Skip to Content

قەسیدەی (لە ستایشی ئیبلیس)دا … هەڵمەت حسێن

قەسیدەی (لە ستایشی ئیبلیس)دا … هەڵمەت حسێن

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 15, 2017 General, Poems

سڵاو ئەی ئیبلیسی ئازیز،
ئەی یەکەمین یاخیگەر،
ئەی سیمبولی یاخیبوونی پەتی.
سڵاو ئەی قارەمانی خەیاڵم،
دروود لە شکۆمەندیت.
خودایە من ئێستا گومڕام،
بیرکردنەوەی زۆر لە یار گومڕای کردووم.
بە دوای گوڵی وێراندا وەک باڵندەی وون چوومە ناو گەرداو،
وێڵگەردێکم تووشی ئیشراقات هاتووم.
شیعرم ناڵەی بریندارێکە، لە تێفکرین لە نزیکی یار.
کەشتییەکم کون بووم لە بەحری کوفر،
لە ناوەڕاستی ئەو کەشتییەدا، کەشتییەوانان خەریکن شانتی دەچڕن،
تیایدا حەزیان لە سەمایەکی خێرایە،
فەرق ناکا ڕومبا بێت یان ساڵتالیرۆ،
حەز دەکەن قەرەج بوایەن و هەمیشە گوێیان لە زینگارا بێت.
تارماییەکم لە کوچەیەکی تاریک،
دەمەوێ چرایەکم پێبێ لەم تاریکستانەدا،
چراکەی من لە چرای کەسی تر نەچێ.
بووم بە چەکوشێک لەسەر ئەم سندانە و دەنگم بە حاڵ دێ،
کەچی سەدای دەنگم ئەبەدییە.
پشکۆی من هەرگیز نابێ بە خۆڵەمێش.
شیعرم ئاوازی مۆسیقارێکە جاویدان دەژەنێ،
عیفریت ئیلهامبەخشی ئەم قەسیدەیەمە،
ئیبلیسی خەیاڵم شاژنێکی ڕووتە و تازە لە حەمام خۆیشردووە.
پالادیۆم ئەی خوداوەندی دانایی، ئەی پارێزەری شاری ترۆی، من کوڕی شەرعی تۆم،
سڵاوت لێ بێ ئەی تاریکی من کوڕی تۆفانی تۆم،
تۆفانێک، گەر نوحیش بێت، هەر تیایدا خنکاوە،
تۆفان، بەهۆی بێدەنگییە قوڵەکانمەوە منی لە خودا کڕیوەتەوە.
خودایە من دەتپەرستم، بەڵام ناتوانم سەرسامیم بە ئیبلیس بشارمەوە.
خودایە دەزانم ئەگەر لێت یاخی ببم، درۆ دەکەم،
یاخی بوون لە تۆ، یاخی بوونێکی درۆزنانەم دەبێ.
خودایە دەزانم ئەگەر نەفرەت لە شەیتان بکەم، درۆ دەکەم،
نەفرەت کردن لە ئیبلیس، نەفرەتێکی درۆزنانەم دەبێ.
بەهانەیەک نادۆزمەوە بۆ نەفرەت،
لەکەیەک نابینم لە ئیبلیس،
ستایشی غروری دەکەم.
لێرە تەنها غرور ماوە من سەرزەنشتی بکەم،
ئاه، من ستایشی غروری بێ خەتات دەکەم ئەی دۆست.
هەموو شتێک لە مرۆڤ پاکیزەترە،
شەرەفێک لە سوژدەی ئیبلیسدا نابینم!
خودایە داوای لێخۆشبوونت لێ ناکەم،
داوات لێ ناکەم بێیت ئاشتمکەیتەوە،
لە دوورەوە ناڵێم با ئاشت ببینەوە،
تۆ بمخەرە دۆزەخەوە،
دۆزەخ ماڵی هەمیشەیی شاعیرانە!
ئەوەی من ستایشی دەکەم، ئاگرە.
تۆش دەمخەیتە ستایشخانەوە.
من عاشقی سەرسەختی بڵێسەم،
لە ناو کڵپەدا قارەمانی مەزن دەبینم.
خودایە تۆ بە گڕی دۆزەخ دەمسوتێنی و
یاریش بە گڕی چرایەک دەمسوتێنێ.
فەرقی چییە، بە ئاگری خودا بسوتێی یان بە ئاگری یار؟
سوتان هەر سوتانە!
لەمەوەیە من ستایشی ئاگر دەکەم،
ستایشی ئەهریمەن دەکەم، کە هەر خودی ئاگرە!
هێستیا، ئەی خودای ئاگر، من ستایشی تۆ دەکەم.
خودایە گەر تۆش نەمخەیتە ناو ئاگرەوە،
ئەوا وەک ساڤۆنارۆل داوام لێدەکەن بچمە ناو ئاگر.
ستایشی ئاگر دەکەم و ئاگردزم،
پڕۆمیسۆسێکی کۆتوبەند کراوم،
هەڵۆیەک لە شێوەی یاردا سکم هەڵدەدڕێ.
خوداکان منیان کۆتوبەند کردووە،
ئیبلیس بۆ من شکێنەری ئەو زنجیرەیە،
کە یار حەڵقە حەڵقە لە ملی ئاڵاندووم.
هیفستۆسی من جگە لە یار کەسێکی تر نییە.
پەشیمان نیم لە دز بوونم،
بە فەخرەوە من ئاگردزم!
من ژان پاتێستی زوسکیند نیم، بۆن درووست بکەم لە جەستەی کچان،
بۆنی من هەر هەمان هەوای شێداری ناو جەنگەڵە،
بۆنی جەنگەڵم لێ دێ، من هێشتا کێویم!
ئەگەر قەرار بوایە خودابام، ئەوا ئینکیدۆ دەبووم.
وەک سۆلۆن خراپەخانەکانی ئاتێنم دەکرد بە فەرمی.
لە تاریکیدا بەرەو خەرەند دەڕۆم.
ئەم شیعرە درووستکردنی پردێکە لە نێوان خۆم و ئیبلیسدا،
ئەمە وەک هاواری سوارچاکێکە کە داوای کۆمەک لە با دەکات،
لە چاوەڕوانی بایەکدام کە قەت هەڵناکات.
من لە خۆم یاخی بووم، بەرەو شێتی پەتی دەڕۆم،
ئەمە ڕاچڵەکینی ئەندێشەمە بۆ عەشق.
من دکتۆر فاوست نیم پەیمان بدەم بە فرۆشتنی ڕۆحم بە میفستۆفیلیس،
ڕۆحی من ڕۆحی گلادیاتۆرێکی ڕۆمانییە،
هەرچەندە ئەم پەیمانەم بە ئیبلیس کڕینەوەی ڕۆحی خۆمە لە یار،
چاککردنەوەی غروری خۆمە کە کچێک لێی شکاندم،
وەک شکانی چرایەک لە تاریکیدا غرورم شکا،
ئەمە یاسایەکە بە گوڵ دەیکێشین و بە ئاگر دەیپێوین.
ئێمە نەتەوەی کۆمەڵێک چەتەین،
نەتەوەی ئەو چەتانەین کە شەیدای تاڵانین،
ئەی یار تۆ وەرە تاڵانمکە،
وەک تاڵانی دەریا لە تریفەی مانگ،
ئەمە تۆ بووی ئەی یار، منت لە خوماردا خنکاند،
خۆشەویستی خۆم بۆ تۆ بە ئیبلیس دەفرۆشم.
ڕەتکردنەوی عەشقم وەک کردنەوەی قەفەز بۆ جانەوەرێکی شێت وایە.
ئەی یار تۆ ڕۆحی منت بۆخۆت دزی،
وەک دزینی عەباکەی موحەمەد لە کاتی دابەشکردنی غەنیمەی حونەین،
وەک دزینی بەردەڕەشی کەعبە بە دەستی قەرامیتەکان.
عەشقی تۆ وەک بەردێکی ڕەش لە دڵم چەقیوە،
وەک ئەو بەردەڕەشەی ناو کەعبە،
ئەو نەیزەکەی خەڵکی هەزاران ساڵە پێیان وایە لە بەهەشتەوەیە.
ئەی یار <<من لە یاسا تێناگەم، هەستی ئەخلاقم نییە، من کێویم، ئێوە بە هەڵەداچوون...>>١
عەشق ئاوەژووبوونەوەی پەیوەندی نێوان جەلاد و قوربانییە.
وەرە هەموومان زنجیری خۆمان بپسێنین و بڕۆین،
ئەمە بەڵێنی ئیبلیسە، نەک وادەی درۆی کچێک بۆ ژوان.
وەک ئەوەی پەرەستگایەکی ڕوخاو بێت، جەنگاورەکان بەسەر پەیمانەکەماندا دەڕۆن،
قەتارچییەکان بەسەریدا تێدەپەڕن،
ئەوەی من لەو پەیمانەدا دەمەوێ،
ئەوەیە لەگەڵ یاردا سەیری مانگ بکەم.
ئەی بەندەری ڕوخاو، ئەی کچە تاتار، دیاریی شەو تەنها تاریکییە!
دەمەوێ لە ناو کەشتیی تاواندا بخەوم،
ئەی یار ئەی ئەو ئەستێرەیەی کە من باوەڕم پێتە،
ئەم قەسیدەیەم کفنی عەشقی منە بۆت.
ئەی یار وەرە گەمارۆمدە،
بووم بە میری عاشقان، ببینە قافڵەی عەزابپۆشان.
من کەشتییەکم لە شووشە و تۆ بەندەرێکی لە تەڵا.
لێم ببوورە ئەی یار، من ئاوی لێڵ بووم!
بینینی مانگ بە ئاسمانەوە جوانە،
جوانە وەک سوخمە بە تەنافەوە،
مانگ نەفرەتێکە، بەردێکە، بەرقێکە خودا لە ئێمەی گرتووە.
عەشق ڕیسوا بوون نییە،
هەوڵمەدە ڕیسوام بکەی،
ژیان لە بەهەشتدا بێ بوونی عەشق ڕیسواییە،
ڕیسواییە وەک تلورکردنی قونی سفتی بێوەژنێک،
وەک هەڵواسینی ستیان بەبەردەرکی مزگەوتی گەورەی شاردا ڕیسواییە،
ڕیسواییە وەک دەستپەڕ بە خەیاڵی هاوڕێ کچەکانی زانکۆمان،
وەک بینینی دەستبردن بۆ سمتی پوور ڕیسواییە،
ئەی یار تۆ بووی واتکرد لە عەشقدا من بە تۆ بسوتێم.

خودایە لێمگەڕێ من بە قوڵایی خۆمدا سەفەر دەکەم،
ئەی یار وەرە سەفەرێک بکەین لە چەشنی سەفەرەکەی ئۆدیسیۆس،
سەفەری من لە شەوێکی باراناویدایە،
گەڕانی شیعری من لە نادیاردایە،
پشکنینی من دەستکوتانە لە زوڵمەتدا، بە بێ چرا.
شیعری من ڕێکردنە بە (تەم)دا!
وەرە بۆت باسی ئۆپرای هۆڵەندی باڵداری ڤاگنەر بکەم،
وەرە تۆ لەبری سێنتا لەگەڵ کەشتیەوانەکەدا بڕۆ بۆ ئاسمان،
وەرە ڕەچەڵەکی چەشنەکانی داروین بخوێنینەوە ئازیزم، نەک قورئان و بایبڵ.
عەشقی تۆ هەڵشاخانە بە ئەستەمدا.
ئیشی من درووستکردنی ڕۆشنایی نییە،
هەر لە بنەڕەتدا هیچ چرایەکم پێ نییە،
ئەسڵەن چرا هەر بوونی نییە لە نیشتیمانی شیعردا!
ئیشی شیعر تەنها درووستکردنی گومانە!
دەبم بە چەتە و دزی لە موڵکدارە زۆردارەکان دەکەم،
ئێوە ئەی ژنە ڕەشتاڵە عەبا پۆشەکان، من باوککوژم.
چیتر شتی حەرام و نهێنی بوونیان نەماوە،
تۆ دەستی خۆتت نەدامێ بۆ سەما،
مژێک لە هەناسەت نەدامێ هەڵیمژم،
لێوت نەدامێ بۆ ماچێک،
تۆ لەو کچانە نیت لە کاتی ماچدا چاو دابخەی،
ئەسڵەن تۆ هەر ماچ نادەی.
من بەرەو ناوەڕاستی گەردەلوول ڕێدەکەوم،
تیایدا ئەو باڵدارانەم بینین کە لە فڕینی خۆیان پەشیمان ببوونەوە،
من بەرگەی نەسیم ناگرم کەچی تۆ ڕەشەبات بۆ هەڵکردم،
جەنگی من لەگەڵ تەواوی مەحشەرە!
دەمەوێ سەفەر بکەم،
وەک ڕۆیشتنی ئیبراهیم لە حارانەوە بەرەو کەنعان،
وەک ڕامبۆ مەسیری هەموو زۆر ڕۆیشتنێک قاچ بڕینەوەیە،
ئەم هەڵاتنە کەرنەڤاڵێکی گەورەی مرۆڤەکانە.
وەک ئەو منداڵەی دوای هەنسکێکی زۆر دیسان دەست دەکاتەوە بە گریانێکی تر،
منیش ئاوا درێژە بە شیعرەکەم دەدەم بۆتان،
خودایە من دڵنیام شەیتان و جنۆکە نەچوونە لاشەمەوە،
ئیتر “لاسەرۆس وەرە دەرێ”ی مەسیح گەمژانەیە،
زیندووبوونەوەی من چەشنێکی ترە، تێڕامانە.
کێ ناڵێ ماریا لە باندارای سەرباز مەسیحی بە داوێنپیسی هێنابێت؟!
عیسا تا مردیش بێ ئاگا بوو لە بوونی کتێبێک بە ناوی ئینجیل.
لە ناو فریشتەکاندا لوسیفێر جوانترین و بەڕێزترین بوو لای خودا.
ئەی موسڵمانان ئەم شیعرە بریندارکردنی ئێوەیە،
وەک بریندارکردنی دەموچاوی موحەمەد لەلایەن عوتبەوە،
ئیتر ئێرە مەیدانی جەنگە،
وەک جەنگی ئوحود، بتپەرەستان بە پاڵپشتی عوزا و
موسڵمانان بە پاڵپشتی ئەڵڵا شەڕیان کرد و بتپەرستان سەرکەوتن،
منیش بە پاڵپشتی ئیبلیس شەڕ دەکەم.
لە کەللەمدا چەکوشی ئاسنگەرێک زرموکوت ئیش دەکات،
ئێوە بە درۆ ئیمانتان بە ئاینێکی درۆ هەیە،
ئێوە سەربازێکی درۆن لە جەنگێکی درۆدا.
خودایە لە نیشتیمانی مندا، تەویلە لە ماڵەکەی تۆ خۆشترە.
نەتەوەی من مردووی فەحشان،
وەک مردنی ماکیاڤیللی بە سکچوون دەمرن،
وەک مردنی کاردیناڵ جۆن دانێلۆ لەسەر جێی فەحشای میمی،
وەک فەحشای کاترینای مەزن لەگەڵ یاریدەدەرە زۆرەکانی.
وەک پیتەری مەزن دەچمە ئەوروپای ڕۆژئاوا و خۆم دەکەم بە دارتاش.
ئەی ئەهریمەن، من گوێچکە ماسیت لە یەعقوبەوە بۆ دێنم.
بیرم لەوە دەکردەوە شیعرێک بنووسم لەشێوەی شانۆی پانتۆمایم بێ.
نامەوێ بچمە ئەرکادیا و ناڵێم ئەوێ بەهەشتە و تیایدا لای پانی خودا پاک ببمەوە،
لێگەڕێن من پیسییەکانی خۆم بژیم،
فەزیلەتەکانی ئێوە هەر بۆ خۆتان.
خودا منی لە پاشماوەی پڵنگێکی تۆپیو درووستکردووە!
من لە جنسی هەڵم و دوکەڵم، لە توخمی تەم و غوبارم.
ئەیوبم و لە خاکی عۆس دەژیم و خودا کرمەڕێزی کردووم،
یەکەمین پاشای ئیسڕائیلم کە یەهوە داینابم و ناوم شائولە،
ئەشعیام و پێتان دەڵیم یەهوە لە کێوی سەهیۆن نیشتەجێیە،
ئەم قەسیدەیەم ئاگرێکە و لە کتێبخانەیەک بەربووە.
وەک تێپەڕینی تارمایی بە تەمدا،
بە ناو ئاگردا تێدەپەڕم،
بەسەر ڕووبارەکاندا دەپەڕمەوە و داوای بەخشندەیی لە ئەلفیۆس دەکەم،
خودایە وەک هاروت و ماروت سەرەوخوار بە ئاسمانی بابلدا تا ڕۆژی قیامەت هەڵمواسە،
بەس پێم بڵێ ئەو ئافرەتە کێ بوو کە بوو بە زوهرە بە هۆی منەوە؟!
ئیبلیسی ئازیز من لەگەڵ هەموو جۆرە خیانەتێک لە پەیماندام،
هەڵوێستم تاکۆتایی وەک هەڵوێستی کەسێکی ڕێبوار دەمێنێتەوە.

میللەتی ئێمە ماندووە،
ماندووە وەک نوستنی قەحپە لە ناو یاتاغی سەربازدا.
وەک پڵنگێکم لێهاتووە لە دوورەوە قەپاڵ بگرم.
ئەی گەلی دز و چەتەم،
ئەی دواکەوتوی شاعیرانی درۆزن،
ئێوە دواکەوتون، وەک دواکەوتنی خەڵکێکی زۆری بەنی کەلب بە بانگەشە پێغەمبەرایەتییەکەی موتەنەبی.
ئێرە نیشتیمانێکە، ئاسمان ئەستێرەکانی خۆی تیادا هەڕاج کردووە.
شیعری من لە قسەی موحەمەد ناچن،
موحەمەد نیم حەز بکەم پێغەمبەرایەتییەکەم لە هی سلێمان بکا و بڵێم قسەم لەگەڵ ئاژەڵ کردووە،
من نامەوێ لاسایی موحەمەد بکەمەوە و خۆم بە سولەیمان بچوێنم،
وەک ئەو بێم لە غەزەلی غەزەلاندا باسی عەشقی خۆم بۆ سولامیت بڵێم،
من نامەوێ لە کەس بچم.
ڕۆحی من خەریکە دەچێتە کەوڵی ئافرەتێکی فاحیشەکارەوە.
خەریکە ووردە ووردە دەبم بە بۆهیمییەکی زۆرگەڕ.
گەلی ئێمە هەمووی لە چاوەڕوانی گۆدۆیەکدایە و
گۆدۆش خۆی لە چاوەڕوانی زەمەن.
میلەتی ئێمە لەوانەن کە لە شکستی عەشقەوە دەست دەدەنە بازرگانی.
ئێوە ئەی گەلی ڕق و کینە،
ئێوە تارخن، پەیکەرتاشن و باوکی ئەبرامن،
تارخن کە بتەخودا دەخوڵقێنن و بەندایەتیشی دەکەن،
من دەبم بە ئەبرام و خودا و کارە هونەرییەکانی باوکم دەشکێنم،
ئەبرام بتەکانی هەم لە ناو کەللەدا شکاند هەم بە ماتەریالی،
من بتشکێنی ئێوەم ئەی گەلی بوختانچیان.
ئێمە گەلێکین تەنها بۆ تاڵانکردن ڕاپەڕیوین،
بابوباپیرانی من ئەو کوردانە بوون کە سکی یەکتریان هەڵدەدڕی و خوێنیان دەخواردەوە،
ئێوە لە مێژە وەک کەمتیارەکان هەڵسوکەوت دەکەن،
لە ناو کێڵگەکانی خەشخشدا دەژین.
من کوڕی ئەو نەتەوانەم کە کوڕان و کچانی شەوان تا سەحەر خەویان لێ ناکەوێ،
بەیانیانیش لەبەر لەشپیسی نوێژ ناکەن،
هەزاران جار چوونە شەوی پەردەوە بە خەیاڵ،
شەیتان زۆرترین خەونی بۆ ئەوان بەدی هێناوە.
من خاوەنی ئەم قەسیدە کێویە،
حەزم لە پیاسەیەکە بە ناو کێڵگەکانی بیبەردا.
ئێوە ئەی گەلی دووڕووم خۆتان ئارایشت بکەن،
ئیتر ئەخلاق گەڕاوەتەوە هەرە سادەترین گوزارشتی خۆی.
باوکم لە نەوەی مۆئابە، دایکم لە نەوەی عەمۆنە،
ئەو دوو تیرەیەی کە کچەکانی لووت سکیان بە باوکیان پڕ بوو.
ئینسانی هەوەسباز قەت ناتوانێ عاشق ببێ.
ئەی گەلی پیلان و فێڵ و پێکەنین و زینا،
وەک پیلانەکەی رڤقە بۆ بوون بە پێغەمبەریی یەعقوب،
وەک فێڵی لابان لە یەعقوب و پێدانی لیای کچی لەبری ڕاحێل،
وەک پێکەنی سارا بە بەڵێنی یەهوە،
وەک دەستدرێژی کردنە سەر دینەی کچی یەعقوب.
من لەو نەتەوانەم کە ژنیان لەلا کەمە،
نازانن ئەوە تەنها ژن بوو وێرای ئاوڕ بداتەوە لە شاری وێرانی سەدوم و عامورا،
با سزاکەی بوون بە ستونێک لە خوێش بێت،
گەورەیە ئەم ئاوڕە وەک ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس.
ئەی گەلی هەڵە و فەحشا،
ئێوە هەمووتان وەک یەهوزا سێ کوڕتان هەیە،
فەحشاکارن، وەک گاینی بە هەڵەی تاماری بووکی لەلایەن یەهوزاوە،
ئێوە یەهوزان لە فەحشا و هەڵەدا،
من یەهەهوزام لە شکاندنی سیستم.
میللەتی من لە ئازاردا دەقیژێنن،
وەک قیژەی سۆزانی لە کاتی تێبڕیندا.
من گوناهبارم بە ئاواژووکردنەوەی جوانییەکان،
من خاوەنی حیکایەتە گەورەکانم٢، وەک چۆن خاوەنی ئارەزووە بچوکەکانیشم.
حەز ناکەم بگەڕێمەوە بۆ دونیای شتە پیرۆزەکان،
وەک ئۆدیسیۆس کەوتومە مەملەکەتی کیژە هەوەسبازەکانەوە.
دەستی من بۆ ئەوە نییە لە پێشی گوردانەکانەوە بەیداخ هەڵگرێ،
ستایشی پیرێژنە لەشفرۆشەکانم پێباشترە، لە ستایشی نەتەوەکەم،
ستایشی چرچولۆچی پێستی پیرێژنەی لەشفرۆشم پێباشترە لە ستایشی چرچ و لۆچی بەیداخە حیزەکەمان.
خودایە، من کە ڕۆژانێک ئامادەبووم سوژدە بۆ ئاڵای نیشتیمان بەرم،
ئەمڕۆ وەک پەڕۆی بێنوێژی ئافرەتان دەینینم،
لە دوای دەستپەڕ بە خەیاڵی ژنە تەڕەکەی دراوسێمانەوە چوکمی پێ دەسڕم.
وەک فڕێدانی پشیلەیەکی تۆپیو بۆ دەری حەوشی ماڵ فڕێتدام،
هەقتە نیشتیمان، بە قۆڵە کراسەکانی خۆم لەسێدارەمدە،
ئییتر خەریکە بە ئەتک دەستنوێژم لە تۆ ئەی نیشتیمان دەشکێ.
شیعرەکانم لەبەر پێی سۆزانییەکاندا پەرش و بڵاون،
چونکە هەمیشە جوانی فریو دەرە، هیولایەکی زەبەلاحە.
وەک پەیکەری موسای ئەنجیلۆ منیش لە گەلەکەم نیگەرانم.
شیعری من کریسیدا نییە، مامی گەوادی بۆ بکات.
ئەم قەسیدەیەم گینگڵی بریندارێکە،
سەمایەکی پڕ لەنجەولاری ڕێکوپێکە،
باس لە خەمە کۆڕاڵییەکان ناکەم،
لە تەنیاییدا بێ یان لە سەرما باوەشم بە خۆمدا کردووە.
دڵتەنگ مەبە ئەی یار، نیشتیمانی ئێمە شێتخانەیە!
ئیشی من ئەوە نییە پەیامتان بۆ بنێرم،
جەوهەری شیعری من درووستکردنی وێنەیە،
لە وێنەی خوداوە تاکوو ئیبلیسی مەزن.
وەک بۆدلێر داواتان لێ ناکەم (بەیەکەوە مەست بین)
داوای من هۆشیاریتانە بە ئیبهام!
دەمەوێ ئابڕو لە خەڵکی وڵاتەکەم داکەنم،
وەک داکەندنی دەرپێ لەبەری سۆزانی.
دەمەوێ هەرچی خراپە بەسەر خەڵکی وڵاتەکەمدا بیڕێژم،
وەک ڕژتنی ئاوی سپی بەسەر مەمکی سۆزانی.
بۆگەنی ئەم شارە کاسی کردووم،
لە بۆنی سوڕی مانگانەی ژنێک دەچێ،
بۆنی قەحپە لە شارەکەی مندا هەزار فەرسەخ دەڕوا،
ئۆگەستین گیان شاری خودا بوونی نییە، ئەوەی هەیە شاری شەیتانە!
من ڕێبوارم و شارەکان بۆ من هەموو وەکو یەکتری وان،
ببینە من شەرم ناکەم هێشتا تۆزی ڕێگاکانم پێوەیە.
خودایە وەک وێرانکردنی سەدوم و عامورا نیشتیمانی تاڵانچیان وێران مەکە،
وەک لووت لە ترسی وێرانبوون ڕاناکەم بۆ چۆعەر.
لە شکستی عەشقەوەیە ئومێدم لە شوێنێکی تر و گەلێکی تر هەڵچنیوە.
ئەی نیشتیمان بیست و دوو ساڵە من کوڕی زۆڵی تۆم.
دەڕۆم، بەڵام ئەی نیشتیمان حەسرەتی تۆ لە کەللەم دەرناچێ.
بوونم لەم نیشتیمانەدا گرینگ نییە،
گرینگ نییە، وەک قورئان لە ماڵی سۆزانیدا.
عەشقی یار غەریبە لەم وڵاتی فەڕەنسیانەدا،
وەک غەریبی ژنەکانی دانیایدس لە ئەفسانە گریکییەکاندا،
لە خەونمدا، نە ئەی ڕەقیب بۆ شکۆی کوردستان،
نە سرودی مارسیلیز دەڵێمەوە بۆ شکۆی فەڕەنک!
درۆیە ئەم ئاشتییە، جەنگ هەڵدەگیرسێ،
قەسابخانە ڕێدەخرێ وەک قەسابخانەکەی سانت بارتیلمی،
وەک سەربڕینی یوحەنا لەلایەن هیرۆدۆسەوە لە پێناو پوزی سالۆمێی برازای،
عومەر دەڵێ با عەلی ملی عەقیلی برای بپەڕێنێ و هەمزەش ملی عەباسی برای،
دوایین جەلادی فەڕەنسی، مارسێل شۆڤالێ زیندوو دەبێتەوە،
شارلۆت کۆردای دیسان مارای سیاسەتمەدار تیرۆر دەکاتەوە،
ماوەیەکە گەنجانێکی زۆر دەبینم بە جلی سەربازی و خودەی برۆنزییەوە،
کە گشتیان باوکیان قژیان وەک ئەلکیرۆسەکانی سەدەکانی ناوەڕاست لێکردووە.
خودایە بەر لەوەی باسی قیامەت بکەم،
تۆ وەرە بمخەرە قوڵایی دۆزەخەوە،
ئێرە نیشتیمانێکە کەس تۆ ناناسێ،
ئیتر سوژدە بۆ کوێی تۆ بەرن؟!
نەتەوەی من هەموو ئاوێک بە گومانی ژەهر دەخۆنەوە،
ئەمە کۆچی خێڵی سیاپۆشانە.
ئەی یار ئەمە خولیاکانی کوڕێکە لە ڕۆژهەڵات.
هەست دەکەم ئیتۆسی٣ گەلی ئێمە جگە لە یاخی بوون و تاڵانی شتێکی تر نییە.
داوەشانی ئیمپراتۆریەتێک دەبینم!

ئێمە لە زەمەنێکداین یاخی بوون مانایەکی نییە،
پاڵەوان و فریادڕەس بوونیان نییە،
ئەمڕۆ سەرەتای زەمەنی فڕێدانی دەمامکە پڕ میهرەکانە،
ئەمڕۆ سەردەمی گەڕانەوەی شکۆمەندییە بۆ ئیبلیسی مەزن!
ئەم قەسیدەیەم شەڕێکە بێهودە،
سۆزگەلێکی سەرچڵە لە عەشقی یار و سەرسامیم بە شەیتان و پەرستنی خودا،
سەیر بکەن، دە سەیر بکەن لە نێوان تەسلیم بوون و بەدیلگیراندا چی دەگوزەرێ؟!
نە تەسلیم دەبم، نە دەبم بە دیلی خودا و ئیبلیس و یار،
لە کۆتاییدا من هەموو زنجیرێک دەپسێنم و ڕۆحە کێویەکەی خۆم دەژیم!
ئێستا زەمەنێکە حەقیقەتەکان بە ئەندازەی وەهمەکان گەورەن،
چیتر سەردەمی سەرکەشییەکان نەماوە،
سەردەمی خۆ وونکردن و بێ ئاگاییە گەورەکانە.
سەردەمێکە ئەو پاساریانە دەکوژن کە گوناهبارن بە فڕین.
من هەوڵدەری پێکەوەلکانی شتە لێکترازاوەکانم.

ئەی یار ئەم شیعرە پشکۆیەکە و لە دۆزەخ دزیومە،
گۆڕێکە و سۆزی خۆمم تیادا ناشتووە،
ئەم قەسیدەیە ئەرژەنگی ئێمەیە و مانیش نەخشەکێشی نییە.
دەنگم سەدای (نەی)ە.
هەیکەلم وەک پەیکەری داوودی مایکڵ ئەنجیلۆ ڕەقە،
وەرە لەشم بۆردومان بکە بە ماچ،
وەک بۆردوومان کردنی پاریس بە ماکسی درێژ.
با ماچێکت بەر لێوم بکەوێ،
وەک چۆن تۆپێکی ماکسی درێژیش بەر کڵێسای سان ژێغڤێ کەوت،
لیچ هەڵقورچانت بۆ من بوو نەک ماچ،
وەرە ئامۆژگاریم بکە چۆن نوێژ بکەم.
زیۆس و ژوپیتێر بێ یان بەعل یان ئەڵا و یەهوە فەرق ناکا،
ئیسحاق بێ یان ئیسماعیل، گرینگ ئەوەیە خودایەک هەیە داوای سەربڕین دەکا،
هاروون بێ یان سامیری، گرینگ ئەوەیە نەتەوەی یەهوود بوو پەیکەری گوێرەکەیەکیان پەرست،
خودایەک هەیە و داوا لە هۆشەع دەکا لەگەڵ ژنی زۆڵ و داوێنپیس هاوسەرگیری بکا،
خودایەک هەیە و داوا لە حزقیال دەکا بەیانیان پیسایی لە نان هەڵسوێ و بیخوات،
خودایەک هەیە و ترسی هەیە لە درووستکردنی بورجی بابل،
ئەفرۆدێت بێ یان ڤینۆس یان حاتور گرینگ ئەوەیە عەشقێک لە نێوان من و تۆدا لە ئارادا نەبوو!
عەشقی تۆ خەونێکی پەمەیی بوو، ئەی یار.

ئەی یار ئەم شیعرە لەو قەسرانە ناچێ کە بەتاڵکرابن بۆ ئەوەی تەنها شازەدیەیەکی لێ ببینرێ،
تۆ تەنها ئەمیری غەمگینی ئەم قەسیدەیەی،
ڕۆحی من لە پاشایەکی بابلی دەچێ،
لە تەنگە ڕێیەکانی خەرەندێکدا دەژیم،
چونکە نیشتیمانی ئێمە تەنها تێپەڕگەیەکە،
تێپەڕینە بە نزیک دارستانێکی ژاڵەدا،
ئەم قەسیدەیە قەرەبووکردنەوەی ئەوینێکی لەدەستچووە.
ئەی یار، ئەمشەو شەوێکە گێژەن،
من لە عەورەتی مانگ و گوڵ ڕادەمێنم.
ئەی یار تۆ دەمناسیت، ئەو گورگە بریندارەم کە دەمناسیت.
میدیاسم و دەستم لە هەرچی بدەم دەبێ بە تەڵا،
عەشقم بۆت لە سەرەتای بەهاردا درووست بوو و
لە کۆتایی بەهاردا گەیشتە چڵەپۆپە،
خەنجەرێکی ژەهراوەی فاسیلەی زەمەنی نێوان من و تۆی دڕی،
مەودای نێوانمان تەنها وشەی عەشق بوو،
هەنگاوێکی گەورە لە نێوانماندا بوو،
بازێکی زۆر قورس بوو، بازی عەشق بوو،
هەموو عەشقی خۆمان لە یەکتری شاردەوە.
دەزانم تۆ منت لە هەیکەل و جورمێکی لاوازدا دەبینی، بۆیە ڕازی نەبووی.
لە دوای شکستی عەشقی تۆوە،
تەنها بوونێک کە هەستی پێبکەم شەبەحی ئیبلیسە!
ئیتر کێ باوەڕ بە حەزە تەزیوەکانی من دەکا لەناو سەهۆڵدا؟!
وەرە بۆت باسی کۆتایی جیهان بکەم لە سیفری ئەرمیادا،
وەک کامیکازە ژاپۆنییەکان خۆم دەکوژم بە تۆدا،
من لە پێناوی چاوی ڕەشی کچێکدا بووم بە شەیتاندۆست،
چاوە ڕەشەکانی تۆ بوون وایانلێکردم قوڵتر بیر لە تاریکی بکەمەوە!
شەیتان پێی نەخستۆتە نیشتیمانی ئێمە،
ئەینا بڵێسەی لە دوورەوە دیار دەبوو.
تۆ ئەی ڕاگوزەر وەک شنەی با،
پێم باشترە بە شیری دێڵەگورگ گەورە ببم،
وەک لەوەی بەشیری ئەو دایکە فاحیشەکارانەی مێردەکانیان سەربازی نیشتیمانن،
یان باشتر بوو وەک سارگۆن باخەوانێک بەخێوی کردبام و دایکم کاهێنە بوایە،
ئەی یار ئەمە لە بۆنەیەکی گەورەی تەوتەمی دەچێ.
ئەم قەسیدەیە گریانی من و پێکەنینی کچێکە،
دوای دڵنیابوون لە دزینی دڵی کوڕێک.
وەک ڕەنگی زەرد لە تابلۆکانی ڤانکوخدا ڕەنگم زەرد هەڵگەڕاوە،
خەیاڵکردنەوە لە تۆ ئەی یار تەنها سەرئێشەیە،
تێکەڵکردنی ژان و چێژە لە عەشقێکی چەشنی تاعوندا.
کیمیای خودا لەسەر مەعدەنی ژەنگاوی من و تۆ کار ناکا، ئەی یار.
لە عەشقت نابمەوە،
وەک لێبوونەوەی قەیرەکچێک لە خوێنبینین.
کراک دەکێشم و لەشم هەڵدەوەرێ.
ڕۆحم وەک هۆڵی کەنیسەیەکی چۆڵ دەنگ دەداتەوە،
گوێم لە تریقەی ئەو کیژانەیە کە دەزانن بۆ هاتووم بۆ ئێرە.
ئەی یار ئەوەی هەرگیز بازرگانەکان نایفرۆشن لە کۆتاییدا ناچار هەڕاجی دەکەن!
وەرە شەرم مەکە و با سەیری تابلۆی کیژانی ڤاڤیۆنی پیکاسۆ بکەین.
ئەم قەسیدەیە بەرهەمی ڕەتکردنەوەی عەشقێکی ئیفلاتوونیم بوو.
ئەی یار، تۆ ئەی شازادەم بەر لەوەی بڕۆم،
ها ئەوە جلەکانم، فڕێیاندە،
دەمەوێ ڕووتی و شەرمەزاریەکانی خۆم بژیم،
وەک قەقنەس سنووری فڕینی خۆمت پیشان دەدەم،
بەڵام دوای ئەمە، ئەی یار ئیتر مەیەرە سەیری سوتانم،
چیتر بۆنی گوڵی باغی من مەکە،
لە وونبوونیشم مەپرسە،
چوونکە نەمتوانی جارێک کەمەرت لار بکەمەوە بۆ ماچێک!

______________
١- دێڕێکە لە قەسیدەی وەرزێک لە دۆزەخی ئارسەر ڕامبۆ وەرگیراوە، لە بەشی خوێنی پیس.
٢- بڕگەی حیکایەتە گەورەکانمان لە دەربڕینی (کۆتایی حیکایەتە گەورەکان)ی ژاان فرانسوا لویتار خواستووە و لە سیاقی خۆی ترازاندوومانە.
٣- ئیتۆس لێرەدا بە مانای تایبەتمەندی ڕۆحی گەل دێ کە لەناویدا لەبوونداین.
١٧-٨-٢٠١٧

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish