Skip to Content

مام جەلال: باجی یاری لەگەڵ “درۆودەلەسەی” سیاسەتدا! … شاخەوان شۆڕش

مام جەلال: باجی یاری لەگەڵ “درۆودەلەسەی” سیاسەتدا! … شاخەوان شۆڕش

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 15, 2017 General, Opinion

لە ١٩٨٤ دا کرێکار بووین، رۆژێکیان سەربەست کە بەیەکەوە کارمان دەکرد گوتی “سیاسەت درۆودەلەسەیە”! گوتم چۆن؟ گوتی “ئەوە قسەی مام جەلالە”! ئەو گوتنە خستمیە بیرکردنەوە. سەربەست لایەنگری یەکێتی بوو.
گومان لەوەدا نییە مام جەلال سەرکردە و کەسایەتیەکی سیاسی ناسراوە و خاوەنی مێژووەکی رامیاری دوورودرێژە کە خۆی لە زیاتر لە نیوسەدەدا دەدات. لەو مێژووەدا شۆڕشگێڕی و بەڵێنی شۆڕشگێڕانە، ساردوگەرمی، هەلسان و دابەزین هەن، سەرکەوتن و ژێرکەوتنی کاتی هەن، سنگفراوانی هەن، بەڵام پشووتەنگی، تەسکبینی و کورتبینیش هەن، ڕەشبینی هەن، هەنگاوی هەلپەرستانە و دووڕوویی هەن، هەروەها گەندەڵی و تاوان هەن. مام جەلال ئەو سەرکردە سیاسیەیە کە لە زۆرباردا لەگەڵ پێشهات و هەلومەرجەکانی رۆژدا سیاسەتی کردووە، هەڵوێستی گۆڕیووە و خۆی گونجاندووە، هەنگاو و تاکتیکی نەخوازراو و نائاسایی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکارهێناوە، بەمجۆرە بە بڕوا و پرەنسیپێکی مۆرالی تایبەتەوە وابەستە نەبووە و لە زۆر هەلومەرجدا وەکو ریالستێکی کلاسیک جوڵاوەتەوە.

بەپێی سەرچاوە مێژوویەکان و گوتنی هاوڕێیانی کۆنی ئەو، مام جەلال لە کۆتایی چلەکان و لە دەیەکانی پەنجاکان و شەستەکاندا سیاسیەکی بەتوانا و لێهاتوو بووە، بە زیرەکی و چاڵاکیەکانی سەرنجی هاوڕێکانی راکێشاوە، لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا بەخێرایی سەرکەوتووە و گەیشتووەتە پلەباڵاکان. لە دووبەرەکیەکەی ١٩٦٤دا لەگەڵ هاوڕێیانی دیکەی مەکتەبی سیاسی و بەشە حزبیەکە رەخنەی لە سیاسەتی تاکڕەو و خێلەکیانیەی مەلا مستەفا هەبووە، کە وایکردووە دواتر لە پارتی جیابوونەتەوە. جیابوونەوەی ئەوان لە پارتی کاردانەوەیەکی ئاسایی بووە، بەڵام چوونە سەنگەری حکومەتی بەغدا دژ بە پارتی سەر بە مەلا مستەفا لە ١٩٦٦ دا هەنگاوێکی نائاسایی و هەلەیەکی کوشندە بوو ئەوان تێیکەوتن. لەلایەک لایەنە هوشیار و ڕامیارەکەیان خستە خانەیەکی نەخوازراوە، لەلایەکیتر برەویان بە ڕەوتی خێلەکی و دیسپۆتیانەی مەلا مستەفا دا.

