Skip to Content

چیرۆکى ئەو جیهادییە کۆسۆڤۆییەى کە لەرێى خۆتەقاندنەوەى لە بەغدا، ویستى “بە خودا بگات”

چیرۆکى ئەو جیهادییە کۆسۆڤۆییەى کە لەرێى خۆتەقاندنەوەى لە بەغدا، ویستى “بە خودا بگات”

Closed
by كانونی دووه‌م 12, 2018 General, Opinion


وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: دیار عەزیز شەریف

رۆژ ى ٢٥ ئازارى ٢٠١٤ یەکێک لە رۆژە خوێناوییەکانى بەغداد بوو، کاتێک داعشێک (کە دواتر دەرکەوت کەسێکى بەڕەچەڵەک کۆسۆڤى بوو بەناوى بلیریم هیتا) خۆى لەنێو بازاڕێکى نێو بەغدا تەقاندەوە و کە کوژرانى ٥٢ هاووڵاتى مەدەنى و برینداربوونى زیاتر لە سەد کەسى دیکەى مەدەنى بێ تاوان لێکەوتەوە.

رۆژى دووەم کە هەواڵەکە بڵاودەبێتەوە، بەلاى خەڵکى کۆسۆڤۆ هەواڵێکى چاوەڕواننەکراو دەبێت یان تەنانەت تووشى شۆک و راچڵەکین دەبنەوە کاتێک دەبیستن کەسە خۆکوژەکە ناوى کامیکازە (کە لە کۆسۆڤۆ بەو ناوە بانگ دەکرا)، واتە بلیریم هیتاى گەنجە، ئەو گەنجە نەرم و نیانەى کە لەناکاو گۆڕانى بەسەردادێت بەرلەوەى کە لە ٧-٨-٢٠١٣ روو لە ئیستانبوڵ بکات بێ ئەوەى ئاگادارى خانەوادەکەى بکاتەوە لەبارەى سەفەرەکەى و رووى راستەقینەى خۆى.

دواتر خوشکەکەى ئاگادار دەکاتەوە لەوەى کە ئەو لە تورکیایە لە خولێکى فێربوونى زمانى عەرەبى دایە و بەدواى کچێکى سەرپۆشدا دەگەڕێت تاوەکو هاوسەرگیرى لەگەڵدا بکات، دواتر دەردەکەوێت کە ئەو لە سوریایە و چووەتە نێو داعش، تا ئەو کاتەى کە لە ٢٤ ئازارى ٢٠١٤ بە تەلەفۆن پەیوەندى بە دایکییەوە دەکات و دەڵێت “ئەو لە ئامادەباشى دایە تاوەکو بەیانى بە دیدارى خودا شاد بێت”، واتە رۆژێک بەرلەوەى بەرەو جێبەجێکردنى کردەوە خۆکوژییەکە بچێت.

سەبارەت بە خەڵکێکى زۆر لە کۆسۆڤۆ (کە ٩٥%ى موسڵمانن) ئەوە کردەوەیەکى قێزەون بوو، بەڵام لەلایەکى تر لەنێو ئەو کەسانەى کە ئینتیمایان بۆ ناوەندە سەلەفییە جیهادییەکان هەیە ئەوە بە (شەهید)ى دادەنێن، و ئەمە بە هاندانێکى زیاترى گەنجان دادەنێن کە روو لە جیهاد بکەن لەنێو دەوڵەتى ئیسلامى (داعش)، ئەمەش وایکرد کە زیاتر لە ٣٠٠ موجاهیدى خەڵکى کۆسۆڤۆ لەنێو رێکخراوى داعش و بەرەوى نوسرە لە شەڕدا بن لە عێراق و سوریا.

