Skip to Content

ئێران, هەستانی برسیەکانی نان و هزر! …. هەورامان عەلی

ئێران, هەستانی برسیەکانی نان و هزر! …. هەورامان عەلی

Closed
by كانونی دووه‌م 7, 2018 General, Opinion, Slider

خۆپیشاندان و ئالۆزیەکانی نێوخۆیی ئێران تادێت زیاتر پەرەدەستێنێت. پێناچێت هاتنە مەیدانی ئەم جارە ، وەك سەرهەڵدانەکانی تر سەرکوت بکرێت ، بەتایبەتی گەر ئەو ڕاستیەش بزانین ، کۆماری ئیسلامی لەنێو کۆمەڵگەی نێودەولەتیدا ڕژێمی بێزرا و خاوەن دۆسێیەکی ئەستوری پێشێلکاری یاسا و ڕێسا نێودەولەتیەکانە.
بەجیا لەو تۆمەتانەی سەرانی ڕژێمی ئیسلامی دیدەنە پاڵ دەولەتە خۆرئاوایەکان لەسەروی هەمووشیانەوە ئەمەریکا کە گوایا ڕۆڵی گەورە لە شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی ئەمڕۆیی ئێراندا، دەگێرن . گەلێك هۆکاری ڕاستەقینە هەن کە وادەکەن ، هەر ڕوداو و خۆاستێکی چکۆڵانە ، زۆر بە خێرایی بگۆڕێت بۆ بزوتنەوەیەکی سەرتاسەری و چارەنوسی دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران ڕووبەڕووی داڕوخان و تیاچوون بکاتەوە. کە لێرەدا هەندێکیان دەخەمە روو:

– هۆکاری سیاسی

بێ هیچ گومانێك ئەم سێ دەیە و نیوەی تەمەنی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران بە یەکێك لە ڕەشترین و خوێناوی ترین لاپەرەکانی مێژووی سیاسی و حوکمرانی بووە لە ئێراندا. ئەم ڕژێمە هەر لە سەرەتایی هاتنەسەر کاریەوە تا ئەمڕۆ هیچ ڕۆژێکی تەمەنی بە بێ سەرکوت و خوێنڕێژی بەسەر نەبردوە ، وەلامی ئەو لە بەرامبەر هەر خواستێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی خەلکی وەتەنگهاتوی ئێراندا ، زیندان و کوشتار بووە. ژمارەی ئەو تێکۆشەرانەی بە درێژایی دەسەڵاتی ئەم ڕژێمە لە سیاچاڵەکانیدا لە سێدارە دراون لە دوو سەد هەزار تێکۆشەری سیاسی تێپەڕیوە ، بەجۆرێك لە دنیایی ئەمڕۆدا دوایی وڵاتی چین کە ژمارەی دانیشتوانی لە ملیار و نیوێك تێپەڕیوە ، کۆماری ئیسلامی لە پلەی دووەمدا دێت .
لە ئێرانی ئەمڕۆدا سەکوتی سیاسی و پێشێلکردنی مافە بنەرەتیەکانی مرۆڤ بە یاسا ڕێکخراوە! خودی یاسایی بنەرەتی وڵات ، مانیفێستی خنکاندنی هەر جۆرە دەنگێکی ئازادیخوازانە و مرۆڤدۆستانەیە.

– هۆکاری ئابوری

ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە ، خاوەن گەلێك سەرچاوەی کانزایی و زەوی بە پیت و بەرەکەتی کشتوکاڵیە ، لە بواری بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتیەوە لە دوای سعودیە لە پلەی دووەمدا دێت لە ئاستی جیهاندا ، بەم حاڵەشەوە بەپێی ڕاگەیاندنی پەروێز فەتاحی سەرۆکی ( بنیادی امام خومەینی) ژمارەی ئەو ئێرانیانەی لە ژێر هێڵی هەژاریەوە دەژین لە ٤٠ ملیۆن کەس واتە نیوەی دانیشتوانی ئێران ، تێپەڕیوە!
بە پێی ئامارەکانی خودی دەزگاکانی ڕژێم زیاد لە ١٢% هێزی کاری وڵات بێکارن ، زۆر لەو ڕێژەیەش زیاتر بێکاری ڕازین ( بطالة مقنع) . لە ٢٥% دەرچوانی زانکۆ و ئامادەیەکان دوای تێپەڕبوونی چوارساڵ بەسەر تەواوکردنی خوێندندا هێشتا بێکارن. لە ئێرانی ئەمڕۆدا زیاد لە ١٠ ملیۆن هاوڵاتی لە حەلەبیادەکان ، لە گۆڕستان و لە نزیك شارە گەورە پیشەسازیەکان بە قوڕو تەنەکە سەرپەنایەکیان پێکەوە ناوە تا برسیەتی خۆیان و منداڵەکانیان تێدا بشارنەوە و لەوێدا دەژین!*
دزی وگەندەڵی بەرپسە گەورەکان و بە هەدەردانی سامانی گشتی ، یەکێکە لە سیما دیارو بەرچاوەکانی ئەم ڕژێمە. ئەوان جگە لەوەی دەستان بەسەر سامانی وڵاتدا گرتووە ، هاوکات سامانەکەشیان بردوەتە دەرەوەی وڵات و لەوێ وەگەڕیان خستووە! تەنیا چەند نمونە باس دەکەم :

نازیەیی خامنەیی ٧ ملیۆن دۆلاری لە بانکەکانی تورکیایە، ٥٦ ملیۆنی ئیۆرۆیی لە ئەڵمانیادایە،٢٢ ملیۆن پاوەندی لە بەریتانیایە ..
مشتبا خامنەیی یەك ملیار پاوەندی لە بەریتانیا ، دوو ملیار و دوسەد ملیۆن ئیۆرۆی لە ئەڵمانیا ، ٧٦٦ ملیۆن دۆلار لە قەتەر و……
سەردار ئەحمد وەحیدی ٣٢ ملیۆن دۆلار لە دوبەی، ٦٥ ملیۆن دۆلار لە تورکیە، ١٢٢ ملیۆن دۆلار لە ئەڵمانیا…
مشتبا مسباحی یەزدی ١٨٤ ملیۆن دۆلار لە دوبەی ٢٢١ ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیایی ( الناخال) ، ٥٥ ملیۆن ئیۆرۆ لە ئسپانیا …
عەلی مسباحی یەزدی ٤٥ ملیۆن دۆلار لە دوبەی ١٧ ملیۆن دۆلار لە تورکیە ، ٦٥ ملیۆن پاوند لە بانکەکانی بریتانیا ، ٧٥ ملیۆن دۆلار لە باشوری ئەفەریقا و ١١٠ ملیۆن ئیۆرۆ لە ئەڵمانیا……. باقی سەرانی ڕژێمیش وەك ئەمانە تاڵانکەری سامانی گشتی وڵاتن! **
بەڕیوەبردنی کەرتە گرنگەکانی ئابوری وڵات لەلایەن سوپای پاسدارن ، گەمارۆیی ئابوری و هەڵاوسانی نرخی دراو ، کە ساڵی ڕابردوو ڕادەی هەڵاوسان گەشتوەتە ١٣% ، گرانی و چونەسەری نرخی کاڵاکان ، تایبەتکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان و …..هتد هەموو ئەمانە هەلومەرجێکیان خوڵقاندووە کە هەژاری و بیدەرەتایی و کوێرەوەری ، بەربینی بە زۆربەی دانیشتوانی ولات گرتووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەلێشاو چینی ناوەندی کۆمەڵگە بە ڕیزی هەژارانی وڵاتەوە پەیوەست دەکات. تەنیا لە ساڵی ڕابردودا پێنج بانك و ناوەندی گەورەی وەبەرهێنان مایەپوچی خۆیان ڕاگەیاندوو ٢،٥ ملیۆن خێزانی لە چینی ناوەنجی کۆمەڵگە بە هەژارەکانەوە پەیوەست کرد.
ڕژێم نەك هەر هیچ بەرنامەیەکی بۆ بەرگرتن بەم داڕوخانە گشتیەی ئابوری ولات و هەلومەرجی سەختی ژیانی خەڵکی نیە، بەڵکە بڕیارە لە ساڵی داهاتودا نرخی سوتەمەنیەکان ٥٠% بچێتە سەر و ئەو کۆمەکە دەوڵەتیەش ببڕی کە زیاد لە ٣٥ ملیۆن خەڵکی بێدەرەتانی ئێران لێی سودمەند بوون.

– هۆکارە کۆمەڵایەتیەکان

ڕژێمی حاکم لە ئێراندا ڕژێمێکی مەزهەبیە ، تەواوی یاساکانی ڕێکخستنی خێزان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤ ئیلهام لە یاسا مەزهەبی و بەدیاری کراوی ئیلهام لە شەریعەتی ئیسلامی وەر دەگرێت . لە هەر شوێنێکی دنیادا ئیسلامیەکان دەسەڵات بگرنە دەست ، یەکەمین قوربانی ئەو دەسەڵاتە ژن و مافەکانی دەبن. لە ئێرانی دوای دەسەڵاتی شاهنشایی ، ژنان قوربانی سەرەکی ئەو وڵاتە بوون. شیعەکان هەر لە یەکەمین ڕۆژەکانی هاتنە سەرکاریان بە کردەوە یاسایی باری کەسیەتییان وەلانا و پەیرەویان لە ( یاسایی جعفری) شەرعی کرد.
کرۆکی ئەو یاسایە لێسەندنەوەی کەرامەت و بڕیار و کەسایەتی ژنە . گۆڕینیەتی لە کەسایەتیەکی سەربەخۆیی خاوەن ماف و بڕیارەوە بۆ کۆیلەیەکی دەستەمۆ و وەڵامدەرەوەی ئارەزوەکانی پیاو..
خومەینی دامەزرێنەری ولایەتی فەقی و باوکی ڕۆحی شیعەکانی جیهان لە کتێبی دووەمی ( تحریر الوسیلة) لە لاپەڕە ٢٤١ دا دەبێژێت:

” هاوسەرگیری لەگەڵ کچی خوار تەمەنی ٩ ساڵیدا جائیز نیە ، بەلام دەتوانی لێی بسویت ، پیابێنیت ، ئارەزوە سێکسیەکانی خۆتی پێ دامرکێنیتەوە ، تەنانەت گەر منداڵی نێو بێشکەش بوو! ”
ئەمە کرۆکی ڕوانین و جێگە و ڕێگەی ژنە لە شەرع و بیرکردنەوەی ئەمانەدا.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکاندا ، هەڵاوادنی ڕەگەزی ، حجابی ئیجباری ، بازرگانی کردن بە هەست و جەستەی ژنان بووە بە یاسا لە کۆمەڵگەدا! ئەمە هۆکاری سەرەکی بڵاوبونەوەی بێ ڕەوشتی یاساییە کە خۆی لە زواجی شەرعی ، متعە و سیغەدا دەبینێتەوە کە ڕاستەو خۆ مەلا و ئاخوندەکان ڕۆڵی دەڵاڵی تێدا دەگێڕن!
یەکێك لە کێشە گەورەکانی کۆمەڵگەی ئێران گیرۆدەبونە بە مادەهۆشبەرەکان . بەپێی ئامارەکان نزیکەی ٢ ملیۆن مرۆڤ لە ئێرانی ئەمڕۆدا بەدەست ئەم بەڵا کۆمەڵایەتیەوە دەنالێنن و خۆیان خێزانەکانیان لەگەڵ چارەنوسێکی نادیار بەرەو روون . ئەوەی لە خەڵکی ئێران شاراوە نیە ، سەرکردەکانی سوپا و باقی دامەزراوەکانی دەوڵەت خۆیان بازرگانی سەرەکی ئەو مادە هۆشبەرانەن.

– هەناردەی شۆڕش

کۆماری ئیسلامی هەر لەگەڵ هاتنەسەر کاریەوە وەك ڕژێمێکی مەزهەبی دەمارگیر و دواکەوتوو ، یەکێك لە دروشمەکانی هەناردە دەرەوەی ئەو بەڵایەبوو کە خۆیی ناونابوو شۆڕشی ئیسلامی! ئەم ڕژێمە نە تەنیا بۆ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەلگای ئێران ، نەتەنیا بۆ میللەت و مەزهەبە جیاوازەکانی دانیشتوی نێو ئێران ، ڕژێمی سەرکوت و قەنارە و خوێنڕێژی بووە ، بەلکە یەکێکە لەو دەوڵەتانەی خۆرهەلاتی ناوەڕاست کە دەستێکی بالای هەبوە لە تڕۆرو داسەپانی کۆنەپەرستی سیاسی لە ناوچەکەدا . ئەم ڕژێمە دەستێکی بالای هەیە لە نانەوەی شەر و ئاشوبی مەزهەبی و تائفی لە خۆرهەلاتی ناوەڕاستدا ، ئەو ڕاستەوخۆ لێپرسراوی ئەو خوێن و ماڵوێرانیە کە لە عێراق، سوریا ، یەمەن ، لوبنان و… زۆر شوێنی تریش ڕودەدات. ڕژێم بۆ بەرپاکردنی ئەم ئاشوبە ساڵانە بە ملیار دۆلار سەروەت و سامانی ئەو کۆمەڵگایە دەکات بە قورگی حیزبوڵایەکانی ناوچەکەدا . بەپێی هەندێك ئاماری نافەرمی دەسەڵاتدارانی ئێران ١،٨% لە بوجەی وڵات بۆ کەرتی تەندروستی خەرج دەکەن ، لەکاتێدا زیاتر ٢% بوجەی وڵات لە دەستێوەردانی دەرەوەدا خەرج دەکەن!
دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و نانەوەی پشێوی و شەڕی مەزهەبی ، مەترسیەکی گەورەی لەسەر ئاشتی ناوچەکە و جیهان پێكهێناوە.

بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو تورکیا ، مسر و ئێران ئەو سێ دەوڵەتە بوون کە سیستەمی حوکمرانی لە جیهاندا وەك کۆڵەکەکانی ئارامی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان تەماشای دەکردن . سیاسەتی مەزهەبی و سەرە ڕۆیانەی ڕژێم چ لە ناوخۆیی ئێران و چ لە ناوچەکەدا پشێوی و ئاڵۆزیەکی زۆری ناوەتەوە کە بە کردەوە هاوسەنگی هێز و ئارامی ناوچەکەی خستوەتە مەترسی گەورەوە. لە خۆڕانیە یەکێك لە دروشمەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم ڕۆژانە ( نەغەزە ، نە لوبنان … گیانمان فیداتە ئێران!)
ئەگەرچی ڕژێم لە ڕۆژی یەکەمی ناڕەزایەتیەکانەوە ڕاستەوخۆ ئەم هەستانانەی بە پیلانی ئەمەریکا و ئیسرائیل تۆمەتبارکرد ، بەڵام هۆکاری ڕاستەقینەی سەرهەڵدانەکان ئەو واقعیەتە تاڵەیە کە لەسەرەوە ئاماژەمان بە هەندێك لایەنی کرد.

لە ململانی خەڵک و دەسەڵاتی ئیسلامی ئێراندا ، لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ئێستا هەمیشە ڕژێم هەوڵی داوە بە تاوانبارکردنی نەیارەکانی کە بەکرێگیراوی خۆرئاوان ، سەرکوت بکات .بەڵام ئەمرۆ چ بۆ گەلانی ئێران و چ بۆ ڕای گشتی جیهان ڕۆشن بوەتەوە کە ، ئەم ڕژێمە توانی وەڵامدانەوەی هیچ جۆرە خواستێکی ئەو خەڵکە نیە و ناتوانێت لە هیچ بوارێکدا چاکسازی بکات .
خەڵکی ئێران شایستەی ژیانێکی ئارام و پڕ لە نان و ئازادین کە ئەم ئومێدە بە ڕوخانی یەکجاری ئەم ڕژێمە نەبێت مەیسەر نابێت ، ئەمە پێش ئەوەی لێکدانەوەیەکی دڵخوازانەی منبێت ، ئەزموونی چواردەیە خەباتی خەڵکی ئێرانە.

*بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سودم لە گەلێك ڕاپۆرتە هەواڵی ئاژانسەکانی جیهان وەرگرتووە لەوانە :

https://www.alarabiya.net/ar/politics/2018/01/05/%D9%85%D8%A7-%D9%88%D8%B1%D8%A7%D8%A1-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AD%D8%AA%D8%AC%D8%A7%D8%AC%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D9%86%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%AE%D9%8A%D8%B1%D8%A9.html
** https://www.youtube.com/watch?v=sH6DbTzTTtg
***http://www.bbc.com/arabic/middleeast-42540721

Previous
Next
Kurdish