Skip to Content

پیاوە بنجگەباڵاکە … ئەمجەد شاکەلی

پیاوە بنجگەباڵاکە … ئەمجەد شاکەلی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 13, 2017 General

سێشەممە 26ی سێپتەمبەری 2017، یەک ڕۆژ دوای گشتپرسییەکەی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، لەبەردەم خواردنگەیەکی گچکەی فەلافیل(فلافل) لە ستۆکهۆڵم، کە خاوەنەکەی عیراقییەکی عەرەبە، دانیشتووم و خەریکی خواردنی فەلافیلم. پیاوێکی پانتۆڵ و چاکەت لەبەری، سەر و ڕدێن سپی، باڵا ناوەندی، چاویلکە لەچاو، تەمەنی نزیکەی 77 ساڵ، لەگەڵ گەنجێکدا، کە پێدەچوو باوک و کوڕ بن، لەبەردەم خواردنگەکەدا ڕاوەستان و گەنجەکە پیاوەکەی بەجێهێشت و پێیگوت، کەمێکی تر دەگەڕێتەوە لای.

بە شێوەی ئاخاوتنەکەیان دیار بوو خەڵکی سلێمانین. پیاوەکە بە عەرەبییەکی ڕەوان, لەگەڵ خاوەنی خواردنگەکەدا، کەوتە قسان و داوای خواردنەکەی کرد و لێێ پرسی، خەڵکی کوێیە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی، خەڵکی دیالا و باقوبە(بعقوبه‌)یە. پیاوەکە، هەناسەیەکی گەرمی پڕ بە سینگی هەڵکێشا و لەتەک یەک تۆپەڵە ئاخ و ئۆف و مخابن و بەداخەوە و حەیفدا دەراندی، دەتگوت کۆستێکی گەورەی کەوتووە و نزیکترین و خۆشەویستترین کەسی مردووە.

بە گەروویەکی نووساوی خەماوی و پڕ لە گریانەوە، بە خاوەنی خواردنگەکەی، نەک جارێک دەیان جار گوت: وەی بەداخەوە بۆ ئەو عیراقە، دەک حەیف بۆ ئەو عیراقە، وەی کوێراییم دابێت بۆ ئەو عیراقە، بریا قەت ئەم ڕۆژەم نەدیتبایە! خاوەنی خواردنگەکە لێی پرسی، ئەو خەڵکی کوێیە، ئەویش گوتی: سلێمانی.

تۆ ئەگەر لەوناوە بووایەیت و تەنیا گوێت لە ئاخ و ئۆفی پیاوەکە بووایە، واتدەزانی، لە کەونە بەعسییە عرووبییە وەحدەوییەکان یا قەومییە عەرەبییە ناسرییەکان یا ئەندامێکی حیزبی دەعوەی ئیسلامی یا عەرەبێکی مووسڵاوی، باقووبەیی، فەللووجەیی بەسرەیی یا پسمامی زەعیم سددیق و عەلی حەسەن مەجید و مولازم موحسینە. پیاوەکە بە ئاخ و ئۆفەوە نەوەستا، ئەوجا یەک شیعری عەرەبی، نزیکەی هەشت نۆ دێڕی، بە عەربییەکی جوان و پوختە، کە پەسنی بەغدا و عیراق و مێژووی عیراق بوو، بەسەردا کرد و خۆش خۆشیش دەیگوت: ئاخ بۆ بەغدا، کە هەموومانی کۆکردبووەوە، حەیف بۆ بەغدا، کە پایتەختی هەموومان بوو، وای بۆ عیراق، کە وڵاتی هەموومان بوو، ئۆف بۆ عیراق، کە وای بەسەر هات و خەڵکانی ناپاک و خراپەکار و دەستی دەرەکی و سیخوڕ و بەکرێگیراو خەریکن تێکی دەدەن و بەشبەشی دەکەن! خاوەنی خواردنگەکە، هەر گوێی دەگرت و پیاوەکەش هەر قسەکانی خۆی دەکرد.

بە سەروسیما و عەرەبیزانینەکەی، پیاوەکە، لە کۆنە مامۆستایەکی زمانی عەرەبی، یا کارمەندێک، کە چەند ساڵێکی ژیانی لەگەڵ عەرەبدا ژیابێ، دەچوو. کە گوێم لە قسەکانی بوو، بە خۆمم گوت تۆ بڵێی ئەم پیاوە خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە شێخ ڕەزای تاڵەبانی لەبارەیەوە گوتوویەتی:

لــــەبیرم دێ ســــولەیمانی کـــە دارولمولکی بـــابـــان بوو
نەمەحکوومی عەجەم نەسوخرەکێشی ئالی عوسمان بوو
لـەبەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاھید
مـــەتافی کــــەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو
لــــەبــــەر تابووری عەسکەر ڕێ نەبوو بۆ مەجلیسی پاشا
ســــــەدای مۆزیقا و نــــەققارە تا ئـــەیوانی کەیوان بوو
درێغ بۆ ئــــــەو زەمانە ئـــــەو دەمە ئەو عەسرە ئەو ڕۆژە
کــــــەمەیدانی جریدبازی لـــــەدەوری کــانی ئاسکان بوو !

تۆ بڵێی خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە یەکەم پێتەختی یەکەم شانشینی کوردستان بوو، کاتێک شێخی نەمر، مەلیک مەحموود، یەکەم شای کوردستان بوو لە مێژوودا!
تۆ بڵێی خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە پێی دەڵێن: شاری هەڵمەت و قوربانی و شاری پیرەمێرد و حەمەساڵح دیلان!
تۆ بڵێی خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە فایەق بێکەسێکی تێدا هەڵکەوتووە، پەنجەی کردووەتە چاوی ئێدمۆندزی ئینگلیزی داگیرکەردا و پێی گوتووە:

بیست و حەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم
بە نان و ئاو و جل و بەرگی خۆم
خزمەتم کردی لە ئێران و ڕۆم
لە پێناوی تۆ شکاوە ئەستۆم
کەچی هێشتا هەر دیل و ڕەنجەڕۆم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟
بۆ چی بە ناحەق وا سووکت کردم؟

تۆ بڵێی ئەو خەڵکی ئەو سلێمانییە بێت، کە پێش نزیکەی سەدساڵێک، دژی لکاندنی باشووری کوردستان بوو، بە عیراقەوە!
بە من، نە‌و! بە من، ئەو خەڵکی ئەم سلێمانییەیە، کە کەمترین ڕێژەی خەڵک تێیدا 50%ی لەگەڵ سەربەخۆییدا بوون و ئەوەیشی دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا، خەڵکە هەژار و کارگەر و شەکەت و جەرگسووتاو و تامەزرۆی ئازادی و نیشتمانپەروەرەکانین، دەنا ئەندامان و هەوادارانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی سلێمانی، نە تەنیا لە سلێمانی، بەڵکە لە تەواوی ئەو دەڤەرەی بندەستیان بە گەرمیان و هەڵەبجەیشەوە، مەگەر دانە دانەیەکیان، دەنا شتاقیان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی نەداوە و ئەگەر بەشداریی گشتپرسییەکەیشیان کردبێت و پەنجەی مۆرکراویشیان لە میدیاکانەوە پێشانی خەڵک دابێت، ئەوا بە نەخێر یا بە سپی دەنگیان داوە. ئەو خەڵکی ئەم سلێمانییەیە، کە سەردارانی نەیانگەرەکە لە عیراق دوورکەونەوە، بەلكە دەیانەوێ لە هەولێر دابڕێن! ئەو پیاوە فەلافیلخۆرە گرگنە، کورتەڵە، گزگلە، بنجگەباڵایە، خەڵکی ئەو سلێمانییە نەبوو، کە میلیۆنان کورد، بە خۆیشمەوە، هەمیشە، وەک ئاگرێکی زیندوو و لانکی داهێنان، سەیریان کردووە، ئەو خەڵکی ئەم سلێمانییەی ئەمڕۆ بوو.

2017 – 09 – 26

Previous
Next
Kurdish