Skip to Content

نا بۆ شەڕەنگێزیی دەسەڵاتداران، بەڵێ بۆ ئاشتی،ئازادی و دادپەروەری

نا بۆ شەڕەنگێزیی دەسەڵاتداران، بەڵێ بۆ ئاشتی،ئازادی و دادپەروەری

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 18, 2017 General

دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە گێژاو و قەیرانێکی قووڵی سیاسی و ئابووریدا چەقیون. شتێک بوونی نەماوە بە ناوی سەروەریی وڵات. دەوڵەتانی ناوچەکە وەکو ئێران و تورکیا ڕاستەوخۆ دەستیان وەرداوەتە چارەنووسی خەڵکی عێراقەوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هێزە بۆرژواکانی عێراقیش دابەشبوونەتە سەر سیاسەتی ئەم دوو وڵاتە. هێزە ئیمپریالیستەکانیش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستیان هەیە لەم قەیرانەدا، نەک هەر لە عێراق و کوردستان بەڵکو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەپێناو دووبارە دابەشکردنەوەیەکی ئیمپریالیستییانەی جیۆگرافیای ناوچەکە و تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکان و گەیشتن بە ڕووباری نەوتی ژێر خاکی ناوچەکە، ڕووباری خوێنیان لەسەر خاکی ئەو وڵاتانە هەستاندووە. دەرکەوت ئەو خۆشباوەڕییەی هێزە ناسیۆنالیستەکان بە دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان هەیانبوو ساختە بوو، دەرکەوت ئەم هێزانە (ئەگەر بە ڕووکەش دۆستی دەسەڵاتدارانی کوردستانیش بن) بە هیچ جۆرێک دۆست و پشتیوانی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان نین، بەڵکو دۆستی هەتا سەری بەرژەوەندییە نامرۆییەکانی خۆیانن. ئەوەی هێزە سۆسیالیست و کۆمۆنیستە ڕاستەقینەکان لەسەر ئیمپریالیزم دەیانگوت، کە خەڵکیان ئاگادارکردەوە لەوەی نابێت جەماوەر بۆ مافی خۆی چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەو هێزە ئیمپریالیستانە بێت کە خۆیان مایەی نەهامەتیی جەماوەرن، ڕاست و دروست دەرچوو.

تازەترین قەیرانیش کێشە و ململانێی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و حکومەتی ناوەندیی عێراقە لەسەر هەژموونی سیاسی و پاوانکردنی هەرچی زیاتری چاڵە نەوتییەکانە. ئەویان لەژێر درووشمی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی عێراقدا دەیەوێت کۆمەڵکوژیەکی تر بە سەر خەڵکی کوردستاندا بهێنێت. دەسەڵاتی هەرێمیش بە سەرۆکایەتیی بارزانی و هاوپەیمانەکانی دەیەوێت لەژێر دروشمی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییدا بۆ دەرچوون لە قەیرانەکانی خۆی، کوردستان تووشی شەرێکی نەخوازراو و کارەساتبار بکات و دڵی ئاغاکانی پێ شاد بکات.
ئێمە هەر لە سەرەتای پڕۆڤەی شانۆگەرییەکە و پێش نمایشکردنی، زۆر بە ڕوون و ئاشکرایی ڕامانگەیاند ئەوەی لە کوردستان لەژێر ناوی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییدا دەگوزەرێت، هیچ بنەمایەکی نییە، بەڵکو بۆ داپۆشینی شکستەکان و دەرچوون و خۆڕزگارکردنە لەم قەیرانەی کە تێیکەوتوون. ئێستا بە ڕوونی پێشبینییەکان ڕاست دەرچوون و وەک هەمیشە ئەوانەی شەڕەکە هەڵدەگیرسێنن خۆیانی لێ بەدوردەگرن و لە ڕێگەی میدیاکانییانەوە ناڕاستەوخۆ هانی چەکدارکردنی خەڵکی هەژار و چەوساوە دەدەن. لە بەرامبەریشدا پێمانوایە ئەم گەمارۆ ئابووری و سیاسییە و ئەم شەڕەنگێزییەی حکومەتە تائیفییەکەی عێراق دژ بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان سەرپێیخستووە، درێژەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنییانەی حکومەتەکانی پێشووترە و بە توندی ئیدانەی دەکەین و لە دژی ئەم هەوڵە داگیرکەرانەیە ڕادەوەستین و بە هەموو جۆرێک هەوڵی هۆشیارکردنەوەی جەماوەر و ڕێگرتن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو دەدەین.

دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر بە هیچ جۆرێک نوێنەرایەتی زۆرینەی جەماوەر و خەڵکی عێراق و کوردستان ناکەن. ئەوان هەردوولا بەبێ جیاوازی، نوێنەرایەتیی کەمینەیەکی کۆمەڵگە دەکەن، ئەو کەمینەیەی تەواوی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەی بە تاڵان بردووە و دواتر لەپێناو گەرمکردنی شەڕی نەتەوەییدا دووبارە بەرهەمیدەهێنێتەوە، ئەم جۆرە دەسەڵاتە هەمیشە دەیەوێت لە ڕێگەی هەڵگیرسانی شەڕەوە بازنە تەسک و بچوکەکەی خۆی گەورەبکات و جەماوەری خوارەوەی کۆمەڵگەش تێوەبگلێنێت. بێباکانە دۆزەخێکیان بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشانی عێراق و کوردستان دروستکردووە و تەواوی وڵاتیان کردۆتە وێرانە و بە میلیشیاکانیان شار و شارۆچکەکانیان میلیتاریزە کردووە. ئەمە لەکاتێکدا هەژاری و بێکاری و ئاوارەیی ملیۆنیی لە سەرتاسەری وڵاتدا بەردەوامیی هەیە.

پێویستە جەماوەری عێراق و کوردستان باش لەو ڕاستییە تێبگەن کە ئەم جەنگە میدیاییەی لەنێوان بەغدا و هەولێردا بەرێخراوە و دەیانەوێت بیگەیەننە جەنگێکی فیزیکی، شەڕی نێوان کورد و عەرەب نییە، بەڵکو شەڕی نێوان دوو بلۆکی بۆرژوازییە لەسەر سەپاندنی هێز و داگیرکردنی سامان، ماشێنێکی جەنگییە بۆ جیاکاریی و دووبەرەکی لەنێوان نەتەوە و ئایینەکاندا، دەیانەوێت پێکەوەژیانی نەتەوەکانی عێراق لەبەریەک هەڵوەشێنن و هیچ یەکگرتووییەک لەنێو جەماوەری کورد و عەرەبدا نەبێت، بۆئەوەی دەسەڵاتی سەرەوەی هەریەک لە هەرێم و عێراق بتوانێت جەماوەری خوارەوەی خۆی دژ بە نەتەوەی بەرامبەری بوروژێنێت و تووشی جەنگێکیان بکات کە تەنها و تەنها ئەوانە سودی لێدەبینن کە خۆیان هەڵگیرسێنەر و ئاگرخۆشکەرین.

دۆخێکی لەم شێوەیە پێشبینیکراو بوو، بەوپێیەی دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کوردستان و حکومەتە تائیفییەکەی عێراق لەسەر شەڕ و خوێنڕشتن دەژین، باش دەزانن لەدوای کۆتاییهێنان بە داعش لە عێراق، ناتوانن بەبێ دوژمن و شەڕێکی نوێ بژین، داعشیش ئەو دیاردەیە بوو کە بە زەقکردنەوەی مەترسییەکانی چەند ساڵێک هەوڵیاندا جەماوەری پێ بێدەنگ بکەن، ئێستا هەریەکە لە هەولێر و بەغداد پێویستیان بە دوژمنێکی دیکەیە بۆ لەبیربردنەوەی کێشە ڕاستەقینەکانی خەڵک و دووبارە دەمبەستکردنەوەیان، ئەگەر ماوەی چەند ساڵێک بوونی دوژمنێکی هاوبەش ئەم دوو بلۆکە بۆرژوازییەی لە شەڕی یەکتر دوورخستبێتەوە، ئێستا بە کاڵبوونەوەی ئەو دووژمنە، هەریەکێکیان دەیەوێت ئەوی دیکە بکاتە دوژمن.

ئەزموون و مێژوو سەلماندویەتی کۆتاییهێنان بە دۆخی باڵادەست و قەیران و شەڕەنگێزیی دەسەڵاتداران، نە بە هێزە بۆرژواکان بەدیدێت، جا ئەو هێزانە لە هەر پێگەیەکدا بن (ئۆپۆزسیۆن یان دەسەڵات) و بانگەشەی هەرچییەک بکەن، نە بە هێزە ئیمپریالیستەکانیش بەدیدێت، کە پێیانوایە مەشق و وانەی دیموکراسی بە ئێمە دەدەن. تاکە چارەسەر بۆ ئەم دۆخە و بۆ بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بریتییە لە خەباتی پێکەوەیی جەماوەری عێراق و کوردستان، واتە خەباتی ستەملێکراوان دژ بە ستەمکاران؛ ستەملێکراوان مافی خۆیان تەنها لە ستەمکاران وەردەگرنەوە و بە شەڕی نەتەوەیی لەگەڵ ستەملێکراوانی دیکەدا ڕازی نابن.

داوا لە جەماوەری کرێکار و ئازادیخوازی نەتەوەی عەرەب دەکەین لە عێراق، فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی بەغداد و لە ڕێگەی خەباتی چینایەتی و هاوپشتیی ئینتەرناسیۆناڵی خۆیانەوە ڕێگە لە هەر هێزێکی شۆڤێنیست بگرن کە بیر لەوە بکاتەوە بەهۆی ململانێ و شەڕ و کێبڕکێی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیانەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کورد، جەماوەری کوردستان بکەنە قۆچی قوربانی.

ئێمەش لە ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی- کوردستان، وەکو تۆڕێک لە چالاکوانانی سۆسیالیست، پەیامێک ئاڕاستەی هەموو هێز و لایەنە چەپ و سۆسیالیست و رێکخراوە پیشەیی و سەندیکاییەکان دەکەین بۆ بەستنی هاوپەیمانێتییەک لە دەوری پلاتفۆڕمێک لەپێناو ڕاوەستانەوە بەڕووی شەڕەنگێزیی دەسەڵاتداران و هێزە ناوچەیی و ئیمپریالیستەکان، بۆ بونیادنانی بزووتنەوەی بەرەنگاری و دوورخستنەوەی مۆتەکەی جەنگ لە هەموو مەیدانەکاندا.

ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان
١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish