Skip to Content

کەباب  … پشکۆ ناکام

کەباب … پشکۆ ناکام

Closed
by ئه‌یلول 29, 2016 General

…..من کاکە هێمن بنەسڵاوەیی ناناسم و پێویستم بەوە نیە بچمە بنج و بناوانی تایافەکەی تا بیناسم ، ئەوەنە ئەزانم کە بە من ئاشنایە، چونکە هەر کەسێک چەوسایەوە و ئازادی لێ زەوت کرا لە بەرەی منە و ئازارەکانمان یەکە، پارتی و بنەماڵەی تاجی ئاش بەتاڵ لەسەرکراو وا ئەزانێت بە سەر تاشینی کەسێک ، ئیتر مێژووە ڕەش و رابردوو لێڵ و سجل ئەعمالی زەردهەڵگەڕاویان لە زهنیەتی خەڵک دەرئەچێ و هەموو دەستەوسان دائەنیشین و ئەڵێین : ماشائەڵا لە وەجهی نورانی بنەماڵە وسەرانی ! پارتی بە حسابی خؤی ئیهانەی کەسێکی کردووە کە وەک ئەو بیر ناکاتەوە ، بەڵام گەر پارتی و بنەماڵە سەیرێکی ئاوێنە بکەن ئەزانن کە ئەوە ئەوانن زیاتر لە حەفتا ساڵە بە وجودیان ئیهانەی خۆیان ئەکەن وهەموو ڕۆژێکی عومریان ئیهانە و سوکایەتیەکی تازەیە بە خۆیان و حاشیە و قەزەمەکانی دەور و پشتیان ، گەر کۆمەڵانی خەڵک لە ئاش بەتاڵا سەر و برۆی بنەماڵە و موریدەکانی بتاشیایە وەک سزایەک بۆ مەزاد کردنی خوێن و فرمێسکی چواردە ساڵی خەڵک و خۆ هاویشتنە ناو باوەشی “شاهنشا اریا میهر” ئەوە ئێستا جورئەتی ئەویان نەئەبو کارێکی وا بەرامبەر هاووڵاتیەک بکەن کە بە پێشمەرگایەتی ئەژی ، بەم کردەوە وەحشی و دەرەبەگییانەی بنەماڵە سەر لەنوێ ئەو ڕاستیە خۆی دووپات ئەکاتەوە کە بەرامبەر پارتی خەباتی مەدەنی و هێمن و جەدەلیانە قسەی قۆڕە و ناچێتە گیرفانی کەسەوە مەگەر ئەوانەی لەژێر لافیتەی “ئاگرە سوورە لەخۆم دوورە ” ئەیانەوێت ناکۆکیەکان لا بەلا بکەن، یەک جار بە زستان ئەووترێت ساردە، یەک جاریش ئەووترێت بنەماڵە و پارتی دژ بە خەڵک و خواست و ئایندەی خەڵکن و سیاسەتی “مائع”یانە بێ سوودە ، ئەوان ئەبێ یەک بەیەک و دوو بەدوو مامەڵەیان لە گەڵا بکرێت، ئەوەی پێی وایە وەک “گاندی” ئەتوانرێت مل ملانێ لەگەڵ پارتیا بکرێت ئەوە خۆی و دەوروپشتەکەی، پێش خەڵکە گشتیەکە ، ئەخەڵەتێنێ…پارتی ئەو هێزە جەبەروتە نیە وەک فیل و کەرکەدەن بێتە بەرچاومان، هەموو دوێنێمان لەبیرە شێرە وورگنە عەبوسەکانی پارتی چۆن لە شەنگال بە دروشمی”پێشڕەوی کورد پارتیە..چونە پێشەوەی تیا نیە ” بەهەڵەداوان وەک پیشەی هەموو پاڵەوانێکی “علوج” تا دهۆک نەوەستانەوە ..پارتی و بنەماڵە لە ترس و لەرزی دوو تۆپی ئێران، پەنای برد بۆ سوپای بەعس، و بە پاڕانەوەوە هێنایە سەر هەولێر ، دەبابەکانی سوپای ئەنفال لە پێشەوە و چەکدارەکانی پارتیش وەک “لاین مان” ی دووگۆڵی بە عەلەمێکی زەردەوە لەپشت سوپای بەعسەوە هەوای پایتەختیان مژی، ، پارتی حزبێکی ئەوەنە دژە خەڵکە کە لەسەر جیاوازی بیر و ڕا سەری خەڵک ئەتاشێ، بەڵام شاعیری “زێڕە” لە قوتابخانەی ڕێبازەکەی بارزانی ،دەرسی کوردایەتی ئەڵێتەوە.. !!
ئەوەی بەرامبەر کاکە هێمن کرا مەسجێکە لەلایەن بنەماڵەوە بۆ سەرجەم ئەو ئەو حیزب و گروپانەی لە گەڵیا ناکۆکن کە ئەوری لە ناوچەکانی زەردا قاچ خوار دانێ ، وای لێ بەسەر یەت،لە بەرامبەر ئەم تەعدا و ئەم تەحەدایەی پارتی کوا کاردانەوەکان ؟ باڵ و ڕانەکانی یەکێتی چیان کرد ؟ تەسبیح بە دەستە موسڵمانەکان هەڵۆێستیان وەک گروپ چی بوو ؟ گۆڕان و تۆپ و مەشجەب خانەکەی ، چییان لەسەر هێمن ووت؟ یان ئەوەیە قژ و برۆ گۆڕانکاریەکان نایانگرێتەوە ..گەر دووکەسی سەر بە پارتیش لە سلێمانی بێ قژ و برۆ بکرێن و ڕەوانەی سەری سوور بکرێنەوە ، هەڵبەتە پارتی حسابێکی تر بۆ تەحەمول و سەبری خەڵک ئەکات و ئەگەر خۆی غەشیم نەکات تێئەگات شەق بەشەق یانی چی و چیتر کۆمەڵانی خەڵک بە مەڕ و ماڵات و ڕەعیەت نەزانێت………………
ئەگەر ئەو حیزب و لایەنانە سیاسەتیان پێ ناکرێت و لە نێوان وەڵام دانەوە و خیش کردن لە پارتی واقیان وڕماوە ، با پرسەکە بۆ ئەو خەڵکە داخ لەدڵە بە جێ بێڵن ، ئەو کاتە قژێک بەدەیان پرچ وبرۆیەک بە دەرزرەنێک برۆ چارەسەر ئەکرێت ..
خەڵک هەقی خۆیەتی نەبێتە مەسخەرەی سیاسەتی نە شیش بسوتێ نە کەباب….

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish