Skip to Content

477 Views

سلێمانی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه‌! … هێمن خورشید

سلێمانی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه‌! … هێمن خورشید

Be First!
by October 26, 2017 General
image_print

له‌م ساته‌دا كه‌ خه‌ڵكی كه‌ركووك ئاواره‌ بوونه‌ و خه‌ڵكی خوورماتوو ده‌كوژرێن و ماڵیان تاڵان ده‌كرێت و دانیشتووانی هه‌ولێر ترسی په‌لاماردانیان لێ نیشتووه‌. من له‌ ئێستاوه‌ دڵم بۆ حاڵی دانیشتووانی سلێمانی ده‌سووتێت، كه‌ به‌ ڕووكه‌ش دوورترین خه‌ڵكێكن له‌ پڕیشكی شه‌ڕه‌كه‌وه‌!
گوێ له‌ كه‌سانێك مه‌گرن كه‌ گرێی ده‌روونییان و ڕقیان له‌كه‌سێك و لایه‌نێك، به‌رچاوی گرتوون و به‌رده‌م خۆیان نابینن، به‌ قسه‌ی خه‌ڵكانێك فریو مه‌خۆن كه‌ بازیچه‌ی ده‌ستی ئه‌ملا و ئه‌ولان و هیچیان به‌ ده‌ستی خۆیان نییه‌ و له‌ دوای (…)دانه‌وه‌ چوارمشقی دانیشتوون.

خه‌ڵكی سنووری سلێمانی، ساڵانێكی زۆره‌، له‌ ڕێی میدیاوه‌، هه‌موو شتێكیان له‌بیر براوه‌ته‌وه‌ و وایان لێ كراوه‌ چاویان دووژمنی ڕاسته‌قینه‌ و تاڵانكه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی مال و حاڵ و سامانیان نابینێت و وێنه‌یه‌كی وه‌همییان بۆ درووست كراوه‌ و چاویان ته‌نیا له‌سه‌ر یه‌ك كه‌سه‌، كه‌ وه‌ك نوومادی ئه‌هریمه‌ن و هه‌موو خراپه‌كارییه‌ك لێی ده‌نۆڕن.
سه‌رنج بده‌ن و ڕامێنن، بۆ ده‌بێت خه‌ڵكی گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕانیه‌ و چه‌مچه‌ماڵ، تیری ڕق و تووڕه‌ییان ئاراسته‌ی (سه‌ری ڕه‌ش) بێت، له‌ كاتێكدا سه‌ری ڕه‌ش هه‌رگیز بۆ ڕۆژێكیش له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماده‌ نه‌بووه‌، له‌ گه‌رمیان هیچی به‌ ده‌ست نه‌بووه‌، له‌ قه‌ڵادزه‌ حوكمی نه‌كردووه‌؟

ئه‌مه‌ كاری میدیایه‌كه‌ كه‌ نزیكه‌ی بیست ساڵه ئیشی له‌سه‌ر ده‌كات، كۆی میدیایه‌ك كه‌ به‌ ناوی ئازاد و ئه‌هلی و….ه‌وه‌ ساڵانێكی زۆر، به‌ لێشاو پاره‌ی ده‌خرایه‌ خزمه‌ته‌وه‌، كاری كۆی دنیایه‌ك ڕۆژنامه‌نووس! و ڕیپۆرتاژنووس! و شرۆڤه‌كار! و شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسی! و كه‌ناڵی بیستراو و بینراو و خوێنراو، كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خرابوونه‌ مه‌یدان. به‌ڵێ بۆ گواستنه‌وه‌ی تیری تووڕه‌یی له‌ كانگای ڕاسته‌قینه‌ی به‌ڵاكه‌وه‌ به‌ره‌و (سه‌ری ڕه‌ش)!

ئه‌وه‌ قۆناغی یه‌كه‌می پلانێك بوو كه‌ ساڵانێكی زۆره‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و ئه‌مه‌ی ئێستا ڕووده‌دات قۆناغی دووه‌می ئه‌و پلانه‌یه‌.
خه‌ڵكی سنووری سلێمانی وایان لێ كراوه‌، هه‌ست بكه‌ن ئازادن و هه‌رچییه‌كیان ده‌وێت ده‌یڵێن، هه‌ر به‌ڕاستییش هه‌رچییه‌كیان ده‌وێت ده‌یڵێن، لێ هه‌تا زیاتر ده‌ڵێن، زیاتر بێزار ده‌بن و هه‌ر ته‌نیا خۆیان گوێیان له‌ خۆیانه‌، ئه‌مه‌یش له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ ته‌واو ماندووی كردوون.

له‌م زۆنه‌دا هه‌موو كه‌سێك قسه‌ ده‌كات، له‌ مامۆستای زانكۆوه‌ تا ده‌گات به‌ پاقله‌فرۆش و ده‌ستگێڕ و عاره‌بانه‌چی قسه‌ ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌تێكی سیاسی قسه‌ ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر هه‌موو پرسێكی گه‌وره‌ و گچكه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن، كه‌چی هیچی لێ شین نابێت، ئه‌مه‌ له‌هه‌موو شتێك بێئومێدی كردوون، هه‌ر ئه‌م بێئومێدییه‌یش مه‌به‌ستی ئه‌و قۆناغه‌ی پلانه‌كه‌یه‌!
ئێستا ئیدی خه‌ڵكی سلێمانی، به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی تاسێنراوی ده‌ستی دووژمنیشه‌وه‌، به‌ ڕانیه‌ی هه‌ڵگیرسێنه‌ری بڵێسه‌ی ڕاپه‌ڕینیشه‌وه‌، به‌ گه‌رمیانی ده‌یان جار شه‌هیدی ڕێگه‌ی كوردبوون و سیموڵی خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تییشه‌وه‌، ساردوسڕترین و بێباكترین خه‌ڵكی هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستانن له‌ هه‌مبه‌ر كوردایه‌تی و پرسی سه‌ربه‌خۆییدا.

تۆ بڕوانه‌، له‌ پرسی سه‌ربه‌خۆییدا، كوردانی سنه ‌و مه‌هاباد، سه‌رباری هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌، گشت ڕژابوونه‌ سه‌ر جاده‌ و ئاڵای كوردستانیان به‌رز ده‌كرده‌وه‌، خه‌ڵكی عه‌فرین و كۆبانێ، دانیشتووانی ماردین و دیاربه‌كر، شادییان ده‌رده‌بڕی و چه‌پڵه‌یان لێ ده‌دا، كه‌چی خه‌ڵكی سلێمانی،‌ مات و بێده‌نگ دانیشتبوون.
كه‌مترین ڕێژه‌ی به‌شداری و زۆرترین ده‌نگی نه‌خێریش له‌م زۆنه‌دا تۆمار كرا، له‌وه‌یش سه‌یرتر، هه‌ڵه‌بجه‌ی خه‌ڵتانی خوێن و خنكاوی ده‌ستی كیمیایی، له‌ نه‌چوونه‌سه‌ر سندووقی ده‌نگدان و نه‌خێركردندا، له‌ پێشی هه‌مووانه‌وه‌ بوو!

ئێستا ئیدی خه‌ڵكی ئه‌و به‌شه‌ به‌رفره‌وانه‌، كه‌ زیندووترین ده‌ڤه‌ری هه‌موو خه‌باتێكی له‌مه‌وبه‌ری كوردایه‌تی بوون، ته‌نیا یه‌ك دووژمنیان هه‌یه‌ و چاویان هیچ دووژمنێكی دیكه‌ نابینێت، دووژمنه‌كه‌ی ئه‌وان له‌ سه‌ری ڕه‌شه‌، نه‌ك له‌ تاران یان ئه‌نقه‌ره‌ یان دیمه‌شق، باسی به‌غدا ناكه‌م، كه‌ وایان لێ كراوه‌، بووه‌ته‌ قیبله‌ی ئومێدیان و چاوه‌ڕێی مووچه‌ی لێ ده‌كه‌ن. باسی شوێنی دیكه‌یش ناكه‌م كه‌ چاره‌گه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ ده‌یانكوژێ و ده‌یانبڕێ و سه‌روه‌ت و سامانیان ده‌با و كه‌س هه‌ر بیریشی بۆی ناچێ و باسی ناكا!
ئێستا ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، له‌ هه‌موو شوێنێكی دیكه‌ی كوردستان، زیاتر له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌، ئه‌م زۆنه‌ ساڵانیكه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ته‌واوی له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ ڕووخێنراوه‌، ئێستا ئیتر وه‌ختی باجدانی گه‌وره‌تر نزیك بووه‌ و وا دیاره‌ به‌ ته‌واوه‌تی فرۆشراوه‌ و به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڵمه‌تێكی ترسناكی وێرانكردندایه‌!

خه‌ڵكانێكی بێویژدان و خاڵی له‌ هه‌موو به‌هایه‌، لێشاوێك له‌ سیاسه‌تكار و قسه‌فڕێده‌ر و ڕاپۆرتنووس… سلێمانییان به‌ ده‌ردێك بردووه‌، ئه‌مڕۆ له‌بری پیره‌مێرد و خاڵ و سه‌ججادی و دیلان، (..) و (..) و (..) نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، ئێستا له‌بری (ئه‌م ڕۆژی ساڵی تازه‌یه‌ نه‌ورۆزه‌ هاته‌وه‌) و (كورده‌ وا دیسان نه‌ورۆز هاته‌وه‌)، درووشمی به‌ڵێ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بنده‌ستی به‌غدا و ڕسته‌گه‌لی وه‌ك (فڵانه‌ هۆزی كورد له‌ بنچه‌دا به‌شێكه‌ له‌ هۆزێكی عه‌ره‌ب) و (ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردی ڕابگه‌یه‌ندرێت په‌نا ده‌به‌ینه‌ به‌ر به‌غدا) له‌و شاره‌دا و له‌ خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌وه‌ ده‌بیسترێن!
جاران جاشبوون له‌ لای خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بێئه‌ندازه‌ قێزه‌ون بوو،، ئێستا ئیدی جاشێتی به‌ ڕۆژی ڕووناك به‌ كوردایه‌تی داده‌نرێ و كه‌سیش به‌ عه‌یبی نازانێ، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا عه‌یب نییه‌، بگره‌ خه‌باتی ڕاسته‌قینه‌یه‌!
به‌ڵێ، سلێمانی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه‌. گڕی ئاگری ئه‌و شه‌ڕه‌‌ی له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ هه‌ڵگیرساوه‌‌، زۆر نابا ده‌گاته‌ زۆر ئه‌وێ.
پڕ به‌ دڵ نزا ده‌كه‌م یاری (باتڵ فیڵد 3)، به‌س خه‌یاڵێك بێت و ته‌نیا بۆ سه‌رگه‌رمی دانرابێت!

* خه‌ڵكی بێده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، وه‌ك هه‌میشه‌، ته‌نیا سووته‌مه‌نین، تاوان له‌ ئه‌ستۆی وان نییه‌. ئه‌م په‌یامه‌ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وان، نه‌ك سه‌رزه‌نشت.

Previous
Next

Leave a Reply