Skip to Content

ئەرکی دەستبەجێی (ئێمە)، پاش تەواوبوونی سیناریۆی ڕێفراندۆم … ھەژێن

ئەرکی دەستبەجێی (ئێمە)، پاش تەواوبوونی سیناریۆی ڕێفراندۆم … ھەژێن

Closed
by ئه‌یلول 28, 2017 General


ئێمە کێین؟

مەبەست لە ئێمە، ھەموو ئەو تاکە کەسە سەربەخۆیانەن، کە ھیچ ئایدیۆلۆجی و پارتیی و دەستەبژێرێک ئەوانی لە قاڵبنەداوە و خۆیان خودانی خۆیانن. بەواتایەکی دیکە (ئێمە)ی ئێمە، ئێمەیەکی خێڵەکی ، ئایدیۆلۆجی و ڕامیاریی و دەستەبژێریی نییە، ئێمەیەکی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆی ئازایخوازانەیە، ئێمەیەک کە یەکێتی ئازادانەی تاکە سەربەخۆکان دەیئافرێنێت!

بە بۆچوونی من، بۆ کەسانێک کە بە ناسینی مێژووی پارتییایەتی و ئامانجی ڕاستینەی بزووتنەوە ڕامیارییەکان و ھەر ئاوا بە ناسین و دەرکردنی تاکتیک و ستراتیجی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی “کوردستان” و ناوچەکە و پارتییە چەپ و ڕاستەکان، دەزانن گارەگاری “دەوڵەتی کوردی” و “دەوڵەتی سێکیولار” سیناریۆیەک بوو بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و بەنگکردنی خەڵکی ناڕازی بە وەھمی “دەوڵەتی نەتەوەیی” و “دەوڵەتی سێکیولار” و لەبیربردنەوەی داخوازییە ئابووریی و کۆمەڵایەتی و مافییەکان و لادانی سەررنجی خەڵکی ناڕازی لەسەر ڕێکەوتننامە پشتپەردەیییە ئابوورییەکان لەتەک دەوڵەتانی ناوچەکە و کۆمپانییە جیھانخۆرەکان و بانک و نێوەندە جیھان-داگیرکەرەکان.

لە بەرانبەر ئەو سیناریۆ و ھەوڵانە، ئەرکی ھەر کەسێکی ئازادیخواز و سەربەخۆ و ڕۆشنبیر، ھەر ئێستا و ئەم ڕۆژ گەڕانەوەیە بۆ ھەڵخڕاندنەوەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان: بزووتنەوەی دژی تایبەتیکردنەوە و پارتییکردنەوەی کەرتەکانی بەرھەمھێنان و شاخ و گرد و دەشتەکان و سەرچاوە و سامانە سرووشتتییەکان، بزووتنەوەی بەدەستھێنانەوەی مووچەی تەواو و گونجاو لەتەک بژێوی ئەم سەردەمە، بزووتنەوەی دژی تایبەتیکردنەوەی کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە و خوێندن، بزووتنەوەی دژی سەرکوتکاریی و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەگەران، بزووتنەوەی دژی گەندەڵی بەڕێوەبەرایەتی، بزووتنەوەی دژی ملھوڕیی بنەماڵەیی و پارتییایەتی و بزووتنەوەی دژی ڕەوتە شۆڤێنیست و ڕەیسیست و فاشیستەکان و ….تد

لە ھەموو بارێکدا، ئەگەر ھەرای ڕیفراندۆم بۆ (دەوڵەتاندۆم) بووبێت، یان بۆ بەکاربردنی دەنگی خەڵک وەک کارتی فشار بۆ سەر فەرمانداریی نێوەندیی و سەرلەنوێ بەشکردنەوەی کێکی سامانی کۆمەڵ و ڕەنجی خەڵک بووبێت، یان بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان، ئەرکی ئازادیخوازان گەڕانەوەیە بۆ دەستپێکردنەوە و ھەڵخڕاندنەوە و گێڕانەوەی بزووتنەوە ناڕازییەکان و ناڕەزایەتییەکانی نێوان ساڵی ٢٠١٤ تاکو سەرەتای ٢٠١٧؛ ئەگەر دەوڵەت عیراقی بێت یان کوردستانی، ئیسلامی بێت یان سێکیولار، پاشایی بێت یان پارلەمانی، فەرمانداریی فیدراڵی بێت یان نێوەندیی و سەرتاسەریی، بنکە فراوان بێت یان تاک-پارتیی و جەنەڕاڵی و کۆمپانیایی، ھیچ لە ڕەوایی و دەستبەجێیی داخوازییە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی ئێمە ناگۆڕێت و ڕۆڵ و نەخشە و ئامانجی دەسەڵاتی سەروخەڵکیی و بەرانبەر جەماوەر دیارە و پێویستە خانەنشینان، کرێچییان، خوێندکاران، مامۆستایان، فەرمانبەران، کرێکاران، جوتیاران، بێکاران، کۆچەر و پەنابەران لەو خاڵەوە دەستپێبکەنەوە، کە سیناریۆی ڕێفراندۆمی تێدا ڕاگەیێندرا و بوو بەھۆی خەریککردنی خەڵک بە وەھمی “نەتەوە” و “دەوڵەتی نەتەوەیی” و دامرکانەوە و سڕکردن و لەبیرکردنەوەی ناڕەزایەتیی و داخوازییە دەستبەجێ و ڕاستینەکان.

بەڵام پێویستە ئەم جارە بە خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی سەربەخۆی خۆمان و بە ڕەتکردنەوەی میانجیگەری ڕێکخراوە و سەندیکا زەردەکان و بە ڕەتکردنەوەی ڕێکخستنی قووچکەیی ڕێکخراوەکان و بە ڕەتکردنەوەی نێوەندگەرایی ڕێکخستن و بە ڕەتکردنەوەی تاک ڕابەر و تاک سکرتێر و خانزادەیی (ئۆرۆستۆکراسیی) ڕێکخراوەیی و بە ڕەتکردنەوەی ھەر دەستتێوردان و بەگبەگێنەی پارتیی و دەستەبژێرە ڕامیارەکان؛ دەستپێکردنەوە بە پێکھێنانی ئەنجومەنە ئازاد و سەربەخۆکانی گەڕەکەکان و بەرپاکردنی کۆبوونەوە گشتییە* جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان لە گوندەکان و شارۆچکە و شارەکان و گرێدانەوەی فێدرالیستییانەی ھەموویان لە یەکگرتنێکی خۆجێی و بنکەیی (ناقووچکەیی) و نا نێوەندیی و دوور لە ھەژموون و دەستتێوەردانی بەکرێگیراوانی دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتییەکان و دەستەبژێرەکان بە ئامانجی ڕۆنانی سیستەمی کانتۆنی و کۆنفێدرالیستیانەی ناوچەکانی ھەرێم (ھۆرامان و شارەزوور و شارباژێر و قەرەداخ و گەرمیان و دەشتی ھەولێر و بادینان و دەشتی موسڵ) لەسەر پایەی خۆبەڕێوەبەریی ئەنجوومەنە ئازادەکانی گوند و گەڕەکان و خۆبەڕێوەبەریی کارگە و فەرمانگە و فێرگە و خەستەخانە و نێوەندە گشتیی و خزمەتگوزارییەکان و بە پشتبەستن و پیادەکردنی دێمۆکراسی [ڕاستەوخۆ**] و پێھێنانی خۆبەرێوەبەریی گەلیی کۆمەڵ.

ئەوە ئەرکی ئێمە بووە پێشتر و ئێستا و داھاتووش؛ ئەگەر ھەرێمی “کوردستان” وەک بەشێکی (دەوڵەتی عیراق) بمێنێتەوە، یان جیاببێتەوە و دەوڵەتێکی دیکە قوتبکاتەوە، یان وەک (ولایەتی موسڵ) بۆ سەر ئیمپراتۆری نیئۆ-ئوسمانی بگەڕێتەوە، یان ببێتە بەشێک لە نەخشەی زیندووکردنەوەی (ئیمپراتۆری ساسانی) لەژێر پەردەی (شیعە)، یان ببێتە بەشێک لە (دەوڵەتی چوار پارچەی “کوردستان”)، ئەوا ئەرکی ھەردەمی و دەسبەجێ و دواکوتووی ئازادیخوازان ھەوڵدانە بۆ پێکھێنانی پایەکانی خۆبەرێوەبەریی گەلیی و ڕۆنانی خۆبەڕێوەبەریی وەک ئەڵتەرناتیڤی پارلەمان و فەرمانداریی و دەوڵەت و سیستەمی ڕامیاریی و ڕەتکردنەوەی پارتییایەتی چ پێشڕەو و چ کۆنەپارێز، چ ئیسلامی و چ لیبڕاڵ، چ ناسیونالیست و چ کۆمونیست …تد، پێویستە ھەر ئێستا و ھەر کەس لە شوێنی ژیان و کار و فەرمانی خۆیەوە، ھەوڵی پێکھێنانی پایەکانی خۆبەڕێوەبەریی گەلیی پشتبەستوو بە دێمۆکراسی [ڕاستەوخۆ] بدات، کە ئەنجوومەنە ئازادەکان و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆ و ناقووچکەیی و نانێوەندییەکانن و کۆبوونەوەی گشتی خەڵکی گەڕەک و شوێنی کار میکانیزمی بڕیاردان و ھەڵبژرادنی نوێنەرەکان [نەک جێگرەکان***] و دیاریکردنی ئەرکەکان و پەسەندکردنی ڕێکەوتننامە و ھەڵوەشاندنەوەی ئەوانە و ھەر ئاوا بڕیاردان لەسەر گشت پرسە کۆمەڵایەتییکانی دیکەی کۆمەڵ.

ھەژێن
٢٦ی سێپتەمبەری ٢٠١٧

———————————————-

* لەبارەی (کۆبوونەوە گشتییەکان)، ئەگەر لە سەدەی ڕابوردوو وێناکردن و بەکاربردنی (کۆبوونەوە گشتییەکان) بۆ بڕیاردان و جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی گەلیی، دژوار و تاکو ڕادەیەک ناکردەنی بووبێت، ئەوا ئێستا لە سایەی پەرەسەندنی (تەکنۆلۆجی زانیاریی) و دیگیتالیزەبوونی پەیوەندییەکان، ئاسانترین شتێک ئەنجامدانی (کۆبوونەوە گشتییەکان) و مشتومڕکردن و شرۆڤەکردن و بڕیاردان و ھەڵبژاردن و دیاریکردنی بەڕێوەبردنە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە دیگیتاڵەکان.

* بەداخەوە لەبەرئەوە زاڵبوونی کۆمەڵی دەوڵەتیی بەسەر کۆمەڵە ئازادەکان، پارلەمانتاریسم بە “دێمۆکراسی” ناسێنراوە و (دێمۆکراسی) وەک دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی سەروەریی چینایەتی بەکاربراوە و لەنێو ھۆش و ئاوەزی خەڵک ئاوا ئاوەژوو چەقێندراوە و ڕۆژانە چەپە دەسەڵاتخواز و نێوەندگەرا و دیکتاتۆریخوازەکان (لەڕێی سەروەریی چینایەتی) ئاوا دەیناسێنن و ئاوەژوویدەکەنەوە، من ناچارم ھەموو جار و لەنێو ھەموو بابەتێک لەتەک واژەی (دێمۆکراسی|خۆبەڕێوەبەریی گەلیی) پاشگری [ڕاستەوخۆ] بنووسم، تاکو خوێنەری نائاشنا بەکاربردنەکەی من و مەبەستەکەی من بە پارلەمانخوازیی وەرنەگرێت و لێکنەداتەوە.

** دیسانەوە بەداخەوە، ھەر لەژێر کارایی بەکاربردنی (دێمۆکراسی|خۆبەڕێوەبەریی گەلیی) وەک دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی کڕۆکی سەروەرانە و چینایەتییانەی پارلەمان و پارلەمانتاریزم واژە|چەمکی (نوێنەر)یش کراوەتە دێوجامەیەک بۆ شاردنەوەی کڕۆکی (جێگریی) ھەڵبژێردراوانی سیستەمی پارلەمانیی، کە ھیچ کات ئەوان (نوێنەر) نین، بەڵکو (ڕامیار) و (جێگر) و (ملھوڕ) و (مشەخۆر)ن. چونکە لەنێو سیستەمی پارتییایەتی و پارلەمانیی دەنگدەر پارتییەک یان لیستێک ھەڵدەبژێرێت و ئەگەر ڕاستەوخۆش کاندیدێکی پارتییەک یان ھەر ڕامیارێکی بەبێ پارتیی ھەڵبژێرێت، ئەوا تاکو تەواوبوونی خولی چەند ساڵەی ئەو لەنێو پارلەمان و بەڕێوەبەرایەتی، دەنگدەر ھیچ کاراییەکی لەسەر بڕیار و ئامانج و چالاکییەکانی ھەڵبژێردراوەکە|جێگرەکە نییە و نابێت و ھیچ کات کەسی ھەڵبژێردراو|پارلەمانتار|کارگێڕ|بەڕێوەبەر لە کاتی بڕیاردان و مشتومڕ و ھەڵوێستگیریی ناگەڕێتەوە بۆ سەر بۆچوون و داخوازیی دەنگدەران|ھەڵبژێرەرانی خۆی و پارتییەکەی.

لەبەرئەوە و لەسەر ئەو بنەمایە، ھەڵبژێردراوی پارلەمانی (جێگیر)ە نەک (نوێنەر) و بۆ ئەو مەبەستە دەمێکە من ئامانجدارانە واژە و چەمکی (جێگر) بۆ پارلەمانتاران و بەڕێوەبەرانی سیستەمی دەوڵەتی بەکاردەبەم، کە خۆبەخۆ ڕەتکردنەوەی مافی بڕیاردانی خەڵکە و واژە و چەمکی (نوێنەر) بۆ ھەڵبژێردراوانی کۆبوونەوە گشتییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە ڕێکخستن ناقووچکەیی [ئاسۆیی] و نانێوەندییەکان بەکاردەبەم، چونکە ئەرکی (نوێنەر) بە بڕیاردانی ھەڵبژێرەران دەستپێدەکات و پاش تەواوبوونی ئەرکەکە، مافی قسەکردن و بڕیاردانی بەناوی ھەڵبژێرەرانی نامێنێت و جارێکی دیکە و بۆ بڕیار و پرسێکی دیکە دەگەرێتەوە بۆ بڕیاری خەڵکی لەنێو کۆبوونەوە گشتییەکان.

Previous
Next
Kurdish