا ئێرەش ئاساییە، بەڵام کە کتێبی ‘ئیمەو ئەوانیتر’ دەخوێنمەوە دەزانم نەوشیروان لەمێژەوە ئەقڵی رەوتێکی گۆڕانکاری خوازبووە چ لەناو یەکێتی و پێشتریش کۆمەڵەدا.

بەڵام، ئەو دروشم و ئامانجە لەناوخۆی بزوتنەوەکەدا رووینەدا. بزوتنەوەکە رێخۆشکەربوو بۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵێک موهەریجی سیاسی بەقۆزتنەوەی هەلومەرجی ناڕوونی کوردستان. هەر لەو کتێبەدا ل(٧) نەوشیروان ئەپرسێت: ئێوە ئەندامانی بەڕێزی پارلەمانی کوردستان! لەبەردەم پرسیارێکی مێژوویدان؛ لەخەمی کێ دان جگەلەخۆتان؟ بۆچی کەدێنەسەر خواستە تایبەتەکانی خۆتان(ئیمتیازاتەکان) بیرتان رۆشن و چاوتان تیژو زمانتان پاراوە، کەچی لەئاست خواستەکانی خەڵکدا…!

گۆڕانکاری وەک لەبەرکردن و داکەندنى جلوبەرگێک نییە کە بەئانوساتێک بکرێت. بەڵام، رێکخراوێکی سیاسی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، نوقڵانەی گۆڕینی سیستم و ئەقڵیەتی سیاسی و حزبی و دەسەڵاتی سیاسی لێدەدات. بەلانی کەمەوە، چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت خۆی بەپلەی یەکەم گۆڕانکاری لەخۆیدا کردبێت. هەرچی گرێیی سیاسی و دەروونی و پاشماوەی کۆمەڵایەتییە رەتکردبێت. ئاخر، بۆئەوەی گۆرانکاری لەدەوروبەرو ژینگەی خۆتدا بکەیت، پێوستە گۆرانکاری بەسەر تێگەیشتن و روانگەی خۆتدا هاتبێت، دەنا هیچ نایەتە گۆڕێ.

رکاربەری پارتی

لەکوردستان دیاردەیەک دروستبووە کە نەک هەر حزبەکان دەیقۆزنەوە، کەسێتیە سیاسی و جەماوەری و تەنانەت نوسەرورۆژنامەنووسەکانیش بەکاریدەهێنن: پارتی وەک ئەهریمەنێکیی سیاسی و لێڤیاتانەکەی هۆبز باشترین دەستکەلایە کە خۆتی پێهەڵبسێنیتەوە. بۆئەوەی دەنگۆی سیاسی و جەماوەریت هەبێت، لە پارتی بدە. ئیتر بەئازاو بوێر دەناسرێت. ئەوانەی بەم لۆجیکە بیردەکەنەوە، لەناخەوە شایەتمانیان بە هێزو قەبارەی ئەم حزبە هێناوە. ئیدی، بۆئەوەی خۆت بسەلمێنیت، نەفرەت لەشەیتان بکە.

بەڵام. ئەمە بەڵگەشە لەسەرئەوەی پارتەکانیتر بەرکارن نەک بکەر، پارتی سروشت و پێکهاتەو باکگراوندی هەرچی بێت، ئاراستەکەرو گەمەکاری سەرەکی گۆڕەپانی سیاسییەکەیە. پەرلەمانی پەکخست، ئامادەیی کاراکردنەو بەفڕێدانی کارتەکانیتر تا دواجار کۆمەڵ و گۆڕان خۆیان پاشەکشەیان کرد. گۆڕان یا کۆمەڵ و یەکیتش کە هێزێکی بچووک نیە، چیتر بکەرگەلێک نین لەبواری سیاسەتو بڕیارەسەختەکاندا، بەڵکو سەرەڕای ململانێکان شوێنکەوتووکارن. بەشێکی زۆری هێزی پارتی، دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی و کەمدەستی رکابەرەکانی. پارتی هەر لەسیاسەتی هاوپەیمانێتییەوە کە هاوشانەسیاسیەکە-یەکێتی- خستۆتە پاوانی خۆیەوە، بەردەوام کارتەکانی هەڵدەدات. لایەناکنیتر بێئەوەی هەڵویست وەرگرتن بەناوی کۆبوونەوە خۆیان دەدزنەوە.

هەڵبەت، ئەوانیش بەجۆرێک لەپارتی، ‘گەمەی کات’ فێربوون. بەڵام هەمیشە بەترس و دوودڵییەوە دەستی پارتی دەخۆیننەوەو خۆیان لەبڕیاری پێویست دەکشێننەوە. گۆرەپانەکەش بۆ پارتی تەختە، تاوەک هێزێکی سیاسی سەرەکی نەک تەنها بەهۆی ژیرخانە مرۆیی و ئابوریەکەیەوە، بەڵکو وەک بکەرێکی کاراو تەنها هێزیکە لەهەرێم و چالاکتر لەئاستی دەرەوەدا سیاسەت ئاڕاستەبکات و بجوڵێنێت و بیوەستنێنێت. ئەم پێگەیە بۆ پارتی، هەم دەستکەوت و هەم قۆستنەوەی لاوازی ئەوانیترە کە بەویستی خۆی نەخشەی سیاسی هەرێم دادەڕێژێتەوەو کەڵکەڵەی رێبەرێتی خواست و ویستی گشتی هەرێمی لابەهێزدەبێت. لەبەرئەوەشی کە هێزێکە دەزانێت چیدەوێت و ژینگەناوخۆیی و دەرەکییەکە باش دەناسێت. بەپێچەوانەی وێنەباوەکە-ستێریۆتایپەکە- پێکهاتەیەکی خێڵەکییە. ئیتر تەنها ئەو سترەکتورێکی-بونیاد- بنەماڵەیی نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی سترەکتوری کۆمەڵگەی باشتر ناسیوەو دواجار حزبەکانیتریش چاوی لێدەکەنەوە!

پایدۆزی سیاسی

گۆڕان دەستکەوتی گەورە لەپەرلەماندا دەبینێتەوە، پێی ئەستەمە بۆنموونە دەوڵەتی کوردستانی هەبێت، لەکاتیکدا ئەوە بەئەستەم نازانیت چۆن دەکرێت لەم ساتەدا کە ژێرخانی سیاسی و کولتوری ئێراق لە ستەمکاری دەروونییدایە، سیستم لەرووی دیموکراسیەوە ببێتە پاریس و سویسراو کەنەدا؟ ئەم جۆرە بیرکردنەوەو هەڵوێستە ژێدەری دۆخێکی ناوخۆیی گۆڕانە کەبەرەو حزبێکی خۆپارێزیی دەڕوات. هەڵبژاردنی‌ خانەی‌ راپەڕاندن ژێدەرێکی ئاشکرای گرتنەبەری سیاسەتی خۆپارێزییەو کشانەوە لەرووداو پرسەکان لەپێناو لەدەستنەدانی بنکەی جەماوەرییدا.

گۆران گرەو لەسەر هەڵبژاردنەکان دەکات. بۆئەوەش دەیەوێت بنکەجەماوەرییەکی لەدەستنەدات و نەکەوێتە نێو ئەجێندەی پارتییەوە. بەڵام، مەرجی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کارتی سوتاوە. چونکە پارتی ئامادەیی نیشاندا ئەگەر لەحسابی دواخستنی ریفراندۆم نەبێت. سروشتی دیاری گۆڕان لەوەدایە کەهەر لەقاڵبی بزاڤێکی ناڕەزایەتیدا ماوەتەوە. ناتوانیت دیلی-پێکهاتنی- سیاسی نوێ بکات، لەکاتێکدا ئەوەی ئەو ویستی لەپەرلەمان درێژنەکردنەوەی کورسی سەرۆکی هەریم بۆی چووەسەرو لێکەوتەکەشی قبوڵکرد. بەڵام، ئێستە دووساڵ لەمەوبەرنییەو چەند مانگی داهاتوتریش نییە. ئاڵوگۆڕی هێزو هاتنی روداو پرسی مەترسیداریتر بەڕێوە کەرەنگە ببنەهۆی لەباربردنی هەڵبژاردنی ئەمساڵ. بەڵام دیارە، گۆڕان هەڵبژاردنی کونجی خۆی پێباشترە وەکئەوەی کارابێت لەهەندێک بڕیاری سیاسی ناڕووندا. بەڵام، پێگەی خۆی لەدەستدەدات و سەنگی سیاسی لەناو هێزەکانی کوردستاندا نامێنێت.

بۆنموونە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆيی چەند قۆناخێکی لەراوبۆچوونی خەڵکیدا بڕی. لەپاش پەکخستنی پەرلەمان، سیناریۆی جیاواز بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە لەئارادابووە. هەرکاتێکیش پرسی سەربەخۆیی و دەوڵەت باسکرابێت، یەکسەر بابەتی سەربەخۆیی شارو پارێزگایەک زەقکراوەتەوە. سەربەخۆیی هەرێمێک لەناو هەرێمدا بەرێتێچوو زانراوە، بەڵام سەربەخۆیی کۆی هەرێمەکە بەناواقیعی. گوێبیستی ئەوەشبووین کە سەربەخۆیی و ریفرەندۆم، تەنها دروشم و تاکتیکە لەبەرامبەر بەغداو شاردنەوەی پرسەکانی ناخۆییە لەبەردەم رای گشتییدا. ئێستە کە پێدەچێت بکرێت، هەڵمەتی لێدان لەپرۆسەکە گەرمە! کاتێک کاراکردنەوە/ ئاساییکردنەوەی پەرلەمان، مەرجی گفتوگۆی لایەنەکان بوو، بەڵام لەبەرئەوەی کات تێپەڕی، پرسیتریش هاتەئاراوە.

وترا پەرلەمان کاراکریتەوە، دواتر کرا بەئاساییکردنەوە. پاشان وترا دەبێت بێمەرج بێت. ماوەیەک وترا گەڕانەوە بۆ پەرلەمان رزگارکردنی پارتییە لەو گێژاوانەی تێیکەوتووە. دیارە کە پێشتر پشتیوانی لە ریفراندۆم بەندکراوبوو بە ئاساییکردنەوەی پەرلەمان. ئێستا داوای دواخستی ریفراندۆم دەکرێت، چونکە ئەجێندەی تورکیایەو کوردستان دەکریتە قوبرس. ئینجا بەهانەی وادەکە کرایە کارتێک کە بۆ ریفراندۆم لەبارنییە. دواتر، شتێکیتر خرایە سەرقەوانەکە، ئەگەر بوو لەگەڵیدان و پشتگیری دەکەین.
تادێت روداوو پرسە هەستیارەکان دەبنە تەڵەزگەو بێ دەستسوتان دەرچوون لێیان ئاسان نییە. خۆقەتیسکردن لەهاوپەیمانیەتی یەکێتی دەرچەی رزگاربوونی کەمکردۆتەوەو جوغزێکی تەسکی بۆ مانۆرو دیڵیى سیاسی نوێ هێشتۆتەوە. کات لەسیاسەتدا هەم کارتی فشارو دەستکەوت بەدەستهێنانە، بەڵام ساتێکیش شمشێرێکی ملپەڕێن لەدەستدانە. ناکرێت لەسیاسەتی هیچ حزبێکدا هەڵوێستی زمانی ببێتە وەڵام و جێگرەوەی بڕیاری کاریگەر لەمەیدانی سیاسەتدا.

Previous
Next
Kurdish