Skip to Content

ئەو کاتەی  بەغدا بە هەمووانەوە جوان بوو … ئیسماعیل تەنیا

ئەو کاتەی بەغدا بە هەمووانەوە جوان بوو … ئیسماعیل تەنیا

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 25, 2017 General, Opinion, Slider

هەر وەک لە سەرچاوە مێژووییەکانەوە ئەو ڕاستییە دەرکەوتووە کە شوێن و پێگەی ڕەسەنی عەرەبەکان، جەزیرەی عەرەبی و سەنتەری سەرەکیشیان، میرنشینی عەرەبستانی سعودی ئێستا، بووە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام، ئیدی وردە وردە، سنوور و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتداریەتی خۆیان بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلامەوە، فراوان کردووە. ئەوان؛ لە سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشیدی گەیشتوونەتە باشووری (عێراقی ئێستا). لە سەردەمی دوا خەلیفە، ( عەلی کوری ئەبو تالیب) و کوڕو نەوەکانی، بە شێوەیەکی فراوانتر هاتوونەتە باشووری عێراق، بە تایبەتیش شارەکانی نەجەف و کەربەلا و کوفە و، تیایاندا نیشتەجێبوون و ، کردیانە هەواری تازەی خۆیان. بە درێژایی قۆناغەکانی دوای ئەم مێژووە، وردە وردە بەرەو سەروو، بە تایبەتیش سنوورەکانی بەغدای ئێستا، هەڵکشآن و ئەوێشیان کرد بە نیشتیمانیی خۆیان.

بەغدا لە سەردەمی ساسانییەکاندا، سەرەتا گوندێکی بچووک بووە. ئەو کات؛ زمانی فارسی زمانی فەرمی وڵات بووە. لە سەردەمی خەلافەتی دەوڵەتی عەباسییەکاندا، بۆتە شارو پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی. عەبدوڵلای کوڕی محەمەد کوڕی عەلی کوڕی عەبدوڵلا کوڕی عەباس عەبدولموتەلیبی هاشیمی قوڕەیشی، ناسراو بە ؛ ( ئەبو جەعفەری مەنسوور ٧١٤ـ ٧٧٥ ز)، دامەزرێنەری دەوڵەتی عەباسییەکان، بەغدای دروست کردووە. ئەبو جەعفەر، خۆیشی لەدایک بووی سنووری ئێستای عێراق نەبووە، ئەو؛ لە شام لە دایک بووەو، لە شاری (مەککە)ی زێدی باب و باپیرانی، بە نەخۆشی، لە ساڵی (٧٧٥ ز)، کۆچی دوایی کردووە. بەغدا لە سەدەی هەشتەم (٧٥٣ـ ٧٧٠)، بنیات نراوە.

کە عەرەبەکان هاتوونەتە ئەم شارە تازە دروستکراوە، خەڵکی تریش لە نموونەی؛ پاشماوەکانی ئاشوری و بابیلی و ساسانییەکانی لێ بووە. بەغدا، هەر لە ناوەکەی ڕادیارە ، ناوێکی عەرەبی نییە، ئەگەر کوردی نەبێت، ئەوا سەد دەر سەد فارسییە.
جوولەکەکانیش وەک گەلانی تری ناوچەکە( ئەرمەن و کورد )، بە درێژایی مێژوو، چەوساونەتەوەو ئارامییان بەخۆوە نەبینیوە. لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، کوشت و بڕ، تاڵان، جینۆساید، کراون. لێیان نەگەڕاون لەسەر زێدی باب و باپیرانیان، ئارام بژین و هەردەم نوونەی ( تۆپی پێ )، تۆپ تۆپانێیان، پێکراوە.

ئەوەی هەتا ئێستاکە زاندراوە؛ جوولەکەکان بە درێژایی مێژوو لە نێوان بابل و ئۆڕشەلیم (قودس)، لە هاتوچۆ کردن و ڕاگواستندا، بووینە. هەشت سەدە پێش لەدایکبوونی مەسیح، لە ئۆرشەلیمەوە، بە زەبری هەڕەشەو هێزەوە، بۆ بابل، دوور خراونەتەوە. لەوێ؛ بە ناچاری، ئەم دەڤەرە تازەیان کردووە بە نیشتیمانیی خۆیان. لە دەورو بەری ساڵی (٥٣٩)ی پێش زایین، کاتێک کە کۆڕشی گەورە، پادشای فارسەکان، بابلیان داگیر کرد، ئارەزوو مەندانە، ڕێگایان بە جوولەکەکاندا کە بگەڕێنەوە زێدو کۆنە هەواری خۆیان (ئۆڕشەلیم). ئەوان؛ ئەو کاتەی کە گەڕانەوە، ژمارەیان (٢٤٣٦٠) کەس دەبوون. هەروەها لەگەڵ خۆشیاندا نزیکەی (٣٣٧٧) خزمەتکاریشیان بۆ ئۆڕشەلیم بردەوە. ئەوان؛ هەر ئەوەندە گەڕانەوە. ئەوانەی تر، لە بابل مانەوەو درێژەیان بە ژیان و جێبەجێ کردنی مەراسیمە ئایینی و کولتورییەکانی خۆیاندا. دوای ئەم مێژووە، ئیدی بە درێژایی (١١٠٠) ساڵی داهاتووەوە ( دوای ساڵی ٥٣٩ ی پێش لەدایکبوونی مەسیح)، شاری ئۆڕشەلیم کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی (ساسانی و گریک و ڕۆمان و سەلجووقی)یەکانەوە. هەر یەکەیان چەند ساڵ و قۆناغێک، حوکمڕانی ئەوێیان، کردووە.

لە سەدەی هەشتی زایینییەوە، شاری بەغدا بوو بە سیمبۆڵێکی دیاری ئایینی ئیسلام. ئەو کاتە؛ جوولەکەکان تەبای گەلان و نەتەوەکانی تر، بە ئارامیی و ئاسوودەییەوە، ژیاون. لە ڕووی خوێندەواریشەوە، میللەتێکی کارکردەو پێشکەوتوو بووینە. (بنیامین تەلیتەلی)، گەڕیدەی جوولەکە، سەردانی شاری بەغدای کردووە.لە ساڵی (١١٦٨) ی زایینی ڕاپۆرتێکی لەسەر بەغدا نووسیوە. لەوێدا هاتووە؛ نزیکەی چل هەزار جوولەکە لە شاری بەغدا، لە ژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەوایەتی خەلیفەی ئیسلامەکاندا، دەژین. کاتێک کە ( هۆلاکۆ )ی نەوەی جەنگیز خان، لە ساڵی (١٢٥٨)، بەغدای داگیر کردووە، سوپاکەی ، بە شێوەیەکی دڕندانە، دەستی کردووە بە کوشتن و بڕین و تاڵان کردن و سووتاندنی هەموو جۆرە ژییارێک لە بەغدا. ئەو کاتە؛ بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی لە ( مەسیحی و موسڵمان و جوولەکە)کان، ئاوارە بووینەو، بەغدایان بەجێهێشتووە. هەندێک لە جوولەکەکان، ئاوارەی ئیسپانیا بوون. لە ساڵی (١٣٣٦)دا، مەغۆڵەکان بەغدایان بەجێهێشت و لە ساڵی (١٤٩٢)، کەوتەوە دەست ئیمپراتۆریەتی عوسمانی( ئاک قۆینلوـ مەڕی سپی)ەکان.

ئەوان؛ زۆر نەرم و نییان بوون. ڕێگەیاندا، ئەو کەسانەی ( مەسیحی و موسڵمان و جوولەکە)کان، کە لە ترسی مەغۆلەکان بەغدایان بەجێهێشتبوو، بگەڕێنەوە بەغدا. بۆیە ئەو جوولەکانەی کە چووبوونە ئیسپانیا، جارێکی تر گەڕانەوە. لە ساڵی (١٥٣٤)، کاتێک کە سوڵتان سلێمان قانوونی، پادشای عوسمانییەکان، هاتە بەغدا، کۆمەڵێک زانا و دکتۆرو فەلەکناسی جوولەکەی لەگەڵ خۆیدا هێنایە بەغدا… بە هۆی ڕەفتار نەرمو نیانی سوڵتانەوە، جوولەکە بەغدا نشینەکان، زۆر بە گەرمی پێشوازییان لە سوڵتان و سوپاکەی کردو، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی. ئەو کاتە؛ سەرەڕای نەتەوەی عەرەب،( جوولەکە، مەسیحی،فارس، کورد، تورک)یش، لەم شارەدا، پێکەوە ژیاون. تورکەکان، زێتر ئەو کەسانە بوون کە لەگەڵ هاتنی مەغۆل و عوسمانییەکان، بە شێوەی فەرمانبەرو سەرباز هاتنە بەغداو، نەگەڕانەوەو لەوێ نیشتەجێبوون. ئەوان؛ زێتر بە تورکمان، ناسران، نەک تورک.

لە ساڵی (١٨٦٤)دا، کۆمەڵگای جوولەکەکان لە بەغدا، یەکەمین قوتابخانەی سەردەمییانەیان لەم شارەدا، کردۆتەوە، کە بووە یەکەمین قوتابخانە لە هەرسێ ویلایەتەکەی عوسمانی ( موسڵ و بەغدا و بەسرە). هەروەها بە هۆی کرانەوەیان بە رووی پێشکەوتن و شارستانی و ژیانی سەردەمییانە، لە ساڵی (١٨٩٣) یەکەمین قوتابخانەی کچانیان لەم شارەدا کردۆتەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمیشدا، دوو قوتابخانەی تری کوڕانیان، لە بەغدا کردۆتەوە. ئەوە جگە لە دوو قوتابخانە لە ویلایەتەکانی ( موسڵ و بەسرە).

لە بواری بنیاتنانی قوتابخانەی مۆدێرندا، ئەم کۆمەڵگایە، زۆر لە هاوسێ موسڵمانەکانیان، پێشکەوتوو تر بوون. لەگەڵ کردنەوەی قوتابخانەشدا، بیریان لە دامەزراندنی چاپخانەش کردۆتەوە. ( بارۆخ مۆشێ مزراحی ) کە یەکەم کەس بووە کە چاپخانەی بە زمانی عەرەبی لە ساڵی (١٨٥٣)، لە بەغدا دامەزراندووە. دوای ئەو، چەندین کارسازی جوولەکەی تر لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم، چەند چاپخانەیەکی تریان دامەزراندووە کە کتێبیان بە عەرەبی و عیبری، بڵاوکردۆتەوە. لە کۆتاییەکانی ساڵی (١٩٠٩)دا، ڕۆژنامەی (ئەلزهور)ی تورکی و عەرەبی، سەرنووسەرەکەی ( نەسیم یوسف سومیخ و ڕەشیدە فەندی سەفار)، بووە. ڕۆژنامەی (بەین ئەلنەهرەین)، کە بە زمانی عەرەبی دەردەچوو، ( ئیسحاق حەسقیل و مەناحیم عانی )، دەریان دەکرد. ڕۆژنامەی ( تەفەکور)، سلێمان عەنبەر لە ساڵی (١٩١٢)دا، دەریکردووە. ئەوانە؛ ڕۆژنامە پێشەنگەکانی بەغدا بوون.

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، نزیکەی دە هەزار جوولەکە لە بەغداو هەزارو پێنج سەد، لە شاری بەسرەدا، ژیاون. لە ساڵی (١٩٠٨)دا، ئەو کاتەی کە بەغدا ژمارەی دانیشتوانی (١٥٠) هەزار کەس بووە، (٥٣) هەزاریان جوولەکە بووینە. واتا؛ سێیەکی دانیشتوانەکەی. بە گوێرەی دوا ساڵنامەی عوسمانییەکان، کە لە ساڵی (١٩١٧)دا، بڵاویان کردۆتەوە، ژمارەی دانیشتوانی بەغدا (٢٠٢،٢٠٠) هەزار کەس بووە. لەوانە؛ هەشتا هەزاریان جوولەکە بووینە. واتا؛ بە ڕێژەی لە سەدا سی و نۆی دانیشتوان. ئەوانی تریش؛ (١٢) هەزار مەسیحی، هەشت هەزار کورد، (٨٠٠) فارس، (١٠١،٤٠٠)، عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی تر بووینە.

کاتێک کە ئینگلیزەکان عێراقیان داگیر کرد، لە ساڵی (١٩٢٠)دا، سەرژمێرییەکیان کرد، ئەو کات، ڕێژەی جوولەکەکان لە بەغدا لە سەدا بیست بوو. هەروەها لە سەرژمێری نیشتیمانیی دەوڵەتی تازەی عێراق لە ساڵی (١٩٤٧)دا، سەرجەم دانیشتوانی عێراق چوار ملیۆن و نیو بووە، سەدو هەژدە هەزار، بە ڕێژەی لە سەدا دوو و نیو زێتر، جوولەکە بووینە. بەغدای پایتەختیش ئەو کاتە، بە گوێرەی یاداشتەکانی (د. جەمال نەبەز، لاپەڕە ٢٤٧)، نیوەی پتری عەرەب نەبوون، بەڵکو ؛ کورد ( فەیلی)، جوولەکە، مەسیحی، فارس، بووینە. ئەم پێکهاتە سەرەکییەی بەغدا ( جوولەکە)، لە بواری هونەرو ئەدەب و ڕۆشنبیرییەوەش، ڕۆڵێکی کاراو بەرچاویان، گێڕآوە. لە ڕووی ڕۆژنامەگەرییەوە؛ چەندین ڕۆژنامەیان دەرکردووە. لەوانە؛ ( ئەلمیسباح)، کە بە زمانی عەرەبی لە نێوان ساڵانی (١٩٢٤ـ ١٩٢٧)دا، دەرچووە. چەند ژمارەیەکیشی لە ساڵانی (١٩٢٨ـ ١٩٢٩)دا، دەرچووە، ئیتر وەستاوە.

هەروەها گۆڤاری ( ئەلحاسد)، کە لە ساڵی (١٩٣٨)دا، داخراوە. ئەم گۆڤارو ڕۆژنامانە، خاوەن ئیمتیاز، یان سەرنووسەرەکانیان جوولەکە بووینە، یان بە پارەی ئەوانەوە دەرچووینە. هەر لە سەدەی بیستەمی ڕابردوودا، چەندین نووسەری عێراقی بە بنەچەکە جوولەکە، دەرکەوتن. لەوانە؛ ( ئەنوەر شائول ١٩٠٤ـ١٩٨٤) ، ( عزرا حەداد ١٩٠٩ـ١٩٧٠) ، ( سەلمان شینە ١٨٩٨ـ١٩٧٨). ئەوەی دواییان، پارێزەرو ئەندام پەرلەمانی عێراقیش بووە. لە بواری هونەری مەقاماتی عێراقیشدا، جێ پەنجەی ئەوان دیار بوو. ( نوری سەعید)یش، زۆر هاندەر و پشتیوانیان بوو. ( سەلمان مۆسێ١٨٨٠ـ١٩٥٥ ) و ( حەسقیل قەساب)، لە مەقام بێژە ناودارەکانی عێراق بوون. هەروەها خانمە گۆرانیبێژ ( سەلیمە موراد١٩٠٠ـ١٩٧٢ )، هاوسەری ( نازم غەزالی)، ئەویش جوولەکە بوو…ئەوە سەرەڕای چەندین کەسایەتی دیاری سیاسی لە ڕیزی حزبی شیوعی عێراق و، حزبە نیشتیمانیی و دیموکراتەکانی تر.

لە بواری بازرگانی و بازاڕی کاردا، بەشی هەرە زۆری بازاڕەکانیان، کۆنترۆڵ کردبوو. لە سنعەتی کاری دەستی، جێ پەنجەیان دیار بوو. لە دامەزراوە مالیی و بازرگانییەکانی هاوردەو هەناردە کردندا، ئەوان پێشەنگ بوون. بۆیە سەیر نییە ئەگەر لە ساڵانی (١٩٣٨ـ١٩٣٩)دا، لە بیستو پێنج ئەندامی ژووری بازرگانی بەغدا ، دە کەسیان جوولەکە بووبن… هەروەها لە ساڵی (١٩٣٦)دا، لە کۆی سی و نۆ سەڕاف، ( ئەوانەی مامەڵەیان بە دراو دەکرد)، سی و پێنجیان جوولەکە بوون.

لەم سەرو بەندەدا، خانەوادەی ( ساسۆن )، ناودارترین بازرگانی جوولەکە بوون لە بەغدا. لەبەر ئەوەی تەواوی بازاڕەکان لە دەستی ئەواندا بوو، هەڵبەتە ڕۆژی پشووی جوولەکەکانیش، ڕۆژی شەممە یە. لەم ڕۆژەدا تەواوی بازاڕەکان دادەخران. هەر لەبەر ئەمە، عەرەبە شیعە مەزهەبەکانیش، لە جیاتی ڕۆژی هەینی، ئەوانیش پشووی خۆیان دەکردە ڕۆژی شەممە. لەم کاتەدا، ئەو کەسانەی کە کاری پاسەوانی شەوان و پاککردنەوەیان دەکرد، بریتی بوون لە عەرەب و مەسیحییەکان. ئەو کوردانەی کە لە شارەکانی کوردستانیشەوە بۆ کاسبی دەهاتنە بەغدا، زۆربەیان بە کاری کۆڵهەڵگرییەوە خەریک بوون. هەموو پەرستیاری نەخۆشخانەکانیش، جوولەکەو مەسیحی بوون.

لەگەڵ هاتنە سەر کاری نازییەکان لە ئەڵمانیا لە کانوونی دووەمی (١٩٣٣) و، پاشان بەرپابوونی جەنگی دووەمی جیهانی (١٩٣٩ـ١٩٤٥) و، جینۆساید کردنی جوولەکەکان، وردە وردە هەستی نازییەت لە نێو زۆربەی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکانیشدا، چەکەرەی کرد. عێراق یەکێک بوو لەم وڵاتانە. لەژێرئەم فکرو ئاڕاستەیەوە، ( ڕەشید عالی گەیلانی ١٨٩٣ـ١٩٦٥)، یەکێک بوو لەو عەرەبە ڕەگەزپەرستانەی کە زۆر بە حەماسەتەوە لایەنگیری لە هیتلەرو نازییەکان دەکرد. خەریکی بڵاوکردنەوەی فیکری نەتەوەیی عەرەبی ڕەگەزپەرستانە بوو.

هەر لەژێر ئاڕاستەو ئەم کاریگەرییەش کودەتای مایس (١ـ٤ـ١٩٤١)ی هەڵگیرساندو تا (٣١ـ٥ـ١٩٤١) دەوامی کرد. ئەم کودەتایە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی پشێوی و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانەو، ڕق هەستان لە جوولەکەکان. لە ڕۆژی (١ـ٦ـ١٩٤١)دا، عەرەبە شۆڤینییەکان، لایەنگرانی ڕەشید عالی و دۆستانی نازییەت لە ئەڵمانیا و فاشییەت لە ئیتالیا، بە تفەنگ و داس و تەورو خاکەناس و خۆترمە، هێرشیکی فراوانیان کردە سەر گردبوونەوەیەکی ئایینی جوولەکەکان ، زێتر لە (١٧٥) کەسیان لێ کوشتن و نزیکەی هەزار کەسێکیشیان لێ بریندار کرا.

وێرای ڕوخاندن و وێرانکردن و تاڵان و بڕۆی (٩٠٠) ماڵ و دوکان و شوێنی کارکردنیان. ناوەندە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانیان، تەقێندرایەوە. بزووتنتەوە مایس (گەیلانی)، زوو سەرکوتکراو دامرکایەوە، بەڵام هەستی نەتەوایەتی لە فۆرمی ڕەگەزپەرستی، لای عەرەبەکان، بەرەو هەڵکشان دەچوو…لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی (١٩٤٨) و، یەکەم هێرشی شکست خواردووی سوپای دەوڵەتە عەرەبییەکان لە مایسی (١٩٤٨)، بۆ سەر ئەم قەوارە تازەیە، کە سوپای عێراقیش یەکێک بوو لەم سوپا بەشداربووە شکست خواردوانە، هەستی نازییەتی عەرەبی گەیشتە لووتکە. لەم کاتەدا، فراوانترین هێرشی کوشتن و ڕفاندن و شونبزر کردن و تاڵانکردن و تۆقاندن دژی جوولەکەکان، لە بەغدا دەستی پێکرد.

لە ژێر فشاری ئەم ‌هێرشانەو بڵاوبوونەوەی بێ نیزامی، حکومەت باری نائاسایی لە بەغدا ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەوەشدا، جوولەکەکان، بە قاچاغ و بە ناچاری، ئەوەندی بۆیان کرا، بەغدایان بەجێهێشت. لە (٧ـ١٢ـ١٩٤٩)دا، باری نائاسایی هەڵگیرا، کە بووە هۆی ئەوەی جوولەکەکان بتوانن لە دوو ڕێگاوە بەغدا بەجێبهێڵن؛ـ
ـ حکومەتی عێراقی ماڵ و سامانی ( مەنقولەو غەیر مەنقولەی) لێ زەوت دەکردن، ڕەگەزنامەی عێراقی ڵی دەستاندنەوەو ڕەوانەی ئیسرائیلی دەکردن.

ـ هەندێکی تریان، لە ڕێگای باشوور ( بەسرە )و، باکور (کوردستان)ەوە، بە قاچاغ، عێراقیان بەجێدەهێشت. لە باشوور دەچوونە شاری بەسرە، لەوێوەش ، لە ڕێگای باندە قاچاخچییەکانەوە، ئاودیوی ئێران ( شاری عەبادان )، دەکران. لە ڕێگای کوردستانیشەوە، بە هەمان ڕێگای قاچآغ ، ئاودیوی سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکران. لەوێوەش ( ئێران )، ڕیکخراوەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسرائیل، لە ڕێگای فڕۆکەخانەوە، بۆ ئیسرائیل، دەگوازرانەوە.

ئیدی بە هۆی هەڵکشانی هەستی ڕەگەزپەرستێتی، بەغدایان خاڵی کرد لە هەزاران هاونیشتیمانی جوولەکە لە؛ ( بازرگان،پارێزەر، سیاسەتمەدار، نووسەر، ڕۆژنامەنووس،دکتۆر، هونەرمەند، کاسبکار،….تاد). لە ساڵی (١٩٥١)دا، لە سەدا هەشتای جوولەکەکان، عێراقییان بەجێهێشت. ئیدی لەمە بەدواوە، فرە کولتوری و فرە ڕەنگی ، لە زۆنی (بەغدا)دا، بەرەو کاڵبوونەوە ڕۆیشت.

ئەمجارەیان لە هەشتاکان (١٩٨١)دا، نۆرە هاتە سەر کوردە فەیلییەکان. ئەمانیش وێنەی جوولەکەکان، بازاڕی بەغدایان کۆنترۆڵ کردبوو. ئەوەی ناوی بازرگانی و کاری بازاڕ بوو لە دەست ئەوان بوو…ئەمجارەیان؛ ( ڕەشید عالی گەیلانیی)ەکی تر، بەڵام بێ بەزەییانە تر ( سەدام حوسێن)،کەوتە گیانی کوردە فەیلییەکان.

ئەوەی دەستی کەوت؛ گرتی، هەندێکیانی لە سێدارە دان. ئەوانەی تریشی بە جلکی بەری ڕەوانەی سنوورەکانی ئێرانی کردن… بەشی زۆریان بەهۆی نەخۆشی و بەساڵدا چوونەوە، بەرگەی گەرماو سەرمایان نەگرت و لەسەر سنوورەکان، بوونە قوربانی. ئەگەر بەغدا لەسەردەمی هۆلاکۆدا، وێران و تاڵان و قەتلوعام کرا، ئەوا لە سەردەمی گەیلانی و سەدام و شوێنهەڵگرانیان، بە بەردەوامی درێژەی پێدرا…ئیتر ئەو بەغدایەی جاران نەما، کە شوێنی هەڵکردنی کولتورو ڕەنگە جیاوازەکان بوو.

ئەگەر لە بیستەکان تاوەکو پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، بەغدا ئەستێرەیەک بوو، تیشک و ڕووناکی بەسەر شەپۆڵەکانی دیجلەو دارخورماکان، دەبەخشییەوە، ئەوا لە پەنجاکان بە دواوە ئەم ئەستێرە پرشنگدار و ڕەونەق ڕێژە، بەرەو کز بوون و داڕژان ڕۆیشت… ئیتر لەمە بەدواوە، بەغدانشینەکان، جارێکی تر، ئەستێرەیەکی تریان ، بە ئاسمانەکەیانەوە، نەبینییەوە.

ئێستاش، بەهۆی هەڵکشانی هەستی نازییەت لە بەرگی مەزهەبدا، دەسەڵاتداران خەریکن، ئەوەندەی ماوە وێرانتری بکەن…کولتورو ڕەنگە جیاوازەکان،ڕیشەکێش و شاربەدەر بکەن. ئێستا هاووڵاتییە کوردەکان، (هەتا بەشێک لە مەسیحی و عەرەبە سوونی مەزهەبەکانیش)، هاوشێوەی جوولەکەکانی کۆتایی چلەکان و کوردە فەیلییەکانی سەرەتای هەشتاکان، لەژێر ڕەحمەتی شمشێری ترس و تۆقاندن، بە نائارامی و دڵەڕاوکێ وترس و لەرزەوە، دەگوزەرێنن و ڕۆژ دەکەنەوە. هەموو چرکەیەکی ژیانیان، لە چاوەڕوانی دووبارە کردنەوەی هەمان تاس و حەمام، بەسەر دەبەن.

* ئەم بابەتە لەژێر کاریگەریی خوێندنەوەی کتێبی؛ ( نسیم رجوان،آخر الیهود فی بغداد ذکریات وطن مفقود، ترجمە: د. رمضان مهلهل سدخان، الطبعة الاولی، لبنان ـ کندا ـ بصرە، ٢٠١٦)دا، نووسراوە.

ئیسماعیل تەنیاـ هانۆڤەر

Previous
Next
Kurdish