Skip to Content

دوو شەو و دوو ڕۆژ تەرمی پێغەمبەر نەنێژرا، داخۆ چی دەگوزەرا؟ … شێرکۆ کرمانج

دوو شەو و دوو ڕۆژ تەرمی پێغەمبەر نەنێژرا، داخۆ چی دەگوزەرا؟ … شێرکۆ کرمانج

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 13, 2017 General, Opinion

سادەگۆیی نیە ئەگەر بڵێین پڕۆسەی بەسیاسییکردنی ئیسلام‌و ململانێ سیاسییەکان لەناو موسڵمانان بەچڕی لە ڕۆژی مردنی پێغەمبەری موسڵمانان دەستیپێکرد. ئەم بابەتە هەوڵدەدات تاوتوێ ئەم ئارگیومێنتە بکات.

حەسەن بەننا، کە دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئیخوانی موسلمین،‌ هەروەها قەرەزاوی، باوکی ڕۆحی ئیخوانیەکان لە دنیا، هەردووکیان باس لەوە دەکەن کە یاوەرانی (ئەسحابەکانی) پێغەمبەر، دەستنیشانکردنی خەلیفەیان لە ناشتنی تەرمی پێغەمبەری موسڵمانان پێگرنگتر بوو، بۆیە تا خەلیفەیان دیارینەکرد پێغەمبەریان نەناشت. قەبوڵکردنی ئەو گۆتانەی حەسەن بەننا ‌و قەرەزاوی، بۆ هەر کەسێک کە تۆزێک شارەزای ڕێوڕەسم‌و دابونەریتی ناشتنی تەرمی مردو‌و لەلای موسڵمانان بێت، شتێکی مەحاڵە. بەپێی نەریتی ئەوساو ئێستای موسڵمانان، کە پێغەمبەری موسڵمانان بەخۆی ڕۆڵی هەرە سەرەکی هەبوو لە پێشنیازکردنی، لاشەی مردوو دەبێت بە زووترین کات بنێژرێ. لە یەکێک لەو فەرمودانەی کە بوخاری‌و موسلم بە ڕاستیان داناوە پێغەمبەری موسڵمانان دەفەرموێت “أسرعوا بالجنازة، فإن تک صالحة فخیر تقدمونها، وإن یک سوی ذلک، فشر تضعونە عن رقابکم”، واتە: پەلەبکەن لە ناشتنی مردوەکانتان ئەگەر کەسانی باش بن ئەوا باشترە بۆیان زوو پێشکەشی گۆڕ بکرێن، ئەگەریش خراپەکارن ئەوا شەڕێکەو لە کۆڵتان دەبێتەوە.

پرسیار ئەوەیە داخۆ دەکرێت کە حەسەن بەننا و قەرەزاوی ئاگاداری ئەم فەرموودەیە نەبن، خۆ ئەگەر حەسەن بەننا مەلاو عالیمێکی دینی نەبێت ئەوە قەرەزاوی نەک هەر مەلایە بەڵکو بە یەکێک لە شارەزاترین کەسانی بواری قورئان‌و سوننەت هەژماردەکرێت. ئەی ئەگەر وایە چۆن‌و بۆچی ئیسلامییەکان دەیانەوێت پرسی ناشتنی لاشەی پێغەمبەر بێ بایەخدارتر بکەن لە پرسی دانانی جێنیشین‌و فەرمودەکەی پێغەمبەری موسڵمانانیش لەم نێوەدا پشتگوێبخەن.

ڕاست پێچەوانەی تێگەیشتن‌و قسەکانی قەرەزاوی‌و حەسەن بەننا، بەبنەما لەسەر ئەو فەرمودەیەی پێغەمبەری موسڵمانان‌ کە ئاماژەیپێکراو نەریتی باو، لەناو موسڵمانان دانانی تەرمی مرد‌وو و تەماشاکردنی پەسند نیە. هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی تاوەکو خەموپەژارە دەستبەسەر هۆش‌و عەقڵ‌و ڕەفتاری خاوەنتازییەدا نەگرێت. لۆجیکی ئەمە ئەوەیە کە هەتا زووتر لاشەی مردوو بشاردرێتەوە کەسوکاری مردوەکە خێراتر دەتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان دەستپێبکەنەوە. هەندێک سەرچاوە پێیانوایە ناشتنی تەرمی پێغەمبەری موسڵمانان شەو ‌و ڕۆژێکی پێچوە هەندێکی دیکە بە دوو شەو‌و دوو ڕۆژی دەزانن. ئەگەر ناشتنی تەرمی مردوو بەپێی سوننەتی پێغەمبەری موسڵمان‌و نەریتی موسڵمانان وا بخوازێت بەزووترین کات بنێژرێت، ئەی بۆچی تەرمی خۆشەویسترین کەس لەلای موسڵمانان ئاوا دواخرا؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەکرێت بڵیین کە پێش مردنی پێغەمبەری موسڵمانان کۆمەڵگەی موسڵمانان گەشەیەکی بەرفراوانی بەخۆوە دیبوو، چ وەک ژمارە چ وەک قەڵەمڕەویی. لەو سەروبەندا زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی نیمچە دوورگەی عەرەب ببوونە موسڵمان. پێغەمبەری موسڵمانان بەخۆی لە بنەماڵەی هاشمی خێڵی قوڕەیش بوو کە بەهێزترین‌و گەورەترین خێڵی مەککە بوو. کە دەشڵێین زۆربەی خێڵ‌و تیرە عەرەبییەکان ببوونە موسڵمان ئەوە وادەگەیەنێت کە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەسەڵاتی قوڕەیشیان قبوڵکردبوو، چونکە پاش گرتنی مەککە خێڵ‌و تیرە عەرەبییەکان ترسیان لە گەورەیی دەسەڵاتی موسڵمانان‌و قوڕەیش لێنیشتبو‌و و هەڵپەی هاتنە ژێرباری ئیسلامیان دەکرد. ئەوە بۆ قوڕەیشییەکان بارودۆخێکی تازە‌و بێوێنە بوو لە مێژوویاندا.

لەبەرئەوە، پاراستنی ئەو ڕەوشە هەنوکەییە (الوضع الرا‌هن) بۆ قوڕەیش‌و پیاوماقوڵانیان (ڕعیان) گرنگییەکی تایبەتی هەبوو. ئەوان دەیانزانی ڕاگرتنی ئەو بارە تەنیا بە هەڵبژاردنی یەکێک لەناو خۆیان وەک خەلیفەی پێغەمبەرەکەیان دەکرێت بەردەوامیی پێبدرێت. بۆیە کاتێک دوای مردنی پێغەمبەری موسڵمانان بەچەند ساتێک مقۆمقۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە ئەنسارەکان خەریکی دانانی کەسێکن بە خەلیفە، پیاوەناودارەکانی قوڕەیش بە هەڵەداوان کەوتنەخۆ‌و هاواریان گەیاندە ئەبو بەکر‌و عومەری بن خەتاب. پرسی چۆن‌و کێ بە خەلیفەی پێغەمبەری موسڵمانان دانێن باڵی بەسەر هەموو شتێکی ئەوسای مەدینەدا کێشا، بە ناشتنی تەرمی پێغەمبەریشەوە.

پڕۆسەی هەڵبژاردنی خەلیفە کێشمەکێشێکی ئەوەندەی لێکەوتەوە کە بە تێپەڕبوونی زەمەن بووە مایەی دابەشبوونی موسڵمانان بەسەر شیعە‌و سوننەدا. سوننەکان ئەوانەن کە دانانی ئەبوبەکر وەک یەکەم خەلیفەی موسڵمانان قەبوڵدەکەن‌و پڕۆسەکە بە ڕەوا دەزانن، هەرچی شیعەکانن ئەوانەن کە ئەوە ڕەتدەکەنەوە‌و پێیانوایە کە پێغەمبەری موسڵمانان عەلی بن ئەبی تالیبی وەک جێنشین، پێش مردنی خۆی، دیاریکرد کەچی یاوەرانی پێغەمبەری موسڵمانان ئەو وەسیەتەی ئەویان بەجێنەگەیاند. ئەوە بێجگە لەوەی یەکەم کێشمەکێش لە سەر خەلیفە لەنێوان قوڕەیشییەکان‌و ئەنسارەکان بوو نەک بنەماڵەکانی ناو قوڕەیش. بۆیە دەکرێت بگوترێت کە پڕۆسەی دانانی خەلیفە ئەوەندە سوک‌و سانا نەبوو وەک ئەوەی ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن بەڵکو گرفتی هێندە ئاڵۆزی لێکەوتەوە کە موسڵمانانی لەسەر خەتی مەزهەبی، ئایدیۆلۆجی‌و سیاسیی هەر لەو کاتەوە بەش بەش کرد کە ئاسەوارەکانی تا ئێستا بەردەوامن.

بە تێڕامان لەو ڕووداوە مێژووییانەی لە ئانوساتی مردنی پێغەمبەری موسڵمانان، بەتایبەتی ئەوانەی لە مەدینە هاتنەپێش، ئەوە دەردەکەوێت کە دواخستنەکە پەیوەندی بە چەند هۆیەکەوە هەبووە. یەکەم: لاوازی چاوگە سەرەکییەکانی ئیسلام، قورئان‌و سوننەت بەتایبەتی، لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ پرسی حوکمکردن‌و بەڕێوەبردن‌و جێنشین دیاریکردن. نە قورئان نە سوننەت لە دوور یان لە نزیک باس لە پڕۆسەی حوکمکردن یان ئەوەی لەوکاتەوە بە خەلافەت ناویدەرکرد، ناکەن. دیارە لەوانەیە هۆی سەرەکی ئەوەش بگەڕێتەوە بۆئەوەی کە قورئان لە کۆمەڵگەیەکی بێ‌دەوڵەت دابەزیوەو حوکمکردنی فەرمی لەناو کۆمەڵگە خێڵەکییەکەی ئەوکاتی عەرەبان باوی نەبووەو پراکتیزنەکراوە. پێغەمبەری موسڵمانانیش سەرەڕای ئەوەی کە بە گۆتەی شیعەکان لە حەجی ماڵئاوایی فەرمویەتی “من کنت مولاە فهذا علی مولاە”، واتە: “ئەو کەسەی من مەولای بووم، ئەوە عەلی مەولایەتی” کەچی وەک دەردەکەوێت کە فەرمودە ڕوون نییە مەبەستی پێغەمبەر چی بووە، جێنشینی دینیی یان دنیایی.

بەهەرحاڵ، شیعەکان ئەو “فەرمودەیە” بەوە لێکدەدەنەوە کە پێغەمبەری موسڵمانان عەلی بن ئەبی تالیبی وەک خەلیفەی خۆی دیاریکردوە. لەبەرابەردا سوننەکان بۆ پاڵپشتی لە دانانی ئەبوبەکر ئەو ڕووداوە بە نمونە دێنەوە کە جارێک پێغەمبەری موسڵمانان زۆر نەخۆش دەبێت‌و ناتوانێت پێشنوێژی موسڵمانان بکات، بۆیە ئەبوبەکر دەنێرێت بۆ پێشنوێژیکردن. ئەوەی یەکەم لەلایەن سوننەکان ڕەتکراوەتەوە‌و ئەوەی دووەمیش تەنانەت سوننەکان بەخۆشیان وەک بەڵگەیەکی ڕەها بۆ دانانی خەلیفە وەریان نەگرتوە بەڵکو تەنها بۆ بەهێزکردنی کەیسی ئەبوبەکر بۆ خەلافەت پشتی پێدەبەستن. ئیبن خەلدون لەو باوەڕەدایە پێغەمبەری موسڵمانان قەت باسی لەوە نەکردوە کێ جێگەی دەگرێتەوە چونکە پێیوابووە ئەوە شتێکی”بێنرخ‌و ئیمتیازێکی بێباوەڕانە”. ئەوە بەڵگەیەکی دیکەی ئەوەیە کە پێغەمبەری موسڵمانان زۆر بایەخی بە مەسەلە دنیاییەکان، لە چوارچێوەی ڕۆڵی وەک پێغەمبەرێک، نەداوە.

هۆکاری دووەمیش سەرقاڵبوونی موسڵمانان بوو بە کێشمەکێشی نێوان موهاجیرەکان بەسەرکردایەتی ئەبوبەکر‌و عومەری بن خەتاب لەلایەک‌و ئەنسارەکان بەسەرکردایەتی سەعد بن ئەبی عوبەیدە لەلایەکەی دی‌، هاوکات، کێشەی بنەماڵەی بەنی هاشم بە سەرکردایەتی عەلی بن ئەبی تالیب لەلایەک‌و بنەماڵەکانی دیکەی خێڵی قوڕەیش، دیسانەوە بەسەرکردایەتی ئەبوبەکر‌و عومەر لەسەر دیاریکردنی خەلیفە، لەلاکەی دیکە بوو.

هەراوهۆریا بەدانانی سەعد بن ئەبی عوبەیدە وەک جێنشینی پێغەمبەری موسڵمانان دەستیپێکردو بە بەرەنگاربوونەوەی قوڕەیشییەکان گەیشتە ترۆپک. لایەنە سەرەکییەکان لە سەقیفەی بەنی ساعیدە، کە وەک هۆڵێکی گەورەی کۆبوونەوە وابوو، کۆبوونەوە‌و دەستە‌ویەخەی یەکدی بوون. ئەم کێشەیە دواتر لە مێژووی موسڵمانان بە کێشەی سەقیفە ناویدەرکرد. بەگوێرەی گێڕانەوەکەی تەبەری (الطبري)، یەکێک لە بەناوبانگترین مێژوونوسانی سەرەتای ئیسلام، لە کتێب “تاریخ الطبري” دا، کار گەیشتە ئەوەی هاواری “ئەمیرێک لە ئێمە‌و ئەمیرێکیش لە ئێوە” بەرزبێتەوە. گفتوگۆیەکانی ناو سەقیفە لەسەر خەلیفە ململانێیەکی دینی نەبوون بەڵکو ناوەڕۆک سیاسیی بوون. مەبەست لەو ڕاکێش ڕاکێشکردنەش وەرگرتنی دەسەڵات‌و زاڵبوونی سیاسییانە بوو، ئەوەبوو لەجیاتی دین، گەیشتن بە دەسەڵات، بوو بە تەوەری سەرەکی ململانێکان.

بەگشتی باس لەوە دەکرێت کە پێغەمبەری موسڵمانان کەسێکی تەگبیرکەر‌و لێهاتوو شارەزا بووبێت، کەچی پرسیار ئەوەیە ئەدی بۆچی ئەو کەسە شارەزایە درکی ئەوەی نەکرد کە تەگبیرێک‌و ڕێوشوێنێک بۆ موسڵمانان پێش مردنی پێشنیاز بکات لەپەیوەند بە پرسی جێنشین. دیارە ئیسلامییەکان پێیانوایە پێغەمبەری موسڵمانان ئەو ئەرکەی بۆ موسڵمانان جێهێشت، بەڵام ئەوە بەمەزەندەی من زۆر لە ڕاستیی دوورە. هۆی سەرەکی ئەم ئاماژەپێنەکردنە ئەوەیە کە لەسەردەمی پێغەمبەری موسڵمانان شتێک نەبوو بەناوی دەوڵەت‌و پڕۆسەیەکی فەرمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت نەچەسپی بوو. کۆمەڵگە عەرەبییەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی پێش ئیسلام، بە کۆمەڵگە تازە-دروستبووەکەی موسڵمانانیشەوە دوای هاتنی ئیسلام، لەسەر بنەمایەکی خێڵەکی بەڕێوەدەچوون، بەها ئیسلامییە نوێکان‌و خێڵەکییە کۆنەکان گرێبەستی کۆمەڵگەکە بوون نەک یاساو ڕێسا.

Previous
Next
Kurdish