Skip to Content

یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی تۆتالیتار … نەبەز سەمەد

یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی تۆتالیتار … نەبەز سەمەد

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 23, 2017 General, Opinion, Slider

تۆتالیتاریانیزم ئیدیۆلۆژییەکی سیاسی مۆدێرنی توندڕەوە، لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵگەی ئاپۆرەوە (mass society) بەڕێی تیرۆر و تۆقاندنی بەردەوام و سیستەماتیکەوە دەیەوێ زاڵبوونی تەواو (total domination) بەسەر سەرجەم کۆمەڵگەدا بەدەستبهێنێ. تۆتالیتاریانیزم جیهان بەگوێرەی دوالیزمی دۆست و دوژمن، ڕەش و سپی، … هتد دابەش دەکات. تۆتالیتاریانیزم ئیدیۆلۆژییەکە دژەفرەیی )پلوڕالیزم(یە لەسەر بنەمای دوژمنی ناوەکی و دەرەکی خۆی دیاردەهێنێت. بۆیە ئیدێی دوژمن ڕۆڵێکی کڕۆکی لەنێو ئیدیۆلۆژیی تۆتالیتاریانیزمدا دەگێڕێت. تۆتالیتاریانیزم خاوەن خەسڵەت، ئەدگار و تایبەتمەندی خۆیەتی کە لە ستەمکاری، دیکتاتۆری، و دەسەڵاتگەرێتی جیای دەکاتەوە.

فریدریک و برزێنسکی (Friedrich and Brzezinski) باس لە پێنج ئەدگاری تۆتالیتاریانیزم دەکەن، کە بریتین لە ١. پرنسیپی سەرۆک ٢. تیرۆری پۆلیس (ی نهێنی) ٣. قۆرخکردنی چەک و سوپا ٤. قۆرخکردن و کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و ڕاگەیاندنەکان ٥. قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئابووری. لەم وتارەدا دەمەوێ لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی ئەم پێنج ئەدگارەی تۆتالیتاریانیزمەوە ئارگومێنتی ئەوە بکەم کە یەکێتی و پارتی (بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی) دوو حیزبی تۆتالیتارن. بەڵام لێرەدا گەرەکە بێژم کە یەکێتی و پارتی خۆیان خاوەن ئیدیۆلۆژی تۆتالیتار نین، واتا خۆیان ئیدیۆلۆژی و تیۆرییەکەیان داڕشتبێت و تیۆرزانیان هەبێت، بەڵکو ئەوان لاساییکەرەوەن. یەکێتی و پارتی لاسایی بەعس دەکەنەوە و تۆتالیتاریانیزمی بەعس بۆ ئەوان بووە بە مۆدێل.

یەکەم، پرنسیپی سەرۆک: فریدریک و برزێنسکی ڕوونی دەکەنەوە کە پرنسیپی سەرۆک یەکێکە لە ئەدگارە سەرەکییەکانی بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان، کە سەرۆک لە هەمووان باڵاترە و دەبێ هەمووان لە خزمەتی سەرۆکدابن. ئەم پرنسیپە بە ڕوون و ئاشکرایی لەلای یەکێتی و پارتی (بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی)دا خۆی دیار دەخات، بۆ نموونە لە یەکێتیدا جەلال تاڵەبانی سەرۆکە و لە هەمووان باڵاترە، یەکێتییەکان مانەوەی نەک تەنیا یەکێتی وەک حیزب بەڵکو هەموو کورد بە مانەوەی جەلال تاڵەبانییەوە دەبینن، بۆیە کاتێک کە نەخۆش بوو و هیچ توانستێکی بەڕێوەبردنی حیزبەکەی نەمابوو، تەنانەت دوای مردنیشی هەروەک سکرتێری گشتی ماوەتەوە و کەس ناوێرێ باس لە جێگرەوەیەک بۆ تاڵەبانی بکات. بە هەمان شێوە لەنێو پارتیدا مەسعوود بارزانی سەرۆکە و لە هەمووان باڵاترە و دەبێ هەر ئەو سەرۆک بێت نەک تەنیا هی پارتییەکان و هی حیزبەکەی، بەڵکو هی هەموو کورد و کوردستان. هەروەک دەزانین بارزانی ئەگەرچی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەسەرچوو بوو بەڵام ئامادە نەبوو کورسییەکەی چۆڵ بکات. بۆیە لەلای یەکێتی و پارتی تا مردن هەر دەبێ تاڵەبانی و بارزانی سەرۆک و سکرتێری گشتی بن.

دووەم، تیرۆری پۆلیسی نهێنی (police terror): هەرچەندە ناوەکەی ڕەنگە بەگوێرەی حیزبەکان و وڵاتەکان بگۆڕێت وەک ئۆڤرا (OVRA) لە ئیتاڵیای فاشی، ئێس ئێس (SS) لە ئەڵمانیای نازی و (MVD) و (KGB) لە یەکێتی سۆڤییەتی کۆمۆنیستی. ئەم دەزگایانە ئامرازن بەدەست ڕژێم و حیزبی تۆتالیتارەوە بۆ ترساندن، تۆقاندن، تیرۆر و لەناوبردنی نەیارەکانیان. لەبەرئەوەی ڕژێم و حیزبی تۆتالیتار دژی فرەیییە، بۆیە هەبوونی دەزگا و دامەزراوەی هەواڵگری و پۆلیسی نهێنی شتێکی کڕۆکییە بۆ کوشتن و تیرۆرکردنی نەیارەکانیان. یەکێتی و پارتی هەردووکیان خاوەن دامەزراوە و دەزگای هەواڵگرین دەزگای زانیاری یەکێتی و دەزگای پاراستنی پارتی کە ئیشیان ترساندن، تۆقاندن، تیرۆرکردنی ئەو کەسانەیە کە نەیاری بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانین، وەک لە کەیسی کوشتن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی وەک سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی و خۆپیشاندەران … هتد بینیمان.

سێیەم، قۆرخکردنی چەک و سوپا: پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان قۆرخکردنی چەک و سوپا لەگەڵ ئەدگاری تیرۆری پۆلیسی نهێنیدا هەیە، چونکە کۆنتڕۆڵکردنی چەک و سوپا دەبێتە سەرچاوەی هێز و ئاسانکارییە بۆ تیرۆر و لەناوبردنی نەیارەکان. بۆیە لە ڕژێمە تۆتالیتارییەکاندا سوپا و هێزی چەکدار ڕۆڵێکی سەرەکیان هەیە. یەکێتی و پارتی هەردووکیان چەکیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە و خاوەنی هێزی چەکدارن، لە هەرێمی کوردستان سوپایەکی نیشتیمانیمان نییە، بەڵکو هێزی چەکداری حیزبیمان هەیە کە لە لایەن یەکێتی و پارتییەوە قۆرخکراون و بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی خۆیان و وەک ‌هەڕەشەیەک بۆ نەیارەکانیان بەکاریان دەهێنن.

چوارەم، قورخکردن و کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و ڕاگەیاندنەکان: کۆنتڕۆڵکردنی میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێگریکردن لە گەیشتن بە زانیاری و ڕێگریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین یەکێکە لە ئەدگارە سەرەکییەکانی حیزب و بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان. حیزب و بزووتنەوەی تۆتالیتاری لە ڕێگەی میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەیە دژی نەیارەکانی و هەروەها بڵاوکردنەوەی ئیدیۆلۆژییەکانی خۆیەتی، لەپاڵ ئەمەشدا شێواندنی ڕاستییەکان و تەمومژاویکردنیان. یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی تۆتالیتار میدیا و ڕاگەیاندنەکانیان بۆ خۆیان قۆرخکردووە و سەرچاوەی زانیاریان کۆنتڕۆڵکردووە. لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەکانیانەوە خەریکی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەن دژی نەیارەکانیان و ڕێگرن لەبەردەم ئازادی ڕادەربڕین و رێگە نادەن ڕۆژنامەنووسان دەستیان بە سەرچاوەکانی زانیاری بگات. لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیانەوە ڕاستییەکان دەشێوێنن و زانیارییەکان تەمومژاوی دەکەن.

پێنجەم، قۆرخکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئابووری: کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەی ئابووری و داهاتی وڵات یەکێکە لە ئەدگارە سەرەکییەکانی تۆتالیتاریانیزم. کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئابووری ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە بزووتنەوە تۆتالیتارییەکاندا. دەستبەسەرداگرتنی ئابووری لەلایەن حیزبی تۆتالیتارەوە مەبەستمەندە واتا مەبەستی لە پشتە، ئەویش کۆنتڕۆڵکردن و زاڵبوونی تەواوە بەسەر کۆمەڵگەدا. کۆنتڕۆڵکردنی ئابووری دەبێتە هۆی هێنانە گۆڕێی بیرۆکراسییەکی هیرارکی (hierarchic bureaucracy). یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی تۆتالیتار دەستیان گرتووە بەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان و کۆنتڕۆڵیان کردووە و داهاتی نەوت و سامانە سروشتییەکان و سەرجەم داهاتەکانی کوردستانیان کۆنتڕۆڵکردووە و لە نێوان خۆیاندا دابەشیان کردووە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری دەهێنن. دەیانەوێ لەم رێگەیەوە بەتەواوی کۆمەڵگەی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا کۆنتڕۆڵ بکەن.

لە کۆتاییدا، بۆمان دەردەکەوێ کە هەر پێنج ئەدگارەکەی بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان کە فریدریک و برێزنسکی باسیان کردووە لە یەکێتی و پارتیدا بوونیان هەیە. بۆیە بەم ئەنجامە دەگەین کە یەکێتی و پارتی دوو حیزبی تۆتالیتارن.

Previous
Next
Kurdish