Skip to Content

حەوت هۆکار لەپشت سوتاندنی دامودەزگاکان؟…. شێرکۆ کرمانج

حەوت هۆکار لەپشت سوتاندنی دامودەزگاکان؟…. شێرکۆ کرمانج

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 23, 2017 General, Opinion

یەکێک لەو دیاردانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان لەدوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێم لە ١٩٩٢ ـەوە تا ئێستا بەرچاودەکەوێت سوتاندنی دامودەزگاو بارەگا حیزبییەکانە. پرسیار ئەوەیە کە هۆکاری پشت ئەم کارە توندوتیژییە چییە، بەتایبەتی ئەگەر بێت‌و ئەوە بەبیر خۆمان بێنینەوە کە بەشی هەرە زۆری بەشداربووان لەپێش‌و لەکاتی خۆپیشاندانەکان داوای ناتوندوتیژییان دەکرد لە خۆپیشاندانەکان.

ھۆکار زۆرن لەپشت کارە توندوتیژییەکان بەڵام دەکرێت گرنگترینیان لەم خاڵانەدا کۆبکرێنەوە:

یەکەم، کورد ھیچ کاتێک لە مێژوودا دەوڵەتی سەربەخۆی نەبووە تا هاوڵاتیانی دەزگاکانی دەوڵەت‌و حکومەتەکە بە ھی خۆی بزانێت‌و بیپارێزێت. ئەو حکومەت‌و پەرلەمان‌و دامودەزگایانەش کە لە ١٩٩٢ دروستبوون هەر زوو لەگەڵ شەڕی ناوخۆ لەسەرەتای نەوەتەکان کران بە دامودەزگای حیزبی، چاکتر بڵێین کران بە دامودەزگای یەکێتیی‌و پارتی کە سەرانی دوو بنەماڵە بەسەریاندا زاڵبوون. لەوەش گرنگتر، میدیای هەر دوو حیزب تەواوی سەرکەوتن‌و شکستەکانیشیان بە حیزبی کردوە. بۆنمونە، ناردنی هێز بۆ ڕۆژاڤا کرابوو بە دەستکەوتی یەکێتیی‌و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە هەرێم‌و بە دەستکەوتی پارتی؛ دۆڕانی کەرکوک‌و ناوچە دابڕاوەکان کرابوون بە شکستی یەکێتیی‌و دزینی نەوت‌و تەخشان‌و پەخشان کردنی سامانی گشتی بە شکستی پارتی. هێزەکانی ئاسایش‌و پێشمەرگەش وەک چۆن لەسەرەتاوە حیزبییبوون دوای ٢٥ ساڵ لە حوکمڕانی هەروا بە حیزبیی ماونەتەوە. ئەمەش وایکردوە کە هاوڵاتی کوردستان هەستی ئینتیمای نەک هەر بۆ دامودەزگاو حکومەت نەبێت بەڵکو لە ڕقی حیزب ڕقی لە خاک‌و نیشتیمانیش بێتەوەو لە دەرفەتێک بگەڕێت لە ڕقی پارتی‌و یەکێتیی نیشتیمان‌و وڵات‌و دامودەزگا حکومییەکانیان بسوتێنێ.

دووەم، لە کوردستان داڕشتەی (ستراکتۆری) خێڵ لاوازبووە بەڵام عەقڵی خێڵ (tribalism) هێشتا زۆر بەهێزە، ئەمەش بۆتە زادەی زاڵیی کەلتوری ڕق و قینە کە بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەلتورو عەقڵی خێڵ. لێرە دەبێت ئەوە بڵێین کە عەقڵی خێڵ مەرج نیە لە فۆرمی خێڵ دەرکەوێت بەڵکو دەکرێت لە فۆرمی ناوچە، شار، حیزب، بنەماڵە یان گوند دەرکەوێت. ئینسانی کورد ئەوەندەی ئینتیمای بۆ خێڵ، بۆ شار، بۆ حیزب، بۆ بنەماڵە، بۆ گوند هەیە ئەوەندە ئینتیمای بۆ خاک‌و نیشتیمان‌و نەتەوە نیە. ئەم وردە-شوناس‌و ئینتیمایانەش خەڵک کۆوەناکەن بەڵکو دابەشدەکەن، دابەشبوونەکانیش لە غیابی شوناس‌و ئینتیمایەکی کۆگیر دەبنە زادەی دروستبوونی ململانێ‌. لە غیابی دامودەزگای دەستوری‌و پەرلەمانی‌و دادگایی بۆ ڕێکخستن‌و یەکلایکردنەوەی کێشمەکێشەکان، ئەوە ململانێکان بەرەو ئاقاری ناتەندروست دەڕوات‌‌و ڕق‌و قینە بەرهەمدێنێت‌. ڕق لە خەڵکی ئەم ناوچەیەو ئەو ناوچەیە، ڕق لە ئەندامانی ئەم حیزبەو ئەو حیزبە …هتد. ڕقیش بەلەناوبردنی ئەوی دیکەو سیمبولەکانی ئەوی دیکە دادەمرکێتەوە. لەدەرئەنجامدا کاتێک پێکدادان ڕوودەدات لایەنەکان‌و کەسەکان لە هەوڵی سڕینەوەی ئەوی دیکەدا دەبن، سڕینەوەش لوتکەی توندوتیژییە.

سێیەم، خۆپیشاندانەکان، بەتایبەتی گەڕی ئەمجارە، نە ڕابەری ھەیە نە ڕێکخراوە نە هیچ لایەن‌و گروپێکی ڕێکخراو سەرپەرشتی دەکات. کەسێک و لایەنێک نیە خەڵک ئاراستەبکات، ئامانج و میکانیزم دەستنیشان بکات‌و ھەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێکردنیان بهاوێت. لەغیابی ڕابەری مەیدانی‌و گروپێکی ڕێکخەر، گەڕەلاوژەو فەوزا لە خۆپیشاندانەکان پەیدادەبن‌و ناعەقڵانی بەسەر عەقڵ‌و سۆزو عاتیفە بەسەر لۆجیک زاڵدەبێت. کاتیکیش ناعەقڵانی‌و نالۆجیک زاڵبوون، ئیدی چاوەڕوانی کرداری توندوتیژیی دەکرێت.

چوارەم، دەسەڵات لەڕێگەی کۆمەڵێک بەڵتەجی بۆ ناشیرکردنی خۆپیشاندەران‌و ئامانجەکانیان دەسیسەکانی خۆی خستۆتە ڕیزی خۆپیشاندەران و ھانی توندوتیژیی دەدەن. توێژینەوەکانیش سەلماندویانە لەکاتی خۆپیشاندانەکان بەشداربووان لاسایی یەکدی دەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی کە ئەو کەسانەی باوەڕیان بە توندوتیژییش نیە یان نیازی کاری توندوتیژییان نەبێت کارگەلێک ئەنجامدەن کە بەهیچ شێوەیەک بەتەنیا کارگەلی وا ئەنجامنەدەن. بەواتایەکی دیکە هەر هێندە کەسێک یان چەند کەسێک لەنێو گروپێکدا بەردیان هاوێشت یان هێرشیانکردە سەر دامەزراوەیەک ئیدی ئەوانی دیکەش بێ بیرکردنەوە ڕەدویان دەکەون‌و هەمان کار ئەنجامدەدەن، بەکاری توندوتیژییشەوە.

پێنجەم، ئەوەی لای هەمووان ئاشکرایە ئەوەیە کە توڕەیی‌و بێزارییەکانی خەڵک چەند ساڵێکە گەیشتونەتە ترۆپک. هۆکاری هەرە سەرەکی توڕەییەکانیش تەنیا بێ موچەی‌و بێ کارەبای‌و بێ ئاوی‌و بێ خزمەتگوزاری نیە؛ هاوکات، تەنیا دزی‌و گەندەڵی‌و تەخشان‌و پەخشانکردنی سامانی گشتیی نیە؛ هەروەها، تەنیا شکست‌و خیانەتەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەرو ٣١ ی ئاب نین، بەڵکو ئەمانە هەموویان بەسەریەکەوەش، بەڵام لەسەروی هەموو ئەمانەوە نەبوونی یەکسانیە. خەڵک توڕەیە چونکە دەبینێت کەسانێک هەن موچەیان هەیەو ئەو نیەتی؛ کەسانێک ئاو کارەبای بیست چوار سەعاتەیان هەیەو ئەو نیەتی؛ کەسانێک تەعین دەکرێن‌و ئەو تەعین ناکرێت. هەموو ئەم هۆکارانە توڕەیی‌و بێزارییەکی لەڕادەبەدەری بەرهەمهێناوەو ساڵانێکیشە پەنگدەخواتەوە ئێستاش لەبەرابەر دەسەڵاتێک کە ھیچ ئامادەیی گوێگرتنی لە خەڵک‌و دانوسانی لەگەڵ نوێنەرەکانی نیە تەقیوەتەوەو توندوتیژیی لێکەوتۆتەوە.
شەشەم، کەلتوری توندوتیژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە کوردستانیشەوە زادەی زاڵیی سێ گوتاری شۆڕشگێریی زاڵە لە ناوچەکە کە گوتاری شۆڕشگێڕیی ناسیونالیزمی‌و شۆڕشگێڕیی کۆمۆنیستی‌و شۆڕشگێڕیی ئیسلامیین. گوتاری ئەم سێ ڕەوتە بەگشتی بانگەشەی ڕاپەڕین‌و ڕوخان‌و سەرلەنوێ دروستکردنەوە دەکەن. ئەم سێ ڕەوتە بەگشتیی باوەڕیان بە شۆڕشە بۆ گۆڕانکاری. مەبەستی من لێرە ئەوە نیە کە خۆپیشاندەران سەر بەو ڕەوتانەن بەڵکو قسەی من لەسەر زاڵیی ئەم سێ گوتارەیە لەسەر عەقڵی خەڵک سەرەڕای لاوازی ئەم ڕەوتانە وەک هێز.

حەوتەم، هیچ گومانی تێدا نیە کە دەسەڵات لە کوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆکاری هەرە سەرەکیە لەپشت دەستبردنی خەڵک بۆ توندوتیژیی. پارتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی مەنفەزێکی نەهێشتوە بۆ دەربڕینی ناڕەزاییەکان، ئەویش لە ڕێگەی سەرکوتکردن‌و داپڵۆسینی دەنگە ناڕازییەکان. خەڵکی ناوچەکانی دیکەش چاک ئەو ڕاستییە دەزانن بەبێ تێگەیاندنی پارتی لە پەیامەکانیان هیچ گۆڕانکارییەک لە کوردستان ناکرێت، ئەوەش دەزانن کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی ئەگەرەکانی خۆپیشاندان‌و دەنگ هەڵبڕین زۆر کەمە بۆیە لە هەر شوێنێکی دیکە پارتی‌و بارەگاکانی ببینرێن خەڵک بەوپەڕی توڕەییەوە بەرەو ڕوویان دەڕۆن بۆ دەربڕینی بێزارییەکانیان. پارتیش بۆ ترساندنی نەک هەر ئەوانەی کە هێرش دەکەن بەڵکو بۆ تۆقاندنی هاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەوپەڕی بێ بەزییانەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوەو تەقەیان لێدەکات‌و توندوتیژیی دروستدەکات. لە ئاکامدا خەڵک ئەو باوەڕەی لا دروستبووە کە چەک‌و شۆڕش‌و ڕاپەڕین‌و توندوتیژیی تاکە ڕێگەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پارتی‌و دەسەڵات.

سەرەڕای بوونی ئەو هەموو هۆکارە بۆ توندوتیژیی بەڵام خەباتی ناتوندوتیژیی تاکە شێوازی خەباتە کە نەک تەنیا سەرکەوتن بەڵکو حکومەتێکی مەدەنی تەندروست بەرھەمبێنێت. توندوتیژیی‌و ڕاپەڕین‌و شۆڕش سەدان ساڵە نەک ھەر کوردستان بەڵکو تەواوی وڵاتانی ناوچەکە وێراندەکات. مەترسیە گەورەکە ئەوەیە کە ھەر کەس‌و لایەنێک بەھێز بێتە سەر حوکم تەنیا بەھێز حوکم دەکات‌و تەنیا بەھێزیش دەبێت لاببرێتەوە. ئەمەش سوڕێک دروستدەکات کە دەکرێت بە سوڕی توندوتیژیی ناوببرێت. سوڕەکە بەردەوام دووبارە دەبێتەوەو بەردەوام توندوتیژیی بەرهەمدێنێتەوە. کورستان ئێستا لە گێژاوی سوڕی توندوتیژییدا دەخولێتەوە.

بۆ پچڕاندنی ئەم سوڕە دەبێت بۆ ھەتا ھەتایە، تەنیاو تەنیا، شێوازی خەباتی ناتوندوتیژی پەیڕەوبکرێت. ڕابەرانی ناڕەزاییەکان‌و خۆپیشاندانەکان نابێت بھێڵن بە ھیچ شێوەیەک نە دەسەڵات نە کەسانی دیکە خۆپیشاندانەکان بەرەو ئاقاری توندوتیژیی ببات چونکە توندوتیژیی دەبێتە مایەی لەکەدارکردنی خۆپیشاندانەکان و زەمانەتی مانەوەی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان دەکات چونکە پاساوی سەرکوتکردنی پێدەدات. خەڵکی کوردستان لاسایی ئەزمونی تونس بکەن باشترە لەوەی ئەزمونی سوریا و لیبیا دووبارە بکەنەوە.
لەکۆتاییدا دەبێت لەسەر دوو خاڵی دیکەی گرنگ هەڵوەستە بکەین. یەکەم، هۆکارەکانی توندوتیژیی نابێت بەهیچ شێوەیەک بکرێن بە پاساو بۆ شەرعیەتدان بە توندوتیژیی. توڕەیی‌و زوڵم و چەوسانەوە ھەڵە ناکەن بە ڕاست، ناڕەوا ناکەن بە ڕەوا. دووەم، ئەگەر خەڵک بارەگای حیزبی یان دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوتاند ئەوە نابێت‌و ناکرێت دەسەڵات ئەمە بکات بە پاساو بۆ تەقەکردن لە خەڵک. کاری دەسەڵات‌و دامودەزگا ئەمنییەکان کوشتنی خەڵک نیە بەڵکو پاراستنیانە، خەڵک دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێن نە بەر گولە بدرێن.
هەرچۆنێک بێت، تاکەڕێگا خەباتی ئاشتیانەو مەدەنیانەو ناتوندوتیژییە. دەبێت توندوتیژیی کاتەگۆریکەری، واتە لەبنەڕەتەوە، ڕەتبکرێتەوە.

Previous
Next
Kurdish