Skip to Content

246 Views

لە یادی سەد ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا … لاوژە جەواد

لە یادی سەد ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا … لاوژە جەواد

Be First!
by November 5, 2017 General, Slider, Women
image_print


ژنان و شۆڕش، پێشڕەوی و پاشەکشەکانیان

پێشەکی

” هیچ شۆڕشێکی سۆسیالیستی بەبێ بەشداری کاریگەری و بەرفراوانی ژنانی کرێکارو زەحمەتکێش ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت” لنین لە کۆنگرەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ڕوسیا 19ی نۆڤێمبەری 1918.
بەدوای سەرکەوتنی شۆڕش، دەسبەجێ لە یەکەم لیژنەی کۆمسیاری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی ڕوسیا، بۆ یەکەمجار لە مێژوی کۆمەڵگەی بەشەری ژنێک دەتوانێت پۆستی وەزیر وەربگرێت. ئەلێکساندرا کۆڵەنتاین ژنە خەباتکاری کۆمۆنیست بەدوای سەرکەوتنی شۆڕش وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی پێدەسپیردرێت.
هەر لە هەفتەکانی یەکەمی دوای شۆڕشدا پڕۆگرامی یەکسانی و مافە ئینسانیەکانی ژنان کە زۆر لە مێژ بوو لە لای کۆمۆنیستەکان داڕێژرابوو، پێی نایە سەر عەرزی واقێع و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. گرنگترین و بەرچاوترینیان ئەمانە بوون:
هەڵوەشانەوەی سەرجەم یاسا کۆنەکانی دەسەڵاتی قەیسەر کە تیایدا ژنان موڵک و کۆیلەی پیاوان بون و تەنانەت پیاوان بۆیان هەبووە توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەکاربهێنن.

هەڵوەشانەوەی هاوسەرگیری کڵیساو بە رەسمی نەناسینی بەهۆی ئەوەی کە بەپێی یاسا ئاینیەکان پیاوان زاڵدەبن بەسەر ژنانەوە.( بەگشتی دین لە کاروباری دەوڵەتی جیاکرایەوە). بۆ هاوسەرگیری فەرمانگەیەکیان دیاریکرد بۆ تۆمارکردن، دواتر بەیەکجاری هەموو جۆرە پەیوەندیەکی ئازاد و بە دڵخوازی نێوان ئینسانەکان بەڕەسمی ناسێندرا و پێویست بە تۆمارکردن نەما.
منداڵانی دەرەوەی هاوسەرگیری بە رەسمی ناسێندران و بەهرەمەند کران لە مافی بەرابەر.
کار بۆ هێنانەدەرەوەی ژنان لەچوار دیواری ماڵ، بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاری ناوماڵ بۆ ئەم مەبەستەش چەند یاسایەک دەرکراو دواتر جێبەجێکران.
* کردنەوەی دایەنگاو شوێنی تایبەت بە چاودێری مندالان
* کردنەوە جلشۆرگەو خواردنگەی گشتی بۆ هەموان
* لە هەموشی گرنگتر بۆ یەکەمجار لە مێژودا ژنان مافی لەباربردنی منداڵیان پێدراو کاری پێویست لەمبارەوە ئەنجامدرا.
لەم سەردەمەدا بەهۆی شەڕو نەهامەتیەکان ڕێژەی لەشفرۆشی یەکجار زیادیکردبوو، بەلشەفیکەکان هەوڵی جدیان دا بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاریدەیەو کۆششیان کرد بۆ گەڕانەوەی ئەم قوربانیانە بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی ئاسایی.
بەجیا لەمانەش هەر بۆ یەکەمجار لە مێژودا سزا لەسەر ئەوکەسانە لابردرا کە هاوجنسگەرا بوون. بەپیی یاساکانی پێشو ئەوکەسانە دوور دەخرانەوە بۆ کۆمەڵگەکانی کاری زۆرە ملێ لە سبریا.

بەرچاوبوونی بەرهەمی شۆڕش لە پەیوەند بە رزگاری ژنانەوە زۆر جێگای شانازی لنین بووە لە هەر بۆنەیەکدا کە هەڵسەنگاندنی بۆ دەسکەوتەکانی شۆڕش کردبێت، وەک نمونەی پڕشنگداری دەسکەوتەکان باسی مەیدانی ژنان دەکات و ئیشارەتی بە شۆڕشە دیموکراتیەکانی وەک و ئینگلتەڕا لە ناوەڕاستی 1600 ەکان و شۆڕشی فەرەنسا کردوە وە ئەمریکای لانکەی دیموکراسی کردۆتە نمونە کە نەیانتوانیوە ئەم مافانە بۆ ژنان دەستەبەر کەن. وتویەتی هەموو ئەم مافە دیموکراتیانە لەلایەن ئێمەوە هەوڵی دەستەبەرکردنیان دراوە. نمونەی ئەم وتانەشی لە کۆنگرەی ژنانی کرێکار ساڵی 1919، لە دانشتنێکی تایبەتی لەگەڵ کلارا زتکین کاتێک کلارا لێیدەپرسێت ئێوە نەزەریاتی مارکسیستیتان بۆ ڕزگاری ژنان عەمەلیکردۆتەوە؟ هەڵسەنگاندنی یادی چوارساڵەی شۆڕش ( ژمارە 234 ی ڕۆژنامەی پراڤدا 18 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1921). بۆنەی ڕۆژی جیانی ژنانی کرێکار، وتار 4ی مارسی 1921.

بەڵام لینین هەمیشە پێیوابوە کە بەتەنها یاسا ناتوانێت کێشەکانی ژنان چارەسەربکات و بۆ بەدەستهاتنی گەیاندنی خەباتی یەکسانی ژنان سێ هەنگاوی کردوەتە پێشمەرج و بە زەروری داناوە.
یەکەم: یەکسانی یاسایی ژن و پیاو.
دووەم: بەشداری ژنان لەڕوی پراکتیکیەوە لە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە
سیهەم: ژنان کاتێک بەتەوای ڕزگاریاندەبێت کە خێزان خاسیەتی خۆی وەک یەکەی ئابوری کۆمەڵگا لەدەستبدات. (پشتبەستن بە بۆچونی ئەنگلس لە کتێبی بنەچەی خێزان.)
ئەگەر سەیرێکی ئەم دەسکەوتانە بکەین بەهەق جێگای شانازین کە سەد ساڵ پیش ئێستا هاتونەتە دی، کۆمەڵگای ڕوسیا چ جۆرە کۆمەڵگایەک بوو؟ ڕۆڵ و نەخشی ژنان لە شۆڕش چیبوو؟ ئەم دەسکەوتانە چۆن بەدەست هاتن و جیبەجێکران؟ ڕۆڵی ژنان چیبوو لەم نێوەدا؟ بۆچی دواتر پاشەکشە بە زۆربەی ئەم دەسکەوتانە کران و ژنان ڕاپێچی ماڵداری کرانەوە؟ بەدوای بەرنامەی ئابوری نوێ ( نیپ) بۆچی ڕێژەی بێکاری لەنێوان ژنان یەکجار زۆربوو؟ بەگشتی شۆڕشی کرێکاری بە ئامانجی خۆی گەیشت یاخود شکستی خوارد؟ هۆکارەکانی شکست چیبوون؟
ئامانجی من لەم نوسینەدا گێرانەوەی روداوەکان نییە، دەسکەوتەکانی ژنان لەم شۆرشەدا زۆرترین قسەی لەبارەوە کراوە، بەڵام من لێرەدا دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە زەرورە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بەردەوام ئەم ئەزمونانە بخاتە بەر ڕۆشنایی و هەوڵبدات بۆ بەدیهێنانی دنیایەکی باشتر، تیشکیان بخاتەسەر و دەرسیان لێوەرگرێت و بەپێی واقیعیەتی جیهانی ئەمڕۆ ژنان ئامادە بکات بۆ شۆڕشێکی تر.

دۆخی ژنانی ڕوسیا لەو سەردەمەدا

لە ساڵانی 1900 ەکاندا ڕوسیا وەک وڵاتێکی دواکەوتوی کشتوکاڵی مابۆوەو هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتبوو. ژنان بارودۆخێکی یەکجار خراپیان هەبوو، لەهەموو مافێک بێبەش بوون. زۆربەی خەڵکی ڕوسیا جوتیار بون و لە لادێکان دەژیان لەوێ کەمێکیان لە کۆیللە گەڕابۆوە. زۆربەیان نەخوێندەوار بوون و دەستیان بەهیچ جۆرە خزمەتگوزاریەک نەدەگەیشت. ژنانی ئەم ولاتە توندوتیژیان بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو بەرامبەر بەکاردەهات و بەیاساش ژنان مولکی پیاوان بوون.
لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم چەند شەپۆلی خوازیاری ئاڵوگۆڕ ڕوسیای گرتەوەو لەم وڵاتەش چەند بزوتنەوەیەکی نیشتمانی، نیهیلیستی و ڕادیکاڵی سەریان هەڵدا، لەنێو ئەمانەشدا چەند ژنێکی خەباتکار ئەکتیڤ بوون بۆ مافی ژن، ڤیرا زاسلو یەکێک لەو ژنانە بوو کە دواتر یەکێک لە هەڵسوڕاوە بەرچاوەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوو.

لە ساڵی 1903و 1905 هەوڵی شۆڕش لە روسیا شکست دەخوات. لەم شۆڕشانەشدا جارێکی تر ژنان ڕۆڵی بەرچاویان دەبێت، بەدوای بەتایبەت 1905 دەسەڵاتی قەیسەر ناچاردەبێت چەند ئاڵوگۆڕ و ڕیفۆرمێک بکات و ڕێگا بە هەڵبژاردن (دوما) بدات، کە تەنها لەسەدا سی پشکی جەمارەر بوو بۆ خۆ کاندیدکردن و لەسەدا حەفتای لەلایەن قەیسەرەوە دەستنیشاندەکرا.
یەکێک لە دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە دەستەبەرکردنی مافی ڕێکخراوبوون و سەندیکای کرێکاری بوو. بزوتنەوەو ڕێکخراوە فیمینیستەکانیش لەم کاتەدا زیاتر دەرکەوتن و سێ گروپی سەربەخۆیان هەبوو.
* ژنانی بۆرجوازی کە داوای هەندێک مافی یاساییان دەکرد بۆ ژنان
* نیهیلستەکان کە پیانوابوو ژنان دەبێت وەک پیاوان جلوبەرگ لەبەربکەن و خۆیان نیشانبدەن و جگەرە بکێشن
* سۆسیالیستەکان کە تەرکیزیان لسەر ژنانی کرێکار بوو بۆ بەدیهێنانی مافی یەکسانی هەمە لایەنەی ژنان و پیاوان، جەختیان لەسەر مافی خوێندن و دەستگەیشتن هموو ژنان بوو بە خزمەتگوزاریەکان.
دیارە ژنانی ڕوسیا لە ساڵانی 1870 کانەوە مافی خوێندنیان لە هەندێک بواری وەک پەرستاری، مامۆستایی و هەندیک بواری تر کە بە کاری ژنانە دەناسران هەبوو.

بەدوای ئەو کرانەوەیە بەڕوی ڕیکخراوبوندا، لە ساڵی 1908 یەکەم کۆنفرانسی ژنان لە روسیا بەڕێوەدەچێت و کەلێنی نێوان ژنانی پڕۆلیتاریاو بزوتنەوە فیینیستیە دەگاتە ئاستی جیابوونەوە و هەرکامەیان بە ڕێگای خۆیدا دەڕۆن. هەرچەند لە ساڵی 1909 پڕۆگرامی سۆسیال دیموکراتەکان دەنوسرێت و بە کۆنکرێتی پێداگر دەبێت لە یەکسانی هەمە لایەنەی نێوان ژنان و پیاوان. بەڵام بزوتنەوەی ژنان لە پاشەکشە دەبێت هەتا ساڵی 1912.
بەهۆی کۆچی زۆری خەڵکانی لادێکان بەرەو شارەکان و کارکردن لە کارخانەکان ژمارەی ژنانی کرێکار لە زیادبوندا دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزبوونەوەی بزوتنەوەی کرێکارانی ژن و هەوڵدانی ژنە سۆسیالیستەکان بۆ رێکخستنیان و خەباتکردن لەپێناوی مافەکانیان.
لە ساڵی 1914 نزیکەی لە سەدا بیست و پێنجی کرێکاران ژن دەبن. بەلشەفیکەکان زۆر بەجدی دەکەونە کارکردن لەناو کرێکاران و هەوڵی هۆشیارکردنەوەیان دەدەن بە مافەکانیان، وە ڕۆژنامەیەکیان بەناوی (ڕاپۆرتنیتسا )واتا کرێکاری ژن دەردەکرد، بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم تەنها تواندرا چەند ژمارەیەکی کەمی لێدەربچێت.
لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا ڕوسیا یەکێک لەم وڵاتانەی شەڕ دەبێت کە ئەڵمانیا هێرش دەکاتە سەری و بەشێکی لێداگیردەکات. بەهۆی ئەوەی کە بە ملیۆنها پیاوان دەنێردرێن بۆ شەڕ ژنان ناچاردەبن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان لە کارگەکان جێگای پیاوان بگرنەوە.
ژنان لەم ساڵانەدا لەژێر بارودۆخێکی زۆر خراپ تا ڕۆژی دوانزدە سەعات بە کرێیەکی یەکجار کەم کاردەکەن، بەشێوەیەکی بەرچاویش لەلایەن خاوەنکارەوە سوکایەتیان پێدەکرێت و ڕوبەروی گێچەڵ و دەستدرێژی دەبنەوە، ناچارن بە ڕۆژ منداڵەکانیان بەجێبهێلن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە منداڵی بێ سەرپەرشت و سەر شەقامەکان زیادببن، ژمارەی ئەم منداڵانەی کە لەسەر شەقامەکان فڕێدەدران لە زیادبوندابوو.
لەشفرۆشی بەڕێژەیەکی یەکجار زۆر زیادیکردبوو، لەم وڵاتەدا شوێنی رەسمی بۆ لەشفرۆشی تەرخانکرابوو و لەلایەن ئەفسەرەکانەوە دەکرایەوەو کلیساکان پیرۆزیان دەکرد.
لەوێ ژنانی لەشفرۆش بە فەرمی خاوەن کارتی زەرد بوون، کارتی زەرد واتا وەرەقەی موڵەت و لە ساڵێکدا چەند جارێک پشکنینی تەندروستیشیان بۆ دەکرا. تەنها بەوە ئەم ژنانە لە کۆیلایەتی سێکسی دەرباز دەبون ئەگەر کێشەی تەندروستاین هەبوایە. بەجیا لەوەش لەسەر جادەو شەقامەکان ژمارەی ئەو کچە زۆر گەنجانە لە زیادبوندا بوو کە لەپێناو بژێوی ژیانیان ناچار بەم کارە ببون. ئەمەش هۆکارێکی تربوو بۆ زیادبونی منداڵی بێ سەرپەشت وە هەروەها بڵاوبونەوەی نەخۆشی جۆراو جۆر لەناو ژناندا.
کەمی نان و درێژی سەرە بۆ دابینکردن نان یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بوو.
بەهۆی جەنگی جیهانی یەکەمەوە لە ساڵی 1917 لەنێوان لەسەدا چل تا پەنجای کرێکاران ژن بوون ئەمەش وایکردبوو کە ببنە خاوەنی تارادەیەک ئازادی و باوەڕ بەخۆبوون لەبەرئەوەی ئابوری خۆیان هەبوو.

شۆڕشی شوباتی 1917

ڕۆژی 23ی شوباتی 1917 بە ڕۆژمێری کۆنی ڕوسیا کە بەرانبەرە لەگەڵ 8ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، بەم بۆنەیەوە ژنانی کرێکار شان بەشانی پیاوان بەرامبەر بارودۆخی خراپی ژیانیان بە شیعاری نان بۆ هەموان دەڕژێنە سەر شەقامەکان لە پترۆگراد، سەرەتا ژمارەیان نزیکەی 350 کرێکار دەبێت، بەڵام تا دێت کرێکارانی زیاتر پییانەوە پەیوەست دەبن و سنوری داواکاریەکانیان بەرفراوانتر دەبێت، ئەم خۆیشاندانە پێنج ڕۆژ دەخایەنێت و داوای دەستلەکارکێشانەوەی قەیسەر دەکەن، دەرئەنجام هێزە ئەمنیەکانیش ئامادە نابن بەرامبەر خۆپیشاندەران بوەستنەوەو بە خۆپیشاندەرانەوە پەیوەست دەبن، دەسەڵاتی کۆنەپەرستی پاشایەتی قەیسەر دەخەنە سەر ئەژنۆ و پاشەکشەی پێدەکەن.
حکومەتی کاتی پێکدیت و هەندێک لە حیزبە چەپ و سۆسیالستەکانی وەک و مەنشەفیەکان و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان لەگەڵ حیزبی پارێزگاران و لیبڕالەکان حکومەتی کاتی پێکدەهێنن. کاتێک گفتوگۆ لەبارەی بەشداری بەلشەفیەکان دێتە پێشەوە لینین توڕە دەبێت و دەڵێت ئەمە حکومەتی بۆرجوازیەو نابیت بە کەمتر لە شۆڕشی کرێکاری ڕازیبین، ئەمە لە وتاری گەڕانەوەی بۆ ڕوسیا ڕۆژی 2ی ئەپریل کە لەلایەن کرێکاران و خەڵکی ناڕازیەوە لە وێستگەی شەمەندەفەر پێشوازی لێدەکرێت تەئکید لێدەکاتەوە.
لە ماوەی حوکمڕانی حکومەتی کاتیدا شەڕ هەر بەردەوام دەبێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بارودۆخی خەڵکی زەحمەتکێش خراپتر دەبێت. لەم دۆخەدا ژنە بەلشەفیەکەکان بە رابەرایەتی کۆڵەنتاین ئەنسە ئۆرمۆندو، کرۆپسکایا دەتوانن کارو چالاکی زۆر بەرچاو ئەنجامبدەن.
لەم سەردەمەدا ڕێکخراوی ژنانی بۆرجوازیش جوڵەیان دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە لایەنگری لە بەردەوامی شەڕ دەکات لەپێناوی سەروەری وڵات، ناتوانێت جێگاوڕێگای خۆی لەنێو زۆرینەی ژنان بکاتەوە.

لە ماوەی ئەم نۆ مانگەدا کۆڵەنتاین دەتوانێت ڕابەری چەندین خۆپیشاندان و مانگرتن بکات، بەرچاوترینیان خۆپیشاندانی ژنانی کرێکار و خێزانی سەربازەکانی جەنگ دەبێت بۆ دابینکردنی نان و ئاشتی و پێداویستیەکان.
بەبۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار، بە ڕابەری کۆڵەنتاین چەند مانگرتنێکی کرێکاری ڕودەدات و داوای کەمکردنەوەی سەعاتی کارو زیادکردنی کرێ و کردنەوەی دایەنگە دەکرێت بۆ منداڵانیان کە زۆربەی بەشداربوان ژنان دەبن. هەر لەم سەردەمەشدا ڕۆژنامەی ژنی کرێکار جارێکی تر دێتەوە ناو کۆمەڵگە.

لە کاتی دەسەلاتی حکومەتی کاتیدا، بەلشەفیکەکان دەبنە ئۆپۆزیسیۆن و سەرجەم هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ بەهێزکردن و بەرفراوانکردن شورا کرێکاریەکان بەتایبەت لە پترۆگراد بە دروشمی “هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان” دەسەڵاتی دولایەنە دادەمەزرێنن. ژنان هاندەدەرێن کە بەشداری کاریگەریان هەبێت لە بەڕێوەبردنی شوڕاکان و مافی خۆ کاندیدکردن و دەنگدان بەدەست دێنن لە هەموو هەڵبژاردنێکدا، ئەمە لە کاتێکدا دەبێت کە تەنها لەسێ دەوڵەت لە جیهاندا ژنان مافی دەنگدانیان هەیە. لە فەرەنسای لانکەی دیموکراسی ژنان 50 ساڵ دوای ئەمە ئەم مافە بەدەست دەهێنن. دیارە حکومەتی کاتیش لەژێر ئەم فشارانە مافی دەنگدان دەدات بە ژنان و کاری لەشفرۆشی ڕێگاپیدراو قەدەغە دەکات، بەڵام هیچ کارێک بەعەمەلی ئەنجام نادرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاریدەیە.
ئێوارەی ڕۆژی 24ی ئۆکتۆبەری 1917 لینین بەنامەیەک هاوڕێیانی حیزبی و شوڕاکان ئاگاداردەکاتەوە کە بە ڕابەری ترۆتسکی خۆیان لە سوپای سوردا چەکدارو ئامادە کردوە، دەڵێت” دوێنێ زوو بوو سبەی درەنگە بۆ شۆڕش” هەر ئەمشەوە بە شیعاری ( نان، ئاشتی، زەوی بۆ هەموان) پەلاماری کۆشکی زستانە دەدرێت و شۆڕشی کرێکاری سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.

ژنان ڕۆڵی بەرچاویاندەبێت لەم شۆڕشەو بەشێک لە شوڕاکان و تەنانەت سوپای سوریش دەبن.
لە دەسەڵاتی دوای شۆڕشدا، گفتوگۆو کۆبونەوەی بەرچاو لەنێوان ژنان ئەنجامدەدریت و چەندین داواکاری فەوری لەلایەن ڕابەران و هەڵسوڕاوانی ژنان دەخرێتە ڕوو، وەک و کەمکردنەوەی سەعاتی کار، یەکسانکردنی کرێ، بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاری ناوماڵ …… تاد.
زۆر بەجدی کاردەکرێت لەم پیناوەدا، هەروەک لە پیشەکیەکە ئیشارەتم پیداوە کۆمەڵێک دەسکەوت بەدەست دێن. بەڵام هەروەک لنین دەڵێت تەنها یاسا بەس نییە بۆ گەیشتن بە ئاماجەکانمان لە مەیدانی ژنان. لەم چوارچێوەیە دەست بۆ کاری هۆشیاری و ڕۆشەنگەری دەبەن، بۆ نمونە کار لەسەر هۆشیاری ژنانی کرێکار، ژنانی جوتیار لە لادێکان، بەبەردەوامی کۆبونەوەیان لەگەڵ ئەنجامدەدەن و هەوڵی ئەوەیان لەگەڵ دەدرێت کە فێری خویندەواری بن.

لینین بەردەوام لە وتارەکانی لە کۆبونەوەکاندا تەکیدی دەکردەوە کە زەرورە ژنان خۆیان بێنە مەیدان و خەبات بکەن بۆ مافەکانیان بۆئەوەی لە کۆتوبەندی کۆیلایەتی ڕزگاریان بێت، وە هەروەک باسمکرد بۆچونی ئەنگلس سەبارەت بە خێزانیان کردبوە بنەمای کارەکانیان و پیانوابوو کە دەبێت کاری ماڵ کۆمەڵایەتی بکرێتەوەو ژن بەرهەم هێنبێت و فۆرمی خێزان بەم شێوە تەقلیدیە نەمێنێتەوە، بۆ ئەمەش کەوتنە کردنەوەی دایەنگا، خواردنگاو جلشۆرگەی گشتی. ئەوان زەرورەتی بوونی ڕێکخراوی ژنانیان ڕەتدەکردەوە، پێیان وابو ژنان و پیاوانی کرێکار لەیەک جیادەکاتەوە، هەربۆیە لە ساڵی 1919 بڕیاردرا کە لە کۆمیتەی ناوەندی حیزبەوە بەشی ژینۆتێل بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی ژنان پیکبهێنن.

ژینۆتێل کاری زۆر گرنگی ئەنجامدەدا. بۆ نمونە، دەورەی تایبەتیان دەکردەوەو ژنانیان دەنارد بۆ شوێن و دامودەزگا گرنگەکان بۆ ئەوەی فێری بەڕێوەبردن و بەشداری لە بەڕێوەبردنی وڵات بکرێن. لە گرنگترین کارەکانیان، کارکردن لەسەر ژنان بوو لە ڕۆژهەڵاتی ڕوسیا کە ئاینیان ئیسلام بوو. لەوێ ژنان ڕوبەڕوی کوشتن، بەزۆر بەشودان لە تەمەنێکی زۆر منداڵی دەبونەوە.
لەڕێگای پرۆژەی ڕۆشەنگەری و کردنەوەی کافتریای تایبەت بە ژنان و حەمام و شوێنی تری گشتیەوە دەچونە ناو ژنان. ئەوان هەرگیز حیجابیان بە یاسا قەدەغە نەکرد، بەڵام بە یاسا پارێزگاریان لەو ژنانە دەکرد کە حیجابیان لادەبرد. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر کاری ژینۆدیل بگەرێوە بۆ نوسراوی شۆڕشی بەلشەفیکی و ڕزگاری ژن کە لینکەکەی لەخوارەوە دادەنێم.
لە ساڵی 1920 بە یاسا لەباربردن ئازاد کراو ئەمەش بەشێک لە کارو خەباتی ژینۆتەدیل بوو وە خەڵکیان لەمبارەوە هۆشیاردەکردەوە.

بەرنامەی ئابوری نوێ ( نیپ)

ڕوسیا بەدوای شۆڕش ڕوبەروی جەنگی ناوخۆ بۆوەو ئەمەش جارێکی تر خەڵکی توشی نەهامەتیکردەوەو جارێکی تر کارگەو کارخانەکان داخران، بێکاری باڵی بەسەر وڵاتدا کێشا، بەڵام ئەمجارەیان ژنان و منداڵان بەتایبەتی پارێزگاری کۆمەلایەتیان هەبوو لەلای دەسەڵاتەوە. ڕوسیا لە قەیرانێکی ئابوری گەورەدا بوو، لەهەمو لایەکەوە گەماڕۆدرابوو ئیزۆلە کرابۆوە. بەشێک لە ڕابەرانی شۆڕش ئومێدیان بەوە بەستبوو کە شۆڕش لە وڵاتانی تر ڕوبدات و فریایان بکەوێت بەتایبەتی ئەڵمانیا کە لەو سەردەمەدا وڵاتێکی پیشەسازی پێشکەوتوبوو، بنەمای ئەم بۆچونەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە تا سەرمایەداری گەشە نەکات و پێنەگات ناتواندرێت سۆسیالیزم پیادەبکرێت و ڕوسیای داڕوخاو بەوخێراییە نابێتە وڵاتێکی پیشەسازی و ئەڵمانیا پیشەسازیە، وە سۆسیالیزم دەبێت سەرتاسەری بێت و لەیەک وڵات ئیمکانی سەرکەوتنی نییە. لە ئەڵمانیاو چەند وڵاتیکی تریش هەوڵی شۆڕش درا بەڵام سەرکەوتو نەبوو.
بەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ناوخۆو پوچەڵکردنەوەی پلانەکانی دەوڵەتە دژە شۆڕشە ئیمپریالیەکان، وڵات بەتەوای داڕمابو وە نەهامەتیەکی زۆر ڕویتێکردبوو، بەڵشەفیکەکان بەڕابەرایەتی لنین ناچاربون بەرنامەی ئابوری نوێ دابنێنن بۆ سەرپێی خستنەوە ئابوری وڵات، ڕوبەڕوی سازش و پاشەکشە بوونەوە لەوانە بەرنامەی نیپ و سەرمایەداری دەوڵەتی.

لە کاتی نیپدا بەناوی کرێکاری ناکارامەوە ژنانێکی زۆر لەسەر کارەکانیان دەرکران. ئەمە لەکاتێکدا لە ساڵی 1918 لینین لە کۆنگرەی ژنانی کرێکار تەئکید لەوە دەکاتەوە کە ئەوان جیاوازی لەنێوان کرێکاری کارامە ونا کارامە ناهیڵن! زۆربەی خواردنگەو جلشۆرگە گشتیەکان دادەخرێن زۆر بەکەمی لە هەندێک کارگە دەمێنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا بەلشەفیکەکان تەئکید لەوە دەکەنەوە کە دەبێت کاری ناوماڵ کۆمەڵایەتی بکرێتەوەو مێشکی ژن لە چواردیواری ماڵ قەتیش نەمێنێت. واتا لەم پاشکەشانە ژنان پشکی شێریان بەرکەوت. بەڵام کاری ژینۆتێل بەردەوام بوو لە ڕاهێنانی ژنان لەسەر کارو بەکارامەکردنیان، وە هەروەها ڕەوانەکردنی ژنان بۆ ناوەندی بڕیار بۆئەوەی لە شوڕاکان خۆیان کاندید بکەن و بەشێک بن لە دامودەزگاکانی بەڕێوەبردنی ولات.

ئامانجەکانی شۆڕش و پاراستنی چوارچێوەی شۆڕش تا ساڵی 1924 بەردەوامدەبێت، لەمساڵەوە گفتوگۆو بەربەرەکانی توند لەنێو ڕابەری حیزبی کۆمۆنیست یان بەلشەفیکەکان ڕودەدات و دەرئەنجام بەرەی بەسنعەتیکردن و سەرمایەداری دەوڵەتی سەرکەوتودەبێت و شۆڕش فەلەج دەبێت، دواتر دێمە سەر هۆکارەکانی. لەم نێوەشدا کاری ژینۆتێل وەک ڕێکخراوێکی NGO بۆ بردنە پێشەوەی پلانی پێنج ساڵە بۆ بە پیشەسازیکردنی ڕوسیا دێتە بەرچاوو چیتر گوێ لە پێشنیارەکانی رابەرانی ژنان ناگیرێت.
ژینۆتێل لە ساڵی 1926 هەنگاوی بۆ نەهێشتنی لەشفرۆشی لە وڵات ناو چەند مەڵبەندێکی کردەوە بۆ چارەسەری ئەم ژنانەی کە بەهۆی ئەم کارەوە کێشەی تەندروستیان بۆ هاتبوە پێش، ژنان بە لێشاو ڕویان تێدەکرد، وە هەوڵی جدیان لەگەڵ دەدرا کە ببن بە بەرهەمهێنەرو کریکاری کارامەو بگەرێنەوە نێو کۆمەڵگە بە رێزو حورمەتەوە، زۆر کاری باشیان لەمبارەیەوە کرد.( سەیری شۆڕشی بەلشەفی و ڕزگاری ژنان بکە).
بەدوای ماوەیەک زۆر توند بە لەشفرۆشەکان بەرخورد کرا بەتایبەتی پیاوان، وە جارێکی تر هاوجنسگەرایی نایاسایی کرا. بەناوی ئەوەی کە لەسۆسیالیزم بەپیی تیئۆری مارکسیستی لەشفرۆشی نامێنێت و ئێمە گەیشتوینەتە سۆسیالیزم. وە لەچەند ڕاپۆرتێکدا ئیشارەت بەوەدرابوو کە لەشفرۆشی بەتەواوی بنەبڕکراوە کە ئەمە لەڕاستیدا هیچ بنەمایەکی نەبوو، هەرچەند لەشفرۆشی کەم ببوەوە بەڵام بنەبڕ نەکرابوو.

لەسەرەتای ساڵانی سیەکان جارێکی تر قەیرانێکی گەورە ڕو لەم وڵاتە دەکات و دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە چەندین ملێۆن گیان لەدەستبدەن. بەم هۆیەوە ڕژێمی ستالین لە یاسای لەباربردنی منداڵ پەشیمان دەبێتەوەو بەهەموو شێوەیەک منداڵ لەباربردن قەدەغە دەکات. وە جارێکی تر خێزان پیرۆز دەکاتەوەو وە ژنان دەکاتەوە کۆیلەی کاری ناوماڵ و خوێندنگای کچان جیادەکاتەوەو وانەی ماڵداری و خێزان بە خوێندنیان زیاد دەکات و پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاودەکاتەوە کە ژنان وەک کرێکار و دایکی کرێکار دەبێت رێزیان لێبگیریت. بەهانەی ستالین بۆ کارەکانی ئەوە دەبێت کە ئێمە پێویستمان بە خێزانی سۆسیالیستی هەیە وەک ئەوەی ئەنگلز دەڵێت و لەچەند شوێنێک بۆچونەکانی ئەنگلز بۆ بەرژەوەندی خۆی هەڵدەگێڕێتەوە. وە هەروەها لەوێ دەگەرێتەوە بۆ وتارێکی لینین کە لەسالی 1913 نوسرابوو بەناوی” چینی کرێکار و مالتوسیزمی نوێ” دەکاتە پاساوی کە لینین وەڵامی چەند بۆچونێکی مالتو دەداتەوە دەربارەی منداڵبون و زیادبونی ڕێژەی دانیشتوان.
ئەم پاشەکشانە بۆ؟

شۆڕشی ئۆکتۆبەر شۆرشێکی عەزیمی کرێکاری بوو، شۆڕشێک بوو کە لە دەرئەنجامی چەندین دەیەی کاری ڕێکخراوەیی و پێکهێنانی ناوەندی شوڕایی جۆراو جۆر بەدەستهات، بەڵام بەداخەوە شۆڕش لە نیوەی ڕێگا شکستی خواردو نەیتوانی ئامانجەکانی خۆی بهێنێتە دی. زۆر بیروبۆچونی جیاجیا هەن دەربارەی شکستی شۆڕش، من لەگەڵ ئەم بۆچونەم کە هۆکارەکەی بۆ بنەما چینایەتیەکان دەگەڕێنێتەوەو پییوایە لە ڕوسیا نەتواندرا ئابوری بۆ ئابوری سۆسیالیستی بگۆڕدرێت. خەباتی چینی کرێکارو بەدیهێنانی سۆسیالیزم واتا خەبات لەبەرامبەر ئابوری بۆرجوازی و گۆڕینی بە ئابوری سۆسیالیستی و ‌له‌ڕوانگه‌ی چینی کرێکار و مارکسیزمه‌وه‌، شۆڕشی سۆسیالیستی له‌ بنه‌ڕه‌تدا شۆڕشێکی ئابوورییه‌ و ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ ئه‌توانێت شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت، هەڵوەشانەوەی موڵکایەتی تایبەت و گۆڕانیەتی بە موڵکی گشتی. لە ڕوسیای شوڕاییدا، تا ساڵی 1924 تواندرابوو دەسکەوتو بنەماکانی شۆڕشی کرێکاری دەستی پیوەبگیرێت سەرباری تەحەدیاتێکی زۆرو ناچار بە پاشەکشەکردن و سازش و لەدەستدانی چەند دەسکەوتێک ،بنەما چینایەتیەکانی شۆڕش بەدوای گفتوگۆو کێشمەکێشێکی گەورەی دەرون حیزبی ڕودەدات لەنێوان ساڵانی 1924 بۆ 1926 سەبارەت بە شۆڕش لە وڵاتانی ترو بە پیشەسازیکردنی ڕوسیا بۆ بەدیهێنانی سۆسیالیزم لە یەک وڵات دەبێت و دەرئەنجام ئەم هێڵەی کە بەپیشەسازیکردنی ڕوسیاو هەڵوەشانەوەی موڵکداریەتی تایبەت و گۆڕینی بە مولکداریەتی دەوڵەتی کە ستالین نوێنەرایەتی دەکات سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و دەبێتە سەرەتایەکی مەترسیداری ئامانجی شۆڕشی کرێکاری لە ڕوسیا. هەر لە سەرەتای گفتوگۆکانەوە هەوڵدەدرێت ڕۆڵی شوڕاو ناوەندە کرێکاریەکان لاوزترو لاوازتر بکرێت و تا لە کۆتایی هەموو دەسەلات بۆ حیزب و لەناو حیزبیش بۆ ستالین دەبێت.

ئەو گفتوگۆیانە لەخۆوە نەهاتوەتە ئاراوە، بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەنتەرناسیۆنالی دووەم، بەدوای ئەوەی هەندیک لە سۆسیال دیموکراتەکان دەبنە دوو باڵ و هەندێکیان پییانوادەبێت کە سۆسیالیزم قۆناغ قۆناغ بەدەست دیت و دەبێت لایەنگری لیبڕاڵ و بۆرجوازیەکان بکەین بۆ بە پیشەسازیکردن وەک هەنگاوێک بۆ بەدیهێنانی سۆسیالیزم، باڵەکەی تر پیوادەبێت کە دەتواندرێت بۆنمونە لە وڵاتێکی نیمچە فیۆداڵی وەک ڕوسیا شۆڕشی کریکاری بەئەنجام بگات. دەرئەنجام سۆسیال دیموکراتەکان دەبنە دوو بەش و لەڕوسیا بە مەنشەفیەکان و بەڵشەفیەکان ناودەبردرێن. بەلشەفیەکان لەلایەن لینینەوە نوێنەرایەتی دەکرێن.
واتا ئەم بۆچونە لە ڕوسیا بنەمایەکی نزیکەی سێ دەیەی هەبووە تا کاتی شکستی شۆڕش. هەر ئەم بۆچونانەش رابەرانی کرێکاری و هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی و شوڕاکانی دابەشکردوە. لەسەرەتای شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 بەشێک لە بەلشەفیکەکان پییانوادەبێت کە پیویستە شۆڕش لە وڵاتانی تر ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی فریای ڕوسیا بکەون، بەتایبەتی ئەڵمانیا کە وڵاتێکی پیشەسازیە، کاتێک دونیا پلان دژی ڕوسیا دەگێرێت و دەبێتە هۆکاری جەنگی ناوخۆ، پێیانوایە ئەوان ناتوانن لەم بارودۆخە خراپە کە برسیەتی باڵی بەسەر وڵات داگرتوە بەم پەلە پەلییە ڕوسیا سەنعەتی بکەنەوە. ئەگەر بەوردی سەیربکەین دەبینین ئاراستەی ئەم باڵەی شۆڕشی ئەڵمانیای بە فریادرەس دەزانی لەگەڵ باڵی بەسنعەتکردنی ڕوسیا هەمان پڕەنسیبە، بۆ هاتنەدی سۆسیالیزم پیویستمان بە پیشەسازیکردن هەیە. هەروەک لەسەرەوە ئیشارەتم پێدا کاتێک شۆڕش بەتەواوی شکست دەخوات لە سالی 1926 ەوە پلانی پێنج ساڵە دادەندرێت بۆ زیاتر بە پیشەسازیکردنی ڕوسیا، سەرمایە لەلایەن دەوڵەتەوە مانۆپۆل دەکرێت و ڕۆڵی شوڕاو سەندیکا کرێکاریەکان لاواز دەکرێت و هەموو دەسەڵات لەجیاتی خەڵک و شوڕاکان بۆ حیزب دەگەڕێندرێتەوە بە ڕابەری ستالین. لەوکاتەدا هەروەک چۆن لەگەڵ شکستی کۆمۆنەی پاریس هەموو کۆمۆنارەکان قەتل و عامدەکرێن هەمان شت لە ڕوسیا ڕودەدات و بۆ قەتل و عامکردنی شۆڕشگێڕان و ئەوکەسانەی کە پێ لەسەر بەئامانج گەیاندنی شۆڕش دادەگرن، بەڵام ئەوەیان بەشێوەیەکی شێنەیی ڕودەدات و پرۆسەیەکی چەند ساڵە دەخایەنێت.

من لێرەدا نامەوێت بە وردی باسی هۆکاری ناکامیەکان شۆڕشی ئۆکتۆبر بکەم*، بەڵام جەخت لەوەدەکەمەوە کەئەوەی پاشەکشەی بە دەسکەوتەکانی ژنان کرد شکستی خۆدی شۆڕشەکە بوو، ئەگەر شۆڕش بە ئامانجی خۆی بگەیشتبایەو ئابوری بگۆڕیبا بۆ ئابوری سۆسیالیستی (کۆمەڵایەتی) زۆر بەئاسانی هەموو کێشە کۆمەڵایەتی و دیموکراتیەکان چارەسەر دەبوون. بە واتایەکی تر لە ڕوسیای شوڕاییدا ئابوری سەرمایەداری بەڕێوە دەچوو، بەڵام سەرمایەداری تایبەت نەبوو بەڵکو سەرمایەداری دەوڵەتی بوو، واتا چەوسانەوەی ئینسان لەلایەن ئینسان کۆتایی پینەهات و ئینسان کۆیلەی کاری کرێ بوو بۆ دەوڵەت. لەم نێوەشدا جارێکی تر ژنان کرانەوە وەسیلەیەک بەناوی کرێکاری ناکارامەو هەرگیز نەیانتوانی کرێی یەکسان وەربگرن. کۆمەڵگەی سۆسیالیستی بەدی نەهات بۆ جارێکی تر ژنان ناچارکرانەوە بە کاری ناوماڵ و مندالبونی زۆر.

سەد ساڵ بەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەردا

شۆڕشی عەزیمی ئۆکتۆبەر توانی زۆر دەسکەوت بۆ کۆمەلگە بەدەستبهێنێت و کاریگەری خۆی لەسەر جیهان دابنێت. ئەگەر بەکورتی باسێک لەو دەسکەوتانە بکەین بەگشتی هەڵوەشاندنەوەی موڵکایەتی تایبەت و دابەشکردنی زەوی بەسەر جوتیاران، دان نان بە مافی چارەنوسی گەلان و وەستانەوە بەرامبەر ئیمپریالیزم، بەرەنگاربونەوەی ڕەگەزپەرستی و قەدەغەکردنی هەر جیاکاریەکی ڕەگەزی و ئیتنیکی، بۆنمونە ئەوکاتە سیمیەکان (یەهودیەکان لەژیر فشاری زۆردابون و تەنها بە کارتی تایبەت دەیانتوانی لە مۆسکۆو پترۆگراد بژیەن) شۆڕش ئەمەی هەڵوەشاندەوەو بوون بە هاوڵاتی یەکسان، دان نان بە هەموو مافە سەرەتاییەکانی ئینسان، گرنگترینیشیان هەڵوەشانەوەی یاسای بەتاوان ناسینی هاوجنسگەرا بوو، مافی یەکسانکردنی ژن و پیاو بە یاسا و هەموارکردنی بواری یەکسان لە خوێندن و کارکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، هەوڵدان بۆ بە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کاری ناومال و کردنەوەی دایانگاو، خانەی بەساڵاچوان و چێشتخانەو جلشۆری گشتی، بەخۆڕاییکردنی خوێندن و پیدانی مافی خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموان. شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەگشتی بۆ یەکەم جار کۆمەڵگەی بەرپرسکرد بەرامبەر بەتاک، جێگای باوڕ نەبوو بۆ هیچ کەسێک بەر لە شۆڕش کە کۆمەڵگە بەرپرسبیت بەرامبەر بە خویندن، وە ئەگەر سەیرێکی جیهان بکەین بەتایبەتی وڵاتانی پیشکەوتو وە ئەم وڵاتانەی کە ڕیفاهیاتی کۆمەڵایەتی تێیدا هەیە، دەبینین کە جێگا پەنجەی شۆرشی ئۆکتۆبەری پیوەدیارە، لە مافەکانی ژنان و منداڵان، هەقی ڕێکخراوبون و کۆمەڵێک دەسکەوتی چینی کرێکار……تاد. وە ئەوەشمان بیرنەچێت کە شۆڕشی ئۆکتۆبەر بۆ یەکەمجار لە یاسایەکدا حوکمی ئیعدامی هەڵوەشاندەوە بەڵام جێبەجێنەکراو دواتر لیی پەشیمان بونەوە.

ئەزمونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە کردەوە سەلماندی بەدیهێنانی یەکسانی و مافە ڕەواکانی ژنان تەنها خەون و خەیاڵ نیە و بەڵکو ئیمکانی هەیە، گرنگ ئەوەیە چۆن هەنگاوی بۆ هەڵگیری. بەدرێژایی مێژو پێشڕەویەکانی بزوتنەوەی ژنان پەیوەست بووە بە ئاستی هۆشیاری و چۆنیەتی خەباتی بزوتنەوەی کرێکاریەوە، هەرکاتێک ئەم بزوتنەوەیە بەهێز بوبێت ژنان توانیویانە مافی زیاتر بەدەست بهێنن.

تا ئێستاش لە هیچ ولاتێکی جیهان ژنان بە تەواوی لەگەڵ پیاوان یەکسان نین. تا ئێستاش کرێی یەکسان بۆ کاری هاوکێش وەرناگرن.
سەد ساڵ پیش ئێستا کاری ناوماڵ کاری ژنان بوو، لینین لە چەند وتاردا ئیشارەتی بەوەداوە کە ڕاستە ڕێژەیەکی بەرچاوی ژنان لە بازاری کارن و بەرهەم دەهێنن بەڵام ئەمە ئەرکی سەرشانیانی قورستر کردوەو ناچارن دوو بەرامبەر کاربکەن، هەم لە دەرەوە و هەم لە ماڵەوە، بەڵام لە جیهانی ئەمڕۆماندا دنیای تەکنۆلۆجیا وەک جل شۆڕ، قاپشۆر، گسکی ڕوبۆرت، بە پیشەسازی کردن خواردن و پێداویستیەکانی تر، داینگەو شوێنی پەروەردەکردنی مۆدێرن هەیە. بەڵام ئەم ڕەفاهیات و خزمەتگوزاریانە لە بەردەست کۆمەڵگە نیە و سوسیالیسیە نەبونەتەوە وهەمومان لێی بەهرەمەند نین.


سەد ساڵ بەدوای شۆڕسی ئۆکتۆبەر

دۆخی ژنان لە جیهاند لەوپەڕی خراپیدایە، بەپیی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان زیاتر لە 30 ملیۆن کۆیلەی رەسمی لە جیهان هەیە و لە سەدا 80 ی ئەمانە لەژێر تەمەنی یاسایین و زۆربەیان لە ڕەگەزی مێن و لە بازاڕێکی گەورە بە پانتایی جیهان بازرگانی سێکسیان پیدەکرێت.
لەباربردنی منداڵ، تا ئیستاش تەنانەت لە هەندێک ولاتە پیشکەوتوەکان لەناویاندا هەندێک لەهەرێمەکانی ئەمریکا نایاساییە، لە زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین حوکمی قورسی چەند ساڵ زیندانی هەیە بۆ ئەوکەسانەی کە منداڵ لەباردەبەن وە هەروەها لەم وڵاتانەی کە یاسای ئیسلامی بەسەریدا زاڵە هەر بەهەمان شێوەیە، ئەمەش بۆوتە هۆکاری ئەوەی کە ژنان لە کلینیکی نایاسایی ئەم کارە ئەنجامبدەن و ژیانیان بکەوێتە مەترسیەوە.
لە وڵاتانی ئیسلام زەدە بە ملیۆنها کچ و ژن لەژیر هەمان یاساو ڕێسا دەناڵێنن و هەمان دەردیان هەیەو بەهۆی کۆچ و نائارامی ئەم دیاریدەیە وڵاتانی ئەوروپاشی گرتۆتەوە.
نەبونی ئەمنیەتی کارو تەحەروشو ئازاردانی سێکسی بۆ سەر ژنانی کرێکار دیاریدەیەکی تری جیهانیە.

هەمان ئەم کێشانەی کە بەلشەفیکەکان کاریان لەسەر کردوەو بەرەنگاری بونەتەوە لە سەد ساڵ پیش ئیستا هێشتا هەر بەردەوامەو بەشێوەی تر. ئەمڕۆ بازاری کارو سەرمایە جیهانی بۆتەوەو سنور بۆ سەرمایەداران نەماوە.
تەنانەت لە ڕۆژئاوای دیموکراسیش چینی کرێکار لە هەموو کاتێک زیاتر کەوتوەتە ژێر فشارەوە، لە لایەکەوە مەترسی بێکاری و لە لایەکی ترەوە لەدەستدانی ئەو ڕەفاهیات و خزمەتگوزاریانەی کە بەرهەمی خەباتی چەند دەیەی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کۆمەڵگەیە، بەدوای ڕوخانی جەمسەری سەرمایەداری دەڵەتی سۆفیەت وەک تاکە ڕکابەری بازاڕی ئازادی ڕۆژئاوا و ڕەوانەوەی خەتەری فکرەی سۆفیەتی، دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا خەیاڵیان ئاسودەتر و دەستیان کراوەترە لە لێسەندنەوەی ڕەفاهیات و هێرش کردنە سەر مافەکانی کرێکاران و سەرجەم خزمەتگوزاریەکان.
دڵە ڕاوکێ و ترس و دڵنیا نەبوون لە داهاتوو، زۆربەی خەڵکی ڕۆژاوای توشی سترێس و نا ئەمنی کردووە، بەتایبەتی ژنان، چونکە ئەوە هێشتا ژنانن بە زۆری ئەرک و بەرپرسیاریەتی ماڵ و منداڵیان لەسەرە، ئەگەر دۆخی خەستەخانە، خوێندنگە و باخچەی ساوایان خراپ بێت، پێش هەموو کەسێک ئەوە ژنانن زەختیان دەکەوێتە سەر و وەک کاراکتەرێکی بازاڕی کار لە چۆنیەتی و چەندایەتی توانایی ئامادە بە پیشەیان دادەبەزێت و لە ئیش دەردەکرێن. و تەنانەت ئەو شوێنە خزمەتگوزاریانەی کە توشی تەقەشوف دەبنەوە و کارمەندەکانیان بێکار دەکرێن بە زۆری ئەم بوارانەن کە وەکو ئیشی ژنان ناسراون و لەوێش زۆربەی ژنانن دەکەونە ژێر زەختی زیاترە وە یان شەپۆلی بێکاریەوە.

لەیادی سەد ساڵەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، جیهان لە هەموو کات زیاتر پیویستی بە شۆڕشێکی تر هەیە، شۆڕشێک کە بتوانێت ئەم نیزامە هەڵگێڕێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستمان بە خەباتی سەراسەری چینی کرێکار هەیە، پێویستمان بە ستراتیجیەتی نوێ و سەراسەری بە پانتایی ئاڵوگۆڕو دۆخە جیهانیەکەی ئەمڕۆمان هەیە. ئەمەش بە دەست لە ناودەستی ژنان و پیاوان و خۆڕێکخراوکردنمان لە دەوری ئاسۆی سۆسیالیستی دێتە دی.

تێبینی: من نەمویستیە وردەکاریەکانی کاری بەلشەفیکەکان و ژنۆتێدل دوبارەبکەمەوە بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن شۆڕشی بەلشەفیکی و ڕزگاری ژنان بخوێنەوە. http://media4.hkkurdistan.org/2015/03/shorsiBlashfiWjnan.pdf
*هێڵه ‌سه‌ره‌کییه‌کا‌نی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی له‌ ئه‌زموونی شۆڕشی کرێکاری له‌ سۆڤێت/ مەنسور حیکمەت http://www.hawpshti.com/ku/?p=13644

——————————-
سەرچاوەکان

ئەو دە ڕۆژەی دنیای هەژاند/ جۆن ڕید /John Reed
مێژوی شۆڕسی ڕوسیا لە 1917 بۆ 1928/ بە زمانی دانیمارکی
E. H. Carr
https://www.autonominfoservice.net/2009/10/25/oktober-revolutionen-
1917-en-venstreradikal-analyse/
http://www.marxisme.dk/arkiv/lenin/1921/03/08-kvindedag.htm
https://www.marxists.org/farsi/archive/lenin/works/1921/chaharomin-salgasht.htm
https://marxist.dk/artikler/teori/5712-kvinderne-og-den-russiske-revolution.html

هەڵسەنگاندنی ئەزمونی سۆڤیەت لە میزگردێکدا، لەگەڵ ئازاد ئارمان و شەماڵ عەلی

ئەم بابەتە بە دوو بەش لە ژمارە 14 و 15ی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە بڵاوبۆتەوە.

Previous
Next

Leave a Reply