چیرۆکى بلیریم هیتاى جیهادیست، لەم رۆژانە جارێکى تر بووەوە رۆژەڤ و باس و خواس ئەمەش لەگەڵ دەسپێکردنى دادگاییکردنى شێخێکى سەلەفى بەناوى شەوکەوت کراستنیتچى، ئەمەش بەتۆمەتى دنەدان و هاندانى خەڵک بۆ ئەنجامدانى کردەوەى تیرۆریستى و وروژاندنى رق و کینە و دابەش بوون یان گوزارشتکردن لە بیرى بەرتەسکى قەومى و ئیتنیکى و ئایینى لەبەرامبەر ئەو خەڵکە جۆر بەجۆرانەى کە لە کۆسۆڤۆ دەژین، هەروەها تۆمەتى دیکە کەوا دادگاى تایبەتى وڵاتەکەى بە مەسەلەى تیرۆر لە ١٧-٢-٢٠١٧ دۆسییەى دادگایى لە دژى کردەوە. کەچى دانیشتنەکانى یەکەمینى دادگا لە دیسێمبەرى ساڵى رابردوو دەستى پێکرد و بڕیارە لە رۆژانى داهاتوو بەردەوام بێت لەگەڵ داواکردنى شایەحاڵەکان. دایکى بلیرم هیتاى جیهادى بەراشکاوى و ئاشکرا شێخ شەوکەت کراسنیتچى تۆمەتبار کردووە بەوەى کە لە پشت گۆڕینى کوڕەکەى بووە لە گەنجێکى نەرم و نیانەوە بۆ کەسێکى جیهادى کە ئامادە بێت لەپێناو چوونە بەهەشت خەڵکى تر بکوژێت.

شێخ کراسنیتچى یەکێک بووە لە کەسە بەناوبانگەکانى کۆمەڵەى ئیسلامى لە کۆسۆڤۆ، ئەو دامەزراوەیەى کە نوێنەرایەتى ئیسلام و موسڵمانان لاى دەوڵەت، دواى ئەوەى شێخ شەوکەت کراسنیتچى بڕوانامەى دکتۆرا لە زانستى فیقهى ئیسلامى لە زانکۆیەکى ئیسلامى لە شارەکە بەدەست دێنێت و دەبێتە وانەبێژ لە کۆلیژى دیراساتى ئیسلامى، کە کۆلیژەکە سەر بە کۆمەڵەى ئیسلامى کۆسۆڤۆیە، دواتر دەبێتە ئیمامى لە “مزگەوتى گەورە” لە بریشتینا (مزگەوتى سوڵتان محەمەد فاتیح لە شارە کۆنەکە)، کە وانەکانى لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە یوتیوب (Youtube) بڵاودەکرایەوە، کە ئەو لە کۆسۆڤۆ بە گرتنەبەرى هێڵێکى سەلەفى هەڵکشاو جیادەکرایەوە، ئەو هێڵەى کە سەرۆکایەتى کۆمەڵەى ئیسلامى لە وڵاتەکە تووشى جۆرێک لە تەریقبوونەوە دەکات کە ئەمەش موفتى کۆسۆڤۆ، شێخ نەعیم تێرناڤا، ناچار دەکات کە شێخ شەوکەت لە وانەبێژیى کۆلیژ دووربخاەوە و بەڵام لەو شوێنەدا هێڵدرایەوە کە بتوانێت پشتیوانى و هەوادارییە جەماوەرییەکەى بپارێزێت و وەک خۆى بمێنێتەوە ئەویش مانەوەى وەک ئیمام و واعیز لە “مزگەوتى گەورە”، کە لەوێدا هەروەها وانەى ئایینیشى دەوتەوە. ئەم دابڕانەش لەگەڵ دەسپێکى شەڕ و پێکدادانى چەکداری لە سوریا لە ٢٠١١ بەدەرکەوت، کاتێک کە شێخ شەوکەت کراسنیتچى هەڵوێستێکى رادیکاڵتر و توندتر لە مەسەلەى بەرگریکردن لە ئیسلامى سەلەفى و هاندانى جیهادکردن لەپێناوى وەردەگرێت، لەکاتێکدا رێکخراوەکە “کۆمەڵەى ئیسلامى” هێدى هێدى خۆى لەگەڵ هەڵوێستى دەوڵەت دەگونجێنێت کە بە قانون لە ٢٠١٤ جیهادکردن یان بەشدارى کردن لە هەر ململانێیەکى چەکدارى لە دەرەوە یان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەدیاریکراوى بە تاوان دەناسێنێت.

لەگەڵ دەسپێکردنى دادگاییکردنى شێخ شەوکەت کراسنیتچى، چیرۆکى بلیریم هیتاوى جیهادى نوێ بووەوە بەو پێیەى کە ئەو یەکێک بووە لە قوتابیەکانى یان قوربانیەکانى دەست شێخ. بەگوێرەى قسەکانى دایکى هیتا، بلیریمى کوڕى گەنجێکى نەرم و نیان بووە و وەک تەواوى گەنجانى دیکەى گوندەکەى،، گوندى فرانوشى نزیک شارى فریزاى باشوورى کۆسۆڤۆ، ژیانێکى ئاسایى هەبووە، تا ئەو کاتەى کە گەنجێک دەناسێت کە لەگەڵ خۆى دەیباتە ئەو مزگەوتانەى مەکەدۆنیا کە سەر بە گروپە سەلەفیەکانن. دواتر شێخ شەوکەت کراسنیتچى دەناسێت، کە سیحرى لێدەکات و لە ماوەى چەند هەفتەیەک بەتەواوى دەیگۆڕێت. بەمەش لە کەس و کارەکەى دایدەبڕێت و خولیاى گوێگرتن لە وانە و وتارەکانى شێخ دەبێت لەسەر یوتیوب و لەگەڵیدا لە پەیوەندى دەمێنێتەوە، ئەمەش وا دەکات گۆڕانکارى بەسەر شێوە و روخسار و هەڵسوکەوتیدا بێت. ئیدى ریش دەهێڵێتەوە و جلوبەرگى وا دەپۆشێت کە ئیسلامییەکان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێى دەناسرێنەوە، هەروەها دووردەکەوێتەوە لە چاک و چۆنى و تەوقەکردن لەگەڵ کچانى گوند و تەنانەت تەوقەکردن لەگەڵ کچى مامى یان خاڵى بەوەى گوایە شێخ شەوکەت کراسنیتچى ئەمەى حەرام کردووە. تا واى لێدێت رۆژێک دایکى پێى دەڵێت ئەگەر وا بمێنیتەوە ئەوە کچێکى ئەم گوندە نابینیتەوە کە شووى پێبکات، ئەویش ئەوە شێوەیە وەڵامى دەداتەوە “شێخ شەوکەت بوکێکى رێک و پێکى بۆ دەبینێتەوە”

لەنێو ئەو کەش و هەوا و دۆخە گۆشەگیرییەیدا، بلیریم هیتا لەناکاو لە ٧ ئابى ٢٠١٣ ون دەبێت، بەبێ ئاگادارکردنەوەى خانەوادەکەى لە پلانەکەى خۆى، هەموو ئەوەى کە زانرابێت تەنها لە زارى یەکێک لە شایەدحاڵەکانە کە وتى ئەو رۆژە ئوتوموبێلێکى رەنگى سور کە سێ کەسى تێدا دەبێت و لێى نزیک دەبنەوە و دەیبەنە شوێنێکى نادیار. دواى تێپەڕینى چەند رۆژێک پەیوەندى بە خوشکەکەیەوە دەکات و دەڵێت کە ئەو لە تورکیایە تاوەکو بچێتە خولێکى فێربوونى زمانى عەرەبى، و لە کچێکى سەرپۆشیش دەگەڕێت تاوەکو بیخوازێت. دواى چەند رۆژێکى تر لەناکاو دەڵێت کە ئەو لە سوریایە بۆ شەڕکردن لەپێناو خودا. کاتێکیش کە خوشکەکەى لە بەرامبەردا پێى دەڵێت “ئەوە چ ئایینێکە کە پاڵت پێوەبنێت کەسانى تر بکوژیت”، ئیدى ئەویش هەڕەشەى لێدەکات بەوەى جارێکى تر پەیوەندى پێیەوە نەکاتەوە ئەگەر بەو زمانە لەگەڵى قسە بکات.
بەمەش پەیوەندییەکى زۆر کەمى لەگەڵ ماڵەوەیان دەمێنێت، لەو ماوەیەشدا بلیریم هیتا هەر لە چوارچێوەى ئیشکردنى لەنێو دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام (داعش) بە مەبەستى خۆئامادەکردن بۆ جێبەجێکردنى کردەوەیەکى خۆکوژى دژى “کافرەکان” لە بەغدا رەوانەى عێراق دەکرێت، ئەم پیلانەش بە شاراوەیى دەهێڵدرێتەوە تاوەکو شەوى پێش جێبەجێکردنى کردەوەکە پەیوەندى بە دایکى دەکات و پێى دەڵێت کە “ئەو لە ئامادەباشى دایە کە بە سبەینێ بە دیدارى خودا بگات”. دایکیشى لە مەبەستەکەى ئەو تێناگات تا ئەو کاتەى خۆى دەتەقێنێتەوە و وێنەى کوڕەکەى وەک خۆکوژى تەقینەوەکە لە هەواڵەکان دەردەکەوێت، کە ئەمەش بۆ دایکى و خوشک و تەواوى خێزانەکەى و خەڵکى کۆسۆڤۆش دەبێتە شۆک و جێى راچڵەکین.

ئاخۆ دەبێ چ وا لە گەنجێکى کراوە دەکات وڵاتەکەى خۆى بەجێبهێڵێت و رووبکاتە عێراق لەوێدا خۆى بتەقێنێتەوە و ٥٢ مرۆڤى عێراقى بێ تاوان بکوژێت؟
چیرۆکى بلیریم هیتا، دادگاییکردنى شێخ شەوکەت کراسنیتچى، لە کاتێکى درەنگدا بێباکى دەوڵەت و ” کۆمەڵەى ئایینى” (گرێدراو بە دەوڵەتى قوڵ لە کۆسۆفۆ) لە پەیوەست بە دەرکەوتنى رەوتى سەلەفى دەرخست، ئەو رەوتە سەلەفییەى کە زیاتر لە ساڵانى ٢٠١١-٢٠١٦ بەرەو ئاراستەیەکى جیهادى دەچێت، هەروەکو میکانیزمەکانى هاندان و تەجنیدکردن و پشتیوانیکردنى دارایى لەماوەى ئەو ساڵانە دەردەکەوێت. ئەگەر شێخ شەوکەت کراسنیتچى، ئێستا بەتۆمەتى “هاندان بۆ تیرۆر” دادگایى بکرێت، لەسەر ئەوەش دادگایى دەکرێت کە یارمەتى موسا ئادەمى داوە، ئەو کەسەى کە لە ٢٠١٦ بە تاوانى رەوانەکردنى کەسەکان بۆ نێو گروپە تیرۆریستەکان ماوەى پێنج ساڵ زیندانیکردنى بەسەردا سەپێنرا، لەو کەسانەیش بلیریم هیتا بوو کە شەهید یان قوربانى پێدەوترێ! لەم چوارچێوەیەشدا دادگاییکردنى شێخ شەوکەت کراسنیتچى ئەوە ئاشکرا دەکات کە چۆن یارمەتى دارایى لە دەرەوە بۆ هاتووە، ئەو تۆمەتباریشە بەوەى کە خۆى لە پێدانى باجى سەروەت و سامانەکەى دزیوەتەوە، کە لێدوانى نادروستى لەبارەى داهاتى ساڵانەى خۆى لە ماوەى ئەم ساڵانەى شەڕى سوریا (٢٠١١-٢٠١٦) داوە، کە لە ئەنجامدا بڕى زیاتر لە بیست هەزار یۆرۆى زیان وەک باج نەداوەتە دەوڵەت و زیانى لە خەزێنەى دەوڵەت داوە.

سەرچاوە: وێبسایتى DARAJ
http://daraj.com/Article/2349/

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish