Skip to Content

دوا وتەکانی بەنگین پیرۆت … شادمان کاکە برا

دوا وتەکانی بەنگین پیرۆت … شادمان کاکە برا

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 4, 2017 General

بمبورە ئەگەر بە هاوڕێ ناوت بێنم، هەرچەندە مەخابن لە ژیانتدابە دیدارت نەگەشتم، بەڵام وا هەست دەکەم زۆر نزیکین لەیەکتر، تۆی نووستو لە ناخی زۆرینەمانداو ئێمەی زیندو لە ناخی ماندوو و پشودەری تۆدا، کاتێك شەوەزەنگ لە هەموو لایەکەوە هێرشیان بۆ کردیت ئیتر زانیت خوێندنەوەی کتێبی بێگیان هیچ چەشەیەکی تیا نەماوەو بەڵکو خۆمان بووینەتە بەهێزترین کەسایەتی ناسۆراوی ناو ڕۆمانەکانی ژیان، کاتێك زانیت ئیتر گوێیەك نییە نەغمەی شمشاڵە غەمگینەکانی ناخمان پاراو بکات بە بێدەنگی و گوێلێگرتن و لاواندنەوەمان… دوور رۆیشتیت، تفت لە ژاوەژاوی زۆنگاوە گەنیوەکان کرد، ویستت هەڵبێی بەرەو ئەو جێیەی خۆری لێ ئاوا نابێت، ویستت هەڵبێیت بۆ ئەو شوێنەی هێشتا مرۆڤ هەناسەیەکی ئاسوودەیی دەدات، بەڵام نەتزانی لەوێدا گۆڕێک بۆ خەونەکانت هەڵدەکەنیت و دارشەکانت دەکەیت بە کێلەکەی، تا دوێنێ بوو تۆ ئەسرینت بۆ (ئایلان) دەڕشت، بەڵام نازانم ئەمڕۆ کێ ئەسرینی دڵ بۆ تۆ دەڕێژێت؟ شاروگوندو ئاواییەکان بە دەستی رەشی سیاسەت و حیزب و بەرژەوەندی رەنگیان زەرد بووەو کەس رایان ناژەنێت، دانیشتووەکانیش هەروا، هەموو بێزارن لە خۆیان و لە بێ دادی و بێ مافیی و بێ نەواییدا دیوارو شەقامەکانیشیان لێ بۆتە خێو و مۆتەکە و گەندەڵ، هەمووان دەیانەوێت هەڵبێن خۆشیان نازانن بۆ کوێ؟ بەس لەو میحنەتخانەیە رزگاریان بێت ئیدی هەموو جێیەکی دی رەنگە لەوێ خۆشتر بێت، من نامەوێت زۆر سەرتان بیەشێنم و وەك گوتراوە قسەی کتێبان دووبارە بکەمەوە، لێرەدا دوا وتەی پۆستەکەت دەخەمە روو کە لەوێ کەمترین لایکی هەبوو، بەڵکو لێرەدا دەروونی هەندێك بهەژێنێت:

” ئێستا ئەوەی ڕقم لێیەتی خوێندنەوەی ئەو کێتبانەیە ساڵانێکە من دەخوێننەوە، ڕەقم لەو ڕستانەیە ژیانێکی درۆینە و گێژاوێکیان لەخەیاڵ و دور لەواقیع بۆ دروستکردووم.
خۆم لەدۆخێکدا دەژیم خەیاڵم پڕە لەگوتەی نەگوتراو چی لەقسەی گوتراو و سیناریۆی ژیان و جیهانی ناو کتێبی نوسەرە شێتەکان بکەم، ئەوان هەموو شتێک دەڵێن ئەوەی پێویستی مرۆڤە نایڵێن.
بەجۆرێک بووین بەگاڵتەجار ژیانی جیهانەکەی ئێمە کوا پێویستی بەکتێبە، کتێب بۆ ئەوانە باشە لەدەرەوەی ژیان ژیان دەکەن.

ئەمە وێنەی کتێب و کتبخانەکەمە، جگە لەگۆڕینەوەی نیگا هیچ بەستەرەیەک لەنێوانمان نەماوە، من گەڕاومەتەوە ناو خود و ئەویش گەڕاوەتەوە بۆ جیهانەکەی خۆی، نێوانمان وەک جارن نیە، جاران کارەکتەری ناو پەڕاوی کتێبەکان فریادڕەس بوون و ئێستا پڕن لەبوونەوەری ڕەزا قورس، حەز بەدیداریان ناکەم، تاوانباری وون بوونی من ئەوانن، هەست دەکەم بووم بەدۆنکشیۆت.

ساڵێک زیاترە قەڵەم یەک دێر لەهزر و خەیاڵی منی لەسەر کاغەز نەنوسیوە، شەش مانگیش دەبێ پڕ بەتێری چاو و مێشکم کتێبم نەخوێندۆتەوە.
ڕۆح و حەزی نووسین و چێژی خوێندنەوەم تێکشکاوە یەکێکم لەمردوان لەکێلی قەبر دەچم و کتێبیش لەگڵی گۆڕستان”
لە کۆتاییدا هیوادارم بەم لینکی ڤیدیۆیەیە یادێك لە ژیانی ئەو مرۆڤە رۆشنبیرە ونە
بکرێت کە لە ژیانیدا وەك پێویست جێی ئاوڕدانەوە نەبوو:
https://www.facebook.com/sarkawt.mahrwf/videos/vb.100003820908239/1049107185226635/?type=2&theater..

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish