Skip to Content

خولانەوە لەناو بازنەی کوردایەتیدا  … عدنان کەریم

خولانەوە لەناو بازنەی کوردایەتیدا … عدنان کەریم

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 6, 2017 General, Opinion, Slider

کورتە سەرنجێك سەبارەت بە کتێبی ( دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان: لەناوەوە بونیادنان ، لەدەرەوە دانپیانان )

( دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان: لەناوەوە بونیادنان ، لەدەرەوە دانپیانان ) ، کتێبێکی ٢٧٣ لاپەڕەیی د. سەردار عەزیز و د. بورهان یاسینە کە لە چاپخانەی کارۆخ لەسلێمانی ساڵی ٢٠١٧ یەکەمین چاپی بڵاوکراوەتەوە.
هەردوو نووسەر لە ( دەسپێك ) ی کتێبەکەیاندا بۆ ناسینی ناوەڕۆکی کتێبەکەیان ئەڵێن: ( بێدەوڵەتی بۆ مرۆڤی کورد وەک تراژیدیایەکی لێهاتووە. گەلێکی گەورە ، پەرتەوازە، نکۆڵی لێکراو، خیانەت لێکراو بەڵام لەهەمان کاتدا ” دژ بە خۆیشی”. نەبوونی دەوڵەت لە زۆر ناوەندی دیپلۆماسی و سیاسی و ئەکادیمیدا وەها دەبینرێت وەک ئەوەی کە هێشتا ئەم خەڵکە نەیانتوانیوە بە شێوازی مودێرن ‘ واتە بە شێوازی دەوڵەت ‘ خۆیان ڕیکبخەن ) ل ٧. ” دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان “.
وەکوو هەردوو نووسەر ئەڵێن ناوەڕۆکی کتێبی ناوبراو بریتیە لە توێژینەوە لە مەسەلەی کورد و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و لایەنە جۆراوجۆرەکانی پەیوەست بەو مەسەلە پڕ لە گرێیەوە.

سەرەتا و پێش هەر شت ئەوەی زۆر سەرنج ڕادەکێشێت زمان و شێواز و مەنهەجی هەردوو نووسەرە لەم بەرهەمەیاندا.
ناکۆکی لەوە زەقتر نیە کە تۆ لەڕیی فکریەوە ناسیونالیست بیت ، نووسەر بی ، ئەکادیمیست بیت بەڵام بەزمانێکی سەتحی وکوردیەکی پڕ لەهەڵە و گرێ وگۆڵ ، شێوازێکی نووسینی نامەنهەجی و دوور لەستانداردە ئەکادیمیەکان ، ئەرگیومێنتی نەگونجاو لەگەڵ جەدەلی فکریدا ، بێیتە ناو بابەتێکی فرە ڕەهەند و ئاوکێشی واوە.
ئەم شێوازە لە نووسینی ئەکادیمی زۆر سەرنجڕاکێشە. ئاخر ئەمە یانی چی ” سەربەخۆیی پرۆسەیەکە لە پێناومسۆگەرکردنی بوونی مرۆڤی کورد لە دونیادا هاوتا بە مرۆڤەکانی دیکە” ل١٣ ؟ یان ” لە ڕاستیدا زووتر دەرکەوتووە کە چارەسەر لە ڕێگای ئۆتۆنۆمی یا فیدراڵی تەنها نیو چارەسەر یا چارەگە چارەسەرە ” ل ١٥. ئاخر دەستەواژەی وەکوو ” کوردستانی مەزن ” ل ٢٢ یا تێکەڵ کردن و هاومانا پیشاندانی هەردوو تێرمی ” نەتەوەیی ” و ” نیشتیمانی ” لەکام مەنهەجی ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستیدا جێیان ئەبێتەوە؟ بەڕاست ” ئەدەبیاتی یۆتۆپی کوردی ” ل ٢٩ یانی چی ؟ ئایا دۆستانی نووسەر دێن بەهانامانەوە و تیمانگەیەنن کە ” خەڵکی کوردستان تا ئێستا نادەوڵەتین ” ل ٣٢ یانی چی ؟ .

بۆ من و بێگومان بۆ هەر خوێنەریکی بەسەلیقەیش مایەی پرسیار و ڕامانێکی قووڵە: ئایا ئەم دوو دۆستەمان جیاوازیی نێوان ” کوردستانی ” و ” کوردی ” نازانن بۆیە وا لەزۆر شوێندا هاومانا بەکاریان دێنن یا ئەوان بۆ تەسویق و قبووڵاندنی بابەتەکەیان ئەیانەوێ بیجەڕێنن بێ گوێدان بە سەلیقەی خوێنەر ؟ ” پێکهاتە غەیرە کوردەکان بە دڵنیاییەکی زیاترەوە خوازیاری ئەوە دەبن کە لە چوارچیوەی دەوڵەتی کوردی ( کوردستانی ) دا بژین ” ل ١٣٠ ( دەقەکانم وەکوو خۆی هێناوەتەوە).
نموونەی لەوجۆرە و بێدەربەستیی و تێکەڵ وپێکەڵیی مەنهەجیی وەها لەم کتێبەدا زۆرن و زۆر جار مرۆڤ وا هەست ئەکات کە دەقێکی شیعری یا پەخشان و ئینشایەکی لاواز ئەخوێنێتەوە.

ئەی ناوەڕۆك چی؟

ئینسان هەرچی زیاتر لە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە وورد ئەبێتەوە ( ل ١٢٦ ، بۆ نموونە ) هەستێکی غەمناکی قووڵ دایئەگرێت: ئایا بە فیعلی بێدەوڵەتی ئاوا مایەی خۆ بەکەمزانی و سووکایەتیە بۆ تاکی کورد؟ ئایا کورتکردنەوەی مرۆڤ وەکوو کەینوونەیەکی ئاڵۆز لە ” شوناسی نەتەوەیی ” دا و دەرکردنی ئەو حوکمە قورسە کە ” بێ شوناسی بێ ماڵییە ، بێ ماڵییش لە نەتەوەیەکی جێگیر و خاوەن جێگاوە دەتکات بە کۆمەڵیکی کۆچەری ، ئۆقرە نەگرتوو و بریندار و وێڵ بەدوای ماڵدا ” ل ١٢٧ ” تاوانێکی مەعریفی ” نیە ؟
بەڕاستی مایەی پرسیارێکی قووڵە: ئایا ئەوە ڕەنگدانەوەی پەژارەیی و سەرلێشێواویی فکریی ئەم برادەرانەیە یان مرۆڤی سەردەم فیعلەن بەو شێوازە تەماشای شوناس ئەکات لەم دنیا جەنجاڵ و فرەڕەهەندەی ئێستادا ؟ من گومانم نیە لەبوونی هەستێکی لەو جۆرە کە ئەو برادەرانە هێمای پێئەکەن لەناو چینێك لە مرۆڤی کوردستانیدا ، بەڵام ئایا هەرچی واقیعی بوو ڕاستە ؟ هەرچی بوونێکی دەرەکیی بوو جێی متمانە و پشتگیریە ؟ ئایا نووسەر و ئەکادیمیست لەو بینینە سادانەوە هەڵئەستێ بۆ سەڵماندنی ئەرگیومێنتەکانی ؟ ئایا ستراتیجیی سەربەخۆیی و دەوڵەتسازی لەو دەرك و هەستە خامانەوە هەڵئەستێ ؟ ئایا باوەشێنکردنی ئەو خامۆشی وپەژمووردەییە ، وەکوو هەستێکی ناتەندرووست ، ڕاستە ؟

بەکورتی و بەکوردی ، تێزی جەوهەریی هەریەك لە دوکتۆر بورهان یاسی و دوکتۆر سەردار عەزیز لە کتێبی ( دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ) دا بریتیە لە پێداگیریی ئەوان لەسەریەکخستن و یەکڕیزیی ماڵی کورد ، ڕیفراندۆم وەکوو هەنگاوی یەکەمی سەربەخۆیی ، بەلاوەخستنی ناکۆکیەکانی ناوماڵی کورد ، پێداگیری لەسەر ناسیونالیزم و بیری کوردایەتی وەکو ڕێگەی ڕووناک بۆ ئەو ئامانجانە ، تەکمیلکردنی بینای نەتەوە لەڕێی بنیاتنانی دەوڵەتەوە ، بەدەستکرد ناساندنی ووڵاتی عێراق ، و سەرەنجام وەکوو ترۆپکی هەموویان سەرخستنی پرۆسەی ڕیفراندۆم بەو مەرجەی پارتی هەموو پێکهاتەکان و لایەنەکان بکات بەشەریک لەو پرۆژەیەدا و گشت کارتەکان لەدەستی خۆیدا زەوت نەکات.

من لای خۆمەوە هەوڵ ئەدەم کە شیکاریەکی کورت بخەمە ڕوو لەسەر بەشێك لەو بابەتە جەوهەریانەی سەرەوە چونکە زەحمەتە بتوانرێت لەووتارێکدا هەموو ئەو ناڕۆشنی و تیکەولێکەییەی لەم کتێبەدا هەیە بخریتە بەر تیشکی ڕەخنە و ڕەنگ بێت لەبەر زۆری ئیشکالیەتی کتێبەکە وەڵامدانەوەیەکی هەمەلایەنەی کتێبێکی سەربەخۆی پێویست بێت. ئەڵبەتە مەبەستی من ، لێرەدا ، ئەوە نیە کە بانگەواز بۆ پرۆژەیەکی تر بکەم لەبەرانبەر ئەوەدا بەڵکوو دەرخستنی کڵۆڵیی بیری ناسیونالیستی و نەتەوەپەرستیە بەو تەفسیرەی کە ئەوان لێرەدا مەترەحیان کردووە کە بووە بەچرای ڕۆشنکەری باسەکەی ئەوان و لەوێوە موفرەداتە بنەڕەتیەکانی باسەکەی ئەوان شیبکەمەوە.

بایەخی ئەو مەسەلانە کاتێک زەقتر دەرئەکەون کە بارودۆخی ئێستای کوردستانی عێراق لەبەرچاوبگرین.
ئێستا سەرتاپای کوردستان بووە بە مەیدانی بەربەرەکانێ و کێشمەکێشێکی هەمەلایەنەی فکری و سیاسی لەنێوان بەرەی بەڵی و بەرەی نەخێر بۆ ڕیفراندۆمێك کە لە ٢٥/ ٩ / ٢٠١٧ بەڕێوەچوو.
لێپرسراوەتیی ئەدەبی و ئەخلاقی و سیاسی داوامان لێئەکات کە بەووردی لایەنە جیاوازەکانی پەیوەندیدار بەو کێشمەكێشە بخەینە بەر باس. ڕەخنەکردنی ئەم کتێبە بەهانە و دەریچەیەکە بۆ بەرخوردکردنی لەگەڵ زۆرێک لەو بابەتانەدا بەتایبەتیش بەو ڕیوایەتەوە کە ئەو ٢ برادەرە خستویانەتە سەر کاغەز.
لێرەدا مەبەستم ئەوە نیە کە ڕەخنەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنە سەبارەت بە ” بیری ناسیونالیستی ” ی کوردی بخەمە ڕوو. ئەوە کارێکە نەك پێویست بەڵکوو ئەرکێکی ئیستەرەمیشە بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمە چڕکردنەوەی ڕەخنەیە لەسەر ئەو دیدگایەی هەردوو نووسەر سەبارەت بە مەسەلەی ڕیفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ، بەتەعبیری خودی ئەوان ، کە لەم کتێبەدا خستوویانەتەڕوو و مەگەر تەنها بەناچاری و بۆ ڕۆشنکردنەوەی سەرنجەکان لەسەر هەمان ئەو بابەتانە ، لێرە و لەوێ ، ئاوڕێکی ڕەخنەگرانەش لە بنەماکانی ناسیونالیزمی کوردی بدەمەوە.

تێگەیشتن لە هەڵچوون و داچوونەکان وداهاتووی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردی عێراق کارێکی نیمچە مەحاڵە یا کارێکە زۆر کورت دێنێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ژینگەیەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە لە عێراقدا وەکوو ئاکامی سیاسەتی ئەمریکا ڕەخساوە بۆی.

قۆناغی دوای ڕووخانی بەعس بۆ ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا ، قۆناغی ناڕۆشنی ، پەرتەوازەیی ، بێئاسۆیی ، و شڵەژانە. بەهۆی مانەوەی بەعسەوە، پێش ٢٠٠٣ ، هێزەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا لەلایەکەوە وەکوو هێزی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و ئامادەترینیان ، لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمریکاوە بایەخیان پێئەدرا و لەولاشەوە گشت سیاسەتەکانی خۆیان لەسەرجەم بوارەکاندا لەبەرچاوی خەڵک بەمانەوەی بەعسەوە پاساو ئەدا. ڕووخانی بەعس لەهەردوو ئەو بیانووە بێبەشی کردن. ئیتر ڕەوتی ڕوولەنشێوی بزووتنەوەی کوردایەتی بەردەوام ئەبێ و تاهاتووە پایە فکری و سیاسیەکانی وەکوو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لەناو خەڵکدا لەرزۆک و فشەڵ دەبن و دەسەڵاتدارەتیی حکوومەتی هەرێمیش کە نوێنەری سیاسی و تەبەلوری حیزبیی ئەو بزووتنەوەیەیە ، ڕسواتر و بێپایەتر ماوەتەوە لەناو خەڵکدا. ئیتر کار گەیشتووە بەشوێنێک کە خەڵک بەچاوی دوژمنی خۆی ئەڕوانێتە ئەو دەسەڵاتە و سیمبولەکانی.

بەڵام هەمیشە و بەشێوەیەکی میکانیکی ناکرێ دڵ بەوە خۆشکرێ کە گوتاری ناسیونالیستی و هێزە سیاسیەکانی ئەو بزووتنەوەیە تەریک بکەون لەناو خەڵکدا و دووچاری پاشەکشە ببن و ئەوە خۆبەخۆ بەمانای بەهێزبوونی ڕەوت و گوتار و بزووتنەوەی نیشتیمانی نایەتەوە. ئەوەی ئێستاش لەکوردستاندا دەیبینین ڕێک وایە: سەرباری کاڵبوونەوەی گوتاری کوردایەتی و ڕووتبوونەوەی هەردوو باڵی تەقلیدیی ئەم بزووتنەوە سیاسیە ، واتە پارتی و یەکێتی ، لەهەر شەرعیەتێکی سیاسی و ئەخلاقی و دەرکەوتنیان وەکوو دوو هێزی تاڵانکەری سامانی نیشتیمانی ، زەوتکەری دەسەڵاتی سیاسی ، مشەخۆر و گەندەڵ ، بێدەربەست بە هەر بنەما و پرەنسیپێکی نیشتیمانیی کوردستانی و .. ، تاد ، بەلام هێشتا ئەو هێزانە ئەتوانن دەسەڵاتی سیاسیان درێژە پێبدەن ، گوتاری کوردایەتی بەزیندووی ڕاگرن ، مۆبەلایزی خەڵك بکەن ، مانۆری سیاسی ئەنجام بدەن ، هاوپەیمانێتیی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی سازبدەن …، تاد ،بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بەدەسەڵاتی خۆیان بدەن.
بەکورتی ڕاستە کە شعوری گشتی خەڵك لەبەرانبەر ئەم هێزانەدا گۆڕانی زۆری بەخۆوە دیوە و بگرە خەڵك ئەم حیزب و دەسەڵاتە وەکوو هێزێکی چەوسێنەر و سەرکوتگەر و بێگانە بە ژیان و بەرژەوەندیی خۆی تەماشا ئەکات ، بەڵام ئەوان هێشتا بواری مانۆری زۆریان لەبەردەمدا ماوە. هۆی سەرەکیی ئەوە یەك شتە : هێشتا ئەو پاشەکشێ و ڕسوابوونەی هێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتی نەگۆڕاوە بە ڕەخنەیەکی هەمەلایەنە و ڕۆشن لە ناسیونالیزم و تووڕهەڵدانی و سنووربەندیەکی ڕۆشن لەگەڵیدا تا خاڵی کۆتایی کە بریتیە لە خستنەڕوو و بونیاتنانی فکرێکی سازگاری نیشتیمانیی کوردستانی کە ئامانجی یەکەم و کۆتایی خۆی بە بەرزڕاگرتنی شکۆی هاووڵاتی بناسێنێت بەبەدیل و ڕوئیەی ڕۆشنی سیاسی و فکریەوە. ئەوە گەورەترین بۆشایی سیاسی و فکریە لە ئەمڕۆی کوردستانی عێراقدا.

یەکێک لە کۆڵەکەکانی ناسیونالیزم و بیری ناسیونالیستی بریتیە لە معیاری بەرژەوەندی نەتەوەیی ( ( National interest
کە معیارێکی سەرەکیە لە ڕوانگەی فکری ناسیونالیستیی کلاسیکەوە. بەڵام ناسیونالیزمی کورد لە ئەمڕۆدا نەك ئەو بنەمایە ناکات بە قیبلەنمای سیاسەتکردن و دیاریکردنی هەڵوێستەکانی بەڵکوو ڕۆژانە لەبازاڕی سیاسەتدا هەڕاجی ئەکات. یاخود پێکهێنانی سوپای نیشتیمانی کە ناسنامەیەکی تری سیاسەت و فکری ناسیونالیستیی کلاسیکە بەڵام لای ناسیونالیستی کوردی ئەمڕۆ جێی خۆی ئەدا بە میلیشیای پارێزەری حیزب و بنەماڵە و بەدەستی ئەنقەست کۆسپ دەخاتە سەر ڕێی سەرهەڵدانی وەها دەزگایەك. ئەو ٢ نموونەیە گەرچی لەڕواڵەتدا دەرخەری ناکۆکیەکی ناوەکین بۆ دەسەڵاتی ناسیونالیستیی کوردی عێراق بەڵام لەڕاستیدا نەك ناکۆکی بەڵکوو نیشاندەری ئینحیتات و داتەپین و گیانەلاویی فکری ناسیونالیزمن لەم سەردەمەدا وئەوە دەرخەری پووچیی ناسیونالیزمی کورد و دەرگیربوونیەتی بە ئەزمەیەکی ماهەوی نەك لادان بێت لە ناسیونالیزم.

دەوڵەت بۆ نەتەوە یا بۆ خێڵ؟
هەردوو نووسەر پێداگیری لەسەر ئەوە ئەکەن کە دەوڵەتێك کە ئەوان بەرگری لەدروستبونی ئەکەن دەوڵەتێکە بۆ نەتەوە یا دەوڵەتێکە بۆ کورد لەبەرانبەریشدا هەوڵی دەسەڵاتدارەتیی کوردی لەپێناوی دامەزراندنی دەوڵەتدایە بۆ خێڵ.
ئەوان ئەڵێن ” ئێمە وەهای دەبینین کە ململانێیەکی سەرەکی لە کوردستان لەسەر ئەوەیە کە دەوڵەت بۆ کێ بێت. لەم بارەیەشەوە ئاراستەیەکی ناتەندروست هەیە کە دەخوازێت دەوڵەت بکات بە موڵکی تاکە کەسێک یان کەسانێک، خێڵیك یان بنەماڵەیەك”. ل ٣٤ تەئکیدەکان هی ئەوانە.
هەردوو نووسەر لێرەدا تا ئەو ئاستە خۆیان گوشیوە و ئەوپەڕی ڕادیکالیزمی خۆیان نواندووە تا بڵێن ئەوان دەوڵەتیان بۆ خەڵك ئەوێت لەکاتێکدا بزووتنەوەی ڕەسمیی ناسیونالیستیی کورد کە پارتی ڕابەر و خاوەن پرۆژەی ” دەوڵەتی کوردیی” ئەمڕۆیە دەوڵەتی بۆ خێڵ ئەوێت.

لێرەدا سەرباری ناڕۆشنیی دیدگای هەردوو نووسەر و ئەوەی لەو دیدگایەی ئەواندا بە ئاشکرا سەردەردێنێت دەوڵەتی نەتەوەییە نەک مۆدێلی دەوڵەتی هاووڵاتی و ئەوەش ناتوانێت ئەو خەسڵەتەی دەوڵەتی جێ بڕوای ئەوان بشارێتەوە کە لێرە و لەوێ بنووسن کە ” پێویستە دەوڵەت دەوڵەتی خەڵک بێت”. دەستەواژەی ” دەوڵەتی خەڵك ” تەعبیرێکی کرچ و کاڵ و سەییال و نادیارە بەتایبەتی لەبەرانبەر ئەوەی ئەوان پێی ئەڵێن ” دەوڵەتی خێڵ ” .
مەعلوومە کە نە ” دەوڵەت بۆ خەڵك ” ی ئەمان خۆبەخۆ خەسڵەتی بنەڕەتی ئەو دەوڵەتە نیشان ئەدا و نە ” دەوڵەت بۆ خێڵ ” یش کە داویانەتە پاڵ پارتی و بارزانی دەوڵەتێکە بۆ خودی ماڵبات یا خێڵی بارزانی.
تێزی دەوڵەت بۆ کێ بێت خۆی لە خۆیدا سنوورێکی ئاشکرا دانانێت لەگەڵ خەسڵەتی بنەڕەتیی ئەو دەوڵەتە مەوعودەی ئەوان کە دەیان جار پێداگری لەوە ئەکەن کە دەوڵەتی کوردی ، دەوڵەتە بۆ مرۆڤی کورد یا دەوڵەتێکی ناسیونالیستیە.

ئەمان لەژێر تەپوتۆزی هەڵوێست وەرگرتن لەبەرانبەر مەترسیی ” دەوڵەت بۆ خێڵ یان بنەماڵە ” و هێنانە ناوەوەی بێ مناسەبەی باسی ” دەوڵەتی شکستخواردوو” دا ئەیانەوێ بەرگری لە مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی تێپەڕێنن. تەنانەت ئەوان کێشەکەیان لەگەڵ سەرانی پارتی ودەسەڵاتدارەتیی ناسیونالیزمی کورددا لەوەدا کورت ئەکەنەوە کە ئەوان ” دەوڵەت بۆ بنەماڵە و خێڵ ” دروست ئەکەن و ئەوەش ” ئاراستەیەکی ناتەندرووست” ە یا بە قەولی خۆیان ” ئەم خواستە یا ئەم تێگەیشتنە دەرەنجامی ڕوانگەیەکی سەقەتە لە دونیای کوردیدا ، کە کەسێک خاوەنی بنەماڵە و خێڵە ، هەوڵ دەدات خاوەنی پڕۆژەی ناسیونالیزمی مودێرنیش بێت ، کە دەوڵەتە”. ل ٣٤.
سەردار و بورهان ئەیانەوێ کێشە ئاڵۆزەکانی ناسیونالیزمی کورد و ناتەباییەکانی داگرن بۆ ئاستی کێشەیەکی سۆسیۆلۆجیی جیاواز کە کێشەی خێڵە وبەوجۆرە خۆیان دوور بگرن لە ڕەخنەکردنی ناوەڕۆکی کێشەکە کە شتێک نیە جگە لە خودی ناسیونالیزم و ناتواناییە مێژووییەکانی ناسیونالیزمی کورد و ناکۆکیە دەروونیەکانی وەکوو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و تەیارێکی فکری. ئەوان بیریان چەند هەزار کیلۆمەترێك بڕ ناکات تا چاوێك بەدەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوودا ( هەر بۆ نموونە ) بگێڕن کە هەم سەربەخۆبوونەکەی و هەم مۆدێلە ئابووریەکەی گەشەسەندنی بەڕابەریی خێڵ و شێخەکانی ئەو ووڵاتە بەدەست هاتووە و بەو مانایە ئەوە جەهەری کێشەکە نیە.
پەژمووردەیی دیدگای هەردوو نووسەر ، شتێك نیە جگە لە ڕەنگدانەوەی واقیعیی پەژمووردەیی و وونکردنی ئاراستەی هاوبەش لە ڕیزەکانی ناسیونالیزمی کورد لە عێراقدا.
ئەم ناسیونالیزمە ، وەکوو هێزێکی سیاسی ، خاوەنی ووتاری هاوبەش و یەکگرتوو نیە، بێبەریە لە ڕیزی سیاسیی مونسەجیم ، پرۆژەیەکی چوونیەك ویەکدەنگ و هەنگاوی کردەیی هاوبەشی نیە و لەمەدای نزیکیشدا ناتوانێت دەستی بەو دیدگا هاوبەشانە بگات.

ڕایەڵ و پۆی ئەم کتێبە بەیەک بۆچونی هاوبەشی هەردوو نووسەر تەنراوە: پارتی پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستانی ڕفاندووە و لایەنەکانی تر ( ئەمان زیاتر مەبەستیان گۆڕانە ) ناکات بەشەریکی خۆی لەو پرۆژەیەدا؟ لای ئەمان ( پارتی هێزێکە یەکخەری کوردستان نیە بەڵکوو دەخوازێت هەر یەکخستنێك لەژێر سایەی ئەودا بێت و بەڕوانگەیەکی تەقلیدی فیوداڵی کە تیایدا کەسی مەسعوود بارزانی و بنەماڵەی بارزانی بە برا گەورە بزانێت ). ل ٤٧
ئەم شا تێزەی هەردوو نوسەر چەند سەرنج هەڵئەگرێت:

یەکەم: بۆچی هێزەکانی تری بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد ( دیارە لێرەدا زیاتر مەبەست لە چوارچێوەی جوگرافیی کوردستانی عێراقە ) سەربەخۆ لە پارتی پرۆژەی خۆیان بۆ ( سەربەخۆیی کوردستان – ئەمە تەعبیری خۆیانە ) ناخەنە ڕوو و گەر دەسپێشخەریشیان نەکرد بۆ ئێستا نایکەن تا هەمووان لە خاسیەتە جیاوازەکانی ئەو پرۆژەیەش تێبگەن؟

دووەم: تا ئێستاش بەڕەسمی هەموو لایەنەکان پاشەکشە و پاشگەزبوونەوەی خۆیان لە هەڵوێستی تا ئێستایان و پابەندبوونی خۆیان بە ڕێگەچارەی فیدرالی و شەراکەت لەگەڵ عێراقدا ڕانەگەیاندووە. بەئێستاشەوە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان چ وەکوو هەڵبژاردنێکی سیاسی و بەرنامەیی و چ وەکوو پراتیك بەتەواوی پابەندن بە ڕێکەوتن و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە شیعیەکانی عێراق و ئەوە بە بژاردەی سەرەکی خۆیان ئەزانن و دەستیان لێی نەشتووە.
هەرچی پارتیە هەڵوێستەکەی لەناوەڕۆکدا لەوان جیا نیە بەڵکوو خوازیاری ئەوەیە کە مەلەفی فیدرالیەت و پەیوەندی بەغدا و کوردستان بەتەواوی لەبەردەستی ئەودا بیت و پێی وایە کە جێ و شوێنی ئەوان ( پارتی ) لەبەغدا هاوسەنگ نیە لەگەڵ ئەو جێ وشوێنە گەورە و چارەنووسسازەی کە لەناوخۆی هەرێمدا هەیەتی.

سێیەم: هەر لەپەیوەند بە خاڵی پێشوەوە پارتی لە ئاستی کوردستاندا لەچاو هەموو هێزە سیاسیەکانی تردا بەهرەمەندە لە جێگایەکی پتەوتر و لەپێشتر و توانیویەتی هەموو مەلەفە ستراتیجیەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر چنگی خۆیدا کۆکاتەوە و لەپرۆسەیەکی ١٥-٢٠ ساڵیدا و بەنەخشەی زۆر وورد توانیویەتی پاشەکشەی گەورە بەسەر یەکێتی و لەم دواییانەش گۆڕاندا بسەپێنێ و لەوێوە وەکوو ( مدعی ) و سووکان بەدەستی ماشینی ( کوردایەتی ) جیپێی خۆی مەحکەم بکات و ئەو دوو هێزەی تریش مادام کە هەڵگری هەمان ستراتیجین و بۆ ئەو ستراتیجیەش نەخشەیەکی تری جیاوازیان نیە ، ناچارن سەرەنجام مل بدەن بە سیاسەتی جێگرتن لە پاشکۆی پارتیدا لە ڕاستای هەمان ستراتیجیدا.

یەکێتی ساغبۆتەوە بەو ئاراستەیە و زۆربەی نیشانەکانیش ئەوە دەخویننەوە کە گۆڕانیش سەرەنجام دوای هەندێ ژانی لەدایکبوون ببێت بە هێزێکی ڕادیکالی ناو هەمان بزووتنەوە بەو مەرجەی بۆ پاراستنی ئاوی ڕوو ( ماء الوجه ) جێگەیەکی وای بدرێتێ کە بەشایستەی خۆی ئەزانێت.
ئیتر هیچ بۆڵە و خورتە و گلەییەك لەپارتی ، بۆ هێزێك یا بۆ کەسایەتی و لایەنێك کە هەڵگری هەمان ئاسۆ و ستراتیجی و دنیابینی بێت ، ( لێرەشدا بۆ هەردوو نووسەری بەڕێز ) ڕۆڵیکیان نابێت جگە لە گۆڕانیان بە برغوویەك لە ماشینێکی گەورەتر کە پارتی و بارزانی سووکانەکەیان بەدەستە.

هەمیشە کێشمەکێشی نێوان هێزە ناسیونالیستەکان لەسەر شێوازی گەیشتن بەیەک ستراتیجی ئەم پریشکانەی لێکەوتۆتەوە. بزووتنەوەی ناسیونالیستیی عەرەب لە عێراق ، سوریا ، لیبیا ، میسر ، فەلەستین هەمیشە مەیدانێکی گەشەکردن و بەرەوۆێشچوونی ، دینامیکیەتە ناوخۆییەکەی و ململانێ و جەدەلی ناو ڕیزەکانی خۆی بووە. هەمیشە باڵێکی تری ناسیونالیزم و لەوانە لە ڕیزی ناسیونالیزمی کوردیشدا ، ڕادیکالتر تەکانی داوە و زۆر جاران ئەو ڕادیکالیزمە ڕەنگدانەوەی خویندنەوەیەکی ناواقیعیی تەرازووی هێزەکان و تواناکان و هێزی فاکتەرە دژەکانیش بووە.

پارتی نەك هەر تەحەموولی ئەو ڕەخنەگرانەی ڕیزی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کوردی ئەکات بەڵکوو سوود و کەڵکیشی لێوەردەگرێت. پارتی هەر ئێستا توانیویەتی بوونی ئەمجۆرە دەنگ و ڕەنگانە تەوزیف بکات لەبەرانبەر دەوڵەتی ناوەندی عێراق بۆ مەحکەمکردنی جێپێی خۆی لەبەرانبەر بەوان و بردنەسەرئی سەقفی داخوازیەکانی و ترساندنی بەغدا بە ( بعبع ) و دێوەزمەی ڕەوتێکی ناسیونالیستیی کوردیی تووندڕەوی وا کە بۆ بەغدا باشترە بێن بەدەنگی داخوازیەکانی پارتیەوە تا ئەو دێوەزمەیەش ئارام بکەنەوە و ئیحتیوای بکەن و بەو جۆرە پەیامە ئەیەوێ بەغدا ناچار بەملدانەواندن بکات بۆ خواستەکانی.
لەناوخۆی کوردستانیشدا هەمان شت. پارتی کەڵکی زۆر لە دەنگی نەخێرەکان و ڕەخنەگرەکانی تری ریزی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد وەرئەگرێت و سەرکوتووبووە لە تەوزیفکردنیان بۆ مەرامە سیاسیەکانی خۆی لەناوخۆشدا.

ستراتیجی پارتی و پلانە سیاسیەکەی بۆ هەنگاونان لەمڕۆدا ڕووەو ئەو ستراتیجە ، ڕەنگدانەوەی ئاستی گەشە و تواناکان و هێزی ناسیونالیزمی کوردە لە عێراقدا لەبەرانبەر بەودا ، گەر ڕەخنەگرانی ناو هەمان بزووتنەوە و ستراتیجی سیاسیی لێدەرکەین ، بزووتنەوە و ستراتیج و ڕەوتێکی تر نابینین کە توانیبێتی ململانێیەکی جدی و ڕاستەقینە لەگەڵ پارتیدا بکات.
ئەوە کلیلێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ڕیزبەستنی هێزی سیاسی لەکوردستانی عێراق و تێگەیشتن لە جێگەی پارتی لەم قۆناغەدا.

Previous
Next
Kurdish