Skip to Content

بۆچی مەسعوود محەمەد بۆ ئێستای ئێمە گرنگە؟ … نەبەز سەمەد

بۆچی مەسعوود محەمەد بۆ ئێستای ئێمە گرنگە؟ … نەبەز سەمەد

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 22, 2017 General, Opinion, Slider

لەم وتارەدا دەمەوێ سەبارەت بە دوو تەوەر قسەبکەم، تەوەرەی یەکەم: بۆچی مەسعوود محەمەد کەم دەخوێندرێتەوە و کەم گرنگی پێدەدرێ؟ تەوەرەی دووەم بۆچی مەسعوود محەمەد بۆ ئێستای ئێمە گرنگە؟

تەوەرەی یەکەم:

_ گرنگی نەدان بە مەسعوود محەمەد چەند هۆکارێکی هەیە:
١. هۆکاری یەکەم: هۆکاری سیاسی و حیزبی
لێرە حیزبی کوردی هەموو شتێکیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە، هەر لە شوێن، پارە، سامان، ئابووری، تا هزر، زمان، نووسەران و ڕۆشنبیران. ئەگەر نووسەرێک یان ڕۆشنبیرێک سەر بە حیزبەکەی ئەوان نەبێ، ئەوا فەرامۆش دەکرێ و پەراوێز دەخرێ. کەواتە لێرەوە ئەو دەرەنجامە دەبەینەوە بۆیە گرنگی بە مەسعوود محەمەد نادرێ، چونکە ئەو سەر بە هیچ حیزبێک نییە.

٢. هۆکاری دووەم: مەسعوود محەمەد هەروەکو سۆکراتێس، هزرڤان و فەیلەسوفێکی ”هەق_بێژ/ ڕاستەوخۆ_بێژ”ە. واتا بەڕاستگۆیی، بەڕوونی، بێپەروا، و ڕاستەوخۆ قسەی خۆی دەکا و ڕەخنە دەکا. چی لە هۆشی دایە ئەوە دەڵێ بەبێ ئەوەی گرنگی بەوە بدا داخۆ کێ لەو قسانەی پەست دەبێ. ئەم جۆرە لە فەیلەسوف، لە هزرڤان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی، حیزبی کوردی، و ڕۆشنبیری کوردی ناگونجێ، بۆیە هەوڵی پەراوێزخستنی ئەو جۆرە لە هزرڤان دەدا.

٣. هۆکاری سێیەم: زمان. مەسعوود محەمەد بە زمانێکی کوردی پوخت و باڵا دەنووسێ، کە ئاستی زمانی ڕۆژانەیی و زارەکی تێپەڕاندووە. ئەمەش وادەکا هەموو خوێنەرێک نەتوانێ ئیشەکانی بخوێنێتەوە، ئاخر خوێنەری ئێمە لەگەڵ ئەو نووسینانەدا ڕاهاتووە کە بە زمانێکی ڕۆژانەیی، زارەکی، و ناوچەیی نووسراون، بۆ تێگەیشتنیان خۆ ماندووکردن و شارەزایییەکی ئەوتۆیان ناوێ. زۆرینەی نووسەری کورد ڕۆژانە چۆن قسەدەکەن ئەوهاش دەنووسن، بێئاگا لەوەی کە زمانی نووسین و ئاخاوتن زۆر لە یەکدی جوداوازن. جگەلەوە کە نووسینەکانیان پڕن لە هەڵەی زمانەوانی، ڕێنووس، پنتبەندی، هتاد. هەروەها ئێستا بەهۆی فەیسبوک، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنی کوردییەوە زمانی کوردی زۆر شێوێندراوە. بۆیە کەسێکی زمانزانی وەک مەسعوود محەمەد، کە بە کوردییەکی ڕەسەن و جوان دەنووسێ خوێنەری کورد لێی تێناگا و ناشیەوێ بۆ تێگەیشتنی خۆی ماندوو بکا، ئاخر خوێنەری کورد زۆر تەنبەڵ کراوە، بە زمانێکی ئاستنزمی ڕۆژانەیی خۆشەکراوە و ڕاهێنراوە بۆیە مەسعوود محەمەد ناخوێنێتەوە.

٤. هۆکاری چوارەم: کایەی ڕۆشنبیری کوردی. بەهۆی نەبوونی ڕەخنە، ڕەخنەگر و هزرینی ڕەخنەیییەوە لەنێو کولتوور و ڕۆشنبیریی کوردی، دەقی باش و خراپ، ئیشێکی باڵا و ئیشێکی نزم لێکجودا ناکرێتەوە.
کایەی ڕۆشنبیری کوردی بەهەمان شێوەی کایەی سیاسی شێواوە، دابەشێنراوە، حیزبێندراوە، بۆیە نووسەران بوونە بە گروپی جودا و دژ بەیەکدی، بوونە بە نووسەری پابەند و مولتەزیم.
نووسەرانی کورد دوای زۆربوونی ژمارەی ڕۆژنامە، و بڵاوکراوەکان، زۆرینەیان بوون بە ڕۆژانەنووس، ستووننووس، سادەنووس، بۆیە هیچیدی تاقەتی گەڕان و لێکۆڵینەوەیان نییە، بەڵکو بەدووی بابەتی ڕۆژانەیی و سوک و ئاساندا دەگەڕێن. بۆیە لە دۆخێکی وەهادا کەسێکی وەک مەسعوود محەمەد کە بەقووڵی و بەوردی لە هزرینێکی قووڵی خۆمەندەوە دەنووسێ، ناخوێندرێتەوە، ئاخر هزری مەسعوود محەمەد بەئاسانی خۆی بەدەستەوە نادا.

٥. هۆکاری پێنجەم: جوداوازی. بەگشتی کولتووری کوردی حەزی لە جوداوازی نییە، بەڵکو داواکاری بۆ وەکیەکی و لێکچوون بەرزدەکاتەوە، دەیەوێ هەمووان لە یەکبچن. نووسەرەکان لەیەک دەچن، خەریکی لاساییکردنەوەن، دژی جوداوازین، خەریکی گواستنەوەی زانیارین، نەک بەرهەمهێنانی زانین و مەعریفە. بۆیە کاتێک وەک مەسعوود محەمەد جوداواز بی، وەک ئەوان نەهزری، نەنووسی، هتاد، ئەوا تۆ پەراوێز دەخرێی و ناخوێندرێیتەوە.

٦. هۆکاری شەشەم: خۆنەوێنی و خۆدازناندن.

بەگشتی کولتووری کوردی لە بەرانبەر دەرەوە لە بەرانبەر بێگانەدا خۆنەوێنە، خۆی نزم دەبینێ، خۆی بچووک دەکاتەوە، خۆی دادەزنێنێ. لە کایەی ڕۆشنبیری کوردیشدا ئەم خۆنەوێنی و خۆدازناندنە پەرچێندراوە، بۆیە دەبینین ڕۆشنبیران و نووسەرانی ئێمە هێندەی خەریکی لاساییکردنەوە، گواستنەوە، و گۆتنەوەی قسە و فەلسەفەی دەرەوەی کۆمەڵگەی کوردی، بەتایبەتی خۆرئاوان هێندە خەریکی هزرینێکی ڕەسەنی کوردی نین و هێندە بایەخ بە هزر و فەلسەفە و کولتووری کوردی نادەن. بۆیە هێندەی ناوهێنانی نیتچە، فوکۆ، درێدا، ژیژەک هتاد هێندە خۆیان بە مەسعوود محەمەد، شاکر فەتاح، هتاد خەریکناکەن. بۆیە لە دۆخێکی بەم شێوەیەدا مەسعوود محەمەد ناخوێندرێتەوە.

تەوەرەی دووەم:
بۆچی مەسعوود محەمەد بۆ ئێستای ئێمە گرنگە؟

١. هۆکاری یەکەم، ئێمە ئێستا لەنێو پرۆسەیەکی مەترسیدارداین: پرۆسەی نامرۆڤاندن. مرۆڤی کورد لە مرۆڤبوون دەخرێ، مرۆڤبوونی لێدادەماڵرێ، بەهاکانی، ویست و ئیرادەی، مافەکانی لێدەسەندرێتەوە. هەروەها لە ڕووی مۆڕاڵیییەوە، مرۆڤی کورد توانستی هەڵبژاردن (چاکە و خراپە)ی لێ دەسەندرێتەوە. ئەو شکۆمەندی و مەزنییەی کە وەک مرۆڤ هەیەتی لێ دادەڕنرێ، ئەو ڕێزمەندییەی وەک مرۆڤ هەیەتی لێی دادەماڵرێ. واتا سوکایەتی، بێڕێزی بە مرۆڤی کورد دەکرێ. برسی دەکرێ، بێئیرادە دەکرێ، دەکرێ بە ئامراز و دەسوێژ، وەک ڕۆبۆت هەڵدەسوڕێندرێ.
مەسعوود محەمەد بۆیە گرنگە، چونکە ئەو ڕێک پێچەوانەی ئەو ڕەوتە ئیش دەکا، سەرجەم هەوڵ و خەبتینەکانی ئەو لەپێناو مرۆڤدایە، فەلسەفەی مەسعوود محەمەد دژی پرۆسەی نامرۆڤاندن دەوەستێتەوە و ڕەخنەی دەکا. ئەو دەیەوێ مرۆڤی تێکشکێنراوی کورد، جارێکی دیکە سەرلەنوێ بونیادبنێتەوە، ئەو دەیەوێ ویست و ئیرادە بە مرۆڤی کورد بداتەوە. ئازادی، شکۆمەندی، ڕێزمەندی و مەزنێتی بۆ مرۆڤی کورد بگێڕێتەوە. ئاخر مەسعوود محەمەد سەرجەم فەلسەفەکەی لەسەر بنەمای ویستی ئازادی مرۆڤ بناغەدەڕێژێ.

٢. هۆکاری دووەم: ئێمە ئێستا لەنێو کێشەیەکی قووڵدا دەژین ئەویش کێشەی بێهزرێتی”یە، واتا بیر نەکردنەوە، نەهزرین، ئاخر ئێمە بکەری هزرڤانمان نییە، یان زۆر کەمە. ئێمە پێش ئەوەی قەیرانی دارایی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتیمان هەبێ قەیرانی بێهزرێتی و بیرنەکردنەوەمان هەیە. چونکە ئەگەر بیرمان بکردبوایەوە، ئەگەر لێبهزریبوایەین، ئەوا ئێستا ڕووبەڕووی ئەو هەموو قەیرانە نەدەبووینەوە. نموونە: شێواوی کایەی سیاسی، ڕۆشنیری، زانینگەکان، تەلارسازی کوردی، خانووی کوردی بە بلۆک و چیمەنتۆ، شێواوی زمان، شێواوی هزرین، شێواوی کولتوور و هونەر، گەڕەلاوژێی سیاسی و کۆمەڵایەتی. (ئاژووتنی هۆڤیانەی زۆرینەی شۆفێران، خەرجکردنی بێویژدانانەی ئاو و کارەبا، فرەخۆری، هەروەها چڵێسی لە گشت بوارەکانی ژیاندا وەک ڕازاندنەوەی ناوماڵ، خۆپۆشین، هەڵپەی هزری و ئەدەبی).

مەسعوود محەمەد بۆیە گرنگە چونکە فێرمان دەکا بهزرین، بیربکەینەوە، لەبری ئەوەی لاسایی ئەم و ئەو بکەینەوە خۆمان بیربکەینەوە و ڕەسەن و خۆیی بین نەک لاساییکار، لەبری ئەوەی کوردستان بکەین بە دوبەی، بە تورکیا، دەیکەین بە کوردستان، لەبری ئەوەی لاسایی تورک، عەرەب، فارس، ئینگلیز بکەینەوە کوردانە دەهزرین، کولتوور، زمان و شارستانەتی خۆمان بونیاد دەنێین. ئاخر ئێمە چۆن کاڵاکانمان لە دەرەوە بۆ دێ، بە هەمان شێوەی بازرگانەکان نووسەرانیش هزر و ئیدێکانمان لە دەرەوە بۆ دێنن. هەروەها وەزارەتی پەروەردە سیستەمی سویدیمان بۆ دێنێ. بەڵام مەسعوود محەمەد وەک کوردێک دەهزرێ، بە کوردی بیردەکاتەوە، نەک لاسایی بکاتەوە.

٣. هۆکاری سێیەم: مەسعوود محەمەد گرنگە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو ئەتککردنەی زمانی کوردی ببینەوە لەلایەن نووسەران، ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەوانان، و ڕاگەیاندنکاران. بۆ ئەوەی زمانی کوردی لەو دۆخە دەربازبکەین، گەشەی پێبدەین، لە سادەنووسی و ڕۆژانەنووسی دەربازی بکەین، گەرەکە مەسعوود محەمەد بە هەند وەربگرین. لەبەر ئەوەی مەسعوود محەمەد زمانزانێکی بەتوانایە، کوردیزانێکی باڵایە، لەلای ئەو هزر و زمان لە یەکدی جودا نابنەوە، لای ئەو زمان لە هۆشەوە سەرچاوە دەگرێ. زمان زادەی هۆشی مرۆڤە، مرۆڤ بۆیە زمانی هەیە، چونکە هۆش و ئاوەزی هەیە.

٤. هۆکاری چوارەم: ئێستا بەگشتی کایەی ڕۆشنبیری کوردی خەریکی گواستنەوە و دانەوەی زانیاری و لاساییکردنەوەیە، نەک بەرهەمهێنانی زانین و مەعریفە. تەنانەت زانینگە (زانکۆ!)ش مەعریفە بەرهەم ناهێنێ، بەڵکو زانیاری دەبەخشێتە خوێندکارەکانی. بۆیە لە زانکۆ و پێش زانکۆش کولتووری دەرخاندن باڵادەستە نەک تێگەیشتن. گەر وشەی خوێندکار و قوتابی شیبکەینەوە، ئەوا ئەو کولتوورە و دۆخی زانکۆ بەباشی ڕووندەبێتەوە.

مەسعوود محەمەد بۆیە گرنگە، تاکو لە دانەوەی زانیارییەوە بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفە بگوازینەوە، ئاخر ئەو مەعریفە، هزر و فەلسەفە بەرهەمدەهێنێ. بۆ ئەوەی لە کولتووری دەرخاندن، باڵاتر دانانی کتێب و مەلزەمە بەسەر خوێنەر، بەسەر مرۆڤدا دەربازبین، ئەوا خوێندنەوەی مەسعوود محەمەد زەروورە، ئاخر ئەو پێمان دەڵێ مرۆڤ لە کتێب باڵاترە، کتێب مرۆڤ نووسیویەتی، چۆن دەبێ لەو باڵاتر بێ. بۆ ئەوەی فێری شرۆڤەکردنی دەق، ڕەخنەکردن، و هزرینی ڕەخنەیی بین مەسعوود محەمەد ئاتاجە.

Previous
Next
Kurdish