Skip to Content

هەڵوێستەیەک لەسەر دەوری یەکێتی مامۆستایان و حزبەکانی دەسەڵات لەناڕەزایەتیەکاندا!

هەڵوێستەیەک لەسەر دەوری یەکێتی مامۆستایان و حزبەکانی دەسەڵات لەناڕەزایەتیەکاندا!

Closed
by ئه‌یلول 27, 2016 General, Opinion

ئەو کەسەی دزی لێکراوە و هێشتا دەم بەخەندەیە ،دیارە دزیەکی لەدزەکە کردوە… شکسپیر
قسەو پەیامی بەرپرسانی لقەکانی یەکێتی مامۆستایان لە ناڕەزایەتیەکانی ئەمڕۆ ٢٥ سێپتەمبەردا ،هەم بەژمارە و هەم بەئاستی داواکاری و شێوازی ناڕەزایەتیەکەیان نیشانی دەدا کە ئەمانە زەردەخەنەی ئەو کەسانەیە کە بەشدارن لە دزی موچەدا. ئەگینا حکومەت و دەسەڵاتێک کە دوای ٢٥ ساڵ ژیان و موچەی مامۆستایان و کرێکار و فەرمانبەرانی کردۆتە ٢٥%، هێشتا یەکێتی مامۆستایان داوای گوێگرتنی لەداواکاریەکانی لێدەکا! هێشتا خەمی دانیشتنی ئەم حزبانەی دەسەڵاتێتی بۆ گفتوگۆ و ڕێکەوتن! بەڕاستی ئەمانە داوای مامۆستایەکە کە نان نیە بیخوات یان کرێی خانوی نیە یان پارەی هاتوچۆی نیە؟
ئاشکرایە خۆپیشاندان وبایکۆتی ساڵی پاری مامۆستایانیش هەر لەڕێگای ئەم یەکێتی مامۆستایانەوە بەناکام گەیشت و دیسانەوە داوای فرسەت دانیان بەحکومەت کرد و ئێستاش دیسان دەیانەوێ ناڕەزایەتیەکانی ئەمساڵیش توشی هەمان چارەنوس بکەن لەچاوەڕوانی حکومەتدا. سەر سوڕمان لە دەورەی یەکێتی مامۆستایان لەوەدایە، کەنازانی ئەمە یەکێتی مامۆستای نەدار و هەژارە یان یەکێتی حزبی دەسەڵاتدارە؟! زەردەخەنەی سەر لێوی بەرپرسانی ماف خوراو و دزیلێکراوی ئەم یەکێتی مامۆستایانە بەرامبەر بەدەسەڵات نیشانەی بەشداریانە لەو دزیەدا کە دەسەڵات دەیکات وئەم دەوری تابوری پێنجەی یەکێتی مامۆستایان لە ناڕەزایەتیەکاندا خۆی بەشێک لەو سیناریۆیەیە کە ئەم حزبانەی ناودەسەڵات لەناو ناڕەزایەتیەکانیشدا دروستیان کردوە.
مانەوەی مامۆستایانی ناڕازی لە یەکێتی مامۆستایاندا نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا گوێڕایەڵی و لۆیاڵەتی سیاسی بۆ یەکێتی وپارتی لەناو خەڵکی کوردستاندا بەحوکمی بەربارمتەگرتنی موچە هەیە درێژەی هەیە. ئەم لایەنگیری و ملکەچیە سیاسیە دەسەڵات دەکاتە خاوەنی هێزێک کە بتوانێ ڕۆژبەڕۆژ سیاسەت و شیوازەکانی هێنانەخوارەوەی ئاستی چاوەڕوانی برسی کردن و دابەشکردنی خەڵکی کرێکار وکارمەند و کەم دەرامەت بسەپێنێت.تەنانەت لە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانیشدا بتوانێ لەڕێگەی یەکێتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دەسەڵات دەتوانێ کۆنترۆڵی بایکۆت و خۆپیشاندانەکان بکات و بەلاڕێیدا بەرێت و بەسەر جەبهەگیری زۆنی زەرد وسەوز و ٥ حزبەکەی دەسەڵاتدا دابەشی بکات.
تۆماس مۆر لە “یۆتۆپیا”دا بەڕاستی دەربڕینێکی شایستەی سەبارەت بەم سیاسەتەی دەسەڵاتداران دەربڕیوە کاتێک دەڵیت”سەرەتا خەڵک توشی ڕۆشنبیریەکی نەخۆش دەکەن و لەمناڵیەوە پرەنسیپەکانیان گەندەڵ دەکەن،دواتر سزایان دەدەن لەسەر ئەو کارانەی بەهۆی ئەو خوێندەواریەی لە سەرەتاوە بەسەریاندا سەپاوە،بەڵام ئەمە تەنیا ئەوەدەگەیەنێ کە تۆ لەسەرەتاوە خەڵک دەکەیت بەدز و دواتر سزایان دەدەیت.” هەر مامۆستا وکرێکار وفەرمانبەرێک هێشتا ئەندامی ئەم ڕێکخراوانەی دەسەڵات بێت وەک ئەم کەسانەی تۆماس مۆر باسیان دەکا وان کە بەهۆی تاوانی خۆشباوەڕیانەوە بەدەسەڵات ئێستا سزای چارەکە موچە بەسەریاندا دەدرێ.
ئەم ناڕەزایەتیانەی یەکێتی مامۆستایان بەدوای هەوڵەکانی تری چوار حزبەکانی ناودەسەڵات،یەکێتی وگۆڕان و ئیسلامیەکان و ٨٧ پەرلەمانتارەکەیاندا دێت، کە پەیامی پشتیوانی بۆ خۆپیشاندانی مەدەنیان دەربڕی و دەیانەوێ ناڕەزایەتیەکان بەلاڕێی داوای گەڕانەوەی پەرلەمان و ڕێکەوتنی حزبەکاندا بەرن . سەیر لەوەدایە کە ناڕەزایەتی توڕەیی خەڵک لە حکومەتە کەچی دەیانەوێ خەڵک داوای باشکردنی حکومەتێکی بنکە فراوان کە بڕیاری بڕینی موچەی داوە ! ئایا لەسلێمانی ئەوە یەکێتی نیە کە سەرچاوەی داهات و نەوتی ئەم ناوچەیەی لەژێردەستدایە و چارەکە موچەکەش نادات ؟‌ چۆن ئەم حزبەو ئەم دەسەڵاتە پشتیوانی خواست و ناڕەزایەتیەکان دەکات و ئەی ناڕەزایەتی بەڕووی کێدایە؟‌ئایا ١٧ شوبات بەدەستی چ هێز و لایەنێک سەرکوت کرا و ئایا جگە لەپارتی ئەوە یەکێتی نەبو کە خۆپیشاندەرانی دەکوشت؟‌
جیاوازی ئەم دەورەیە ئەوەیە کە بزوتنەوەی گۆڕان بوەتە شەریکی ئەم دزیەی داهات ودەسەڵاتی یەکێتی و هەربۆیە لەگەڵ یەکێتیدا خەریکی چەواشەکردنی خەڵکن بەوەی دەسەڵاتی ناوچەی سلێمانی پشتیوانی لە ناڕەزایەتی خەڵک دەکا؟
ناڕەزایەتیەکانی ئێستا ئەوکات سەرکەوتودەبێ کە لەناوچەی ژێردەسەڵاتی یەکێتیدا خۆپیشاندەران داوای دابەشکردنی داهاتی نەوت و لابردنی پاشەکەوتکردنی موچە لە یەکێتی بکەن و لەناوچەی پارتیدا داوا لەپارتی بکەن، نەک بەپێچەوانەوە یەکێتی لەناوچەی دەسەڵاتی خۆیدا داوا لەپارتی بکا وخەڵکیش دوای ئەم فریوکاریە بکەون.
ئەم داواکاریانە کاتێک بەدەست دێت کە چیتر خواستی گەڕانەوەی پەرلەمان و ڕێکەوتنی حزبەکان ڕێگەی پێنەدرێ وەک داخوازی خۆپیشاندەران بسەپێنرێ. خەڵکی ناڕازی کاتێک دەتوانێ ڕێگە لەم دەستێوەردانەی پێنج حزبەکەی دەسەڵات بگرێت کە چیتر لەژێر سایە و لە یەکێتی مامۆستایانی ئەواندا نەمێنێتەوە و ڕێکخراوی جەماوەری و سەربەخۆی خۆی و دەستەی نوێنەرانی ڕاستەوخۆی خۆپیشاندەران ڕاگەیەنێت و دەستەکانی ئێستای ناڕەزایەتیەکان بکات بەیەک. کاتێک خەڵکی ناڕازی یەکدەگرێت کە چاوی لە هێزی فریادڕەسی دەرەوەی ناڕەزایەتیەکان نەبێ و کۆبونەوە و حکومەت و پەرلەمانی حزبەکان بەو شوێنە بزانێ کە بڕیاری ئەم برسی کردن وهەژارکردنەی خەڵکی لێدراوە و دەبێ بەرامبەر بەو بڕیار ودەسەڵاتە هێزی سەربەخۆی خۆی نیشان بدا.نان وئازادی ئەمڕۆ لەگرەوی یەکگرتوبونی ئەم هێزە ناڕازیە جەماوەریەدایە.


ئاسۆکمال

٢٥ سێپتەمبەری ٢٠١٦

Previous
Next
Kurdish