شەڕی کوردکوژی ئەوسا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە و کادیری دڵسۆزی کردە سوتەمەنی خۆی کە سەرکردایەتی هەردوو باڵی پارتی لێی بەرپرسیارن. ڕێککەوتنەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی لە ١٩٧٠ دا بەجۆڕی لە جۆرەکان وازهێنان بوو لە ناکۆکی و ململانێکە لەلایەن مام جەلال و برایم ئەحمەدەوە، چونکە مەلا مستەفا هەر لەسەر رەوتی خۆی بەردەوام بوو و گۆڕانێک لەمبارەیەوە نەبوو. ئەو هەنگاوەی برایم ئەحمەد و مام جەلال سوودی بە بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان گەیاند، بەڵام چارەسەرێکی بنەرەتی و درێژخایەنی ناکۆکیەکە نەبوو، وە دووبەرەکیەکە بەوە کۆتایی نەهات. ئەو دووبەرەکیەی ئەوسا بووبە پەتایەکی کوشندەی ئیفلیجکەری درێژخایەن بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی باشوری کوردستان، بەجۆرێک ئێستاش باشوری کوردستان پێیەوە دەناڵێنێت.

دوای هەرەسی خەباتی چەکداری ئەیلول لە ١٩٧٥ دا، مام جەلال لەگەڵ هەندێ لە هاوکارانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان دامەزراند، لە ساڵی ١٩٧٦ دا بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان بەسەرکردایەتی عەلی عەسکەری و د. خالید سەعید و عومەر دەبابە چوونە ناو نیمچەبەرەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە ئەوسا لە خەتی گشتی، کۆمەڵەی رەنجدەران و بزوتنەوە پێکدەهات. لە هاوینی ١٩٧٦ دا مام جەلال دەکرێتە سکرتێری یەکێتی. ئەوسا بزوتنەوە بەهێزترین باڵی ناو یەکێتی بوون. ئەو یەکگرتنە لەسەرەتاوە کێشەی هەبووە، چونکە زۆر لە سەرکردەکانی بزوتنەوە لەبەر جیاوازیان لەگەڵ بیروبۆچوونەکانی مام جەلال پشتگیریان نەکردووە. یەکگرتنەکە هەر دوو ساڵ دەخایەنێ و دوای ئەوە بزوتنەوە لە یەکێتی دێتەدەر و لەگەڵ کۆمیتەی ئامادەکردنی پارتی کە د. مەحمود ‌عوسمان سەرپەرشتی دەکرد بەیەکەوە حزبی سۆسیالستی یەکگرتووی کوردستانیان (حسیک) دروست
کرد.
بەپێی گوتنی ئەندامانی بزوتنەوە، جودایی لەبیر و لێکدانەوەکاندا، ناتەبایی سیاسەتی یەکێتی لەگەڵ بیروباوەرە بنچینەیەکانی بزوتنەوە، تاکڕەوی و جوداکاری مام جەلال لە بڕیار و هەڵسوکەتیدا بەتایبەتی لەنێوان کۆمەڵە و بزوتنەوەدا، سەرکردەکانی بزوتنەوە تووشی نیگەرانی و بێزاری دەکەن. دژایەتی و شەڕ دژ بە سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کاردستان (قیادەی موەقەتە) کە لای زۆر لە سەرکردەکانی بزوتنەوە پشتگیری نەبووە ئەویش هۆکارێکی دیکەی نیگەرانی و دواتر ناتەبایی ناوخۆیی بووە. لەو بارە گرژە ناوخۆییەدا کارەساتی هەکاری لە ١٩٧٨ دا روودەدات و بەسەدان پیشمەرگە و کادیری بزوتنەوە دەکەونەبەر بۆسە و هێرشەکانی قیادەی موەقەتە و هەندێکیان بەدیلی گولەباران دەکرێن. بۆنمونە سەرکردە دیارەکانی بزوتنەوە وەکو دکتۆر خالید، عەلی عەسکەری و حوسێن بابەشێخ بەدیلی گولەباران دەکرێن. دوای کارەساتەکە باری ناوخۆیی یەکێتی روو لە خراپبوون دەکا، لە هۆکارەکانی ڕوودانی کارەساتی هەکاریدا لەلایەن زۆر لە کادیر و سەرکردەکانی بزوتنەوەدا گومان دەخرێتەسەر مام جەلال.

مام جەلال بزوتنەوەیەکی بەرابەر لە ناو یەکێتیدا دروست دەکات و دەکەوێتە دژایەتی حزبی سۆسیالست. بەگشتی مام جەلال لە نامە ناردن و ڕاکێشانی کەسانی ناسراو و چاڵاک بۆ ناو یەکێتی چالاک بووە. مام جەلال لە هەڵکێشان و پێداهەلداندا یا گوتنی درەوشاوەی تاکتیکیانەدا مامۆستا بووە. لە دوای جیابوونەوەکەدا نامەی بۆ زۆر لە کادیر و لایەنگرانی بزوتنەوەی سۆسیالست ناردووە. بۆنمونە نامەی بەناوە نهێنیەکەی کاردۆ بۆ کاردۆ گەلاڵی (وابزانم سوارە ناوی نهێنی کاردۆ بووە) ناردووە کە پارێزەرێکی چەپی ڕۆشنبیر، کادیرێکی زۆر بەتوانا و پێشکەوتووی بزوتنەوە بوو لە خەباتی نهێنیدا، لە نامەکەدا دوای بەرزکردنەوە و پێداهەلدان داوای لێدەکات بێتە ناو یەکێتی و رێکخستنەکانی یەکێتی دەخاتە ژێردەستی ئەو، بەلام کاردۆ رەتی داواکەی دەکاتەوە. دوای ئەوە مام جەلال کەوتە دژایەتی ئەو و هاوڕیکانی. دیارە زۆرینەبرد کاردۆ گەڵالی و عەلی هەژار لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیردەکرێن و بۆهەمیشە شونبزر دەکرێن. مام جەلال لە بیرەوەریەکانیدا کاردۆ گەلالی بە پیاوی ڕژێم داناوە!

یەکێتی لە خەباتی چەکداریدا هەوڵیداوە خۆی هێزی سەرەکی و پارتی پێشرەو بێت، بۆیە جگەلەوەی کە هەمیشە لەگەڵ پارتی لە ناکۆکیدا بووە، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کێشەی هەبووە و نەیتوانیووە بەیەکەوە و شان بەشانی ئەوان خەباتی چەکداری بێ کێشە و شەڕ بباتەسەر. لە ساڵەکانی ٧٩، ٨١ و ٨٣ دا لەگەڵ سۆسیالست بەتایبەتی هەروەها لەگەڵ پاسۆک و حزبی شوعی ناوە ناوە کەتۆتە شەڕ و بەسەدان پیشمەرگە و کادیر و سەرکردە لەهەردوو بەرەدا بوونەتە سووتەمەنی شەڕی ناوخۆی کوردکوژی. لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاری کوشتنی دیل دراوە و تاوان لەمبارەیەوە ئەنجامدراوە. بۆنمونە گولەبارانکردنی کاکە سور قۆریتانی کە لە سەرکردایەتی یەکێتی بەند بوو پەیوەندی راستەوخۆی بە بڕیاری ئەوەوە هەیە. ئەو کاتەی کاکەسور و هاوڕێکانی لەدەشتی کۆیە لەلایەن هێزێکی یەکێتیەوە چەک دەکرێن، ناکۆکی و شەر لە نێوان یەکێتی و سۆسیالستدا نەبوو، پێشمەرگەکانی دەشتی کۆیە وەکو هاوڕێ و هاوخەباتی یەک وابوون. ئەوڕۆژە کاکە سور و هاوڕیکانی لە چاڵاکیەک دەگەڕانەوە و دەیانتوانی چەک دانەنێن و شەڕبکەن، بەڵام نەیانکرد. کاکەسور و هاوڕێکانی چەک دەکرێن و کاکە سور رەوانەی سەرکردایەتی یەکێتی دەکرێت و لەوێ بەند دەکرێت. تاوانی کاکەسور ئەوەبوو چاڵاک بوو و سۆسیالست بوو. هەروەکو مام جەلال لە بریار و کوشتنی دیل لە شوێنەکانی دیکەی شەڕدا، وەکو کۆمەڵکوژیەکەی قرناقە و پشتئاشان بێبەری نەبووە.

یەکێتی لەژێر سەرکردایەتی مام جەلالدا لەبری خەباتی هاوبەشی دوور لە پاوانخوازی، سیاسەتی پارتی پێشڕەو و پاکاسازی پیادەکرد. سیاسەتی پاکتاو و پاوانکردن ئەگەر لایەنێکیش سەربخات، مەرج نییە لایەنی سەرکەوتوو بگەیەنێتە ئامانج. کوردکوژی لە باشوری کوردستاندا زیانی کوشندە و جەرگبڕی بە خەباتی ڕزگاریخوازی گەیاند و لە کۆتاییدا گەلی کورد باجەکەی دا. یەکێتی توانی سۆسیالست، شوعی و پاسۆک تەواو لاوازبکات، بەڵام سەرکەوتنە سەربازیەکەی کورتماوە بوو. شەڕی خوێناوی ناوخۆ دەرزێکی کوشندەی لە ریزی گروپە هوشیارە رامیارەکەدا دروستکرد، کە ساڕێژکردنی ئاسان نەبوو و کاریتێکردنێکی درێژخایەنی نەرێنی بەسەر خەباتی ڕزگاریخوازی داهاتوودا نواند. دواتر دەرکەوت ئەو زیانە چ کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر داهاتووی یەکێتیدا نواند. بێگومان ئەگەر بنەماکی پەسندکردن و دانپێنان هەبوونایە، دایەلۆگ و هۆشمەندی زاڵبوونایە، هوشیاری کوردستانیانە هەبووایە، ئەو زیانە گەورەیە بەر خەباتی ڕزگاریخوازی نەدەکەوت و ئێستا باری رامیاری باشوری کوردستان تەواو جیاواز دەبوو.

مام جەلال لە کاتی کۆڕەوەکەدا و لە کاتێکدا هێزە ئەنفالچیەکانی سوپاسی ئێراق هێرشیان دەکردە سەر خەڵکی بێبەرگری کوردستان لەگەڵ سەرکردەی حزبەکانی دیکەدا چووە بەغدا و دەستی لەملی سەدامی دیکتاتۆر کرد و بەخۆشحاڵیەوە ماچی کرد. ئەو ماچە کوردستانیانی زۆر نائومێدکرد.
لە دوای راپەرینی ١٩٩١ دا یەکێتی وەکو پارتی هەرچی سەرۆک جاش و پیاوخراپی بەعس هەبوو لەخۆی کۆکردەوە، دیارە لەبەر گەلێ هۆکار پارتی زۆرتری بەرکەوت. دوای هەڵبژاردنی ١٩٩٢ لەگەڵ پارتی رێکەوتنی ففتی ففتیان مۆ ردکرد و سیستەمی رامیاری کوردستانیان لەبەراییدا ئیفلیجکرد. کاکە و مامە (سەرۆک و ڕابەر) هەردووکیان ئامادەنەبوون پراکتیکیانە و بەکردەوە کاری بنیاتنانی ناسیۆن بگرنەدەست، بەکردەوە بچنە ناو کارەکان و ببنە سەرۆکی پەرلەمان یا حکومەت. خۆیان لە دیوەخانەکانیان نەهاتنەدەر و بڕیار و دەسەڵاتی سەرەکیش هەر لای خۆیان بوو. دوو ساڵ دوای ئەوە لەسەر پارە و داهات و دەسەڵات کەوتنە شەڕ لەگەڵ یەکتر. یەکیتی هێزەکانی ئێرانی راکێشایە ناو کوردستان و پارتی هێزەکانی تورکیا. بەسەدان رۆلەی کوردیان کردە سووتەمەنی بەرژەوەندی تایبەتی سەرۆک و حزب. زۆنی زەرد و سەوزیان دروستکرد و باشوری کوردستانیان کردە دوو بەش. تاکو لە ساڵی ١٩٩٨ دا ئەمەریکا کەوتە نێوانیان و پێکیهینانەوە.

جگەلەوە یەکێتی ناوە ناوە دەستی لە پارتە خۆڕسکە چەپ و ناسیونالیستە بێ پشتیوانەکان وەشاند، کوشتنی ئەندامانی رەوتی کۆمۆنیست و پارتی کاری سەربەخۆ، بەمجۆرە لاوازکردن و لەناوبردنیان بونمونە. ئەوەش بیرخستنەوەی کەلتوری سیاسی یەکێتی سەردەمی شاخ بوو. بەڵام بەپێچەوانەوە پارتە ئیسلامیەکان کە لەلایەن ئێران و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ئیسلامیەوە پشتگیری دەکران لە دەڤەری سەوزدا گەشەیانکرد و بەهێزبوون.
مامە و کاکە لە دانوستان و گفتوگۆکاندا لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا، دەستوریان مۆرکرد، بێ ئەوەی مافی چارەنوس لە دەستوردا بنوسن. کێشەی سنور بە مادەی ٥٨ دواتر ١٤٠ بەسترایەوە و بەهەڵواسراوی مایەوە، کە دەبوایە لە ٢٠٠٧ دا کۆتایی پێبهێندرێت. مام جەلال تا ساڵی ٢٠١٤ بەناو سەرۆکی ئێراق بوو، بەڵام پرسی سەرەکی چارەی نەکرا. لەدوای رووخانی ڕژێمی بەعس بزوتنەوەی ریفەراندەم نزیکی ١٧٠٠٠٠٠ ئیمزای بۆ مافی چارەنوس لە ٢٠٠٤ دا کۆکردنەوە و گەیاندیە بەغدا و بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان. وەکو مەسعود بارزانی، مام جەلال گوێی پێنەدا و گوتی “سەربەخۆیی خەونی شاعیرانەیە”.

هەر گەلێکی گەلکوژلێکراو مافی یاسایی خۆیەتی تاوانباران راکێشی دادگا بکات. دیارە سەرۆک جاشەکان جگەلە تاوانی گەلکوژی ئەنفال تاوانیان بەرامبەر بە خڵکی کوردستان و پیشمەرگە کردبوو، بەڵام مام جەلال وەکو مەسعود بارزانی بڕیارەکەی بەرەی کوردستانیان کردە بیانوو، بەرگری لە سەرۆک جاشەکان کرد و رێگەی بە پرۆسەیەکی رەوای دادوەرانە گرت. جگەلەوە مام جەلال کێشەیەکی لەوەدا نەبوو کە سەرکردەی بەعس و ئەنفالچی وەفیق سامەرائی بکاتە راوێژکاری خۆی. بەرگری لە ئەفسەری پلەباڵای بەعس و ئەنفالچی نەزارخەزرەجی کرد و دژی دادگاییکردنی وەستا، پەنای سەرکردەکانی بەعسی وەکو تەها محیەدین مەعروفی دا. بەرگری لە سوڵتان هاشم کرد و هەوڵی ئازادکردنی دا. کە سوڵتان هاشم سەرپەرشتی زۆربەی شاڵاوەکانی ئەنفالی دژ بە کورد کردبوو. فرۆکەوانی جەنگ تاریق رەمەزان کە دەگوترێت بەشداری لە کیمیابارانی تاوانی هەلەبجەدا کردبوو ئەو ئازادی کرد. دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق سزای هەلواسینی بۆ سەدام بڕیەوە، مام جەلال ئامادە نەبوو ئیمزای بکات گوایە دژی سزای کوشتنە. بەڵام ئەو خۆی یاسای پرۆسەی دادگاییەکەی پێشتر لە ٢٠٠٥ دا مۆرکردبوو کە سزای کوشتنی تێدابوو. هەروەها لە ئێراقدا رۆژانە بڕیاری کوشتن دژ بە گیراوان دەدرا مام جەلال کێشەیەکی لەگەڵ ئەوەدا نەبوو. دادگای باڵای ئێراق لەسەر کەیسی بچوکی دوجەیل سەدام حوسێنی لەناوبرد، مامە و کاکە کێشەیەکیان لەوەدا نەبوو. مام جەلال وەکو مەسعود بارزانی دژی خواستەکانی گەلی قوربانی جوڵایەوە، نمونەیەک تەنها لە ناو کوردا شێوەی بیندراوە.

دەستتێکەڵاوکردنی یەکێتی لەگەڵ ڕژێمی ئێران و راکێشانی بەرژەوەندیەکانی ئێران بۆ ناو کوردستان لە دەڤەری سەوزدا، رێگەدان و چاوپۆشیکردن لە تیرۆرکردنی ئەندامانی حزبی دیموکرات لەلایەن پیاوکوژەکانی ڕژێمی ئیسلامیەوە لەسایەی دەسەڵاتی سەوزدا بووە. مام جەلال و یەکێتی کێشەیەکیان لەوەدا پیشان نەداوە. مام جەلال گرنگی بە دروستکردنی بنکە و مزگەوتی شیعە و بیروئایدیای خومەینی داوە. ئەو گرنگی پێدانە جگە لە زیان هیچ سوودێکی بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نییە.

لە دەستپێکی پرۆسەی دروستکردەوەی ئێراق لە ٢٠٠٣ دا لەگەڵ پارتی ڕێکەوتنی ستراتیژیان مۆرکرد، کە جۆرێک بوو لە ڕێکەوتنە ففتی ففتیەکەی پیشوو، ئەمجارەیان واڕێککەوتن مامە سەرۆکی ئێراق بێت و کاکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێت، خێروبێری کوردستایش لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن.
ڕێکەوتنی ستراتیژی ئەگەرەکانی دیموکراتیزەکردنی سیستەمی سیاسی کوردستانی نەهێشت. لەو ڕێکەوتنەدا بنەماڵەی بارزانی براوەی سەرەکی بوون. هەروەکو ئەو دەسەڵاتەی مام جەلال بەریکەوت تەنها سیمبۆلی بوو، ناوێکی گەورە بەڵام بۆش لەدەسەڵات. مام جەلال وایکرد دەسەڵاتی کوردستان بکەوێتە ژێرچنگی بنەماڵەی بارزانی کە قۆرغی دەسەڵاتیان کرد و تاکرەوانە کەوتنە دوای بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیە تایبەتەکانیان، مام جەلال یا پشتگیری کردن یا لە ئاست پێشێلکاریەکانیان بێدەنگ بوو. وەکو بڵێی بەپێی ڕێکەوتنی ستراتیژی تاڵان و تاوان رەواکرابوو. بەمجۆرە بەپێچەوانەی خەونی دێرینەی خۆی، بنەماڵەی بارزانی و دەسەڵاتی دیسپۆتیانە و مافیایی ئەوانی لەبری لاوازکردن بەهێزکرد. بەمجۆرە مام جەلال نەک هەر نەیتوانی ببێتە بنیاتنەری سیستەمێکی رەوای دیموکراسی لە کوردستاندا، بەڵکو بە رێکەوتنی ستراتیژی پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی لەناوبرد و بنەماکانی دەسەڵاتی رەوای نیشتیمانی لەباربرد.

دیارە هەموو ئەوانەی کە لە دوای رووخانی بەعسدا دەسەڵاتی باڵایان لە ئاستی ئێراقدا دەستکەوت، دەبێ سوپاسی ئەمەریکا بکەن. ئەمەریکا نەبووایە سەدام بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقی نەدەڕووخا. سیستەمی سیاسی دوای سەدام ئەمەریکا سەپاندی، ئەگەر عەرەبەکانی ئێراق بڕیاریان بەدەستبوایە، ئەو جۆرە سیستەمە سیاسیە دروست نەدەبوو. بۆیە بوونی مام جەلال بەسەرۆکی ئێراق هێندە پەیوەندی بە زیرەکی ئەو نییە، ئەوەندەی پەیوەندی بە سترەکتوری سیستەمی سیاسی ئێراقی دوای سەدامەوە هەیە. سیستەم یا چارەسەرە سیاسیەکە ئەوەدەخوازێ کە کەسێکی کورد پۆستێکی باڵا لە ئاستی ئێراقدا وەرگرێت، ئەوجا دەکرێ سەرۆکی کۆمار بێت یا سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام سەرۆکی وەزیران کە دەسەڵاتی کاریگەر و باڵای هەیە بۆ لایەنی زۆرینەی شیعە دەچێت. دیارە مام جەلال لەگەڵ ئەوەی پۆستەکەی سیمبۆلی بوو و بەکردەوە دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام بەهۆی ئەو پارە زۆرەی لە کوردستاندا دەستی دەکەوت، هەروەها زیرەکی لە بەدەستهێنانی متمانە بە لایەنەکان توانیبووی رۆڵی گرنگ لە کەمکردنەوەی ناکۆکیەکان لە ئاستی ئێراقدا بگێڕێت. بەڵام کیشەی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ئێراق بەبێ چارەسەری بنەڕەتی و کۆنسترەتیڤانە ناتواندرێ چارەسەربکرێن، بۆیە هەوڵەکانی مام جەلال چارەسەری کاتی و کورتخایەن بووە و چارەسەری ستراتیژی درێژخایەن لە دەسەڵات و توانای ئەودا نەبوو.

سەبارەت بە یەکێتی مام جەلال لەوەدا زیرەک بوو کە لایەنە ناکۆکەکانی ناو یەکیتی بگەیەنەتە یەک، کوردەواریانە متمانەیان بەدەستبهێنێت، بەڵام نەیتوانی پارتێکی ڕامیاری خاوەن دیسیپلین و پرەنسیپە دیموکراسیەکانی پارتایەتی بنیاتبنێ. مام جەلال نەیتوانی سترەکتورێکی فەکشنالی زیندوو و ناکەسی دروستکا، بەمجۆرە لەناو یەکێتیدا ئەو داینەمۆیە دروستکا کە پارت هەڵدەسوڕێنێ و پیشدەخا، ئەو داینەمۆیەی کە بەردەوام لە خۆنوێکردنەوە و گەشەسەندن دایە. بەکورتی وایکردبوو یەکێتی مام جەلال بێ، مام جەلال یەکێتی بێ. لەئەگەری نەمانی مام جەلالدا، چارەنوسی یەکێتی نادیاربێ.

لەژێر سەرکردایەتی مام جەلالدا سەرکردەکانی یەکێتی لەژێرناوی خەباتی شاخدا داهات و موچەی باڵایان بۆخۆیان مسۆگەرکرد، سەرمایە و مولکی زۆریان بەدەستهێنا و بەمافی ڕەوای خۆیان زانی. وەکو هەر دیکتاتۆرێک خۆی لە پۆستی سکرتێری یەکێتیدا مایەوە لە ١٩٧٦ ـەوە تاکو ئەو رۆژەی بەهۆی نەخۆشیەوە لە ٢٠١٤ دا پەکیکەوت. تا رۆژی کۆچی دواییشی هەر ئەو سکرتێری یەکێتی بوو، واتە بۆ ماوەی ٤١ ساڵ. وەکو سەرکردە دیکتاتۆرەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست، کەسوکاری خۆی بەرزکردەوە و پارتەکەی خستە ژێرچنگی بنەماڵەکەی خۆی. ئیستا بنەماڵەکەی ئەو رەنگە لە دوای بنەماڵەی بارزانی گەندەڵترین بنەماڵەی کوردستان بن. وەکو بیندرا دوای پەککەوتنی خۆی یەکێتی بەرەو پەرتەوازەیی و پوکانەوە هەنگاوی ناوە و دەنێت. ئەوەش بەڵگەیە لە ناسەرکەوتوویی مام جەلال لە بنیاتنانی ئەو حزبەی کە زۆربەی ساڵەکانی مێژووی سیاسی خۆی تێدا بەسەربرد.

شاخەوان شۆڕش
5-10-2017

Previous
Next
Kurdish