Skip to Content

مارتین لۆتەر : شۆڕشگێڕێک له‌ به‌رگی ریفۆرمخوازێکدا  … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

مارتین لۆتەر : شۆڕشگێڕێک له‌ به‌رگی ریفۆرمخوازێکدا … ئەردەڵان عەبدوڵڵا

Closed
by تشرینی دووه‌م 12, 2017 General, Opinion, Slider


جیهان یادی 500 ساڵ بەسەر ریفۆرمەکانی مارتین لۆتەر دەکاتەوە

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا چەند کەسێک هەبوون، کەتوانیویانە لەرێگەی پڕەنسیب و بۆچوونەکانیانەوە، تەواوی مێژووی مرۆڤایەتی لە قۆناغێکەوە بگوازنەوە بۆ قۆناغێکی تر، یەکێک لەو کەسایەتییانەش، زانای ئایینی و بیرمەندی گەورەی ئەڵمانی ، مارتین لۆتەر کینگە.
هەفتەی پێشوو لەتەواوی جیهاندا یادی 500 ساڵەی یادی بڵاوبونەوەی کتێبە بەناوبانگەکەی مارتین لۆتەر کەبە پڕەنسیبە 95 بەندەکە ناسراوە، لەئەڵمانیا و جیهان کرایەوە. ئیتر لێرەوە و لەرێگەی تێزەکانی مارتین لۆتەرەوە، کڵێسای مەسیحی جیهان درزی تێکەوت و دواتریش پاش سەد ساڵ، جەنگ لەنێوان برا مەسیحییەکان لەسەر مەزهەبی کاتۆلیکی و پرۆتستانتی دروستبوو، کەبە جەنگی سی ساڵە دەناسرێت. بەڵام بەکۆتایی هاتنی ئەو جەنگە، قۆناغێکی نوێ لە پێکەوە ژیانی ئایینەکان سەریهەڵداو تێزی لێبووردەییش ، بەناو ئەوروپادا بڵاوبوویەوە.

لەتەواوی جیهاندا یادی تێزەکانی مارتین لۆتەر کرایەو، بەڵام لەئەڵمانیادا یادەکە لەچاو وڵاتانی تری جیهان بەهێزتربوو، چونکە مارتین لۆتەر کوڕی ئەم وڵاتەیە. هەربۆیە بەچەندین شێوە ئەم یادە کرایەوە. ئەنجیلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیا لەیادەکە جگە لەوەی ستایشی رۆڵی مارتین لۆتەری کرد لە بڵاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئایینەکان، لەهەمانکاتیشدا رایگەیاند: لێبوردەیی رۆحی ئەوروپایە.
لێ پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئاخۆ ئەم هەموو گرنگییە چییە کەبەم پیاوە درا؟ مارتین لۆتەر چیکردووە تاوەکو تەواوی جیهان بەمێشوەیە رێز لە تێزو بۆچوونەکانی بگرن؟ وە ئەو بۆچوونانە کامانەن، کەوایکردووە ئەم هەموو رێزە بەم پیاوە ببەخشرێت؟ لێرەدا هەوڵ دەدەین بەکورتی و پوختی وەڵامێکی دروستی ئەم پرسیارانە و کۆمەڵێک پرسیاری تریش بددەینەوە

مارتین لۆتەر کێیە؟

مارتین لۆتەر لە ساڵی 1483 لە شارۆچکەی ئایسلیبین لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا لەدایک بووە. لەساڵی 1505 چۆتە قووتابخانەی کڵێسای ئۆگوستینی لە شاری ئیرفۆرت. هەر لەمنداڵییەوە مارتین لۆتەر، باوەڕێکی تەواوی بە خودا و مەسیحییەت هەبووە، لەهەمانکاتیشدا خاوەن شارەزاییی و زانیاری زۆری لەبارەی ئایین و لاهوت و زانستەکانی ترەوە هەبووە.

سەرەتای گومانەکانی

بەڵام لەگەڵ کامڵبوون و خوێندنەوەی زیاتر، لای ئەم گەنجە مەسیحییە کێشەیەک دروست دەبێت، ئەویش گوومانکردن لەبارەی ئەوەی، ئایا چۆن دەکرێت خودا لەرێگەی چەکی غوفرانەوە لە کەسێک خۆشبێت؟! کەلەوکاتەدا تەواوی پیاوە ئایینەکانی ئەوروپا، ئە‌م چەکی غوفرانانەیان بەخەڵکی ئاساییان دەفرۆشتەوە. هەروەها چۆن دەبێت قسەو ووتەکانی پاپای فاتیکان لەسەر هەموو شتێکەوە بێت و تەنانەت لە ئینجیلیش گەورەتر بێت؟ هەمووئەمانە بوونە سەرەتای گوومانی لۆتەر لەسەر کڵێسای کلاسیکی مەسیحی و دەسەڵاتی پاپای فاتیکان.
پیاوێکی ئەکادیمی پلە بەرز
لەساڵی 1512 لە زانکۆی فێتینبێرگ ، شەهادەی دکتۆرا لەبارەی ئوسوڵی ئاینەوە دەهێنێت، دواتریش لەساڵی 1517 نازناوی پرۆفیسۆر دەهێنێت و لەهەمان زانکۆدا دەبێتە مامۆستا لاهوت و زانستە ئاینییەکان.

رووبەروبونەوە لەگەڵ پاپای فاتیکان

لەکۆتایی ساڵی 1516 دا، پاپای فاتیکان قەشە دۆمینیکان وەکو نوێنەری خۆی بۆ ئەڵمانیا دەنێرێت، تاوەکو کۆمەڵێک چەکی غوفران بفرۆشێت، بەو ئامانجەی کە پارەیەکی باش کۆبکاتەوە، تاوەکو دواتر بتوانن کڵێسای کاتیدرائی قەدیس بوترس لە رۆما نۆژەن بکەنەوە. جێگەی ئاماژەیە لەوکاتەدا کڵیسای پاپایی فاتیکان، باوەڕی تەواوی بە فرۆشتنی ئەم چەکی غوفرانە هەبوو، هەروەها پێیان وابوو، ئەوە واجبی ئیماندارانە، کە کڵێسا دروستبکەن و یان کار لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی بێ بەرامبەر بکەن ، ئەم کارەشیان، بەکارێکی پیرۆزیان دادەنا .
دیارە پێشتر لۆتەر لەناخی خۆیدا گوومانی لەبارەی فرۆشطنی چەکی غوفران پەیداکردبوو، ئەو لەوباوەڕەدابوو، کەتەنها خودای مەزن دەسەڵاتی لێخۆشبوون و بەخشندەیی هەیە و هیچ کەسێکی تر مافی ئەوەی نییە بەناوی خوداوە ئەم کارە بکات. ئەوەبوو لە 31 ئۆکتۆبەر 1517 نامەیەکی بۆ قەشە ئەلبێرت ماینزی کە قەشەی باڵای شاربوو نارد، لەو نامەیەدا ناڕەزایی خۆی دەربری بەوەی کە قەشە ئەلبێرت چەکی غوفرانی پاپاویی فرۆشتووە. لە نامەکەیدا مارتین لۆتەر ناڕەزایی لەم کارە دەربڕیی و جگەلەوەش ، نوسخەیەکی لە کتێبە بەناوبانگەکەی کەبە ” پرەنسیبە 95 بەندەکە” ناسراوە بۆنارد.

لەنامەکەیدا لۆتەر لە قەشە ئەلبێرت دەپرسێت: بۆچی پاپای فاتیکان دەیەوێت لەرێگەی پارەی خەڵکی هەژارو دەستکورتەوە کڵێسای قەدیس بوترس نۆژەنبکاتەوە؟!، ئەی باشە بۆچی ناچێت لەپارەی خۆی یان پارەی فاتیکان ئەو کارە بکات؟!
دیارە خۆی لەخۆیدا ئەم پرسیارە کوفرێکی گەورەبووە لەوکاتەدا، هەربۆیە تەواوی پیاوانی ئایینی لەم کارەو لەم پرسیارەی لۆتەر تووڕە دەبن. ئیتر لێرەوە سەرەتای راپەڕینی لۆتەر دەستپێدەکات و لەهەمانکاتیشدا غەزەبی پاپا و پیاوانی ئایینی لەناو ئەڵمانیاو دواتریش ئەوروپا، سەرهەڵدەدا و رووبەروی کێشەی گەورە دەبێتەوە.

کتێبی 95 بەندەکە

لۆتەر لەساڵی 1517 دا لەهەموو روویەکەوە تەواو کامڵ بوو بو، لێرەشەوە هەوڵیدا بۆچوون و گوومانەکانی هەمووی کۆبکاتەوە لەکتێبە بەناوبانگەکەی دا کەلە 95 بەند پێکدێت و باس لە ئایینی مەسیحیی و زانستی لاهوت دەکات ،هەروەها رەخنە توندەکانی خۆی ئاڕاستەی دەسەڵاتیی پاپایی و کڵێسای ئەوکاتە بکات. ئەمە یەکەم هەنگاوی لۆتەر بوو بۆ دەرچوونی لە قۆناغێکی پڕ لە گوومان و دوودڵی، بۆ قۆناغێکی تر کە ژیانی بەرەو ئاڵۆزیی و نارەحەتی دژاوریی برد.
دەرکردن و راونانی لە کڵێسا
دیارە رەخنەگرتن لە کڵێسا و پاپا و پیاوانی ئایینی لەسەدەکانی ناڤیندا، یەکێک بووە لە کوفرە هەر گەورەکان و زۆرجاریش مرۆڤەکانیان لەسەر سووتاندووە، لێ مارتین لۆتەر بەحوکمی ئەوەی زانایەکی گەورەی بووە، هێندە سزای توندیان نەداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رووبەروی ئاڵۆزکاری گەورە دەبێتەوە.

لەسەر داوای خۆی ، لەساڵی 1521 دا لە شاری فۆرمز، داوای بەستنی ئەنجومەنێکی دەکات کەتێیدا کۆمەڵێک پیاوی ئایینی لەشاری فۆرمز و دەوروپشتی ئاامدە دەبن، هەروەها قەیسەر کارلی پێنچەمی ئیمپراتۆری رۆمانی پیرۆزیش ئاامدەی کۆبوونەوەکە دەبێت، تاوەکو تێزو بۆچوونەکانی خۆی بۆیان بەیان بکات، ئەم کۆبوونەوەیە لە دادگاییکردن نزیک بوو.، تاوەکو کۆبوونەوەی پیاوانی ئایینی.
تەواوی پیاوانی ئایینی لەو مەجلیسەدا دژی لۆتەر دەوەستنەوەو دواتر وەکو کەسێکی مورتەد دادەنرێت و لەکڵێسا دەریدەکەن، هەربەمەش وازی لێناهێنن و دواتریش شاربەدەری دەکەن، دواتر قەیسەر بڕیار دەدات کە مارتین لۆتەر لە قەڵای فۆرتینبێرگ دەستبەسەر بکات.
لێ ئەم زیندان و دەستبەسەرکردنە بەخێر بۆخۆیی و مێژووی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە، چونکە لێرەوە هێندەی تر کاتی زیاتری دەستدەکەوێت، تاوەکو هەنگاوی گەورەتر بنێت.
یەکەمین ئینجیل بەزمانی ئەڵمانی
لەساڵی 1521 کاتێک لە قەڵای فۆرتینبێرگ دەستبەسەر دەکرێت، لەم قەڵایەدا داهێنانێکی ئێجگار گەورە دەکات، ئەوەش وەرگێرانی کتێبی پیرۆزی ئینجیل لەزمانی لاتینییەوە بۆ زمانی ئەڵمانی، ئەمەش یەکەمجارە کارێکی لەوجۆرە بکرێت.
جێگەی ئاماژەیە پێشتر لەتەواوی جیهاندا، ئینجیل تەنها بەزمانی لاتینی بڵاودەکرایەوە، زمانی لاتینیش، زمانی نووسین و نوخبەی رۆشنفکری ئەوروپا بوو. هەروەها وەرگێڕانی کتێبی ئینجیلی پیرۆزیش، بەکارێکی کوفر دادەنرا، پێشتر لەسەدەی 13 دا لەئینگلتەرا هەوڵێکی لەمجۆرە درا، بەڵام هەر زوو شکستی هێنا.

داهێنانی ئامێری چاپ

زۆرکەس لە مێژوونوسانی جیهان، هۆکاری سەرکەوتنی پەیامەکەی مارتین لۆتەر دەگەڕێننەوە بۆ داهێنانی ئامێری چاپ لەلایەن زانای ناسراویی ئەڵمانی گوتینبێرگ، چونکە لەڕێگەی ئەم ئامێرەوە ئیتر توانرا کتێب نووسخەی زیاتری لێ چاپ بکرێت.
لەوکاتەدا کتێبەکەی مارتین لۆتەر لە ئەڵمانیادا، زیاتر لە 60 هەزار دانەی لێفرۆشرا، هەروەها کتێبەکانی تریشی، لەرێگەی ئامێری چاپەوە، زیاتر بڵاوکرایەوەو بووە هۆی ئەوەی کە پەیامەکەی باشتر بەناو ئەڵمانیاو ئەوروپادا بڵاوبێتەوە. ئەمەش یەکەمجارە کە داهێنانی تەکنیکی خزمەتی داهێنانی رۆحیی و فکری بکات.

بزووتنەوەی ریفرۆمی ئایینی

بزووتنەوەی ریفۆرمی ئایینی لسەدەکانی ناڤینەوە لەناو کڵێساکانی ئەوروپدا پەیدابوو، سەرەتای ئەم بزووتنەوانەش بە گوومان و پرسیارکردن بوو لەبارەی دەسەڵاتی پاپا و دەسەڵاتی خودا دەستیپێکرد، دواتریش دروستبوونی چەکی غوفران ئەم پرسیارو گوومانانەی زیاتر کرد. لەئەوروپادا تێزەکانی لۆتەر بەسەر وڵاتانی : ئەڵمانیا و ئەسکەندەنڤیا و دەوڵەتانی بەلتیق و هۆڵەندا” زاڵبوو. ” لە سویسرا و فەرەنساو تارادەیەکیش بەریتانیا ، تێزەکانی قەشەی ریفۆرمخوازی فەرەنسی یوهانس کاڵفین زاڵبوو، کەدواتریش تەوژمی ئەم بزووتنەوەیەوە گەیشتە باکوری ئەمریکا.
ئەم بزووتنەوە ئایینیە ریفۆرمخوازانە هەموویان دژی دەسەڵاتی پاپا و چەکی غوفران وەستانەوە، لەهەمانکاتیشدا پێیان وابوو، کەلەنێوان عەبد و خودادا هیچ کەسێکی تر نییەو مرۆڤ دەتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ خودای خۆی بدوێت و هەر خوداش لەکارو چالاکییەکانی مرۆڤ بەرپرسە. هەروەها پێیان وابوو، مرۆڤ لەرێگەی کاری چاکەوە،دەتوانێت بەخشندەیی خودا دەستبکەوێت، نەک لەرێگەی چەکی غوفران و پیاوە ئایینیەکانەوە. جگە لە وەستانەوە بەرامبەر هەندێک طقوساتی ئەو سەردەمە کەبریتیی بوو لە زیارەتکردنی قەبری پیاوە ئاینییەکان. هەروەها پرۆتستانتەکان تەنها ئینجیلیان بە مەرجەعی ئایینی مەسیحی دادەنا و دژی دەسەڵاتی پاپا و فاتیکان وەستانەوە.

هەموو ئەمانەش ئاگرێکی گەورەی لەناو کۆمەڵی ئەوروپیدا دروستکرد. ئەم بیروبۆچوونانە بەتایبەتی کتێبەکانی لۆتەر لەسەرووهەموشیەوە، 95 تێزەکەی، لەماوەیەکی ئێجگار کورتدا بەناوتەواوی ئەورپادا بڵاوبوویەوە، هەرئەمەش وایکرد لە پاش سەد سال لە بڵاوبونەوەی تێزەکانی لۆتر، لەساڵی 1618 تاوەکو 1648، جەنگێکی خوێناوی سی ساڵە لەتەواوی ئەوروپادا لەنێوان پرۆتستانت و کاتۆلیکەکان سەرهەڵبدات و ئەم جەنگەش بووە هۆی کوژرانی ملیۆنان کەس و وێران بوون و سوتاندنی سەدان شارو گوند. لێ دواتر لەساڵی 1648 جەنگەکە کۆتایی پێهات و لێرەشەوە لێبوردەیی ئایینی لە ئەوروپادا سەریهەڵدا.

بۆچوونەکانی مارتین لۆتەر

ئەوەی وایکردووە کە مارتین لۆتەر کینگ بەمەزنی بمێنێتەوە، بۆچوونە فکریی وئایینی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانیەتی، کە توانی گەورەترین شٶرشی فکریی و ئایینی لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا بکات، کەدواتر کاریگەری گەورەی بەسەر تەواوی جیهانەوە هەبووە.
گەورەترین شۆرشی فکری ئایینی کە مارتین لۆتەر کردی، بریتییە لە وەستانەوەو دژایەتیکردنی فرۆشتنی چەکی غوفران لەلایەن کڵێساوە، ئەمە خۆی لەخۆیدا لەو سەردەمەدا وەکو کوفرێکی گەورە سەیر دەکرا، چونکە هەر دژایەتیکردن یان رەتکردنەوەی شتێکی لەو جۆرە لەلایەن خەڵکی، مایەی قبووڵکردن نەبوو، بگرە تەواوی خەڵکی لەرێگەی ئەو چەکانەوە، دڵیان بەوەخۆشبوو کەئەوان دەچنە بەهەشتەوە.
خاڵیکی گرنگی تر وەستانەوەو داژیەتیکردنی دەسەڵاتی رەهای پاپای فاتیکان و قەشەکانی بوو. لە پاش بڵاوبونەوەی مەسیحییەت لەئەوروپادا و دروستبوونی دەسەڵاتی پاپای لە رۆما، تەواوی کۆمەڵگەی ئەوروپی بە مەلیک و ئیمپراتۆر تاوەکو خەڵكی جووتیارو کۆیلەکان، هەرهەمویان لەژێر فەرمانی پاپای رۆمادا بوون. هیچ کەسێک نەیدەتوانی دژی فەرمانەکانی بوەستێتەوە. لێ کاتێک مارتین لۆتەر هات، تەواوی ئەو دەسەڵاتەی رەتکردەوەو رایگەیاند: لەنێوان مرۆڤ و خودادا، هیچ لایەنێکی سێهەم نییەو مرۆڤی مەسیحی دەتوانێت لەرێگەی خودا پەرستییەوە بە ئامانجی خۆی بگات و چارەنوسی خۆی دیاریبکات. ئەمەش چ لەرووی ئایینی و چ لەرووی فکریی و عەقڵییەوە، لەو سەردەمەدا گەورەترین شۆرش بووە.
بیرمەندی ناسراوی عەرەبی هاشم صالح لەبارەی لۆتەرەوە دەڵێت: مارتین لۆتەر دژی دەسەڵاتی ڕەهاو پیرۆزی پاپا و کڵێسا و پیاوانی ئاینی وەستایەوە، تەنها دانی بە دەسەڵاتی ڕەها وپیرۆزی خودا دانا و ئەوانی تری ڕەتکردەوە.
لۆتەر گووتی: دەستبکەن بە پشکنین و لێکۆڵینەوە لەسەر هەموو توراسێکی کڵێسایی، تەنها توراسە چاکەکان قبووڵ بکەن ، واتە : ئەوانەی کە لەگەڵ ووتە و فەرمایشتەکانی خودا یەکدەگرنەوە.
بە واتایەکی تر هیچ یاساییەکی ئایینی نامانبەستێتەوە بە فەرمان و فەرمایشتەکانی پاپا وە، واتە مەسیحیەکان مافی ئەوەیان هەیە کە هەموو فەتوایەکی کڵێسایی پاپاوی ڕەتبکەنەوە، گەر بزانن ئەو فەتوایە هیچ پەیوەندی بە ڕۆحی ئینجیلەوە نییە. ( لێرەدا مەبەستی ئەو فەتوایە یە ، کە لە ناو دەقی ئینجیلدا نەبێت،،،، و. ک.)

هەرلەبەرئەوە لۆتەر هەموو نوێنەرایەتیکردنی پیاوانی ئایینی بەسەر خەڵکەوە ڕەتکردەوە یان بە شێوەیەکی تر ، هەموو شێوە واسیتەکردنی نێوان مرۆڤی مەسیحی و خودا ڕەتکردەوە ، کە زیاتر پیاوانی ئایینی دەیانوسیت خۆیان وەکو پردی پەیوەندی نێوان مرۆڤی مەسیحی و خودا دابنێن ، بەڵام لۆتەر دژی ئەمە وەستایەوە. بگرە لۆتەر پێی وابوو ، کە هەموو مەسیحییەک بۆ خۆی ” پیاوێکی ئایینیە” ، وە ئەو کەسە دەتوانێت ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خودای پەروەردگارەوە بکات ، بە بێ ئەوەی پێویستی بە واسیتەکردن و پردی پەیوەندی هەبێت.
هەروەها کەسێکی مەسیحی بۆ خۆی دەتوانێت ، بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ کتێبی ئینجیلی پیرۆز بخوێنێتەوە ، وە هیچ مەرجیش نییە کە دەبێت سەردانی پیاوێکی ئایینی بکات ، هەتاوەکو فێری بکات و شرۆڤەی ئایەتەکانی بۆ بکات ، یان پرس بە پیاوانی ئایینی بکات ، ئینجا کتێبی ئینجیل بخوێنێتەوە. ئەو ” واتە مرۆڤ” وەکو ئەوان ” پیاوانی ئایینی ” مەسیحییە و هەمان پلەو پایەشی لای خودا هەیە ، بگرە لەوانەبێت لەوانیش باشتر و شەریفتریش بێت .
بەمشێوەیە لۆتەر هەموو پلە هەرەمییەکانی ناو کڵێسای کاتۆلیکی لە پاپا سەندەوە و پاشانیش هێنایە خوارەوە. هەربەمشێوەیەش گەورەترین زلەی توندی لە ملهووڕیی و دواکەوتوویی کڵێسا وەشاند و کۆتایی بە بازرگانیکردن بە ئیمان و چەکی غوفران هێنا، کەلەوکاتەدا پیاوانی ئایینی دەستکەوتی زۆریان لەم بازرگانییە وەردەگرت.

پرسی ژن

خاڵێکی گرنگی تر ئەویش پرسی ژنهێنان بوو. هەتاوەکو مارتین لۆتەر نەهات، دەبوایە قەشەکان هەموویان رەبەن بوونایە و دژی فکرەی ژنهێنان یان ژنانی پاکیزە دەبوایە بە پاکیزەیی بمانایەتەوە، لێ مارتین لۆتەر دژی ئەمە وەستایەوەو ساڵی 1525 لەگەڵ ژنە پاکیزە کاترین ڤۆن بورا خێزانی دورستکرد. ئەمەش بووە سەرەتای جیاکردنەوەی قەشەی پرۆتستاتن و کاتۆلیکی، چونکە کاتۆلیکەکان بەتوندی دژی شووکردنی پاکیزەکان و ژنهێنانی قەشەکانن.
کاریگەری لۆتەر بەسەر ئەدەب و هونەری ئەوروپییەوە
دیارە مارتین لۆتەر لەبارەی هونەرەوە بەتایبەتی رازاندنەوەی کڵێساکان بە وێنەو تابلۆی هەمەڕەنگ بۆچوونێکی تەواو پێچەوانەی هەبوو، ئەو دژی ئەم دیاردەیە بوو، هەربۆیە هەتاوەکو ئەمڕۆش کڵێساکانی پرۆتستانەکان بەپێچەوانەی کڵێسا کاتۆلیک و ئەرتەدۆکسەکانەوە، دژی رازاندەوەی کڵێساکانن ، بگرە زیاتر قاڵبێکی ئاسایی لەخۆدەگرێت. بۆیە زۆرکەس لۆتەریان بەدوژمنی هونەری تابلۆکێشان وەسفکرد.
بەڵام لەرووی هونەری گۆرانی ئایینییەوە، مارتین لۆتەر شۆڕشێکی گەورەی خوڵقاندوە ، چونکە دەیان ئاوازی بۆ گۆرانی ئایینی داناوە، ئەمەش لەرووی هونەرییەوە شۆڕشێک بووە لەگۆرانی ئایینی کەلەو کاتەدا کراوە.
کاریگەری لۆتەر بەسەر فکری ئەڵمانیی و ئەوروپییەوە.

هەموو مێژووناسان و بیرمەندانی جیهان لەسەر ئەوە کۆکن، گەر ریفۆرمی ئایینی لەئەوروپادا نەکرایە، ئەوا بەهیچ شێوەیەک ڕێنینساز سەری هەڵنەداو دواتریش شۆڕشی فکری لەدایک نەدەبوو. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چونکە پێش ئەوەی فەیلەسووفانی قۆناغی ڕێنینساز لەسەروو هەمووشیانەوە” دیکارت، سیپۆنزا، رۆسو، ڤۆلتێر و لۆک وکانت، هیگل” دەستبکەن بە شرۆڤەکردنی جیهان و پەیوەندی مرۆڤ بەسروشتەوە، لەسەدەکانی ناڤین، مارتین لۆتەر سەرەتا دەستیکرد بەرەخنەگرتن لەدەسەڵاتی پاپایی، کەهەتاوەکو دەسەڵاتی پاپای فاتیکان نەخرایە ژێر گوومانەوە، نەتوانرا، رەخنە لەدەسەڵاتەکانی تر بگیرێت.

لەم بوارەشدا کتێبەکانی مارتین لۆتەر بەتایبەتی کتێبی ” ئازادی مرۆڤی مەسیحی” کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر فکری ئەوروپیی بەتایبەتی لەرووی ئازادیی سیاسیی وفکریی و ئاینییەوە. بگرە زۆرێک لەمێژوونوسان ئەم کتێبە بەسەرەتای بڵاوبونەوەی فکری ئازادی سیاسیی وئایینی دادەنێن.
لەلایەکی ترەوە لۆتەر زۆر دژی توندڕەویی ئایینی بووە لەهەمانکاتیشدا داوای لێبوردەیی و فکری ئازادی ئایینی کردووە. هەربۆیە دیسانەوە فکری ئازادیی سیاسیی و ئایینی و لێبوردەیی دەگەڕێتەوە بۆ لۆتەر، کە دواتر بووە یەکێک لە بنەماکانی فکری مۆدێرنی ئەوروپا، هەروەک ئەنجیلا مێرکلی راوێژکاری ئەلمانیا لەپاش سوپاسکردنی لۆتەر، رایگەیاند: ئەمڕۆ فکری لێبوردەیی بۆتە رۆحی ئوروپا.

لەلایەکی ترەوە کاریگەری گەورەی بەسەر بڵاوبوونەوەی فکری ئازادی هەبووە، هەروەک هاشم صاڵح دەڵێت: ئامانجی یەکەمین پرۆسەی ئازادی ئەوەبوو، کە مەسیحیەت لە بیروباوەڕی خراپ و خورافات پاکبکاتەوە، بەڵام بە بێ ئەوەی لە چوارچێوەی گشتی ئاین دەربچێت، هەرلەبەرئەمەشە ناویان لەم پرۆسەیە نا ( پرۆسەی ڕیفۆرمی ئایینی). بەڵام پرۆسەی دووەمی ئازادی کە خۆی لە فەلسەفەی ڕۆشنگەری دەبینێتەوە، خۆی لە مەسیحیەت ڕزگارکرد و سەربەخۆیی فەلسەفی ئیعلانکرد و لە لاهووتی مەسیحی خۆی جیاکردەوە.

لێبوردەیی و جیاکردنەوەی ئایین لەدەوڵەت

لەلایەکی ترەوە زۆرێک لە نووسەران و مێژوونوسان و بیرمەندان، تێزەکانی مارتین لۆتەر و ریفۆرمەکانی، بەسەرەتای جیاکردنەوەی دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی سیاسی دادەنێن، ئەو بەیەکەم کەس دادەنێن کەداوای جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئایینی کردبێت. پێشتر جۆرێک تەزاوج لەنێوان دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی پاپای فاتیکان هەبوو، لێ کاتێک لۆتەر دژی دەسەڵاتی فاتیکان وەستایەوە، وایکرد کە دەسەڵاتی ئایینی لەناو ئەو شوێنانەی کە مەزهەبی پرۆتستانتاین هەڵبژاردووە، کەمتر بێت. لێرەشەوە ئیتر فکرەی جیاکردنەوەی دەوڵەت لەئایین لەئەوروپادا سەریهەڵداوە.

لۆتەر و جوولەکە

یەکێک لەو رەخنانەی کە ئاڕاستەی مارتین لۆتەر دەکرێت ئەوەیە کە دژی جوولەکەکان بووە، هەرچەندە سەرەتا دۆستیان بووە، بەڵام دواتر دژیان دەوەستێتەوەو هەمان فکری ناحەزی کاتۆلیکی بەرامبەر بە جوولەکەکان هەبووە.

لۆتەرو سیستەمی بازرگانیی و سەرمایەداریی

یەکێک لەجیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان کاتۆلیک و پرۆتستانەتەکان ئەوەیە، مەزهەبی پرۆتستانت زۆر گرنگی بەکاری تایبەتی مرۆڤەکان دەدات و داواش لە مرۆڤەکان دەکات، سوود لە سامانی سەرزەویی و ژێرزەوی وەربگرن بۆ ئاوەدانکردنەوەی زەوی، ئەمەش بەکارێکی چاکەی دادەنێت بۆ مەسیحییەکان، بەتایبەتی لای کالڤینەکان. بەپێچەوانەی کاتۆلیکەکانەوە،زیاتر دەیانەوێت مرۆڤەکان لەخۆشی ژیان دووربخەنەوەو گۆشەگیربن. هەربۆیە لەزۆربەی ئەو ناوچانەی کەسەر بەمەزهەبی پرۆتستانت بوون گەشەیەکی ئابووریی و بازرگانی گەورەی تێدا بەدیدەکرا، بەتایبەتی لە هۆڵەندا، کە دواتر بووە بووکی بازرگانی ئەوروپاو بەهێزترین ناوچەی ئابووری جیهانی ئەوکات بووە. بەپێچەوانەوە وڵاتە کاتۆلیکەکان، لەرووی بازرگانی وئابووریەوە دواکەوتووبون. هەربۆیە زۆرێک لە فەیلەسووفەکان، یەکێک لەخاڵەکانی بەهێزبوونی سیستەمی سەرمایەداری ، دەگەڕێننەوە بۆ بڵاووونەوەی مەزهەبی پرۆتستانتی.

تێڕوانینی ماکس ڤیبەر لەسەر لۆتەر

ماکس ڤیبەر(1864 -1920) کۆچی دواییکردووە. بەیەكێک لەزانا گەورەکانی بواری زانستی سۆسیۆلۆگی دادەنرێت و زۆرجاریش بەیەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم زانستەش دادەنرێت. دیارە ئەم کەڵە فەیلسووفە ئەڵمانییە، کۆمەڵێک کتێبی گرنگی لەبارەی فەلسەفەو ئابوورییەوە هەیە، لێ یەکێک لەگرنگترین کتێبەکانی ” ئەخلاقی پرۆتستانیی و رۆحی سەرمایەداری” کەلە ساڵی 1905 چاپ و بلاوکرایەوە. ئەم کتێبە بەیەکێک لەسیما گرنگەکانی فکری ڤیبەر دادەنرێت.
ماکس ڤیبەر پێی وایە، پەیوەندییەکی ریشەیی لەنێوان مەزهەبی پرۆتستانتیی و سیستەمی سەرمایەداریدا هەیە، دەشڵێت: بزووتنەوە ریفرۆرمیستەکانی لەبواری ئایینی و مەزهەبی پرۆتستانتی، کاریگەری گەورەیان بەسەر بەهێزبوون و پێشکەوتنی سیستەمی سەرمایداری لەئەوروپادا هەیە. بەڵگەشی بۆئەمە ئەوەیە، مەزهەبی پرۆتستانتی داوا لە مرۆڤەکان دەکات ڕێز لە کارکردن بگرن و هەوڵ بددەن لەرێگەی کارەکانیانەوە، لەخودا نزیک ببنەوە، هەروەها داوای ئاوەدانکردنەوەی زەوی دەکات بەتایبەتی مەزهەبی کالڤین. ئەمەش لەگەڵ رۆحی سیستەمی سەرمایەداریدا دەگونجێت، چونکە لای سیستەمی سەرمایەداری، کارکردن سەرچاوەی داهات و سوودە.
ڤیبەر پێی وایە، مەزهەبی پرۆتستانتی زیاتر مەزهەبێکی دونیاییە و داوا لەمرۆڤ دەکات، کە خۆشی لەژیانی ئێستا ببینن ئەوەش لەرێگەی کارکردنەوە، بەپێچەوانەی مەزهەبی کاتۆلیکییەوە، کەزیاتر داوا دەکات، مرۆڤەکان خۆشی ژیان هەڵیاننەخەڵەتێنێت و زیاتر کار بۆ خوداپەرستی و ئەودونیا بکەن.
هەربۆیە ڤیبەر پێی وایە، گەر مەزهەبی پرۆتستانتی و ریفۆرمی ئایینی لەئەوروپادا دروست نەبوایە، ئەوا سیستەمی سەرمایەداریش سەرنەدەکەوت، بگرە ریفۆرمی ئایینی بە پێویستی ریشەیی سیستەمی سەرمایەداری دادەنێت.
بۆچی مارتین لۆتەر توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت؟!
دیارە وەکو پێشتر ئاماژەم پێکرد پێش مارتین لۆتەریش چەندین بزووتنەوەی تر لەئەوروپادا هەوڵی ریفۆرمخوازیان لەبواری ئاییندا دەدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبون. بەلام ئەوەی کەوایکرد مارتین لۆتەر سەرکەوێت، کۆمەڵێک فاکتەری سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی وتەکنیکی بوون.
پێش هەموو شتێک دەتوانین بڵێین ،دۆزینەوەی ئامێری چاپ ، گەورەترین سوودی بە بزووتنەوە ریفۆرمخوازییەکەی لۆتەر گەیاند، چونکە توانی کتێبەکانی بەرێژەیەکی زیاتر چاپ و بڵاوبکاتەوە، چونکە پێشتر کتێب بەشێوەی دەستنووس هەبوو.
لەلایەکی ترەوە زۆرێک لەمیر و میرزادەکانی ئەوروپا ، لەناخیاندا دژی دەسەڵاتی رەهای پاپا بوون، ئەوانیش زۆریان نەیاندەویست بۆئەوەی ببنە مەلیک بگەڕێنەوە بۆ رۆما، بگرە دەیانویست هەموو دەسەڵاتەکان لەلای خۆیان بێت، کاتێک پیاوێکی ئایینیش لەناو دەزگای ئایینی مەسیحیدا دەربکەوێت و بیەوێت کۆتایی بەدەسەڵاتی پاپا بهێنێت، ئەمە تاڕادەیەکی باش وەکو بیتاقە وابوو بۆیان دەرچووبێت، هەربۆیە لەزۆر شوێندا ، میرەکان و پیاوە ئایینەکانی سەر بەمەزهەبی پرۆتستانی بەرژەوەندی یەکی دەگرتەوە و دژی پاپا راپەڕین.

لەلایەکی ترەوە لەو کاتدا کیشوەری ئەوروپا بەهۆی سیاسەتی کۆڵنیالیستی و بەتایبەتی تاڵانکردنی کیشوەری ئەمریکا بەهەردوو بەشەکەیەوە وایکرد، سامانێکی زۆر بکەوێتە ئەوروپاوە، ئەمەش چینێکی بازرگانی گەورەی لێدروستبوو، زۆربەشیان پێشوازییان لە بۆچوونەکانی لۆتەر کرد، چونکە خزمەتی بەرژەوەندی ئەوانی دەکرد.
لەرووی کۆمەڵایەتییشەوە، کۆمەڵگەی ئەوروپا بەتایبەتی چینی هەژاران و جووتیاران، زۆر لەحاڵەتێکی خراپدا دەژیان، بۆچوونەکانی لۆتەریان بەکارهێنا، تاوەکو کۆتایی بەو وەزعە خراپەی خۆیان بیهێنن و شٶرش و راپەرین لەدژی دەسەڵاتی کڵێساو میرەکان بکەن، هەرچەندە لە جەنگی جووتیاراندا، لۆتەر دژیان وەستایەوە، چونکە ئەو لەگەڵ خوێن ڕشتندا نەبوو.
هەموو ئەمانە بوونەی هۆی ئەوەی کە سوود بە بزووتنەوەی مارتین لۆتەر و مەزهەبی پرۆتستانی بگەینن.
کاریگەری بەسەر کۆمەڵگەی ئەڵمانیاوە
ئەمڕۆ تەواوی ئەڵمانییەکان بەچاوی رێزو حورمەتەوە سەیری ئەم پیاوە دەکەن و بەیەكێک لەپیاوە گەورەکانی ئەڵمانیا دایدەنێن. مارتین لۆتەر لە دوولاوە سوودی گەورەی گەیاندە ئەڵمانیا، یەکەم لەرووی زمانەوە، چونکە ئەو یەکەمین کەس بووە کەکتێبی بەزمانی ئەڵمانی نوسیوە، لێرەوە ئیتر ئەڵمانەکان توانیان بەزمانی خۆیان بنووسن،چونکە پێشتر نوخبەی رۆشنفکری ئەڵمانی، بەچاوی کەمەوە سەیری زمانەکەیان خۆیان دەکردو هەر بەلاتینی دەیانووسی.
دووەم شتیش لەرووی فکریەوە، مارتین لۆتەر بە دژایەتیکردنی دەسەڵاتی پاپا، جارێکی تر دەسەڵاتی ناوچەیی بۆ میرەکانی ئەڵمانیا زیادکرد، هەروەها لەرووی فکریشەوە، لۆتەر توانی بۆچوونی رەخنەگرانە لەناو مێشکی ئەڵمانەکان بچێنێت و بەچاوێکی رەخنەگرانەوە سەیری ژیان بکەن، ئەمەش سەرەتایەکی باشبوو بۆ لەدایکبوونی سەدان فەیلەسووفی ئەڵمانی.

دەرئەنجام:
بەدڵنییایەوە مارتین لۆتەر تەنها زانایەکی ئایینی نەبوو، هەروەها تەنها رابەرێتی ریفۆرمی ئایینی نەکردووە، بگرە کاریگەری گەورەی بەسەر فکر و سیاسەت و فەلسەفەی ئەوروپا و جیهان هەبووە، به‌ واتایه‌کی تر ده‌توانین بڵێین، مارتین لۆته‌ر شۆرشگێرێکی گه‌وره‌بووه‌ له‌ به‌رگی ریفۆرمخوازێکدا، چونکه‌ ئه‌و کارانه‌ی که‌ئه‌و له‌وکاته‌دا کردوویه‌تی، شۆرشێکی گه‌وره‌بووه‌. هەرلەبەرئەمەشە هەموو جیهان ، بەچاوی رێزەو سەیری ئەم پیاوە دەکەن.

———————————————-
سەرچاوە:
1-Barbara Beuys.Luthers Glaube und seine Erben.Rowohlt Verlag. Hamburg.1982
2/ مارتن لوثر، الإصلاحي. سایتی . www.deutschland.de/ar
3/ Luther der Große. /www.faz.net
4/ 500 سنة على انشقاق مارتن لوثر عن الكنيسة الكاثوليكية . رۆژنامەی النهاری لوبنانی: newspaper.annahar.com
5/ /www.zeno.org/Soziologie/M/max weber
6/ هاشـم صالح . من الإصلاح الديني إلى التنوير الفلسفي. رۆژنامەی ” شرق الاوسط” الجمعة – 15 ذو الحجة 1435 هـ – 10 أكتوبر 2014 مـ رقم العدد [13100]

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish