Skip to Content

سێوەلاسۆرە و فرمێسكەكانی منداڵیم …. عەبدولڕەحمان فەرهادی

سێوەلاسۆرە و فرمێسكەكانی منداڵیم …. عەبدولڕەحمان فەرهادی

Closed
by تشرینی دووه‌م 5, 2017 General, Literature

كە سبەینان لە خەو ڕادەبووم، بالیفەكەم تەڕاییی فرمێسكەكانی شەوێمی بەسەرەوە دەما، تەڕایییەكی نم و كزر، شەوان كە لەبیركردنەوەكانم ڕادەچووم، فرمێسكم جۆگەلەی دەبەست، بیرم نایێ شەوێكی منداڵیمم بێ گریان بەسەر بردبێت، بەدەست خۆم نەبوو من لە منداڵیمەوە هەر گرینۆك بووم. زۆر شەوانیش ئەوەندەی یەك كوندە، میزم بەخۆمدا دەكرد، بۆیە جێوباڵینگانیشم گەلێكجاران بە تەڕی دەمایەوە. من كە بە نازی دایكە قەشەنگە جوانەمەرگەكەم (دایە بەسێ) گەورە بووبووم كەچی دوای مەرگی لەناكاوی، لە هەموو نازێكی منداڵی بێبەش مامەوە و ڕۆژانە دوای ئەوەی بابم دەڕۆیشتە دەرەوە ئیتر زەبروزەنگە دەروونی و جەستەیییەكانم لەڕێی دایكە تازەكەمەوە سەریان هەڵدەدا، قەت لەبیرم ناچێتەوە كە لە باوەشی دایكی خۆم خەو دەیبردمەوە، ئەو یادگارییانە خۆشترین سۆزی ڕابردوومن، بۆنی سینگ و بەرۆك و مێخەكەكانی گەردەنی كێلی، بەرامەی ڕەشە ڕەیحانەكانی گیرفانی، كراس و كورتەكە بە باقوبریقە سیمدارەكەی، تا ئەو ڕۆژەی شۆڕی ناو قەبرێم دەكەنەوە لە خەیاڵدانمدا ناسڕێنەوە، هیچ ئیسراحەتێك ناگاتە ئیسراحەتی ئەوەی كە سەرم بە كۆشی ئەو دەكرد، باڵای شەنگی پڕ بوو لە زڕیوپۆلی، قەت كڵاوە هەورییە پڕ لە كۆترۆكەكەیم لە دیدەدا ناسڕێتەوە. كۆچی ناوادەی دایەم منی لە هەموو جوانییەكانی منداڵی دابڕی. بابم دەمێك بوو هەستی كردبوو ئەو زڕدایكە مەلعوونەم كە لای خۆم بە مەلعوونخانم ناوزەدم دەكرد، لێم ڕقەستوورە و گەر بۆی بلوێ دەست لە خنخنۆكم دەنێ و تا حەیاتم لێ دەبڕێ لێم نابێتەوە.

بابە مستۆ كە لە دایەرەی ئەشغال نۆبەتداری كۆگا بوو، سبەینان لەگەڵ شیڕەی نێرەكەر لە دەرگای حەوشە ئاودیو دەبوو و تا دوای عەسرێكی درەنگ چاومان پێی نەدەكەوتەوە، تا دایە بەسێم مابوو، ئاگام لەو نەبوو، نەمدەزانی كەی لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و كەی دەگەڕێتەوە، خۆ ئەو نەیدەزانی ژنە تازەكەی كە وەرمدەگەڕایێ، جەستەی خنجیلانەمی لە ختوخۆڕا بە قەمپاران هەنجن بە هەنجن دەكرد، بەڵام دەیزانی كە منی مێردمنداڵی حەوت ساڵان لێی هەراسانم، نیگەرانی ئۆقرەی لێ بڕیبووم و دەیزانی نەك تۆزقاڵێ مێریڤانیم بەرانبەری نییە، بەڵكوو ڕقی دونیام لێیەتی، ئەمە بابمی زۆر نیگەران كردبوو، من تەواو هەستم بەوە دەكرد، بۆ ئەوەی لەو كەشە مەرگەمووشاوییەم بێنێتە دەرەوە، ڕۆژێكیان بانگی كردم تێری ماچ كردم و پێنج فلسی زیادەشی دامێ و پێی گوتم: كوڕێ من واچاكە لێرەوە، لەو تەمەنەوە خۆت بە كار و كەسابەت ئاشنا بكەی، من تێی نەگەیشتم تا پێشنیازی بۆ كردم كە دەیهەوێ بمخاتە بەردەست دوكاندارێكی هاوڕێی كە وەستای دروستكردنی كورسی و تەختەی دار بوو، با بڵێین دارتاش بوو.

بەیانییەكەی بردمییە لای وەستا عەزیزی نەججاڕ كە پێشتر لەمبارەوە قسەی لەگەڵ كردبوو، دوكانەكەی وەستا عەزیز بەرانبەر مەكتەبی بۆتان بوو، لە ڕیزی چایخانەی ئاغا دزەیییەكان. بەیانیی ڕۆژی دووەم سبەینە زوو بۆ یەكەمجار، بووم بە شاگردی وەستایەكی كەچەڵی سەر رووتاوە، وەستا عەزیز بەردەستیی پێ دەكردم، سەرباری وردە كاری دارتاشی، دەیناردم وردە كەلوپەلی ڕۆژانەی ماڵەوەشی پێ دەكڕیم، دەیناردم چای لە چایخانەكەی مام ڕەحمان بۆ خۆی و میوانەكانی بۆ بێنم، درەنگانی پاش نیوەڕۆیان دە فلووسی دەدامێ و بەڕێی دەكردم، كە دەگەییمەوە ماڵەوە دەبووا دە فلووسەكە لە مستی زڕدایكەكەم بنێم، ئەو وای ڕاهێنابووم، خۆ نەدەوێرام ڕۆژێ پێنج فلووس خەرج بكەم. وەستا عەزیز پیاوێكی غەدداری چاو حیزی بەد ڕەوشتی جەمال سێوان بوو، یەكجار زۆر لێی بە هەستوخوست بووم، كە ئەو لە دوكانێ بە تەنیا دەمایەوە، من نەدەوێرام لە ژوورەوە بم، بەڵكوو لەبەر دەرگا هەڵدەترووشكام و چەندی بانگ بكردبام قەت لای نەدەمامەوە.

دە ڕۆژێك لەم كارەم بەردەوام بووم. بیرمە سبەینەیەكی ڕۆژی هەینی، بابم دەیبردمە لای ناسیح حەللاق كە دوكانەكەی بە تەنیشت حەمام عەسرییەوە بوو لە كۆڵانی عارەبان تا سەروپۆتەلاكم چاككات، بە بابمم گوت چیتر من ناچمەوە لای وەستا عەزیز چونكە پیاوێكی ڕەوشتسزە و من لەوانە نیم مل بۆ داخوازییە پۆخڵەكانی بدەم، من دەمەوێ ئیشێكیترم بۆ بدۆزییەوە، دامنابوو گەر بەقسەم نەكا، سەری خۆم بەرەو چارەنووسێكی نادیار هەڵگرم. بابم لە وەزعەكەم تێگەیشت و ڕۆژی شەممەم بێ ئیشوكار لەگەڵ منداڵانی كۆڵان بەسەر برد، ئەو منداڵانەی كە بەنازی دایك و بابیان لە كۆڵان كەیفساز بوون و منیش دڵ و دەروونم پڕ بوو لەو گرێیانەی كە ژیانی نالەبار و چارەنووسم تێی چاندبووم. ئێوارەی شەممە بابم بانگی كردم و گوتی واچاكە بۆخۆت ئیشی سەربەخۆ بكەی و بە ئازادی خۆت پێبگەیەنی و كەس وەك چاودێر و وەستا بەسەرتەوە نەبێ و پێمباشە دەسگێڕی بكەی و من سەبەتەیەكی بچووكی تریانی نووردییە نانت دەدەمێ و یەكەم ڕۆژ دەتبەمە لای محێدینی دوكاندار لای شێخی چۆلی و چەند كیلۆیەك سێوە لاسوورەت بۆ دەكڕم و بڕۆ بۆخۆت لە كووچە و كۆلانەكان بگەڕی و تاك تاكە بیانفرۆشە منداڵان، مام محێدین باوكی شوانی هاوڕم بوو كە ئێستا كاربەدەستێكی گەورەی میرییە و پیاوێكی خانەدان و هەژاردۆست و هاوكاری بابم بوو. یەكەم ڕۆژی ئەم كارە تازەیەم لە كووچە و كۆڵانە تەنگەبەر و ناڕێكەكانی تەیراوە بە ئاسوودەیی بردە سەر،دوو دانە سێوە لاسوورەم بە پێنج فلووس دەدا، بیرمە بە هەموو گەرووی خۆم لەنێو كووچەكانی دەوروبەری چایەخانەی باییز بەولاوە هاوارم دەكرد: (سێوە لاسۆرە سێوە لاسۆرە، سێوە سۆرەی مزر و خۆش، دەی وەرن دووی بە پێنج فلووس).

هەموو دەوروبەری نیوەڕۆیانیش دەچوومە سەر عەرەبانەكەی مام نەجمەدین و یەك سەندەویجی تەواوی توورشیم دەخوارد. ئێوارە كە دەگەڕامەوە دەنگم دەنووسا ئەوەندەم هاوار كردبوو، لەڕێی گەڕانەوەم ئێوارەی یەكەم ڕۆژم تەواوی پارەكەمم ژمارد، بۆم دەركەوت كە درهەمێكم قازانج كردووە، ئەمەش بەگوێرەی كاری پێشووم بڕە پارەیەكی زۆرتر بوو، ئەم دەسگێڕییەم جگە لە سەربەخۆیی و دەروونئاسوودەیی وابەست نەبوونم بە كەسێكی دیاریكراوەوە، قازانجێكی تریشی بۆم هەبوو كە ئەوە بوو دەمتوانی ڕۆژانە شتێك بۆخۆم خەرج بكەم بەبێ ئەوەی مەلعوونخانم پێی بزانێ. تا دەهات زێتر شارەزای سێوفرۆشی دەبووم و قازانجم ڕووی لە زیادی دەكرد.

ئێوارەیەكیان لە قەڵا نزیك كەوتمەوە و حەزی چوونە سەر قەڵا و سێوفرۆشییەكەم هانیدام بە دەرگاكای ئەودیو وردە وردە سەركەوم، دەرگای دیوی بازاڕی قەیسەری، كە تازە لای شێخی چۆلییەوە دەهاتمە ئەوناوە، بە هانكەهانك سەركەوتمە سەر قەڵا كە یەكەمجارم بوو سەری دەكەوتم، ڕێگا پێپیلكەكەی یەكجار ڕك و قوڕاوی بوو، بەهەر جۆرێ بوو، سەركەوتم و ئەوێم زۆر بەلاوە نامۆ بوو و وەك ئەوەی چووبمە شارێكی دیكەی دەرەوەی هەولێر، لەوێ‌ زۆرم سێوەلاسۆرە فرۆشت، دەمەو نیوەڕۆ داهات و نیوەی سەبەتەكەم لە سێو بەتاڵ ببوو، بەڕكم پڕی پارە بوو و لە دەرگای ئەودیو نزیك دەكەوتمەوە كە منداڵە قەڵاتی خەریكی شەڕ پێفرۆشتنم بوون، ناچار هەنگاوەكانمم خێراتر كرد و كە گەیشتمە دەرگای دیوی مەحكەمە، پشووێكی پڕ لە فەرامۆشیم وەرگرت و هەوای ساف و فێنكی ئەوناوە، ئارامییەك و دەرووناسوودەیییەكی دامێ‌، خەریكی هەنگاونان بووم بۆ خوارەوە بۆ ئەوەی بەرەو ماڵ ببمەوە، لە ناوەندی ڕێگاكە كە ڕێیەكی زۆر ڕك و قوڕاوی بوو، هەستم كرد لە خوارەوە غەڵبەغەڵبێكی زۆرە و كە تەواو دیقەتمدا، هەستم كرد كە گەلەكۆمەی منداڵە وردكە و هەرزەكارانە بۆ هێرش و هەڵكوتانە سەر قەڵا، بەرد هاوێشتنێك بوو نەبێتەوە، هەر گاشە بوو لە تەنیشتمەوە گڤڤەی دەهات بە عارد دەكەوت، بە پەلە بەرەو چوونەوە ناو قەڵا تا هێزم تێدا بوو ڕامكرد، زانیم شەڕەبەردی نێوان قەڵا و تەیراوەیە، هەمووجار شاكر ی مامم بۆی باس دەكردم كە چۆن بەشداریی قارەمانانەی لەو شەڕانەدا كردووە، مامە شاكر وەك چۆن فیلم دەگێڕێتەوە، ئاوا داستانی قارەمانێتیی خۆی و هاوڕێكانی تەیراوەی بۆ باس دەكردم.

باسی ئەوەی بۆ دەكردم كە چۆن بەهێرشی ئازایانەیان، منداڵە قەڵاتییان ڕاوناوە و لەناو قەڵایان پەستوونەتەوە و دواتر چۆن تا كۆشی دایكیان سەریان لەدوو ناون. هەنگاوەكانم خێراتر كردن و لەسەرەوەی قەڵاش لە لێوارەكەیەوە هێرشبەرانی قەڵا تا هێزیان تێدا بوو گاشەبەردەكانیان دەهاوێشتە تەیراوەیییەكان، لەوناوە گاشەیەك بەر شانی چەپم كەوت، شەقاوە هێرشبەرەكانی تەیراوە منیان بە هێرشبەر و سەردەستەی قەڵاتییەكان دەزانی و ئەوانەی قەڵاتیش تا هێزیان تێدا بوو هێرشیان بۆ سەر من زیاد دەكرد، ناچار ڕوو لە خوارەوە بكەم و تا هێزم تێدابوو لاتەریكانە هەنگاوم نا، لەپڕ هەڵخلیسكام و خراپ بەربوومەوە، تاكە پێڵاوە لاستیكە شینكەلەكەم و سەبەتە سێوەكەم لەدەست چوو و غلۆر بوونەوە و هەر سێوەی بەلایەكدا چوو، بەهۆی ئازارەكەی شانم ئاگام لە سەبەتە و سێو نەما، كە گەیشتمە دامێنی قەڵا، هەندێ‌ لە تەیراوەیییەكان بەهۆی هوروژمیان بۆ سەركەوتنە سەر قەڵا، خۆیان و بەردەقانییەكانی دەستیان هەنگاویان دەنا و ئاگایان لەمن نەما، منیش خۆمم دابووە لایەك، كەچی چەندانێكیشیان بەدوامەوە بوون تا گرتمیان، خەریك بووم خۆمیان لەدەست ڕاپسكێنم، كەچی ئەوان بەهێزتر بوون و تا تێمگەیاندن كە من شەكەراتفرۆشم و قەڵاتی نیم و لە كۆڵانی عارەبانەوە هاتووم و پێوەندییەكم بەو شەڕانەوە نییە و هەر بۆ فرۆشیاری چوومەتە ئەوێ‌، چەندانێكیان دەمولێویان پڕ خوێن كردم، پارەكەی گیرفانمیان دەرهێنا و بەرەڵڵایان كردم.

كە گەیشتمە دەوروبەری ماڵەوە، یەكسەر خۆم كوتایە ناو مزگەوتی حاجی حوسێن و نەمهێشت دەروێشی مزگەوت بمبینێ، سەروسەكوتی خۆمم بەو سەرمایە دایەبەر شێرەی ئاوەكە و نەمهێشت ئاسەواری تێهەڵدانەكەم بە ڕوخسارمەوە بمێنێ، دواتر لەترسی مەلعوونخانم نەوێرام بچمەوە ماڵەوە, بۆیێ ناچارمام خۆم تا دەمەو مەغریب دوابخەم تا باوكم دێتەوە و بەسەرهاتەكەمی بە وردی بۆ باس بكەم، ڕووەو ژێر پێپلیكەكانی مزگەوت هەنگاوم نا كە پڕی بوو لە تاتەشۆر و دارەبازە، جەستەی وردمم لەنێو دارەمەیت و تاتەشۆرە شەقوشلۆقەكان بزر كرد و خەوێكی خۆش بردمیەوە، لەخەوما پڕ بە بنار و دامێنی قەڵا زەبەلاحەكە سێوەلاسۆر دەڕژانە خوارەوە و نەمدەزانی باوەش بە چەندانێكیاندا بكەم. كە باگا هاتم مەغریب بانگی دەدا و ئازاری شانم زیادی کردبوو و ناشزانم لەترسان بوو یان بەهۆی خەوە قووڵەكەمەوە بوو, بایی یەك كوندە، میزم كردبوو بەخۆمدا.

ھەولێر ٩/٩/٢٠١٧

Previous
Next
Kurdish