Skip to Content

هەستانی برسیەکان و پێویستی دابینکردنی ڕابەری کۆمۆنیستی! … سامان کەریم

هەستانی برسیەکان و پێویستی دابینکردنی ڕابەری کۆمۆنیستی! … سامان کەریم

Closed
by كانونی دووه‌م 7, 2018 General, Opinion, Slider

برسیەکانی ئێران هەستاون، هەستاون بۆ نان. نان لە ئیران ئازادی دەوێت، هەروەک چۆن ماسی ئاو. خواستی نان یان خواستە ئابورییەکان، لە ووڵاتێکی وەک ئێراندا، ووڵاتێکی سیوکراسی و ئۆتۆکرسدا، هەر زوو گۆڕا بە بزوتنەوەیەکی فراوانی خۆبەخۆیی، بزوتنەوەیەک وەک قارچکی بەهار لە هەموو شارو شاروچکەیەک ڕق و توڕەیی و نەفرەتی خۆی دەکات بە گژ تەواوی نیزامی سیاسی دا. ئەمجارە، نە بزوتنەوەی سەوزمان هەیە وە نە مەسەلەی تەزویرکردنی هەلبژاردن، نە موسەوی کاریزمای ڕزگارییە، وە نە هیچ بالێکی دیکەی نێو حکومەت، ڕقو توڕەیی کەڵەکە بوو تەقیوەتەوە و بەگژ دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی دا چوە. ئەم واقعیەتە بە دروشمەکانی ناڕازیانەوە ڕۆشنە. لە دوای شۆڕشی ئێرانەوە ئەمە یەکەم بزوتنەوەیە کە بەم شێوەیە خۆی نمایش بکات.

هەستانی جەماوەری خۆبەخۆ، بێ رابەر، بەمانایەک بێکەس و بێ خاوەنە. هەموو مەسەلەکە ئەوەیە کە چ کەسێکی بۆ پەیدا دەبیت؟! چ کەسێک دەبێتە خاوەنی؟! کام بزوتنەوەو ئاسۆی سیاسی دواتر کام هێزو حزبە دەبنە خاوەنی ڕاستەقینەی و جلەوەکەی دەگرنە دەست و مۆری خۆیانی لێدەدەن. هێشتا سەرەتایە. سەرەتایەک چەندین گریمانەی جیاوازو جۆراوجۆرو تەنانەت دژ بەیەکی هەیە. لیرەدا مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە، کە بزوتنەوەو حزبی ئێمە پێویستی بە هەوڵ و ماندوبون، و لە ڕاستیدا کاری پاڵەوانانەو شۆرشگیرانە هەیە بۆ ئەوەی دەستوبرد فریا بکەوێت وئەم زەمینە کۆمەلایەتیەی کە هاتۆتە بەرەوە دەستەبەر بکات بە قازانجی چینی کرێکارو گشت بزوتنەوەی ناڕەزایەتی ئەمڕۆ. و بە خەباتی بێوچان و پشت ئەستور بە هێزی چینایەتی ڕیکخراو و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی بالفعل، ئەم بزوتنەوەیە بە ئاقاری شۆڕشێکی گەورەی کۆمەلایەتی، ئاراستەو ڕابەری بکات.

ئەم بزوتنەوەیە یان ناوەرۆکی ئەم بزوتنەوەیە دروشم و خواستەکانی بە تەواوی هی ئیـمەیە، بەلام خاوەنەکەی هیشتا دیار نیە. ئەمە گەورەترین کۆسپێکە لەبەردەم ئەم بزوتنەوەیەدا باسی سەرەکی بۆ ئێمە ئەوەیە ئێمە دەبینە خاوەنی؟!. دەبێت هەموو هەوڵێک بدریت لەم ڕاستایەدا و کاری بێوچانی بۆ بکرێت. خالیکی دیکە ئەوەیە کە ئەم ڕوداوە گەورەیە لە هەلومەرجێکی سیاسی و کۆمەلایەتی تەواو جیاوازدا دەگوزەرێت چ لە ئاستی ناوچەکەو چ لە ئاستە جیهانیەکەی. هەلومەرجێکی ڕاگوزەری مێژوویی. کە جەنگ و شەڕ و ململانێی نێوان زلهێزە جیهانیەکان و ناوچەییەکان لەسەر دوبارە دابەشکردنەوەی دونیا، هێجگار توندو تیژ کردۆتەوە بەتایبەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، لەم ڕوانگەیەوە دەخاڵەتی ووڵاتانی زلهێزی جیهانی و ناوچەیی لە نێو ئەم ناڕەزایەتی و هەستانەدا زیاتر کردوە وەک گریمانەیەکی گەورە پێویستە لە بەرچاو بگیرێت.
لەسەر پایەی ئەم دوو واقعیەتە دێینە سەر مەترسی و رێگرییەکانی بەردەم ئەم بزوتنەوەو هەستانە جەماوەرییە.

یەکەم: دەخاڵەتی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی وولاتانی زلهێز. سەرەڕای ئەوەی کە بورژوای جیهانی و ووڵاتانی زلهێزی جیهانی وەک ئەمریکاو بەریتانیاو ووڵاتانی ناوچەیی وەک سعودیە هیچ سەمپاتیەکی سیاسی یان نیە بەم بزوتنەوەیەو خواستو داواکارییەکانی. بەلام دوای تەجروبەکانی ” بەهاری عەرەبی” ئەم مەسەلەیە بۆتە مەسەلەیەکی هێجگار جدی لەبەردەم ئەم بزوتنەوەیەو کۆمۆنیزمی ڕادیکاڵ و مارکسستدا. ئەمریکا لەیەکەم ڕۆژەوە دەستی پێکردوە وئەمرۆ ٦ی جێنیوەری تیلەرسون بەئاشکرا دەڵێت: ‘” ئێمە لەگەڵ گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتداین”، ” خەڵکی ئیران بەتەنها نین”. بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتێکی ئاوەها، بە جیا لە ئیمکاناتێکی زەبەلاحی میدیای و ماڵی, سەدان کەناڵ و ڕێگا لە بەردەستە و چەندین هێزی بورژوایی ئامادە هەیە، لە موجاهدینەوە بگرە تا دەگاتە ناسیونالیزمی کورد وتادەگاتە هێز گەلی وەک داعش و قاعیدەو… بۆ ترازاندنی هەلومەرجەکە بەرەو داخزانێکی ئەمنی و سەربازی خەتەرناک…. ئەم گریمانەیە مەترسیەکە. گریمانەی بە سوریا کردنی کۆمەلگای ئێران. پێویستە لە لایەن کۆمۆنیستی ڕێکخراوو بەرچاو ڕونەوە هەروەها لەلایەن ڕابەرانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و کرێکارییەوە بە وردی لێک بدرێتەوە، ناکام بکرێتەوە، یان لایەنی کەم لە کاریگەرییەکانی کەم بکرێتەوە. بەتایبەت ڕیسواکردنی ڕۆڵی ئەمریکا سیاسەتەکانی مەسەلەیەکی هێجگار گەورەیە و پێویستە ڕۆژانە ناکام بکرێتەوە.

دووەم: بەکاربردن و جڵەوگرتنی لەلایەن هێزە بورژواییەکانەوە وگۆڕینی ئاراستەکەی بۆ مەسائیلی دیکە. هێزەکانی وەک سەلتەنەت تەڵەبەکان، میللیەکان، ناسیونالیزمی کورد وبەتایبەت “مەسەلەی نەتەوەی” لەم نێوەدا مەسەلەیەکی جدییە، ئەگەر چی تائێستا کاڵەو بەرچاو نیە، بەلام ووڵاتانیکی وەک سعودیەو ئەمریکا کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن. یا جڵەوگرتن و قەتیسکردنی لە چوارچێوەی ریفۆرمی بورژوایی و تەنانەت ڕازیبون بە دابینکردنی هەندی خواست لە لایەن دەوڵەتەوە کە ئەمەیان دیسان مەسەلەیەکی جدییە. مەسەلەی گۆڕینی ئاراستەی بزوتنەوەکە بۆ ئاراستەیەکی چەکدارانە و تەنانەت توندو تیژانە، کە هەم گریمانەی یەکەم دەکاتە واقعێک وە هەم ناوەرۆکی مەسەلەکە بەتەواوی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت…. بۆ دیاردەیەک دەگوڕێت کە لە بزوتنەوەی ئێستا ناچێت. یا بیانو دەداتە دەست نیزامی سەرکوتگەری ئیسلامی کە سەرکوتی بێ پەردەو گەورە بکات. کارو سیاسەتێکی ئاوەها وەک گریمانەیەک لەوانەیە دەوڵەت خۆی یان بە هاوکاری هێزیکی ئۆپۆزیسیۆن دەستی بۆببات. یان هەنگاوێکی چریکانەی وەک ئەم دوایانەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە هێجگار بە زەرەری ئەم بزوتنەوەیەیە.

سێهەم: کۆمۆنیزمی طفره “قەلەمباز”: ئەگەرچی ئەمەیان ڕیگرییەکی گەورە نیە لە ئێستادا. ئەم کۆمۆنیزمە بورژواییە کە هەموو ناڕەزایەتیەکی پێ شۆڕشە، تەنانەت بە بوردمانی ” فڕۆکەکانی ناتۆشەوە”. ڕێگری و مەترسیەکی دیکەیە بەتایبەت بە حوکمی هەڵگرتنی ناوی کۆمۆنیزمی کریکاری وەک ناوی هاوبەشی چەند حزبێک. ئەم کۆمۆنیزمە ئارەزوی هەراو فەوزا دەکات، هەروەک هەڵوێستیان لە بەرانبەر سوریا وە لیبیا بەشێوەیەکی ڕۆشن دیارە وە دیاربوو. ئەم کۆمۆنیزمە دروشم و داواکارییەکانی بەرزفڕن، گوێ ناداتە هێز هاوسەنگی و هێزهاوسەنگی چینایەتی و تواناو مەوقعیەتی بزوتنەوەکەی لا مەسەلە نیە و هەموو ئامانج و ئیستراتیژی روخانی ڕژیم و ” خەباتی دژی ڕژیم” و دابینکردنی چەند ڕیفۆرمێکە… بۆیە ڕابەرانی بزوتنەوەکەو گشت بزوتنەوەکە بار دەکات بە کۆمەلێک دروشم و داواکارییەوە کە دورە لە توانا و ئیمکانیەتی بالفعلی ئێستای بزوتنەوەکە…مەترسی ئەم جۆرە لە هێزی بورژوازی ئەوەیە کە بەناوی مارکس و مەنسوری حیکمەتو کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە خوتابی سیاسی دەدات. ئەم سیاسەت و پراتیکە لە ئەنجامدا دڵساردی و بێ باوەری و بێ متمانەیی بە هێزی کۆمۆنیست و رابەری کۆمۆنیستی برەو پێدەدات.

تەجاوزکردن و ناکام کردنەوەی ئەم مەترسیانە کارێکی هەرقلی یە. پیویستی بە هیزیکی کۆمۆنیستی هەیە کە بتوانێت یان لە هەوڵی دابینکردنی ڕابەری کۆمۆنیستی ڕێکخراو موتەحزبدا بیت بۆ بزوتنەوەکەی. ‌هێزێک کە لەسەر شانی ئەم بزوتنەوەیە هەم گەشە دەکات و بەهێز دەبیت وە هەم بزوتنەوەکەی یەکگرتوو ڕیکخراو دەکات. ڕیکخراوبونی ئەم بزوتنەوەیە لە گەرەک و ناوەندەکانی کاردا، لەدەزگاو زانکۆو پەیمانگاو سەربازگاکاندا… کارو سیاسەتی سەرەکی ئیستای هێزی کۆمۆنیستیمانە، کە ئیمکان دەدات سەرکەوتن وەیان پایەداکوتین و جیکەوتنی ئەم بزوتنەوەیە وەک هێزیک فەراهەم بکات. لەوانەیە بزوتنەوەکە سەرکوت بکرێت وە ئەمە گریمانەیەکە، یان بچوک بکرێتەوە، بەلام ئەگەر کۆمۆنیزمی رێکخراو وەک هیزێکی مارکسست و شۆرشگیر کاری کردبێت، ئەوا چەندین ڕیکخراوی کۆمۆنیستی لە شوێنەکانی کارو ژیاندا ڕیکخستوە کە دەبێتە دەست مایەکی گرینگ بۆ کارو خەباتی دواتر.

ئەمرۆ مەسەلەی سەرەکی ڕیکخراوبونە لە ئەشکالی جۆراوجۆری حزبی و ناحزبی و جەماوەریدا، بەدەوری ئاسۆی سیاسی رۆشن، لە شوێنی کارو ژیاندا. دابینکردن و بەجێگەیاندنی ئاسۆی سیاسی لایەنی کەم لە نێو ڕیزی فراوانی ڕابەرانی کریکاری و ناڕەزایەتیەکاندا مەسەلەیەکی هێجگار فەورییە. “روخانی رژیم ” و بەردەوام بون تا ڕوخانی دەسەڵاتی سەرمایە ودابینکردنی حکومەتی کرێکاری لە چوارچیوەی گشتیدا پێویستە ئەو ئاسۆیە بێت. بەلام لە نیوان ئاسۆی سیاسی یان ئیستراتیژدا، گەڵیک ئاراستەو کەناڵی جیاواز هەیە، گەلیک تاکتیک و وەستان و پەلاماردان هەیە، گەلێک هەورازو نشێو هەیە…. هێزی کۆمۆنیزمی پێشڕەو و شۆرشگێر، بەپێی هێز هاوسەنگی چینایەتی و بزوتنەوەی بالفعل کە لەمەیداندایە، وە بەپێی ئاستی دابینکردنی ڕابەری کۆمۆنیستی و ڕیکخراوبون و یەکگرتووبون، بڕیاری وردو فەوری و دروست دەدات. لە هەمانکاتدا پۆینتێکی دیکە کە پێویستە لە بەرچاوی بگرین، هەولدان و خەباتە لە نێو بزوتنەوەی کڕیکاری و خەڵکی ئێنسان دەستی دەرەوەدا، لە ئەوروپاوە بگار تا دەگاتە ئەمریکاو وولاتانی دەوروبەری ئێران. خەباتکردن لە پێناو بەدەستهێنانی هاوپشتی چینایەتی و سەمپاتی خەباتکارانە بۆ بزوتنەوەی بالفعلی ئێستاو هەر ناڕەزایەتی و خەباتێکی کرێکاری، هەروەها بۆ وەستانەوە دژ بە سیاسەت و کردەوە سەرکوتکەرەکانی جموری ئیسلامی ئێران. کارکردن لەسەر ڕیکخراوەو یەکێتی یە کریکاری وکەسایەتیە ناسراوەکانیان کارێکی فەوری یە. لە هەمانکاتدا وەڵامێکە بە دەخاڵەتی ووڵاتانی وەک ئەمریکا کە دەیانەوێت فەزای گشتی نارەزایەتی و هەستانی خەڵک بەگەر بخەن لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان و بەم شیوەیە بزوتنەوەو ئامانجەکانی لەبار بەرن.

‌هێزێکی مارکسست و شۆرشگێری ئاوەها، دیاری دەکات کە ئەمرۆ بۆنمونە ئێستا کاتی پەلاماردان نیە، کاتی سوتاندنی بارەگاو جبەخانەی چەک نیە، کاتی ئەوەنیە کە دەستببرێت بۆ چەک، کاتی ئەوەیە کە زیاترو زیاتر یەکگرتوو وە ڕێکخراوبین، دامینی ناڕەزایەتیەکان فراوانتر بکەینەوە، خواستەکانمان یەکبخەین و خۆمان یەکگرتوو و ڕیکخراوبکەین بەدەوری ڕابەری کۆمۆنیستیدا. دیسپلینی سیاسی و حزبی بەهێز بکەین وهەنگاو بەهەنگاو بچینە پێشەوە، سەنگەر بەسەنگەر بیگرین وهەوڵبدەین بە کەمترین زیانەوە، هەنگاو بنێین. مەسەلەی دابینکردنی ڕابەری کۆمۆنیستی و شۆرشگێر لە گەرەکو کارگەو دامەزراوە پیشەسازیو حکومەتیەکاندا کاری فەوری وە گرینگترین کارێکە لە ئێستادا. زەمینەیەکی بابەتی و شۆرشگێرانەی لەم چەشنە نەک تەنها کاری شۆرش و پەلاماری دوای ئاسانتر دەکاتەوە، بەڵکو گرەنتی زیاتر دەدات بە سەرکەوتنی شۆرش و دابینکردنی ڕابەری کۆمۆنیستی لە ئاستی ماکرۆی کۆمەلایەتیدا. سەرکەوتوبێت بزوتنەوەی برسیەکان دژ بە ڕژێمی ئیسلامی ئێران و سەرمایەو سەرمایەداری. ٦جێنیوەری ٢٠١٨

saman.karim5@gmail.com

Previous
Next
Kurdish